ئه‌نتۆنيۆ گرامشى (1891-1939)
گرامشى له دوورگه‌ى ساردينى له‌دايكبوو و له زانكۆى (تۆرين)يش زمانناسيى خوێند و هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى كرێكاريى ئه‌و شاره پيشه‌سازييه‌دا ئاشنا بوو و هاوكاتيش چووه ناو حيزبى سۆسياليستى ئيتالياوه. ساڵى 1914 وازى له خوێندن هێنا و به‌عه‌مه‌لى ده‌ستيدايه چالاكيى سياسى و شۆڕشگێڕانه و، له بزووتنه‌وه‌ى شورا كرێكارييه‌كانى (تۆرين)دا ده‌ستبه‌كار بوو و، ساڵى 1917يش وه‌ك سكرتێرى به‌شى تۆرينى حيزبى سۆسياليست هه‌ڵبژێردرا. به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى دووبه‌ره‌كى و ئينشيقاقه‌وه له حيزب‌دا و، له ئه‌نجامى ناكۆكييه‌كانى ناو ئه‌نته‌رناسيۆنالى دووه‌مه‌وه، گرامشى پشتيوانيى له بۆچوونه‌كانى لينين كرد به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ڕوونى تێبگات جياوازيى بۆچوونه‌كانى خۆى چيه له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانى لينيندا، له‌كاتێكدا ئه‌م پشتيوانيى له شورا كرێكارييه‌كان ده‌كرد و لينينيش داكۆكيى له حيزبى بچوكى شۆڕشگێڕان ده‌كرد [بۆ ڕێبه‌رايه‌تيكردنى شۆڕش]. ساڵى 1919 گۆڤارى (نه‌زمى نوێ) وه‌ك زمانحاڵى بزووتنه‌وه‌ى شورا كرێكارييه‌كان به كۆمه‌كى گرامشى و توگلياتى(كه له سه‌ركرده‌كانى دواترى حيزبى كۆمۆنيستى ئيتاليا بوو) بڵاوبووه‌وه و، ئه‌م گۆڤاره نوێنه‌رى بۆچوونه‌كانى ئه‌نته‌رناسيۆنالى سێيه‌م بوو له‌ناو حيزبى سۆسياليستدا. سه‌ره‌نجام له ساڵى 1921 حيزبى سۆسياليست دووچارى كه‌رتبوون(ئينشيقاق) بووه‌وه و گرامشى پشتيوانيى له درووستكردنى حيزبى كۆمۆنيست كرد و خۆيشى يه‌كێك بوو له دامه‌زرێنه‌رانى. وێڕاى ئه‌مه‌ش، گرامشى له‌سه‌ره‌تادا شوراكانى به ناوه‌ندى سه‌ره‌كيى چالاكيى شۆڕشگێڕانه ده‌زانى نه‌ك حيزب به مانا لينينييه‌كه‌ى، هه‌ر له‌م ڕووه‌شه‌وه بوو كه كه‌سانێك ئه‌ويان به لايه‌نگرى سه‌نديكاڵيزم داده‌نا [سه‌نديكاڵيزم واته كرێكار له سه‌نديكادا خۆى خه‌بات بكات له‌پێناوى مافى خۆي‌دا و نه‌يپه‌رژێته سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌كانى تر‌ى گۆڕانكاريى كۆمه‌ڵگا]. هه‌رچۆنێك بێت گرامشى ڕۆڵێكى ديارى له حيزب‌دا هه‌بوو، گه‌رچى جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه حيزب به‌ته‌نيا ناتوانێت به‌ره‌نگارى بره‌وى ڕووله‌هه‌ڵكشانى فاشيزم ببێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت شورا كرێكارييه‌كان ئه‌ركى سه‌ره‌كيى خۆى له‌م نێوانه‌دا بگرێته‌ئه‌ستۆ. به ديدى ئه‌و، سيماى ڕاسته‌قينه‌ى بزووتنه‌وه‌ى سۆسياليستى، شورا كرێكارييه‌كان بوون نه‌ك