لیبراڵيزم: دهركهوتن و سهرهتاكانى گهشهكردنى
عبدالرحیم صمایل سلمى/ وەرگێڕانى : ئاسۆ جەمال به فايلى pdf بيخوێنهوه
تێبينى: ئهمه بابهتى يهكهمه له فايلێك دهربارهى ئايدۆلۆژياى ليبراڵيزم. بابهتهكانى ترى ئهم فايله بهنۆره و له سايتى نێگهتيڤهوه بڵاودهبنهوه. ئايا مێژووى جيهان، تاچهنده مێژووى ليبراڵيزمه؟ ئاخۆ بيرى ماركسيزم چ جياوازى و ناكۆكييهكى لهگهڵ ليبراڵيزمدا ههيه؟ ئايا ليبراڵيزم باوك و بنهچهى سهرمايهدارييه؟ ئهمڕۆ و بگره چهند دهيهيهكه كه جيهان و ناوچهكه بهناو قۆناغى نوێى ليبراڵيزمدا تێدهپهڕن، كه ناوى نيوليبراڵيزمه، چۆن بيناسين و ڕهخنهى بكهين؟ فايلهكه سهرهتايهكه بۆ وهڵامدانهوهى ئهم پرسيارانه(نێگهتيڤ)
لیبراڵیزم دەرەنجامى ئەو گۆڕانکاریيە کۆمەڵایەتیيانەیە کە لە سەرەتاکانى سەدەى شانزەوه سەرانسەرى ئەوروپاى گرتەوە، ههروهها سرووشتى گۆڕانکاريیە کۆمەڵایەتى و فيکريیەکانیش وایە کە بەشێوەیەکى قۆناغبەقۆناغ و لەسەرخۆ ڕوودەدەن، هەربۆیە ناتوانین بڵێین لیبراڵیزم وەکو تيۆرێكى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى بەرهەمى بیریارێکى دیاريکراوە، بۆیە چەندین بیریار بەشدارن لە درووستبوون و شکڵپێدانى سرووشتە تایبەتەکەيدا .
کەواتە لیبراڵیزم لیبراڵیزمى (جۆن لۆک و ڕۆسۆ نیە)، وەکچۆن بەتەنيا (جۆن ستیوارت ميڵ)يش خاوەنداريى لێناکات، هەرچەنده یەکێکە لەو بیریارانەى کە بەشداريیەکى بەرچاو و چالاکانەى هەیە لە دیاریکردنى شێوە و تایبەتمەنديیەکانىدا.
زۆرکەس هەوڵیانداوە بۆ دیاریکردنى سەرەتاکانى لیبراڵیزم لەهەندێک لە بوارەکانى دا، بۆنمونە ویکیپیدیاى (لالاند)ـى فەلسەفى پێى وایە: یەکەم بەکارهێنانى وەکو زاراوەیەک لەلایەن حیزبێکى ئیسپانیەوە بووە لەساڵى(1810ز) کە دەیویست لەسەر مۆدێلى ئینگلیزى داخڵى کۆمەڵگاى ئیسپانى ببێت .
هەروەک چۆن(د.وچاح نێر) پێى وایە: " لیبراڵیزم لە بیرى سیاسيى خۆرئاوایى دا بۆ سەرەتاکانى سەدەى حەڤدە دەگەڕێتەوە "
منیر بعلبکى دەڵێت :"(liberalism) لە سەرەتاکانى سەدەى نۆزدەدا وەکو فەلسەفەیەکى سیاسى دەرکەوت، و لەدواى ئەوەوە لەکات و شوێنە جیاوازەکان دا شێوە و شکڵى جۆراوجۆرى وەرگرت".
ئەوەشى لە مێژووى ليبراڵيزمدا هەستى پێدەکرێت ئەوەیە کە وەکو پەرچەکردارێکە بۆ پاوانخوازى کەنیسە و دەرەبەگەکان لە ئەوروپاى سەدەکانى ناوەڕاستدا، کە هۆکار بوون بۆ ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیيەکانى خەڵک، بەتایبەت چینى ناوەند، وە داواکردنى ئازادى و برایەتى و یەکسانى، و ئەمەش بەڕوونى لە شۆڕشى فەڕەنسیدا دەرکەوت.
