A+    A-
(993) جار خوێندراوەتەوە

          خۆکوشتن, سەمپتۆمێکى هەمیشەیی

(بەبۆنەى ڕۆژى جیهانیی ڕێگرى لە خۆکوشتنەوە)

 

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

 

یەک ڕۆژ؟

دانانى یەک ڕۆژ بۆ یادێک: ماناى سیمبوڵە, چڕکردنەوەیە, نەک ئەزموونکردن. شتى سیمبوڵى بۆ ئەزموونکردن نیە. یەک ڕۆژ نوێنەرى هەموو ڕۆژەکانى ترى ساڵە. ئەوە ڕاستە کە ئەم ڕۆژە شتێکى ڕۆتینى و فۆرماڵ(شکڵى)یە, فۆرمى ڕووتە, ئاماژەیەکى ڕواڵەتییە بە کێشەکە و بەس. ئەو گلەییە باوەى کە زۆرجار دەرهەق بە یاد/ڕۆژە جیهانییەکان دەکرێن, ئەو ڕاستییە شاراوەیە لەبەرچاودەگرن کە مۆدێرنە شارستانییەتى سەردێڕەکانە. هەر یادەڕۆژێک سەردێڕێکە بۆ قەیرانێک. کاتێک دەوترێت عەشق لە یەک ڕۆژدا جێى نابێتەوە, درووستە, بەڵام ژیانى مۆدێرن لە یەک ڕۆژدا بیرماندەخاتەوە(ڤاڵانتاین), کە عەشق چیدى لەناو زەمەنى مۆدێرندا ئەرک و پۆڵێنى ترى هەیە. بۆیە دانانى ڕۆژى ساڵ, ڕەنگە لە سرووتەکانى مۆدێرنە بێت بۆ ئەوەى مرۆڤەکان ١) لە جیهانێکى هاوبەشدا دەژین ٢) مۆدێرنە, بە لێکەوتە جیاوازەکانیەوە, ڕووداوێکى گەردوونییە ٣) یاد و ساڵیاد و ڕۆژیاد, ئاماژەیە بۆ قەیرانێکى مۆدێرنیش. ئەم دیاردانە پێش مۆدێرنەش هەبوون, بەڵام لە مۆدێرنەدا گشتگیر و گرژگیر دەبنەوە. لە مۆدێرنەدا, هەموو بۆنەیەکى ئاسایی ئەو ئەگەرەى لەخۆیدا هەڵگرتووە وەرگەڕێت بۆ قەیرانێک و گرژییەکى سیستەماتیک. یادەکان, ناوێکى ترى قەیرانن لە ژیانى مۆدێرنى مرۆڤدا. پرسى خۆکوشتن, جیا لەوەى بەدرێژایی مێژوو, هەڵبەزودابەزى زۆرى بەخۆوە بینیوە, بەڵام لە مۆدێرنەدا دەبێتە قەیرانێک و سەرەنجام یادێکى یەک‌ڕۆژەى «ڕۆتینی»ـی بۆ دەستنیشاندەکرێت. شتە بونیادى و بنەڕەتییەکانى ژیانى مرۆڤ, وردەوردە لە مۆدێرنەدا هەم دەبنە یادێکى جیهانى, هەم دەبنە ناو بۆ قەیرانێکیش: ڕۆژى جیهانیی کرێکار, شێرپەنجە, دەرووندرووستى, ژنان, گەنجان, زمانى زگماک, باوکان و هتد. گەر سەیرى ڕۆژى باوکان بکەین, گوزارشتە لە قەیرانێک لەنێوان مناڵان و باوکدا: بەر لە مۆدێرنە, کۆمەڵێک ڕێساى خۆجێى و لۆکاڵ هەبوون کە بەبێ دەربڕینى ئاشکرا لەلایەن ڕۆڵەکانەوە جێبەجێدەکران, بەڵام لە مۆدێرنەدا ئەم ئۆتۆریتە و دەسەڵاتە باوکانەیە وەردەگەڕێت بۆ قەیرانێک و بەجیهانى دەبێتەوە. مۆدێرنە گەر لە ئاستى درووشم و فۆرمیشدا بێت, خۆى دەگەیەنێتە دەڤەرە دوورەکان و یاد و یادەوەریی هاوبەش دەخوڵقێنێت. هەندێک لەم «ڕۆژ»ـانەش گەرچى یادکردنەوەى ڕووت نین و بۆ بەرەنگاربوونەوەن, بەڵام لانیکەم قەیرانمان یاددەخەنەوە. ڕۆژێک بۆ بەرگرتن بە خۆکوشتن, یەکێکە لەم یاد/قەیرانانە.   

