پێگه‌ى پرۆليتارى[1]
سلاڤۆى ژيژه‌ك
وه‌رگێڕانى: وه‌ليد عومه‌ر
پێموانيه به‌ته‌نيا يه‌ك بكه‌ر و بريكار[2][ـى شۆڕشگێڕانه] بوونى هه‌بێت. چيتر چينى كرێكار و شتى تر‌ى له‌م جۆره بوونى نيه. پێموايه ئه‌وه‌ى هه‌يه خه‌ڵكانێكن كه خۆيان له‌و شوێنه‌دا ده‌بيننه‌وه كه من پێى‌ده‌ڵێم پێگه‌ى پرۆليتارى(proletarian position). هه‌ندێك جار هه‌ژار و نه‌دارن و، هه‌ندێ جاريش خۆشگوزه‌ران. ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێت له‌باره‌ى ئه‌م چه‌مكه‌ى پێگه‌ى پرۆليتارييه‌وه ئاماژه‌ى پێ‌بكه‌م ئه‌وه‌يه كاتێك تا ئاستى سفر داده‌به‌زيت، سوبێكتێكى تر سه‌رده‌ردێنێت كه چيتر خودى خۆى نيه [و هه‌مان سوبێكتى پێشوو نيه]. لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه بۆ كتێبى برينداره نوێيه‌كان[3]، له نوسينى كاترين مالابۆ، بكه‌م. ئه‌و له‌م كتێبه‌دا بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كرد كه ئێستا ئيتر له‌به‌رده‌م فۆرمێكى نوێى نه‌خۆشييى ده‌روونييداين. گه‌ر سه‌ده‌ى بيست به "عوسابى هيسترى[4]" ناسرابێت، ئه‌وا ئێستا له جاران زياتر و به‌شێوه‌يه‌كى هه‌ڵكشاو، له‌به‌رده‌م كه‌سايه‌تييه‌كى «پۆست‌تراومايى»داين. له‌م فۆرمه نوێيه‌دا، كه‌سه‌كه مل بۆ جۆرێك له شۆك و تراوما هه‌ر كه‌چده‌كات. ده‌كرێت ئه‌م تراومايه لاقه‌كردن، پشێويى گشتى، نه‌خۆشى و هه‌ر شتێكى تريش بگرێته‌وه. خۆ به زيندوويى ده‌مێنينه‌وه، به‌ڵام وه‌ك مردوويه‌كى زيندووين: بێبه‌ش و بێبه‌رى له جه‌وهه‌ر و بوونى كۆمه‌ڵايه‌تييمان.
كاتێك مالابۆ په‌ره به چه‌مكى "لاستيكييه‌تى وێرانكه‌رانه[5]"ـى سوبێكت ده‌دات، ئه‌و سوبێكته‌ى كه پاش مردنه جه‌سته‌ييه‌كه‌شى هه‌ر به‌رده‌وامه له ژيان، په‌نجه‌ده‌خاته‌سه‌ر خاڵێكى گرنگ: گۆڕ‌انى ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ى وێرانكردنى فۆرم[ێك] بۆ فۆرمێكى تر، ئه‌ويش له‌لايه‌ن هه‌مان پرۆسه‌ى وێرانكردنه‌وه. به زمانێكى ساده، تۆ هێنده شۆكت به‌ركه‌وتووه، گه‌رچى زيندوويت به‌ڵام خودى خۆت، واته ئيگۆت وێرانبووه. به كه‌مێك زياده‌ڕۆييه‌وه، ده‌توانين ئه‌و سوبێكته‌ى كه له جه‌وهه‌ره [حه‌ياتى] و ليبيدۆييه‌كه‌ى بێبه‌شكراوه ناوبنێين "پرۆليتارياى ليبيدۆيى". پێگه و دۆخێكى نائومێدانه‌يه.
