A+    A-
(2,409) جار خوێندراوەتەوە

     «کێشەی کۆمەڵایەتی» ناوێک بۆ شاردنەوەی تاوان

 

 

 

 

                        شوشە عەلى

 

 

 

 

بەهۆی گەشەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە, و هەڵسوکەوتکردنی مرۆڤ لەگەڵ یەکتردا و فراوانبوونی ئەم بازنەیە، و درووستبوونی ململانێ و ناکۆکییەوە  جۆرەکانی کێشە سەریهەڵداوە. کێشەى کۆمەڵایەتى, بەرهەمى ئاڵۆزبوونى زیاترى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بووە. مرۆڤەکان لە ڕابردوودا کەوتنە  ململانێ(صراع) لەگەڵ یەکتردا و جۆرەکانی کێشە و ناکۆکی درووستبوو. سەرەتای درووستبوونی مرۆڤایەتیش زیاتر کێشەکان  کۆمەڵایەتی بوون. کێشەی کۆمەڵایەتیش بە درێژایی مێژوو بەهەمان فۆرم و شێواز نەماوەتەوە بەڵکو بە هۆکارە مرۆیی و مێژوویی و ژینگەییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لەسەرەتای درووستبوونی کۆمەڵگەی مرۆییەوە کە بەشێوەی (خێڵ-تیرە- هۆز-عەشیرەت) ژیاون، کە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەهێز بووە و کێشەی کۆمەڵایەتی عادەتەن لە نێوان دوو هۆز یا دوو عەشیرەت یا زیاتر بووە. کێشەکە بۆ تاک بە تاکی ئەو هۆزە وەک یەک وابووە، خێڵ ئەو کات جەستەیەیەکی یەکانگیرو بەهێز بوو. کۆمەڵناسی عەرەب ئیبن خەلدوون لەبارەی ژیان و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەوە دەڵێت " کۆمەڵایەتی بوون بە پلەی یەکەم بەهۆی خوێن و دەمارەوە بووە"[1] ، عادەتەن ئەم هۆزە یەک سەرۆک یا کەسی دەسەڵاتداری هەبووەو هەمووان ملکەچی بوون. پاشان دوای فراوانبوونی کۆمەڵگەی مرۆیی و درووستبوونی شارەکان و سەربەخۆبوونی تاک لە دەوڵەت. کێشەکانی دەوڵەت کران بە جەنگ و شەڕ یا ململانێی سیاسی پاشان کێشەکانی تر بەشیکیان چارەسەرکران و بەشێکیشیان چوونە بابی تاوانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەشێکی ململانێ و ناکۆکی  لەژێر ناونیشانی کێشەی کۆمەڵایەتیدا مانەوە. کێشەی کۆمەڵایەتی, ئەگەرچى ناوێکى گرژە, بەڵام چوارچێوەیەکى مرۆییشە کە ئەم چوارچێوە کۆمەڵایەتییە هۆشیاری و ئاستی هەر کۆمەڵگەیەک دیاریدەکات. هەروەها سرووشتی کێشەکە و گەورەیی کێشەکە، ئەو تاوان و بابەتانەی دەچنە ژێر ئەم ناوە  و کۆمەڵگە و کەلتوریش بەهەمان شێوە  کاریگەرییان هەیە. لە کۆمەڵگاى کوردستاندا کێشەی کۆمەڵایەتی بەپێی یاسا هەموو ئەو کێشەو ناکۆکییانە دەگرێتەوە کە لەنێوان خێزانەکاندا ڕوودەدات تا ئاستى پلە چوار, واتە چوار پشتى خێزانى. بەبێ تێڕوانین لە گەورەیی تاوان, کە وەک لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی باسکراوە، کۆمەڵێک تاوانی جۆراوجۆر بە جیاوازییان لەڕووی سروشتی تاوانەکەوە دەخزێنە ژێر ئەم ناوە.  لە کاتێکدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ناواخن و پێناسەی کێشەی کۆمەڵایەتی جیاوازە، پێناسەی دەکەن بەوەی ڕەفتارێکە یا حاڵەتێکە کە دەرئەنجامێکی نەرێنیی لەسەر ڕێژەیەکی زۆری خەڵک هەیە. هەروەها چوارچێوەی  مانا و ناواخنەکەشى فراوانترە، کە لەسەر بنەمای خوێن یا خێڵ نییە، بەڵکو کێشەی کۆمەڵایەتی بەپێی کاریگەریی لەسەر ژمارەیەکی زۆری خەڵک دیاریدەکرێت، بۆیە بە پێی هەر سەردەم و بارودۆخێک ماناى چەمکەکە دەگۆڕێت، هەر بۆیە ( گۆڕانی کەش و هەوا (climate change)، برسیەتی و هەژاری، راسیزم  و ستەمی جێندەری، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، توندوتیژی) لەو بابەتانەن کە لە وڵاتێکی وەک ئەمەریکا دەچنە چوارچێوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

