A+    A-
(866) جار خوێندراوەتەوە

                   بەفر و «زەینى ئەبستراکت و نائەبستراکت»

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

«زەینى زستانى» دەستەواژەیەکە لە شیعرێکى شاعیرى ئەمریکى, واڵاس ستیڤنزدا هاتووە. شاعیر, لە کەشێکى شیعریی سەرەنجام مۆدێرندا ئەم دەستەواژەیەى بەکارهێناوە. زەینى زستانى(mind of winter[1]), لە مانا سەرەتاییەکەیدا ئاماژەیە بۆ زەینێک کە سارد و بێباک بێت, بێلایەن و ئۆبێکتیڤ بێت, لە پەرۆشى و خەمى ڕۆمانسییانە خاڵى بووبێتەوە تا لە شتەکان تێبگات. وەکبڵێى شاعیر دەیەوێت دۆخى زاتى و نازاتى, سوبێکتیڤ و ئۆبێکتیڤ, مرۆیی و سرووشتى لێکجیابکاتەوە و زستان لە هەر سیمبوڵکارییەکى شاعیرانە پاکبکاتەوە. بەڵام لە دێڕێکى هەمان شیعردا, ئەم ئۆبێکتیڤبوونە هەڵدەوەشێنێتەوە و دەریدەخات دونیایەکى دەرەکى بوونى نیە خاڵى بێت لە چاوى سوبێکت(چونکە بەپێى شیعرەکە "هیچ"ێک لە دەرێ‌ڕا نوستووە). ڕەنگە بەفر بەبێ چاوە مرۆییەکە, هیچ بێت. دیاردەیەکى سرووشتیی خۆلەخۆدا, کرچ و مت, دەرەکێتیی ڕووت: هیچ. ڕەنگە شاعیر بیەوێت بەشێوەیەکى کەمتازۆر فینۆمینۆلۆژى, دونیاى دەرەوە وەسفبکات, وەسفێکى پەتى؛ بەڵام شیعرەکە خۆى بەهۆى زیادە(surplus)یەکەوە ئەم ڕوانگەیە تێکدەداتەوە: زیادەکە بریتییە لەو هاوشوناسییەى کە شاعیر بەشاراوەیی لەگەڵ کەشى زستاندا درووستیدەکات. هاوشوناسبوون(identification), ئەو دۆخەیە کە ناهێڵێت سوبێکت بەتەواوى خۆى لە پێشگریمانە و مەیلە شاراوەکان پاکبکاتەوە. بەم مانایە, زەینێک لە زستانی یان زەینى زستانى دەکاتە ئەو زەینەى کە بەتەواوى هاوشوناسدەبێت لەگەڵ دونیاى دەرەوە تاکو درکى بکات.

بەڵام بۆ ئێمە دەکرێت بچینە دەرى کەشى شیعرەکە و زستانەوە و بەدەر لەوەى "مرۆیەکى بەفرین" بيت, لە فەزایەکى هێمنتردا سەرنجێک لە پەیوەندیی بەفر و زەینى مرۆى ئێمە بدەین. بەفر لێرەدا نە سیمبوڵ و هێماى هیچ شتە, نە مەجازێکى شیعرییە, بەڵکو دیاردە(فینۆمینە)یەکە توند لە ژینجیهانە مرۆییەکە دەخشێت و پرسێکى مرۆیی دەورووژێنێت. لەو ڕووەشەوە کە بەفر بیرخەرەوەى دۆخى ئەبستراکت(پەتێتى)یە, ئەوا سەرنجێک لە دونیاى کوردى و کێشەى ئەبستراکتبوون و ئەبستراکت‌نەبوون دەدەین. ئەویش بەو واتایەى کە گەر زەینێک کە مەیلى بە لاى ئاڵۆزییدا بێت و چەمکى ئەبستراکت داڕێژێت و لە جووڵە و هەنگاوەکانى ژیانى ڕۆژانەشى وردبێتەوە, زەینێکە دەکرێت ناوىبنێین "زەینى ئەبستراکت". زەینێک کە هەر ختوەیەکى هۆش تا چەند پلەیەک دواتر ببات و ماندوونەبێت, دیاردەکان لە بنکە کۆنکرێتى و هەژارەکەى خۆى دووربخاتەوە و لێى ڕابمێنێت. بۆیە زەینى ئەبستراکت لێرەا, جیا لەو مانایەى لە شوێنانى تردا هەیەتى, زەینێکى ئیجابییە, قابیلى ستایشە. ئەم زەینە, لەناو کەلتورێکدا ڕاهینراوە و کارى پێ کراوە, زەینێک نیە ساکار و سرووشتى و پاکیزە بێت. زەینى ئەبستراکت, زەینێکە ڕادەمێنێت و بە فاکتە ڕاستەوخۆ و بەردەستەکان قایل نابێت و بە فلتەرى بیرکردنەوەى گریمانکارى و خەمڵاندندا دەیانبات.

