موراد فه‌رهادپور
وه‌رگێڕانى: وه‌ليد عومه‌ر
ڕه‌نگه هه‌ڵبژاردنى بابه‌تى ليبراڵيزم بۆ ڕه‌خنه‌كردن، له‌م كاته‌دا زۆرگونجاو نه‌يه‌ته به‌رچاو. به‌ڵام ئه‌مڕۆ نيوليبراڵيزم [كه سه‌ر به قوتابخانه‌ى ليبراڵيزمه]، له‌ئاستى جيهانيدا بووه‌ته كێشه‌يه‌كى بنچينه‌يى. ئێستا ئيتر ئه‌و ڕاستييه ڕوونبۆته‌وه كه نيوليبراڵيزم جيهان به‌ره‌و به‌ربه‌ريه‌ت ده‌بات و، ڕه‌هه‌نده هێجگار دژه‌ديموكراسييه‌كانى ته‌نانه‌ت ديموكراسيه‌تى ڕواڵه‌تى [و باويشى] تێپه‌ڕاندووه و ڕێسا ئاساييه‌كانى گه‌مه ئايدۆلۆژييه‌كه‌ش ڕه‌چاوناكات. بيرماننه‌چێت ناڕه‌زايه‌تيى خه‌ڵكى يۆنان بۆ ئه‌وه [بوو] كه بڕياره سه‌ره‌كييه‌كان له برۆكسله‌وه دێت. ئه‌م ديموكراسييه چ مانايه‌كى هه‌يه؟ نه‌زم و ڕێكخستنى سه‌رمايه‌داريى جيهانى، ڕێك له‌سه‌ر بنه‌ماى مۆدێڵى چينى ده‌ڕواته‌پێشێ و ئه‌وه‌تا داوه‌شانى ئه‌وروپا به به‌رچاومانه‌وه ڕووده‌دات. ده‌ره‌نجامه دڕندانه نوستووه‌كانى ناو ئه‌م نيوليبراڵيزمه، وه‌ك جۆرێكى نوێ له ڕێكخستنێكى تر به‌ته‌واوى خۆى ده‌رخستووه و، خوێندنه‌وه و تاوتوێكردنى تيۆرييانه‌ى له ئاستى جيهانيدا، بۆ پاراستنى تۆزێك ئينسانيبوونيش بێت هه‌ر پێويسته.
سه‌باره‌ت به ڕه‌وش و هه‌لومه‌رجى تايبه‌تى ئێرانيش وێڕاى ئه‌وه‌ى كۆى ڕه‌وته تيۆرييه‌كان هه‌ڵگرى كه‌موكورتى و كه‌مايه‌سين، كه‌چى بزاوتى ليبراڵيزمى ئابورى پێگه‌يه‌كى جياوازى هه‌يه. ڕاوبۆچوونه‌كانى كه‌سانى ناو ئه‌م ڕه‌وته، سه‌ركه‌وتووانه جێبه‌جێكراوه و ئاره‌زووه‌كانيان به‌ديهێنراوه. به‌درێژايى مێژووى هاوچه‌رخ زۆرجار بينيومانه كه دابه‌شكردنى سامان و سه‌رچاوه‌كان به‌شێوه‌يه‌كى شاراوه و نهێنى له ڕوسيا، شيلى، ئه‌رجه‌نتين، ئه‌فريقا، و ئه‌مريكاى لاتين چه‌ندين جار ڕوويداوه. له پشت و پاشه‌مله‌وه، "به‌تايبه‌تيكردن يان به‌شه‌خسيكردن" و "دابه‌شكردنى سامان" ڕووده‌دات و پاشان ده‌كه‌ونه بير‌ى ئه‌وه‌ى به‌هۆى قه‌يرانێكه‌وه، ته‌قينه‌وه‌يه‌كه‌وه، جه‌نگێكه‌وه ده‌رخواردى خه‌ڵكى بده‌ن و پاساويشى بۆ بێننه‌وه. خه‌ڵك چاوده‌كه‌نه‌وه و ده‌بينن هه‌موو شتێكيان له‌ده‌ستداوه و ته‌نيا هێزى كاريان بۆ ماوه‌ته‌وه تاكو بيبه‌ن و له بازاڕ بيفرۆشن.[...]. ئه‌م پرسياره خۆى قووتده‌كاته‌وه كه بۆچى تاوتوێكردنى تيۆريى ديموكراسى و ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا وه‌ك شتێكى پێوست دێته‌به‌رچاو؟ به هێنانه‌وه‌ى وته‌يه‌ك له "گرامشى"يه‌وه وه‌ڵامى‌ده‌ده‌مه‌وه؛ ئه‌ويش له‌و جێيه‌دا كه ماكياڤێلى ده‌به‌ستێت به وێنه‌ى "سانتور"ـه‌وه: ئه‌و بوونه‌وه‌ره ئوستوره‌ييه يۆنانييه‌ى كه تێكه‌ڵه و تێهه‌ڵكێشى ئينسان و ئاژه‌ڵ بوو. بوونه‌وه‌رێكى دوولايه كه لايه‌كى ئينسانه و لايه‌كه‌ى تريشى ئاژه‌ڵ. گرامشى، به‌شێوه‌يه‌كى دياله‌كتيكى ئه‌و خاڵه ده‌ورووژێنێت كه ئه‌م دووانه له‌گه‌ڵ يه‌كتردا تيكه‌ڵ ياخود دابه‌شنابن و يه‌كترى كامڵ و ته‌واوناكه‌ن. شته‌كه به‌و جۆره نيه يه‌كيان كه‌م‌وزياد بكات و ئه‌ويديكه وه‌ك خۆى بمێنێته‌وه. به‌ڵكو له‌وپه‌ڕى كه‌مبوونه‌وه‌ى يه‌كياندا، ئه‌ويتريان ده‌رده‌په‌ڕێت و هه‌ڵده‌قوڵێت. نمونه‌ى ئاشكراى ئه‌م جۆره دياله‌كتيكه بريتييه له‌و كه‌سانه‌ى كه له مێژوودا هه‌موو شتێكى خۆيان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و