A+    A-
(1,586) جار خوێندراوەتەوە


 

 

 

 

 

ئەمە حەوت کارى بچوکى تیۆریی فرۆیدە و ناوەندى “ڕەهەند” بڵاویکردووەتەوە(لە پێشانگاى نێودەوڵەتیی کتێبیش بەردەست دەبن). ئەم کارانە بەشێکن لە زنجیرەى «نزیکبوونەوە لە فرۆید» کە شەرحى ئەوانیتر و هاوکات درێژەى دەقەکانى فرۆید خۆى دەبن. «نزیکبوونەوە» لێرەدا واتە نزیکبوونەوە لە تێگەیشتنى فرۆید, لابردنى ئەو پەڵە و تەڵخییانەى کە چواردەورى سیستەمە تیۆرییەکەى فرۆیدى داوە بەپێى تێپەڕینى کات, هەروەها خۆپاراستن لە سادەکردنەوەى فرۆید کە نە دەروونناسە و نە فەیلەسوفیش, بەڵکو تەقەڵدوورى نێوان هەموو کایەکانە. ئەم نزیکبوونەوەیە بۆ هەموو بیرکەرەوەیەک ڕاستە, چونکە هەمیشە کۆمەڵێک نوسخەى سادەتر و عامیانەترى لێ درووستدەکرێت کە لەو دووردەکەوێتەوە. لەمڕۆشدا کە خێرایی ژۆرنالیستى زەینى مرۆڤى داگیرکردووە, هەوڵى نزیکبوونەوەکە لە بیریاران پێویستى بە کۆششێکى قورسترە. چونکە دەبێت لە پەیوەندیی نێوان چەمکەکان و کۆى ئەو پرسە نزیکبینەوە کە بیریارەکە ویستوویەتى بیگەیەنێت. بۆیە تێگەیشتن لە بیریارێک(یان دەروونشێکارێکى وەک فرۆید), تەنیا نزیکبوونەوەیەکى زانیاریمەند و مەعریفى نیە, بەڵکو جۆرێک لە تیاژیان و ئەزموونکردن و تەجروبەى زیندووشە. ئەمڕۆ ژۆرنالیزم دەیەوێت چەشنى نرخى دۆلار, بەشێوەى ڕۆژانە لە شتەکان تێبگات, بەڵام سیستەمە تیۆرى و دەروونشیکارییە گەورەکان هەموو ساتە پەرت و خێراکان گرێدەدەن بەیەکترەوە و ڕووى ساختەى زۆر ڕووداوى دووبارەش کەشفدەکەن. سیستەمى بیرکردنەوەى فرۆید, خاوەنى کۆمەڵێک چەمک و کاتیگۆریی بنەڕەتییە کە بەپێى ژاک لاکان «هیچ ئەزموونێکى مەعریفیی مرۆییمان نیە هێند بنجى و سەرتاپاگیر, ژیانى مرۆڤى شیکردبێتەوە». نزیکبوونەوە لەم ئەزموونە تیۆرییە, کات و دەرگیربوونى زۆرى دەوێت. ئەم زنجیرە هەوڵێکى بچوک و خۆتاقیکەرەوەیە.

١) نامیلکەى یەکەم: نەفى(Negation) دەقێکى کورتى فرۆیدە, بەڵام زۆر چڕ و تیۆرییە. بەسەرهاتى نەخۆشێکە کە ژنێک هاتووەتە خەونى و ئەمیش ڕەتیدەکاتەوە ئەو ژنە دایکى بێت. ئەم ڕەتکردنەوەیەى نەخۆشەکە کە فرۆید ناویدەنێت "نەفى(Verneinung)", هەڵایەکى زۆرى لە مێژووى فیکردا ناوەتەوە. لە لاکان و هیپۆڵیتەوە بۆ دۆلار و زوپانچیچ و دەیان نوسەر و بیرمەندى تر لەسەریان نوسیوە. پێموایە ئەم نەفى و نکۆڵییەى نەخۆشەکە, دواسنورى هەموو نکۆڵییەکانى مرۆڤە لە بووندا کە کورتنابێتەوە بۆ درۆیەکى دەروونى. نکۆڵییەکە وەک مشەخۆرێک بەدواى نەخۆشەکەوەیە, وەک سرەوتێکى لیقن, بەجۆرێک کە دەتوانین هاوکێشەى "ڕۆح, ئێسقانە"ـى هیگڵ بگۆڕین بۆ "نەست, ئێسقانە". لەو پێشەکییەى بۆ دەقەکە نوسیومە, کۆمەڵێک ڕوونکردنەوەم خستووەتەڕوو.

