بۆچى ماركس ماترياڵيست بوو؟
عاده‌ته‌ن وشه‌ى "ئايدياڵيزم" بۆ وه‌سفكردنى ڕوانگه‌يه‌كى خه‌ياڵى و يۆتۆپى به‌كاردێت ده‌رهه‌ق به گۆڕان. ئه‌وه‌تا پێمان ده‌ڵێن ئايدياڵيستهكان خه‌ڵكانێكن كه هه‌ندێك ئامانجى ناواقيعييان هه‌يه.
"ماترياڵيست"يش به كه‌سانێك ده‌وترێت كه به‌دواى دارايى و ماڵ و مادهوهن، بۆنمونه ده‌وترێت: «بيل گيتس كه‌سێكى ماترياڵيسته». به‌ڵام كاتێك ئێمه ده‌ڵێين كارل ماركس ماترياڵيست بوو، مه‌به‌ستمان ئه‌وه نيه بۆ ماڵ و ماده كوێرايى داهاتبوو. كاتێكيش ده‌ڵێين ماركس ئايدياڵيست نه‌بوو، مه‌به‌ستمان ئه‌وه نيه هيچ ئايديا و بيرۆكه‌يه‌كى نه‌بوو ده‌رباره‌ى چۆنيهتيى گۆڕينى دونيا.
ماترياڵيزم و ئايدياڵيزم له مێژووى فه‌لسه‌فه‌دا، زۆر جياوازه له به‌كارهێنانه باوه‌كه‌ى. ئايدياڵيزم و ماترياڵيزم، دوو شێوازى ته‌واو جياواز و جودان بۆ سه‌يركردنى ئه‌و دونيايه‌ى كه تێيدا ده‌ژين.
به لاى ئايدياڵيستێكهوه، هۆش يان ڕۆح، له فۆرمى خودادا، سه‌رچاوه‌ى هه‌موو شته مادى و ماترياڵيستييهكانه. بۆنمونه، ئه‌فلاتون، فه‌يله‌سوفى ئايدياڵيستى يۆنانى كۆن، ئهرگۆمێنتى ئه‌وه‌ى هێنايه‌وه كه جيهان و شته‌كانى ناوى، له‌لايه‌ن كاتيگۆرييه لۆژيكى و گشتهكييهكانهوه ده‌ستنيشانده‌كرێت. بۆنمونه (دره‌خت) كاتيگۆرييهكى گشته‌كى و گه‌ردوونييه و هه‌ر دره‌ختێكى تايبه‌ت و به‌شه‌كى نوسخه‌يه‌كى لهبهرگيراوهيه لێى.
ئه‌فلاتون(و هه‌موو ئايدياڵيستهكانى تريش)، "زه‌ين"يان له "ماده" جيادهكردهوه و ئه‌و ئهرگۆمێنتهيان ده‌هێنايه‌وه كه يه‌كه‌ميان حوكمى دووه‌ميان ده‌كات. ڕوانگه‌ى ماترياڵيستى، ڕێك پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌يه.
به لاى ماترياڵيستهكانهوه، كۆى حه‌قيقه‌ت و واقيع له‌سه‌ر ماده به‌نده: بۆنمونه، مێشكى مرۆڤ كه خۆى به‌رهه‌مى ڕێكخستنى ماده‌يه به شێوازێكى تايبه‌ت. به‌پێى ئه‌م ڕوانگهيه، ئايدياى په‌تى و ئهبستراكتى (دره‌خت) شتێكه كه مرۆڤه‌كان به‌پێى ئه‌زموونكردنى خۆيان له دره‌خته واقيعييهكانهوه به‌ده‌ستيانهێناوه. وه‌كچۆن ماركس نوسيى: «ئه‌وه ئاگايى نيه كه بوون دهستنيشاندهكات، به‌ڵكو ئه‌وه بوونى كۆمه‌ڵايه‌تييه ئاگايى دهستنيشاندهكات».
ڕه‌نگه باوترين و ئاشناترين شێوازى ئايدياڵيزم بريتىبێت له ئيختيار و ئيراده‌ى ئازاد(free will). واته ئه‌و ئايديايه‌ى كه تاكه‌كه‌سه‌كان ده‌توانن ئه‌و شته ئه‌نجامبده‌ن كه له زهينياندايه. بۆنمونه ئه‌و بۆچوون و ڕوانگهيهى كه ده‌ڵێت: گه‌ر زۆر هه‌وڵ و ته‌قه‌لا بده‌يت، ئه‌وا ده‌توانيت به‌سه‌ر ههژارييدا زاڵ ببيت، ئايدياى "ئيختيار"ـى قبوڵكردووه. به‌پێى ئه‌م ڕوانگهيه، هه‌ژارى چيتر دياردهيهكى كۆمه‌ڵايه‌تى نيه، كه بۆ نمونه، له داخستنى كارگه يان په‌تا و نه‌خۆشييه‌كى سهراپاگيرهوه درووست ببێت. به‌ڵكو له‌برى ئه‌وه، هه‌ژارى به جۆرێك له هه‌ڵبژاردنى شه‌خسى داده‌نرێت.
