
لە بەرهەمەکانى نێگەتیڤ و چاپکراوى ناوەندى ڕەهەند:
* کتێبى یەکەم یەکێکە لە دەقە ناسراو و زۆرخوێنراوەکانى فرۆید کە ساڵى ١٩٣٠ بڵاویکردووەتەوە. فرۆید لەم دەقەدا, لەڕوانگەى فیکرى دەروونشیکارییەوە چیرۆکى شارستانییەت دەگێڕێتەوە. چیرۆکێک کە غەریزە(پاڵنەر)ـى ژیان و مەرگ پاڵەوانەکەیەتى, مرۆڤ بکەرێکى کەرتبووە تێیدا, بەرهەمە مرۆییەکانیش خشتخشت بناغەکەى دادەنێن. فرۆید, شوێن یەک پرسیارى سەرەکى دەکەوێت لەپاڵ ژمارەیەکى زۆر پرسى وردتردا: ئاخۆ شارستانییەت دەتوانێت بەختەوەرمان بکات؟ ئێمە چەندە باجمان داوە بۆ ئەوەى شارستانییەت درووستبکەین؟ چەندە غەریزە و پاڵنەرەکانمان بوونەتە قوربانیی ئەم درووستکردنە؟ فرۆید پێىوایە هەر دەبوو شارستانییەت درووستبکەین, چونکە نەدەکرا ملکەچى هەموو غەریزە و پاڵنەرەکانمان بین؛ بەڵام ئەم جۆرە شارستانییەتەش کە بنیاتمانناوە لەبرى چێژى پێویست و «کام»ـى پێویست و «ئاکام»ـى بەختەوەرکەر و «کام»ـەرانی, کۆمەڵێک ژان و «ناکامی»ـی لەگەڵ خۆى هێناوە: شارستانییەت و ناکامییەکانى. شارستانییەت بەربەستە لەبەردەم «بەکامگەیشتن» و بەختەوەریی ئێمەدا, بەڵام گەر وەهاش نەبووایە دەبوو مرۆڤەکان چیی تر بکەن؟ ئاخۆ مرۆڤایەتى بەرهەمى ئەم ناکۆکییە هەردەم نەسازە نیە؟ شارستانییەت لاى فرۆید, لە "ڕۆح"(spirit) دەچێت لاى هیگڵ, شتێکە لەسەروو ئێمەوە دەگوزەرێت, بەڵام بەبێ جێدەست و بەشداریی ئێمەش درووستنابێت.
* كتێبى دووەم, لە ساڵى ١٩٢٣ بڵاوکراوەتەوە و یەکێکى ترە لە دەقە سەرەکییەکانى فرۆید. بۆ ناسینى چەمکە سەرەکییەکانى وەک ئیگۆ و ئید و دواتریش سوپەرئیگۆ پێویست بە خوێندنەوەى ئەم دەقە دەکات. دوو پێشەکى بۆ دەقەکە دانراوە کە یەکیان بەناوى "ئیگۆ: پاشاى وڵاتى وەهم"ـەوەیە و هەندێک دیوى ترى چەمکى ئیگۆ ڕووندەکاتەوە.

