A+    A-
(823) جار خوێندراوەتەوە

قەنەفە لە شیکردنەوەى دەروونى دا

 

 

 

 

گفتوگۆ لەگەڵ ژاک-ئالان میلەر

و. ڕاڤین کامەران

 

 

 

 

 

[ئەم گفتوگۆ کورتەی لە خوارەوە دێت هەوڵێکە بۆ پێناسەی 'قەنەفە' لە دەروونشیکاریدا. فرۆید لە دەوروبەری ١٨٩٠ بە دیاری قەنەفەیەک لە یەکێک لە نەخۆشەکانی بە ناوی مادام بانێڤینیستی وەردەگرێت و وەک جۆرێک لە میتۆدی چارەسەر و دانیشتنی دەروونشیکارییانە بەکاری دەهێنێت. لەو کات بەدواوە لەنێو کولتووری عەوامدا بەردەوام لەگەڵ ئاماژەکردن بۆ فرۆید، ئاماژە بۆ قەنەفەکەشی دەکرێت. قەنەفە بووەتە جۆرێک لە خاڵی داکووتانی جیاکردنەوەی دەروونشیکاری لە پزیشکی و دەروونناسیی باو. ژاک-ئالان میلەر هەوڵ دەدات ڕۆڵی قەنەفە لە دەروونشیکاری دەستنیشان بکات، پێگەکەی لای نەخۆش و بۆ دەروونشیکاری دیاری بکات و کارکردەکەی لە سەردەمی تەکنەلۆژیدا پێناسە بکات.

گەرچی فرۆید داوای لە نەخۆشەکانی دەکرد لەسەر قەنەفەکەی ڕابکشێن تا بەئاسوودەیی قسە بکەن، بەڵام ئەمە هەرگیز ستانداردی دانیشتنی دەروونشیکاری نییە. فرۆید باش دەیزانی لە دانیشتنی دەروونشیکاریدا نەخۆش ڕووبەڕووی بەرهەڵستی resistance و گواستنەوە دەبێت. دەشێت لەناکاو هەمووشتێک بکەوێتە بەردەم بەرهەڵستیی نەخۆش، بە قەنەفەکەی فرۆیدیشەوە. دەکرێت لەبری ئەوەی قەنەفە وەک شوێنێکی ئاسوودە بۆ نەخۆش ببینرێت، لای نەخۆش بگۆڕێت و ببێت بە شوێنێک بۆ ملکەچبوون و چەوسانەوەی نەخۆش. لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێکە لە بەرهەڵستی و هیچ کات نەخۆش ناچار نییە دەبێت بۆ چارەسەری دەروونی تەنیاوتەنیا پاڵبکەوێت .

قەنەفەی دەروونشیکاری جێگرەوەی سیسەمی پزیشکییە. سیسەمی پزیشکی لەپێناو پشکنین و دەستوەردانی پزیشکە لە جەستەی نەخۆش و قەنەفەش بۆ جێهێشتنی ئەم جەستەیە. جەستە لێرەدا تەنیا ئەو ئۆبێتە ماتریاڵە نییە کە گۆشت و خوێنە، بەڵکوو واتا ئەو وێنایەش کە نەخۆش لەمەڕ جەستەی خۆی هەیەتی. لەم خۆڕووتکردنەوە-لە-جەستەیەدا دەستمان بە جۆرێک لە جەستەی نەخۆش دەگات کە زیاتر وەک بەجێماوی ڕووداو و تراوماکان خۆی دەنوێنێ. هەر ئەمەش یەکێک بوو لە پرسیارە بنەڕەتییەکانی فرۆید: لە کوێدا جەستە کۆتایی پێ دێت و لە کوێدا دەروون و ئەندێشە دەست پێ دەکات؟ لەم پڕۆسەیەدا قەنەفە هاوشێوەی گیلۆتین (ئامێری سەربڕین) دەردەکەوێت، بەپێچەوانەی سیسەم کە زیاتر سەروکاری لەگەڵ چەقۆ و مقەستدا هەیە. گیلۆتینیی قەنەفە لەتوکوتکردنی جەستەیە تا جەستەیەک بمێنێتەوە تەنیا سەروکاری لەگەڵ یادەوەرییەکان، بەزەینداهێنانی ئازاد[1] و زەبرە دەروونییەکان هەبێت، بەڵام سیسەم هێشتاکە لەگەڵ ماتریاڵ و ئۆرگانەکانی جەستە سەروکاری هەیە؛ میتۆدی دەروونشیکاری جەستە جێدەهێڵێت و میتۆدی پزیشکی دەچێتە نێو جەستەوە. گەرچی میلەر دەڵێت قەنەفە جەستە بەماتڕیاڵی دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا دەروونشیکار سەروکاری لەگەڵ جەستەیەکی ئەبستراکتدا هەیە.