لەمەشهوە بۆمان دەردەکەوێت ليبراڵيزم بەم شێوەیەى ئێستاى لەگەڵ (ڕێنیسانس) دادەرکەوت و دواتر وردەوردە گەشەدەکات تا دەگاتە ئەمڕۆ، هەرچەنده زۆرێک لە لێکۆڵەران دەیانەوێت ڕەگ و ڕیشەى ليبراڵيزم ببهنەوە بۆ دیموکراسيى یۆنانى (پێنج سەدە پێش زایين)، دواتر ڕەواقیيەکان لە قۆناغە سەرەتاييهکانى دەرکەوتنى مەسیحیيەت و پاشان بزووتنەوەى چاکسازيى پرۆتستانتەکان .
(مونیر بەعلەبەکى) پێى وایە: بزووتنەوەى چاکسازيى ئاینى (پرۆتستانت) تەوەجوهێکى لیبراڵى هەبوو، هەروەک چۆن زاراوەى لیبراڵبوون بۆ ئەو بزووتنەوە پرۆتستانتیانە بەکاردەبرێت کە داواى ئازاديى عەقڵ دەکەن.
على عبدالرزاق زبیدى دەڵێت :"قورسە مێژوویەک بۆ ليبراڵيزم دەستنیشانبکرێت چونکە سەرەتاکانى ڕۆچوون بەقوڵایی مێژوودا، بەڵام (جۆن لۆک) یەکەم فەیلەسوفى سیاسيى لیبراڵیيە.
گەشەکردنى لیبراڵیزم:
لیبرالیزم بەپێى کات و شوێن فۆرمى جۆراوجۆرى وەرگرتووە، مانا و دەلالەتى جیاوازى گەیاندووە، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى لە هەموو فۆرم وکاتە جیاوازەکان دا تەئکیدکردنەوە بووە لە (ئازادى –ئازاديى تاک و دەستوەرنەدان لە ژیانى دا)، و لێرەشهوە دەکرێت ئاماژە بە دوو قۆناغى گرنگ بکەین تیایدا.
قۆناغى یەکە م:
لیبراڵیزمى کلاسیک: (جۆن لۆک) لە دیارترین فەیلەسوفە لیبراڵیيە کلاسیکەکان ئەژماردەکرێت، ئەمەش لە کتێبى (پەیمانى کۆمەڵایەتى)دا دەردەکەوێت سەبارەت بە دنیابینيى ئەو بۆ (دەوڵەت) کە ئەمەش خۆى لە خۆى دا هەڵتەکاندنى بیردۆزەى (مافى خودایى- الحق الالهى) بوو کە کەنیسە پشتیوانيى لێدەکرد، (لۆک) بەوە لە فەیلەسوفەکانى ترى (پەیمانى کۆمەڵایەتى) جیادەکرێتەوە کە پێى وایە دەسەڵات و حکومەت وابەستەیە بە ڕەزامەنديى تاکەکانى کۆمەڵگاوە، تاکەکان دەتوانن ڕەوایەتى لە حکومەت وەربگرنەوە، بەمەش ليبراڵيزم تەرکیزدەکاتە سەر ئازادبوون لە دەستێوەردانى دەوڵەت لە کاروبارى تاکەکان، ئيدى چ لە کاروکردەوەى شەخسىدابێت، یان مافە سرووشتيیەکانىدا بێت یان چالاکیيە ئابوريیەکانى بێت لەژێر بنەما بەناوبانگەکەى (لێىگەڕێ با کاربکات)دا.
(ئادەم سمیس) گەورەزاناى بوارى ئابوريى لیبراڵى، هات و ئەو بۆچوونەى تۆخکردەوە كه (ئازاديى ڕەها لە سەروەت و سامان بەبێ هیچ دەستێوەردانێکى دەوڵەت)، و لێرەشهوە دیموکراسيى سەرمایەدارى خۆى فۆرمەلەدەکات و ئیلهامى خۆى لە ليبراڵيزمهوه وەردەگرێت، بەپشتبەستن بە یەکێک لە شیعارەکانى شۆڕشى فەرەنسى کە دەڵێت (لێىگەڕێ با کاربکات) وەک ئاماژەیەک بۆ (ئازاديى ئابورى)، (لێىگەڕێ با بڕوات) وەک ئاماژەیەک بۆ (ئازاديى سیاسى ).