ده‌كه‌ونه به‌ر شاڵاوى هێزه ده‌ره‌كييه‌كان و بوونى فيزيكى و جه‌سته‌ييان ده‌كه‌وێته مه‌ترسييه‌وه و وه‌كو ئاژه‌ڵێك مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ڕێك ئا له‌و ساته‌دا كه چاوه‌ڕێين خوڵق‌وخووى ئاژه‌ڵييانه خۆى ده‌ربخات، كه‌چى ئه‌وان ده‌گۆڕێن بۆ نوێنه‌ره‌وه و نوێنه‌رانى يونيڤێرساڵ و حه‌قيقه‌تى گه‌ردوونى و گشته‌كى؛ ده‌بنه نوێنه‌رانى عه‌داله‌ت، ئازادى، ئينسانيه‌ت، كه‌رامه‌ت و شكۆى ئينسانى. واته ڕێك له‌و ده‌مه‌دا كه قه‌واره‌ى فيزيكى و جه‌سته‌ييان وه‌ك مرۆڤێك له‌ژێر پرسياردايه، ئه‌وان ده‌چنه خانه‌ى "ئايديا"ـه‌وه به مانا هيگڵييه‌كه‌ى. ئه‌مه‌ش ڕێك ئه‌زموونى ئه‌مڕۆكه‌ى ئێمه‌يه. هيچكه‌س چيتر ناتوانێت نكۆڵى له‌وه بكات كه كۆمه‌ڵگا[كانمان] ڕووبه‌ڕووى قه‌يرانێكى سه‌رانسه‌رى بوونه‌ته‌وه. له فۆرمه ئابورييه‌كه‌يدا، گرانى، بێكارى، هه‌ڵاوسان و هێرشبردن بۆ سه‌ر دۆخى جه‌سته‌يى مرۆڤه‌كان ده‌بينرێت و، له‌م بارودۆخه‌دايه كه گفتوگۆى تيۆرى له‌باره‌ى نه‌ريته‌كانى چه‌پ، ليبراڵ، ده‌وڵه‌ت، كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نيه‌وه ده‌بێته شتێكى زه‌روورى و ناچارى. له‌م پنته‌دا ئه‌م دياله‌كتيكه ئه‌وه‌مان پيشانده‌دات كه چۆنچۆنى پێويسته له‌م بارودۆخه‌دا قسه له‌باره‌ى بابه‌ته تيۆرييه‌كانه‌وه بكه‌ين. له بارودۆخێكدا كه چينى ناوه‌ڕاست سه‌رقاڵى [بۆنه و جه‌ژنه‌كان] و شتكڕينه له بازاڕه‌كاندا، له‌لايه‌كى تريشه‌وه كه‌مينه‌يه‌كى تازه‌پياكه‌وتوو و تازه‌ده‌وڵه‌مه‌ند به‌هۆى ئه‌م به‌ربه‌ريه‌ت و بێكارى و هه‌ڵاوسانه‌وه، پاره‌يه‌كى زۆرى ڕژاندۆته گيرفانى خۆيه‌وه و بيروهۆشى به‌لاى شتى تردا ناچێت جگه له كڕينى سه‌عاتى ئه‌ڵماس‌نيشانى 650 مليۆن تومه‌نى، و ئه‌وه‌نده‌ش كورتبين و بێ‌سه‌قافه‌ته كه ته‌نانه‌ت نازانێت پاره‌كه‌شى خه‌رجبكات. ده‌بێت ئاگاداربين له‌ولاى ئه‌و فرۆشگايانه‌وه كه ئێمه سه‌ريان پياده‌كه‌ين و ڕۆژانه ڕاسته‌وخۆ وه‌ك ترافيك به‌ريانده‌كه‌وين، چه‌ند كيلۆمه‌ترێك له‌ولاتر شه‌ڕ و ململانێيه له‌سه‌ر ژيان و گوزه‌ران. ئه‌مڕۆ كێشه‌كه كڕينى چه‌ره‌زات و ئابڵوقه‌ى فستق و بسته نيه، كێشه‌كه نان و ئاو و داوده‌رمان و پێداويستييه سه‌ره‌تاييه‌كانى ژيانه. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌م پێكدادانه و به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و تێڕوانينه‌وه كه گوايا ئێستا وه‌ختى ئه‌م قسه و باسانه نيه، ئه‌وا به‌پێى نمونه‌كه‌ى گرامشى ڕێك له‌م وه‌ختى گيانه‌سه‌رى و چه‌رمه‌سه‌رييه‌دايه كه باسى هيگڵ و ماركس و ليبراڵيزم و چه‌پ و كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى ده‌بێته مه‌سه‌له‌يه‌كى جدى. له‌م ڕوانگه‌يه‌وه ئه‌نجامدانى دانيشتنى له‌م جۆره سودى زۆره و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ده‌توانن ئه‌م دانيشتنانه بڕه‌خسێنن يان نه‌ڕه‌خسێنن، ئه‌وا ده‌بێت بزانن ئه‌م جۆره باس‌وخواسانه له پێويستيى هه‌موومانه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه و ڕه‌نگيداوه‌ته‌وه، ئه‌ويش له‌و پێناوه‌دا تاكو بتوانين وه‌كو مرۆڤ به‌ته‌نيشتى يه‌كتره‌وه بژيين و ڕێنه‌ده‌ين بكه‌وينه ناو گێژاوى به‌ربه‌ريه‌ته‌وه...
