ليبراڵيزم و ڕيشه‌ى قه‌يران و بارگرژييه‌كان
نوسينى: سه‌مير ئه‌مين/وه‌رگێڕانى: ناجى ئه‌فراسياو به فايلى pdf بيخوێنه‌وه
هيچكه‌س نكوڵى له‌وه ناكات كه ديمه‌نى ته‌نگژه و گرژييه‌كان، وه‌ك په‌ڵه‌ى چه‌ورى به هه‌موو ناوچه‌كانى جيهانى هاوچه‌رخدا له باشوره‌وه تا باكور بڵاوبووه‌ته‌وه. ئه‌م ديمه‌نانه فۆرمى جياوازيان به‌به‌رداكراوه، له‌وانه سه‌رهه‌ڵدانى قه‌واره‌ى تيرۆريستى ياخود فۆرمێكى هێمنانه‌يان وه‌رگرتووه، كه ئه‌ويش قبوڵكردنى بێده‌نگانه‌ى حوكمى سيسته‌مى باڵاده‌سته، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه ]ده‌سه‌ڵات[ له‌لاى زۆرينه‌ى خه‌ڵك متمانه‌ى له‌ده‌ستداوه. ته‌نانه‌ت لێره و له‌وێ كه‌شێك له نائومێدى و هه‌ستكردن به ئيفليجى هاتووه‌ته ئاراوه، له‌وه‌ى بتوانن له‌م تونێله ڕزگاريان ببێت.
لێره‌دا شرۆڤه‌يه‌ك بۆ هۆكارى سه‌ره‌كيى بارودۆخه‌كه پێشكه‌ش ده‌كه‌م. پوخته‌ى تێڕوانينى من بريتييه له ده‌رخستنى مۆركى دوولايه‌نه‌ى قه‌يرانى ئێستامان، ئه‌ويش له يه‌ك كاتدا قه‌يرانى كاركردنى سه‌رمايه‌دارى و قه‌يرانى بزووتنه‌وه ميللييه‌كانه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ياندا له‌گه‌ڵ پاشهاته‌كانى ليبراڵيزمدا.
يه‌كه‌م: قه‌يرانى سيسته‌مى ئابوورى و سياسيى باڵاده‌ست له ناوخۆ و جيهاندا، ناسراو به ليبراڵيزمى به‌جيهانيكراو و چاوه‌ڕوانكراو.
يه‌كێك له خه‌سڵه‌ته‌كانى ئه‌م سيسته‌مه بريتييه له چڕبوونه‌وه‌ى سه‌رمايه، به ڕاده‌يه‌ك كه گه‌يشتووه‌ته به‌رزترين ئاسته‌كانى خۆى، ئه‌وه‌ى له ماوه‌يه‌كى زه‌مه‌نيى كورتدا ڕوويدا (له ساڵى 1975 بۆ ساڵى 1990)، هيچى كه‌متر نييه له گواستنه‌وه‌يه‌كى چۆنێتيى ده‌رباره‌ى چڕبوونه‌وه له ده‌سه‌ڵاتى داراييدا. چونكه ژماره‌ى مۆنۆپۆلى زلهێزه‌كان له‌سه‌ر ئاستى جيهان به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ قۆناغى پێشوو كه‌مبووه‌ته‌وه بۆ 5/1، واته له په‌نجا هه‌زار يه‌كه‌وه بۆ ده هه‌زار يه‌كه، ئه‌وه‌ش به پشتبه‌ستن به هه‌مان پێوه‌ره‌كانى دياريكردنى قه‌باره‌ى دامه‌زراوه تايبه‌تمه‌نده‌كان.
ئه‌م گۆڕينه چۆنێتييه چڕبوونه‌وه‌يه‌كى زياترى به‌ده‌ستخست به‌مه‌به‌ستى ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى زياده‌به‌ها له‌لايه‌ن چه‌ند تاقمێكى (ئۆليگارشى[1])يه‌وه، له‌برى دابه‌شكاريى پێشوو، ژماره‌يه‌ك له سه‌رمايه‌داران ده‌يان ئه‌وه‌نده‌ى جاران]پاره‌كانيان كه‌ڵه‌كه كرد[.