٢) نامیلکەى دووەم: ناونیشانە تەواوەکەى بریتییە لە «هەندێك میکانیزمى عوسابى(نیورۆتیک) لە....دا», بەڵام ئەم ناونیشانەمان لە ناوەوە دانایەوە و لەسەر بەرگەکە تەنیا سێ چەمکە سەرەکییەکەمان نوسى. دەقەکە, پەیوەندیی پێچەڵپێچى ئەو سێ دیاردەیە و هەندێ وردەکاریی تریش شیدەکاتەوە.

٣) نامیلکەى سێیەم: باسى ئاوابوونى گرێى ئۆدیب دەکات کە لە تەمەنى مناڵییدا ڕوودەدات. ئۆدیب گرێیە, بنچینەیترین گرێى گەشەى دەروونى و سێکسى و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ. لاى فرۆید, گرێ ئەو مانا نەرێنییەى ناو عەقڵى باوى نیە(گرێ مەرجى گەشەیە).

٤) نامیلکەى چوارەم: ناونیشانە تەواوەتییەکەى لەناوەوە نوسراوە و بۆ زەقبوونەوەى دوو چەمکەکەى فرۆید, تەنیا هەردووکیان خراوەتە سەر بەرگ. ئەم دوو پرەنسیپە, ڕۆڵى دوو چەمکى تیۆرى دەگێڕن کە ژیانى تاک و کۆ شیدەکەنەوە و بەبێ ئەم دووانە تێگەیشتن لە دەروونشیکارییەکەى فرۆید ئەستەمە.

٥) نامیلکەى پێنجەم: دەقێکە باسى فەنتازیایەکى نەستەکى و دەروونى دەکات کە هەموان لە بڕگەى جیاجیاى تەمەندا تووشى دەبن. وەک نامیلکەکانى تر, پێشەکى و ڕوونکردنەوە بۆ ئەمیش نوسراوە. پەیوەندیی سادیزم و ماسۆشیزمیش وردتر دەبینین.

٦) نامیلکەى شەشەم: سێ وتارى فرۆیدە دەربارەى ئاڵۆزییە شاراوەکانى عەشق و فیگەرى دایک لاى پیاوان. فیتیشیزم, وتارى سێیەمە کە وتارێکى ناودارى فرۆیدە.

٧) نامیلکەى حەوتەم: لەسەر پرسێکى بنەڕەتیی وەک پاڵنەر دەوەستێت. فرۆید خۆى وشەى “چارەنوس” بەکاردێنێت, بەڵام لە وەرگێڕانە ئینگڵیزییەکەى سترەیچییدا کراوەتە "هەڵبەزودابەز"(هەردوو ناونیشانەکەمان داناوەتەوە تا دەقەکە بناسرێتەوە). لەم نامیلکەیەدا لەڕیشەوە پرسى “خۆشویستن و ڕق” شیکراوەتەوە.





بە چاوەکانت دەتبیستم
چاپکراوەکانى نێگەتیڤ بۆ ساڵى ٢٠٢٢
کاتێک جیهان لێکدەترازێت
کتێبى حەوتەم و هەشتەم لە زنجیرەبەرگەکانى نێگەتیڤ
دوو کارى تیۆرى
کتێبى حەوتەم و هەشتەمى زنجیرەى دەروونشیکارى