 

خۆکوشتن وەک بونیاد

خۆکوشتن(Suicide), لە ئاستى تاک و کۆشدا  هەمیشە خۆى دووبارەدەکاتەوە و ڕوودەداتەوە. وەک تاکەکەس, بیرۆکەى "خۆکوشتن" لە ژیانى هەر مرۆڤێکدا, پاش تێپەڕینى تەمەنێک دەڕسکێت. مرۆڤ سەرەتا لەدایکدەبێت و بڕێک دەژى و ئارەزوودەکات, بەڵام لەپڕ "بنبەست"ێک لەبەردەم ئارەزوویدا سەوزدەبێت و کەسەکە بۆ یەکەمجار بیر لە خاڵى پێچەوانەى ژیان دەکاتەوە, بەر ئاگاییەکى نوێ دەکەوێت و تێدەگات ژیان دەتوانێت بە هەمان گوژمەوە بەسەر ئەودا هەڵگەڕێتەوە. وەک کۆش, خۆکوشتن بونیاد(structure)ـە, لەپشت هەموو قۆناغەکان و گوتارەکانى ژیانکردن و هۆکارە بێشومارەکانەوە, خۆکوشتن هەر هەبووە. بەر لە مۆدێرن و دواى مۆدێرنەش, هەر بەشێکى پێکهێنەر بووە لە ژیانى مرۆڤ. بەڵام بەو پێیەى خۆکوشتن چەپێنراوێکى بەزەبر بووە, ئیتر بیرمانچووەتەوە کە بونیادە. پێناچێت لەم تایپە باوەى مرۆڤدا, خۆکوشتن بکرێتەدەرەوە, بەڵام دەشێت کەمبکرێتەوە. بونیاد, ڕێسایەکى شاراوەیە کە هێند خۆى دووبارەدەکاتەوە کە زۆر سەرنجمان ناچێتە سەرى. وێڕاى ئەمەش, خۆکوشتن ئاوارتەیەکە, بەشێکە لە ڕێسا/دیاردەیەکى گەورەتر کە ناوى ژیانە. ژیان سەرتاپا ژیان نیە, بۆیە ئەگەرەکانى مەرگ و مەرگى خۆویستانەش هەمووکات هەن. گەر لە خۆبەختکردن بگەڕێین کە فۆرمێکى دێرینى خۆکوژییە, ئەوا تەنانەت زۆر مەرگى ئاسایی هەن بەپێى دەروونشیکارى بریتیین لە خۆکوژیی نەستەکى, مردنێکن نائاگایی ئێمە هەڵیبژاردوون بۆ نمونە: هەندێک ڕووداوى ئۆتۆمبێل, کەوتنەخوار لە هەڵدێرێک, خۆشلکردن بۆ برینێک, گەمەکردنى جارناجار بە چەک و هتد. کەواتە خۆکوشتن وەک بونیاد, ڕاستییەکى سادەیە. بەتایبەت گەر بێتو پاڵنەرى مەرگ(Death drive) وەک تاکە پاڵنەرى ڕیشەیی ژێر هەموو چالاکییە مرۆییەکان وەربگرین. بەپێى ئەم پاڵنەرە, مرۆڤ ناتوانێت پڕاوپڕ بژى, بەڵام ناشتوانێت هەروا ئاسان بمرێت و خۆى بکوژێت, خۆکوژییەکە بەسەر چالاکییەکانیدا دابەشدەبێت و دوادەخرێت.

هەر بۆیە پرسیارێکى سەیرتر بەپێى دەروونشیکارى ئەوەیە کە چى دەبێت ژیان خۆیشى تێکڕا و لە گۆشەنیگایەکى تیۆریی تایبەتەوە بریتى بێت لە «خۆکوژییەک»؟

بەپێى فرۆید, مەرگى ئاسایی(نۆرماڵ)‌یش هەر خۆکوژییە بەڵام لە کەوڵێکى ساختەدا. ئێمە گەر لە پیرییشدا بمرین, هێشتا جۆرێکە لە پچڕان و وەستان. بۆچى ناتوانین تا ناکۆتا بڕۆین و نەمرین؟ دیارە وەڵامە بایۆلۆژییەکە ڕوونە, بەڵام مەبەستى فرۆید واوەتر دەڕوات: بۆچى مرۆڤ تەنانەت لەڕووى بایۆلۆژییشەوە نەمر نەبوو؟ کەواتە بەپێى واقیعى حاڵ, مەرگ خۆکوژییەکى ناڕاستەوخۆیە بەسەر ئەم زیندەوەرەدا دێت. ئەم بوونەوەرە تا گەیشتووە بەم ئاست و تایپەى ژیان, بەدرێژایی ملیۆنان ساڵ مردووە و مردووەتەوە, کە مردووە ویستێکى ناچارى هەبووە بۆ ئەو دۆخە بگەڕێت کە ئەم تالێهاتنەى تیا نەبێت کە ناوى ژیانە. لە مەرگى نۆرماڵیشدا, ویستێکى ناچاریی درێژخایەن هەیە کە مرۆڤ بمرێت. بۆیە سنورى مەرگى نۆرماڵ و خۆکوشتن, سنورێکى تەواو جەوهەرى و نەگۆڕ نیە.

