قوربانييه‌كانى ڕيكلام
ناجى ئه‌فراسياو به فايلى pdf دايگره
ماهير حه‌سه‌ن، لوقمان عه‌زيزى. ئه‌م دووناوه ته‌نها گوزارشت له‌خۆيان ناكه‌ن. ئه‌وان هاوشێوه‌ى كازم ساهير، شه‌كيرا، ميسى...هتد. گوزارشت له هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه دووجار قوربانيين، ئه‌گه‌ر كه‌سى به‌كاربه‌ر و به‌رخۆر يه‌كجار قوربانى و نێچيرى ڕيكلام بن، ئه‌وا، ئه‌وانه‌ى ته‌رويج و ته‌سويق بۆ كاڵا ده‌كه‌ن دووجار ده‌بن به تۆڕى بازاڕه‌وه (له هه‌مووى به‌دتر و كاره‌ساتباوتر ئه‌وه‌يه، ئه‌مڕۆ ماركس كه خۆى ده‌رباره‌ى "به‌شتبوون" و"نامۆبوونى كاڵايى"قسه‌يكردووه، كراوه‌ته ماركه و بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ڕه‌واجى شه‌خسى و كاڵايى وێنه و ئايدياكانى به‌كارده‌هێنرێت). بازاڕ چيتر لۆكاڵى نييه، به‌ڵكو به‌جيهانيكراوه و مرۆڤى ئابورييش بزووێنه‌رى ئه‌م بازاڕه‌يه.
(ماركۆزه) ده‌ڵێت كۆمه‌ڵگاى پيشه‌سازيى پێشكه‌وتوو؛ سيفه‌تى عه‌قڵانى به‌سه‌ر ناعه‌قڵانيدا ده‌به‌خشێت، به‌وپێيه‌ى پێداويستيى ناپێويست ده‌گۆڕێت بۆ پێداويستيى زه‌روورى. واتا "خه‌ڵك له ڕێگه‌ى كاڵاكانيانه‌وه پێناسه‌ى خۆيان ده‌كه‌ن. جه‌وهه‌رى ڕۆحى خۆيان له ئۆتۆمبيل و ئامێرى ته‌له‌فزيۆن و ماڵى ڕازاوه و چێشتخانه‌ى مۆدێرندا ده‌بيننه‌وه. ته‌كنه‌لۆژياى هاوچه‌رخ سيفه‌تێكى عه‌قڵانى به‌سه‌ر نه‌قسى ئازاديى مرۆڤدا ده‌به‌خشێت"[1]. (ماركۆزه) پێى‌وايه له‌سايه‌ى ئه‌م بارودۆخه‌دا مه‌حاڵه مرۆڤ سه‌روه‌رى خۆى بێت و ستايلى ژيانى خۆى هه‌ڵبژێرێت، ئه‌مڕۆ نه‌قسى ئازادى خۆى وه‌ك واقيعێكى ناعه‌قڵانى و سياسى پيشاننادات به‌ڵكو گوزارشت له‌و واقيعه ده‌كات كه مرۆڤ ناچار و ملكه‌چى ده‌زگاى ته‌كنه‌لۆژى بووه، به‌شێوه‌يه‌ك به‌خته‌وه‌رى و خۆشگوزه‌رانى بۆ دابينده‌كات.