به هه‌مان شێوه، به مانا ژينگه‌ييه‌كه‌شى، ئێمه خه‌ريكه ده‌بينه پرۆليتاريا، مه‌به‌ستم له مافه بنه‌ڕه‌تييه سرووشتييه‌كانمان بێبه‌شبووين. له بايۆجيناتيشدا، گه‌ر ده‌سكاريى بونيادى جيناتييمان شتێكى مومكين و ڕه‌خساو بێت، ئه‌وا هه‌مان شت ڕووده‌دات.
بۆيه ئه‌و خاڵه‌ى ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ى پێ‌بكه‌م ئه‌وه‌يه كه ده‌بێت به‌دواى دۆخه مومكينه‌كانى پرۆليتارييه‌وه بين. مه‌به‌ستم له دۆخى پرۆليتارى كورتبوونه‌وه و دابه‌زينه بۆ پله‌ى سفر و بێبه‌شبوون له هه‌موو مه‌رجه بابه‌تييه‌كانى بوون و ژيانمان. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا كۆكم كه ده‌ڵێن يه‌كه‌مين فيلم له سيانه‌ى ماترێكس، به‌جۆرێك له جۆره‌كان، فيلمێكى پرۆليتارييه. له‌م فيلمه‌دا ديمه‌نێكى سه‌رنجڕاكێش هه‌يه كه ده‌رهێنه‌ر دواتر نه‌يقۆسته‌وه و له‌سه‌رى نه‌چوو. له‌م ديمه‌نه‌دا، گه‌ر له بيرتان بێت، هه‌موان وه‌ك مردوو له‌سه‌ر زه‌وييه‌كه پاڵكه‌وتوون و وزه و ئينێرژييه‌كه‌يان له له‌شيان ده‌رده‌هێنرێت. ئايا لێره‌دا هه‌موان به‌جۆرێك دانه‌به‌زيون و كورتنه‌بوونه‌ته‌وه بۆ پێگه‌يه‌كى پرۆليتارى؟
هه‌ڵبه‌ت به‌شێك له خه‌ڵكى فتكراون و كراونه‌ته‌ده‌رێ. ئه‌م خاڵه به‌لاى منه‌وه هێجگار گرنگه. پێموايه خاڵه غه‌مگينه‌كه ده‌رهه‌ق به دۆخى ئێستامان ئه‌وه‌يه كه ماركس زۆر گه‌شبين بووه. به ديدى ماركس، چه‌وساندنه‌وه‌ى سه‌رمايه‌دارى له هه‌لومه‌رجى ئازاديى ياسايى و يه‌كسانييدا ڕووده‌دات. واته هه‌موان له مافه ياسايى و فۆرماڵه‌كان و ئازادى سودمه‌ندن، به‌ڵام گه‌ر پاره‌تان نه‌بێت ئه‌وا ناچارده‌بن خۆتان بفرۆشن و ئه‌وانيتريش ده‌تانچه‌وسێننه‌وه. به‌ڵام پێموايه سه‌رمايه‌داريى جيهانى چيتر ناتوانێت پشتگيرى له‌م يه‌كسانييه جيهانييه بكات و به‌رده‌واميى پێبدات. پێموايه كۆچبه‌ره ناياساييه‌كان ياخود په‌نابه‌ران، له جاران زياتر كه‌وتوونه‌ته دۆخ و پێگه‌يه‌كه‌وه كه جۆرجۆ ئاگامبێن ناويناوه هۆمۆساكه‌ر. ئه‌وانه يان له ناوه‌وه‌ن ياخود ده‌ره‌وه، كورتيشبوونه‌ته‌وه بۆ ژيانێكى ڕووت له ده‌ره‌وه‌ى پۆليس(يان شار)، [هيچ مافێكى ڕه‌مزى و ياسايى و كۆمه‌ڵايه‌تييان نيه و قوربانيكردنيشيان سزاى نيه]. هه‌موو تێكڕا به‌شێوه‌يه‌كى مات و نوستوو[6] هۆمۆساكه‌رين و تاكه‌ڕێگه‌يه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى تێى‌نه‌كه‌وين بريتييه له هه‌نگاوى به‌رپێگر و به‌ربه‌ستكارانه. واى‌ده‌بينم ئه‌مه‌ش يه‌كێكه له پێگه پرۆليتارييه‌كانى سه‌رده‌مى خۆمان.