حيزبه سياسييه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌بوو حيزبى كۆمۆنيست له په‌راوێزى ئه‌و شورايانه‌دا كاربكات. دياره هه‌ڵوێست و بۆچوونى له‌م جۆره نه‌ده‌بووه جێى په‌سن و پێشوازيى كۆمێنتێرن[كۆمێنتێرن واته ئه‌نته‌رناسيۆنالى سێيه‌مى حيزب و لايه‌نه كۆمۆنيسته‌كانى دونيا كه له‌پاش شۆڕشى ئۆكتۆبه‌رى ڕوسيا پێكهێنرا]. له كاردانه‌وه‌ى ئه‌مه‌دا، كۆمێنتێرن له كۆنگره‌ى پێنجه‌مى خۆي‌دا له به‌روارى 1924 له مۆسكۆ ڕايگه‌ياند په‌ره‌سه‌ندن و فراوانبوونه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ى شورا كرێكارييه‌كان به‌ر له شۆڕش كارى نه‌كرده‌يه. گرامشى له هه‌مان ساڵدا وه‌ك سكرتێرى گشتيى حيزبى كۆمۆنيستى ئيتاليا هه‌ڵبژێردرا و، خه‌باتى دژى فاشيزم ده‌ستپێكرد، چ له ناوه‌وه يان ده‌ره‌وه‌ى پارله‌ماندا بێت. له ئه‌نجامى ئه‌م چالاكييانه‌دا، ساڵى 1926 ده‌سگيركرا و له دادگاييه‌كه‌يدا له ساڵى 1928 به بيست ساڵ زيندان سزادرا. گرامشى له زينداندا به‌شێوه‌يه‌كى سه‌ير و نائاسايى درێژه‌ى به چالاكيى فيكريى خۆيى دا و، له ماوه‌ى نێوان 1929 تا 1935، 22 به‌رگ يان ده‌فته‌رى نوسى كه ده‌كاته 3000 لاپه‌ڕه ده‌رباره‌ى فه‌لسه‌فه و سياسه‌ت و ئه‌ده‌بيات. ئه‌م نوسراوانه دواتر به‌ناوى ياداشته‌كانى زيندان[prison notebooks]ـه‌وه چاپ و بڵاوكرايه‌وه. سنوردارييه‌كانى ژيان له زينداندا ناچاريكرد كه زياتر به زمانى خوازه و ميتافۆر و ته‌مومژ بنوسێت، ياخود سانسۆر بخاته‌سه‌ر خۆى. پاش چه‌ندڕۆژێك به‌ربوون له زيندان(به‌هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى زيندانه‌كه‌ى) له نيسانى 1937 له نه‌خۆشخانه كۆچى دواييكرد.
ئايديا سياسييه‌كانى گرامشى، وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، سه‌ره‌تا له گۆڤاره سۆسياليستييه‌كانى وه‌ك نه‌زمى نوێ ـه‌وه ده‌ركه‌وت. بيره سياسييه‌كانى، سه‌ره‌تا به‌هۆى خوليا جياجياكانيه‌وه ئاوێته‌يه‌ك بوو له ئايدياى جياجيا سه‌باره‌ت به كه‌لتور و ڕووناكبيرى، فه‌لسه‌فه، ئه‌ده‌ب. ئينتيما و ئاره‌زووى بۆ فه‌لسه‌فه‌ى ئايدياڵيستيى (بنديتۆ كرووچه)ـى فه‌يله‌سوفى هيگڵيى ئيتاليا. له‌ڕووى سياسييه‌وه، گرنگترين ناواخنى ئايدياكانى بريتى‌بوون له كاردانه‌وه‌يه‌ك به‌ڕووى شۆڕشى فه‌ڕه‌نسادا. ئه‌و هه‌ر له‌و سه‌ره‌تايه‌وه جه‌ختى له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجى فيكرى و ڕۆحيى شۆڕش ده‌كرده‌وه. به بۆچوونى ئه‌و، پێشه‌كى و پێشزه‌مينه‌ى هه‌ر شۆڕشێك بريتييه له ئاماده‌سازى و كاريگه‌رى [و هه‌يمه‌نه‌ى] كه‌لتورى و ڕه‌خنه و بڵاوكردنه‌وه‌ى فيكر و بيروباوه‌ڕه‌كان: شۆڕشى فه‌ڕه‌نسا به چالاكيى فيكرى ده‌ستى پێكرد. به هه‌مان شێوه، شۆڕشى سۆسياليستييش پێويستى به ئاماده‌سازيى كه‌لتورى و فيكرييه نه‌ك به‌ته‌نيا چالاكيى سياسى و سه‌ربازى. ڕێكخراو و شورا كرێكارييه‌كان ئه‌ركى ئاماده‌سازييه كه‌لتوره‌كه‌يان له‌ئه‌ستۆيه. دياره ڕوودانى شۆڕشى ڕوسيا هاوشان نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئاماده‌سازييه‌كى كه‌لتوريى له‌م جۆره‌دا، به‌ڵكو به‌گوێره‌ى تيۆره‌كه‌ى لينين سه‌باره‌ت به چالاكيى شۆڕشگێڕه پيشه‌يى و خۆته‌رخانكه‌ره‌كان، سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستهێنابوو. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، گرامشى پشتيوانيى له شۆڕشى ڕوسيا ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر بۆچوونى ماركسييه ئۆرتۆدۆكسه‌كانى وه‌ك كايۆتسكيدا [كه پێيان وابوو مێژوو خۆى هه‌لومه‌رج بۆ شۆڕش ده‌ڕه‌خسێنێت و سه‌رمايه‌دارى ناكۆكييه‌كانى خۆى ده‌رده‌خات]. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا، گرامشى جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه كه شۆڕشى ڕوسيا به له‌به‌رچاوگرتنى هه‌لومه‌رجى تايبه‌تيى ئه‌و وڵاته، ته‌نيا هه‌ڵاوێرد و ئاوارته(استثنا)يه‌ك بووه؛ چونكه هيچ جۆره ئاماده‌باشييه‌كى كه‌لتورى و ڕووناكبيرى له‌نێوان كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى ئه‌و وڵاته‌دا ئه‌نجامنه‌درابوو، و شۆڕش به ئيشى كه‌مينه‌يه‌كى شۆڕشگێڕ داده‌نرا. تازه مادام شۆڕش ئه‌نجامدراوه، ئه‌وا بۆ خۆپاراستن له ديكتاتۆريه‌تى كه‌مينه، ده‌بێت بزووتنه‌وه‌ى شورا كرێكارييه‌كان ده‌سه‌ڵاتى سياسى بگرێته‌ده‌ست. ئه‌و وێنه‌يه‌ى كه گرامشى بۆ كۆمه‌ڵگايه‌كى سۆسياليستى ده‌يخاته‌ڕوو، به‌پێچه‌وانه‌ى وێنه لينينييه‌كه‌وه، كۆمه‌ڵگايه‌كى ئازاد و ناسه‌نتراڵه كه تيايدا ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌وێته ده‌ستى شورا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ره‌كان [جێى بيرهێنانه‌وه‌يه كه يه‌كێك له درووشمه به‌رده‌وامه‌كانى لينين به‌ر له شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر بريتى بوو له‌وه‌ى ده‌بێت شوراكان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست]. هه‌ڵبه‌ت گرامشى له‌و بڕوايه‌دا بوو كه ده‌بێت شێواز و ئسلوبى به‌لشه‌فيكه‌كان بۆ به‌ديهێنانى سۆسياليزم له ئه‌وروپاشدا به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام ناتوانرێت داهاتووى سۆسياليزم له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌م شێواز و تاكتيكانه بنيات‌بنرێت.