ساڵانە نزیکەى ملیۆنێک کەس لەسەر ئەم هەسارەیە خۆیان دەکوژن. گەر لەناو ژیانى مرۆڤەکانەوە سەیرى ئەم ڕووداوە بکەیت, ناسرووشتى دەردەکەوێت چونکە دەبێت ژیان تا کۆتایی بڕوات و پەیژەکانى تەمەن ببڕێت. بەڵام گەر لە دەرەوەى ژیانى مرۆڤەوە سەیرى بکەیت, پاشهاتێکى سرووشتییە, بوونەوەرێک بەڕێکەوت لەدایکبووە و بەڕێکەوتیش کۆتایی بە ژیانى خۆى دێنێت. گەرچى لە خۆکوشتندا ئیرادە کاردەکات بەڵام لەکۆدا لەشمان سرووشتییە و دەبێتەوە بە بەشێک لە سرووشت. خۆکوشتن تەنیا پیشاندانى جۆرێک ئیرادەیە لەو نێوانەدا. ئەمە ساکارترین وێناى خۆکوشتنە, بەڵام بڕێک ئاڵۆزتریشە: ئاشکرایە خۆکوشتن هەنگاوێک کارى سرووشت خێراتر دەکاتەوە و مەرگ دەگۆڕێت بۆ ڕووداوێکى کردەکى(ئەکچواڵ-فیعلى). ئێمە هەر دەمرین, هەر سرووشتیش کۆتا خاڵ دادەنێت, بەڵام لە خۆکوشتندا ئەو ژێستە جێدەمێنێت کە ئێمە تۆزێک پێشى سرووشتمان داوەتەوە. دەسەڵاتێکمان نواندووە کە مرۆیی و زاتییە. بەڵام گەر لە گۆشەیەکى ترەوە سەیربکەین, ئەوا تێدەگەین لێرەشدا چووینەتە خزمەتى سرووشتەوە. لە هەردوو بارەکەدا, مردنى سرووشتى و مردنى خۆکرد, هەر سرووشت بەشدارە بەڵام لە دوو دۆخى بەڕواڵەت جیاوازدا. پێدەچێت ڕقى دین و ئایدۆلۆژیاکان لە خۆکوشتن هەر ئەوە بیت کە مرۆڤ دەسەڵاتى سرووشت پشتڕاستدەکاتەوە. هەتا کاتێک کە تۆماى ئەکوینى, تیۆلۆگى مەسیحى, خۆکوشتن بە پێچەوانەى یاساکانى سرووشت دادەنێت, مەبەستى لە سرووشتێکى خواکرد و بارگاوییە بە خواوەند, گەرنا سرووشت خەسڵەتێکى دڕە و لە هەناوماندا ئیشدەکات. سرووشت بەجۆرێک دەبەزێنرێت, بەڵام لەناونابرێت, خۆکوشتن بە ڕێژەیەک پەیوەندیی بە سرووشتیشەوە هەیە وەک بونیادێکى قایم.

 

 

 

سێ وێستگەى کورت

 گەر لەسەر مێژووى فەلسەفە بوەستین, چەند بڕگەیەکى دیاریکراومان هەیە ڕاستەوخۆ قسە لەسەر خۆکوشتن دەکەن. لە فیکرى مۆدێرندا, دەتوانین بەخێرایی لەسەر سێ بڕگە بوەستین کە بریتیین لە بڕگەى ٧٠ـى کتێبى "ڕەگەزەکانى فەلسەفەى ماف"ـى هیگڵ, بڕگەى ٦٩ـى ناو کتێبى "جیهان وەک ویست و نواندنەوە"ـى شۆپنهاوەر, بەندى ژمارە ١٥٧ـى ناو کتێبى "لەودیو چاکە و خراپە"ـى نیچەوە.

لاى هیگڵ و بەپێى ئەم بەندە فەلسەفییە, ژیان بریتییە لە کۆیەتیی گشتگیرانەى چالاکیی دەرەکى (comprehensive totality of external activity). ئەم چوار وشەیە, لە فەلسەفەى هیگڵدا هەریەکە و سەنگ و ماناى خۆى هەیە. لێرەدا و بەسەریەکەوە واتە ژیان کۆیەکى گشتگیرە, هەموو شت لەخۆدەگرێت, ئەم کۆیە لە بزووتن و چالاکبووندایە و جارێک بەنێو شتەکاندا دەڕوات و جارێکیش لە دەرەوەى ئەوان دەمێنێتەوە. ژیان کۆیەکى نائارامە و بەردەوام خۆى فیعلى و کردەکى دەکاتەوە. جا لەوێوە کە پەیوەندیی بە پەیوەندیی ژیان و مرۆڤەوە هەیە, ژیان دیاردەیەکى دەرەکى نیە بۆ مرۆڤ, بەڵکو بەناو مرۆڤدا دەڕوات, ژیان بریتییە لە کەسەکە خۆى, یان بەپێى زمانى هیگڵ خۆى ژیان «ڕاستەوخۆ و بێ‌میدیۆم»( immediate)ـە. گەر مرۆڤ ژیان لەدەستبدات, شتێکى دەرەکیی لەدەستنەداوە بەڵکو خودى خۆى لەدەستداوە. مرۆڤ و ژیان, توندوتۆڵ بەیەکداچوون. جەستەى ئەو, ساتى کردەکیبوونەوەى ژیانیشە. گەر ژیان ڕاستەوخۆ بێت بۆ مرۆڤ, ئەوا مەرگیش نەفییەکی ڕاستەوخۆیە بۆى. مەرگ لە دەرەوەڕا دێت, ئیدى هۆکارەکە سرووشت بێت یان کوژران بێت بە دەستى بێگانەیەک یاخۆ هەڵبژاردنى مردن بێت لەپێناو ئایدیادا. هەر ئەم کۆیەى وا ناوى ژیانە, کۆیەکى ئەخلاقى(ethical whole)یشە بۆ مرۆڤ, ناکرێت مرۆڤ لەخۆوە و بۆ خۆشى خۆى بکوژێت. ژیانى تاکەکەس, بەشێکە لە کۆیەکى ئەخلاقى, ئیدى ئەو کۆیە جڤاتێکى سادە بێت یان دەوڵەتێک و دەوڵەتشارێک. دیدى هیگڵ بۆ خۆکوشتن دابڕاو نیە لە دیدى یۆنانى بۆ پەیوەندیی خۆکوشتن و ئەخلاق.

