ڕۆشنبیران و دەسەڵات
گفتووگۆی میشێل فۆكۆ له گهڵ ژیل دۆلووز
له فرهنسییهوه: فازڵ مهحموود
میشێل فۆکۆ: مائۆیەک پێی وتم: «باش لەوە تێدهگهم سارتهر بۆچی لەگەڵ ئێمەیە، بۆچی سیاسەت دەکات و بە چ ئامانجێک دەیکات؛ ڕاستییەکەى كهمێكیش له تۆ دەگەم، تۆ بهردهوام کێشەی زیندان دهخهیته ڕوو. بەڵام دۆلووز، له ڕاستیدا لێی تێناگەم.» ئەمە ئەو پرسیارەیە لە ڕادەبەدەر منی سەرسام کردووە، لەبەر ئەوەی تێڕوانینی تۆ بۆ من زۆر ڕوون بووه.
دۆلووز: ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت ئێمه بە شێوازێکی نوێ لەگەڵ پەیوەندییە تیۆری-پراکتیکییەکاندا دهژین. هەندێ جار پراكتیك وهك جێبەجێکردنی تیۆریی یاخود بهرەنجامی ئهوه لێكدهدرێتهوه، هەندێ جاریش بە پێچەوانەوە، تێگهیشتن له پراكتیك وهك سەرهەڵدانی ئافراندنی شێوازهكانی تیۆری له داهاتوودا وهك شتێكی حاشاههڵنهگر سهرهنجی دراوهتێ. بەهەرحاڵ، لەنێو یەکێک لە ئاڕاستەکاندا، لەشێوەی پڕۆسەیەکی پێکەوەیی لە پەیوەندییەکانیی نێوانیان تێگهیشتوون. ڕەنگە پرسیارەکە بە شێوەیەکی تر ڕووبەڕووی ئێمە ببێتەوە. پەیوەندییە تیۆری-پراکتیکییەکان زیاتر لاوەکیی و ڕێژهیین. لەلایەکەوە، هەر تیۆرییەک هەمیشە لۆکاڵییه و پهیوهسته بە بوارێکی بچووکەوە و دەتوانرێت لەسەر بوارێکی تر جێبەجێبکرێت کە کەمتازۆر جیاواز بێت. پەیوەندیی جێبەجێکردن هەرگیز وێکچوو نییە. لەلایەکی ترەوە، هەر کە تیۆریی ڕۆدەچێتە نێو بواری خۆیەوە، بە کۆمەڵێک بەربەست، دیوار و پێکدادان کۆتایی دێت، کە وا دەکەن جۆرێکی تری گوتار جێی تیۆریی بگرێتەوە (ئەمە ئەو جۆرەی ترە کە لەوانەیە بگۆڕدرێت بۆ بوارێکی جیاواز.)
پراکتیک، كۆخاڵی شوێنگۆڕکێیە لەنێوان خاڵێکی تیۆریی بۆ خاڵێکی تر، هەروەها، تیۆریش، شوێنگۆڕکێی پراكتیكێكه بۆ پراكتیكێكی تر. هیچ تیۆرییەک گەشە ناکات تا ڕووبەڕووی دیوارێک نەبێتەوە و پراكتیکیش پهیوهست دەبێت به كونكردنی ئەم دیوارە. بۆ نموونە، تۆ بەشێوەیەکی تیۆری دەستت کردووە بە شیکردنەوەی ناوەندێکی داخراو وەکوو شوێنی نهخۆشانی دەروونی (شێتخانە) لە سەدەی نۆزدەیەم لە نێو کۆمەڵگای سەرمایەداریدا. پاشان تۆ گەیشتووی بهو دەرەنجامهی خەڵكیی، بە تایبەتیی ئەوانەی زیندانیی كراون باسی ئەوە دەکەن کە ئەوان پەیوەندییەک دروستدەکەن (یاخود بە پێچەوانەوە، ئەوه تۆ بووی ببوویته هۆی پەیوەندیی بە بەراورد لەگەڵ ئەوان). ئەو خەڵکانە لەنێو زیندانەکاندا خۆیان دەبیننەوە، بەڵێ ئەوان لەنێو زینداندان.
لەسەر ئەم بنەمایە بوو گرووپی زانیارییت لەسەر زیندانییەکان رێکخست: هەلومەرجێکی وەها دابین بکرێت زیندانییەکان خۆیان بتوانن قسە بکەن. ڕەنگە ئەوە هەڵە بێت کە مائۆکە وتبووی بە جێبەجێکردنی تیۆرییەکانت بهسهر پراكتیکدا باز دەدەیت. نە پڕۆگرامێکی جێبەجێکردن نە پڕۆژەیەکی ڕیفۆرم نە لێکۆڵینەوەیەک بە مانا تەقلیدییەکەی بوونی هەبوو، بەڵکوو شتێکی جیاوازتر هەبوو، ئهویش: سیستمێکی شوێنگۆڕکێ لەنێو دەستەیەکدا یاخود لەنێو رێژەیەکی زۆر لە پارچە و بەش، کە هاوكات تیۆریی و پراكتیکین.
بۆ ئێمە، ڕۆشنبیری تیۆریسیهن چیتر سووبێكت نییه، یان سهر به مهعریفهیهكی نوێنهرایهتیی و نواندنهوه نییه. كهسانێك کە کار و خهبات دهكهن، چیتر له ڕێی حیزبێک یاخود سەندیکایەکەوەیە مافی ئهوه به خۆیان نادهن ببنه ویژدانی ئهوان و نوێنهرایهتییان بكهن. کێ قسە دەکات، کێ پهرچهكردار دهنوێنێت؟ بهردهوام فرەییەک ههیه، تهنانهت لهو كهسهش وا قسە دهكات و کرداری ههیه. هەموومان کەمتازۆر گرووپی سیاسیی رێکخراوین. هیچ نواندنهوهیهك نییه و نەماوە، تەنیا کردە ماوە، ئەویش کردەی تیۆریی و کردەی پراكتیک لەنێو پەیوەندییەکانی شوێنگۆڕکێی تۆڕهكاندا.