هه‌روه‌ها پێويسته ميتۆده حيزبى و به‌لشه‌فيكى و لينينييه‌كان له‌پاڵ ڕێكخراو و دامه‌زراوه كرێكارييه‌كاندا به‌كاربهێنرێت. به ديدى گرامشى، حيزب و يه‌كێتيى كرێكارى به‌رهه‌مى كۆمه‌ڵگاى سه‌رمايه‌دارى و بۆرژوازييه و ناتوانێت ڕوكن و بنه‌ماكانى سۆسياليزم پێكبێنێت. ته‌نيا ده‌توانين شوراكان و ڕێكخراوه‌كانى به‌رهه‌مهێنه‌ران به ڕه‌گه‌زگه‌لێك بزانين كه به زات و سرووشتى خۆيان سۆسياليستيين. شوراى به‌رهه‌مهێنه‌رانى كارگه‌كان و شوێنكاره‌كان، به‌شێوه‌يه‌كى جيا، هه‌م يه‌كه‌ى ئابوريين و هه‌م سياسييش. بۆيه لينينيزم، چ وه‌ك ئامرازى شۆڕش و چ وه‌ك ئامانج و ناوه‌ڕۆكى سۆسياليزم كافى نيه و له‌وانه‌شه بكه‌وێته ناكۆكييه‌وه له‌گه‌ڵ سۆسياليزمدا. دياره بۆچوونه‌كانى گرامشى، به‌هۆى زيادبوونى ئينيتيماى به‌لشه‌فيكييه‌وه له‌ناو حيزبى كۆمۆنيستى ئيتاليادا و، به‌هۆى فراوانبوونى باڵاده‌ستيى كۆمێنتێرن و سه‌ركوتكردنى شوراكان له يه‌كێتيى سۆڤيه‌تدا، گۆشه‌نشينده‌كرا و ده‌كه‌وته په‌راوێزه‌وه. بۆيه هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زى فيكريى ئه‌و له‌نێوان حيزب و شورادا، بووه هۆى ده‌ركه‌وتنى كۆمه‌ڵێك ته‌مومژ له فيكريدا، و دواتر حيزبى كۆمۆنيستى ئيتاليا و ستالينييه‌كان له به‌رژه‌وه‌نديى خۆيان سوديان له‌م ناڕوونييه بينى و، نكۆڵييان له جياوازيى بنچينه‌يى ده‌كرد له‌نێوان بۆچوونه‌كانى لينين و گرامشيدا. به‌هه‌رحاڵ، گرامشى نوتفه و تۆوى ده‌وڵه‌تى سۆسياليستيى ئاينده‌ى ته‌نيا له شورا كرێكارييه به‌رده‌سته‌كاندا ده‌بينى، گه‌رچى حيزبيشى وه‌ك ئامرازێكى پێويست ده‌بينى به‌ڵام به ترسناكيشى داده‌نا بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى ده‌سه‌ڵات.
له ڕوانگه‌ى فه‌لسه‌فييه‌وه، گرامشى، وه‌ك له (ياداشته‌كانى زيندان)يشه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، به نياز بوو هاوشێوه‌ى ماركس كه فه‌لسه‌فه‌ى هيگڵى ئاوه‌ژوو كردبووه‌وه، ئه‌ميش فه‌لسه‌فه‌ى (كرووچه) ئاوه‌ژووبكاته‌وه و له‌و ڕێگه‌يه‌وه ده‌ستى به ماترياڵيزمى واقيعيدا بگات، واته ماركسيزم بنيات بنێته‌وه و سه‌رله‌نوێ بيبووژێنێته‌وه و له خه‌سڵه‌ته عاميانه و سياسه‌تزه‌ده‌كه‌ى ئێستاى ڕزگاربكات. به ده‌ربڕينێكى تر، له ماركسيزم فه‌لسه‌فه و كه‌لتورێكى جه‌ماوه‌رى درووستبكات وه‌ك كه‌لتورى پرۆتستانيى بزووتنه‌وه‌ى ڕيفۆرمى دينى يان فه‌لسه‌فه‌ى ڕۆشنگه‌رى له فه‌ڕه‌نسا ياخود ڕێنيسانس له ئيتاليا؛ كه‌لتورێك كه هاوكات به‌شێوه‌يه‌كى دياله‌كتيكى هه‌ڵگرى سياسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ش بێت. به‌م جۆره، گرامشى، وه‌زيفه‌ى سه‌ره‌كيى خۆى به تێهه‌ڵكێشكردنى ماركسيزم و ئايدياڵيزم ده‌زانى، ئه‌ويش به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌كردنى فه‌لسه‌فه و كه‌لتورى شۆڕشى سۆسياليستى. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بۆچى ماركسيزم پێويستى به تێكردنى خوێنێكى ئايدياڵيستيى تازه‌يه، گرامشى له‌و باوه‌ڕه‌دايه كه ماركسيزم به‌و واتايه‌ى له قۆناغى دواى سه‌ركه‌وتنى شۆڕشى ڕوسيادا بره‌وى په‌يداكردووه، تووشى گه‌نين و گه‌نده‌ڵى هاتووه و زياد له ڕاده ميكانيكى و ماترياڵيستى بۆته‌وه...ماترياڵيزمى ميكانيكيى ستالين ببووه جێگره‌وه‌ى دياله‌كتيكى ماركس. سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ماركسيزم له [فۆرمى] لينينيزمدا، خه‌سڵه‌تێكى ته‌واو سياسى و خاڵى له ڕه‌هه‌ند و فاكته‌رى كه‌لتورى و ئه‌خلاقيى وه‌رگرتووه؛ نكۆڵى له هه‌ر جۆره كاريگه‌رييه‌كيش ده‌كرا بۆ فاكته‌رى كه‌لتورى و ئه‌خلاقى...له گۆڕانكارييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا.
