A+    A-
(152) جار خوێندراوەتەوە

ئیکۆلۆژیای قووڵ و چارەنووسی زەوی

 

 

دیدار لەگەڵ بیڵ دیڤاڵ

سازدانی: جان ڤان بۆیکڵ

و. سەرکەوت جەلیل

 

 

 

جان_ ئێستا ئێمە لێرە، لە پرێسیدیۆ، سان فرانسیسکۆ، کە پێشتر بنکەیەکی سەربازی بووە، دانیشتووین. شوێنێکی وا بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟

بیڵ_ ئێمە لە جێیەکی زۆر بەمرۆییکراودا دانیشتووین. هەموو ئەو درەختانەی دەیانبینین، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەمدا لەلایەن سوپاوە، چێنراون. هەموویان بە ڕیز دانراون، تەنیا سێ جۆر درەختیش لێرەدا هەن. سەرزەمینی ڕەسەنی نیمچەدوورگەی سان فرانسیسکۆ، دارستانی لەم شێوەیەی نەبووە. [ئێرە ئەوکات] تەنیا سەوزاییەکی کشاو و کەم، چەند جۆرێکی دیاریکراوی ڕووەکی ڕەسەنی لێ بوو. بەڵام جۆرێک لە کێوێتی هێشتا لێرەدا هەیە. گوێمان لە گۆرانیی باڵندەکان دەبێت؛ لێشاوی تەم هەیە کە لە دەروازەی زێڕین(Golden Gate)ەوە دێت؛ زریانیش بە هەمان شێوە دێن و هەن؛ هەووەها ئەو بێدەنگییەشی لێیە، کە مرۆڤ لای کەم لە نیوەشەوی شوێنێکی وادا دەیبێت.

پارکێکی شاری وەک ئێرە، شوێنێکە بۆ کات بەسەربردن تەرخان کراوە: پارچەیەک سەوزایی، هەندێک دار، لەگەڵ چەند ڕووەکێکی گوڵدار. ئەوەش جێیەکی زۆر بەرتەسکە. ئاڵۆزیی تێدا نییە. هەمەجۆریی تێدا نییە. وەک سیستەمێکی خۆڕێکخەر، لە خۆیەوە توانای بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەرەسەندنی نییە. بەڵام سەرنجڕاکێشیی پارکەکانی شار بۆ ئەو ملیۆنان خەڵکە ئەوەیە، لە درەختەکانەوە نزیکترن. مرۆڤەکان هەستێکی باشتریان هەس کاتێک لەبری شوقەکانیان، لە سایەی درەختەکاندا دادەنیشن. لەوانەیە ئەوەش بەشێک بێت لە ڕێڕەوی پەرەسەندنی خۆمان وەک جۆرێک(species)، لە ژێر درەختەکاندا دانیشین و سەیری دەشتاییەکی وشک(savannah)یەکی نیمچەکراوە بکەین. بۆ تەندروستیی دەروونیی مرۆڤەکان گرنگە، دەستیان بە سەوزایی نێو پارکێکی شار بگات و بتوانن تێیدا بن، تەنانەت گەر زۆر بچووکیش بێت، لە حاڵێکدا ئەگەر ئەوە تەنیا شتێک بێت کە بتوانن دەستیان پێ بگات.

 

جان_ زۆر جار لە نووسینەکانتدا ئاماژە بە چەمکی خودی ئیکۆلۆژی (ecological self) دەکەیت. ئەوە چی بێت؟

بیڵ_ "خودی ئیکۆلۆژی" ئاماژەیە بە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ، کەسی، هەستیار و ئیرۆتیکی کە ئێمە لەگەڵ جێیەکی دیاریکراودا هەمانە. بۆ ئەوەیە بتوانین بڵێین [لە حاڵەتی مندا]: "من هاوڵاتییەک، دانیشتوویەکی ناوچەی بایۆلۆجیی کەنداوی هومبۆڵت و شاخە کەناراوییەکانی کاسکادیام لە لێواری زەریای هێمندا". بریتییە لە هەستی ئێمە بە بوون بە بەشێک لە شاخ و ڕووبارەکانی زێدی خۆمان. لەوێوە ناسنامەی فراوانتر پەرە پێ دەدەین و دەچێنین: لەودیوی خێزان و هاوڕێکانمانەوە، لەگەڵ جیهانی نا-مرۆییدا، کە بوونەوەرە هەستەوەرەکان، ڕووەک و ئاژەڵەکان، شاخەکان، ڕووبارەکان، کەناری دەریاکان، بیابانەکان لەخۆ دەگرێت، ئەوانەی ئێمە "لە ناویاندا نیشتەجێین".