پێشهاته‌كان، مه‌ترسيى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى چڕبوونه‌وه‌يان سه‌لماند، كه له ده‌ره‌نجامى به‌رده‌واميى كه‌ڵه‌كه‌بوونى سه‌رمايه‌وه به‌ده‌ستدێت. به مانايه‌كى تر، ئه‌م چڕبوونه‌وه بووه‌ته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م گه‌شه‌كردنى ئابوورييدا. چونكه ئه‌م سيسته‌مه هه‌ر له يه‌كه‌م گواستنه‌وه‌ى ]به‌ره‌و نيوليبراڵيزم[چووه‌ته نێو قه‌يرانێكى ستراكتۆرييه‌وه (هه‌يكه‌لييه‌وه)، واتا له سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه.
جياوازييه‌كى جه‌وهه‌رى هه‌يه له‌نێوان چه‌مكى قه‌يرانى هه‌يكه‌ليى و چه‌مكى قه‌يرانى دۆخێكى ئاسايى‌دا. چونكه ئه‌مه‌ى دواييان ]قه‌يرانى دۆخێكى ئاسايى[ فۆرمێك له شێوه‌ى پيتى (U)ى لاتينى وه‌رده‌گرێت، واتا هه‌مان ئه‌و كارلێككردنانه‌ى كه له ئه‌نجامى كرژبوونى ئابوورييه‌وه دروستبوون، پاش چه‌ند ساڵێكى كه‌م له سستبوونى بازاڕ و له ساتێكى دياريكراودا ده‌بنه‌وه هۆى بوژانه‌وه و گه‌شه‌ونما.
به‌ڵام قه‌يرانى هه‌يكه‌ليى فۆرمێكى تر وه‌رده‌گرێت له شێوه‌ى پيتى (L)ى لاتينى، واتا ئه‌و كارلێككردنانه‌ى بوونه‌ته هۆى سستبوونى ئابورى و بازاڕ ناتوانن ئه‌م سيسته‌مه له كرژبوون ده‌ربازبكه‌ن. به‌ده‌ر له به‌رهه‌ڵستكارى و دژايه‌تيكردنى لۆژيكى باڵاده‌ست، هيچ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م قه‌يرانه له ئارادا نييه. بۆيه ده‌ڵێم قه‌يرانى هه‌يكه‌لى كه له حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى بيسته‌مه‌وه تاكو ئێستا له‌ئارادايه (پاش زياتر له سى ساڵ)، هه‌مان سيماى قه‌يرانى پيربوونى سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى هه‌يه.
به‌ڵام سيسته‌مێكى له‌م شێوه‌يه (كه ناتوانێت به‌رده‌وام و سه‌قامگير بێت) خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌نديى كۆمه‌ڵايه‌تيى تايبه‌ت ده‌كات، ئه‌ويش به‌رژه‌وه‌نديى ئۆليگاريشى حوكمڕانه، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامن له‌دابه‌شكردنى ده‌رامه‌ت و سامان به‌شێوه‌يه‌كى نايه‌كسان له به‌رژه‌وه‌نديى خۆيان، له‌سه‌ر حيسابى سه‌رجه‌م لايه‌نه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى تر. له‌واقيعدا ئه‌وه‌ى به‌دى ده‌كرێت ساڵ له دواى ساڵ ئه‌م نابه‌رابه‌رييه به‌رزترده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌رچى له‌سه‌ر بنه‌ماى بنچينه‌يه‌كى ئابورى بێت، كه له ناوه‌نده‌كانى سيسته‌مدا په‌نگى خواردووه.
