جادوو و بەختەوەرى
جۆرجیۆ ئاگامبێن به فايلى pdf بيخوێنهوه
وەرگێڕانى: وەلید عومەر
ڕۆژێکيان واڵتەر بنیامین وتبووى «یەکەمین ئەزموون و بەرکەوتنى مناڵ لەگەڵ جیهاندا، تێگەیشتن نیە لهوهى کە گەورەکان بەهێزترن، بەڵکو ئهوهيه ناتوانن جادووبکەن». هەڵبەت ئەم ڕستەیە لە ژێر کاریگەریى بیست میللىگرام مادەى "مۆسکاڵین"دا وتراوە، کە هەڵبەت هیچ لە گرنگییەکەى کەمناکاتەوە. لەڕاستیدا زۆر ڕێىتێدەچێت کە ئەو دڵپڕبوونە توندەى جاروبار مناڵان دەگرێتەوە، لەوێوە سەرچاوەبگرێت کە دەزانن ناتوانن جادووبکەن. هەموو ئەو شتانەى کە مرۆڤ بە هەوڵ و لێهاتوويى خۆى بەدەستیاندێنێت، دیسان هەر ناتوانن بەختەوەرى بکهن. ئەوە تەنیا جادووە کە دەتوانێت کارێکى لەو جۆرە بکات. هەڵبەت ئەم مەسەلەیە هیچ زیانێکى نەگەیاندە بلیمەتییە مناڵییەکەى مۆزارت، مۆزارت لە نامەیەکیدا بۆ جۆزێف بۆلینگەر ئاماژەى بۆ ئەم پەیوەندییە ڕازئامێزەى نێوان بەختەوەرى و جادوو کردووە: شەریفانەژیان[1] لەگەڵ بەختەوەرانەژیان[2]دا دوو شتى تەواو لێکجیاوازن، دووەمیان شتێکە کە بەبێ جۆرە توانایەکى جادوویى بۆ من مەحاڵ و كارى نەکردەیە، بەم هۆیەوە، دەبوو شتێکى هەربەڕاست ناسرووشتى و سەرووسرووشتى ڕووبدات.
ڕێک وەکو بوونەوەرە ئەفسانەییەکان، مناڵان باش دەزانن بۆ بەختەوەربوون دەبێت دێوێک لە تەنیشت دەستتەوە لەناو فانۆسەکەتدا هەڵبگریت، یان کەرێکت هەبێت و سکەى ئاڵتونى دەردات [ئاسکى ئاڵتونى] یان قازێک لە ماڵەکەتدایە و هێلکەى ئاڵتونیت بۆ دەکات. گرنگ نیە لە چ دۆخێکدایت، گرنگتر ئەوەیە جێگە درووستەکەی شارەزا بیت و بزانیت وێردى درووست بخوێنيت تاکو بتوانى گرفتەکەت لابدەیت و بەشێوەیەکى درووست بگەیتە ئامانجەکەت. جادوو ڕێک بەو مانایەیە کە هیچكهس نرخى ئهوهى نيه بەختەوەریى هەبێت، بەو جۆرەى کە مرۆڤە کۆنەکان دەیانزانى هەرجۆرە بەختەوەرییەکى گونجاو لەگەڵ مرۆڤدا بۆخۆى جۆرە بێشەرمییەکە، هەمیشە جۆرێك له غروور و زیادەڕۆييه. بەڵام گەر کەسێک سەربکەوێت و فێڵێک بکات و چارەنووس بەجۆرێک لە جۆرەکان بگۆڕێت، گەر بەختەوەرى پهيوهنديى بە شتى ترەوە ههبێت نەک ئەوەى کە مرۆڤە، بەڵکو شتانێکى وەک گوێزێکى جادووییەوە یان جۆرە وێردێک: ئهوا تەنیا و تەنیا ئەو کاتەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بەڕاستى و كامهرانييهوه خۆى بە بەختەوەر بزانێت.
