ئه‌ده‌بی سۆڤيه‌تی
ماجد عه‌لائه‌دین
وه‌رگێڕانی: زانیار عه‌لى
چه‌مکی «ئه‌ده‌بی سۆڤيه‌تی»، که پاش شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری 1917 سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌ده‌بی گه‌لانی نێو خاکی یه‌کێتیی سۆڤيه‌ت یه‌کده‌خات و پێکه‌وه‌یان گرێ ده‌دا، که ژماره‌یان له سه‌د نه‌ته‌وه زیاتر ده‌بوون و، له‌نێویاندا زمان و ڕه‌وشت و مێژووی جياواز هه‌بوو. ئه‌ده‌بی ئه‌و نه‌ته‌وانه پێشکه‌وت، تاکو وایلێهات، به حه‌فتا زمانی جیاواز ده‌قی ئه‌ده‌بی چاپ ببێت. کرۆکی باسه‌کانی ئه‌و ده‌قانه، یه‌کێتیی ئایدۆلۆژیا و به‌های مرۆڤ و جوانی بوو، که پێکه‌وه ئه‌ده‌بی سۆڤيه‌تیان له‌و سه‌رده‌مه پێکهێنا.
نوسه‌رانی سۆڤيه‌ت، له گه‌ل و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان، له‌ڕێگه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه، کاریان ده‌کرد بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی بۆرژوازیی. به‌ڵام ئه‌م ئه‌ده‌به، ڕاسته‌وخۆ دوای شۆڕشی ئۆکته‌ر نه‌هاته بوون، به‌ڵکوو له سه‌ره‌تاوه کێشه و ئاریشه‌ی زۆری تووش بووه‌وه. ئه‌وه‌یشمان بیر نه‌چێ؛ ناوه‌ڕۆکی هزر و داڕشتن و که‌ره‌سته و، ئه‌و شتانه‌ی دیکه‌ی په‌یوه‌ستن به ئافراندنی ئه‌و ده‌قانه، په‌یوه‌ندیی به پیشڤه‌چوونی مێژووی ئه‌و گه‌لانه‌وه هه‌بوو، له ڕووی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابوری، له‌نێو چوارچێوه‌ی یه‌کێتیی سۆڤيه‌تدا. به‌ڵام ئه‌وه‌یشی بۆ زیاد بکه؛ ڕۆشنبیریی گشتیی نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی سۆڤيه‌ت، له پله‌یه‌کی به‌رزی دژوارییدا بوون. ئه‌گه‌ر یه‌کێتیی سۆڤيه‌ت توانی بڕیارێک ده‌ربکات، که شۆڕش ئافراندن و واقيع به‌دیهێنان، ئه‌وا بابه‌تی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، له نه‌ته‌وه جیاوازه‌کاندا ناتوانێت به سانایی جێی خۆی بکاته‌وه، به‌هۆی ئه‌و کێشه ده‌روونی و ڕۆشنبیرییانه‌ی هه‌ریه‌ک له‌و نه‌ته‌وانه دووچاری بووه‌نه‌وه. بۆیه پێش هه‌موو شتێک، ئه‌و پێویست بوو، جیاوازیی هه‌ستپێکراوی نێوان ئه‌و گه‌لانه‌ی له یه‌کێتیی سۆڤيه‌ت به‌شدار بوون، بسڕێته‌وه، که شه‌ش- یه‌کی وشکاییان پێکده‌هێنا! لای هه‌مووان ئاشکرایه، که ئه‌ده‌بی ڕووسی له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م، سه‌رکه‌وتنێکی زۆری وه‌خۆوه بینی، له‌ژێر ده‌ستی بنووس و شاعیرانی وه‌ک « پوشکین – لێرمه‌نتۆڤ – گۆگۆڵ – تۆرگنێڤ – دۆستۆیڤسکی – تۆڵستۆی – چيخۆ‌ف – گۆرکی – زۆری تریش». ئه‌م نوسه‌رانه، به نووسینه‌کانیان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر گه‌لانی نزیکیان هه‌بوو، چ له ڕووی جوگرافی و چ له ڕووی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه. بۆیه ده‌قه‌کانیان سنووری ڕووسیای بڕی و گه‌ییشته شوێنه دووره‌کانی جیهان.