کۆتا بەش بۆ پرسی ئامادەیی قەنەفە لە جیهانی فەزای مەجازی و تەکەنەلۆژی تەرخان کراوە. وا دیارە چیتر پزیشک و نەخۆشەکان لە نۆرینگە دانانیشن و یەکدی ببینن. ئێستاکە دەتوانین لە ڕێگەی سێرچێکی گووگڵەوە دەیان پزیشکی بدۆزینەوە کە وا لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە لەگەڵ نەخۆشەکانیان گفتوگۆ دەکەن. چیتر نەخۆش بەتەنیا بەڕاکشاوی لەسەر قەنەفە خەونەکانی ناگیڕێتەوە، ئێستاکە خەونەکان لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە دەنێردرێن و دەروونشیکاریش بە ئیمەیڵێکی دیکە لەگەڵی بەردەوام دەبێت. گەرچی پرسی دەروونشیکاری لە سەردەمی ئینتەرنێتدا پرسێکی ئاڵۆزە و دووبارە بەشێکی زۆر لە میتۆدە بنەڕەتییەکانی دەروونشیکاری پێناسە دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی لە چوارچێوەی ئەم گفتوگۆیەدا گرنگە چارەنووسی قەنەفەی دەروونشیکارییە، ئایا مردووە؟ لە ڕاستیدا هەر لە بنەڕەتدا قەنەفەی دەروونشیکار لەپێناو دیدار و یەکتر بینیندا نەبووە، بەڵکوو زیاتر لە خزمەتی "یەکترنەبینین"ـدا بووە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە کە ئایا چارەسەری دەروونشیکارییانە لەسەر ئینتەرنێت، دەتوانێت چارەسەری دەروونشیکاری بێت؟]

 

 

ئێریک فاڤیرۆ: ڕۆڵی قەنەفە[2] لە دەروونشیکاریدا چییە؟

میلەر: بێگومان قەنەفە ئۆبێکتی ئاماژەکەری دەروونشیکارییە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەوە قەنەفە نییە کە پێناسەی دەروونشیکاری دەکات. چەندین [دانیشتنی] دەروونشیکاری هەیە کە نەخۆش لەسەر کورسییەک دادەنیشێت و [نەخۆش و دەروونشیکار] بەتەواوی ڕووبەڕوو و بەرامبەر یەکتر دادەنیشن. تەنانەت بۆ هەندێک لە نەخۆشەکان پێویست دەکات هەر بەو جۆرە بێت. بۆ نموونە، کاتێک قەنەفە واتای لەژێر بەزەیی ئەوانیتر و کەوتنەژێر ئارەزووی ئەوانیتر وەردەگرێت. ئەمە فانتازیایە. بەڵام، هەڵبەتە کە نەخۆش بەرەو دەروونشیکار دەجووڵێت، لەبەرئەوەیە لە پێگەیەکی خواستندایە و ئەم خواستنەش جۆرێک لە دەستبەرداربوون، جۆرێک لە ملکەچی بۆ ئەوانیتری تێدایە و دەشێت قەنەفە ئەمانە بنوێنێتەوە.

