A+    A-
(648) جار خوێندراوەتەوە

    پێگەى «گێڕەرەوە» لە یاداشتەکاندا

 

 

 

 

 

دوو سێ دەیەى پێش ڕاپەڕین، بە زەمەنى «شۆڕش» دادەنرێت. شۆڕشە یان نا، پەیوەندییەکى ئۆرگانیی بەم نوسینەوە نیە و هیچ لەو ڕاستییەش ناگۆڕێت کە یاداشتەکان تێکڕا دەیانەوێت شایەتى لەسەر قۆناغێک بدەن کە لاى کەمییەکەى وەهم نیە. هەرجارێک کە مرۆ کتێبێکى یاداشت هەڵدەگرێت بیخوێنێتەوە، ئەو پرسیارەى لاى درووستدەبێت «بڕى ڕاستى لەم یاداشتانەدا چەندە؟». ڕاستییەک کە چارمان نیە هەر دەبێت لەڕێى نوسەرەکەوە، واتە لەڕێى گێڕەرەوەکەوە وەریبگرین. بۆیە پرسیارێکى پەیوەست بەوەى یەکەم، دێتەئاراوە: «گێڕەرەوە لەکوێدا وەستاوە؟». هەردوو پرسیارەکە، پرسیارى ئاکاریین، ئەوەى کە نوسەر چەندە بەرپرسیارە بەرامبەر بە گواستنەوەى ڕاستى. بۆیەشە ئەم پێگەیە بە ئاکارى ناوبرا، چونکە ڕووداوەکان واقیعیین و خەڵکێکى تیا کوژراون و ئەوانەى بیروەرییەکە دەخوێننەوە دیسان بەشدارن لەوەى باوەڕبێنن یان نا.

کاتێک سیاسییەک یان پێشمەرگە/خوێنەوارێک یاداشتى خۆیان دەنوسنەوە، پێشوەخت و بەشێوەیەکى ترانسێندێنتاڵ (بڵندنشین) دەچنە پێگەى کەسێکەوە کە دەیەوێت ئەستۆپاکیی خۆى بسەلمێنێت. ئەو "من"ـەى ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، دەیەوێت منێک بێت کەمترین گوناهى بکەوێتە ئۆباڵ. هەتا ئەو بیرەوەرىیانەشى وا سەرلەبەرى مێژوویەک ڕەش‌دەکەن و خۆیشیانى پێوە دەسوتێنن، بێبەرى نیە لەم خۆپاککردنەوەیە. پێدەچێت گێڕانەوەیەکى میانڕەو، هەر ئەو گێڕانەوەیە بێت کە بەپلەى یەکەم خۆى بە بەشێک لە ڕووداوەکان بزانێت، پێشوەختە بەشێک لە بەرپرسیاررییەکە هەڵبگرێت، خۆى لە گوناهـ و نەتیجە نەرێنییەکان دەرنەکات. ئێمە دەزانین خۆدەرکردنى گێڕەرەوە لە ڕووداوەکان، خۆدەرکردنێکى فەنتازییە. ئەو کەسە حەزدەکات بچێتە دەرەوەى دەرگیرییەکانەوە، وەک پێگەى سوبێکت کە حەزدەکات لە گۆشەیەکەوە مردنى خۆى ببینێت، و «بێ هیچ دەرگیربوونێک» لەو سۆزە لیبیدۆییە سودمەند ببێت کە بەشێوەیەکى بەخشندانە لاى ئەوانیترەوە هەڵدەڕێژرێت. لەم ڕووەوە یاداشتە کوردییەکانى پاش شۆڕش، بەگشتى نەک هەمووى، "من"ێکى بڵندنشین بەرهەمدەهێنن: گێڕەرەوەکە خۆى دەکاتە قارەمانێک، پاڵەوانێک لە دەرەوەى مێژووەوە، بنوسێک کە ئەو شتانەش دەنوسێتەوە وا "دەبوو ڕووبدەن و ڕوویاننەدا، یان بە قسەى ئەم بکەن و گوێى لێ نەگیرا ... و هتد".

زۆرینەى زۆرى یاداشتەکان، کوتینى خەباتى چەکداریی ئەو ساڵانەن. بۆیە کەسەکە هەوڵدەدات هەرچۆنێک بووە "منى گێڕەرەوە" لەو ساڵانە ڕزگاربکات. کاتێک هەمووى خۆى لەو مێژووە دەردەهێنێت، ئەوەى دەمێنێتەوە ئەوێکى ترى گوناهبارە کە هەرکەس هەڵدەسێت و دەستە چەورەکەى خۆى پیا دەسڕێت. ئەوە کێیە تاوانى ئەو ساڵانەى هەڵگرتووە؟ ئەوەى کە خەڵکى گەیاند بەم ڕۆژە؟ پێگەى ئەم ئەویترەش، پێگەیەکى ناڕوون و نائارامە: نە زیندووەکانن بەتەنیا، نە مردووەکانیشن. زیندووەکان بڕێکیان ماونەتەوە و خۆیشیان خاوەنى بیرەوەرى و یاداشتن، بڕێکیشیان بێدەنگییان هەڵبژاردووە. مردووەکانیش، بە شەهید و «خائین»ـەوە، نەگەیشتوون بە ئەزموونى حکومڕانى بۆ ئەوەى کۆى داوەرییەکە بیانگرێتەوە. ئەمە بێ لەوەى داوەریکردنى مردوو لەبەر چەند هۆیەک نەرمتر تێدەپەڕێت: یەکەم، بەشێکیان لە تەمەنێکى زوودا ڕۆیشتوون و کەمترین گوناهى شۆڕشیان بۆ جێماوە یان نەماوە. دووەم، مردووەکان ئاسانتر بەرگەدەگیرێن، نابنە مایەى بەرهەڵستیى مرۆڤ و شوێنى تانە، بۆیە بارتەقاى زیندووەکان کێشە نین. سێیەم، داوەریکردنى مردوو هەر لەدواى مردنیەوە دەستیپێکردووە و بە یاداشتێک و دووان و سیان گۆڕانى بەسەردا نایەت. ئەرکى کۆتایاداشت، زۆرجار هەر پشتڕاستکردنەوەى ئەو داوەرییانەى پێشووە. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم ئەویترەى کە تاوانەکەى ئاراستەدەکرێت، کەسێک یان چەند کەسێکى دیاریکراو نیە؛ مردووەکان و زیندووەکان نین بەتەنیا، چاوى سێیەمى خەڵکیش نیە بەتەنها، بەڵکو تێهەڵکێشى هەموویەتى پێکەوە: ئەویترى گەورە. سەبارەت بەوەشى ئاخۆ شوێنى یاداشت و بیرەوەرى لاى ئەویترى گەورە چۆنە، پێویستمان بە وێنایەکى کەمێک هزرییە تا تێبگەین ئەویترى گەورە بوونەوەرێکى پڕ و پۆزەتیڤ نیە بەحیا لە هەموومان بژى، بەڵکو پێگەیەکى گریمانەیی تەنانەت نامرۆیی ساردوسڕە. داهێنراوێکى کۆمەڵایەتیی خۆمانە بۆ ئەوەى بڕێک پێوەرمان دەستبکەوێت بۆ جیاکردنەوەى ڕاست لە ناڕاست. دیارە دادپەروەرییەکەىئەویترى گەورە، هەر لەم ساردوسڕییەى خۆیەوە دێت، ئەوەى وا گشتى بەبێ ویستى تاکەکەسى خەریکى خزمەتکردنى "ئەو"ن. بەڵام گەر بڕیار بێت هەر کۆمەڵگایەک خاوەنى "ئەویترى گەورە"ـى تایبەت بە خۆى بێت، ئەوا گەرەکە لێرەش هەژمار لەسەر ئەو تایبەتمەندییانە بکەین. بۆ نمونە، پەرۆش و پەلەپڕووزێ و زۆرجار شێواندنى ناو یاداشتەکان، گوزارشت لەو ڕەگەزە مالیخۆلییەى کورد دەکات کە «بەردەوام خەریکى لەدەستدانە، هەرچى ڕەنجە بە با دەچێت و هتد». بە زمانێکى سادەتر، مادام هەستناکەین شتێک بە شتێک دەکەین، گەرەنتییەکەى ئەویترى گەورەشمان لاوازدەبێت و وەک بۆشاییەکى زل دەم‌دەکاتەوە و وەک تاکەکەس «بەهەڵە» دەچینە جێگاکەى و حوکم دەدەین.

                                                                 ***

پێگەى گێڕەرەوە، عادەتەن بۆ گەیاندنى ڕووتى ڕاستى یان زانیارى نیە. ئەمە چاوەڕوانییە سەرەتاییەکە لە گێڕەرەوە. لە کۆتایی زانیارییەکانەوە، خۆ ڕەنگە بەر لەویش، چاوەڕوانییەکى پاتۆلۆژیک (ناتەندرووست) کاردەکات و دەیەوێت بگات بە تێربوون: خوێنەر هەمیشە بۆ ڕەهەندێکى پاتۆلۆژیک/تراومایی دەگەڕێت لە دەقدا، نەخوازەڵا ئەو دەقە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە تراوما مێژووییەکانەوە هەبێت و سەکۆکەى سیاسەت بێت. بەڵام گێڕەرەوە لە پاڵەوانبازییەکەى خۆیدا، گەرەکە وریاى ئەمانەتپارێزى بێت و ئەو خواستەى خوێنەریش بەدیبهێنێت. پاڵەوانبازییەکەش هەر هۆنینەوەى درۆ نیە، تەنانەت زەقکردنەوەى زێدەڕۆیانەى ڕاستییەکانیش نیە، بەڵکو دەشێت چنینى هەردووکیان بێت، ئەویش بە ڕچە و ئسلوبێک کە گەمە بە "کینەڤین"ـى ناو دەروونى مرۆڤەوە بکات. کینەڤینێک کە چێژ بەرهەمدەهێنێت و ئارەزوو نوێدەکاتەوە. زۆرجار خوێنەرێک دەڵێت با لەم کتێبە جدییانەوە بچم کتێبێکى بیرەوەرى‌یش بخوێنمەوە. لە تۆنى بڕیارەکەیەوە دیارە کە بەدواى ئەو گەمەیەى کینەڤیندا دەگەڕێت کە ڕاستەوخۆ ڕەپتى بە واقیع و مێژوو و شتە ڕاشکاوەکانەوە هەیە. «یاداشت‌گێڕەوە»کانى ئێمە، بەدەگمەن ئەم گەمەیە دەبەنەڕێوە. لەلایەک فریشتەسازییە و لەلایەکى تریش بەشەیتانکردن- ئەوەى لەم نێوانەدا لەناودەچێت ئەو هاوسەنگییە لەرزۆکەى کینەڤینە کە خوێنەر هەڵوەدایەتى. دیارە ئەم گەمەیە زۆر لە پرسى بێلایەنى ئاڵۆزترە. باسەکەمان بێلایەنى نیە، چونکە بێلایەنى زۆرجار بریتییە لە هێشتنەوەى میکانیکیی باش و خراپ، دانانى هەریەکەیان لە لایەک، قرتاندنى هەر جۆرە پەیوەندییەکى لیبیدۆیی لەنێوانیاندا: گەمەى کینەڤین لە گێڕانەوەدا، گەمەیەکى دیالەکتیکیی نێوان باش و خراپ، ڕاست و درۆیە بێ‌ئەوەى بە مانا ئاکارییەکەى، ڕاستى لەناوبچێت و متمانە لاى بیسەر بدۆڕێت. هەر ڕابردوویەک چەندە مەنگ و وەستاو بێت، گێڕەرەوە دەتوانێت ئەم پەیوەندییە بخوڵقێنێت. هەژارترین واقیعى مرۆییە خاڵى نیە لەم مادە خاوە بۆ گەمەى جووتهەستى. ئەمەش ئەودەم دەڕەخسێت کە گێڕەرەوە چاو لە چاوى ئەویترى گەورە ببڕێت، و ڕاستییەکانى ناو درۆ و درۆکانى ناو ڕاستى لە سەنتێزێکى ڕیسکئامێزدا کۆبکاتەوە. لەڕووى تیۆرییشەوە، ئەم ئارەزووەى مرۆڤ بەهۆى تێهەڵکێشى پاڵنەرى مەرگ و ژیانەوە تێردەبێت، ئەویش لە پێکداچوونێکى خۆنوێکەرەوەدا. ئەوانەى ئەمڕۆ یاداشت دەگێڕنەوە، دوێنێ پێشمەرگە بوون. پێشمەرگەش، وەک پێکهاتەى زمانەوانى و دواییش ناوەڕۆکە دەلالییەکەى، پێشوەختە مەرگ لەباردەبات و بەپێچەوانەى چاوەڕوانییەکانمانەوە شتێکى هەستبزوێن بۆ سەر یاداشتەکان زیادناکات. ناوهێنانى پێشمەرگە، بەجیا لە نرخە مرۆیی و ناسیۆنالییەکەى، مەرگ ئاساییدەکاتەوە. ئەمە بۆ ناو واقیع قورسە، بەڵام بۆ ناو نوسین و بیرەوەرى بەس نیە. سنورى «پێشمەرگە» بە مەرگ یان ڕیشەییتر پاڵنەرى مەرگ(death drive)ـەوە، لەوە نزیکترە بوار بۆ گەمەى کینەڤین بهێڵێتەوە. مەگەر ئەو ساتەى کۆى چیرۆکى «پێشمەرگە» دەخرێتە پەیوەندییەکى نوێوە لەگەڵ ژیاندا (ئاشکرایە سەردەمانى دواتر یاداشتنوسەکان دیوارێکى قایمیان لەنێوان ژیانى خۆیان و مەرگ-پێشمەرگەبوون-دا هەڵچنى و هەمووجار دەبوو زۆر لە خۆیان بکەن گێڕانەوەیەکى هەژێنەر جێبهێڵن).  

هەر سەبارەت بە پێگەى گێڕەرەوە، لەژیانى ڕۆژانەى کوردیشدا ئەم پێگەیە بەشى خۆى جێى سەرنجە. لە شایەتێکى سادەوە تا هەڵسەنگێنەرێک و قسەکەرێکى سادەتر، پێگەکە لەوە ئالوودەترە هەژمارێکى زانستى و بێلایەنى لەسەر بکەین. بۆ نمونە کاتێک کوردڕەفتارێک پێشبینیى شتێکى کوردانەى چواردەورى خۆى دەکات و دواییش شانازی دەکات کە ڕاست دەرچووە، بەڵام خاڵێک هەیە لە ماهیەتى پێشبینییەکە دادەشکێنێت و لەبرى زەمەنیبوون، نازەمەنیی دەکاتەوە: بۆ نمونە، کاتێک حیزبێک/پرۆژەیەک درووستدەبێت زۆرکەس دەڵێن «زۆر ناخایەنێت شکستدەهێنێت». دواییش کە شکستدەهێنێت (کە زۆرجار وایە)، ئەوا بە کەیفێکى کوردانەوە دەڵێن «نەمانگوت شکستدەهێنێت؟!». پێشبینییەکە لەڕواڵەتدا لەڕووى زەمەنییەوە ڕاست‌دەردەچێت، بەڵام خۆى بونیادێکە دووبارەدەبێتەوە، زۆر پێویستى بە پێشبینى نیە، لەڕابردوودا نمونەى زۆر بووە. تا ئێرە کۆى خاڵەکە نیە، بۆیە دیوێکى تریشى هەیە کە قسەکەرە کوردەکە دەخاتە بازنەى بەرپرسیارییەوە. واتە کوردەکە خۆیشى لە پێگەیەکى پاک و بێلایەندا نەوەستاوە، ئەویش بەشى خۆى بەرپرسە لەو شکستە و لە وەڕاستگەڕانى پێشبینییەکە. ئەو هەم کوردە و لەو بونیادە کوردییەدا دەژى، هەمیش بە دزەوانکێ حەزیکردووە شکستەکە ڕووبدات. بۆیە لێرەدا پێگەى پێشبینیکار کەمێک دەلەقێت و دەبێتە پێگەى شتێکى وەک «دەست‌تێکەڵکەر». ئەوەى کە یەکێک دەست لەگەڵ بونیادێکى چەندبارەدا تێکەڵدەکات و دوایی بە نرخى پێشبینى دەیفرۆشێتەوە. ئەم ویستە پێشوەختەى وێرانکارى، پتر لە ڕابردوودایە یان داهاتوو، خۆ ڕەنگە هەر ئەوەى وتمان ڕاستتر بێت، شتێکى نازەمەنییە، بونیادییە.

پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ گێڕەرەوەکان و یاداشتنوسەکان چەندە لەم نمونەى کۆتاییەوە نزیکن؟ ئاخۆ هەریەکەمان دەستمان لەگەڵ ئەویترى گەورەى کورددا تێکەڵنەکردووە شتەکان بەو جۆرە بن کە حەزدەکەین هەبن؟ ئەمەش لەئاکامدا، ئەوێکى ترى گەورە دەخوڵقێنێت کە هەیە و نیە، دەمێنێت و نامێنێت، شایەتییەکان وەردەگرێت و وەریناگرێت. ئەم ئەویترى گەورەیە، بەدەست چەندین دووفاقیی ترەوە دەناڵێنێت: لەلایەک زۆر مۆراڵفرۆش و شێلگیر دەردەکەوێت، بەڵام لە کرۆکى خۆیدا خاوەنى هیچ مۆراڵێکى مۆدێرن و مرۆیی نیە، ئەوەى هەیە ڕەقهەڵاتنى ئەخلاقێکى کۆنى نامرۆییە. ئەم ئەویترە، جۆرێک لە وەسوەسەى هەیە کە پێگەى مرۆ ئاساییەکان و دواییش گێڕەرەوەکان دەخاتە دۆخێکى دژوار و بڕێک جار کۆمیدییشەوە.  

     

 

 

 

وەلید عومەر