هیگڵ بەو پێیەى فەیلەسوفێکى کۆگەرایە, و شتەکان لە پەیوەندییەکى ئۆرگانییدا بە یەکترەوە دەخوێنێتەوە, ئەوا خۆکوشتن بە کردارێکى ئاکارى و ئاسایی دانانێت. مرۆڤ لەناو کۆى جڤاتدا, ئەرک و مافى هەیە. لەم ڕووەوە خۆکوشتن, پارادۆکس درووستدەکات. تاک مافى ئەوەى نیە خۆى بکوژێت, چونکە سەروەرى ژیانى خۆى نیە, ژیان شتێک/ئۆبێکتێک نیە کەوتبێتە دەرەوەیە, بەڵکو ڕاستەوخۆ بریتییە لە کەسەکە خۆى. ژیان لەناو ئەودا بەشەکى نیە, گشتەکییشە, نوێنەرەوەى کۆ و بەشە پێکەوە بۆیە ناتوانێت وەک بەشێکى داخراو ئەو مافە بداتە خۆى, خۆى بکوژێت. ڕەنگە خۆکوژى بەدابڕاوى وەک کردەیەکى پاڵەوانانە دەربکەوێت(لە چەشنى خۆسوتاندنى هەرکل یان خۆکوشتنى بروتووس), بەڵام وەک مافێکى سادە و بنەڕەتى, مرۆڤ مافى ئەوەى نیە خۆى لەناوببات. هیگڵ دەڵێت لە خۆکوشتنى ئاساییدا, جۆرێک ئازایەتى بەدیدەکرێت, بەڵام ئەم ئازایەتییە هەروەکو هى خۆکوشتنى کارەکەران و بەرگدووران نزمە؛ هەر لەم بڕگەیەدا هیگڵ ڕستەیەکى سەربەخۆش دەڵێت کە جێى ڕامانە, ئەوەى کە خۆکوشتن چارەڕەشییە و گوزارشتە لە پشێوییەکى ناوەکى. بەکورتییەکەى, مادام کۆمەڵگا لاى هیگڵ کۆمەڵێک بەشى پێکەوەبەستراون ئەوا خۆکوشتن کردەیەکى پچڕاو و خۆبەخۆ نیە و دەرەنجامى نەرێنیی هەیە. جەستەى ئێمە نیە قەوارەیەک گۆشتى دابڕاو نیە بیدەینە دەم مەرگەوە, بەڵکو کیانێکى چڕە لە بەها و پەیوەندى بە کۆمەڵەوە.

شۆپنهاوەر, وەک هیگڵ خۆکوشتن نابەستێت بە کۆیەکى ئەخلاقیی وەک کۆمەڵگاوە, بەڵکو دەیبەستێت بە پرسى ویست(will)ـەوە. لاى شۆپنهاوەر, بنکى ژیان ویستە, هەموو لا هەر ویستە, هیچ جووڵەیەکى دەرەکى و ناوەکى نیە بەرهەمى ویست نەبێت. ویست دەوریداوین, جۆرێکە لە بزوێنەرى بنەڕەتى, جۆرێک لە میتافیزیک(میتافیزیکى ویست). لاى شۆپنهاوەر, خۆکوشتن کردەیەکى ڕادیکاڵ نیە؛ چونکە ناتوانێت بەسەر ویستدا زاڵ ببێت. سادەتر بیڵێین, ویست وەک ئەژدیهایەک وایە واز لە مرۆڤ ناهێنێت, بۆیە کردەى ڕادیکاڵ بۆ مرۆڤ ئەوەیە نکۆڵى لە ویست بکات.  هەر چرکەیەک کە دەژین, پشتڕاستکردنەوەى ویستە. ویست, کۆتایی نایەت. خۆکوشتن بۆیە ڕادیکاڵ نیە, چونکە خۆیشمان بکوژین ئەوا هەر ویست پشتڕاستدەکەینەوە. ئەو کەسەى خۆى دەکوژێت ناتوانێت لە سنورى ویست دەربچێت, بەڵکو دان بە ویست‌دا دەنێتەوە. ویست لەڕووى میتافیزیکییەوە هەمان پێگەى نۆمینە(شت لەخۆیدا)ـى کانتى هەیە, شتەکانى ترى نێو جیهانیش پێگەى فینۆمینە. نۆمینە ئەو ڕووبەرەى بوونە کە درک و عەقڵى ئێمە نایگاتێ, مەحاڵێکە بۆ ناسین, فینۆمینەش ڕووکارى دەرەوەى شتەکانە کە خەریکین ئەزموونیاندەکەین و بەردەستن. بۆیە هەر کردەیەک نەتوانێت نکۆڵى لە نۆمینە بکات, ئەوا تەنیا بە فینۆمینەوە دەگیرسێتەوە و بەسەر نۆمینە و ویستدا زاڵ نابێت. خۆکوشتن, بەپێى شۆپنهاوەر تەنیا خۆلادانە لە چێژەکانى ژیان نەک خەم و ناسۆرییەکانى. ئینکارییە لە شتانى بەردەست نەک ویست کە بزوێنەرى پشت شتەکانیشە. بە مانایەکى تر, لە خۆکوشتندا تەنیا فینۆمینەى تاک(individual phenomenon) وێراندەبێت, نەک نۆمینە و ویست. لە خۆکوشتندا, ویست ناکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە, بەڵکو تەنیا ڕواڵەتەکەى لەناودەچێت کە لەم حاڵەتەدا جەستەیە. شۆپنهاوەر پەیوەندیی ویست و خۆکوشتن, دەچوێنێت بە پەیوەندیی ئەو دڵۆپە ئاوانەى کە بۆ ساتێکى کورت پەلکەزێڕینە دەگۆڕن, بەڵام ئەو یەکسەر دەچێتەوە جێى خۆى. یان کەسى خۆکوشتوو دەچوێنێت بەو نەخۆشەى نەشتەرگەریی کردووە و چاوەڕێ نیە تا کۆتایی بڕوات و چاک بێتەوە(چونکە ژیان وەک نەخۆشى و نەشتەرگەرییەک وایە دەبێـ لەگەڵى بڕۆیت نەک بیپچڕیت). خۆکوژ, شەڕى میتافیزیکى ویستى پێ ناکرێت؛ مەگەر لەڕێى کوێرکردنەوەى ویستەوە بەهۆى ئەفراندنى هونەرى و فیکرییەوە, یان وەک زاهیدێک کە لەڕێى زوهدەوە و بەهۆى لەشى خۆیەوە نکۆڵى لە ویست دەکات و سەرەنجام دەمرێت. خۆکوشتن, جۆرێک لە خۆفریودانە لەبرى ئەوەى ویست وەک بنەڕەتێکى میتافیزیکى فریوبدرێت. بۆیە شۆپنهاوەر, گەرچى وەک ڕەشبینێک ناسراوە, بەڵام ڕەشبینییەکەى ئەو داکۆکى لە خۆکوشتن ناکات(هەتا نوسەرێکى دیارى وەک ئەلبێر کامۆ, لە کتێبى ئوستورەى سیزیفدا, تووشى بەدحاڵیبوونێکى لەم جۆرە دەبێت دەرهەق بە فەلسەفەى شۆپنهاوەر[1]).