خاڵى دووه‌م ئه‌وه‌يه كه له جه‌نگ و جه‌ده‌لى سياسييدا، پياكێشان و به‌ركه‌وتن ـى [زمانه‌وانى] هه‌ر هه‌يه. هه‌ندێجار خۆم وشه‌ى "ليبراڵ"م وه‌ك جنێو به‌كارهێناوه، وه‌كچۆن لايه‌نى به‌رامبه‌ريش به‌پێى پێويستى و زه‌رووره‌ته‌كانى خۆى ناووناتۆره‌ى "ستالينيزم" به‌كاردێنێت. به‌ڵام بێ هيچ دوودڵييه‌ك له ساتى ڕوودان و پێشهاتندا، له‌و جێيه‌دا كه مشتومڕى سياسى و ئايدۆلۆژى له‌ئارادايه، ده‌مه‌قاڵێ و به‌ركه‌وتنيش درووستده‌بێت و ئه‌مه‌ش شتێكى زۆر ئاساييه. دياره يه‌كێك له خه‌وش و كه‌موكورتييه‌كانى ليبراڵيزمى شل‌وشێواوى ئێرانى[1] ئه‌وه‌يه كه ته‌نانه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ى مێژووى ده‌وڵه‌مه‌ندى ليبراڵه‌كان خۆيشيانه‌وه له ململانێدا، باسى دژايه‌تيكردنى توندوتيژى ده‌كات كه وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ دژايه‌تيكردنى سياسه‌ت و ململانێش. باسكردنى ئه‌وه‌ى گوايا چه‌په‌كان به زبرى قسه‌ده‌كه‌ن و ئێمه ترسمان هه‌يه و هتد، هه‌ڵهاتنه له‌وه‌ى بێنه مه‌يدانه‌وه و قسه‌بكه‌ن. هه‌ركه‌سێك بڕێك چالاكيى سياسيى هه‌بووبێت تێده‌گات له مشتومڕدا جاروبار به‌شێوه‌يه‌كى بێ‌ويژدانانه خاڵى لاواز يان پاژنه‌ى ئاخيلى نه‌ياره‌كه ده‌قۆزرێته‌وه و ده‌پێكرێت. با بگه‌ڕێينه‌وه لاى باسه تيۆرييه‌كه.
ليبراڵ‌ديموكراسى، ناوه سياسييه‌كه‌ى كۆى مۆدێرنه‌يه. هه‌ر شتێك له‌مديوى شۆڕشى فه‌ڕه‌نساوه ڕوويدابێت، له گه‌شه و جه‌نگ و داهێنان و وێرانكردن، هه‌مووى له‌م چه‌مكه‌دا جێى ده‌بێته‌وه. هيگڵ و ماركس و شميت و ڕاسێل و فۆكۆ و مۆدێرنيسته‌كان و پۆستمۆدێرنيسته‌كان هه‌موويان له‌م باسه‌دا جێيانده‌بێته‌وه. گه‌ر بمانه‌وێت پارچه‌كانى ليبراڵ‌ديموكراسى بكه‌ينه‌وه ئه‌وا ده‌گه‌ينه سه‌ر كۆى پرۆژه‌ى مۆدێرنه.