بەفربارین وەک دیاردەیەک کە سەر بەکەشوهەوایە, بەڵام دەکشێتە نێو پانتایی کۆمەڵایەتى و مرۆییش. هەر ئەم کەشە, فشارێکى سەرتاپاگیر بۆ سەر زەینى زۆرینە درووستدەکات کە دیاردەیەک دەوریداوین. شتێک کە ناتوانین زۆر نادیدەى بگرین(ئەوانەشى مەیلیان بۆ ئەم کەشە نیە, کەشێکى ترى وەک سکوونى بەفر هەڵدەبژێرن). لە ئاستێکى گشتییدا و بەجیا لەم کەلتور و ئەویتر, سپێتی و یەکپارچەیی بەفر, ناسپێتى و پێچەڵپێچى ناو کەلتور دەشارێتەوە. واتە, ئەو یەکڕەنگییەى کە بەفربارین لەگەڵ خۆى دەیهێنێت, بۆ ساتێک کەلێن و جیاکارییەکانى ناو کەلتور و شارستانییەتمان بیردەباتەوە. ئەمە جیا لەو دۆخە ڕیشەییەى تریش کە بەفر, کەلێنە ناچارییەکەى نێوان سرووشت و شارستانییەت بۆ ساتێک دادەخات و ئەو وەهمەمان دەداتێ ئاشتییەک ڕوویداوە. گەر تۆزێکیش بچینەدوا بۆ ماهیەتى بەفر خۆى, ئەوەى کە کریستاڵ و کڵۆى جیاجیایە, دەریدەخات تاکێتى و سەربەخۆیی لەئارادا نیە, بەڵکو هەر کڵۆیەک لەویتر دەچێت و تێکڕا یەکێتیی بەفر درووستدەکەن. ڕەنگە لێکچوون و یەکێتیی ناوەڕۆک, ماهیەتى بەفر بێت. هەتا کەوتن و بارین(سقط)ـى بەفر, بیرخەرەوەى ڕیزێک کەوتن(سقوط)ـى ترە: کەوتنى بەشەکیی ئاسمان لە وەرزێکدا, هاتنەخوارەوەى ئاماژەیەکى سرووشت کە نزیکە لە بێمانایی و ساردیی ماناوە و هتد. بەفر یەکڕەنگییە و ترسى ناوێت. ڕەقە و وەک بارانیش مرۆڤ تەڕناکات, ئەمەش هۆیەکى شاراوەترى لەپشتەوەیە: یەکڕەنگى و سپێتیی بەفر هەموو کەلێن و ئەنتاگۆنیزمە کۆمەڵایەتییەکانیش لە ڕەنگدانەوە(reflection)یەکى سرووشتى دا دادەپۆشێت. جەلاد و قوربانى دەچنەپاڵ یەکتر و ململانێ ناوەکییەکەى کەلتور خۆى, دەگوازرێتەوە بۆ سەر کەلتور(شارستانییەت) و سرووشت. سرووشت جاروبار ئەو ڕۆڵە ئایدۆلۆژییە بۆ دیوى ناوەوەى کەلتور و شارستانییەت دەگێڕێت کە دژیەکییەکان و تەنانەت چەپەڵییەکانیش بشارێتەوە و هەڵیپەسێرێت. بەڵام پێناچێت ئەمەش لە دواسنوردا خۆى بگرێت و شکستدێنێت: کۆتا هەوڵى کەلتور, بۆ ئەم داپۆشینە شکستدێنێت. گریمان بێگانە فەزاییەکان هەن و دەدۆزرێنەوە و هێرشدێنن بۆ سەر زەوى(کە جۆرێکن لە هێرشى ناو سرووشت), بەڵام ئاخۆ ئەمە بۆ هەمیشە کۆتایی بە ناکۆکییەکانى مرۆڤ و مرۆڤ دێنێت؟ پێناچێت. چونکە سەرەنجام ئەوانیش دەبنە بەشێک لە دونیا ناوەکییەکەى مرۆڤ و ڕەنگە یەکێک لە ململانێ مرۆییەکان تیژبکەنەوە و مرۆڤەکان بدەن بە گژى یەکتردا و هەموو تێکڕا ببنە کۆیلەى پاڵنەرى مەرگ و لە فۆرمەکانى شەڕەنگێزىدا دەریببڕن. لێرەوە هاوکێشەى سرووشت و شارستانییەت بەم جۆرەى لێدێت:

هێرشى سرووشت ← ڕاگرتنى ناکۆکییەکانى کەلتور و شارستانییەت بۆ ماوەیەکى کاتى ← ناونشینکردنەوەى سرووشت لەناو شارستانییەتدا و پاکانەحیساب لەگەڵ مرۆڤەکانى ناو کەلتوردا.