سەبارەت بە نیچەش, دیدێکى زۆر ڕوون نابینینەوە ئاخۆ ڕەوایەتیی بە خۆکوشتن داوە یان نا, بەڵام لەو ڕستە پچڕپچڕانەوە کە لە دەقەکانیدا جێى‌هێشتووە تێدەگەین ئەو توندگیرییەى هیگڵ و ئەفلاتوون و ئەرستۆى نیە دەرهەق بە خۆکوشتن, چونکە نیچە پتر پێداگرى لەسەر تاک دەکات تا کۆ. ئەو بە نەغمەیەکى ئەگزیستانسیالیستی(بوونگەرایانە)یەوە باسى "مەرگى ئازاد" دەکات کە مافى خۆڕسکى هەر مرۆڤێکە. ژیان بریتییە لە ویستى هێز, هەندێجاریش خۆکوشتن لە هێزەوە دێت نەک لاوازى. نیچە ڕاستەوخۆ ستایشى مەرگ و خۆکوشتن ناکات, بەڵام وەک مەسیحییەتیش بێزەونى ناکات. ئەمڕۆ کە باسى ئەتانازیا یان مەرگى خۆویستانە دەکرێت, سود لە ڕوانگەى نیچەش وەردەگیرێت. لە "زەردەشت واى وت"دا, نیچە پێى گرنگ نیە مرۆ درەنگ دەمرێت یان زوو, گرنگ ئەوەیە لە کاتى خۆیدا بمرێت. نابێت ناوەخت بمریت, دەبێت لە وەختى خۆیدا بمریت, ئیدى گەر بێتو خۆکوژییشى تێبکەوێت. نابێت ژیان بکرێتە قەرزێکى گوناهبار, هەرکات مرۆ لاواز و نەخۆش داگەڕا و ژیانى گەندەڵکرد, باشترە خۆى بکوژێت. لێرەدا ڕستەیەکى دیاریکراوى نیچە وەردەگرین کە زۆرجار بە کەمێک تەمومژەوە دەوترێتەوە؛ نیچە باسى ئەوە دەکات «بیرى خۆکوشتن دەتوانێت شەوەهاى شەو بۆ مرۆڤ ڕۆشنبکاتەوە».

  نیچە لەم وتەیەدا, ڕەنگدانەوەى پۆزەتیڤى بیرى خۆکوشتن, لەسەر ژیان ڕووندەکاتەوە. هەر ئەوەى مرۆڤ دەتوانێت بیر لە خۆکوژى بکاتەوە, ئیتر ژیان لەلاوە دەڕەخسێت. واتە بیرکردنەوە لە مەرگ(ێک کە تەنانەت خۆیشت دەتوانیت بیخوڵقێنیت), بارى ژیان سووکدەکات و خودى بیرکردنەوەکە جۆرێک لە مۆتیڤى ژیانکردن درووستدەکات. بەئاسانى دەتوانین سێ ئەنجام لەم وتەیەوە دەرکێشین:

یەک, مادام خۆکوژى هەیە, دەتوانین کەمێک زیاتر بژین. دەشێت ئەم "کەمێک زیاتر"ـە, زۆر زیاتر بێت, تەمەنێک ڕابکێشرێت. مەرگ دەبێتە یەکێک لە هەڵبژاردنەکانى مرۆڤ. لێرەشەوە ئەو گوزارە ببێتە ژێرخانى ژیانى مرۆڤ کە: من دەتوانم خۆم بکوژم, بۆیە دەتوانم هەبم. بە دەربڕینێکى تر, ژیان پێویستى بە شۆکێکى لە خۆى زیاترە بۆ ئەوەى بەردەوامیی هەبێت.