زاڵبوون و سه‌ركه‌وتنى ئه‌م كه‌مينه بوده‌ڵه له بوارى سياسييدا، پێويستى به‌وه‌يه سه‌رجه‌م ڕێكاره ديموكراسييه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بێ‌بايه‌خ و بێ‌ناوه‌رۆك بكرێت. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆى له ده‌ستدانى متمانه. هه‌روه‌ها باڵاده‌ستيى به‌رژه‌وه‌نديى ئۆليگارشييه‌كان له‌سه‌ر ئاستى جيهان پێويستى به دامه‌زراندن و پاڵپشتى ديكتاتۆريه‌تى ئۆليگارشييه له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ، بۆ ئه‌وه‌ى پاشكۆيه‌تى بكات و له دامێنى ئاغاكانى سيسته‌مى جيهانييدا به‌شدارى له به‌تاڵانبردنى سامانه نيشتيمانييه‌كاندا بكه‌ن.
ئه‌سته‌مه ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاتدارانه بتوانن ڕێژه‌يه‌كى مه‌عقول له شه‌رعييه‌ت له گه‌لانى خۆيانه‌وه وه‌رگرن.
پوخته‌ى قسه‌كه‌مان ئه‌وه‌يه؛ ده‌ربازبوون له قه‌يرانى پيربوونى سه‌رمايه‌دارى ته‌نها له‌ڕێگه‌ى ده‌ربازبوونى خودى سه‌رمايه‌دارى خۆى له خه‌سڵه‌تى لۆژيكى كارپێكردنى كۆمه‌ڵگاوه ده‌بێت. به‌ڵام داڕشتنى ستراتيژيى ئه‌كتيڤ به‌مه‌به‌ستى پێشكه‌وتن به‌م ئاراسته‌دا، پێويستى به ده‌ستنيشانكردنى ئامانجه‌كانى قۆناغى داهاتووه، كه ده‌توانرێت تێهه‌ڵكێشى چوارچێوه‌ى پرۆژه‌يه‌كى ڕزگاريخوازى درێژخايه‌ن بكرێت.
دووه‌م: قه‌يرانى بزووتنه‌وه‌كانى خه‌بات له‌پێناو ̎̎دونيايه‌كى ديكه‌ى باشتر̎̎
پرۆژه‌ى ليبراڵيزم، ئه‌وپه‌ڕى زيانى به به‌رژه‌وه‌نديى زۆرينه‌ى ڕه‌هاى گه‌لان به تايبه‌تى له باكور و باشور گه‌ياندووه، به‌شێوه‌يه‌كى به‌رنامه‌بۆداڕێژراو هه‌ستان به وێرانكردنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا. دواتر پرۆژه‌ى باڵاده‌ستيى ئۆليگارشيى ئيمپرياليزمى حوكمڕان سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستهێنا، هه‌ربۆيه توانيان له چه‌ند ساڵێكى كه‌مدا ئامانجه‌كانيان بهێننه دى.
ئه‌و هێزانه‌شى كه چاوه‌ڕوانده‌كرا به‌رهه‌ڵستكارييه‌كى به‌هێز و ئه‌كتيڤى ئه‌م پلانه بكه‌ن، نه‌يانتوانى تواناى خۆيان له ڕاگرتنى پلانى ئيمپرياليزم بسه‌لمێنن. به‌ڵكو سه‌ركرده حوكمڕانه‌كان ته‌سليمى ديفاكتۆ بوون و لايه‌نگرى ليبراڵيزميان كرد، به‌و هيوايه‌ى گه‌ره‌نتيى مانه‌وه‌يان له ده‌سه‌ڵات بكرێت. ئه‌م كوده‌تا كتوپڕه بووه هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى توێژه كۆمه‌ڵايه‌تييه نيشتيمانييه ميللييه‌كان، له‌برى ئه‌وانيش ده‌سه‌ڵاتى ئۆليگارشيى لۆكاڵيى گه‌نده‌ڵ و ملكه‌چ و تاكڕه‌و جێگه‌ى گرته‌وه.