 

بەفر بەو پێیەى, جۆرێک لە یەکێتیی ئەبستراکت دەسەپێنێت و هەستى ئاشتییەکى شەڕەنگێزانە جێدێڵێت, ئەوا پێویستى بە کاردانەوەگەلێکە. دەکرێت فۆرمەکانى ئەم کاردانەوانە جۆراوجۆر بن, بەڵام هەرچى بن هەر لە کرۆکدا دەرخەرى ئەم تراومایەى شتە لووس و یەکپارچەکانن. بۆنمونە شەڕەبەفر تەنیا یارییەکى سادە و سرووشتى نیە لە کەشى بەفربارین بکەوێتەوە, بەڵکو لەڕیشەدا کاردانەوەیە بەڕووى سافێتى و ئەبستراکتبوونى کەشى جیهاندا. لە فەزاى ئەبستراکتدا, ئەگەرى توندوتیژى بەرزدەبێتەوە, فەزایەک درووستدەبێت کە سافێتى بەرگەناگیرێت و بەرەو لەخۆدەرچوون دەجووڵێت. شەڕەبەفر, جیا لە مانا ڕواڵەتییەکەى کە شادییە, لەخۆدەرچوونیشە: لەخۆدەرچوونى کەشێکى کۆمەڵایەتییە تا سافێتى و ئەبستراکتبوون ڕەتبکاتەوە. جۆرێک لە بێزارییە لە فۆرمى شادییدا. پێدەچێت ئەمە لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکى تر بگۆڕێت, بەڵام هیچ لەو ناوکەى دیاردەکە ناگۆڕێت کە باسمانکرد. بە هەمان شێوە, و وەک بەشێک لە سرووتە کۆمەڵایەتییەکەى بەفربارین, شێرەبەفرینە یەکێکە لە چرکەکانى کۆنکرێتکردنەوەى بەفر, زبرکردنى, گرتن و فۆرمپێدانى. مەبەستەکە بەو سادەییە نیە کە لە دیاردەیەکى سرووشتى, گیانەوەرێکى سرووشتیی وەک شێر درووستدەکرێت بەڵکو جێدەستى خۆمان لەسەر سرووشت و ئەم ساتە ئەبستراکتەى جێدێڵین.

ستایلى ژیانى ئێمە, ستایلێکە زۆر بڕستى ئەبستراکتبوونەوەى نیە. ژیان لە ختووە ساکار و ڕاستەوخۆ و سافەکانیدا وەردەگرێت. ڕەنگە نەبوونى مێژوویەکى جێگیریش لە نوسین و فیکر, بەشێکى بۆ ئەم ستایلە ژیانە بگەڕێتەوە. لەناو ئەم ستایلە ژیانەدا, گەر توخمى دژیەکیش هەبێت ئەوا بەبێ بەرکەوتنى دیالەکتیکى بەتەنیشت یەکترەوە حازردەبن و کارلێک ناکەن. بۆیە جووڵەکانمان, لە جووڵەى ناو سرووشت دەچن تا جووڵە مۆدێرنەکەى ناو شارستانییەت کە هەردوو ڕەگەزى جووڵە-ناجووڵە لە یەکێتییەکدا کۆدەکاتەوە و گەشە درووستدەکات. دیاردە سرووشتییەکان خۆیان لەخۆیاندا, جووڵە بەم تاکڕەهەندییە وەردەگرن و باکیان بە هەنگاوى دووەم و ئەبستراکتبوونەوەى ئەم هەنگاوە نیە. بەڵام بەفر, لەم گریمانەیەى ئێمەدا, خۆى دۆخێکى ئەبستراکت بیردێنێتەوە- خۆى نواندنەوەى ئەبستراکتێتى‌یە. لانیکەم لەو بەرکەوتنەى بە دونیاى مرۆڤدا کە بۆ وچانێکى کورت جیاوازییەکان و لۆچەکان و گرنجییەکان هەڵدەواسێت. ڕوویەکى ئەبستراکتى دیکەى بەفر ئەوەیە کە ناڕاستەوخۆ دەمانباتەوە بۆ مناڵى, واتە هەموو هەڵبەزودابەزەکانى گەورەبوون ڕادەگرێت. ئەو مێژووە پێچەڵپێچە بۆ ساتێک پەکدەخات کە بڕیومانە. ئیدى مناڵى وەک مێژووى شەخسى و مناڵى وەک ڕابردووى کۆمەڵگاش. بۆیە سەرەنجام پێویستناکات لەناو کۆپەیوەندییە ڕەمزى و مرۆییەکاندا دیاردەیەکى هاوچەشنى بەفربارین بدۆزینەوە کە میکانیزمەکانیان کەمتازۆر لێکبچن, بەڵکو وەرگرتنى گوژمى بەفر خۆى, وەرگرتنى کێشە جەوهەرى(substantial weight)یەکەى, وەرگرتنى سەنگەکەى لەناو ژیانە مرۆییەکەماندا خۆى مافى هەردوو چرکەساتەکە دەدات: بەفر, پاڵ بە جیهانە مرۆییەکەمانەوە دەنێت بیر لە دۆخى ئەبستراکبتوون بکاتەوە.  