دوو, مرۆڤ بوونەوەرێکە دەتوانێت خەیاڵ بە مەرگى خۆیەوە بکات, خۆکوشتنى خۆى وێنابکات و چەشنى چیرۆکێک لێى ڕامێنێت و سەرنجى لەسەر کردەى کوشتنەکە لابچێت. مرۆ, خۆى دەکات بە ئەویتر, ئەوێکى تر کە هەر خۆیەتى بەڵام مردووە. چێژوەرگرتن لە چیرۆکى مەرگ, زۆرجار ژیانى خەڵکێکى زۆر ڕادەگرێت.

سێ: بڵندکردنەوەى خودئاگایانەى مەرگ بۆ ژیان, واتە گۆڕینى دۆخى مەرگ بۆ دۆخى ژیانکردن لەڕێى مەرگەوە, ئاوەژووکردنەوەى ئامانج بۆ ئامراز(گۆڕینى خۆکوشتن بۆ ژیانکردن). مرۆڤ دەتوانێت ئاگایانە مەرگى خۆى وەک بیرۆکەیەک بگۆڕێت بۆ ژیانکردن. لە وتەکەدا ئەو شەوانەى وا بەهۆى بیرى خۆکوشتنەوە ڕووناکدەبنەوە, شەوانێکى ئاسایی نین وەک شەوەکانى تر, بەڵکو شەوانێکى جیاواز و ئاوارتەن. شەوانێکن بەهۆى شتێکى نائاساییەوە ڕووناک بوونەتەوە کە مەرگ و خۆکوژییە. بەهۆى پێچەوانەکردنەوەى وزەیەکەوە ڕووناکبوونەتەوە کە وزەى مەرگە. پووچەڵکردنەوەى گوژمێکى نەفیکارە کە نەفیبوونەکەى ئەزمووندەکەین.

 

 

 

پارادۆکسى هۆکارەکان

مرۆڤ بۆچى خۆى دەکوژێت, پرسیارێکى گشتى و وجودییە, بۆیە هۆکارەکەى هەرچى بێت ئەوا یەکسان نیە بەو شاهۆکارە ئۆنتۆلۆژییەى کە ژیان و مەرگ هیچیان مانایەکى بنەڕەتییان بۆ مرۆڤ نیە(ئەوە دواتر مانایان پێ دەدرێت). بە مانایەکى تر, ئێمە لەبەر هۆکارێکى بەشەکى(جزئى) خۆمان بکوژین, ئەوا لەکۆتاییەوە دەلکێت بەو هۆکارە گشتەکییەوە کە ژیان بە زاتى خۆى ماناى نیە. هۆکارى دەروونى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى و هتد, هەموویان هۆکارى بەشەکیین, ژیانیش خۆى کە بەتەواوى ناتوانێت مرۆڤ ڕازى بکات هۆکارە گەورە و گشتەکییەکەیە. گەر ئەو گرفتانەش بۆ مرۆڤ نەیەنەپێش, ئەوا ئارەزووى مرۆڤ لەقووڵاییدا بە دۆخى باو ڕازى نابێت. ئارەزوو, تەنیا بە مەرگ پڕدەبێتەوە. تەنانەت لە سیستەمێکى سیاسى و کۆمەڵایەتیی باڵاشدا مرۆڤ بەدەر نابێت لە ئەگەرەکانى خۆلەناوبردن. کێشەى مانا و بەها و عەشق و ئیرەیی و تەنانەت خودى مەرگیش هەمیشە زەمینەى خۆکوشتنن. جار هەیە ترس لە خودى مەرگ, وادەکات کەسێک مەرگ هەڵبژێرێت. واتە دەشێت مەرگ خۆى هۆکارى خۆى بێت.

دیسان هۆکارە بابەتى و دەرەکییەکان, لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر قورسایی خۆى هەیە. ڕاستە هەمیشە کۆمەڵێک هۆى بابەتى و دەرەکى هەن بۆ خۆکوشتن, بەڵام وێڕاى ئەمانەش هۆیەکى تایبەت(زاتى و سوبێکتیڤ) دەمێنێتەوە کە تایبەتە بە کەسەکە خۆى, پنتێکە کەسى تر ناتوانێت وێناى بکات, بنبەستێکە بەس ئەو کەسە خۆى ئەزموونى دەکات. پێموایە هۆکارە بابەتییەکان ناوى ناچاریین, گەرنا ئەو بنکە هۆکارە چڕەى کە لاى کەسەکە خۆى دەمێنێتەوە هۆى یەکلاکەرەوەیە. زۆرجار هەمان هۆکار بەسەر چەند کەسێکدا دێت, بەڵام هەمووشیان وەکو یەکتر خۆیان ناکوژن. ژیانى هەرکەسێک, زنجیرەیەکى زاتییە لە هۆ و ئەنجام کە بەتەواوى لە هى کەسێکى تر ناچێت. بەڵام مادام مرۆڤ لەگەڵ ئەوانیتردا دەژى, ئەوا دەشێت هەژمارى جدى لەسەر سیستەمى کۆمەڵایەتى و کەلتورى بکرێت.   