باسه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌يه كه ماركس ده‌ريخست ئه‌م پرۆژه‌يه هاوشانه له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ى باڵاده‌ستيى چينێكى تايبه‌ت به‌ناوى "بۆرژوازى"ـه‌وه و، درووستبوونى شێوازێكى تايبه‌تى به‌رهه‌مهێنانه كه ماركس خۆيشى زۆر به په‌رۆشه‌وه و بگره به‌شێوه‌يه‌كى مناڵانه‌ش له مانيفێستى كۆمۆنيستدا ستايشى ديوه داهێنه‌ر و نوێگه‌راكانى ده‌كات. گه‌ر بمانه‌وێت به‌شه ماركسييه‌كه له‌م پرسه جياكه‌ينه‌وه ئه‌وا پێويستده‌كات بڵێين: به‌ڵێ چينێكى نوێ هاتۆته‌ئاراوه. وه‌كچۆن هيگڵ بڕواى وابوو به‌هۆى ئه‌م پرۆژه نوێيه‌وه بوو كه ده‌وڵه‌ت مانايه‌كى ئه‌خلاقيى وه‌رگرت، له‌وه‌وپێش ده‌وڵه‌ت ئامرازى ده‌ستى هه‌ندێك پاشا و ده‌ره‌به‌گ و ده‌سه‌ڵاتدار بوو تاكو بكێشن به‌سه‌رى ئه‌وانيتردا و حوكمى خۆيان بكه‌ن.
كۆمه‌ڵگاى سياسى، كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى، تاك و هه‌موو دامه‌زراوه مۆدێرنه‌كانى وه‌كو په‌روه‌رده و فێركردن، نه‌خۆشخانه، زانستى نوێ، گه‌شه‌ى ته‌كنۆلۆژى هه‌مويان تێكڕا له‌گه‌ڵ "يه‌كێتى و هاوپشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى" يان "ده‌وڵه‌ت"دا له‌ژێر ناونيشانى جۆره جه‌وهه‌رێكى ئه‌خلاقى(Ethical Substance)دا درووستبوون و، ئه‌مه‌ش هيچ گومان و دوودڵييه‌كى تيا نيه. به‌ڵام نابێت ته‌نيا وه‌ك گه‌شه و جووڵه سه‌يرى ئه‌م قۆناغه بكه‌ين. به‌شه جياجياكانى ئه‌م جووڵه و بزاوته، هاوشانه له‌گه‌ڵ شێوازى جياجياى په‌ره‌سه‌ندنى باڵاده‌ستيى چينێك و مۆدێلێكى تايبه‌تى به‌رهه‌مهێنان و جۆرێكى تايبه‌تى ڕێكخستن كه ئه‌ويش هاوڕێيه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ويه‌خه‌بوون و به‌كارهێنانى زه‌بر و بازوو و هه‌روه‌ها جۆره‌ها ئايدۆلۆژى، ڕێكه‌وتن و سازان، ته‌بايى و په‌يوه‌ستبوون، چوونه‌پێش و پاشه‌كشه‌دا. گه‌ر ئه‌م ديوه‌يان بسڕينه‌وه، ئه‌وا ده‌توانين چى بڵێين ده‌رهه‌ق به كاره‌ساته‌كانى ئه‌م قۆناغه، ده‌رهه‌ق به دوو جه‌نگى جيهانى، هه‌ژارى و نه‌دارى، ئه‌زمونى ئيمپرياليزم و چه‌وساندنه‌وه؟ [گه‌ر ئه‌مانه له‌به‌رچاونه‌گرين ئه‌وا] ده‌بێت ئه‌م ئه‌زمونانه ته‌نيا وه‌ك پاشه‌كشێى كاتى سه‌يربكه‌ين به‌سه‌ر شاڕێى پێشكه‌وتن و گه‌شه و هه‌ڵكشانه‌وه كه دواجار هيچ نامێنێته‌وه جگه له ئه‌زموونێكى ته‌كنۆلۆژيى ڕووته‌ڵه و تڕۆهات. چونكه ته‌نانه‌ت له ديدى ليبراڵيزميشه‌وه ناتوانين باسى بزاوتى جيهان بكه‌ين به‌ره‌و چه‌مكى "پێشكه‌وتن"، خودى خۆشمان به‌شێوه‌يه‌كى كۆنكرێتى و به‌رجه‌سته ئاشناى ئه‌زمونى پاشكه‌وتن و ڕووخان و كه‌وتنين. ده‌بێت ئه‌م دواليزمه بهێڵينه‌وه و بيپارێزين. چونكه هه‌ندێك له ڕه‌هه‌نده‌كانى ئه‌م جووڵان و بزاوته، ته‌نانه‌ت لاى خودى ماركس و ئه‌و پرۆژانه‌ش كه له هه‌ناوى ماركسه‌وه دێنه‌ده‌رێ قابيلى ڕوونكردنه‌وه‌و تێگه‌يشتن نين. ته‌نانه‌ت گه‌ر گريمانه‌ى ئه‌وه‌ش بكه‌ين كه ماركس، "سه‌رمايه"ى ته‌واوبكردايه و چه‌مكى "ده‌وڵه‌ت" و "بازاڕى جيهانى"ـى دابڕشتايه و پرۆژه و پلانه‌كه‌ى خۆى بگه‌ياندايه‌ته خاڵى كۆتايى، ئه‌وا ديسان كۆمه‌ڵێك شت هه‌بوون كه له‌م پرۆژه‌يه‌دا نه‌ده‌هاتن، بۆنمونه ئه‌و قسانه‌ى كه كارل شميت و فۆكۆ كردوويانه له‌م نه‌خشه و پرۆژه‌يه‌دا نه‌هاتووه و ناتوانێت