سه‌يرێكى پێگه‌ى پرۆليتارى بكه‌ن له ئه‌نته‌رنێتدا. خۆ ڕوونه جڵه‌وى ئه‌نته‌رنێت به‌ده‌ستى كێوه‌يه. ئه‌وه‌ى سه‌باره‌ت به "هه‌ورى كۆمپيوته‌رى[7]" به‌ڕاستى نيگه‌رانكه‌ره، بريتييه له به‌تايبه‌تيكردنه‌وه[8]ـى زه‌به‌لاحى فه‌زاى جيهانى. له‌جياتيى ئه‌و كۆمپيوته‌ره گه‌ورانه‌ى كه هه‌موو زانيارييه‌كيان له هه‌ناوى خۆيان‌دا هه‌ڵگرتووه، مه‌كينه و ماشێنه شه‌خسييه‌كان، لاپ‌تۆپ يان كۆمپيوته‌رى شه‌خسى، ئايفۆن و هتد، په‌يوه‌ستده‌كرێن به ئه‌نته‌رنێته‌وه به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رده‌ستبوونێكى سنورداردا. دياره ئه‌مه له هه‌ندێك ڕووه‌وه ئه‌رێنى و ئيجابييه و ئه‌و توانايه‌مان پێده‌به‌خشێت تاكو ڕاسته‌وخۆ ده‌ستمان بگات به هه‌موو فيلمه‌كان و به‌رهه‌مه‌كانى تريشدا. بۆيه هه‌موو شتێك به‌رده‌ست ده‌بێت، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ى ئه‌و كۆمپانيايه‌وه كه هه‌موو شتێكى به‌ده‌سته‌وه‌يه: ئيتر له سۆفتوێره‌وه بيگره تا ده‌گاته هاردوێر و ناوه‌ڕۆك [ـى بابه‌ته‌كان] و كۆمپيوته‌ره‌كان. پرسياره ڕاسته‌قينه‌كه ئه‌وه‌يه كه ئه‌م هه‌مووه شته چيه؟ هه‌موو شتێك سانسۆرده‌كرێت. هه‌ورى كۆمپيوته‌رى، به‌ره‌يه‌كى فراوانى هه‌ڵبژاردن ده‌خاته به‌رده‌م به‌كارهێنه‌ران. ئايا ئه‌م ئازادييه، هه‌ڵبژاردنى سه‌ره‌تايى مسۆگه‌ركه‌رى ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه پشتڕاستناكاته‌وه و، هێدى‌هێدى ئازادييمان لێ زه‌وتناكات؟
با نمونه‌يه‌كى ڕوون بێنمه‌وه: كۆمپانياى ئه‌پڵ، له‌ڕێگه‌ى گرێبه‌ستێكه‌وه، به‌شى هه‌واڵى ته‌له‌فۆنه‌كانى خۆى فرۆشته ڕۆبه‌رت مۆردوك(Rupert Murdoch) و ئيمپراتۆريه‌ته ميدياييه‌كه‌ى. به‌م جۆره، له‌مه‌ودوا هه‌ر هه‌واڵێك كه له‌سه‌ر ئايفۆنه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت هه‌واڵه‌كانى ئيمپراتۆريه‌تى مۆردوك ده‌بێت. شتێكى ترسناكه. گه‌ر بمه‌وێت به زمانه كۆنه‌كه قسه بكه‌م، ئه‌وا ئه‌نته‌رنێت بۆ من "مه‌يدانى ململانێى چينايه‌تى"ـه. له‌م مه‌يدان و كايه‌يه‌دا، شه‌ڕه‌كه پێشتر ده‌ستى پێكردووه. ستيڤ جۆبز، له بيل گه‌يتس باشتر نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك تازه‌ش زانيومه جۆبز زۆر له‌و خراپتر بوو. چونكه به‌ئاشكرا ئه‌م ماشێنانه‌ى خراپ‌به‌كارده‌هێنا [و ئيستيغلالى ده‌كردن]: چه‌واشه و ئيستيغلالێكى ڕووت.