به‌م جۆره، گوايا ماركسيزمى ڕووسى جگه له ئايدۆلۆژيايه‌كى عاميانه و مۆبيليزه‌كار زياتر نه‌بوو. لادان له ماركسيزم به ديدى گرامشى له‌وێوه ده‌ستى پێكردبوو كه لينين به‌هۆى پێداگرتنه‌وه له‌سه‌ر پراكتيك و ڕێكخستن(ته‌نزيمات) و شۆڕش ناچاربوو ماركسيزم ساده‌بكاته‌وه. بۆيه لينينيزم تاڕاده‌يه‌كى زۆر، به‌رپرسه له عاميانه‌كردنه‌وه‌ى ماركسيزم. لينين، ميراتى فه‌لسه‌فيى ماركسى گۆڕى بۆ ڕوانينێكى پراكتيكى و پراگماتى. پراكتيكى سياسى، به ديدى گرامشى، پێويستى به ئايدياڵيزمى فه‌لسه‌فييه، له‌كاتێكدا لينينيزم وه‌كو ڕوانينێكى ساده‌گه‌را، له قووڵيى ئه‌ركى فه‌لسه‌فى و كه‌لتورى تێناگات. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌ش، له‌ڕوانگه‌ى گرامشييه‌وه، تيۆرى پراكسيسى ماركسى، زه‌روره‌تى فه‌لسه‌فه‌ى له‌ناونه‌بردووه. سياسه‌ت هه‌ميشه هه‌ڵگرى ڕه‌هه‌ندێكى فه‌لسه‌فى ده‌بێت و، به‌تايبه‌ت ڕوودانى هه‌ر شۆڕشێك پێويستى به ئاماده‌كارى و ئاماده‌سازيى فه‌لسه‌فييه. به‌ده‌ستهێنانى ئازاديى ڕاسته‌قينه، له‌ڕێگه‌ى تاكتيكه‌كانى گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى سياسييه‌وه له‌ڕێگه‌ى كه‌مينه‌يه‌كى شۆڕشگێڕه‌وه به‌و جۆره‌ى لينينييه‌كان مه‌به‌ستيان بوو به‌ده‌ستنايه‌ت. هه‌ر شۆڕشێك، به شۆڕشكردن له بيروباوه‌ڕه‌كان و ئه‌خلاقدا ده‌ستپێده‌كات له ئاستى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكدا. له چاوى گرامشييه‌وه، به‌ديهاتنى شۆڕش پێويستى به گۆڕانكارييه له دونيابيندا و، سه‌رهه‌ڵدانى سيسته‌مێكى فيكرى و ئه‌خلاقيى نوێيه. له‌م ڕووه‌وه، شۆڕش هه‌ر له‌بنچينه‌وه ئه‌ركێكى فه‌لسه‌فييه. له‌م ڕووه‌وه ماركسيزم به ديدى گرامشى، پێويسته وه‌ك بزووتنه‌وه‌ى ڕيفۆرمى نوێ ده‌ركه‌وێت نه‌ك وه‌ك تاكتيك و ستراتيژى شۆڕشى سياسى. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، جه‌ختكردنه‌وه‌ى گرامشى له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زى فه‌لسه‌فه و كه‌لتور و ئايدۆلۆژيا له شۆڕشكردندا، به هيچ جۆرێك به ماناى نه‌فيكردنى زه‌رووره‌تى پراكتيكى سياسى نه‌ده‌هات له‌ژێر ڕێبه‌رايه‌تيى حيزبێكى ڕێكخراودا. به ديدى گرامشى، نه‌فيكردنى ئه‌و ديسپلينه