وه‌ڵامبداته‌وه. حه‌كايه‌تى درووستكردنى دونيايه‌كى نوێ، حه‌كايه‌تێكى دووسه‌ره‌يه. ئه‌م دونيا نوێيه له‌ژێر نفوزى چينێكى نوێ‌دا درووستده‌كرێت كه هه‌ڵگرى كۆمه‌ڵێك په‌يوه‌نديى نوێيه. سه‌ره‌نجام، "توندوتيژى و زه‌بروزه‌نگ" و "ده‌سه‌ڵات و باڵاده‌ستبوون" به‌شێكن لێى، به‌ڵام هاوكات شتانێك درووستده‌كات و هه‌ندێك گۆڕانكارى ده‌خاته ژيانمانه‌وه كه ڕه‌نگه نه‌توانين ڕاسته‌وخۆ بيانبه‌ستينه‌وه به پرۆژه‌ى سوڵته و باڵاده‌ستبوونه‌وه. ناتوانرێت هيچكام له‌م دوو سه‌ره پشتگوێ‌بخرێت. گه‌ر ديوه ڕه‌خنه‌ييه ماركسييه‌كه بخه‌ينه‌لاوه، ئه‌وا نوسخه‌يه‌كى گاڵته‌جاڕ و ساده‌ى "پێشكه‌وتن"مان بۆ ده‌مێنێته‌وه و، له‌به‌رامبه‌ريشدا گه‌ر بمانه‌وێت ته‌نيا جه‌خت له‌سه‌ر ديوه ماركسييه‌كه بكه‌ينه‌وه ئه‌وا پێده‌چێت نه‌توانين زۆرێك له ڕه‌هه‌نده‌كانى ئه‌زمونى كۆمه‌ڵايه‌تى له هه‌ناوى "سه‌رمايه"ـه‌وه هه‌ڵگۆزين. كه‌واته درێژه‌دان به باسه تيۆرييه‌كه و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى له‌ڕێگه‌ى شه‌هامه‌ت و ئازايه‌تيى تيۆرييه‌وه، شتێكى زه‌روورييه.
ليبراڵ‌ديموكراسى چه‌مكێكى هێجگار به‌رفراوانه و مايه‌ى مشتومڕى فه‌لسه‌فى، كۆمه‌ڵايه‌تى و ..هتده. گه‌ر ديوه مشتومڕئامێز و جه‌ده‌لييه‌كه‌ى بخه‌ينه‌لاوه، ئه‌وا پێويسته ديوه تيۆرييه‌كه‌ى له شێوه‌ى نوسين و بابه‌ته‌كانى لايه‌نى به‌رامبه‌ردا درێژه به خۆى بدات. ده‌مه‌وێت به ئيلهام‌وه‌رگرتن له شميت هه‌ريه‌ك له ديوه ليبراڵ و ديموكراسييه‌كه‌ى زاراوه‌ى ليبراڵ‌ديموكراسى لێك‌جيابكه‌مه‌وه.
دوا ڕيشه‌ى ليبراڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جۆرێك له پێكدادانى ئه‌ريستۆكراتيه‌تى ئه‌وروپى له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ى "ده‌وڵه‌تى ڕه‌ها" كه له سه‌ده‌ى 16 و 17 له ئه‌وروپادا كه‌وته سه‌ر سكه و، لوتكه و چڵه‌پۆپه‌كه‌ى بريتى‌بوو له لويى چوارده‌يه‌م. خه‌م و خواستى ئه‌وان سنورداركردنى ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى پاشا[2] بوو، ئه‌ويش له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و سنورانه‌ى كه ورده‌ورده ئايدياى "فه‌رمانڕه‌وايى ياسا"ـى لێ هاته‌ده‌ره‌وه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مايه، زۆرجار ئه‌م سنوردانانه له شێوه‌ى ئه‌نجومه‌نێكى ڕاوێژكارييدا بووه كه له پياوماقووڵان و ڕيش‌سپێكان و كه‌سانى ديارى مه‌مله‌كه‌ت پێكهاتووه. له‌مه‌دا هيچ شێوازێكى ديموكراسييانه له‌ئارادا نيه. نه فڕى به هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌يه و، نه فڕى به خه‌ڵك و هيچ شتێكى تريشه‌وه هه‌يه. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ى ڕيش‌سپييه‌كان، ته‌نيا بۆ سنورداركردنى ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌ها و ملهوڕانه‌ى پاشا درووستبووه. كارل شميتيش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مايه‌يه كه ڕه‌خنه‌ى "پارله‌مانتاريزم" ده‌كات: په‌رله‌مانه ئه‌وروپييه‌كان سه‌ره‌ڕاى ديوه ديموكراسييه‌كه‌يان، كه‌چى بوونه‌ته جێيه‌ك بۆ نوخبه و ئيليته‌كان تاكو پاره و ده‌سه‌ڵات له‌نێوان خۆيان‌دا دابه‌شبكه‌ن. ئه‌م مه‌سه‌له‌يه ڕيشه‌كه‌ى ده‌چێته‌وه سه‌ر شێوگ و پرۆسه‌ى ناديموكراسييانه‌ى ليبراڵ‌ديموكراسى.