 

فاڤێرۆ: ئایا قەنەفە ئۆبێکتی دەروونشیکارییە؟

میلەر: ئۆبێکت لە دەروونشیکاریدا زیاتر هەر خودی دەروونشیکارە. ئەوە ئەوە کە خۆی دەخاتە پاڵ زنجیرەکانتان، قەڵەم و حەبەکانتان. ئەوەی فرۆید دایهێنا ئەم ئۆبێکتە نوێیە بوو، کەسێک کە دەتوانێت خۆی بگۆڕێتە سەر ئەم ئۆبێکتە. ئۆبێکتێکی زۆر تایبەت، کە ڕێگە بە کەسانێک دەدات وەک سوبێکتێک، وەک خودی خۆی ئەزموون بکەن کە قسە دەکات بەبێ ئەوەی بزانێت چیی دەوێت، یاخود چی دەڵێت، یا تەنانەت لەگەڵ کێشدا دەئاخڤێت. قەنەفە سەرەتای ئەم جیهانی بەرزەخە دەنوێنێتەوە. بەڵام ئۆبێکتی سەخت hard object دەروونشیکارە. ئەوە شتە نوێیەکەیە. لە کاتێکدا هەمیشە کلینیک[3] لە پاڵ سیسەمدایە.

 

فاڤێرۆ: ئایا قەنەفە تەنیا هەر سیسەمێکە؟

میلەر: بێگومان قەنەفە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر سیسەمە. [بەڵام] ئەوە سیسەمە کە فەزای دەروونیی نییە: تۆ لەسە چەرچەف ڕاناکشێیت، بەڵکوو لەسەر ڕووکەشێک درێژ دەبی. وەک فیگەرێکی پاڵکەوتوو، وەک بیرهێنەرەوەی ڕووداوە کوشندەکان کە خۆی بۆ دەوروبەر مەڵاس دەدات. بۆدلێر دەڵێت: "قەنەفەکان وەک گۆڕەکان قووڵن"[4]. بەگشتی سیسەم ئەو شوێنەیە کە جەستەی کەسێکی تێدا دەبینرێت، جەستەیەک کە لە جەنجاڵیی ژیاندا فەرامۆش کراوە، هەروەها جەستەیەکی دیکەش دەبینرێت [واتا هەم جەستەی نەخۆش و هەم جەستەی پزیشک]. بەپیچەوانەوە، قەنەفە سیسەمێکی یەک‌نەفەرییە. قەنەفە پەیوەندیی سێکسی پیشان دەدات و لە هەمان کاتیشدا غیابی پەیوەندیی سێکسی دەردەخات. لەوانەیە بتوانین بڵێین قەنەفە تەوالێتێکە کە کەسێک جەستەی خۆی پێ دەسپێرێت، جێیەک کە چالاکییەکانی جەستە ڕووت دەکاتەوە، هەروەها شوێنێک کە تێیدا یەکێک جەستەی خەیاڵیی خۆی، واتا وێنەی خۆی جێدەهێڵێت the image of oneself و دەستبەرداری دەبێت. کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە جەستەی سێیەمە، واتا جەستەیەک کە کۆن بووە، ئەم پاشماوەیەی کە سوبێکت لەگەڵ خۆیدا ڕایکێشاوە و زۆریش لای خۆشەویستە.

 

فاڤێرۆ: کەواتە قەنەفە زۆر لەوە گرنگترە کە دەردەکەوت...