حيزبييه‌ى كه لينين مه‌به‌ستى بوو، هه‌روه‌ها جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زى خۆڕسكانه له شۆڕشكردندا، ته‌نيا ده‌توانێت بيانوويه‌ك بێت بۆ خۆدوورگرتن و بێباكى و كه‌مته‌رخه‌ميى سياسى. به‌تايبه‌ت له هه‌لومه‌رجێكى قه‌يراناوييدا كه ده‌رفه‌تى ده‌گمه‌ن بۆ شۆڕشكردن دێته‌پێشه‌وه، سودوه‌رگرتن له شێواز و ئسلوبه لينينييه‌كان زه‌رووره‌تێكى حه‌ياتى وه‌رده‌گرێت. به‌ده‌ر له‌م حاڵه‌ته، عاده‌ته‌ن بزاڤه ڕاستڕه‌وه‌كان به‌هۆى خرۆشاندنى بيروباوه‌ڕى گشتييه‌وه، سود له بارودۆخى داڕووخانى نه‌زمه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كه ده‌بينن و ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست. به‌ڵام مه‌ترسييه‌كه له‌وێدايه كه ڕه‌نگه حيزب وه‌كو ئامرازى ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا وه‌رگه‌ڕێت بۆ «بۆرۆكراسييه‌كى سه‌نتراڵى بۆناپارتيستى». هه‌روه‌ها گرامشى گومان و دوودڵيى هه‌بوو ده‌رهه‌ق به‌و سنوره‌ى كه حيزب ده‌توانێت له‌پێشى بزووتنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رييه‌وه بڕوات و، خوليا ڕاسته‌قينه و درێژخايه‌نه‌كان بخاته به‌رامبه‌ر خوليا درۆيينه و كورتخايه‌نه‌كانه‌وه. هه‌رچۆنێك بێت حيزب ئامرازى بزاڤى جه‌ماوه‌رييه و فه‌لسه‌فه ئه‌و بزاڤه گرێده‌دات به پراكتيكه‌وه. لێره‌وه به ديدى گرامشى، به‌ده‌سته‌وه‌گرتنى ده‌سه‌ڵاتى سياسى به‌هۆى لينينه‌وه «ڕووداوێكى فه‌لسه‌فى» بووه، چونكه به ده‌سپێكى عه‌مه‌ليكردنه‌وه‌ى ماركسيزم داده‌نرێت وه‌ك فه‌لسه‌فه. له‌ڕاستييدا هه‌ر فه‌لسه‌فه‌يه‌ك جۆرێكه له سياسه‌ت و پێويستى به حيزبى تايبه‌تى خۆيه‌تى. يه‌عقوبييه‌كان(ژاكۆبنه‌كان) حيزبى فه‌لسه‌فه‌ى ڕۆشنگه‌ريى فه‌ڕه‌نسا بوون، يان به وته‌ى گرامشى خۆى، به "ميرى نوێ"ـى ماكياڤێلى داده‌نران، واته نوێنه‌رى ئيراده‌ى ده‌سته‌جه‌معى بوون... گۆڕانكارييه كۆمه‌ڵايه‌تى و شۆڕشگێڕييه‌كانيش ته‌نيا به‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى "ئيراده‌ى ده‌سته‌جه‌معى"ـه‌وه ده‌ڕه‌خسا. ئه‌م ئيراده ده‌سته‌جه‌معييه، زه‌مينه‌ى سه‌ره‌كيى سه‌رهه‌ڵدانى سه‌رده‌مێكى نوێ، سيسته‌مێكى نوێ و شارستانيه‌تێكى نوێيه.