پێویسته ئاماژه به‌وه بدرێ؛ کۆمه‌ڵه‌ی یه‌که‌می ئه‌ديبانى سۆڤيه‌ت، که دوای شۆڕش کاریان بۆ داڕشتنی تێزێکی تایبه‌تی ئه‌ده‌بی سۆڤيه‌ت ده‌کرد، له گه‌ل و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان بوون، له چه‌شنی« گۆرکی – بیدنی – سیراڤیمۆڤیچ – ئۆبێت – ئاگۆبیان – ئاردوبادی – کۆلاخیمیتۆڤ – سیڤۆلین – گابییڤ – گادییڤ – سه‌عیدۆڤ – ڤێرتانین – هی تریش». هه‌ر له‌و ماوه‌یدا، ژماره‌یه‌کی زۆری ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌بی ده‌رکه‌وتن، وه‌ک « لۆناچارسکی – ڤاردۆڤسکی – شاومیان – میاسنیکیان – ناریمانۆڤار – ماخارادزه - هی تریش». دوای شۆڕش و، وردتر دوای جه‌نگی ناوخۆ (1917 – 1922)، له فۆرمه نوێکه‌ی ئه‌ده‌بدا، که ئه‌ده‌بی سۆسیالیستیی سۆڤيه‌تییه، نوسه‌ران ئه‌رکی ئاوێزانکردنی سیاسه‌ت و ئابووری به ئه‌ده‌ب و، ده‌رخستنی تامی ژیانی کرێکارانه‌یان، گرته ئه‌ستۆ. ئه‌میش شانبه‌شانی شاعیره شۆڕشگێڕه‌کان، له پێشووی هه‌موویشیانه‌وه «مایاکۆڤسکی»، که به شاعیری شۆڕگێڕ ناسرا، هه‌ستا به چالاککردن و کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و چیڕۆک و شیعر و ڕۆمانانه‌ی، که تا ده‌هات له خه‌یاڵ دوور و، له ڕاستیی نزیک ده‌بوونه‌وه. لێره‌وه کاری ئه‌و ئه‌ديبانه، هه‌وڵدان بۆ جوانکردنی ژیان بوو، که به‌هۆی جه‌نگی ناوخۆوه خوێنێکی زۆر ڕژابوو.
له‌م قۆناغه ئاڵۆزه‌دا، هه‌ندێکی دیکه‌ی نوسه‌رانی ڕووس، هه‌ڵوێستێکی پێچه‌وانه‌ی شۆڕ‌شیان هه‌بوو و، دژی ده‌وه‌ستانه‌وه. بۆیه به‌شێکیان شاربه‌ده‌رکران و به‌شێکی دیکه‌یشیان چوونه ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا، پاش ئه‌وه‌ی له نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕووسیای قه‌یسه‌ڕیی دڵنیابوون، له‌وانه‌یش « بۆریس باسته‌رناک – ئانا ئاخماتۆڤا – ماندێڵشتام ».
یه‌کێک له‌و شتانه‌ی ببوونه ته‌گه‌ره له هه‌مبه‌ر ئه‌ده‌بی سۆسیالیستیی یه‌کگرتووی گه‌لانی سۆڤيه‌تدا، نه‌یاره‌کان بوون. ده‌یانویست هه‌ستی وێژه‌ڤان و شاعیران بکڕن و درووشمه‌کانی شۆڕش بشێوێنن، به‌ڵام نوسه‌رانی سۆڤيه‌ت، به‌چۆک نه‌هاتن و کاریان له‌سه‌ر ته‌بایی و هاوڕێیه‌تی و زیادکردنی خۆشه‌ویستیی نێوانیان ده‌کرد، بۆیه به شێوه‌یه‌کی باش ده‌ستیان هه‌بوو له پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه و ته‌قاندنی ئه‌و دومه‌ڵه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌ی كه مێژوو درووستی کردبوو. هه‌روه‌ها کاریگه‌رییان هه‌بوو له‌سه‌ر دانانی سیاسه‌تی گونجاو بۆ چاره‌سه‌کردنی بابه‌ته نه‌ته‌وه‌یییه‌کان و بچووککردنه‌وه‌ی جوداوازیی ڕۆشنبیری و ئابوری، هه‌روه‌ها دانانی درووشمی " ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له خزمه‌تی گه‌لدان! ".