فۆکۆ: بە بڕوای من بە سیاسییکردنی ڕۆشنبیر بە شێوەیەکی تەقلیدیی بە دوو شێوە دەکرا: لەسەر پێگهیان وهك ڕۆشنبیر لەنێو کۆمەڵگەی بورژوازی و لەنێو سیستمی وەبەرهێنانی کاپیتاڵیستیدا، لەنێو ئایدۆلۆژیایەک کە خۆی بهرههم دههێنێت یاخود خۆی دەسەپێنێت (بەکاردەهێنران، لە بەهایان کەم دەکرایەوە و پەراوێز دەخران، بە «نەفرەتلێکراو» بە تێکدان و نائهخلاقیی، هتد... تۆمەتبار دەکران.)؛ شێوەکەی تریش ئەو گوتاره تایبەتەی ڕۆشنبیر خۆیەتی کە دەبووە هۆی ئاشکراکردنی جۆره ههقیقهتێك كه دەبووە هۆی دۆزینەوەی ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی تا ئهوكات ههستیان پێ نهكرابوو. ئەم دوو چێوەى سیاسەتاندنە لێک نامۆ نەبوون، بەڵام هەمانکاتیش هاوکات و رێککەوتیش نەبوون. ڕووخسارێكی ڕۆشنبیری «نەفرەتلێکراو» و ڕووخسارێكی «سۆسیالیست» بوونی ههبووه.
ئەو کاتانەی دەسەڵات پەرچەکرداری توندوتیژانەی هەبوو ئەم دوو گروپه بهسیاسیكراوه بە ئاسانیی ئامێتەی یەک دەبوون، ئەمه لە پاش ١٨٤٨، لە دوای کۆمۆنەکەی پاریس، لە پاش ساڵی ١٩٤٠ دا بوو: لەوکاتانەی 'شتهكان' لهنێو 'ههقیقهتی' خۆیاندا دەردەکەون، لەو کاتانەی نەدەبوو بگوترێت پاشا ڕووته. ڕۆشنبیر پهراوێز دەخرا و ئەشکەنجە دەدرا. ڕۆشنبیر ههقیقهتی بهو كهسانه دهوت كه هێشتا نهیانبینیبوو و بە ناوی ئهوانهی نهیاندهتوانی: به مهعریفه و زمانپاراویی باس له ههقیقهت بكهن، باسی ههقیقهتی دهكرد.
ئەو شتهی ڕۆشنبیران پاش گوشاره نوێیەکان دۆزییانەوە ئەوەیە کە چین و توێژهكانی خهڵك بۆ زانینی شتەکان پێویستیان بەوان نییە، بەڵکوو خۆیان لەوان زیاتر بە تەواوەتیی و بە ڕوونیی مهسهلهكان دەزانن و بە دەنگی بەرز هاواری بۆ دەکەن. بەڵام سیستمێکی دەسەڵات هەیە کە بەربەست بۆ ئەم گوتار و زانینە دروستدەکات، قەدەغەی دەکات و لە کاری دەخات. دەسەڵات تەنیا لە نێوەندە باڵاکانی سانسۆردا نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ورد و قووڵ ڕۆدەچێتە نێو هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە. ڕۆشنبیران خۆیشیان بەشێکن لەو سیستمی دەسەڵاتە، ئەویش بەو شێوەیەی ئەوان نوێنەری «مهعریفە» و ئەو گوتارهن کە بەشێکە لەو سیستەمە. ئیتر ڕۆڵی رۆشنبیر ئەوە نییە خۆی «نەختێ لە پێش یاخود نەختێ لە تەنیشت»ـی [چین و توێژهكان] دابنێت بۆ وتنی ڕاستیی و ههقیقهته نەوتراوەکانی ئەوان، بەڵکوو ڕۆڵیان بریتییە له خهبات دژ بهو فۆرمانەی دەسەڵات کە ئەم تیایاندا هەم ئامانجه و هەم ئامڕاز: لەنێو نهزمی «زانین»، «ههقیقهت»، «مهعریفە» و «گوتار»ـدا.
لێرهدایە تیۆریی نە گوزارشت لە پراكتیک دەکات، نە وهری دهگێڕێت و نە شییدەکاتەوە، بەڵکوو خۆی پراكتیکە، بەڵام لۆکاڵیی و ناوچەییه وەک ئەوەی تۆ دەیڵێیت: نهك هەمەکیی. خەبات دژ به دەسەڵات، خەبات بۆ دەرخستنی لەو کاتەی نادیار و تەڵەکەبازە پێویستە. نەک خەبات بۆ «بەئاگاهێنانەوە» (ماوەیەکی زۆرە کە ئاگایی و مهعریفه وەک زانین لەلایەن چین و توێژی خهڵكهوه بهدەستهاتووە و ئاگایی وەک زهین دادەنرێت و لەلایەن بورژوازییەوە داگیرکراوە)، بەڵام بۆ وێرانکردن و بەدەستهێنانی دەسەڵات، به دیوێكی تردا لەگەڵ هەموو ئەوانەی خەباتی بۆ دەکەن نهك پاشهكشێ بۆ بهئاگاهاتنهوهیان. «تیۆریی»ـیهك سیستمی نێوچەیی ئەم خەباتهیه.