ئه‌م كوده‌تا چاوه‌ڕواننه‌كراوه جه‌ماوه‌رى قوربانيانى سيسته‌مى نوێى تووشى سه‌رسوڕمان كرد، كه خۆيان به‌بێ چاره بينييه‌وه. به‌ڵام ئه‌مجاره به گژ خراپبوونى بارودۆخى كۆمه‌ڵايه‌تيياندا چوونه‌وه، له‌پێناو پاراستنى مافه به‌ده‌ستهاتووه‌كانيان چه‌ند به‌ره‌يه‌كى خه‌باتيان كرده‌وه. به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وانه ته‌نها له‌سه‌ر بناغه‌ى هێڵى به‌رگريى ڕاوه‌ستاون، به‌بێ خستنه‌ڕووى ئه‌ڵته‌رناتيڤێكى پۆزه‌تيڤ، هاوشێوه‌ى قۆناغه سه‌ره‌تاييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه خه‌باتگێڕه‌كانى ديكه. ئينجا بزووتنه‌وه‌كان هه‌نگاوى تريان هاويشت، به‌مه‌به‌ستى داهێنانى ميكانيزمى به‌ستنه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌كان به‌يه‌كتره‌وه. لێره‌دا باسى هه‌ندێك له‌و ده‌ستپێشخه‌رييانه ده‌كه‌م كه به‌و ئاراسته‌يه‌دا پێشكه‌شكراون، بۆ نموونه دامه‌زراندنى كۆڕبه‌ندى جيهانيى بۆ به‌ديله‌كان (ئه‌ڵته‌رناتيڤه‌كان) له ساڵى 1997دا له قاهيره، هه‌روه‌ها به‌ستنى كۆڕبه‌ندى كۆمه‌ڵايه‌تيى جيهانى له به‌رازيل ساڵى 2001.
ئه‌و ئه‌ڵته‌ر‌ناتيڤانه چين كه بزووتنه‌وه خه‌باتگێڕه‌كان له‌پێناو ̎̎̎̎دونيايه‌كى ديكه‌ى باشتر̎ له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى مۆنۆپۆلى ئيمپرياليزمى به‌جيهانيكراودا خستوويانه‌ته ڕوو؟
لێره‌دا پۆڵێنكردنى وه‌ڵامه‌كان له‌ژێر پێنج ناونيشاندا به‌م شێوه‌ى لاى خواره‌وه پێشنيارده‌كه‌م:
1- ئه‌و پرۆژانه‌ى داواى گرتنه‌به‌رى ڕێكارى ياسايى ده‌كه‌ن، بۆ به‌ياساييكردنى بازاڕه‌كانى دارايى و هتد.
ژماره‌يه‌ك له شاره‌زايانى قوتابخانه‌ى ليبراڵيزم (وه‌كو stigliz كه پرۆژه‌ى چاكسازى له‌م جۆره ده‌خه‌نه‌ڕوو، پێيان وايه ته‌نها ئه‌وه به‌سه بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌يرانه. هه‌ندێك له لايه‌نگرانى ئه‌م بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵايه‌تييه به وزه و تواناى ئه‌م ميتۆده قايل ببوون. به‌ڵام من به‌شدارى له‌م وه‌هم و گه‌وجاندن و خۆشباوه‌ڕييه‌دا ناكه‌م، چونكه ئه‌و چاكسازييانه‌ى خراونه‌ته‌ڕوو خۆيان له قه‌ره‌ى پره‌نسيپى قازانجى دارايى ناده‌ن، كه هه‌ژموونى ته‌واوى به‌سه‌ر بڕياردان له‌سه‌ر كاروبارى ئيداره‌دانى ئابوورييه‌وه هه‌يه.
2- گه‌ڕانه‌وه بۆ نموونه‌كانى ئيداره‌ى ئابووريى دواى جه‌نگى جيهانيى دووه‌م (سۆسيال‌ديموكراتى ڕاسته‌قينه له ڕۆژئاوا، سۆسياليزمى سۆڤێتى و چينى، نيشتيمانيى ميللى له باشور).