له‌به‌رامبه‌ردا، ديموكراسيمان هه‌يه كه ئه‌ويش هه‌ر لێڵ و ته‌مومژاوييه، چونكه له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ى ده‌وڵه‌ت و فراوانكردنه‌وه‌يدا دێته‌گۆڕێ. شێوازه تازه‌كانى ده‌سه‌ڵات، جۆره‌كانى ڕێكخستن و سازدانى دامه‌زراوه نوێيه‌كان، چ له قاڵبى «ده‌زگا ئايدۆلۆژييه‌كان»ـى ئاڵتۆسێر و چ له قاڵبى «حكومه‌تمه‌ندى-govermentality»ـه‌كه‌ى فۆكۆشدا بێت، هه‌ر فه‌رق ناكات. گرنگ ئه‌وه‌يه وه‌كچۆن هيگڵيش وتبووى: "كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى" جودا نيه له «ده‌وڵه‌ت» و «كۆمه‌ڵگاى سياسى»، به‌ڵكو به مانايه‌ك له ماناكان پێكه‌وه له‌گه‌ڵ خێزان و ده‌وڵه‌تدا گشت و كۆيه‌ك پێكدێنێت كه تێكڕا له‌سه‌ربنه‌ماى پرۆسه‌ى گواستنه‌وه‌ى مۆدێرنه، تێپه‌ڕين له فيوداڵيزم و بازدانى بۆرژوازى درووستده‌كرێن. له شۆڕشى فه‌ڕه‌نسادا ئه‌م پرۆسه‌يه‌مان به‌شێوازێكى زۆر درامايى بينى. ئه‌م چينه له فه‌ڕه‌نسا تا 100 ساڵ دواتريش هێشتا هه‌ر جووڵه شۆڕشگێڕييه‌كه‌ى خۆى پاراستبوو، گه‌رچى له زۆر جێى تردا، به وته‌ى گرامشى، به‌ر شۆڕشێكى پاسيڤ ده‌كه‌وين كه ئه‌م بيناكارييه نوێيانه له‌ڕێگه‌ى نوخبه‌كان و ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌گاته‌ئه‌نجام. چه‌شنى ئيتاليا و ئه‌ڵمانيا، چه‌شنى هه‌موو جيهانى سێيه‌م كه هه‌ر بۆرژوازيى نيه تاكو بيه‌وێت شۆڕشگێڕانه بێت يان ڕه‌تيبكاته‌وه و، كۆى ئه‌م پرۆژه‌يه حاڵه‌تێكى ناسياسى و ناڕاديكاڵى هه‌يه و [وه‌ك سه‌رده‌مى شۆڕشى فه‌ڕه‌نسا] چركه‌ساتى ژاكۆبنى/يه‌عقوبييانه[3]ى به‌زه‌قى تيا نابينرێت؛ له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه دواتر فاشيزم له ئيتاليا و ئه‌ڵمانياوه سه‌رده‌ردێنێت.
له بزاوتى مۆدێرنه يان ليبراڵ‌ديموكراسى دا، ڕه‌وته ديموكراسييه‌كه‌ى هاوشانه له‌گه‌ڵ ئاماده‌يى سياسيى "خه‌ڵك"دا و هه‌م له‌گه‌ڵ پرۆژه‌يه‌كى ده‌وڵه‌تييشدا. جياوازييه‌كه لێره‌دايه كه ئاخۆ له وڵاته جياجياكاندا كام له‌م دووانه ده‌ستێكى باڵاترى هه‌يه و ده‌وڵه‌ت ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌و ئۆرگانه توندوتيژييه ڤێبه‌رييه، واته وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێك كه پاوانكردنى زه‌بروزه‌نگ و ده‌سه‌ڵاتى سه‌ربازيى له ده‌ڤه‌رێكى جوگرافيدا خستۆته ژێر ڕكێفى خۆيه‌وه.