دۆلووز: رێك ئهم شتهیه، تیۆریی بە تەواوەتیی وەک سندووقێکی ئامێر وایە. هیچ پەیوەندیی بە مانا و مهدلوولهوه نییە...دەبێت سوودی هەبێت، دەبێت کار بکات، ئەویش نەک بۆ خۆی. ئەگەر خهڵكێک نییە سوودی لێ ببینن، دەبێت لەو تیۆریسیهنەوە دەستپێبکرێت کە وازی له تیۆریسیهنی هێناوه، چونکە تیۆر بۆ ئەو هیچ سوودی نییە و هێشتا کاتی نەهاتووە. ناگەڕێینەوە سەر تیۆریی، بەڵکوو لەوەوە تیۆریی تر دروستدەکەین و بێگومان هەمانە کە بیکەین.
شتێكی سهرنجڕاكێش ههیه ئهویش وهرچهرخانی نووسهرێكه بهرهو ڕۆشنبیرێکی تهواو، ئەویش مارسێل پڕۆستە و بە ڕوونیی دەڵێت: به جۆرێك ڕەفتار لەگەڵ پەڕتووکەکەم بكهن وەک جووتێک چاویلکە کە ئاڕاستەکەی ڕووەو دەرەوەیە، کەوایە ئەگەر بۆ چاوی ئێوە نابێت بیگۆڕن، خۆتان ئەو ئامێرە بدۆزنەوە کە تەواو ئامێرێكی جهنگیی بێت.
تیۆری خۆی بە ههمهكیی نابێت، بەڵکوو خۆی فرهو فرهچهشن و زیاد دەكات. ئەوە دەسەڵاتە کە بهپێی ماهیهتی خۆی هەوڵی هەمەکییبوون دەدات و تۆش بە دروستی ئهوه دەڵێی: تیۆری بهپێی سرووشتی خۆی و له بنهمادا دژ به دەسەڵاتە. هەر کە تیۆرییەک لە خاڵێ لە خاڵەکاندا چڕ دەبێتەوە، ئەوا لەگەڵ نامومکینییەتی هەبوونی کەمترین دەرەنجامی پراكتیک بەبێ ئەوەی هیچ تەقینەوەیەک ڕوو بدات پێکدا دەدەن. لەبەر ئەم هۆکارەیە کە چهمكی ڕیفۆرم زۆر گەمژانە و ڕیاکارانەیە. یاخود ڕیفۆرم لەلایەن ئەو کەسانەوە ئەنجام دەدرێت کە خۆیان وا نیشان دەدەن نوێنهرن و خۆشیان بە شارەزا دادەنێن لە قسەکردن بۆ ئەوانی تر و بە ناوی ئەوانی ترەوە قسه دهكهن. ئەوە چاکسازیی دەسەڵات و دابەشکردنی دەسەڵاتە کە لە دووهێندهكردنی ملکەچکردنەوە پەیدا دەبێت. یاخود ئەوە ڕیفۆرمێکی خوازراو و داواکراوە لەلایەن ئەوانەی دەیانگرێتەوە، ڕیفۆرم لە ڕیفۆرمبوون دەوەستێت و دەبێتە کردەیەکی شۆڕشگێرانە کە لە ناواخنی کارەکتەرە لاوەکییەکەیدا دیارییکراوە تا كولیهتی دەسەڵات و پلەبەندییەکەی بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم شته لەنێو بەندیخانەکاندا ئاشكرایه: كه هەرە بچووکترین و هەرە سادەترین داواکاریی زیندانییەکان بەسە بۆ خاڵیکردنەوەی شێوە شاراوهی ـ ریفۆرمی ڕێنێ پلێڤێن . ئەگەر منداڵە بچکۆلەکان لەنێو دایەنگەیەکدا توانییان ناڕەزایەتییەکانی خۆیان یاخود کێشەکانیان بگەیەنن ئەوا به تهنیا ئهمه بەس دەبێت بۆ ئەوەی تەقینەوەیەکی گەورە لەنێو سیستمی پەروەردەدا ڕووبدات. ڕاستییەکەى ئەم سیستمەی ئێمه تیای دهژین ناتوانێت بەرگەی هیچ بگرێت: لاوازییهكی سەرەکیی هەیە لە هەر خاڵێکدا و لە هەمانکاتدا هێزێكی سەرکوتکردنی گشتیی تێدایه.
بە ڕای من تۆ یەکەم کەس بووی ئێمەت فێری چەند شتێکی سەرەکیی کرد، ئەویش لەنێو کتێبەکانت و لەنێو یەکێک لە لایەنە پراکتیکیەکانتدا: شەرم لە قسەکردن بۆ ئەوانی تر. دەمەوێت بڵێـم: لەسەر نواندنهوه و نوێنهرایهتیكردن گاڵتەمان بە یەکدی دهکرد و دەمانگوت ئیتر کۆتایی هات، بەڵام مامهڵهمان لەگەڵ بهرەنجامی ئەم گۆڕانە «تیۆرییە» نەدەکرد بۆ ئەوەی بزانین تیۆریی داوای ئەوەی دەکرد خەڵک دواجار له پەیوهندییدا بە شێوەیەکی پراكتیکیی به نوێنهرایهتیی له خۆیانهوه قسه بكهن.