له بیسته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، کۆبوونه‌وه و بزاڤی ئه‌ده‌بيى زۆر پێکهێنران، وه‌ک « ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی پرۆلیتاری – برایانی سیرابیۆنۆڤ له ڕووسیا – شوێنکه‌وتووه نوێیه‌کانی ئۆکرانیا – گروپی ئه‌کادیمیی جۆرجیا – هی تریش ».
مایاکۆڤسکی ڕۆڵێکی زۆری هه‌بوو، له له‌دایکبوونی شیعری شۆڕگێڕی و، به‌ره‌وپێشبردنی پێش و پاش شۆڕش. به قه‌سیده توندڕه‌وئامێزه‌کانی به‌رامبه‌ر نه‌یارانی شۆڕش، ناسراو بوو. شاعیرگه‌لێکی به‌ناوبانگی دیکه، له‌گه‌ڵیدا کۆک بوون و کاریانده‌کرد، له چه‌شنی «تینشین – چارڤیتس – تاکتاش – ڤیرگۆن – هی تریش»، پێکه‌وه کاریانده‌کرد له‌سه‌ر ده‌ربڕینی هه‌ست و هزری مرۆڤی هاوچه‌رخ، به زمانێکی ساده که هه‌موو خه‌ڵک لێی تێده‌گه‌ییشتن. ئه‌م حاڵه‌ته‌یش له شیعره‌کانی «دیمیان پیدنین - سێرگی یاسه‌نین»، به ڕوونی دیاره. له‌وانه‌يه باشترین کۆمه‌ڵه شیعر له سه‌ره‌تاکانی درووستبوونی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت نووسرابێ، یارۆی ڕووسی بێ له ساڵانی 1925.
به‌ڵام له بواری ئه‌ده‌بی داستانيی - ڕۆمان و چیڕۆک -، له بیسته‌کان کۆمه‌ڵه ده‌قێک نووسران، که ته‌واو پشتیان به ڕێبازی ڕیالیزمی سۆسیالی ده‌به‌ست، بۆیه به‌شێکی زۆری ڕووداوه‌کانی ئه‌و ماوه، بووه هه‌وێنی ئه‌و نووسینانه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌بوون. ده‌توانین تێبینیی ئه‌م قسانه بکه‌ین، له چیڕۆکی «ڕووخان – گادییڤ 1927» هه‌روه‌ها « چیمه‌نتۆ – گلادکۆڤ 1925»، پاشان «زه‌وی – چۆرنی 1928»، له‌گه‌ڵ «ڕه‌گه قووڵه‌کان – ئیبراهیمۆڤ». هه‌روه‌ها چاپبوونی به‌رگی یه‌که‌می ڕۆمانی «دۆنی ئارام – میخائیل شۆلۆخۆڤ 1928»، دیارده‌یه‌کی باشی گه‌شه‌کردنی ئه‌ده‌بی سۆڤيه‌تیی بوو، چونکه شۆلۆخۆڤ توانیی باسێکی ده‌قاوده‌ق و ڕاستیی ژیانی «کۆزاک»ـه‌کان بکات، له ناوچه‌ی «دۆن». هه‌روه‌ها له ڕۆمانه‌که‌یدا، ئه‌و ململانێ مێژوویییه‌ی نێوان کۆن و نوێ، له چوارچێوه‌ی ڕووداوه‌کانی شۆڕش، که بابه‌تی نوێی هێنایه گۆڕێ، باسکردووه. چونکه ئه‌و کاته مرۆڤ، ده‌بوو له‌نێو ئه‌و حاڵه‌ته ئاڵۆزه‌ی که‌س ده‌ره‌نجامه‌که‌ی نه‌ده‌زانی، خۆی یه‌کلایی بکاته‌وه به‌رامبه‌ر شۆڕش، ئایا یار یان نه‌یارێتی؟ هه‌روه‌ها ده‌بوو بڕوا به له‌دایکبوونی مرۆڤی نوێی کردبا، که ژماره‌یه‌کی زۆر له نوسه‌ران و شاعیری سۆڤيه‌ت، باسیان لێوه کردبوو.