خاڵە ناکۆکە لێرەدا ئەوەیە کە بەفر گەرچى پەتى و ئەبستراکت دەردەکەوێت, بەڵام زەینى ئێمەى کورد ئەبستراکت نیە. ئێمە لەگەڵ بەفرباریندا, ئەو دۆخە تاقیدەکەینەوە کە گەرەکە لە ئەبستراکبوونى زەینییەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەبستراکبتوونى سرووشتى. واتە لە ئاڵۆزیى ناو ژیان و فیکرى مرۆییەوە بێینەوە بۆ ئاڵۆزیی سرووشت خۆى کە بەراورد بە گەشە و جووڵەى شارستانى, هێشتاش ساکارە. وێناى ئێمە بۆ جیهان, ئەو زەینەمان پێدەناسێنێت کە بیرى پێ دەکەینەوە و تێشدەگەین تا کوێ بڕدەکات. بۆ ئەوەى زەینێک بناسین, ناچارین شێوازى وێناکردن(ئیماجینەیشن)ـەکەشى بناسین: کاتێک کەلتورێک وێنایەکى ڕاستەوخۆ و بێ‌نێوانگرى بۆ شتەکان و جیهان هەیە, ئیدى زەینەکەشى ناتوانێت ئەبستراکت و ئاڵۆز بێت, چونکە بیرکردنەوەى ئاڵۆز پشت بە نێوانگرەکان و ڕێگا ناڕاستەوخۆکانى دەگرێت بۆ گەیشتن بە ماهیەتى شتێک. وەکبڵێى زەینى عاممەى خەڵک لاى ئێمە تەنیا ئەودەم ئەبستراکت دەبێتەوە کە بەفر شتەکان وەک یەک لێ دەکات, ناچونیەکى و جیاوازى ناهێڵێت, قەوارەى ئۆبێکتەکان یەکساندەکات بە یەکتر. وەک وتمان, ئەم ئەبستراکتبوونەى سرووشت و کەشى بەفربارین, گەلێک کرچترە بەراورد بەو ئەبستراکتبوونەى کە تێڕامانى فیکریى ئاڵۆز دەڕەخسێنێت. گەر زەینێکى ئەبستراکت سەیرى کەشى بەفر بکات, یەکسەر هەست بە بەسنەبوون و تێرنەبوونێکى زەینى دەکات. ئەوەى کە دەبێت لە ئەبستراکتێتیی کەشە سرووشتییەکەوە بپەڕینەوە بۆ ئەبستراکتێتیی زەینە مرۆییەکە. دوو نمونە بۆ هەڵهاتن لە دۆخى ئەبستراکتبوونى مرۆیی, بۆ ئێمە دەشێت بریتى بێت لە هەریەکە لە: مرۆى کورد لەگەڵ بیستنى ناوى خۆیدا کە لە کەسێکى تر نراوە, ڕادەچڵەکێت و چەشنى مرۆى سەرەتایی, هەندێجار جیهان بە زایەڵە و دەنگدانەوەى خۆى دەزانێت. هەروەها پرسى تەنیایی, کە تاک بەرەو ئەبستراکتبوونەوە دەبات, لە کەشى کۆمەڵایەتیی ئێمەدا دۆخێکى بێزراوە- چونکە جۆرێک لە ڕەتکردنەوەى کەشە کۆنکرێتییە کۆمەڵایەتییەکە هەیە و کەلتور پێى هەرس ناکرێت. ڕەنگە حەزى ئێمە بۆ کەشى ئەبستراکتى بەفر, جۆرێک بێت لە ناوهاوێژى(introjection) و گرتنەخۆى حاڵەتێک کە پێى‌دەژین و تیایدا دەژین: کەشێک لە سرووشتیبوون کە مەیلى بۆ ئەبستراکتبوونەوە و ئاڵۆزبوونەوەى زیاتر نیە.

 

 

 

 

 


[1] . ناواخنى مەفهومیی دەستەواژەکە بۆ مەبەستى خۆمان وەرگیراوە گەرنا دەبوو زەینى زستانى, بکاتە: wintry mind