میلەر: وەک پارچەیەک کاڵا و مۆبلیات، قەنەفە گرنگە، هەروەک گرنگیی تەنەکەی خۆڵ لای ساموێل بیکێت. ئەم ئایدیایە ئەم پارادۆکسە لەخۆ دەگرێت: دەبێت جەستەی خۆت بێنیتە نۆرینگە و لە هەمان کاتیشدا دەبێت لە جەستەت بێیتە دەرەوە. قەنەفە مەکینەیەکە، گیولۆتینێکی چەندکارە[5]، کە جەستە پارچە‌پارچە دەکات، بەهرە جووڵەییەکانی، توانستی ئاکتەکانی، قیت‌وقنج وەستانەکەی و بینینی جەستەی لێ وەردەگرێتەوە. قەنەفە جەستە جێهێڵدراوەکان، جەستە تێکشکێندراو و سەربڕاوەکان مەتڕیاڵی دەکاتەوە. پاڵکەوتن لەسەر قەنەفە واتا بوون بە ئاخاوتنێکی پەتی، لە کاتێکدا کەسێک خۆی بە کەسێک دەبینێت کە دوچاری قسەکردن بووەتەوە، جەستە بە نەخۆشیی ئەو کەسەوە دەنووسێت کە قسە دەکات.

 

فاڤێرۆ: داهاتووی قەنەفە چییە؟

میلەر: تەکنەلۆژیا لە گەشەداندایە بە شێوە نوێیەکانی ئامادەبوون. بەدرێژایی ئەم سەدەیە پەیوەندیی هاوکاتی ڕاستەقینە لە دوورەوە بووتە شتێکی باو. جا لە ڕێگەی تەلەفونەوە بێت، کە ئێستاکە دەتوانیت لەگەڵ خۆتدا هەڵی بگرێت، یاخود ئینتەرنێت و کۆنفرانسی ڤیدیۆیی. ئەمەش بەردەوام دەبێت، گەشە بە خۆی دەدات و لە هەمووشوێنێک ئامادەگیی دەبێت. بەڵام ئایا لە کۆتاییدا ئامادەیی فەزای مەجازی[6] کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر دانیشتنی دەروونشیکاری دەبێت؟ نەخێر. یەکتربینین و گفتوگۆ لەگەڵ یەکدیدا بریتی نییە لە دانیشتنی دەروونشیکارییانە. لە دانیشتنی دەروونشیکاریدا، دوو کەس پێکەوە، هەر بەو جۆرەی لە سوودوەرگرتن لە قەنەفە پیشانمان دا، بۆ یەکتربینین لەوێ نین. هاو-ئامادەیی بە گۆشت و خوێن پێویستە، تەنیا ئەگەر بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی سێکسی بێت. گەر نەزمی ڕیاڵ وێران بکەین، پارادۆکس نامێنێت. تێکڕای ئامادەگیی فەزای مەجازی، تەنانەت بەئاڵۆزترین شێوەکانیشییەوە، دژ بەمە دەوەستنەوە.

 

فاڤێرۆ: بەکورتییەکەی قەنەفە هەر دەمێنێتەوە.

میلەر: قەنەفە هەر دەمێنێتەوە. تا ئامادەیی فەزای مەجازی ببێتە شتێکی باو و بەربڵاو، ئامادەیی نەزمی ڕیاڵ بەنرختر دەبێت. ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی من دەیبینم لە گواستنەوەدایە؛ خێرایی سەفەرکردن، تێچویی کەمیی گەشت و ئامرازەکانی گواستنەوە، کە ئەمەش وا دەکات خودی جەستە بەئاسانی "بگوازرێتەوە". لە ڕابردوودا، بۆ ئەوەی لای فرۆید شیکردنەوەی دەروونیت بۆ بکرێت دەبوایە لە ڤیەننا یاخود لەندەن بژی. ئەوڕۆکە دەتوانی لە میلان یاخود بۆینس ئاریس بژیت و لە پاریس شیکردنەوەی دەروونیت بۆ بکرێت، یاخود بەپێچەوانەوە.

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Free association

[2] couch

[3] لە بنەڕەتدا 'کلینیک' لە κλῑνικός (کلینیکۆس)ـەوە هاتووە کە بە واتای پەیوەست بوو بە جێخەو و چرپاوە دێت.

[4] Baudelaire, C., “The Death of Lovers”, in Les fleurs du mal

[5] multiguillotine

[6] virtual presence