به‌لاى كه‌سه‌وه سه‌ير نييه كه تاسه و ئاره‌زووى گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوويه‌كى نزيك گه‌شه‌يكردووه. چونكه به‌راوردكارى له‌نێوان ده‌ستكه‌وته‌كانى ئه‌و سيسته‌مانه له‌گه‌ڵ پووكانه‌وه و كاره‌ساته‌كانى ليبراڵيزم، هانى ئه‌و خه‌ڵكه ده‌دات ئاوات به ڕابردوو بخوازن.
به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردووى هه‌ر مۆدێلێكى سه‌رمايه‌دارى به‌بێ -گۆڕينى چه‌ندايه‌تى- له ڕێژه‌ى سه‌نته‌راليزمى ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر پاره‌دا، هه‌ميشه مه‌حاڵه ده‌ستكه‌وتى هه‌بێت. بۆيه ده‌بێت ستراتيژى خه‌باتگێڕانه دابڕێژرێت، به له‌به‌رچاوگرتنى واقيعى سه‌رمايه‌دارى وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌يه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى دوێنێ له ئارادا بوو.
3- گه‌ڕان به‌شوێن پرۆژه‌ى سازانێكى فراواندا له‌سه‌ر خاكێك كه مۆركێكى مرۆيى هه‌يه. ئه‌م ميتۆده پشت به‌و وه‌همه ده‌به‌ستێت، گوايه ده‌كرێت خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندييه لێكدژه‌كان له‌پێناو پرۆژه‌يه‌كى هاوبه‌شدا بگونجێن. له‌و بڕوايه‌دام تێڕوانينى گێلانه ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى ژينگه ده‌چێته خانه‌ى ئه‌م وه‌همانه‌وه.
4- ئه‌و پرۆژانه‌ى پشت به دووپاتكردنه‌وه‌يه‌كى هه‌ڵه ده‌به‌ستن، گوايه ڕابردوو وه‌ڵام بۆ هه‌ڵوێسته‌كانى ئێستامان ده‌خاته‌ڕوو.
ئه‌م پرۆژانه‌ش به‌پێى بارودۆخى لۆكاڵيى فۆرمێكى ئاينى يان تايه‌فى وه‌رده‌گرن.
5- بايه‌خدانى زياتر به چه‌سپاندنى ڕێز بۆ ئازاديى تاكه‌كان.
نائومێدى و بێ هيوايى له چالاكيى سياسى، دۆخێكى له خودنامۆيى و گۆشه‌گيريى خه‌ڵك له يه‌كتر هێناوه‌ته ئاراوه، هه‌ربۆيه بايه‌خ به ئازاديى تاكه‌كان دراوه، هه‌روه‌ها هه‌ندێك له بيرمه‌نده‌كان (له چوارچێوه‌ى ڕه‌وتى فه‌لسه‌فيى ناسراو به پۆستمۆدێرنه) هه‌وڵيانداوه ئه‌م ميتۆده وه‌ك شتێكى چاك و ناياب تيۆريزه‌بكه‌ن، گوايه ميكانيزمێكه بۆ گۆڕينى جيهان به‌بێ گۆڕينى سيسته‌مى ده‌سه‌ڵات.
ڕه‌نگه خوێنه‌ر تێبينى ئه‌وه بكات ئه‌و ميتۆدانه‌ى كه باسكراون خاڵێكى هاوبه‌شيان هه‌يه، ئه‌ويش بريتييه له‌وه‌ى هيچكام له‌و شيكارييانه ناوه‌ڕۆكێكى چينايه‌تيان نييه، ئه‌گه‌رچى هه‌موو ڕێكاره‌كانى ليبراڵيزمى به‌جيهانيكراو له ئيداره‌دانى سياسه‌تى ده‌وڵه‌ت و ئابورييدا (كه دواتر پاشهاتى كۆمه‌ڵايه‌تى به‌دواى خۆي‌دا ده‌هێنێت) ده‌بنه هۆكارى سه‌رهه‌ڵدانى چينايه‌تى.