کێشەی کۆمەڵایەتی و کەلتور، پەیوەندییەکی بەهێز و تەواوکەر لەنێوانیاندا هەیە. کەلتور بۆ بەردەوامی و بەرهەمهێنانەوەی خۆی بەردەوام پێویستی بە کێشەیە. بەتایبەت لە کۆمەڵگایەکى وەک کوردستان، چونکە کێشەی کۆمەڵایەتی پێدەچێت ئامرازێکی باش بێت بۆ لەبیرکردن و گوێنەدان بە کێشە سیاسی و ئابورییەکان. بۆیە لێرەدا لەسەر هۆشیاریی کەلتوری کۆمەڵگەی کوردی و چۆنییەتیی گەشە و پەرەسەندنی ڕادەمێنین. بەو پێیەی کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییە کە بە سرووشتی گەشەی نەکردووە و بە بارودۆخێکی ئیفلیجی کۆمەڵایەتى تێپەڕیوەو تیایدا چەقیوە، تاکو ئێستاش پەیوەندیی خوێن و دەمار تەحەکوم بە ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆی کوردەوە دەکات کە کەلتورێکی خێڵەکیی تێکەڵ بە مۆدێرنەیەکى نەخەڵیوە، نامۆیە بە مۆدێرنە وەک دەزگایەک کە عەقڵێکی ڕۆشنگەرو ڕەخنەگر تیایدا سەنتەرە. وەک عەتا قەرەداغی ئاماژەی پێدەکات کە " لە کوردستاندا درووستبوونی شارەکان نەیتوانیوە  کەلتوری خێڵ تێکبشکێنێت……بۆتە بەشێک لە پێکهاتەی کۆنەستی مرۆڤی کورد"[2] خێڵ وەک زەینێکی سادە و سرووشتی هێشتا تەحەکوم بە ڕێکخستنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دەکەن لە کرۆکدا، کەرەستە مۆدێرنەکانیش هاریکاربوون بۆ زیاتر تۆکمەترکردنی پێگەیان، کە دەزگاکانی عەقڵێکی کۆنسێرڤاتیڤ و خێڵەکی بەڕێوەیدەبات. لە خزمەتی بەهاو پێوەرە باڵاکانی کەلتورە نەک وەک ڕێگایەک بۆ ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی.  یاخود بە دەربڕینێکی دەرونشیکارییانە " کەلتوری خێڵ هێندە زەق خۆی پیشاندەدات، کە نایبینین و پێوەی ڕاهاتووین. هەر هەڵوەستەیەک لەسەر بینینی، ڕەنگە کۆی ژیانیی کەلتورییمان بشێوێنێت"[3]بەو مانەیەی فەنتازیای بینینمان بۆ ژیان فەنتازیای خێڵەو درزێک لە پەردەی فانتازیا دەبێتە شتێکی بەرگەنەگیراو کە بەر ڕەقی مەحاڵێتی ڕیاڵ دەکەوین. فانتازیای خێڵ و کەلتوری بۆ کۆمەڵگەی کوردی ئەو خاڵە داکوتانەیە کە لێیەوە جیهان دەبینین و ڕاڤەی دەکەین، وەک نمونەی چیرۆکی پاشا ڕووتە، هەموو دەزانن پاشا ڕووتە بەڵام نایبینن، بەڵام ئەو کاتەی مناڵەکە دەڵێت پاشا ڕووتە پەردەی فانتازیا دەدڕێت و ڕووتی پاشا دەبینرێت. لە کۆمەڵگەی کوردیشدا فانتازیای خێل هێندە زەقە کە نایبینین و هەموو ستراکتۆرەکانی تری ژیان بەردەوام لە هەوڵی پاراستنی ئەم فانتازیایەدان. چونکە کەوتنی تەنها کەوتنی عەقڵێکی سادە نییە، بەڵکو کەوتنی ئەو دیدەیە کە کۆمەڵگەی کوردی بەهۆیەوە جیهان دەبینێت. لەپێناو هێشتنەوەی دیدێکی یەکگرتوو پاراستنی ئەم فەنتازیایە، کۆمەڵگە لە هەموو ئاستەکاندا خەریکی خۆبەرهەمهێنانەوەیە، لە ئاستی خێزاندا کە بچوکترین یەکەی کۆمەڵگەیە تاکو دەگاتە سیستەم و دەزگا خۆنەگرتووەکان. لە خێزانەکاندا تاکێکی ملکەچ و توندوتیژ لە تایبەتمەندی هەڵماڵدراو بە دەروونێکی ناسەقامگیرەوە ( دەروونێکی ناجێگیر کە زیاتر پەیوەستە بە ڕێکنەبوونی مێژووەوە) دەخاتە کۆمەڵگەوە بۆ ئەوەی بەرگەی واقیع بگرێت و هەڵبکات بەردەوام خەریکی خۆبەرهەمهێنانەوەیە. بۆیە کەلتور وەک ئایدیایەکی باڵا لە تۆپیکدا دەمێنێتەوە و هەموو دەزگاکانی لە خزمەت ئەم ئایدیا باڵادا بەردەوامی بە خۆیان دەدەن و خەریکی خۆبەرهەمهێنانەوەن. ئەمەش ڕێگربووە لەوەی تاکی کورد ببێتە سوبێکتێکی سەربەخۆ و خۆبەرهەمهێن.