ئەو عەقڵە مناڵانەیەى کە پێىوایە بەختەوەرى شتێک نیە دەبێت شایستەى بیت، هەمیشە لەگەڵ ناڕەزایى ئەخلاقیاتى ڕەسمیدا ڕووبەڕووبۆتەوە. بۆ نمونە با گوێ لە قسەکانى "کانت" بگرین، ئەو فەیلەسوفەى کە کەمترین تواناى هەبوو بۆ تێگەیشتنى جیاوازیى نێوان شەریفانەژیان و بەختەوەرانەژیان: ئەو شتەى کە لە مرۆڤدا تینووى بەختەوەرییە، جۆرێک ههوا و مەیل (inclination)ـە، ئەو شتەشى کە ئەم ههوا و مەیلە لە دۆخى بوونى سەرەتایى مرۆڤدا سنورداردەکات، عەقڵە. بەڵام ئێمە (یان ئەو مناڵەى کە لەناو ئێمەدایە) نازانێت چى لەو بەختەوەرییە بکات کە شایستەى بووین. چ کارەساتێکە ژنێک خۆشى دەوێن چونکە شایستەى ئهون! چەندیش وەڕزکەرە ئەو بەختەوەرییەى وەکو پاداشتى کارێک وەرى بگرن کە ئەنجامتاندابێت.
ناکرێت هەروا بەسادەیى بگوترێت ئەو ئەڵقەیەى کە بەختەوەرى بە جادووەوە دەبەستێت، نائەخلاقییە. لەڕاستیدا ئەم ئەڵقەیە جۆرە ئەخلاقێکى باڵاترە، ئەم مەسەلەیە دەکرێت لە ڕێگەى حيكمهت و بنهمايهكى دێرینەوە بخرێتەڕوو، ئەو بنەمایەى کە دەڵێت: هەرکەسێک زانیى بەختەوەرە، ئیدى پێشوەخت دەستى لە بەختەوەریى خۆى هەڵگرتووە. ئەمە بەو مانایەیە کە بەختەوەرى پەیوەندییەکى پارادۆکسانەى بە سوبێکتەکەى خۆیەوە هەیە. ئەو کەسەى کە بەختەوەرە ناتوانێت بزانێت بەختەوەرە. سوبێکتى بەختەوەرى، سوبێکتێکى بۆخۆى per se نیە، ئەو شێوەى ئاگاییەک (consciousness) یان ويژدانێك(conscience)ـى لەبەردەستدا نیە، تەنانەت شێوازە باشەکەيشى نیە. لێرەدا جادوو بەڕواڵهت جۆرە ئاوارتە و ڕیزپەڕێکە (استثنا)، تاکە شتێکە کە ڕێگەدەدات بەختەوەر بیت و بزانیت بەختەوەریت. ئەو کەسەى کە لە ڕێگەى جۆرە سیحرێکەوە دەستى بە شتێک گەیشتووە، لەوەدا سەرکەوتووە کە بە سەلامەتى لەو غیرەتە دەرچێت کە بە ئاشکرا لە هەر جۆرە بهئاگابوونێك-لە-بەختەوەریدا نوستووە، چونکە بە مانایەکى تایبەت، ئەو بەختەوەرییەى کە مرۆڤ دەزانێت خاوەنیەتى، چیتر هى ئەو نیە. بەو هۆیەشەوەیە کە زیۆس خۆى دەکاتە ئامقیتریون و (بەم فێڵە) لەگەڵ ئالکمینى شۆخوشهنگدا دەخەوێت، چیتر ئەمە چێژوەرگرتنێک نیە لە پێگەى زیۆسدا، تەنانەت بە پێچەوانەى ڕواڵەتى کێشەکەشەوە ئەم چێژە لە پێگەى ئامقیتریۆنیشدا ئەنجامنادرێت. کەیف و بەختەوەرییەکەى بەتەواوى لە دەستى سیحرەکەدایە، تەنیا ئەوەى کە بە فێڵ و تەڵەکەکانى جادوو بەدەستدێت، دەتوانرێت بەئاگاییەوە و بە شێوەیەکى پەتى چێژى لێببینرێت. تەنیا ئەو کەسەى کە سیحرى لێکراوە (یان بەر سیحر کەوتووە) دەتوانێت بە بزهى لا لێوێکەوە بڵێت "من[I]"، تاکە بەختەوەرییەک کە شایستەی بین، ئەو بەختەوەرییەیە کە تەنانەت خەویشى پێوە نابینین شایستەى بین.