به‌ستنی کۆنگره‌ی یه‌که‌می نوسه‌رانی سۆڤيه‌تی، له ساڵی 1934، خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی گرنگ بوو له ئه‌ده‌بی سۆڤيه‌تی. تێیدا «ده‌ستووری باڵای یه‌کێتیی نوسه‌رانی سۆڤيه‌ت»ڕۆنرا و، ئاماژه‌یان به‌وه دا؛ که ڕیالیزمی سۆسیالیستی، قوتابخانه‌ی سه‌ره‌کیی داهێنانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه. ڕیالیزمی سۆسیالیستی، به‌وپێیه‌ی له کۆنگره‌که‌دا هاتووه، واته «وێناکردنی ڕاستیی له ڕێگه‌ی گه‌شه‌کردنه شۆڕشییه‌کانییه‌وه و، درووست‌کردنی نێوه‌ندگیرییه‌ک، له‌نێوان ڕاستی و وردبینی مێژووییی له‌و وێنه ئه‌ده‌بيیانه‌ی هه‌ڵگری ڕاستی و هزرن، ئه‌میش له‌به‌ر پێگه‌یاندنی خه‌باتگێڕه‌کان له‌سه‌ر ڕۆحی سۆسیالیستی». هه‌ر له‌و کۆنگره‌یه‌دا، جه‌خت له‌سه‌ر نزیکیی ئه‌ده‌بی گه‌لانی نێو سنووری یه‌کێتیی سۆڤيه‌ت کرا و، داوایان لێ‌کرا پابه‌ند بن به فۆرمه نوێکه‌ی وێژه و ئه‌ده‌ب.
مه‌کسیم گۆرکی، ڕۆڵێکی باشی هه‌بوو له درووست‌کردنی فۆرمه نوێکه‌ی ئه‌ده‌بی سۆڤيه‌ت. کاره وێژه‌یییه‌کانی، بوونه بناغه‌یه‌ک بۆ دامه‌زراندنی ڕیالیزمی سۆسیالیستی، هه‌ر له کاره ڕۆمانسییه‌کانه‌وه له نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، تا ده‌گا به ڕۆمانی «دایک» و شانۆنامه‌ی «له چاڵه‌که‌دا» و «دوژمنه‌کان»، کۆتا کاره‌کانیشی که وێناکردنی ژیانی خۆی بوو، وه‌ک «منداڵییم» و، «له‌نێو خه‌ڵکدا» و، «زانکۆکانم»، ئه‌مانه و له‌پاڵ چیڕۆکه‌کانی له چه‌شنی « کاری خێزانی ئارتامۆنۆڤ » و، «ژیانی کلێم سامگین» و زۆری تریش. له بیست و سییه‌کانیشدا، کۆمه‌ڵێکی نوسه‌رانی سۆڤيه‌ت، کاره‌کانیان له ئه‌ده‌بی منداڵاندا چڕ کرده‌وه، له دیارترین ئه‌و که‌سانه‌یش « مایاکۆڤسکی –چۆکۆڤسکی – مارشاڵ – بارتۆ – میخالکۆڤ». هه‌روه‌ها «نیکۆڵای ئاسترۆڤسکی»، له په‌ڕتووکی «پۆڵامان کوتا»، که له 1934 بڵاو بووه‌وه، ڕۆڵێکی کاریگه‌ری گێڕا، له په‌روه‌رده‌کردنی گه‌نجان له‌سه‌ر ڕۆحی شۆڕش و به‌رگه‌گرتن و به‌رخودان و ئارامگرتن هه‌مبه‌ر دژوارییه‌کان، که یه‌کێتیی سۆڤيه‌ت له قۆناغه‌کانی یه‌که‌مییدا دووچاری بووه‌وه.