فۆکۆ: کاتێک زیندانییەکان دەستیان بە قسە کرد، خۆیان تیۆریی تایبهت به خۆیان ههبوو دەربارەی زیندان، سزا و عەدالەت. ئەم جۆرە ئاخاوتەیەی دژەدەسەڵات، ئەوه دژەـ گوتارهی زیندانییەکان و ئەوانەشی پێیان دەڵێین خراپەکار هەیانە، ئەمەیە حسابی بۆ دەکرێت نەک تیۆریەک لەسەر خراپەکاریی. ئەم کێشەیەی زیندان کێشەیەکی لۆکاڵیی و لاوەکییە، چونکە ساڵانە لە ١٠٠٠٠٠ کەس زیاتر ناخرێنە زیندانەوە؛ ئەگەر هەمووی لە فەڕەنسا بژمێرین، تا ڕادهیهك ٣٠٠٠٠٠ یان ٤٠٠٠٠٠ کەس زیندانیان دیوە. خەڵک هاوار لەم کێشە لاوەکییە دەکەن. سەرم سووڕما کاتێ دیتم ئێمە ئەوەندەی بایەخ بە کێشەی زیندانییەکان دەدەین بەقەد هەمان ئەوەندەیە کە بایەخ بە ئەوانە دەدەین وا لە زیندان نین. سەرسامم بە بینینی ئەو کەسانەی بڕیار نەبووە گوێگری ئەو ئاخاوتەیەی بەندکراوەکان ببن، دەبێت چۆن گوێگری بووبێتن و چۆن ڕاڤەیان کردبێت؟ ئایا بەو جۆرە نییە، کە بە شێوەیەکی گشتیی، سیستمی سزا بریتییە لەو فۆرمەی کە تێیدا دەسەڵات وەک دەسەڵات بە شێوەیەکی ڕوون خۆی نیشان دەدات؟ یەکێک بخرێتە زیندانەوە، لە زیندان ڕابگێرێت، لە خۆراک و زۆپا بێبەش بکرێت، لە چوونەدەرەوە و لە سێکس ڕێگریی لێ بکرێت، هتد...، ئەمە ئەو شێوە دەرکەوتنە هەرە بێمانایهی دهسهڵاته کە ئێمە دهتوانین وێنای بکەین.
ڕۆژێک لەگەڵ ژنێک قسەم دەکرد كه له زینداندا بوو و وتی: «کهی بیر دەکەنەوە لهوهی من، کە تەمەنم چڵ ساڵە، بە یەک ڕۆژ زیندانکردن و بە پێدانی نانێكی وشك سزا دراوم.» ئەوەی لەم چیرۆکەدا هەستبزوێنە، نەک تەنیا پێنەگەیشتوویی و مناڵیی كردهی دەسەڵاته، بەڵکوو سیستمێكه کە وهك دەسەڵات جێبەجێ دەكرێت، ئەویش لە شێوەی فۆڕمێکی هەرەکۆن و هەرزە و مناڵانەدا. كورتكردنهوهی کەسێک بە پێدانی تکێ نان و ئاو، ئەمە ئەو شتەیە لە مناڵییدا فێرمان دەکەن. زیندان تاکە شوێنە دەسەڵات بتوانێت خۆی له حاڵهتێكی ڕووتدا نیشان بدات لەنێو رهههنده هەرە زۆرەکانیدا و پاکانەی ئەوە بکات کە دەسەڵاتێکی مۆراڵییە. «لەسەر هەقم کە سزا بدەم، چونکە دزیی و کوشتن کارێکی نەشیاو و نایاساییه...» ئەمە ئەو شتە سەرنجڕاکێشەیە لەنێو زیندانەکاندا، ئەویش ئەوەیە کە دەسەڵات به جارێك خۆی ناشارێتەوە و ماسک له دهموچاو نادات و خۆی وەک خۆسەپێنێک لەنێو لایەنە هەرە وردەکاندا پیشان دەدات و زۆر بێشەرمە و هاوکاتیش «پاکانەبۆکراوە»، چونکە دەتوانێت تەواو لەنێو مۆراڵێکدا بۆ چاودێریی كردهكانی خۆی فۆرمەڵە بکات: خۆسەپێنییە دڕندانەکەی وەک زاڵێتیی چاكە لەسەر خراپە، و نهزم لەسەر نانهزمیی، دەردەکەوێت.
دۆلووز: بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. ئەوە تەنیا زیندانییەکان نین کە وەک منداڵ ڕەفتاریان لەگەڵ کراوە، هەروەها منداڵەکانیش وەک بهندكراوهكان ڕەفتاریان لەگەڵ کراوە. منداڵەکان دەچنە ژێر باری ڕەفتارلەگەڵکردنێکی منداڵانەوە کە هیی خۆیان نییە. لەم گۆشەنیگایەوە، ئەوە ڕاستە کە خوێندنگەکان تا ڕادەیەک چەشنی زیندانن، هەروەها کارگەکانیش کوتومت لە زیندان دەچن. تەنیا ئەوە بەسە سهیرێكی دهرگەی چوونهژوورهوهی كارگهی ڕێنۆ بكرێت: تهنیا سێ جار مافی میزکردن لە ڕۆژێکدا. ئەو تێکستەی ژێرێمی بێنتام له سەدەی ههژدهیهمدا، كه تۆ دۆزیتهوه و لهوێدا ئهو پێشنیاری چاکسازیی لە زیندانەکان دەکات: ئهو بە ناوی ئەم ڕیفۆرمە بەرزەوە، سیستمێکی سووڕانی وا دروستدەکات کە زیندانه تازهكه وەك مۆدێلێکی لێ دێت بە شێوەیەکی هەستپێنەکراو لە خوێندنگەوە بۆ کارگە، لە کارگەوە بۆ زیندان و بە پێچەوانەشەوە، له هاتوچۆدابێت. ئەمە زاتی ڕیفۆرمخوازیی و نواندنی ڕیفۆرمکراوه. بە پێچەوانەشەوه، کاتێک خەڵک بە ناوی خۆیانەوە دەست بە قسە و کار دەکەن، ئەوا ئەوان هیچ نواندنهوهیهكی تر کە پێچەوانەی ئهوی تر بێت ناخهنه ڕوو، ڕووبەڕووی نوێنەرایەتییەکی تر بۆ نوێنەرایەتییەکی نادروستی دەسەڵات نابنەوە. بۆ نموونە، بیرم دێت دەتگوت هیچ عەدالەتێکی جەماوەریی نییە دژی عەدالەت، بەڵکوو ئهمه بە شێوەیەکی تر ڕوو دەدات.
فۆکۆ: پێم وا بێت، تهنیا لهبهر عهدالهتێكی باشتر نییه كه خهڵك ڕقیان بەرانبەر عەدالەت، دادوەرەکان، دادگا و زیندانەکانە و نابێت تهنیا ئهمه بهدی بكرێت، بەڵکوو لەسەرەتا و پێش هەموو شتێ دەبێت ههست بەو تەنیا خاڵە بکەین کە تێیدا چۆن دەسەڵات لەسەر حسابی خەڵک بەکار دەهێنرێت.
خەبات دژی دادوەریی خەباتێکە دژی دەسەڵات و پێم وانییە ببێتە خەباتێک دژی ناڕەوایەتییەکان، دژی ناڕەوایەتییەکانی عەدالەت بۆ ئەوەی دامەزراوەی دادوەریی باش کار بکات. لەگەڵ ئەوەش ئەوە سەرنجڕاکێشە کە هەرکاتێک سەرکەشیی، یاخیبوون و ئاژاوە هەبووە، دامەزراوەی دادوەریی، چۆن دامەزراوەی دارایی، سوپا و فۆرمەکانی تری دەسەڵات کراونەتە ئامانج، ئهمیش كراوهتهوه ئامانج.
گریمانەکەی من، کە ڕەنگە تهنیا گریمانەش نەبێت، ئەوە بووە دادگا جەماوەرییەکان، بۆ نموونە لە کاتی شۆڕشدا شێوازێک بوون بۆ ئەو بورژوازییانەی هاوپەیمانی زۆرینە بوون تا زاڵبن بهسهر ئەو بزووتنەوەیەی دژی عەدالەت بوو و وەریبگرنەوە. بۆ وەرگرتنەوەشی، پێشنیازی ئەو سیستمی دادگاییهیان دهکرد کە دەگەڕێتەوە بۆ عەدالەتێک کە ڕەنگە دادپەروەرانە بێت یاخود لهلایهن دادوەرێکهوه گریمانی ئهوه بكرێت بڕیارێک یاخود حوکمێکی دادپەروەرانە بدات. فۆرمی دادگاکەش بەشێکە لە ئایدۆلۆژیایەکی عەدالەت، کە ئەویش هیی بورژوازییە.
دۆلووز: ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستا بکەین، دەسەڵات ڕوانگەیەکی گشتیی و گلۆباڵی هەیە. هەموو فۆرمە هەنوکەییەکانی چەوساندنەوە، کە لەڕادەبەدەرن، لە گۆشەنیگای دەسەڵاتەوە سەرتاپاگیر دەبن: سهركوتكردنی ڕهگهزپهرهستانه دژ به کۆچبەران، سهركوتكردن لەنێو کارگەکان، سهركوتكردن لەنێو پەروەردە، سهركوتكردن دژ به گەنجان بە گشتیی. پێویست ناكات تەنیا بۆ یەكێتیی هەموو ئەو فۆرمانەی نێو پەرچەکرداری مایسی ٦٨ـدا بگەڕێین، بەڵکوو دهبێت زیاتر لەنێو ئامادەکاریی و ڕێکخستنی نهخشەبۆدارێژراوی داهاتووە نزیکەکانمان بهدوایدا بگهڕێین.
کاپیتالیسمی فەڕەنسیی پێویستییەکی گەورەی بە «سووکان»ـێکی بێکاریی هەیە، ئەو ماسکی لیبراڵ و باوکانەی فرەئیشییە لا دەبات. لەم گۆشەنیگایهدایه کە یەکێتیی خۆیان دەدۆزنەوە: سنووردانان بۆ کۆچکردن، پێدانی کارە هەرە قورس و بێبەرهەمەکان بە کۆچبەران، سهركوتكردن لەنێو کارگەکاندا، چونکە بریتی دەبێت لە پێدانەوەی «تام»ـی کارێکی زۆر قورس بە فەڕەنسییەک، بهرهنگاربوونهوهی گهنجان و سهركوتكردن لەنێو پەروەردەدا، چونکە سهركوتكردنی پۆلیسیانە زیاتر زیندووترە تا پێویستیی گەنج لە بازاڕی کاردا. هەموو کاتێگۆرییە پیشەییەکان وا دەکەن ئەو کارە پۆلیسییانەی زۆر وردن ئەنجام بدرێن: مامۆستا، دەروونناس، فێرکار لە ههموو بوارێك، هتد... شتێک هەیە تۆ ماوەیەکی زۆرە باسی دەکەیت و ئێمەش وامان دەزانی ناتوانین بە بیرمانا بێت: بەهێزکردنی هەموو پێکهاتەکانی داخستن و له زیندانكردن. کەواتە، بەرانبەر بەم سیاسەتە گشتییەی دەسەڵات، کاردانەوەی توندی لۆکاڵیی، وەڵامی جەرگبڕ، بەرگریی چالاک و هەندێجاریش پێشبینیکراو ئەنجام دەدرێت. ئەو شتەی تەنیا لەلایەن دەسەڵاتەوە سەرتاپاگیر دەبێت ئێمە نیمانە، ئەوەی ئێمە دەتوانین سەرتاپاگیری بکەین تەنیا لە ڕێی چاککردنەوەی فۆرمەکانی نواندنهوهی سەنتەرخوازیی و پلەبەندییەوەیە. بە پێچەوانەوە، ئەوەی ئێمە دەیکەین بریتییە لە گەیشتن بە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە لاوەکییەکان، سیستەمی تۆڕە سەرەکییە جەماوەرییەکان. ئەمە ئەو شتەیە کە زۆر ئهستهمه.
بەهەرحاڵ، واقیع بۆ ئێمە لە ڕێی نواندنهوه بۆ P.C (پارتی كۆمۆنیست) یاخود بۆC.G.T (کۆنفیدراسیۆنی گشتیی کار و كرێكارانهوه) نییە. ڕاستییەکەی واقیع بریتییە لەوەی ئەمڕۆ لەنێو کارگەیەک، لەنێو خوێندنگەیەک، لەنێو سەربازخانەیەک، لەنێو زیندانێک، لەنێو بنکەیەکی پۆلیسدا ڕوودەدات. بە شێوەیەک کە کردەکە جۆرێک لە زانیاریی ناوەندێکی تەواو جیاواز لەگەڵ زانیارییەکانی ڕۆژنامەکان لەخۆدەگرێت (هاوشێوهی زانیاریی ئاژانسی ڕۆژنامهیی لیبێراسیۆن).
فۆکۆ: ئایا ئەم کێشەیه بۆ دۆزینەوەی فۆرمەکانی خەباتی لەبار، لەوەوە سهرچاوه ناگرێت کە ئێمە تا ئێستاش نازانین دەسەڵات چییە؟ سەرەڕای ئەوەش، دەبوو چاوەڕوانی سەدەی نۆزدە بکەین تا بزانین تهقینهوهی جهماوهریی چییه، بەڵام ڕەنگە تا ئێستاش نەزانین دەسەڵات چییە. ڕەنگە مارکس و فرۆید بەس نەبن بۆ یارمەتیدانمان کە ئەم شتە هێمایی و مەتەڵییە بزانین کە هاوکات دیار و نادیار، ئاشکرا و شاراوەیە و لە هەموو شوێنێکدایه و پێی دەڵێن دەسەڵات.
بێگومان تیۆری دەوڵەت، شیکردنەوەی تەقلیدیی پێکهاتەکانی دەوڵەت، ناوەندی بەڕێوەبردن و کارکردنی دەسەڵات لەکار ناخەن. ئەوە نەناسراوه گەورە باوەکەیە: کە دەسەڵات بەڕێوە دەبات؟ لەکوێدا بەڕێوەی دەبات؟ لە ئێستادا تاڕادهیهك دەزانین کێ قازانج دەکات، قازانجەکهی بۆ کوێ دەڕوات، لەنێو دەستی کێدایە و لەکوێدا گەشە دەسێنێت، لە کاتێکدا باش دهزانین دەسەڵات... ئەوە بەڕێوەبەرهكان نین کە دەسەڵاتیان هەیە. بەڵام چەمکی «چینی بەڕێوەبەران» نە زۆر ڕوونە نە زۆر تەواوە. «ههژموونكردن»، «بەڕێوەبردن»، «حکومکردن»، «گرووپی دەسەڵات»، «پێکهاتەی دەوڵەت» هتد، لێرەدا گەمەی چەمکەکان هەیە کە ئەوە دەخوازن شییبکرێنەوە. بەهەمان شێوە، دەبێت ئەوە باش بزانرێت کە تا چ شوێنێک و لە رێی چ پێوەرێکەوە، تا چ مەودایەکی بچووک، پلەبەندیی، کۆنترۆڵ، چاودێریی، قەدەغەکردن و ناچاركردنی لهلایهن دەسەڵاتەوە توانای هەیە. هەر شوێنێ کە دەسەڵاتی لێیە، دەسەڵات کار دەکات. هیچ کەسێک تێیدا ڕۆڵ و ناونیشانی نییە. کەچی دەسەڵات هەمیشە لەنێو هەندێ ئاڕاستەدا کار دەکات، ئەویش لەگەڵ کۆمەڵێک لێرە و کۆمەڵێک لەوێ، نازانین کێ هەیەتی؛ بهڵام دەزانین کێ نییەتی.
خوێندنەوەی کتێبەکانی تۆ (هەر لە نیچەوە تاوەکو کاپیتاڵیسم و شیزۆفرینا، ئهوهی ههستی پێ دهكهم)، كه بۆ من زۆر بایەخدار بووه، ئهو شتانه بوون وایان لێ کردم له پێگهی ئهم كێشهیه زۆر دوور بكهومهوه: لەژێر ئهم بابەتە کۆنەی واتا، دال و مهدلول، هتددا...، هەروەها، پرسیاری دەسەڵات، نایەکسانیی دەسەڵات و خەباتەکانیان. هەموو خەباتێک لەنێو ئاگردانی دەسەڵاتدا گڕ دەسێنێت (ڕهنگه یەکێک لەو ئاگردانە لەژمارنەهاتووە بچووکانە: سەرۆکێک، پاسەوانی شوێنێکی نیشتەجێبوون، بەڕێوەبەری زیندانێک، دادوەرێک، بەرپرسێکی سەندیکا یان سەرنووسەری ڕۆژنامەیەک بێت). ئەگەر بەرپرسەکان دیارییبکرێن و لەنێو خەڵکدا کەشف بکرێن، ئەوە دەبێتە خەباتێک، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە هیچ کەسێک پێشتر درکی بەوە نەکردووە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە، بەهێزکردنی تۆڕی زانیاریی دامەزراوەیی، ناوهێنان، وتنی ئەوەی کێ چی کردووە، دیاریکرنی ئامانج، ئەمە یەکەمین گۆڕانکاریی دەسەڵاتە، ئەمە یەکەمین هەنگاوە بۆ خەباتی تر دژ به دەسەڵات. بۆ نموونە، گەر ئاخاوتەی بەندکراوەکان، پزیشکەکانی زیندان، خەبات بن، لەبەر ئەوەیە ئەوان لانیکەم بۆ ماوەیەک دەستیان بەسەر دەسەڵاتی قسەکردن لەسەر زینداندا گرتووە، ئەو دەسەڵاتەش هەنووکە لەلایەن یەک دەستەی بەڕێوەبردن و هاودەستە ڕیفۆرمخوازەکانییەوە دەستی بەسەرا گیراوە.
گوتاری خەبات دژی نهست نییە: دژی نهێنییە، کە ئەمەش زۆر کەم بوونی هەیە. ئەی ئەگەر زۆر بوایە؟ زنجیرەیەک ناڕوونیی سەبارەت بە «شاراوە»، «سەرکوتکراو»، «نەوتراو» هەیە، کە ڕێگە بە «دەرونشیکارکردنی» دەدەن بە نرخێکی کەم؛ بۆ ئەوەی ببێت بە ئۆبژهی خەباتێک. ڕەنگە ئاشكراكردنی نهێنیی زیاتر ئهستهم بێت تا نهست. ئەو دوو بابەتەی دوێنێ بەردەوام چاومان پێیان دەکەوت بریتیبوون لە «نووسین، واتە ئاشكراكردنی ڕهگهزه سەرکوتکراوهكان»، «نووسین، كردهیهكی تهواو شۆڕشگێڕانهیە» بە ڕای من پهرده لەسهر بڕێ لەو ئۆپراسیۆنانە ههڵدهماڵن کە دەبێت ئاشکرا بکرێن.
دۆلووز: سەبارەت بەو کێشەیەی تۆ باسی دەکەیت: ئەوە باش دەبینین کێ قازانج دەکات، کێ سوودمەند دەبێت، کێ حوکم دەکات، بەڵام دەسەڵات هێشتا شتێکە زۆر پهرشوبڵاوە، ئەم گریمانەیە دەخەمە ڕوو: تەنانەت مارکسیسمیش ئەو کێشەیەی وەک چەمکی قازانج دیاریی کردبوو (دەسەڵات لەدەستی چینێکی زاڵدایە، کە شوێنکەوتەی بەرژەوەندییەکانیانن)، هەروەها ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە: چۆن دهكرێت ئەو خەڵکانەی بەرژەوەندی زۆریان تێیدا نییە، دوای ئهوان دەکەون، لایەنگیریی دەسەڵات دەکەن و سواڵی یەک بەشی بچووکی لێ دەکەن؟ ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت لە دەستەواژە بازرگانیی، هەروەها ئابوورییەکانیش، بەرژەوەندیی کۆتاوشە نەبێت، هەندێ سەرمایەگوزاریی ئارهزوو هەن کە وای ڕوون دەکەنەوە دەتوانین له كاتی پێویستی تاسەی بکەین، نەک دژی بەرژەوەندییەکان، چونکە بەرژەوەندیی هەمیشە بەدوو دەکەوێت و لەو شوێنەدایە کە ئارهزوو دایدەنێت، بەڵام تاسەکردن بە شێوازێکی قووڵ و پهرشوبڵاوترە وەک بەرژەوەندییەکە. دەبێت قبوڵی بكهین گوێ له هاواری ڕایش Reish بگرین: نەخێر، زۆرینە بە هەڵەدا نەچوون، ئەوان تاسەی فاشیزمیان کرد لەکاتێک لە کاتەکاندا! هەندێ بازرگانی ئارهزوو هەن وەک مۆدێلی دەسەڵات وان و بڵاوی دەکەنەوە، هەروەها وا دەکەن دەسەڵات خۆی لە ئاستی پۆلیسدا ببینێتەوە وەک لە ئاستی سەرۆکوەزیران و هیچ جیاوازییەکی سرووشتی موتڵەق لەنێوان ئەو دەسەڵاتەی پۆلیسێک بەڕێوەی دەبات و ئەو دەسەڵاتەی وەزیرێک بەڕێوەی دەبات نییە. ئەمە سرووشتی سەرمایە و بازرگانیی ئارهزووه لەسەر جەستەی کۆمەڵایەتیی کە ئەوە ڕووندەکاتەوە بۆچی پارت و سەندیکاکان بازرگانی شۆڕشگێڕانەیان بە ناوی بەرژەوەندیەکانی چین و توێژهكانەوە هەبێت و بتوانن بازرگانی رێفۆرمیستیان ههبێت كه به شێوهیهكی تهواو لە ئاستی ئارهزوودا كۆنهپارێز بێت.
فۆکۆ: وەک تۆ باسی دهكهیت پەیوەندیی نێوان ئارهزوو، دەسەڵات و بەرژەوەندیی زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە ئێمە بەشێوەیەکی ئاسایی بیری لێ دەکەینەوە، وەک پێویست ئەوانەی دەسەڵات بەڕێوە دەبەن ئهوانه نین بەرژەوەندییان هەبێت بۆ ئەوەی دهسهڵات بەڕێوە ببەن؛ واته ئەوانەی بەرژەوەندییان لە بەڕێوەبردنیدا هەیە بەڕێوەی نابەن، ئارهزووی دەسەڵات لەنێوان دەسەڵات و بەرژەوەندییدا یاریی دەکات، یارییەک کە هێشتا یەکلایەنەیە.
ئەوە ڕوو دەدات زۆرینە لەسەردەمی فاشیزمدا تاسەی ئەوە دەکەن هەندێک دەسەڵات بەڕێوە ببەن، هەندێکیش خۆیان لەگەڵ ئەوان تێکەڵ ناکەن، چونكه دەسەڵات لەسەر حسابی ئەوان بەڕێوە دەچێت، تا مردن و قوربانییدان و كوشتاریان، کەچی حەزیان لەو دەسەڵاتەیە، حەز دەکەن ئەو دەسەڵاتە هەبێت. ئەم یاریی ئارهزووه، دەسەڵات و بەرژەوەندییە هێشتا زۆر ئاشنا نییە. ماوەیەکی زۆرە دەبوو لەمانای قازانجکردن تێبگەین. ئارهزوو هێشتا مهسهلهیهكی دوورودرێژه. ئەوە مومکینە ئەو خەبات و پاشان ئەو تیۆرییە لۆکاڵیی و ناوچەیی و پچڕاوانەی ئێستا هەن و خەریکی خۆئامادەکردنن لەنێو ئەو خەباتانە و بە تەواوەتیی لەگهڵیان دەبنه جەستەیهك، ببنە سەرەتایەک بۆ دۆزینەوەی شیوازێک، کە دەسەڵات بەڕێوە ببات.
دۆلووز: کەواتە دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەکە: ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەی ههنووكه لە چەندان پێگه پێکدێت و لاوازیی و کەموکووڕیی نییە؛ پاشان هەندێک تۆتالیزاسیۆنی زیاتر لهلایهن دەسەڵات و كاردانهوهكانهوه دهردهكهوێت. بۆ نموونە ڤێتنام وەڵامێکی لەڕادەبەدەر لۆکاڵییە. بەڵام چۆن تۆڕەکان و پەیوەندییە نیمچهئەستوونییەکان لەنێوان ئەم خاڵە چالاکە بچڕاوانەدا لەنێو وڵاتێک یاخود وڵاتێكی تردا بناسین؟
فۆکۆ: ڕەنگە مانای ئەم پچڕانە جوگرافییەی تۆ باسی دەکەی، ئەمە بێت: لەو ساتهوهی دژی داگیركاریی و چهوساندنهوه خەبات دەکەین، ئەوە پرۆلیتاریایە کە نەک بە تەنیا ئەم خەباتە بەڕێوە دەبات، بەڵکوو ئامانج، مێتۆدەکان، شوێن و ئامڕازەکانی خەباتیش دیاریی دەکات؛ یەکبوون لەگەڵ پرۆلیتاریا، واتە تێکەڵبوون لەگەڵیان لەسەر هەڵوێستەکانیان، ئایدۆلۆژییان و بەدەستهێنانەوەی پاڵنهری هەوڵەکانیان. واتە توانەوە. بەڵام گەر خەباتمان دژی دەسەڵات بێت، کەواتە ئەوانەی خەبات لەسەریان وەک زیادەرۆیی جێبەجێ دەکرێت، ئەوانەی دەسەڵات وەک شتێکی تەحەمولنەکراو دەبینن، دەتوانن خەبات لە ڕێی چالاکییەکانیانەوە بەکاربێنن. بە ئەنجامدانی ئەم خەباتە، کە هیی خۆیانە، ئەو ئامانجە تەواو دەناسن و دەتوانن مێتۆدەکەی دیاریی بکەن و دەچنە نێو پڕۆسە شۆڕشگێڕییەکەوە. بە تێکەڵبوون لەگەڵ پرۆلیتاریا، وەک چۆن ئەگەر دەسەڵات جێبەجێبکرێت وەک ئەوەی کە دەبێت جێبەجێبکرێت، ئەوە دەبێتە هۆی پاراستن له داگیركاریی و چهوساندنهوهی کاپیتاڵیست، هەروەها تەواو خزمەت بە هۆکاری شۆڕشی پرۆلیتاریا دەكات، ئەویش بە خەبات لەو جێیەی کە دەچەوسێنرێنەوە. ژنان، زیندانیان، سەربازانی زۆرەملێ، نەخۆشەکان لەنێو نەخۆشخانەکان و هاوڕەگەزبازەکان شۆڕشێکی تایبەتیان دژ به فۆرمە تایبەتەکانی دەسەڵات دەستپێکرد، واته خۆسەپاندن و کۆنترۆڵکردن کە بەسەریاندا جێبەجێکرابوو. ئەم خەباتانە بەشێكن لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی، ئەویش بە مەرجێک ڕادیکاڵ بێت، نهك نهرمینوێن و ڕیفۆرمخواز، بەری بێت لهو هەوڵانهی دەدرێن بۆ ڕێکخستنەوەی هەمان دەسەڵات لەگەڵ گۆڕانکارییەکی دیاردا. ئەم بزووتنەوانە بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی پرۆلیتاریا خۆیەوە بەستراون، بە شێوەیەک، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی بەسەر هەموو جۆرە خۆسەپاندن و کۆنترۆڵێکا هەیە کە هەمان دەسەڵات بەڕێوەی دەبات.
واتە چوارچێوەی گشتیی ئەم خەباتە لەنێو ئەو هەمەکییەدا نابێت وا تۆ ئێستا باست لێ دەکرد، ئەو هەمەکییه تیۆرییەی خۆ لەسهروو فۆڕمی «حەقیقەت» دهخاتهڕوو و دەبێتە هۆی دانانی چوارچێوەیەکی گشتیی بۆ خەبات، ئەویش هەمان سیستەمی دەسەڵات و هەموو فۆرمەکانی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتە.
دۆلووز: ئيمە ناتوانین دەستکاریی هیچ خاڵێکی جێبهجێكاری بکەین تا ئەوەی خۆمان ڕووبەڕووی ئەم پێکهاتە شپرزە نەبینینەوە، له كاتێكدا وامان لێ کراوە بمانەوێت لە ڕێی هەرە بچووکترین داخوازیی کە هەیە بەسەریا باز بدەین. هەموو بەرگرییەک یاخود هەموو هێرشێکی شۆڕشگێڕیی لاوەکیی پهیوهست دهبێت بهم جۆره له خەباتی کرێکارییهوه.
* لەم بابەتەدا ڕێنووس و تایبەتمەندییەکانى وەرگێڕ پارێزراون (نێگەتیڤ)
سهرچاوه:
Deleuze, Gilles, L'île Déserte,«Les intellectuells et le Pouvoir» Texte et entretiens 1953-1974, édition préparée par David Lapoujad, pp.288-298.