ئەم مەسەلەیە هۆکارى کۆتایى ئەو تێڕوانینەیە کە تەنیا یەک ڕێگە لەسەر ئەم زەوییە هەیە بۆ بەدەستهێنانى بەختەوەرى: باوەڕبوون بە کارى ئیلاهى و دەرکردنى ئارهزووى بهيهكگهشتن و شەوقى ویساڵ لە سەرى خۆت (کاتێک کافکا لە گفتوگۆیەکدا بە گۆستاڤ یانوش دەڵێت خەروارگەلێک ئومێد هەیە-بەڵام نەک بۆ ئێمە، جۆرە تەوس و ئایرۆنییەکى ئەم قسەیە دووبارە دەکاتەوە) . ئەم تێزە بەئاشکرا زاهیدانەیە، تەنیا ئەو کاتە جێى تێگەیشتنە کە ئێمە «ماناکەى نەک بۆ ئێمە درک بکەین». نەک بۆ ئێمە، بەو مانایەیە کە بەختەوەرى هەمیشە هى ئەوانى ترە (بەختەوەرى ڕێک بۆ ئێمەیە)، بەختەوەرى چاوەڕێى ئێمەیە، بەڵام تەنیا لەو خاڵەدا کە بۆ ئێمە دانەنراوە. واتە بەختەوەرى تەنیا بە هۆى جادووەوە دەبێتە نسیبمان. لەو خاڵەدا کە ئێمە کاتێک شتێک بە ناوى چارەنووسەوە جیابکەینەوە، بەختەوەرى بەتەواوى ڕێکەوتە لەگەڵ ئەوەى کە ئێمە بتوانین جادوو بکەین، بەتەواوى جووت و ڕێکەوتە لەگەڵ ئەو جوڵە (ژێست)ـەى کە بەکارى دێنین تا ئەو دڵتەنگییە مناڵانەیە بەیەکجارى و هەمیشە ڕیشەکێش بکەین.
ئەگەر وا بێت، ئەگەر هیچ بەختەوەرییەک لە ئارادا نیە جگە لە هەستى تواناى بە-جادوو-بوون، ئەوا ئەوکات پێناسە لوغزاوييهكهى کافکا سەبارەت بە جادوو ڕوونتردەبێتەوە. دەڵێت گەر ئێمە ژیان بە ناوە درووستەکەى بانگ بکەین، ئەوا دێتە پێشەوە، چونکە ژیان خۆى زاتى جادووەکە داناهێنێت و (درووستناکات) بەڵکو بانگيدەکات. ئەم پێناسەیە لەگەڵ ئەو نەریتە دێرینەی کە کابالیستەکان و پێشبینیکەرەکان و غەیببێژەکان دواى کەوتوون جووتدێتەوە. لەسەر بنەماى ئەم نەریتە، جادوو هەر بە زەروورەت جۆرێکە لە زانستى ناوە نهێنييهكان[3]. هەر شتێک، هەر بوون و بوونهوهرێک، سەربارى ئەوەى کە ناوێکى ئاشکراى هەیە، ناوێکى شاراوەشى هەیە کە ناتوانین بێباکانە بە لایدا تێپەڕین. بوون بە جادووگەر، بە ماناى زانین و بێدارکردنەوەى ئەم سەر-ناوانەیە[4]. بۆیە باسگەلێکى بێکۆتایى سەبارەت بە ناوەکان (چ فریشتەیى یان شەیتانى) دەگرێتەوە تاکو جادووگهر(و فاڵگرهوه) لە دەسەڵاتى تەواوى خۆى دڵنیابێتەوە بەسەر هێزە ڕۆحییەکاندا [گیانەکان و هێزە نادیارەکان]. بۆ ئەو، ناوە ڕەمزییەکە تەنیا خهتم و مۆرێکە، مۆرى دەسەڵاتى (جادووگەر) لە -مراندن= و =زیندووکردنەوە-ـى ئەو مەخلوقەى کە ئەو ناوەى هەیە.