لێرەوە کێشەی کۆمەڵایەتی وەک چەمکێک هێندەی خزمەتی بە بەرهەمهێنانەوەی کەلتورو چەقین کردووە، نەیتوانیوە دەلالەت لە چەمکێکی یاسایی وسەربەخۆی کەسێتی بکات لە کۆمەڵگەدا. لە یاسادا کێشەی کۆمەڵایەتی ئەو کێشانە دەگرێتەوە کە لە خێزاندا ڕوودەدەن تا پلە چوار. بەڵام لە کۆمەڵگەدا مانای چەمکەکە فراونتر دەبێت هەتا تاوانەکانی کوشتن و بریندارکردن و سووتاندن و ..هتد هەتا لە ناو خێزان یا ناوچەیەکیش ڕووبدات بەناوی "کێشەی کۆمەڵایەتی"یەوە دەشاردرێتەوە.بۆیە لەکۆمەڵگەی کوردیدا کێشەی کۆمەڵایەتی ئەوەندەی ئاماژە بە شاردنەوەو پەردەپۆشکردن دەدات، ئاماژە بە چەمکێکی یاسایی و سیاسی نادات یاخود وەک چەمکێکی  تاوانکاری نابینرێت و ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیی هەیە، وەک ئەوەی هێشتا ئەو تاوانانەی لە خێزانەکاندا ڕوودەدەن بە تاوانێک نابینرێن بەڵکو بە مافێک دەبینرێن بۆ سەرۆک خێزان. کاتێک تاوانێک ڕوودەدات هەر بە گوزارشتى «کێشەی کۆمەڵایەتی» ئەو ئەکت و کردارە لە ڕەهەندى تاوان دادەماڵرێت. بەم پێیە, "کێشەی کۆمەڵایەتی" دالێکی بەتاڵە، وشەیەکى بۆشە دەکرێت زۆرترین مانا و مەدلولى پێ بدرێت. وشەیەکە فەنتازیای خێڵی لەسەر هەڵچنراوەو لە پێناو بەرگەگرتنی ڕیاڵ(کرۆکى ترسناکى کەلتور)دا دێتەگۆڕێ. بۆ نمونە ئەو باوکەی کە بکوژی دوو کچەکەی خۆی بوو. دوای کوشتنیان وەک ئەوەی گەیشتبێت بە ئاسوودەیی و بەلایەوە گرنگ نەبوو چەند سزا وەدەگرێت و چۆن، چونکە بەلایەوە تاوان نەبوو، بەڵکو کێشەی کۆمەڵایەتی بوو کە لە چاوی کۆمەڵگەوە کێشەیەکە و پێویستی بە چارەسەرە؛ نەک تاوانێک کە پێویستی بە سزایە. دیارە دۆخەکە هەر کوشتنی ژنان ناگرێتەوە وەک ئەوەی بەرچاوە. بەڵکو  لە ماوەی ئەمساڵدا کوشتنی کوڕێک بە دەستی باوکی لەبەرئەوەی کوڕی کەلتور نەبووە! دوای ئەکتی کوشتنەکە باوکی دڵنیایە لە مەرگ و جەستەی سارد، پاشان بە ئازادی و چێژەوە هەر سزایەکی دەزگا مۆدێرنەکان  قبوڵدەکات. چونکە زەینى کورد هێشتا متمانەی بە دەزگا مۆدێرنەکان نییە، دەکرێت بڵێین تاوان و سزا وەک چەمکێکی مۆدێرن و هەنووکەیی یاخود یاسایی وەرناگیرێت. بەڵکو تاوان دژی کەلتورە و سزاش ئازاری ویژدان و ئابڕووە. بۆیە نە تاوان لە زەینی  خەڵک ئەوەیە کە  یاسا دیاریدەکات  نە غەرامەو زیندان و سێدارە سزایە. بۆیە شتێکی نامۆ نییە لە دوای هەر کوشتنێک کە هۆی کۆمەڵایەتی لە پشتەوەیە ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجام داوە خۆی ڕادەستی دەزگای لێکۆڵینەوەو دادوەری دەکات. وەک ئەوەی بە کۆمەڵگە بڵێ ئەوەی فەرمانتان پێ کردم, کردم و ئێستاش ئەو کورەی بووە مەترسی بۆ سەرم, ئەوەتا لە جەستەیەکی ساردی بێ‌گیان زیاتر نییە. بۆیە بە ئاسوودەیی ئەو باجەش دەدەم کە دونیای ئێستا لەبەرامبەر کورە ئابڕوبەرەکەم داوای دەکات.        