ڕه‌نگه خۆيشتان بيزانن ڤێرژنى يه‌كه‌مى ئايپاد، نه توانا و قابيليه‌تى ته‌له‌فۆنى له‌خۆيدا هه‌ڵگرتبوو، نه قابيليه‌تى به‌ستنه‌وه‌ى USBيش. من قسه‌م له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا كرد كه په‌يوه‌نديى له‌گه‌ڵ كۆمپانياى ئه‌پڵدا هه‌بوو. پێى وتم خۆ جۆبز ده‌يزانى كه ڤێرژنى سه‌ره‌تايى ئايپاد باش ده‌فرۆشرێت و ده‌يويست خه‌ڵك يه‌كسه‌ر له‌دواى ڤێرژنى يه‌كه‌م، ڤێرژنى دواتريش بكڕن. شتێكى تۆقێنه‌ره! وه‌ك ده‌شيبينن شته‌كه هه‌روا به‌و ساده‌ييه نيه كه له نيگاى يه‌كه‌مدا ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌مڕۆ ده‌ستڕاگه‌يشتنى جيهانى به زانيارييه‌كاندا، به‌شێوه‌يه‌كى هه‌ڵكشاو، له‌ڕێگه‌ى به‌تايبه‌تيكردنى مه‌جازى و مۆنۆپۆڵكارانه‌ى شێوه‌هه‌ورييه‌وه مومكين و ڕه‌خساوه. تا به‌كارهێنه‌ر زياتر ده‌ستى بگات به فه‌زاى گشتى و جيهانييدا، ئه‌وا خودى فه‌زاكه تايبه‌تييتر ده‌بێته‌وه. پێموايه، كليلى چاره‌سه‌رى ئه‌م گرفته، له به‌تايبه‌تيكردنى ئه‌م هه‌ورانه‌دايه. ئه‌مه كێشه‌يه‌كى ته‌كنۆلۆژى نيه، به‌ڵكو بڕيارێكه كه سه‌رتاپاى ئابورييانه/ئايدۆلۆژييانه‌يه.
لێره‌شدا هه‌ر سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ كێشه‌يه‌كى پرۆليتارييدايه. له‌ڕواڵه‌تدا ده‌توانيت له‌ڕێگه‌ى ئايفۆنه‌وه په‌يوه‌ست ببيت به هه‌موو شتێكه‌وه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا هيچت نيه. هه‌موو شتێك كه‌وتۆته ده‌ره‌وه‌ى ئێوه‌وه و ئه‌مه‌ش به‌و واتايه دێت كه تۆ په‌ككه‌وته و بێ‌توانايت. ئێستاش شتێكى تر له سه‌رهه‌ڵداندايه كه جگه له (فه‌زاى گشتيى تايبه‌تى)[9]، هيچ ناوێكى تر شكنابه‌م لێى‌بنێم. ئه‌و ده‌مه‌ى به‌شێوه‌يه‌كى ئيرۆتيكانه له‌سه‌ر ئه‌نته‌رنێت چاتده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌مه‌شى كه وێنه‌كانتان يان شتى تر‌ى له‌م جۆره نمايشده‌كه‌ن ئه‌وا ئه‌و هه‌سته داتانده‌گرێت كه له‌گه‌ڵ جيهاندا له په‌يوه‌ندييدان، كه‌چى له‌ڕاستيدا هێشتاش هه‌ر له فه‌زايه‌كى تايبه‌تدا ته‌نيا و دابڕاويت. ئه‌مه جۆرێكه له سۆڵيپسيزم و خودته‌نيايى جيهانى. هه‌ندێك شتى سه‌ير و سه‌رنجڕاكێش له ڕووداندان. له‌لايه‌كه‌وه ته‌واو ته‌نيايت و كه‌چى له‌لايه‌كى تريشه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌مواندا له په‌يوه‌ندييدايت، ياخود له‌گه‌ڵ هه‌مواندا له‌په‌يوه‌ندييدايت به‌ڵام به فۆرمه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كه په‌يوه‌ندييت له‌گه‌ڵ كه‌سدا نيه.