قۆناغى دووەم:
لیبراڵیزمى هاوچەرخ: ليبراڵيزم لەسەدەى بیست دا گۆڕانى بەسەرداهات لەڕووى پاش و پێشخستن و گرنگيدان بە چەمکێک زیاتر لە چەمکێکى تر، لە کۆتاییەکانى سەدەى نۆزدەدا، زۆربەى لیبراڵخوازەکان زیاتر گرنگى و فۆکەسیان لەسەر مەرجەکانى ئازادى و هەلى یەکسان بوو زیاتر لە هەر مەرجێکى تر، ئەمەش بەوە کۆتایيهات کە تەنها لەوەدا پشتگیرى لە(دەستێوەردانى دەوڵەت دەکەن) کە لەبەرژەوەنديى تاک و خۆسەلماندنى تواناکانی و دڵنیایى ئابورى وکەمکردنەوەى ئازارەکانیان بێت.
ئەم بەرنامەیەش خۆى دەبینێتەوە لە (ڕووبەڕووبوونەوەى بێکارى – یاساکانى لانى کەمى کرێ –یارمەتيدانى بەساڵاچووان–بیمەى تەندرووستى)، لیبراڵە هاوچەرخەکان گرنگيدانى یەکەمیان بۆ ئازادى تاکە، و سورن لەسەر ئەوەى کە پێویستە حکومەت هەموو ئەو بەربەستانە وەلاوهبنێت کە ڕێگرى درووستدەکەن لەبەردەم مومارسەى ئەو ئازادیيانەدا. ئەمڕۆ ئەوانەى کە لایەنگرى شێوازە (کلاسیکيیەکەى) ليبراڵيزمن بە (پارێزكاران/كۆنهپارێزان–المحافظون) ناودەبرێن، و دەبینین گرنگترین خاڵى جیاواز لەنێوان هەردوو تایپەکەى (ليبراڵيزم)دا بریتیيە لە مهوداى دەستێوەردانى دەوڵەت لە ڕێکخستى ئازاديیەکاندا، لە شێوە کلاسیکەکەى لیبراڵیدا دەوڵەت هیچ تەداخولێکى نیە لە سنوردارکردنى ئازاديیەکاندا بەڵکو تەنيا دەیپارێزێت! بەڵام لە ليبراڵيزمى هاوچەرخدا دەوڵەت(لە بەرژەوەنديى تاک دەستێوەرداندەکات) بۆ ڕێکخستنى ئازاديیەکان و لابردنى ئەو ڕێگریيانەى كه ئاستەنگ درووستدەکەن لە بەردەم تاک دا و ناهێڵن چێژ لە ئازاديیەکانى وەرگرێت.
ئەمەش خاڵێکى جەوهەریيە کە پێمان دەڵێت ليبراڵيزم جیاوازە لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکى تر، ههروهها لە فەیلەسوفێکەوە بۆ فەیلەسوفێکى تريش، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى تريش، ئەمەش واى لێدەکات کە تێگەیشتن لێى ئاسان نەبێت هەروەک پێشتر باسمان کرد. ليبراڵيزم لە داهاتووشدا گۆڕانى تر بەخۆیەوە دەبینێت، و گرنگترین ئەو گۆڕانکاريیانەى لێى چاوەڕواندەکرێت گەشەکردنیەتى بەرەو(بەجیهانيبوونى)، کە ئەمەش گۆڕانکاریيەکى زۆر ترسناکە، کەدواتر باسى دەکەین .
بوارەکانى ليبراڵيزم:
بوارەکانى ليبراڵيزم جۆراوجۆرن بەپێى چالاکیەکانى مرۆڤ، لەبەرئەوە ليبراڵيزم چەمکێکى گشتگیرە و پەیوەستە بە ئیرادەى مرۆڤ و ئازاديیەکانيهوە، بۆ بەدیهاتنى ئەم ئیرادەیەى هەموو چالاکیەکانى مرۆڤ دەشێت جۆرێک لە ليبراڵيزم لەخۆبگرێت.
" ليبراڵيزم لاى وایە کە ئازادى ئهسڵى مرۆڤایەتيیە و لە قووڵایى مێژووەوە سەرچاوەى گرتووە، و باشترین دەرمانى هەموو کەموکوڕی و ناڕەحەتى و کەمایەسیەکانێتى، و گرنگترینى ئەم بوارانەش بوارى سیاسى و ئابوريیە.
یەکەم ، لیبراڵیزمى سیاسى:
لە ویکیپیدیاى (لالاند) بۆ فەلسەفەدا هاتووە:"لیبراڵيزم مەزهەبێکە کە واى دەبینێت تا دەتوانرێت دەبێت دەسەڵاتى یاسادان و دەسەڵاتى دادوەرى سەربەخۆبن لە دەسەڵاتى جێبەجێکردن، و ئەوپەڕى گهرهنتيى مافى هاوڵاتیان بکرێت لەبەرامبەر دەسەڵات دا".
هەروەک (منیر بعلبکى)دەڵێت :"لیبراڵیزم ئەو فەلسەفە سیاسیيەیە کە لە ئەوروپا و لە سەرهتاکانى سەدەى نۆزدەدا دەرکەوت. ئهويش دژى دامەزراوە سیاسى و ئاینيیەکانى ئەوکات کە سنوریان بۆ ئازاديیەکانى تاک دادەنا و کۆتیان دەکرد. ههروهها ليبراڵيزم مرۆڤ بە بوونەوەرێکى چاکەخواز و ئاقڵ دادەنێت، و داوادەکات کە مافى ڕادەربڕین و بوارى یەکسانى بۆ بڕەخسێت.
ئەو دیموکراسیەتەى کە لە سیستمە لیبراڵەکاندا کاردەکات بۆ بەدیهاتنى مافەکانى تاک جۆرێکە لە پراکتیزەکردنى زانستیانەى لیبراڵیزم، هەروەک دکتۆر (حازم بیلاوى) دەڵێت :"خاڵى سەرەتا لە بیرى لیبراڵیزم دا تەنيا داواکردنى دیموکراسیەت نیە بەماناى بەشداريى ڕاستەخۆى خەڵک لە دەسەڵاتدا، بەڵکو خاڵى سەرەتا ئەوەیە کە بیرێکى تاکگەرا و فەردانیيە کە واى دەبینێت کۆمەڵگا بریتيیە لە کۆمەڵێک تاک کە هەرکەس بۆ ئەوە کاردەکات خۆى بسەلمێنێت و ئامانجە تایبەتیيەکانى بەدى بێنێت".
دیموکراسیەت وەکو سیستەمێکى سیاسى کۆمەڵێک( ئازاديى بەخشیوە) بۆنمونە: ئازادى خۆکاندیدکردن، ئازاديى بیرکردنەوە و دەربڕینى بیروڕا، ئازادى لە دەربڕینى ناڕەزایەتى، هەروەک کۆمەڵێک (گهرهنتیشى)داوە کە ڕێگرن لە دەستدرێژى بۆسەر تاک و ئازاديیەکانى، وەک: گهرهنتیکردنى بێتاوانيى تۆمەتبار تا ئهوكاتهى تاوانەکەى بەسەردا ساغدەبێتەوە، گهرهنتیکردنى لێکۆڵینەوەى بێلایەنانە، گهرهنتیکردنى جێبەجێکردنى سزا بەبێ زیادوکەم، مافى بەرگرى لەخۆکردن.
ئهو شۆڕشانهى کە لەژێر کاریگەريى بیرى لیبراڵدا ڕوویاندا هۆکاربوون بۆ درووستبوونى جۆرێک لە حکومەت کە پشت بەدەستورێک دەبەستن کە جەماوەرەکەیان ڕەزامەنديیان لەسەرداوە، و قبوڵکردنى چەندین بەڵگەنامە سەبارەت بەمافەکانى مرۆڤ لە بوارەکانى ئازاديى بیروڕا و ڕۆژنامەوانى و ئازاديى ئاین، و هەروەها هەوڵێکیش بوو بۆ ڕێگریکردن لەخراپبەکارهێنانى دەسەڵات لەلایەن پۆلیس و دادگاکانەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ليبراڵيزم داواى ئازاديى زیاتر لە سیستهمە دیموکراسیيەکان دەکات، و داواى کەمکردنەوەى سانسۆرەکانى حکومەت دەکات تا تاک بتوانێت باشتر مومارهسەى ئازاديیەکانى خۆى بکات. هەروەک (هێربهرت سبنسهر) دەڵێت: "پێویستە کارى دەوڵەت تەنها لە پۆلیس و دادگاکان و بەرگرى لەدژى مەترسيى دەرەکيدا چڕبکرێتەوە و هیچى تر".
لێرهوە بۆمان دەردەکەوێت کە بەپێى سیستەمى لیبراڵیزم کارى دەوڵەت تەنها پاراستنى کۆمەڵگایە بە شێوەیەکى گشتى، ئەمە بیروباوەڕى لیبراڵیيە کلاسیکیەکان بوو، کە ئێستا لە ليبراڵيزمى هاوچهرخدا(نیولیبرالیزم) بوونى نەماوە چونکە نیولیبراڵەکان تەرکیزیان لەسەر دەوڵەتە بۆ گەیشتن بە ئازاديیەکانى تاک! لەکاتێکدا لە ليبراڵيزمى کلاسیکدا دەوڵەت بێلایەن بوو ئەگەر دەرەنجامهكه هەرچۆنێک بوایە لەسەرتاک .
لیبراڵە کلاسیکەکان لەگەڵ (دیموکراسيخوازەکانیشدا) لەوەدا جیاوازبوون کە ئایا کێ مافى یاسادانانى گشتيى هەیە، چونکە هەرچى (دیموکراسيخوازەکان)ـە پێیانوابوو کە زۆرینە مافى دانانى یاسا و بڕیاردان و گرتنەدەستى دەسەڵاتى هەیە، بەڵام لیبراڵەکان تەنها گرنگييان بە (پاراستنى تاک) دەدا لەبەرامبەر ناڕەحەتیيەکاندا، لەکاتێکدا ئەوە کارى بێ چەندوچونى قانون بوو کەبەناوى زۆرینەوە یاساى توندى بەسەر هەمووان دا دەسەپاند، ئەمەش خاڵى ناکۆک و دژى نێوانیان بوو.
بەڵام ليبراڵيزم لە واقيعى ئێستاى هاوچەرخدا تەواو گۆڕاوە لەچاو ڕابردوودا، لێرەوە دەتوانین ڕوانگەى (لیبرالیزمى نوێ-نیولیبرالیزم) و جیاوازیەکانیان بزانین بەراورد بە ڕوانگەى کۆنیان و هۆکارى ئەو گۆڕانکاريیە ڕیشەییە و پاساوەکانیشيان.
لیبراڵە نوێیەکان پێیانوایە: "کە (لیبراڵیزمى تەقلیدى-کلاسیک) ناتوانێت هاوشانى ئەو گۆڕانکاريیە گەورانە ڕێبکات کەجیهان بەخۆیەوە بینیوە کە ئەمەش هۆکارى لەدایکبوونى لیبراڵيزمى نوێیە و بەمەش لیبراڵیەتى نوێ خۆى لەگەڵ کۆمەڵگا و جیهانى نوێدا دەگونجێنێت، کە ئەویش لیبراڵیەتى دواى جەنگى دووەمى جیهانيیە.
جیاوازیەکانیشيان لەمەڕ پەیوەنديیەکانیان بە سیاسەتەوە ئەمانەیە:
ڕۆڵى دەوڵەت لاى ڕوانگەى نوێى (نیولیبراڵیەکان) گەورەترە، دەڵەت ڕۆڵى نچينهيى هەیە سەبارەت بە دیاریکردنى چوارچێوەى یاسایى دامەزراوە ئابوریيەکان، و بەشێوەیەکى گشتى بیریارە (نیولیبراڵەکان) ئەم خاڵانەیان دیاریکردووە بۆ ئەوڕۆڵەى کەپێویستە دەوڵەت پێى هەستێت:
1. دەوڵەت هەموو هەوڵى خۆى بەکاردەخات دژى هەڵاوسان و داشکاندنەوە لەکایەى ئابورىدا.
2. سنوردانان بەشێوەیەکى ناوەندى بۆ قۆرخکارى .
3. تەنها ڕێگا بەو جۆرە لە قۆرخکارى دەدات کە ناکرێت بدرێتە کەرتى تایبەت.
4. لەئەستۆگرتنى خزمەتگوزاريى گشتى.
5. دابەشکردنى دەرفەت و داهات بەیەکسانى.
6.جێبەجێکردنى (پلانى کارتێکەر) لەپێناوى کەمکردنەوەى ئەو مەترسیانەى کە ڕەنگە ڕووبدەن.
7. جێبەجێکردنى پلانى ناوەندى، کاتێک پێویست بێت بۆ گۆڕانکاريیەکى ڕیشەیی.
8. دەستێوەردان لەو کاتەوهى کە هەڵەیەکى (میکانیکى) لەبازاڕدا درووستدەبێت .
دووەم، لیبرالیزمى ئابورى:
"ڕێبازێكى ئابوريیە کەپێى وایە نابێت دەوڵەت وەزیفەى ئابورى ڕاپەڕێنێت، هەروەک ناکرێت دەوڵەت وەزیفەى بازرگانيى هەبێت و دەستوەربداته پەیوەندبى ئابوربى نێوان تاک و چینەکان لەلایەک و، نێوان نەتەوەکان لە لایەکى ترەوە، بەمەش دەوترێت لیبراڵیزمى ئابورى".
هەروەک تێبینى دەکرێت ئەم پێناسەیە بەسەر "لیبراڵیزمى کلاسیک"يشدا جێبەجێ دەبێت، پێش ئەوەى گۆڕانکاريى گەورەى بەسەردابێت لە( نیولیبراڵیزم)دا.
وەک (بعلبکى) دەڵێت :"لیبراڵیزم بەو سیاسەتە ئابوريیە دەوترێت کە لە سەدەى نۆزدەدا گەشەيکرد لەژێر ڕۆشنایى بیروباوەڕەکانى (ئادەم سمیس)دا، کە جەختى لەسەر ئازاديى بازرگانى و ئازاديى کێبەرکێ دەکردەوە، و دژى دەستێوەردانى دەوڵەت بوو لە کایەى ئابورىدا".
لیبراڵیزمى ئابورى و سیاسى زۆر بەتوندى پێکەوە گرێدراون! لیبراڵەکان پێیان وایە ئەو حکومەتەى کە کەمترین دەستێوەردانى هەیە باشترینە، و هەروەها پێشیانوایە ئابورى خۆى خۆى ڕێکدەخات، ئەگەر دەستێوەردانى تێدا نەکرێت و ئازادبێت، ئهوا ڕێوشوێنەکانى حکومەت هیچکات پێویست نین.
دیارترین سیستەمى ئابوريى لیبراڵى بریتیيە لە "سیستەمى سەرمایەدارى" کە لەسەر بیروڕاکانى ئابوريناسى سکۆتلەندى (ئادەم سمیس) و کتێبە ناودارەکەى (سامانى گەلان )خۆى بیناکردووە، و ئازاديى هاتوچۆى پارەوجموجوڵى بازرگانى کە لیبراڵیزم داوايدەکات، و ئازاديى کارکردن و ئازاديى بەستنى گرێبەستى بازرگانى، ئازاديى ئەنجامدانى هەر پیشە و چالاکیيەکى ئابورى بەپشت بەستن بە یەکێک لە درووشمه بەناوبانگەکانى شۆڕشى فەرەنسى ( لێىگەڕێ با کاربکات، لێى گەڕێ با بڕوات).
ئەوەى کە حوکمى یاساکانى ئابورى دەکات لەم سیستەمەدا تەنيا (خواست و خستنەڕووە) بەبێ هیچ دەستێوەردانێکى حکومى یان دەستێوەردانى (سەندیکاکانى کرێکاران). کرێکار ئازادە لەوەى کاربکات یان کار جێبهێڵێت، هەروەک خاوەنکاریش ئازادە لەوەى چەند کرێکارى دەوێت بەکرێى بگرێت بەو کرێیەى کە خۆى دەیەوێت!
بەڵام هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد چەمکى لیبراڵ زۆر گۆڕانى بەسەردا هاتووە و لیبراڵیزمى نوێ لەدواى جەنگى دووەمى جیهانييهوه بەهۆى ئەو داڕووخانە ئابوری و وێرانکاریيەى بەهۆى جەنگ لەلایەک و، چڕبوونەوەى سەرمایە و قۆرخکاريى پیشەسازیيە گەورەکان لەدەستى چەند کەس و گرووپێکى کەمدا و ڕووخانى یاساى ئاڵوگۆڕى دراو بە زێڕو (شۆڕشى کرێکاران ) لەئەڵمانیا، ئەمە وایکرد حکومەتەکان دەستێوەردان بکەن بەمەبستى بوژانەوەى ئابورى. ئایدۆلۆژیاى لیبراڵیزمیش گۆڕانى بەسەرداهات بەوەى کە گرنگە حکومەت دەستوەربداتە بازاڕ و ڕێکيبخات .