یاخود ئەو ڕووداوە کوشتن و تاوانکارییە جیاوازانەی بەهۆی زەوی‌وزارەوە درووستدەبێت لە چوارچێوەی پەیوەندییە خێزانییەکان یاخود تاوانەکانی دەسترێژی وبریندارکردن و هتد… کە لێرەدا کێشەی کۆمەڵایەتی هەموو تاوانەکان لەخۆدەگرێت لەپێناو ئەوەی لە تاوان دایانبماڵێت. کەواتە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هێشتا کێشەی کۆمەڵایەتی وەک کێشە لێی دەڕوانرێت نەک تاوان لەکاتێکدا بە کردەیەکی تاوانکارییەوە پەیوەست بێت. ئەمەش وایکردووە کێشە کۆمەڵاییەتییەکان پەردەپۆشبکرێن و وەک بابەتێکی ڕاگوزەر بەناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا بڕۆن. لەبەرئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتیین, واتا لە چوارچێوەی خێزانێکدایە کە دەسەڵات بۆ باوکە (باوکی ڕەمزی کە نیشانەی دەسەڵات و خەساندنە) و نیگای ئەوانیتری لەسەرە و چاوەڕێی هەڵوێست دەکات. ئەو هەڵوێستەی کۆمەڵگە بە ناڕاستەوخۆ چاوەڕێی دەکات, و پێشوەخت ئامادەیە تاوانەکەى بۆ بگۆڕێت بە "کێشەى کۆمەڵایەتى". بۆیە کاتێک لێرە مرۆڤێک بە بۆنەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دەکوژرێت, یەک کەس کوشتنەکەی ئەنجامنەداوە بەڵکو کۆی کۆمەڵگە ئەنجامیداوە و هەر زووش لەبیردەکرێت، وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت.

 

 


پەراوێز:

[1] کتێبی "ڕوانین لە نێوان کەلتوور و سیاسەتدا"، عەتا قەرەداخی

[2] کتێبی "کۆمەڵگەی کوردی و پەرەسەندنی ناسروشتی", عەتا قەرەداخی

[3] بنۆڕە ئەم بەستەرە:https://www.negativegroup.org/item.php?id=198