به‌رخۆرى وه‌ك جۆرێك له ئالووده‌بوون، بنه‌چه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى پيشه‌سازى و، به‌رهه‌مهێنانى زياد له پێويست و، ئاره‌زووى سه‌رمايه بۆ بازاڕكردنى به‌رهه‌مه‌كان به هه‌موو شێوه و ئامرازێك. ئه‌و وه‌همه بۆ خه‌ڵك دروستده‌كرێت كه كاڵاى ناپێويست گرنگترين شته بۆ به‌كاربه‌ر/به‌رخۆر. نوسه‌رێكى عه‌ره‌ب[2] پێى‌وايه؛ شانبه‌شانى گه‌شه‌سه‌ندنى لۆژيكى درووستكردنى كه‌ره‌سته‌كانى به‌رهه‌مهێنان و هه‌مه‌جۆريى به‌رهه‌مه‌كان، ميكانيزمه‌كانى ته‌سويق و بازاڕگه‌رييش په‌ره‌يپێدراوه، كه به‌پله‌ى يه‌كه‌م نه‌ست(لاشعور) ده‌كاته ئامانج، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م فاكه‌ڵتييه‌كانى بيركردنه‌وه‌ى مرۆڤ داگيرده‌كات. له‌ڕێگه‌ى ته‌كنيكيى ئيلهامبه‌خش و خه‌واندنى موگناتيسييه‌وه ئه‌و وه‌همه لاى مرۆڤ درووستده‌بێت كه ئه‌و ئازاده، به‌ڵام ئه‌و له قووڵاييدا ئيراده‌ى لێ زه‌وتكراوه، كاڵا و به‌رهه‌مێكى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت كه پێويستى پێى نييه، كه‌چى هه‌ستده‌كات شتێكى زه‌رووره، ژيان به‌لايه‌وه گرنگ نييه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى گرنگه وه‌ك ئه‌وانى تر بێت، بۆيه هه‌ستێكى وه‌همى لادروستده‌كات گوايه سه‌ركه‌وتوو بووه، واتا بونيادنانى پێناسه‌يه‌كى ده‌ستكرد، ديدى خه‌ڵكى به‌لاوه گرنگه نه‌ك ڕازيبوون له‌خودى خۆى.
ئه‌مڕۆ سه‌ره‌ڕاى بێ پاره‌يى و په‌ژاره و هه‌ژارى، هێشتا زۆرينه‌ى خه‌ڵك هه‌وڵى دابينكردنى هه‌ندێك كاڵا و شت ده‌ده‌ن كه بريتين له "پێداويستيى ساخته"، واتا له ئه‌سڵدا پێداويستى نين به‌ڵام به‌هۆى چاولێكه‌رى و خۆنواندن و، عورف و عاده‌ته‌وه له ڕێگه‌ى ميديا و ڕيكلام و خه‌ڵكى ڕووكه‌شييه‌وه ده‌كرێنه پێداويستى، دواتر خه‌ڵك ده‌بنه پاشكۆ و ملكه‌چى ئه‌م "كاڵا نازه‌روورييانه"، ماركس سه‌ده و نيوێك پێش ئێستا پێشبينيى: "به‌شتبوون-ى په‌يوه‌ندييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان" و، "فيتيشيزمى كاڵاكان"ى كردووه، ئه‌م چه‌مكانه ته‌عبير له‌وه ده‌كه‌ن كه كۆمه‌ڵگاى سه‌رمايه‌دارى سه‌رجه‌م په‌يوه‌ندييه مرۆييه‌كان له نێوان خه‌ڵك ده‌گۆڕێت بۆ په‌يوه‌نديى ئۆبێكتيڤى نێوان شته‌كان، واتا په‌يونديى خه‌ڵك له‌گه‌ڵ يه‌كتر له‌ڕێگه‌ى ئه‌و كاڵايانه‌وه‌يه كه ئاڵۆگۆڕى ده‌كه‌ن. له‌م باره‌وه (ماركۆزه) ده‌ڵێت: "سه‌يروره‌ى -به‌شتبوون- درێژه‌ى كێشا تاكو خه‌ياڵيشى له‌خۆگرت. چونكه مه‌جاز و وێنه‌كانمان خۆيان به‌سه‌رماندا ده‌سه‌پێنن و، ئێمه‌ش به‌هۆيه‌وه ئازار ده‌چێژين".