سیستەمیش تەنیا نان نیە, بەڵکو سازکردنى مانا و خەونیشە بۆ مرۆڤ. بۆیە ئەو خۆکوژییانەى کە بە وتەى خەڵک بەرهەمى زێدە-خۆشگوزەرانیین, ئەوا دەیسەلمێنن مرۆڤ هەر بە نان ناژى. مرۆڤ, بوونەوەرێکى ڕەمزى-فەنتازییە و "نان" لەناو ئەو سیستەمە ڕەمزى و فەنتازییەى خۆیدا جێدەکاتەوە. هەرکات گەیشتە بنبەست, ئیتر مادە و نان بە هانایەوە نایەن. کە دەوترێت لە خۆشییدا خۆیان دەکوژن, تەنیا مەبەست خۆشى و خۆشگوزەرانیی مادییە, گەرنا ئەوان لە ناخۆشى و هەژارییەکى فەنتازی‌دا دەژین. مرۆڤ بێ وێنە و فەنتازیا ناژى, بەبێ ئەو وێنە گشتگیرەى کە پەیوەندیی ئەو و واقیع ڕێکدەخات. ڕەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین مرۆڤ لەڕێى وێنەیەک/ناوێکەوە, پەیوەندیی خۆى بە واقیعەوە ڕێکدەخات. هیگڵ و نیچە کۆکن لەسەر ئەوەى کە مرۆ هەندێجار لەپێناوى "ناو"ـى خۆى, ژیانى خۆى دەخاتە مەترسییەوە. ئەفلاتونیش چوار مەرجى ناچاریی لێ دەربچێت, کەسى خۆکوژ بە کەسێکى ترسنۆک دادەنێت کە نابێت گڵکۆکەشى "ناو و نيشان"يشى هەبێت.

 

 

 

لاى ئێمە...

ترازانى کۆمەڵگا لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى تر, بۆنمونە لە نەریتەوە بۆ مۆدێرنە, زۆرجار برەو بە خۆکوشتن دەدات؛ چونکە مرۆى ناو ئەو کەلتورانە هەست بە نامۆیی و ونکردنى شوناس و جووت‌کارەکتەرى دەکەن. کەرتبوونى مێژوویەک, کەرتبوونى ئەوانیشى لێ دەکەوێتەوە. هەتا لە ژیانى شەخسیی مرۆڤەکانیشدا, جار هەیە پەڕینەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى تر, بۆنمونە لە مناڵییەوە بۆ گەنجى سەردەکێشێت بۆ خۆکوشتن, چونکە چەقینێکى نۆستالیژى هەیە ناهێڵێت مرۆف خۆى بەپێى قۆناغە تازەکە دابڕێژێتەوە.

وێڕاى کۆمەڵێک تایبەتمەندییەک, کەلتورى ئێمە چەندین سەدە لە بن هەژموونى کەلتورى ئیسلامییدا بووە. کەلتورى ئیسلامى, کەلتورێکى دنیایی نیە, زەمەن بۆ ئەو سەروو-دونیاییە و ژیان لە ئاخیرەتدایە. خوداش, بەڕەهایی ژیان و مەرگى بەدەستەوەیە. بۆیە بەپێى ئیسلام, خۆکوشتن گوناهێکى گەورەیە. چونکە بەشێوەیەکى زیمنى و شاراوە, خۆکوشتن دەستکاریکردنى ئیشى خوایە. مردن و مراندن ئیشى خوایە نەک بەندە. بە مانایەکى دەروونشیکارانە, خۆکوشتن ئەویترى گەورە(the big Other) هەڵدەوەشێنێتەوە, ناتوانین چیدى دەسەڵاتى ئەویترى گەورە بەهەند وەربگرین. کاتێک مسوڵمانێک خۆى دەکوژێت, پرسى قەدەریش هەڵدەوەشێتەوە, لەو حاڵەتەدا نەبێت کە هێشتاش لادان لە قەدەرى خوا بەشێکە لە قەدەرى خوا(و کەسى خۆکوشتوو نەیتوانیوە لەوە تێپەڕێت).   

جیا لەوەش هەر لەکۆنەوە لە کەلتورى کوردی‌دا, خۆکوژى شوورەیی بووە, هەرچۆنێک بووە دەبێت بشاردرێتەوە. ئەمە هەم ئەرکى دایباب قورسدەکات و هەم جۆرێک لە شکاندنى پیاوەتییشە. ژیان لە کەلتورى ئێمەدا بەگشتى ماهیەتێکى نێرانەى هەیە, دەبێت چەشنى نێرێک بەرەنگارى ببیتەوە, هەڵهاتن لەم دیاردە نێرانەیە بە عەیبە دەکەوێتەوە. هەر ئەم عەیبەیە پەیوەستدەکرێت بە پرسى خێزان و منداڵەوە و نابێت هیچکام لە سێکوچکەى خێزان(باوک-دایک-مناڵ) لەو بەها نێرینەیە بچنەدەر و لەڕێى خۆکوشتنەوە شەرمەزارییەک جێبهێڵن. پێدەچێت هێشتاش ئەم عەقڵییەتە کەلتورییە کاربکات, گەر گۆڕانێکیش هاتبێتەدى پێموایە ڕووەکەى ترى هەمان عەقڵییەتە. کەسى خۆکوژ تۆڵە لە بەهاى نێرینەیی دەکاتەوە, تۆڵە لە خێزان, لە کۆمەڵگایەک کە ژیان بە نێرینەیی وەردەگرێت. واتە جۆرێک یاخیبوونى نیهیلیستانەیە, یاخیبوونێکە بەهۆى نەفیکردنى ژیانەوە ئەزمووندەکرێت نەک ناوەڕۆکى ژیان خۆى گۆڕانى بەسەردا بێت(خۆسوتاندنى ژنان, فۆرمە نیهیلیستییە جێندەرییەکەى ئەم یاخیبوونەیە).