يان به وته‌ى گرامشى، ديوى باڵاده‌ستى(Domination) له‌گه‌ڵ ديوى هه‌ژموونييدا به‌يه‌كه‌وه ده‌به‌سترێت و تێكه‌ڵه‌يه‌كمان له زه‌بر و ڕێكه‌وتن ده‌ستده‌كه‌وێت. لێره‌دايه كه گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌م دووانه وه‌كو شميت لێك‌جيابكه‌ينه‌وه، هه‌م ڕه‌خنه‌ى ليبراڵ وه‌ك جۆرێك "داخستنى ڕێگه‌ى سياسه‌ت" دێته‌كايه‌وه، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ى ديموكراسييش وه‌ك شێوازێكى ته‌مومژاوى كه هه‌م ده‌توانێت "ده‌سه‌ڵاتى خه‌ڵك" پيشانبداته‌وه و هه‌م زۆرجاريش پۆپۆليزم و فاشيزم ده‌بێته جۆرێك له باڵاده‌ستيى ده‌وڵه‌تى كه خه‌ڵكى به‌كاردێنێت. خه‌ڵكێك كه سه‌ره‌تا له كۆمه‌ڵگاى نوێ‌دا له‌ڕێگه‌ى ده‌وڵه‌ت و له قاڵبى قوتابخانه، نه‌خۆشخانه، شاره‌وانى، خێزان و ده‌زگا جياجياكاندا ڕێكخراون. له تێكه‌ڵكردنى بوونه‌وه‌ره‌كه‌ى ليبراڵ-ديموكراسى دا ئه‌م دوو شێوگه ده‌بينرێت. به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بانگه‌شه ئايدۆلۆژييه‌وه كه گوايا پايه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌ژموونى بريتييه له بۆرژوازى و، ليبراڵ-ديموكراسييش وه‌ك كۆيه‌كى پێرفێكت، بێ‌كه‌لێن و بێ‌دژيه‌كى له‌به‌رچاوده‌گرێت. به‌شێوه‌يه‌كى ساده ده‌توانين ئه‌وه پيشانبده‌ين كه هه‌م شێوگى ليبراڵ و هه‌م شێوگى ديموكراسى هه‌ڵگرى هه‌ندێك ڕه‌هه‌ندى ده‌ره‌سيسته‌من؛ هه‌ڵگرى هه‌ندێك ڕه‌هه‌ندى ته‌قينه‌وه كه له‌سه‌ر بنه‌ماى قه‌ومان و چركه‌سات و ده‌رگيرى و له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م يارييه به‌ڕواڵه‌ت ناتوندوتيژ و ته‌وافوقييه‌وه كارده‌كه‌ن. له قاڵبى ليبراڵ-ديموكراسيدا له هه‌ر كونجێكى دونيادا له سويسرا و ئه‌مريكا و ئينگلته‌راوه بيگره تا هه‌ر جێيه‌كى تر "پۆليس" و "سوپا" له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م مه‌سه‌له‌يه‌وه‌يه. چ بلێر له‌سه‌ر حوكم بێت يان گۆردۆن براون، دواجار هێزه‌كانى پۆليس و سوپا هه‌ر له ده‌ره‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان(ئينتيخابات) ده‌مێننه‌وه. ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پياوماقوڵان و ميديا و هتد ئيشى خۆيان ده‌كه‌ن و كه‌سيش ناتوانێت په‌نجه‌يان پێوه‌بدات. هه‌ڵبژاردنێكيش له‌ئارادا نيه. له‌ژێر چاودێريى هيچ ده‌زگايه‌كيشدا نين و، ئه‌مڕۆ له‌ئه‌مريكا و ئينگلته‌را و هه‌ر ديموكراسييه‌كى پێشكه‌وتووى تريشدا هه‌ركارێكيان پێ خۆش بێت ئه‌نجاميده‌ده‌ن، تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ى كه خودى كاربه‌ده‌ستانى ده‌وڵه‌تيش ئاگايان لێى نيه. مرۆڤ ده‌ڕفێنن، ئه‌شكه‌نجه ده‌ده‌ن، بۆمب داده‌هێنن، ئه‌لقاعيده درووستده‌كه‌ن، كه‌سيش ناوێرێت بڵێت به‌رى چاوتان كلى پێوه‌يه. سرووشتى بنچينه‌يى پۆليس به وته‌ى واڵته‌ر بنيامين له كاتى جێبه‌جێكردنى ياسادا، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م ڕێسايانه كارده‌كات. چونكه هه‌رگيز ياسا ناتوانێت هه‌لومه‌رجى جێبه‌جێكردنى خۆى ده‌ستنيشان بكات. ياسا ته‌نيا ده‌ڵێت دزبگرن، ئيتر جێبه‌جێكردنه‌كه‌ى شتێكى ته‌واو ته‌فسيرى و ته‌ئويلييه. ده‌توانن ده‌ستى دز بابده‌ن و ئێسقانى بهاڕن و به تێهه‌ڵدان سوارى ئۆتۆمبێلى پۆليسى بكه‌ن و ده‌توانرێت وه‌كو فيلمه هۆليودييه‌كان ڕێزيان لێ بگيرێت. [به‌ڵام] من نه‌مديوه پۆليس له هيچ جێيه‌كدا به ڕێزه‌وه مامه‌ڵه‌بكات. ئه‌م ديوه ده‌ره‌كييه‌ى ليبراڵ-ديموكراسييه كه له هه‌موو جێيه‌كدا به شێوه‌يه‌كى كاريگه‌ر ئاماده‌يى هه‌يه و ڕێساكانى يارييه‌كه تێكده‌دات. له‌ولاشه‌وه، له به‌شه ديموكراسييه‌كه‌دا ديوێكى ده‌ره‌كييمان هه‌يه. ئاماده‌يى به‌هێزى خه‌ڵكێكمان هه‌يه له هه‌ڵبژاردنه‌كان، خۆپيشاندانه‌كان و هتددا كه يارييه‌كه تێكده‌دات. كه‌واته ناتوانرێت به‌شێوه‌يه‌كى هابه‌رماسى، به‌هۆى گفتوگۆوه شه‌ڕوململانێ چاره‌سه‌ربكرێت. ده‌سه‌ڵاتى هه‌ريه‌كه له‌م دوو لايه‌نه هه‌ر به زاتى خۆى لێكجودايه. يه‌كێك له‌م جياوازييانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌مكى توندوتيژى: له زياده و پاشماوه‌كه‌ى "پۆليس"دا هه‌ميشه توندوتيژى ئاماده‌يه، به‌ڵام له زياده‌كه‌ى خه‌ڵكدا هيچكات توندوتيژى ئاماده‌يى نيه؛ ده‌سه‌ڵاتى زياده‌كه‌ى خه‌ڵك پێويستى به شتێكه كه نه ياسايه و نه شێوازى جێبه‌جێكردنيشى؛ نه ده‌زگا و ڕێكخراو و به‌رنامه‌ڕێژييش. سه‌ره‌نجام به‌ته‌واوه‌تى وه‌ك زياده‌يه‌ك له ساته مێژووييه‌كاندا ده‌رده‌په‌ڕێته ده‌ره‌وه و له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م ڕێسايه‌ى ليبراڵ‌ديموكراسييه‌وه‌يه [واته له سياسه‌تى ليبراڵ‌ديموكراسيدا چه‌مكى خه‌ڵك ناسياسى و ناشۆڕشگێڕانه ده‌كرێته‌وه، له‌كاتێكدا خه‌ڵك وه‌ك زياده‌يه‌ك كۆنترۆڵناكرێت و له ڕێسا و چوارچێوه ده‌رده‌په‌ڕێته ده‌ره‌وه].
