A+    A-
(1,179) جار خوێندراوەتەوە


• هێڵە گشتییەکانى دەروونشیکارى(کە "پوختەيەک لە دەروونشیکاری"یشى پێدەوترێت) دوا بەرهەمى چڕ و یەکانگیرى فرۆیدە کە بەر لە ئاوارەبوونى بۆ لەندەن دەستدەکاتە نوسینى و ساڵێک پاش مردنى(واتە لە ١٩٤٠) بڵاودەبێتەوە. ئەم کتێبە کۆى دەسکەوتە تیۆرییەکانى دەروونشیکاریى فرۆید لەخۆیدا کۆدەکاتەوە و زانیاریى ڕوون و بنەڕەتییشى تیایە. پێشەکییەکى درێژیش بۆ ئەم دەقە نوسراوە کە هەوڵدەدات بیرمانخاتەوە فرۆید هیچکام لەو وێنانەى نیە وا تا ئێستا لاى ئێمە وەرگیراوە.

• دەروازەیەک بۆ خودئەڤینى(narcissism ), دیسان دەقێکى چڕ و دەوڵەمەندى زیگمۆند فرۆیدە کە ساڵى ١٩١٤ بڵاویکردەوە. ئەم باسە تا ئێستا وەک ئاسۆ تێنەپەڕێنراوە, واتە قسەکردن لەسەر نەرجسیەت و خودشەیدایى مرۆڤ هەر لە ناو سنورەکانى ئەم باسەى فرۆیددا دەخولێتەوە(هەتا بەو هەمووە ئیزافە وردەى بلیمەتێکى وەک ژاک لاکانیشەوە, یان کتێبگەلى ناسراوى وەک کەلتورى خودئەڤینى-ى کریستۆفەر لاش). دەقەکە ئەو هەمووە شیعریەتە زیادەیەى چەمکەکە فڕێدەداتە لاوە و ڕاستەوخۆ لەڕێى هەندێک زاراوەى فرۆیدییەوە شیتەڵیدەکات وەک: لیبیدۆ, ئیگۆ ئایدیاڵ و پارافرینیا و هتد.

• دەروونشیکارى بۆ؟, دەقێکى بیرمەند و دەروونشیکارى سلۆڤینى, ئەلێنکا زوپانچیچە کە ساڵى ٢٠٠٨ بڵاویکردووەتەوە. کتێبەکە سێ دەستێوەردانى سەرەکییە لە دەروونشیکاریى ژاک لاکان(و بەجۆرێکیش زیگمۆند فرۆید) کە بوونناسى و جوانیناسى و ئەخلاق دەگرێتەوە. زوپانچیچ لە هاوڕێ نزیکەکانى سلاڤۆى ژیژەک و میلادن دۆلارە کە هەرسێکیان پێکەوە ساڵانێکە پارتێکى تیۆرییان هەیە کە دەروونشیکارى و فەلسەفە گرێدەدات بەیەکەوە و زۆرجاریش لەپاڵ چەند هەوڵێکى تردا بە قوتابخانەى دەروونشیکاریى سلۆڤینیا دەناسرێت. هەر ئەو ساڵانە ژیژەک لە کۆڕى برینى هیگڵى(the hegelian wound)دا ئەوى بە «لاکانى‌ترین بیرکەرەوەى ئێستاى دونیا» ناوبرد. واتە هەر فەیلەسوفێکى بوێت, فڕێى دەداتە ناو مەنزوومە تیۆرییەکەى لاکانەوە و دەعبایەکى ترى لێ درووستدەکات کە بۆ ڕۆژگارى ئەمڕۆمان پتر دەستدەدات. هەر لەم کتێبەدایە بەڕوونى پێى وایە سێکسوالیتە قەت سێکسى نەبووە.

 

چاپى دووەمى هێڵە گشتییەکان و نارسیسیزم بە ئیدیتى نوێوە بڵاوبوونەتەوە.

 

 





بە چاوەکانت دەتبیستم
چاپکراوەکانى نێگەتیڤ بۆ ساڵى ٢٠٢٢
کاتێک جیهان لێکدەترازێت
کتێبى حەوتەم و هەشتەم لە زنجیرەبەرگەکانى نێگەتیڤ
نزیکبوونەوە لە فرۆید
دوو کارى تیۆرى