 

 

بەرگرتن بە...

سەرمایەدارى هەم هۆى نوێى خۆکوشتن بەرهەمدێنێت, هەم فۆرمى نوێى مردنیش. لەلایەکى تریشەوە, سەرمایەدارى مرۆڤ ماوەیەکى زۆر بەدیار بیرى خۆکوشتنەوە دەهێڵێتەوە. ڕۆژێک خەمگینى دەکات و ڕۆژێکیش وەهمى شادیی دەداتێ- وەهمى دەرفەت و نەمانى دەرفەتیش پێکەوە. لەو هۆکارانەش کە زیادیدەکات ئەوەیە لینکى کۆمەڵایەتى سستدەکات, هەموان دەخاتە کێبڕکێیەکى دەروونیی پڕووکێنەرەوە. زۆرجار ئەوانەى بەرگەى ئەم کێبڕکێیە ناگرن, ناچار بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە. ئەمڕۆش سیاسەت لە کوردستان وایکردووە, مرۆڤ هەست بە پاڵپشتى نەکات. بێکەسیی سیاسى و یاسایی, لەو زەمینانەیە کە وردەوردە بیرۆکەى خۆلەناوبردن لاى مرۆڤ دەڕسکێنن چونکە پەیوەندیی بەش و گشت, تاک و کۆ, مرۆ و جڤات سستدەبێت و "هێزى کۆمەڵگا" لەناو تاکەکەسدا دەپوکێتەوە و شیرازەى کۆمەڵایەتى و دەروونیی تاکەکەس هەڵدەوەشێتەوە.

لە پرسى خۆکوشتندا, دەشێت پرسیارێکى نوێ گەڵاڵەبکرێت: ئاخۆ مرۆڤ و ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەى, ڕۆژێک دەگاتە ئەو جێیەى کە پەیوەندی لەنێوان مردنى نۆرماڵ و خۆکوشتندا نەمێنێت؟ ئایا ئازادیی هەڵبژاردنى مەرگ, واى لێ دێت کە لە ئاوارتە(ئیستیسنا)ـەوە ببێتە ڕێسا(قاعیدە)؟ لە گوتارى نیولیبراڵیزمدا کە ئازادیی هەموو شت هەیە, ئازادیی سەندنى ژیان بە پارە, ئەوا ئازادیی مەرگ و خۆکوشتنیش وەک دەرهاویشتەیەک لەگۆڕێدایە. لۆژیکى ناوەکیی ئەم ستایلە ژیانەى نیولیبراڵیزم, دەشێت ئازادیی مردنى لێ بکەوێتەوە, و ناڕاستەوخۆ لە ژیان وەدەربنرێیت. تۆ تا ئەو جێیە دەژیت کە پارەى ژیانت هەبێت, لەمە بترازێت تەنیا بەکەڵکى خۆکوشتن دێیت.

سەرەنجام, وەک بەرەنگاربوونەوە, ڕەنگە تەنیا ئاستى تاکەکەسى بەس نەبێت, بەڵکو پێویست بە بەهێزکردنى لینکە کۆمەڵایەتییەکان بکات تا مانا و بەها مرۆییە قووڵەکان کە مێژوویەکى درێژیان لەپشتەوەیە هەڵنەوەشێنەوە. بەرگرتن بە خۆکوشتن بەوە دەبێت بەر بە «خۆکوژییەکى گەورەتر» بگرین کە خەریکە هەموومانى تێدەکەوێت.

 

 

 


[1] . کامۆ فەلسەفە تەواو کۆنکرێتى دەکاتەوە و پرسیارە ئەبستراکتەکان فەرامۆشدەکات و دەڵێت «تاکە پرسیارى فەلسەفیی گرنگ جگە لە خۆکوشتن هیچى تر نیە». واتە فەلسەفە و فەیلەسوفان سەرەتا دەبێت بەرسڤى ئەو پرسیارە بدەنەوە ئاخۆ ژیان ئەوە دێنێت تێیدا بژین یان نا, و پێویستە خۆمان بکوژین؟ لە کۆتا دێڕیشدا دەڵێت نەخێر, دەبێت سیزیف بە بەختەوەر بزانین. لەکۆدا کامۆ هیچ ئایدیایەکى ڕیشەیی و تەواو نوێ بۆ سەر ئەم باسانە زیادناکات و هەندێجاریش ڕۆمانتیکانە زاراوەى پووچى بەکاردێنێت لەنێوان مرۆڤ و جیهاندا, لەکاتێکدا زۆرجار خۆکوشتن بەرەنجامى پووچیی نێوان مرۆڤ و مرۆڤە, نێوان لاڵیی کەسێک و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەى. بەکورتییەکەى, ڕەتکردنەوەى ئەخلاقى و سۆزەکى جیایە لە ڕەتکردنەوەى میتافیزیکی-فەلسەفى.