له کۆتایی سییه‌کان و چله‌کاندا، له‌گه‌ڵ پێکدادانی سیاسی و هێزه‌کانی سۆڤيه‌ت له‌گه‌ڵ نازی و فاشیسته‌کانی ئه‌ورووپادا، کۆمه‌ڵێک له نوسه‌رانی سۆڤيه‌ت، له به‌رهه‌مه‌کانیاندا، ده‌ستیانکرد به بانگه‌شه و نوێکردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیی نیشتیمان و ڕۆحی شۆڕش و، به‌رزڕاگرتنی نه‌به‌ردی و پاڵه‌وانیی و به‌رخودان، له جه‌نگی دژ به فاشیزمدا. گرنگترین شاعیرانی ئه‌م قۆناغه، بریتییوون له « سۆرکۆڤ – سیمۆنۆڤ – لۆگۆڤسکی – تیچین – مو‌سا جه‌لیل ». ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان له جه‌نگیشدا به‌شداربوون و ژماره‌یه‌کیان لێ شه‌هید بوون، له پێشه‌نگی ئه‌و نوسه‌ره شه‌هیدانه‌یش « گایدار –ئالتاوزن – ئاوتکین – کریمۆڤ – لابین – پترۆڤ – مو‌سا جه‌لیل – ئاشاکۆڤ – هی تریش».
پێویسته ئاماژه به‌وه بدرێت، ڕووداوه‌کانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، چاره‌نووسی به‌شێکی زۆری نه‌ته‌وه‌کانی یه‌کێتیی سۆڤيه‌تی لێک نزیک کرده‌وه، تاکو وایلێهات، ئه‌سته‌م بێت له‌نێو په‌ڕتووکی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له یه‌کێتی سۆڤيه‌ت، یه‌کێک بدۆزیته‌وه باس له شۆڕش و جه‌نگی دژ به فاشیزم نه‌کات! ئه‌مه ڕێخۆشکه‌ر بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی فۆرمێكی نوێ و ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕتر له ئه‌ده‌بی سۆڤيه‌تیی، که دواتر به «ئه‌ده‌بی جه‌نگ» ناوبرا. له‌م شێوه نوێیه‌یدا، باسوخواسی پاڵه‌وانێتیی جه‌نگاوه‌رانی سۆڤییه‌ت له به‌ره‌ی جه‌نگ و، ده‌ستکه‌وتی جووتیاره‌کان له جه‌نگی ناوخۆ و، قوربانیدانه جه‌سته‌یییه‌کانی گه‌ل، ده‌خرایه ژێر باس. هه‌ندێکیش له ده‌قه‌کانیاندا، باسیان له که‌سه ده‌رووننه‌خۆش و ترسنۆکه‌کان به‌رامبه‌ر ئاسته‌نگه‌کان، هه‌روه‌ها خیانه‌ت و ناپاکی، ده‌کرد. وه‌ک ئه‌م حاڵه‌ته له کورته‌ڕۆمانی « چاره‌نووسی ئاده‌میزاد – شۆلۆخۆڤ»، ده‌بینین، که ڕۆحی پاڵه‌وانێتی و زیان و ئازاری جه‌نگاوه‌رێک له به‌ره‌ی جه‌نگدا ده‌گێڕێته‌وه. وێده‌چی جوانترین ده‌قی نووسراو له‌سه‌ر جه‌نگ، شانۆنامه‌ی «سه‌نگه‌ر – کارنیچۆک 1942 »، هه‌روه‌ها « قڵیشان – لیۆنۆڤ 1942 »، دواتریش «خه‌ڵکانی ڕووس – سیمۆنۆڤ 1942 »، ئینجا « داستانی کیرۆڤ له‌گه‌ڵمانه - تیخۆنۆڤ 1940 »، پاشان «ڕۆمانی ڕابه‌ر – کۆلیشکۆڤ 1943 »، دوا دانه‌یش « ڤاسیلی تیۆرکین –تڤاردۆڤسکی 1941 / 1945 » بێت.
گرنگه ئاماژه به‌وه بده‌ین، هه‌موو ئه‌و کاره ئه‌ده‌بییانه‌ی له کاتی جه‌نگ و پاش ئه‌وه‌یشدا نووسراون، له ده‌وری بابه‌تی پاڵه‌وانێتیی جه‌نگاوه‌ر و شۆڕش و جوامێری ده‌خولێته‌وه، دیسانه‌وه نمونه بۆ ئه‌مه ڕۆمانی «دارستانی ڕووسی – لیۆنۆڤ»، هه‌روه‌ها ڕۆمانی «ئه‌وان نیشتیمانیان ده‌پاراست – شۆلۆخۆڤ».