ئه‌مه وه‌ڵامى منه. يه‌كێك له ماركسييه ئينگڵيزه‌كان كه سه‌ر به فه‌لسه‌فه‌ى شيكارييه، ئاماژه‌ى بۆ خاڵێكى ساده و هاوكات سه‌رنجڕاكێش كردووه كه پێموايه هه‌قيقه‌تێكى تيايه. به قسه‌ى ئه‌و، له سه‌رده‌مى ماركسدا پرۆليتاريا(چه‌مكه كۆن و سودمه‌نده‌كه‌ى حه‌تميه‌تى ماركسى كه سوبێكتى پرۆليتاريى شۆڕشه) به كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت پێناسه‌ده‌كرا و ده‌ناسرايه‌وه: ئه‌وان هه‌ژارترين و قه‌ره‌باڵغترين توێژى كۆمه‌ڵگا بوون، بۆ [گيرفانى] ئه‌وانيتر شتيان به‌رهه‌مده‌هێنا و هتد. ئه‌مڕۆش ئه‌م خه‌سڵه‌تانه هه‌ر هه‌ن، به‌ڵام له يه‌ك سوبێكتدا [به‌ناوى پرۆليتارياى كلاسيكييه‌وه] كۆنه‌بووه‌ته‌وه.
بۆيه من له هه‌وڵدام چه‌مكى پرۆليتاريا پێناسه‌بكه‌مه‌وه. له‌م پێناسه‌يه‌دا پرۆليتاريا به كه‌سانێك ده‌وترێت كه په‌يوه‌ستن به پێگه‌يه‌كه‌وه كه هيچ "شوێن و مه‌كان"ێكى جێ‌گير و دياريكراوى نيه، كه‌سانێك كه به‌شێكن له بونيادى كۆمه‌ڵگه به‌ڵام هيچ ڕۆڵێكى تياناگێڕن. ئه‌م قسه‌يه به‌و مانايه دێت كه چه‌مكى پرۆليتاريا ده‌بێته چه‌مكێكى خز و گۆڕاو. بۆنمونه، ئه‌مڕۆ هه‌ژارترين چين‌وتوێژ ئه‌وانه نين كه كارده‌كه‌ن به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ن كه بێكار و ده‌ركراون و هتد. بۆيه يه‌ك سوبێكتى ده‌ستنيشانكراو بوونى نيه. ده‌بێت به‌دواى شتێك‌دا بگه‌ڕێين كه بتوانين ناوى‌بنێين پێگه جياوازه پرۆليتارييه‌كان.
هه‌روه‌ها لێره‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێ چه‌په ئۆرتۆدۆكسانه‌دا ناكۆكم كه هێشتاش چه‌مكه كۆنه‌كه‌ى پرۆليتاريا يه‌كسانده‌كه‌نه‌وه به چينى كرێكار. بۆ ئه‌وه‌ى په‌ستيان‌بكه‌م، نمونه‌يه‌كيان بۆ دێنمه‌وه كه تووڕه‌يانده‌كات. له چوارچێوه‌ى چه‌مكه ماركسييه‌كه‌ى چه‌وساندنه‌وه و تيۆرى به‌هاى كاردا، ده‌توانين بڵێين هۆگۆ چاڤێز به‌هۆى سوده‌كانى نه‌وته‌وه ئه‌مريكاى چه‌وساندۆته‌وه. ماركس له سه‌رمايه‌دا باس له‌وه ده‌كات كه سه‌رچاوه سرووشتييه‌كان به سه‌رچاوه‌ى به‌ها دانانرێن. ئه‌مه به‌و مانايه دێت كه پێويسته سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ى كاتيگۆريى چه‌وساندنه‌وه بكه‌ينه‌وه. ماركس زۆر ڕاشكاوانه باس له‌وه ده‌كات- و ته‌نانه‌ت نه‌وت به نمونه‌ش دێنێته‌وه- كه هه‌موو به‌هايه‌كى نوێ له‌لايه‌ن كاره‌وه ده‌خولقێنرێت و درووستده‌كرێت. كه‌واته ئه‌و سود و قازانجه گه‌ورانه‌ى كه خه‌رجيى شۆڕشه‌كه‌ى چاڤێزيان دابينده‌كرد له‌كوێوه ده‌هاتن؟ له فرۆشتنى نه‌وته‌وه به ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا. باسه‌كه‌م ئه‌وه‌يه كه پێويسته چه‌مكى چه‌وساندنه‌وه و پرسه‌كانى تر به‌ته‌واوى بخه‌ينه به‌رده‌م دووباره بير‌لێكردنه‌وه و پياچوونه‌وه. ده‌بێت هه‌مووى بخرێته به‌رده‌م بيركردنه‌وه‌ى دووباره و سه‌رله‌نوێ.