ئايدۆلۆژياى باڵاده‌ست و باوى ئه‌مڕۆ ئايدۆلۆژياى نيوڵيبراڵيزمه، كه قازانج و كه‌ڵه‌كه‌كردنى سامان ده‌خاته پێش هه‌موو به‌هايه‌كى مرۆييه‌وه. ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ڵبه‌زودابه‌ز به "لوقمان عه‌زيزى" ده‌كات هێزى پاره‌يه. لۆژيكى سه‌رمايه به‌ته‌نها ميديا و ده‌سه‌ڵات و هێزى سه‌ربازى/ئه‌منى ئاراسته ناكات، به‌ڵكو بڕيارى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييى سوبێكت هه‌ر سه‌رمايه ده‌ستنيشانيده‌كات. هه‌روه‌ها كۆى ئه‌و شه‌ڕانه‌ى له هه‌ساره‌كه‌دا به‌رپابووه، پاڵنه‌رێكى ئابوورى/بازرگانيى هه‌يه. بازاڕى نيوليبراڵيزم ئه‌و بازاڕه‌يه كه له‌ڕێگه‌ى ڕيكلامه‌وه بڕيار و پێداويستيى مرۆڤ ده‌ستنيشان ده‌كات، بۆيه (ماركۆزه) ده‌ربارى ڕيكلام ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر سنورێك بۆ ڕيكلام و ئالووده‌بوون به ميديا دابنرێت، ده‌ستبه‌جێ تاك تووشى خورپه و ڕاچڵه‌كين ده‌بێت، به‌ڵام بێگومان دواى ئه‌وه هه‌لى پرسياركردن و بيركردنه‌وه له خۆى و، خۆناسين (و ناسينى دژه‌كه‌ى خۆى) و ناسينى كۆمه‌ڵگاكه‌ى بۆ ده‌ڕه‌خسێت"[3].
ئه‌مڕۆ جگه له به‌رخۆرى و مه‌سره‌فگه‌رايى له خۆراك و پۆشاك و شتى مادييدا، تۆڕه‌كه جه‌سته‌ى مرۆييشمانى گرتووه‌ته‌وه، بازرگانيى سێكسى، جه‌سته‌يى...هتد. سلاڤۆى ژيژه‌ك، سه‌باره‌ت به ڕيكلامێكى نێو گۆڤارى هێڵى ئاسمانيى ئه‌مريكا، كه به‌م شێوه‌يه ده‌ستپێده‌كات: "ڕه‌نگه ئيتر كاتى ئه‌وه هاتبێت بۆ ژيانى سۆزدارييت، په‌يوه‌نديى به كۆنته‌راتچييه‌وه بكه‌يت". ژيژه‌ك ده‌ڵێت: "له‌پاش به كۆنته‌راتدانى كارى ده‌ستى (و زۆربه‌ى ئيشه چه‌په‌ڵه‌كانمان) به وڵاتانى جيهانى سێهه‌م و، له‌پاش به‌كۆنته‌راتدانى پرۆسه‌ى ئه‌شكه‌نجه‌دان به ديكتاتۆره‌كان، هه‌روه‌ها به‌كۆنته‌راتدانى ژيانى سياسى و ئيدارى ئيتر بۆ لێنه‌گه‌ڕێين پرۆسه‌كه بگاته دوالۆژيكى خۆى و بير له كۆنته‌راتدانى سێكسييش نه‌كه‌ينه‌وه"[4].
هه‌رچى ده‌رباره‌ى سوبێكتى مێينه‌يه له‌نێو سيستمى نيوليبراڵيزمدا ئه‌وا، نيوليبراڵيزم وه‌به‌رهێنان به جه‌سته و ڕووخسارى مێينه‌وه ده‌كات، وه‌ك يۆهانا ئۆكسالا ده‌ڵێت: "چيتر درێژكردن و بۆيه‌كردنى نينۆك له‌لايه‌ن ئافره‌تانه‌وه، بۆ وروژاندن و سه‌رنجڕاكێشانى پياو نييه، به‌ڵكو بووه‌ته نيشانه‌ى سه‌ركه‌وتنى پيشه‌يى و دارايى، واتا هێمايه‌ك كه ڕه‌نگه يارمه‌تيبدات بۆ وه‌رگرتنى پۆست و وه‌زيفه‌ى باڵاتر. به‌هه‌مان شێوه‌ش هۆكارى سه‌ره‌كى بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ريى جوانكارى، به‌پێى ئه‌و ديدارانه‌ى له‌گه‌ڵياندا كراوه، له‌و بڕوايه‌دا بوون كه ده‌بێته هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى وه‌زيفييان".