به‌شێوه‌يه‌كى گشتى له فيكرى گرامشيدا، بايه‌خ و گرنگييه‌كى زۆر به سه‌رخان [واته كه‌لتور و فيكر و هۆشياريى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌درێت] و ياسا بابه‌تييه‌كانى مێژوو داده‌به‌زێت بۆ پله‌ى دووه‌م. حه‌تميه‌ت و ديته‌رمينيزم له‌گه‌ڵ ئيكۆنۆميزم و ئابوريگه‌راييدا دواجار له فيكرى گرامشيدا جێيه‌كى ئه‌وتۆى نيه. ماركسيزمى ئايدياڵيستى و فه‌لسه‌فيى گرامشى، له‌ڕاستيدا خاڵييه له هه‌ر جۆره بونيادێكى [ئابورى و] ماترياڵيستى و، ڕه‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانيشى بريتيين له: ئايدۆلۆژياى خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر، فه‌لسه‌فه‌ى ئايدياڵيستى و ڕێكخراوى سياسيى حيزب. به‌م جۆره، گرامشى، جارێكى تر ماترياڵيزمى ماركسى له كه‌وڵێكى ئايدياڵيزمى فه‌لسه‌فيدا ده‌رده‌خاته‌وه و، له‌ڕاستيدا فيكرى ماركس كه خۆى له ڕاز و ته‌مومژى داماڵيبوو، ديسان ڕازئامێز و فه‌لسه‌فى ده‌كاته‌وه، يان به ده‌ربڕينێكى تر: ماركس ده‌خاته‌وه سه‌ر ته‌وقى سه‌ر. گرامشى خۆى به‌ئاشكرا له‌و بڕوايه‌دا بوو كه ده‌بێت ڕه‌گه‌زه ماترياڵيستى و ڕياليستييه‌كانى ماركسيزم داماڵيت و ئايدياڵيزمێكى شۆڕشگێڕانه و مێژوويى لێ درووستبكه‌يت. ڕێسا بابه‌تييه‌كان و ڕه‌هه‌ندى پوزه‌تيڤيستى و سه‌روومێژوويى يان زانستيى ماركس له ڕوانينى گرامشيدا، جێى خۆى چۆڵده‌كات بۆ مێژووگه‌راييه‌كى ڕووت و په‌تى.
له گۆشه‌نيگاى گرامشييه‌وه، كۆى فيكر به فيكرى كۆمه‌ڵايه‌تى و زانستى و ماركسيزميشه‌وه كاتمه‌ند و كاته‌كى و تێپه‌ڕه، چونكه په‌يوه‌سته به سه‌رخانى ئايدۆلۆژييه‌وه. كۆى زانستيش، هه‌ر به‌م جۆره، شتێكى ئايدۆلۆژييه. دياله‌كتيك ته‌نيا ده‌رباره‌ى مێژوو و كۆمه‌ڵگا نيه، به‌ڵكو سرووشتيش جگه له مێژووى كۆمه‌ڵايه‌تى هيچى تر نيه و له‌م ڕووه‌وه به‌شێكه له دياله‌كتيكى مێژوويى. «خۆ ناتوانيت له ماده بكۆڵيته‌وه له خودى خۆي‌دا، به‌ڵكو ده‌توانيت ته‌نيا وه‌ك گوته‌زا و چه‌مكێك كه له‌ڕووى كۆمه‌ڵايه‌تى و مێژووييه‌وه كه بۆ پرسى به‌رهه‌مهێنان ڕێكخراوه، لێى بكۆڵيته‌وه. به‌م پێيه، زانستى سرووشتييش به زاتى خۆى گوته‌زايه‌كى مێژووييه، واته په‌يوه‌ندييه‌كى مرۆييه»(Mciness, op, cit., p.103).