[1]. ئه‌م نوسينه كورته، وه‌ڵامى ژيژه‌كه بۆ پرسيارێك له‌و 34 پرسياره‌ى كه كتێبى (داواكردنى مه‌حاڵ-Demanding the impossible) پێكدێنێت. هه‌ر پرسيار و وه‌ڵامێك وه‌ك فه‌سڵێكى كورتى كتێبه‌كه جياكراوه‌ته‌وه. لێره‌دا پرسياره‌كه‌مان لابرد و به پێويستمان نه‌زانى، پرسياره‌كه له‌وێوه‌يه كه بكه‌رى شۆڕش كێيه و ئه‌مڕۆ پرۆليتاريا كێ ده‌گرێته‌وه. له‌به‌ر ڕۆشنكردنه‌وه‌ى سياقه‌كان، وه‌رگێڕانه‌كه له چه‌ند شوێنێكدا وه‌رگێڕانێكى ئازاد و مه‌فهومييه.
[2]. agent
[3]. The New Wounded (Les nouveaux blesses)
[4]. hysterical neurosis
[5]. destructive plasticity
[6] . potentially
[7] . cloud computing، يان كۆمپيوته‌رى هه‌ورى: مۆدێلێكى گه‌ياندن و پێكه‌وه‌به‌ستن و خه‌زنكردنه له ئه‌نته‌رنێتدا و له كۆمه‌ڵێك سێرڤه‌رى دوور و جودا پێكدێت. بۆنمونه لێره‌دا له‌برى ئه‌وه‌ى هاردوێر و زاكيره‌ى ماترياڵى به‌كاربێنيت، به‌شێوه‌يه‌كى مه‌جازى زاكيره‌يه‌كى ئه‌نته‌رنێتى له سايتێكى وه‌ك (گوگڵ)دا به‌كاردێنيت و داراييه شه‌خسييه نامادييه‌كانت كه زانيارييه‌كانته له‌وێدا هه‌ڵده‌گريت و ده‌يخه‌يته به‌رده‌ستى كۆمپانياكان. وشه‌ى هه‌ور له‌م ده‌سته‌واژه‌يه‌دا ته‌عبيره له‌وه‌ى كه به‌كاربه‌ريش وه‌ك ناوه‌وه‌ى هه‌ور ئاگاى له‌پشتى تۆڕى ئه‌نته‌رنێت و ڕووداوه‌كانى نيه، جگه له‌وه‌ى هێڵكاريى كۆمپيوته‌رى هه‌ورى له شێوه‌ى گه‌واڵه هه‌ورێكدا ده‌كێشرێت كه به شێوه‌يه‌كى ناديار و ئه‌بستراكت كۆمه‌ڵێك سۆفتوێرى جياجيا پێكه‌وه‌ده‌به‌ستێت.
[8]. reprivatization
[9]. private public space
له‌م دوو سه‌رچاوه‌وه كراوه‌ته كوردى:
- خواست ناممكن، اسلاوى ژيژك، ترجمه‌ى كامران برادران، نشر حكمت كلمه، 1395.
- Demanding the Impossible, Sla voj Zizek, Edited by Yong-june Park, Polity Press, 2013.