بەڵام بەپێى نەریتێکى تر، کە نەریتێکى ڕووناکتر و درهوشاوهتریشە، ناوە نهێنييهكه بەر لەوەى کلیلى چەکداماڵینى شتەکە بێت لە بەرامبەر قسەى جادووگەرەکەدا، "مۆنۆگرامى"یەکە دەبێتە ڕێگرى ڕزگاربوونى شتەکان لە زمان["مۆنۆگرامى واتە پیتى یەکەمى ناوێک یان شتێک کە بە شێوەیەکى ڕازاوە لەسەر جل یان پاکەت هەڵدەکۆڵرێت"]. لە باخى عەدەندا هەموو مەخلوقات بە ناوە نهێنييهكهيان ناودەنران. هەرکە ئەم ناوە نهێنییە گۆدەکرێت، ئیدى هەموو ناوە ئاشکراکان –یان لەڕاستیدا بورجى بابلى هەموو ناوەکان- دەکەونە لەرزە و هاڕهدهكهن. ههر لەبەر ئەمەشە بەپێى تهريقهت و نەریتى ناوبراو، جادوو بریتییە لە بانگکردنى بەختەوەرى[5]. ناوى نهێنى، ژێستێکە کە مەخلوق دەگەڕێنێتەوە بۆ مەسەلە دەرنەبڕراوەکە. لەم حاڵەتەى دواتریاندا، جادوو جۆرێک نیە لە زانستى ناوەکان بەڵکو ژێستێکە، واتە بەیەکداچوون و ئازادبوونە لە ناو. لەبەر ئەمەشە کاتێک مناڵێک هیچکات هێندەى ئەو کاتە ڕازى و خۆشحاڵ نیە کە زمانێکى نهێنى و ڕەمزى دادەهێنێت [وەک ئەوەى لە مناڵیى هەر یەکەماندا چ بە تاک و بە زیاتریش زمانێکى تایبەت و سنوردارمان درووستدەکرد و هەر خۆمان لە وشەکانى تێدەگەیشتین]. بێزاریى مناڵ بەر لەوەى بە هۆى نەزانینى ناوە جادووییەکانەوە بێت، بە هۆى بێ تواناییەوەیەتى لە ئازادکردنى ئەو ناوەى کە بەسەریدا سەپێنراوە. تەنیا ئەو کاتە سەردەکەوێت، تەنیا ئەو کاتە ناوێکى تازە دادەهێنێت کە پاسۆردى بەختەوەریى هەبێت، ئەو وشە نهێنییەى کە بەختەوەریى پێدەبەخشێت. ناو-هەبوون یان هەبوونى ناوێك[6]، تاوانباربوونە. عەدالەتیش وەکو جادوو بێناوە. بەختەوەر، بێناو، بوونەوەرگەلێک لە پشتى دەروازەکانى سەرزەمینى جادووگهرانهوه لە دەرگا دەدەن، بوونەوەرگەلێک کە تەنیا بە ژێستەکان و جووڵه و نمايشهكانیان قسەدەکەن. ["بەراورد بەو ئەهریمەنانەى کە لە پشتى دەرگاى ژوورەکەى کافکاوە لە دەرگا دەدەن: "فاشیزم؟!"].
[1]. To live respectably
[2]. to live happily
[3] . secret names
[4] . archi-names
[5] . call to happiness
[6] . To have a name
لهم دوو سهرچاوهوه كراوهته كوردى:
- http://www.cloob.com/c/5853/104758221
- http://textexture.com/index.php?text_id=4