پێشتر ئه‌م بۆچوونه كورته‌م به ̎ڤايرۆسى ليبراڵى̎ چواندووه، كه به هه‌موو كونيله‌كانى جه‌سته‌ى كۆمه‌ڵگادا ڕۆچووه، به‌و هۆيه‌وه باڵاده‌ستيى ئايدۆلۆژياى چينى حوكمڕانى مۆدێرن (ئۆليگارشييه‌كان) چه‌سپيوه، بووه‌ته ئايدۆلۆژياى سه‌رجه‌م چينه‌كانى كۆمه‌ڵگا له نێويشياندا چينه ميللييه‌كان.
نهێنى سه‌ركه‌وتنى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م ئايديايه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ داڕزانى چالاكيى ئه‌و سێ سيسته‌مه‌ى كه له دواى جه‌نگى جيهانيى دووه‌مه‌وه تاكو ساڵانى هه‌فتاكان حوكميان ده‌كرد (سۆسيال‌ديموكراتى ڕاسته‌قينه له ڕۆژئاوا، سۆسياليزمى سۆڤێتى و چينى، نيشتيمانيى ميللى له باشور). لێره‌دا مه‌به‌ست له داڕزانى دوولايه‌نه‌يه، له‌لايه‌كه‌وه ميكانيزمه‌كانى ئيداره‌دانى ئابووريى هه‌مه‌جۆر، له‌لايه‌كى ديكه‌وه چالاكيى ميتۆده‌كانى ئيداره‌دانى ململانێى كۆمه‌ڵايه‌تى و سياسى. به مانايه‌كى تر ئه‌م داڕزانه كه‌لێنێكى سياسيى و ئايدۆلۆژيى و فيكريى دروستكردووه، ئه‌وه‌ش به‌هۆى كورتبينيى هه‌موان به‌تايبه‌تى فه‌رمانبه‌ران و چه‌وساوه‌كانه‌وه هاتووه‌ته‌ئاراوه.
ئه‌م كاره‌ساتانه هانى ئه‌وه ده‌دات كه چه‌قى قورسايى فيكر و كاركردن له خاكى حه‌قيقى ئابووريى ليبڕاڵه‌وه بگۆڕين بۆ چه‌ند خاكێكى ديكه كه هه‌ندێكيان به‌يه‌كه‌وه به‌ستراون(وه‌كو ژينگه و ديموكراسى) و هه‌ندێكى تريان گفتوگۆ له‌سه‌ر غه‌يب ده‌كه‌ن (گرنگى به ژيانى ئه‌و دونيا ده‌ده‌ن).
به‌كورتى و به‌پوختى قه‌يرانى بزووتنه‌وه ميللييه‌كان و قه‌يرانى سيسته‌مى حوكمڕان گه‌يشتووه به بنبه‌ست به‌بێ ئه‌وه‌ى هيچ هه‌نگاوێكى جدى بنرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى. ته‌نها دوو ڕێگا له به‌رده‌ممانه بۆ ده‌رچوون له سنوره‌كانى ئه‌م سيسته‌مه‌ى پير و په‌ككه‌وته بووه:
- ڕێگاى شۆڕش، به‌و مانايه‌ى قوربانييه‌كان به چاوتيژييه‌وه ئه‌ڵته‌رناتيڤێكى گه‌ره‌نتيكراو پێشكه‌شبكه‌ن.
- له غيابى ڕێگه‌ى يه‌كه‌مدا، ڕێگاى بارگرژى و پووكانه‌وه خۆى پێشكه‌شده‌كات. بۆ زانياريتان مێژوو نموونه‌ى له‌سه‌ر هه‌ردوو ڕێگاكه پێشكه‌ش كردووين.
سه‌رچاوه:
- https://www.facebook.com/zeitgeist.arabic/photos/a.181642081901425.46099.169781333087500/1112003422198615/?type=3
[1]) -Oligarchy- مه‌به‌ست له‌و چه‌مكه؛ حوكمڕانى وڵاته له‌لايه‌ن چه‌ند كه‌سێكى كه‌م يان چه‌ند بنه‌ماڵه و تاقمێكه‌وه، هاوشێوه‌ى گروپى مافيايى. (و.كوردى)