ئه‌و هه‌ژموونه‌ى كه پشتى‌به‌ستووه به ڕێكه‌وتنى نێوان زه‌بر و زۆردارى و ئايدۆلۆژيا، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى ئه‌م شێوگه نائاسايى و له‌ناكاوه سياسى و مێژووييانه نيه و چ له‌وه باشتره كه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ش نيه. چونكه ده‌رفه‌تى ڕزگاريى ئێمه له‌وه‌دايه كه يه‌كێك له‌م شێوگانه بتوانێت ڕزگارمانبكات. ئه‌م باسه به‌رده‌وامى هه‌ڵده‌گرێت و ئومێده‌وارم ئه‌و دۆست و هاوڕێيانه‌ى كه به جۆرێك له جۆره‌كان په‌يوه‌ندييه‌كيان به ليبراڵيزمه‌وه هه‌يه درێژه‌ى بده‌نێ. چونكه له ڕه‌وش و هه‌لومه‌رجى قه‌يراناويى ئه‌مڕۆدا، ئايدياكان ماناى خۆيان وه‌رده‌گرن و ده‌توانن هه‌ڵگرى كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارى بن كه ئه‌گه‌ر و ئيمكانى مرۆڤبوون و و به‌مرۆڤ‌مانه‌وه‌مان پێده‌به‌خشن.
[1]. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه ئاخۆ شتێك هه‌يه ناوى ليبراڵيزمى كوردى بێت يان نا، ڕه‌نگه تۆزێك به‌دواداچوونى بوێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕوونه ئه‌وه‌يه كه ليبراڵيزم به‌شێوه‌يه‌كى تۆكمه بوونى نيه. وه‌ك ئايديايه‌ك ئاماده‌يى نيه به‌رگريى لێبكرێت. لاى كۆمه‌ڵێك ڕۆشنبير به‌رگرى له خه‌باتى پارله‌مانى و كۆمه‌ڵگاى كراوه‌ى پۆپه‌رى و به‌ياساييكردنى ده‌زگاكان هه‌يه، جگه له وه‌رگێڕانى كۆمه‌ڵێك ده‌قى ليبراڵييش كه زياتر نائاگايانه وه‌رگێڕدراون، هه‌روه‌ها كرانه‌وه‌ى زانكۆى ئه‌مريكى و ئه‌هلى و په‌ره‌سه‌ندنى كه‌رتى تايبه‌ت و زاڵبوونى درووشمى ئازادى و يه‌كسانى و بازاڕى ئازاد وه‌ك گوتارى به‌رگريلێكراو، كه‌چى هاوكات كه‌ڵكه‌ڵه‌ى خێڵه‌كى و عيرفانى له‌م ڕۆشنبيرانه و فه‌زاكه‌شدا هه‌يه و ناتوانن ليبراڵێكى ڕه‌سه‌ن بن.
[2] . [Absolute monarchy]
[3]. يه‌عقوبييه‌كان باڵه چه‌پگه‌را و ڕه‌خنه‌گر و تونده‌كه‌ى شۆڕشى فه‌ڕه‌نسا بوون. شۆڕشى فه‌ڕه‌نسى شۆڕشێكى ليبراڵ-بۆرژوازى بوو. يه‌عقوبييه‌كان به‌سه‌ركردايه‌تيى ڕۆبسپێر و له‌ژێر كاريگه‌ريى ئايدياكانى ليبراڵێكى وه‌ك ژان ژاك ڕۆسۆدا بوون-و
سه‌رچاوه:
سيمينارێكى تايبه‌ت كه سه‌ره‌تا ده‌نگ بووه و پاشان خراوه‌ته سه‌ر كاغه‌ز: ملاحظاتى در باب انديشه ليبرال، سايت تز 11.