بەشێکی فرەی سەرنجی شارستانێتیی مۆدێرن لەسەر ناسنامە مرۆییەکەمانە، ناسنامەی جێندەریمان، ناسنامەی گرووپی ئیتنیمان، ناسنامەی نەتەوەییمان، ناسنامەمان وەک ئەندامەیلی کۆمپانیاکان، یان یەکەی سەربازی، یانیش وەک هاووڵاتیی شارێک. خودی ئیکۆلۆژی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەزموونە بەراییە مرۆییەکانمان لە جیهانێکی سروشتیدا.

تەنگژەی ئیکۆلۆژی، لە بەشێکیدا، لێکەوتەی ئەو شێوازی خۆدابڕینەمانە لە سروشت. بە وتەی سوودخواز(utilitarian)ی ناوداری ئەمەریکی، گیفۆرد پینشۆت، "[لە دنیادا] تەنیا مرۆڤ و سەرچاوە سروشتییەکان هەن". لە ڕوانگەی سوودخوازەکانەوە، هەموو سروشت کراوەیە بۆ دەرهێنان و ئیستیغلالکردن. ئەگەر هەستی خودێکی ئیکۆلۆژیمان نەبێت، ئەوکات وەک کاڵا مامەڵە لەگەڵ دارستان و شاخەکاندا دەکەین.

 

جان_ تۆ فەیلەسوفی نەرویجی، ئارنێ نێس-ت بەباشی دەناسی، ئەو کەسەی بۆ یەکەم جار دەستەواژەی "ئیکۆلۆژیای قووڵ"ی داهێنا.

بیڵ_ یەکەمین جار لە سەرەتای هەشتاکان[ی سەدەی ڕابردوو]دا، لە سەنتەری زێن لە لۆس ئەنجلس، ئارنێ نێسم بینی. ئەوەش جێیەکی گونجاو بوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئارنێ، چونکە پێم وایە کارەکانی تۆنێکی بودیستانەیان تێدایە؛ ئەو شێوازەی ئەو ئیکۆلۆژیای قووڵ دەخاتە ڕوو، تا ڕادەیەک هەستێکی زێن(Zen)ی تێدایە. ئەوەش لە دەرەوەی لۆژیکی وشەکانەوەیە؛ زیاتر لە ڕەسەنایەتیی لێدوانەکانیدایە. کاتێک ڕووبەڕوو ئارنێ دەبینیت، جۆرێک لە بزێوی هەست پێ دەکەیت، کە هاوکات لە زۆرێک لە مامۆستایانی زێنیشدا دەیبینم. یاری بە زمان دەکات، یاری بە وشەکان دەکات، ئەو توانایەی هەیە کە جۆرێک لە سەما لەگەڵ ئیکۆلۆژیای قووڵدا بکات. ئەو یاری لەگەڵ درەختەکان، گوڵەکان و بیرۆکەکانیشدا دەکات. جۆرێک لە سووکەڵەیی جدی لە شێوازی خستنەڕووی بوونیدا، بەدی دەکرێت.

یەک لە بەشدارییە گرنگەکانی ئارنێ نێس، کشاندنی مانای جڤاتە. لای ئەو جڤات واتە جڤاتێکی فراوانتر، کە لەگەڵیدا هاوشوناس دەبین: شاخ و ڕووبار و ڕووەک و ئاژەڵەکان. ئێمە بە هیچ شێوەیەک دابڕاو نین، بەڵکو زۆر وابەستەی ئەو پرۆسانەین کە ڕوو دەدەن. بزێوی بەشێکی دانەبڕاوە لەوە، بەشێکی دانەبڕاوە لە بەها.

 

جان_ چۆن بزووتنەوەی ئیکۆلۆژیای قووڵ دەناسێنیت؟

بیڵ_ پێش هەر شتێک، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە، ئایدیۆلۆژیا نییە. "کۆمەڵایەتی" واتە: خەڵکێک پێکەوە و لە چوارچێوەی جڤاتدا کار دەکەن. لەسەر بنەمای ئیکۆلۆژیا، پەیوەندیی نێوان زیندەوەران و نشینگەکانیان دامەزراوە. "دوورمەودا"یە، چونکە داهاتوو بەهەند دەگرێت. هەروەها "قووڵ"ە بەو پێیەی هانی بەشداربووان دەدات بپرسن من بۆچی لێرەم؟ مانای چییە؟ واتە ئێمە لە جیهانی ڕاستەقینە(فاکت)دا بە دوای مانادا دەگەڕێین.

 

جان_ بەڵام ڕەنگە مرۆڤگەرا(هیومانیست)ێک بڵێت، جەوهەری مرۆڤەکان ئەوەیە خۆیان لە سروشت جیا بکەنەوە، بە جیابوونەوە لە سروشت پەرە بە کەلتوور بدەن.

بیڵ_ ئەوەی بڵێین مرۆڤ لە سروشت جیایە، نکۆڵیکردنە لە یاساکانی ئیکۆلۆژیا. بزووتنەوەی ئیکۆلۆژیای قووڵ، مرۆڤ وەک خاوەنی هەندێک خەسڵەتی ناوازە و تایبەت دەبینێت. هیچ شتێکی دژە-مرۆڤ لە بزووتنەوەکەدا نییە، کە لە مرۆڤەکان کەم بکاتەوە، چ وەک تاک، چ وەک جڤات، چ وەک جۆریش.

ڕەخنەی بزووتنەوەی ئیکۆلۆژیای قووڵ لە مۆدێرنیزم و مرۆڤگەرایی ئەوەیە، کە مرۆڤگەرایی "قەبەیی" و "مەزنێتی" تێکەڵ کردووە. مرۆڤگەرایان دەکۆشن کۆمەڵی گەورەتر، تەکنەلۆژیای گەورەتر پەرە پێ بدەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە تەکنەلۆژیای گەورەتر، مرۆڤەکان مەزنتر دەبن. مەزنێتی لە ئیکۆلۆژیای قووڵدا، لە ڕێی تێگەیشتن لە خاکەڕاییبوونەوە دەچێنرێت. مرۆڤەکان، وەک ئەوەی ئالدۆ لیۆپۆڵدی ئیکۆلۆژیست دەڵێت، "هاووڵاتییەکی سادە"ی سیستەمە سروشتییەکانن.

 

جان_ تۆ داکۆکیکارێکی بەهێز بوویت لە دامەزراندنی ناوچەی کێویی دیاریکراودا، کە تێیاندا چالاکییە مرۆییەکان بەتوندی سنووردارکراون.

بیڵ_ پێویستە لە سەدا پەنجای کۆی ڕووبەری خاکی و ئاویی زەوی، وەک ناوچەی کێوی دیاری بکرێن، بۆ ئەوەی سەلامەتیی پرۆسە کێوییەکان بپارێزرێت. جۆرە جێبەخۆگرتووەکان (endemic species) بۆ پەرەسەندنی بەردەوامیان، پێویستییان بەو جۆرە نشینگانە هەیە. ناتوانیت جۆرێکت هەبێت کە بەبێ نشینگەی خۆی پەرە بسێنێت. جۆرێک لە باخچەیەکی ئاژەڵاندا بێت، جۆرێک نییە کە پەرە بسێنێت. وابزانم نانسی نیوهۆڵی نووسەری کالیفۆرنیایی بوو، کە بەباشترین شێوە ئەوەی دەربڕیبێت: "کێوێتی وەڵامی ئەو پرسیارانەی لایە، کە ئێمە هێشتا نەمانکردوون".

یەک لە ئیکۆلۆژیستە مەزنەکانی دارستان لێرە لە ئەمەریکا، کریس مەیزەر، لەوە ئاگاداری کردینەوە، کە ئێمە دارستانمان لەگەڵ درەختدا تێکەڵ کردووە. دارستان واتە خاک، کەشوهەوا، کات و شوێنیش. ڕۆح(gestaltدارستانێک لە دارێک یان جۆرێکی دیاریکراوی ئاژەڵدا نییە؛ بەڵکو بریتییە لە سیستەمێکی خۆ-ڕێکخەر.

 

جان_ جا سروشت هەمیشە ڕوویەکی دۆستانەی نییە. بوومەلەرزە، لافاو و ئاگرکەوتنەوەش بەشێکن لە سروشت.

بیڵ_ زۆر کەس بیرۆکەیەکی ڕۆمانسییان هەیە دەربارەی سروشت. ئەوان سروشت وەک دیمەنێک دەبینن. بەدڵنیاییەوە لەگەڵ ئەوەدا کۆکم، کە هەستێکی زۆر بایەخداری جوانیناسی (ئیستاتیکی) لە پەیوەندیماندا بە سروشتەوە هەیە. بەڵام سروشت تەنیا کۆمەڵێک دیمەن نییە، کە لەسەر بنەمای پێناسەیەکی کەلتووری بۆ سروشت، پارێزرابێت. سروشت پرۆسەیەکە لە ڕستێک ڕووداوی کارلێککەر.

زۆرێک لە ئیکۆلۆژیستەکان کاتێک لە دارستان یان ئاودابڕێک ورد دەبنەوە، سەیری ڕووداوە خولییەکان دەکەن. هەندێک جۆری ڕووداو، هەر دە ساڵ، پەنجا یان سەد ساڵ جارێک ڕوو دەدەن. ئەم ڕووداوانە بڕیارە ڕوو بدەن. بەم دواییانە لێرە لە سان فرانسیسکۆ، هەندێک لە جیۆلۆجیستەکان مەزەندەی ئەوەیان کردووە، کە بوومەلەرزەیەکی وەک ئەوەی ساڵی ١٩٠٦ی ناوچەی سان فرانسیسکۆ، بە ئەگەری زۆرەوە هەر ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ ساڵ جارێک ڕوو دەدات.

ئاگر بەشێکی سروشتییە لە سەرزەمینی کالیفۆرنیا و یارمەتیدەریش بووە لە شێوەگرتنیدا. ناوچەی جیاواز، هەریەک بەپێی ناوچەکە، ڕژێمی ئاگرکەوتنەوەی خۆیانیان هەبووە، بە جۆرێک هەر دە ساڵ جارێک یان ڕەنگە ٢٠٠ ساڵ جارێک کەوتبێتەوە. بزووتنەوەی خۆپاراستن خۆی لەسەر بنەمای تێکەڵکردنی چالاکییەکانی مرۆڤ لەگەڵ سروشتێکی ئازاددا، دامەزراندووە. "سروشتی ئازاد" واتە: یاریی سروشت بەبێ دەستێوەردانی چڕوپڕی مرۆڤ. کەواتە، ئێمە ئێستا لە سەرانسەری بەشی ڕۆژاوای ئەمەریکای باکووردا، لە پرۆسەی گۆڕینی ڕێساکانداین سەبارەت بە ئاگری دارستانەکان، بۆ ئەوەی "دەستکاری ئاگر"ی دارستانەکان بکەین. تەندروستیی دارستان لە بەشێکیدا پەیوەستە بە ئاگری دارستانەکانەوە. بۆیە لەبری ترسان لە ئاگری دارستان یان بەرەنگاربوونەوەی ئاگری دارستانەکان، خەریکە دەست دەکەین بە زانینی گرنگیی ئاگر لە پەرەسەندنی ئەو جێگەیە و ژیان لەگەڵ ئاگری دارستانەکاندا وەک بەشێک لە خۆمان.

 

جان_ جیهانبینیی ئێوە لە بنەڕەتەوە ڕادیکاڵە. پێت وایە کاریگەرییەکانی چی بن؟

بیڵ_ کاریگەرییە کردارییەکانی ئیکۆلۆژیای قووڵ، لە بنەڕەتدا لە هەموو هەناسەیەکدایە کە هەڵی دەمژین. ئێمە بەشێکی پرۆسەکانی ژیانین. بزووتنەوەی ئیکۆلۆژیای قووڵیش خەریکە مانای ڕەسەن دەهێنێتەوە. بەشێکی زۆری کێشەی مۆدێرنیتە، تێکەڵکردنی دروستکراوەکانی عەقڵی مرۆڤ، بۆ نموونە تەکنەلۆژیایە، لەگەڵ واقیعی سروشتدا. بۆ من، ئیکۆلۆژیای قووڵ لەسەر ئەو زانینە دامەزراوە، کە سیستەمی سروشتی بەڕاستی هەیە، کە ئێمە بەشێکین لەو سیستەمە، هەروا کە لەگەڵیشیدا دەرگیرین. من ئەو بۆچوونە پۆستمۆدێرنیستییە ڕەت دەکەمەوە، گوایە سروشت جگە لە بەرهەمێکی عەقڵی مرۆڤ، هیچی تر نییە و هەموو بۆچوونەکانیش بەتەواوی سوبژێکتیڤ و ڕێژەیین و لە بنەڕەتیشەوە هەموو لەگەڵ یەکتر یەکسانن. لە فۆرمی پەڕگیرانەی خۆیدا، وەها قسەیەک دەبێتە هۆی لێدوانگەلی وەک: "هیچ جیاوازییەک لە نێوان دیزنیلاند (Disneyland) و دارستانێکی کەونە-گەشەکردووی وەک ڕێدوود(Redwood)دا نییە. ئەمانە تێکڕا خوڵقێنراوی کۆمەڵایەتیین". ئیکۆلۆژیستە قووڵەکان جەخت لە هەبوونی ڕیالیزمێکی ئۆنتۆلۆژی دەکەنەوە، ئەوەی کە مرۆڤەکان بەشێکن لە سیستەمی سروشتی، لە تۆڕی ژیان، لە باریشماندایە بوونی ڕەسەنانەی خۆمان سەرلەنوێ بدۆزینەوە.

 

تێبینییەکانی وەرگێڕ:

_ ئەم چاوپێکەوتنە بەشێکیە لە فیلمی بانگەوازی شاخ (The Call of the Mountain). بیل دیڤاڵ (١٩٣٨ - ٢٠٠٩) پرۆفیسۆری کۆمەڵناسی بوو لە زانکۆی هومبۆڵت، لە ئاریاتا، ویلایەتی کالیفۆرنیا. نووسەری کتێبی ژیانی دەوڵەمەندانە لە سەردەمی سنوورداریدا (Living Richly in an Age of Limits)ە.

_ دەروازەی زێڕین: پارکێکی شارییە لە نێوان هەردوو ناوچەی ڕیچمۆند و سەنسێت لە کالیفۆرنیا. لە ١٨٦٥ دەست کرا بە دروستکردنی و لە ١٨٧٠ بەفەرمی کرایەوە. گەورەترین پارکی ئەو ناوچەیە و سێیەمە لە ئاستی ئەمەریکا لە ڕووی ژمارەی سەردانیکەرانەوە (نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەسی ساڵانە). ئەو جێیەی تێیدا بنیات نراوە، وشک و لمین بووە. درەخت و هەرێزی ناڕەسەنی تێدا چێنراوە، بۆ ئەوەی بەرگەی خاکەکە بگرن و بتوانن بەردەوام بن.

 

_ زێن: لقێک یان قوتابخانەیەکە لە بودیزمی ماهایانێ (کۆمەڵێک فەلسەفە و دەق و پراکتیکی بودیستانە کە لە هندستانی کەونارادا سەری هەڵداوە و شان بە شانی تێراڤادا و ڤاجرایانا بە یەکێک لە سێ لقە سەرەکییەکەی بودیزم، دادەنرێت). زێن جەخت لە پراکتیکی ڕامان دەکاتەوە، هۆشیاربوونەوەی ڕاستەوخۆی مرۆڤ بە سروشتی ڕاستەقینەی خۆی، لەگەڵ دەربڕینی ئەو هۆشیارییە لە ژیانی ڕۆژانەدا بۆ سوودی ئەوانی تر. لە زێندا ئامانج ناسینی سروشتى شتەکانە؛ بیرۆکەی ڕووناکبوونەوەی لەناکاو، یا بێداربوونەوەی دەستبەجێ، تێمایەکی گرنگە تێیدا. هەندێکیش دەڵێن کە زێن، تێکەڵەیەکە لە بودیزمی ماهایانێ لەگەڵ تائۆیزم. لەمڕۆشدا لە یابان و کۆریا و ڤیێتنام و چیندا برەودارە.

 

_ ڕێدوود: زنجیرەیەک پارک و دارستان و سەوزایی بەرینە لە باکووری کالیفۆرنیا. تێکڕا نزیکەی ١٣٩٠٠٠ دۆنم، یان ٥٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەن. سەرزەمینی جۆرێک درەختن، کە بە کۆنترین و درێژترین درەختەکانی جۆری خۆیان دادەنرێن لە دنیادا. جگە لە چەند یاسا و بڕیارێکی حکومەت و کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ پاراستنی، لە ١٩٨٠دا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک بەشێک لە سامانی کەلەپووریی جیهانی، تۆمار کراوە.

 

 

 

سەرچاوە:

Resurgence (No. 199, March/April 2000) pp. 18-19. https://www.resurgence.org/magazine/extras/299/issue199-bill-devall.pdf