به‌كورتييه‌كه‌ى، گرامشى له كاردانه‌وه‌دا دژ به شكستى شێوازه به‌لشه‌فيكييه‌كان له ڕۆژئاوادا و، به‌مه‌به‌ستى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ستالينيزمدا له‌و بڕوايه‌دا بوو كه ده‌بێت جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زى فه‌لسه‌فى و ئايدياڵيستى بكرێته‌وه له هه‌ناوى ماركسيزمدا. به ديدى ئه‌و، ئه‌و چاوه‌ڕوانييه‌ى كه گوايا دژيه‌كييه بابه‌تييه‌كان خۆيان بۆ خۆيان ده‌بنه‌هۆى گۆڕانكاريى سياسى، شتێكى پوچ و بێهوده‌يه. گرنگترين له‌مپه‌ره‌كانى به‌رده‌م شۆڕشى ڕاسته‌قينه، له‌مپه‌رى فه‌لسه‌فى و كه‌لتورى و زه‌ينييه. به ديدى گرامشى، پێويسته بۆ دۆزينه‌وه‌ى هۆكارى سه‌ره‌كيى شكستى بزووتنه‌وه‌ى سۆسياليستى له ئاستى جيهاندا، له‌و به‌ماترياڵيستيكردنه زياد له ڕاده‌ى ماركسيزمدا بگه‌ڕێين. له‌ڕاستيدا ماترياڵيزم، ئافات و نه‌خۆشيى ماركسيزمى ڕووسى بووه. له ديدى مێژووگه‌راى گرامشييه‌وه، واقيعى كۆمه‌ڵايه‌تى به‌ته‌واوى به‌رهه‌مى عه‌قڵيه‌تى مێژوويى چينێكى كۆمه‌ڵايه‌تييه و لێره‌شه‌وه قسه‌كردن له‌سه‌ر ياسا بابه‌تييه‌كانى مێژوو شتێكى بێمانايه. له‌ڕاستيدا گرامشى به‌هۆى نه‌فيكردنى تێڕوانينه كلاسيكه دواليستييه‌كه‌ى ژێرخان وسه‌رخانه‌وه، به‌دواى زيندووكردنه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆيى ئايدۆلۆژيا و كه‌لتوره‌وه بوو [واته سه‌رخانى ئايدۆلۆژى له ژێرخانى ئابورى دابڕێت و سه‌ربه‌خۆيى بداته ئيشكردنى ئايدۆلۆژيا له مێژوودا]. له ڕوانگه‌ى ئه‌وه‌وه، بۆ له‌ناوبردنى هه‌يمه‌نه‌ى سه‌رمايه‌دارى، پێويسته سه‌ره‌تا دزه‌بكه‌ينه ناو دامه‌زراوه كه‌لتورى و فيكرييه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نييه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى كه ماركس له دوايين تێزى خۆي‌دا ده‌رباره‌ى "فۆيه‌رباخ" سه‌باره‌ت به كۆتايى ئيشى فه‌لسه‌فه باسيكردووه، كه‌چى ئه‌ركى فه‌لسه‌فه هێشتا كۆتايى نه‌هاتووه. ڕه‌نگه ڕۆژێك له ڕۆژانى داهاتوو، له كۆمه‌ڵگاى ته‌واو به‌عه‌قڵانيكراودا، كۆى فه‌لسه‌فه ئاواببێت و باربكات. به‌ڵام له دونياى واقيعيى ديكتاتۆريه‌ته سه‌رمايه‌دارييه‌كاندا، تاكه ململانێى ڕاسته‌قينه له‌نێوان فه‌لسه‌فه‌ى شۆڕشگێڕانه و فه‌لسه‌فه‌ى كۆنه‌په‌رستانه‌دا ڕووده‌دات.
ماركسيزميش ته‌نيا ئه‌و كاته وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ى ژيان و حه‌يات په‌سه‌ندده‌كرێت، كه ببێته بزاڤێكى جه‌ماوه‌رى و ده‌سته‌جه‌معى. وه‌رچه‌رخان و گۆڕانكارى له پانتايى "ڕۆح"ـه‌وه ده‌ستپێده‌كات [به زمانه هيگڵييه‌كه]. به‌م جۆره، گرامشى له كاردانه‌وه‌دا دژ به فراوانبوونه‌وه‌ى بزاڤ و ئايدۆلۆژياى جه‌ماوه‌ريى فاشيزم، وابيريده‌كرده‌وه ماركسيزم بگۆڕێت بۆ فه‌لسه‌فه يان ئايدۆلۆژيا [وه‌ك سيسته‌مێكى ئايديايى بۆ گۆڕينى دونيا].(Ibid, chap. 3.)
نوسينى: دكتۆر حسێن به‌شيريه
وه‌رگێڕانى: نێگه‌تيڤ
سه‌رچاوه:
- ته‌وه‌رێكى كورت له لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى دووبه‌رگيى دكتۆر حسێن به‌شيريه، به‌ناوى (انديشه‌هاى ماركسيسى، تاريخ انديشه‌هاى سياسى در قرن بيستم، جلد اول، نشر نى، 1376-1378)