له کۆتاییی په‌نجاکان، تا ده‌هات نوسه‌رانی سۆڤيه‌ت، له‌ژێر کۆتوبه‌ند و سیاسه‌تی کۆیلایه‌تییکردن بۆ تاک، که له سه‌رده‌می ستالین‌دا هه‌بوو، ڕزگاریان ده‌بوو. تێبینیی ئه‌م قسه‌یش له داستانه‌که‌ی« تڤاردۆڤسکی »ی شاعیر ده‌بینرێت، به‌ناوی « له‌پشت دوورييه‌وه، دوورییگه‌لێك هه‌ن»، که تێیدا باسی چاره‌نووسی یه‌کێتیی سۆڤيه‌ت له پاش جه‌نگی دووه‌می جیهانی و، جیاوازیی سیاسی و ڕێگه‌کانی چاره‌سه‌ر و بنه‌بڕکردنی، ده‌کا.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا و، له‌نێو کاره ئه‌ده‌بییه‌کانی تایبه‌ت به جه‌نگ و شۆڕش، کۆمه‌ڵێک نوسه‌ری دیکه له کۆتایی سییه‌کان ده‌رکه‌وتن، که گرنگییان به بابه‌تی خه‌یاڵی زانستی ده‌دا له‌نێو چیڕۆکه‌کانیاندا. له‌و ماوه‌دا کۆمه‌ڵه کارێک ده‌رچوون، که باس له گه‌ردوون و ئه‌ستێره و په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ساره‌کان و، جیۆلۆجیا و دۆزینه‌وه زانستییه‌کان ده‌کات، وه‌ک ڕۆمانه‌کانی «بازێک له بۆشایییدا – بلیاییڤ 1933» هه‌روه‌ها، «ئه‌ستێره‌ی سپێدان –ڤۆلکۆڤ 1957» دواتر، «خوشکی زه‌وی – مارتینۆڤ 1959» پاشان، «زه‌ویی گه‌رم –کاندیبا 1950» ئینجا «نهێنییه‌کانی دوو زه‌ریا – ئادامۆڤ – 1939».
هه‌نووکه له به‌ناوبانگترین نوسه‌رانی سۆڤيه‌تیی زیندوو، « جه‌نگیز ئایتماتۆڤ »، خاوه‌نی ڕۆمانه‌کانی « جه‌میله - یه‌که‌م مامۆستا – ماڵاوا گوڵساری – زه‌ویی دایک –که‌وڵ»ـه و، ژماره‌یه‌کی زۆریان کراونه‌ته عه‌ره‌بی. هه‌روه‌ها نموونه‌ی نوسه‌ری دیکه وه‌کوو شاعیری داغستانی « ڕه‌سوڵ حه‌مزه‌تۆڤ – یڤتوشینکۆ – ڕاسپۆتین »ـه.
له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، دوا قۆناغی ئه‌ده‌بی یه‌کێتیی سۆڤيه‌ت بینرا. که هه‌وڵدان بوو بۆ کرانه‌وه به‌ڕووی قوتابخانه و ڕێبازه ئه‌ده‌بییه‌کانی دیکه‌دا. دواتر ڕه‌خنه‌گران به‌قورسی ڕه‌خنه‌یان له ئه‌ده‌بی جه‌نگ و شۆڕش گرت و، به‌وه ناوزه‌دیان کرد، که دراوه‌ته پاڵ حیزب و ڕێگه‌یه‌کی ته‌سک و ته‌نگه‌به‌ری ئایدۆلۆژیی هه‌ڵبژاردووه. بۆیه له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، کۆمه‌ڵێک نوسه‌ر ده‌ورکه‌وتن، ده‌یانویست کار له‌سه‌ر کاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و مێژوو و پته‌وکردنی داهاتووی ویژه‌ی سۆڤيه‌تیی بکه‌ن، به‌ڵام شکستی یه‌کێتیی سۆڤيه‌ت، له ساڵی 1991، کۆتایی به دوا هه‌وڵی نوسه‌ران دا و، جارێکی تر نه‌هاتنه‌وه سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه.