A+    A-
(2,652) جار خوێندراوەتەوە

 

موقەدەس و شیعر

چۆن شیعر موقەدەس بەرهەمدەهێنێت و موقەدەسيش شیعر؟                                                   به‌ فايلى pdf بيخوێنه‌وه‌

 

 

زه‌رده‌شت نوره‌دين

 

 

 

ئایدیای "موقەدەس" هەمیشە یەکێک بووە لە ئایدیا بنچینیەییەکانی ژیانی مرۆڤ، کە لە فۆرمەکانی خودا، کات، شوێن، شت و هەندێجار لەکەسەکانيشدا مانیفێست‌بووە و ڕۆڵ‌وکارکردێكی حەیاتيی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگایی و هەروەها ڕێخستنی پەیوەندییەکاندا هەبووە. موقەدەس بەهێزترین و سەخترین ئایدیای مرۆڤ بووە. بەو مانایەی ڕەنگە تاکە ئایدیا بێت کە بەهەمان شێوە وەک خۆی بەگرنگی ماوەتەوە، سەرەڕای چاخە جیاوازەکان.

ئایدیای موقەدەس لە هەموو ئوستورەکان و دینە سەرەتاییەکان و دینە هاوچەرخەکاندا هەبووە و هەیە. هزر و کرداری موقەدەس لە ئوستورە و دینەکاندا هەبووە و هەیە و کرۆکی سەختی هێشتنەوەیان بووە. بە مانایەکی تر ئایدیای موقەدەس لە ڕێگەی هزر و کرداری موقەدەسەوە خۆی پاراستووە و درێژەی بە خۆی داوە و هاوکات میدیۆمەکەی خۆيشی هێشتۆتەوە و پاراستوویەتی. بۆ نمونە؛ دین موقەدەسی پاراستووە و هێشتویەتيەوە و موقەدەسیش دینی پاراستووە و هێشتوویەتییەوە. واتە پەیوەندییەکی دوولایەنە لە نێوان  ئايدیای موقەدەس و فۆرمی دەرکەوتن یان مانیفێستبوونەکەیدا هەیە.

دابەشکاريی تەواوی جیهان بەسەر موقەدەس و ناموقەدەسدا لە ئیمێل دورکايمەوە دەستپێدەکات، هەرچەندە پێش دورکایم، لە ناو دینەکان و ئوستورەکاندا جیاکاريی نێوان موقەدەس و ناموقەدەس هەیە بەڵام وەک توێژینەوە لە دین لە دورکایمەوە دەستپێدەکات. لێرەدا ناکرێت باس لە هەموو ڕوانگەکان لەمەڕ موقەدەس بکرێت کە بە درێژايی مێژوو لەلای تیۆلۆژیستەکان، فەیلەسوفەکان و دینناسەکان و .... هتد گەڵاڵە بووە. بەکورتی ئاماژە بە چەند ڕامانیک لەسەر چەمکی موقەدەس دەکەین.

ڕۆدڵف ئۆتۆ، دین لەڕێگەی موقەدەسەوە پێناسەدەکات و پێی وایە دین ئەزموونێکی سەرسوڕهێنەرە لە حزووری هێزێکی موقەدەسدا شێوەوەردەگرێت و درووستده‌بێت. ئۆتۆ سۆنگەیەکی خودی و سوبێکتیڤ بە شێوەوەرگرتنی دین دەبەخشێت کە پتر  ڕۆمانتیکە. ئۆتۆ لە کتێبی "ئایدیای موقەدەس"دا، لینکێک لە نێوان ترس، خۆشەویستی، حەپەسان و ڕێزدا درووستدەکات و ئەو کۆهەستەی کە لەبەرانبەر هێزێکی نادیاردا درووستدەبێت، ئەوا ئەوە ئەزموونی هێزی موقەدەسە. ئەزموونکاری ئەزموونی موقەدەس لەڕێگەی ئەو کۆهەستەوە لە بەرانبەر موقەدەسدا(هێزە نادیارەکە) هەست بە جیاوازییەکی بنەڕەتيی ئۆنتۆلۆژی لە نێوان خۆی و موقەدەسدا دەکات. موقەدەس بە شێوەیەکی دەرەگەردوونی، سەرووسروشتی و دەرەزانین خۆی نمایشدەکات. ئەزموونکاری ئەزموونی موقەدەس هەست بە بچوکی و ڕاگوزه‌رى و هیچێتيی خۆی لە ساتی ئەو ئەزموونەدا دەکات. بەم پێیەش ئیدی هەرگیز دەرفەت و ئیمکانی هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوەی ڕەخنەيیانە لە موقەدەس بۆ ئەزموونکاری ئەزموونی موقەدەس ڕوونادات. بۆیە هەمیشە موقەدەس فۆرمێک لە نهێنی و هێز و مەزنێتيی ئەبەدی وەردەگرێت کە ناکرێت ڕەخنە بکرێت یان هەڵسەنگێنرێت.

موقەدەس لە ڕوانگەی میرچا ئەلیادەدا تا دواسنوری خۆی درێژدەبێتەوە و فراوان دەبێت. لە ئۆتۆ فروانتر لە موقەدەس دەڕوانێت و پانتایی موقەدەس بە قەد پانتایی بیرکردنەوەی مرۆڤ فراواندەکات. بەم پێیەش دەکرێت بڵێین موقەدەس لە هەموو فۆرمەکانی ئوستورەدا هەیە کە خۆی لە ڕەمز یان دەق یان ڕیتوال یان کەلتور و ... هتد خۆی بەرجەستە بکات. موقەدەس دەبێتە ئایدیایەکی بێ‌شوێن و بێ‌کات کە لە هەموو کات و شوێنێکدا هەیە و پەیوەستە بە ڕوانگەی بینەری جیهانەوە واتە بۆ کەسی موقەدەسدۆست هەموو گەردوون بە جۆرێک موقەدەسە و دەتوانێت لە هەموو پنتێکی گەردووندا موقەدەس بدۆزێتەوە و ڕاڤەی بکات. لە ئەنجامی ئەم قسانەوە دەشێت پێناسەیەکی گشتگیری موقەدەس بکەین؛ موقەدەس بریتيیە لە هەر ئایدیایەک، شتێک، پەیوەندییەک، یان کاتێک کە لەسەروو سنوری هزراندن و بیرکردنەوەی مرۆڤەوە بێت و بۆی نەبێت ڕەخنەی لێبگرێت یان ڕەتی بکاتەوە، لەبەر ئەوەی لەبنەڕەتدا لەسەر بنچینەی کامڵی و بێخەوشی بنیاتنراوە. بۆیە دەشێت تەنیا بەرز ڕابگیرێت و ستایش بکرێت. بەدەربرینێکی تر موقەدەس پانتاییەکە کە دەشێت تەنیا بگێڕدرێتەوە و پیشانبدرێت و بگوازرێتەوە بۆ ئەوی دی، نەک شیبکرێتەوە یان هەڵسەنگێنرێت یان هەڵبوەشێتەوە. بەو پێیەی موقەدەس بەرییە لە خه‌سڵەت و تایبەتمەنديی مرۆڤانە، ئەوا  هەمیشە سەروومرۆڤ پیشاندەدات واتە موقەدەس گوزارشت لە لایەنە جاويدانی و ئەبەدییەکەی مرۆڤ دەکات.

پەیوەنديی نێوان خودا موقەدەس پەیوەندییەکی دوولایەنەیە و بەیەکدی کاریگەرن و یەکدی تۆخدەکەنەوە و یەکدی ڕێکدەخەن. بەڵام چەمکی موقەدەس لە چەمکی خودا فراوانترە لە دیندا، بە شێوەیەک هیچ دینێک نییە موقەدەسی تێدا نەبێت و موقەدەس و ناموقەدەسی لێک جودا نەکردبێتەوە. بەڵام دەشێت دین هەبێت خودای تێدا نەبێت یان بانگەشە بۆ خودا نەکات و گرنگی بە چەمکی خودا نەدات بەڵام هیچ دینێک نییە کە گرنگی بە چەمکی موقەدەس نەدات و سنورەکانی موقەدەس و ناموقەدەسی لێک جودا نەکردبێتەوە ئەگەرچی بە کاڵیيش بێت. چەمکی موقەدەس فراوانترین چەمکە لە دیندا کە دەشێت هەموو چەمکە دینییەکانی تر لەخۆبگرێت. ده‌توانین بڵێین موقەدەس ستراکتوری گەردوونيی هەموو دینەکانە و هەوەها پنتی سەرەتایی و خاڵی دەسپێک و جووڵەی درووسبتوونی هەموو دینەکانە. موقەدەس پانتاییەکە کە خودا جۆراوجۆرەکان تێيدا لەدایکدەبن و درووستده‌بن.

میکانیزمی ئەزموونيی "تاقیکردنەوە و هەڵە" هەمیشە گرنگترین ئامراز بووە بۆ تێگەشتن و ناسينى دەوروبەر بە مەبەستی مانەوەی جۆر. غەریزەی مانەوە بنەڕەتیترین پاڵنەری گەڕان و ئەزموونی جۆربووە و لە ڕێگەی زانین و کەڵەکەبوونی ئەزموونەوە مانەوەی خۆی مسۆگەرکردووە. پانتایی تاقیکردنەوە و پاشان درووستبوونی ئەزموون، زیندووترین و بەردەستترین پانتایی کرداری مرۆڤ بووە. پاش ئەمە پانتایی بەراوردکاری  و قیاس و بیرکردنەوەی هزريیانە گرنگيی خۆی هەبووە. مرۆڤ لەسەرەتاکانی ڕامانەوە بە هۆی هەلو‌مەرجی ماتریاڵی و هۆشیارییەوە نەیتوانیوە لە برگەی مێژووی خۆی و تەمەنی مرۆڤایەتی زیاتر هەڵکشێت بۆیە سەیر نییە کە سەرەتاکانی ئەزموونی ڕامانی مرۆڤ تەنراوە بە موقەدەس. هۆکاری ئەوەی کە پانتایی موقەدەس هه‌ر لەبنچینەوە لە پانتایی ناموقەدەس جیاوازە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو  کرۆکە نهێنیئامێز و نەزانراوەی دیاردە ڕۆژانەییەکانی مرۆڤ. مرۆڤ لەڕێگەی میکانیزمی ئەزموونيی "تاقیکردنەوە و هەڵە" نەیتوانیوە هەموو شت بخاتە ناو پانتايی ئەزموونی تاقیکارییەوە. لەبەرانبەر ئەزموونی تاقیکاریيدا ئەزموونی موقەدەس قوتدەبێتەوە و بە تاقیکردنەوەدا ناڕوات و نەفيی ئەزموونی تاقیکاری دەکات. بەڵام خه‌سڵەتی ئەزموون وەردەگرێت واتە ئەزموونێکی بێ‌تاقیکردنەوە. ئەزموونێک کە بە تاقیکردنەوەی هەستە مەلموسەکانی مرۆڤدا ناڕوات و نابێت بە بەشیک لە ئەزموونی "تاقیکردنەوە و هەڵە". بۆیە هەر لەبنەڕەتەوە ئەزموونی موقەدەس سەر بە پانتاییەکی جیایە لە پانتایی مرۆڤانە ئەگەرچی لە جیهانی مرۆڤەکاندا بەرجەستەدەبێت بەڵام ئەو نامرۆڤانەيیەی خۆی دەپارێزێت. ئەزموونی موقەدەس ئەزموونێکی بان‌سرووشتی و دەرەزانینی مرۆڤە و شێوە نهێنییەکی ئەزەلی وەردەگرێت. نهێنیيەک کە بۆ دۆزینەوەى نهێنی نییە. نهێنیەک کە کرۆکی نەزانراوییە و مومکین نییە بزانرێت. بە مانایەک موقەدس بە زمانی "کانت" بريتييه له شت لە خۆ-دا واتە نومێنەیە. لەم سۆنگەوە تەنیا دەتوانین دەرکەوتە و ڕواڵەت و مانیفێست‌بوونەکانی نومينه بزانین و هەرگیز ناتوانین خودی نۆمينه بزانین و ئەم نەزانینەش پەیوەست نییە بە هەلومەرجی ماتریاڵی و هۆشیاریی مرۆڤەوە و پابەندی ئاستی گەشەی زیرەکيی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و کەرەستەکانی زانینەوە نییە. بەڵکو ئەم نەزانینە خه‌سڵەتی ناوەکيی خودی نۆمينەيه کە نایەتە ناو زانینەوە و بۆ هەمیشەش دەرەزانین دەمێنێتەوە. وشەی نۆمينه لەبنەڕەتدا وشەیەکی لاتینییە و گوزارشت لەو هێزە خودایی یان ڕۆحانییە دەکات کە دەست بەسەر شت یان گەردووندا دەگرێت. پاش کانت ڕودۆڵف ئۆتۆ وشەی نومینۆس کە لە نۆمينەوە وەریگرتووە و بە مانای ئەزمونی موقەدەس بەکار دەبات. ئەمانەش ئەوە دەردەخەن کە موقەدەس لە بنەڕەتدا نەزانراوە و نهێنیيە، نهێنيی ئەزەلی. ڤیتگنشتاین دەڵێت "شتێک کە نەکرێ قسەی لێوە بکرێت دەبێت له‌باره‌يه‌وه‌ بێدەنگ بیت" لەبارەی نۆمينەوە ناکرێت قسەبکرێت کەواتە دەبێت بەرامبەری بێدەنگ بین. نۆمينه لەبنەڕەتدا نەزانراوێكی ئەبەدییە و نابێت لە بارەیەوە بدوێین لەبەر ئەوەی لەبارەی شتێکەوە کە نەزانین  چییە بدوێین ئەوا بەزۆرترین ئەگەر هەڵە دەکەین. بەم پێیەش نازانرێت موقەدەس چییە و هەر لەسەرەتاوە پێش ئەوەی مرۆڤ بزانێت موقەدەس چییە دەبێت ئەوە بزانێت کە نازانێت موقەدەس چییە. لێرەوە موقەدەسدۆست لەبەرانبەر موقەدەسدا هەموو جۆرە ئیمکانی بیرکردنەوەی لێ ‌زەوتدەکرێت و بۆی نییە بیری لێبکاتەوە و دەبێت موقەدەس وەک خۆی چۆن دەگێڕدرێتەوە بەو شێوە وەری بگرێت. م وقەدەسدۆست هەست بەوە دەکات کە ئەو لە پێگەیەکدا نیە بزانێت موقەدەس چییە بەڵکو دەبێت ئەو لە ئەزموونی موقەدەسدا سەرسام  و مەست بێت و هەست بە ترس و ڕازئامێزی و نهێنییەکی گەورە بکات کە ئەو نایزانێت چیە.

لەدەرەنجامدا موقەدەس فۆرمێکی ناڕەخنەیی وێنەیی نمایشی وەردەگرێت. موقەدەسدۆست تەنیا دەتوانێت هەستی پێبکات وەک خۆی.

سنوری موقەدەس و ناموقەدەس بە شێوەیەکی بنەڕەتی دوو جۆر پانتايی بوون لەیەک جیادەکاتەوە؛ پانتايی موقەدەس و پانتايی ناموقەدەس. هەرکام لەم پانتايیانە تەواو لەویدی جیایە و  هاوکات پێوەی بەندە و هیچیان بەبێ ئەویتریان مانا نابەخشێت و هەردووکیان پێکەوە ڕۆڵ‌وکارکردی یەکتر تەواودەکەن. موقەدەس هەمیشە پێویستی بە ناموقەدەسە بۆ ئەوەی خۆی وەک موقەدەس بە گوێرەی ئەو پیشان بدات و ناموقەدەسیش هەمیشە پێویستی بە موقەدەسە بۆ ئەوەی پەیوەندییە ناوخۆیەکانی خۆی پێ‌ ڕێکبخات. موقەدەس ڕێکخەری پانتايی ناموقەدەسە.

موقەدەس لەبنەڕەتدا بریتیيە لە فۆرم. فۆرمێکی تۆکمەی بەهێزی ناڕەخنەیی. بەدەربینێکی تر هیچ شتێک خوی لە خۆیدا موقەدەس نیە، بەلکو هەرشتێک لە کۆپەیوەندییەکدا، کە فۆرم دەیچنێت موقەدەس دەبێت و کۆپەیوەندییەکە لەسەرەتادا ناوەکی نییە و دەرەکییە و فۆرم دەیچنێت بەڵام پاش ئەوەی موقەدەس بوو ئەوا ئەو خه‌سڵەتە ڕوویەکی ناوەکیيش وه‌ردەگرێت و ئەمە ناکۆک نییە لەگەڵ ئەوەی کە هەموو ئوبێکت و شتێک پۆتانشێڵی ئەوەی تێدایە ببێت بە موقەدەس و ئەم پۆتێنشاڵەش دیسان ناوەکی نیە و پەیوەنديی بە چییەتی و کواڵیتيی شتەکەوە نیە. بە دەربڕێنێکی تر موقەدەسبوون پێش ئەوەی کواڵیتيی ئوبێکت بێت بریتییە لە کۆپەیوەنديی ئەو ئۆبێکتە لەگەل ئۆبێکتەکانی تردا . پاشان مانای ڕەمزی وەردەگرێت. بۆ نمونە بەرد لە خودی خۆیدا موقەدەس نیە و ئیمکانی موقەدەسبوونی بەردەکە کاتێک ڕوودەدات کە ئەو بەردە دەچێتە نێو کۆپەیوەندییەک و لەو کۆپەیوەندییەدا فۆرمی موقەدەس وەردەگرێت و دەبێت بە موقەدەس. موقەدەسبوونی ئەو بەردە لە خودی بەردەکەدا نیە و بەڵکو لەو ئاماژە و دەلالەتە ڕەمزیيانەدایە کە بەردەکە لە کۆپەیوەنديیەکەدا وەریگرتووە. بەردەکە دالێکە بۆ دالێکی تری موقەدەس. بەم پێیەش پانتايی موقەدەس پانتاییەکی نیشانەناسیانەیە و لە واقیعدا خۆی ئەکچواڵ و بەرجەستەدەکات.

موقەدەس جورێکە لە گوتار. گوتارێک کە زمانێکی تایبەت بە خۆی بەرهەم دێنێت. کرۆکی موقەدەس لە زمانی موقەدەسدایە. موقەدەس لە پانتایی دەرەکیيەوە دەستپێدەکات و لە زمانی موقەدەسدا کۆتایی پێدێت واتە موقەدەس کە لە زماندا فۆرموڵە بوو ئەوا دەگات بە کۆتایی ڕەمزیبوونی و لە زمانەوە ئەزموونی موقەدەس دەستپێدەکات. زمانی موقەدەس فۆرمێکی دەربڕینە کە موقەدەسە و گوتاری موقەدەس بەرهەمدێنێت. بەشێک لە پانتایی نمایشکردن و دەرکەوتنی موقەدەس زمانە.

زمانی موقەدەس، زمانێکی ناڕەخنەیی خۆسەپێنی توندوتیژی موتڵەقە. زمانێکە هەموو بوون ڕادەکێشێتە ناوخۆیەوە و لە خۆیەوە لە هەموو شت دەڕوانێت. پەیوەنديی نێوان زمانی موقەدەس و پانتایی دەرەوەی موقەدەس پەیوەندییەکی تاکلایەنەی ناوەکییە واتە زمانی موقەدەس هەموو شتێک لە هەناوی خۆیدا ڕێکدەخات و  دەیچنێت بە پانتایی ناموقەدەسیشیەوە، بەم پێيەش زمانی موقەدەس زمانێکی موتڵەقە.

لەبنچینەوە موقەدەس و ناموقەدەس جیان و موقەدەس سەر بە پانتايی ئەودیو مرۆڤ یان سەروومرۆڤە و مرۆڤ ناتوانێت لە چوارچێوەی موقەدەسدا لە چییەتی موقەدەس تێبگات بۆیە بەناچار دەبێت موقەدەس وەک خۆی وەرگرێت و وەرگرتنی موقەدەس بەهەمان شێوە وەک خۆی واتە خۆسەپاندنی زمانی موقەدەس و لە دەرەنجامی ئەم خۆسەپاندنەشەدا ڕەخنەکردن سەرکوتدەکرێت یان هەر لەبنەڕەتەوە دەرفەتی ڕەخنە لەبار دەچێت بۆیە زمانی موقەدەس ناڕەخنەییە.

زمانی موقەدەس زمانی شیعرە. زمانی شیعری، زمانی موقەدەسە. شیعر بەر لە هەرشتێک فۆرمە، فۆرمێکی وێنەیی ناڕەخنەیی، واتە فۆرمێک کە شیعر دەچنێت. لە فۆرمدا شیعر بریتیيە لە گۆڕینی ئۆبێکت بۆ وێنە و گۆڕینی وێنە بۆ ئۆبێکت. هێزی شیعر لەو لینکەدایە کە وێنە بە وێنەوە یان وێنە بە ئۆبێکتەوە یان ئۆبێکت بە ئۆبێکتەوە ده‌نوسێنێت و په‌يوه‌ستده‌كات. هێزی شیعر هێزێکی ناڕەخنەیی و ئوستورەییە. هێزێکی موتڵەقە. هێزێک کە دەتوانێت هەموو شتێک بکات و لە هەموو شوێنێک هەبێت و لە هیچ شوێنێکيش نەبێت. هێزێکە بۆ هەموو سەردەمەکانە و لە هیچ سەردەمێکيشدا نیە. هێزێکە لەدەرەوەی کات و شوێن بەڵام هەموو کات و شوێنی لە خۆیدا قەتیسکردووە. هێزێک کە مەحاڵ ناناسێت و پابەندی هیچ ڕێسایەکی دەرەکی نییە جگە لە خۆی. ئەم گوزارانە لە بارەی هێزی شیعرەوە ئاشنان و لە مێشکی هەمواندا خودا بەرجەستە دەکات. هێزی شیعر بریتیە لە خودا. خودای نادیاری ناو زمانی موقەدەس، خودای خوڵقێنەری شیعر.

هیزی شیعر یان خودا تەنیا دەتوانێت لە زمانی موقەدەس و خودی شیعردا دەرکەویت و خۆی بە هەموو مەزنێتييةکەیەوە مانیفێست بکات. بەم پێیەش خودا لە جیهانبینیەکی شیعریدا و لە گوتاری موقەدەسدا دەتوانێت دەرکەوێت و لەو ئیمکان و دەرفەتەوە جیهان بخوڵقێنێت و مرۆڤ بئافرێنێت.

ئایدیای خودا ئایدیایەکی شیعرییە و خودا تەنیا دەتوانێت لە کۆنتێکستێکی شیعریدا مانادار بێت و لە زەمینەیەکی شیعریدا دەشێت بێتە کایەوە و ببێتە وێنەیەکی گەردوونی سەرانسەری مێژووی مرۆڤایەتی. خودا کاریگەرترین و دیارترین وێنەی شیعرییە لە مێژوودا.

خودا لە فۆرمدا هیچ نیە جگە لە میتافۆرێک – ئاڵۆزترین میتافۆرە کە تا ئێستا ،مرۆڤ بەرهەمیهێناوە – بە هەزاران شێوە ڕاڤە و لێکدانەوەی بۆ کراوە و بە هەزاران نوسخە و ڤێرژنی جیاواز باسکراوە و لە هەموو سەردەمێکدا خراوەتەڕوو. دەتوانین بڵێین خودا زیندووترین میتافۆرە و فرەڕەهەندترین وێنەی شیعرییە کە لە هەموو سەردمێکدا دەرکەوتە و دانگدانەوە و ڕەنگدانەوەی هەیە. بۆ نمونە خودای خۆر، شیعرێکی ئۆنتۆلوژی بووە کە بە گوێرەی هەلومەرجی ماتریاڵی سەردەمە جیاوازەکان و جوگرافیا جیاوازەکان لەمەڕ خۆر فۆرموڵەکراوە. مرۆڤ خۆر و کارکردەکانی لە پەیوەندی لەگەڵ خۆی و سروشت و ئەوانیتردا لە ئایدیایەکدا هۆنیوەتەوە بەناوی ئوستورە کە شیعرێکی ئۆنتۆلۆژییە. بە دەربڕینێکی تر خودا، کواڵیتی و چەندێتيی گەردوونە لە ئەبستراکترین فۆرمدا. شیعر بە مانایەک له‌ ماناكان بریتییە لە ئەبستراکت‌کردنی ئۆبێکت بۆ فۆرم و هەڵکەندنی ئۆبێکتە لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی بۆ مەنزوومەیەکی فۆرمی ئەبستراکت. بۆ نمونە؛

"تۆ خۆر نیت بەڵام خۆر غەمگینە کە تۆ خۆر نیت"

**************

"ئیشی من ئەوەیە دەریا تا سەر لێوی تۆ بێنم"

***************

" زەوی کچێتی تۆی دەفرۆشت بە بازرگانە چاوشینەکانی ئاسمان"

*************

"چەقۆ لەدەست ئەو درختانە دەربێنین کە لە باخچەی گشتیدا خۆیان کوشت"

************

درەخت و چەقۆ لە مەنزوومەیەکی ئوستورەیی/شیعرییدا ڕێکخراوە و لە مەنزوومە ڕاستەقینەکەی خۆی هەڵکەنراوە. لە واقیعدا ئەگەری خۆکوشتنی درەختێک بە موتڵەقی سفرە و ئەگەر بە ملیاردەها ساڵ درەخت و چەقۆیەک لە تەنیشتی یەک دابنێین ئەوا ئەو ئەگەرە هەرگیز ڕوونادات ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تر؛ خۆکوشتن سیفەتێکی مرۆڤانەیە کە لە زیندەوەرێکی تاقانەی ئاگامەندەوە واتە لە سوبێکتەوە دەکرێت ڕووبدات بەم پێیەش لێرەدا نامۆبوونێک ڕوودەدات، درەخت و چەقۆ وەک بەش(part) لە گشت(whole)ــەکەی خۆی دادەماڵرێت و ئەبستراکت دەکرێت و دەخرێتە گشتێکی ترەوە کە مەنزوومەیەکی تر دەچنێت کە ئیدی ئەو مەنزوومە واقعییەی خۆی نیە و درەخت و چەقۆ بێگانە بوون بە واقیع. بێگانەبوونی دووەم پاش بەرکەوتنی مرۆڤ لەگەڵ ئەو مەنزومەدا ڕوودەدات؛ کە دەبێت وەک مرۆڤێک لەو ئایدیا شیعرییە بڕوانرێت کە هەمان زیندوویەتيی سوبێکتی هەیە و توانیویەتی ئەکتی سوبێکتیڤ بنوێنێت واتە پەیوەنديی نێوان مرۆڤ و ئەو دێڕە شیعرە نامۆ کراوە. ئەم نامۆکردن و هەڵگەڕاندنەوە لە درێژەی هەوڵێکی ئه‌پيستمۆلۆژی یان پراکتیکیدا نیە کە بکرێت لە ڕێگەی میکانیزمی ناوەکيی خۆیەوە ئەو نامۆبوونە بڕەوێنرێتەوە.

کەواتە خودا وەک بنەڕەتیترین شیعری ئۆنتۆلۆژی تەنیا لە کۆنتێکستێکی شیعریدا دەتوانێت مانابەخش‌ بێت. بەدەربڕینێکی تر شیعرە ئەنتۆلۆژییەکان لە جیهانی سەربەخۆی خۆیاندا مانابەخش دەبن و لەوێدا ده‌توانرێت پاساوی ئۆنتۆلۆژیيان بۆ بهێنرێته‌وه‌.

کێشەی سەرەکبی مەنزوومەی شیعری و شیعرییەت و شیعر ئەوەیە کە دەتوانێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤی جیهان و بیرکردنەوەی مرۆڤ لەسەر ئاستی ناوەکی. بە مانایەک مەنزوومەی شیعری و شیعر، سوبێکتی شیزۆفرينیايى بەرهەمدەهێنێت.

 دۆخ و کەشی ئەزموونی موقەدەس لەڕێگەی فۆرمی شیعرەوە بەنادیاری لە ساتی بەرکەوتنی لەگەڵ شیعردا بەرهەمدەهێنرێتەوە. ئەزموونی لەحزەیی شیعرییەت لەڕێگەی فۆرمی شیعرەوە جۆرێک لە ئەزمونی موقەدەس درووستدەکات کە ناڕاستەوخۆ و نادیار و پەنهانە. موقەدەسی پەنهان موقەدەسی جیهانی ناموقەدەسە. موقەدەسی پەنهان لە ڕواڵەت و دەرکەوتندا ناموقەدەسە و ئاگایی پەی بە موقەدەسبوونی نابات و ئاگایی وەک ناموقەدەس وەریدەگرێت بەڵام لە نائاگایی و نەستدا هەمان ئەزموونی موقەدەس بەرهەمدەهێنێتەوە و هەمان کەش و فەزا دەخوڵقێنێت.

 ئەزمونکاری ئەزموونی موقەدەس، لە ئاگاییدا هەست بە موقەدەس دەکات و بە ئاگاییەوە شته‌كه‌ ئەزموندەکات. بەڵام ئەزمونکاری ئەزموونی شیعر لە ئاگاییدا هەست بە موقەدەس ناکات و بە ئاگایی ناموقەدەسەوە بەر شیعر دەکەوێت بەڵام لە نەست و نائاگاییدا بەر ئەزمونی موقەدەس دەکەوێت و لە ساتی ئەزموندا، ئەزمونکاری ئەزمونی موقەدەس و ئەزمونکاری ئەزموونی شیعر دەچنە یەک کەش و دۆخەوە و، هاودۆخ و هاوكەش دەبن؛ بەڵام بە دوو شێوازی جیا. هەردووکیان دۆخێک لە جەزبە و حەپەسان و خۆدانەدەست کەش و چێژیان بۆ درووستدەبێت کە لە واقیع دایاندەبڕێت و هاوکات لە گەڵ ئەزمونەکەدا دەڕۆن. لێرەدا سوبێکتی شیزۆفرينيايى درووستدەبێت و سوبێکت دەبێت بە دوولەتەوە بە شێوەیەک کە بە شێوەیەکی ناواقیعی لەگەڵ واقیعدا گفتوگۆدەکات.

شیعر، فۆرمی دەربڕينی سەردەمی گشتگیری موقەدەس بووە. تێکستە موقەدەسەکان لە فۆرمی شیعردا یان بە ستایلی شیعری دەربڕاون. موقەدەس لە فۆرمی شیعردا بەر ئەزمونکاری ئەزمونی موقەدەس کەوتووە. بەگوێرەی گۆڕینی سەردەمەکان گۆڕانکاری بەسەر فۆرمە موقەدەسەکاندا هاتووە و لە هەر سەردەم و ژینگەیەکی جیاوازدا بە جۆرێک خۆی لە گەڵ جۆرێک لە شیعرییەت ڕێکخستووە. پاش دەرکەوتنی فۆرمەکانی تری دەربڕین، موقەدەس لە فۆرمەکانی تری دەربڕیندا خۆی فۆرموڵە کردووە. بۆیە دەشێت موقەدەس هەبێت لە فۆرمی دەربڕینیدا شیعر نەبێت بەڵام ستراکتوری شیعری هەیە و لەڕووی بونياد و ستراکتۆرەوە هەر شیعرە.

پاش جیابوونەوەی شیعر و موقەدەس لەسەر ئاستی ڕواڵەت، شیعر توانی لە نیگای یەکەمدا موقەدەس نەبێت و خۆی لە پانتایی ناموقەدەسدا ڕێکبخات. هیچ شیعرێک خاڵی نیە لە موقەدەس و هیچ موقەدەسێک خاڵی نیە لە شیعرییەت. هەرگیز شیعر ناتوانێت لە نیگای دووەمدا موقەدەس نەبێت و هەرگیز موقەدەس ناتوانێت هەڵگری ستراکتۆری شیعری نەبێت. بەم پێیەش ئەگەرچی شیعر لە ئێستادا لە موقەدەس جیا و تەنانەت هەندێجار هەجووی موقەدەسیشی پێدەکرێت و شیعری تەواو دونیایی و ناموقەدەسیشی پێدەوترێت بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی شیعر لە نیگای دووەمدا موقەدەس نەبێت وەک چۆن دەکرێت تێکستێکی موقەدەس هەجووی تێکستێکی تری موقەدەس بکات و هاوکات هەردوکیشیان هەر موقەدەسن. بەهەمان شێوە شیعریش ئەگەرچی لەناوەڕۆکدا دژەموقەدەسیش بێت بەڵام هەر بە قووڵی موقەدەسە لە ستراکتۆردا.

شیعر و موقەدەس وەک فۆڕم و ناوەڕۆک گشتێکی موقەدەس درووستدەکەن و بە شێوەی جۆراوجۆر یەکتری بەرهەمدێننەوە. فۆرمی موقەدەس دەشێت ناوەڕۆکی ناموقەدەسی پێ بخرێتەڕوو و ببێتە موقەدەسی پەنهان و ناوەڕۆکی موقەدەس دەشێت لە فۆرمی ناموقەدەسدا بخرێتەڕوو.

 

 

 

* ئه‌مه‌ زنجيره‌يه‌ك نوسينه‌ ده‌رباره‌ى شيعر و پێشتر به‌شێكى ترى لێ بڵاوببووه‌وه‌: لێره‌دا به‌شى پێشوو ببينه‌