ده‌توانين به‌ناوبانگترين نمونه‌ى ئه‌م جۆره بيركردنه‌وه‌يه لاى ڕۆناڵد ڕيگان-ى سه‌رۆك كۆمارى پێشووى ئه‌مريكا بدۆزينه‌وه كه سه‌رده‌مانێك وتبووى خه‌ڵك «به‌هۆى هه‌ڵبژاردنى خۆيانه‌وه بێماڵوحاڵن». گاڵته‌جاڕييه كه تا ئێستا هيچكه‌س نه‌يوتووه كۆمپانيا فرهمليار دۆلارييهكان «به‌هۆى خواست و هه‌ڵبژاردنى خۆيانه‌وه مايهپوچدهبن». وێراى ئه‌مه‌ش، هه‌موو ساڵێك، جيا له ئيراده و ئيختيارى سهرمايهداره تاكه‌كان، هه‌زاران كۆمپانيا مايهپوچدهبن.
ماركس و ئه‌نگڵس، ئه‌و تێڕوانينهيان دايه به‌ر تانه و گاڵته كه گوايا ئه‌وه ئايدياكانن واقيع ده‌ستنيشانده‌كه‌ن [و درووستيدهكهن]: «كاتى خۆى نهبهردێك هه‌بوو، پێى‌وابوو نقومبوونى مرۆڤه‌كان له ئاودا ته‌نيا له‌به‌ر ئه‌وه‌يه كه بڕوايان به ئايدياى هێزى ڕاكێشان هه‌يه. سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌نده به‌س بوو ئه‌م ئايديايه له مێشكى خۆيان ده‌ربكه‌ن...تاكو بێچه‌ندوچوون له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسيى ئاودا سه‌لامه‌ت و پارێزراوبن».
به‌ڵام ماركس به‌هۆى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى "ئيختيار"ـه‌وه، باوه‌شى بۆ "جه‌بر و حهتميهت[1]" نه‌كرده‌وه، يان بۆ ئه‌و تێڕوانين و تێگه‌يشتنه‌ى كه مرۆڤه‌كان كۆيله‌ى هێزه كوێره‌كانى مێژوون. ماركس نوسيى: «ئه‌و ديد و دۆكترينه ماترياڵيستييهى كه [پێىوايه] مرۆڤه‌كان به‌رهه‌مى هه‌لومه‌رج و ڕه‌وش و په‌روه‌رده‌ن و به‌م پێيه گۆڕ‌انى مرۆڤه‌كان به‌رهه‌مى هه‌لومه‌رجێكى تر و گۆڕ‌انى په‌روه‌رده‌يه، ئه‌وه‌ى لهبيردهكرد كه مرۆڤه‌كان خۆيان هه‌لومه‌رجه‌كه ده‌گۆڕن».
به لاى ماركسه‌وه ئه‌وه مرۆڤه‌كانن «مێژووى خۆيان درووستده‌كه‌ن، به‌ڵام نه‌ك به‌و جۆره‌ى كه خۆيان ده‌يانه‌وێت. ئه‌وان له‌ژێر هه‌لومه‌رجێكدا مێژوو درووستناكهن كه خۆيان ههڵيانبژاردبێت، به‌ڵكو له‌ژێر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا دهيگۆڕن كه ڕاسته‌وخۆ له ڕابردووه‌وه پێيانگهيشتووه، و دياريكراوه [بۆيان] و كه‌وتۆته بهرامبهريانهوه».
ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتى مرۆڤ، سه‌ره‌تا به‌هۆى بونيادى فيزيكييهوه درووستده‌بێت. ئێمه ده‌بێت به‌شێوه‌يه‌كى ههرهوهزييانه و پێكهوهيى كار بۆ خواردن و خواردنه‌وه و دۆزينه‌وه‌ى جێ و ڕێيهك بكه‌ين. له هه‌ر قۆناغێكى دياريكراوى گه‌شه‌ى مرۆڤدا، ئاستى به‌رهه‌مهێنان[2](و ئه‌و په‌يوه‌ندييه كۆمهڵايهتييانهشى كه له‌سه‌ر ئه‌و ئاستى به‌رهه‌مهێنانه به‌ندن) كه‌موكورتى و توانستهكانمان ڕهنگڕێژدهكهن.
ماركس و ئه‌نگڵس نوسييان: «گه‌ر مرۆڤه‌كان نه‌توانن خۆراك و خواردنه‌وه و شوێنى نێشته‌جێبوون و پۆشاك له‌ڕووى چۆنيه‌تى و چهندێتييهوه به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌وا ناشتوانن ئازادبن». «ڕزگاربوون» هه‌نگاوێكى مێژووييه نه‌ك زه‌ينى و، هه‌لومه‌رجه مێژووييه‌كه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ خۆي‌دا دێنێت.».
ئايدياكان ده‌توانن شكڵ و شێوه بده‌نه مێژوو و درووستيبكهن و ده‌شيكه‌ن، به‌ڵام ته‌نيا به‌و [مه‌رجه‌ى كه] مليۆنان مرۆڤ ئه‌م ئايديايانه قبوڵبكه‌ن و ته‌نيا گه‌ر هه‌لومه‌رجى مێژوويى و مادى بۆ بهديهاتنى ئه‌م ئايديايانه بڕه‌خسێت.
پۆڵ داماتۆ/ وه‌رگێڕانى نێگه‌تيڤ
سه‌رچاوه‌كان:
- چرا ماركس ماترياليست بود، پاول داماتو: www. militaant.com
http://socialistworker.org/2011/10/28/why-was-marx-a-materialist *