خاوەنى کتێبى (اللیبرالیە المتوحشە - بەربەریەتى لیبراڵیزم) چۆنیەتيى دەستێوەردانى دەوڵەت بەمەبەستى بوژانەوەى ئابورى و چاکكردنى بازاڕ ڕووندەکاتەوە و بە گرنگى دەبینێت، لێرە بەدواوە وردەوردە خۆرى لیبراڵیزمى کلاسیک ئاوادەبێت. ئەو بیروبۆچوونە پوچيى خۆى سەلماند کە دەیوت " بازاڕ خۆى خۆى ڕێکدەخات"، بەمەش بووە هۆى دەرکەوتنى لیبراڵیزمى نوێ بەخێرایى، هەرچەند(نیولیبراڵیزم)يش کێشەکانى چارەسەرنەکرد و بگرە بەهەمان شێوە گەشەى ئابورى پاشەکشەيکرد؛ ڕێژەى بێکارى لە هەڵکشانى بەردەوامدا بوو، ڕێژەى بەرهەمهێنانیش نزمترین ئاستى تۆمارکرد .
ڕەنگە گرنگترین بەرەوپێشچوونى ليبراڵيزمى هاوچەرخ بریتی بێت لە "لیبراڵيزمى جیهانگیرى" کە لە گرنگترین دەلالەتە فيکریيەکانى گەڕانەوەیە بۆ "لیبراڵیزمى کلاسیک"! لە گرنگترین نيشانهكانى جیهانگیرى بریتيیە لە کەمکردنەوەى دەستێوەردانەکانى حکومەت لە هاتوچۆى پارە لەنێوان سنورە سیاسیبەکان دا، ئەمەش بەمەبەستى بەدەستهێنانى زۆرترین قازانج.
لە ئێستادا ئابورى بووە بە هۆکارێکى سیاسيى گرنگ بۆ چەسپاندنى هەژموونى سیاسى و گواستنەوەى كهلتور و ڕۆشنبیرى لەنێوان گەلاندا. لەبەر ئەوە "بەهێزترین لەبوارى ئابورى دا بەهێزترینیشیانە لەکایەى سیاسىدا"، بۆیەشه وڵاتانى خۆرئاوایى باوەڕى تەواویان بەو فەلسەفەیە هەیە، بەچاوى خۆیان شوێنەوارى سیستەمى سەرمایەداريیان لەسەر گەلانى هەژار بەدیکردووە! کە چۆن دەتوانن لەڕێگاى گەمەیەکى ئابوريیەوە دەوڵەتێک بخەن، ئەویتریان لاوازبکەن، و ڕەگوڕیشەى فيکريى (جیهانگیرى) ئەوەیە کە چۆن سەروەرى دەوڵەتەکان بەسەر سنورەکانی و هاوڵاتیيەکانيدا نەهێڵن، هەروەک چۆن ناتوانێت هیچ کۆنتڕۆڵێکى بەسەر کایەى ئابوريیەکەشيدا هەبێت.
سەرۆکى بانکى ناوەندى (ئەڵمانى)، (هانس تیتمار) لە شوباتى 1996 دالە "يانهى ئابوريى داڤۆس "دەڵێت: زۆربەى سیاسیيەکان تائێستاش نازانن کە لەئێستا بەدواوە ئەوان لەژێر چاودێريى بازاڕى دراودان، و لەژێر هەژموونى بازاڕدان. سەرکردەکانى جیهان لەقۆناغى داهاتووى (جیهانگیرى)دا خاوەن پارە و خاوەن دامەزراوە ئابوريیە زەبەلاحەکانن نەک سیاسیەکان!.
ههروهها (جیهانگیرى) لەسەر تيۆر و بیردۆزەیەکى ئابوريى دامەزراوە کە کۆمەڵێک زانا و ئابوریناس و ڕاوێژکارن و ڕێنمایىدەدەن بە سیاسیەکان کە باشترین پێڕۆى ئابورى بريتييه له (نیوڵیبرالیزم) کە ئهويش درووشمهكهى بریتیيە لە (ئەوەى دەرهەنجامی سرووشتى بازاڕە ئەوا باشە–بەڵام ئەوەى دەرەنجامى دەستێوەردانى دەوڵەتە زۆر خراپە).
سهرچاوه: