A+    A-
(869) جار خوێندراوەتەوە

            پێشەکیی کتێبى:

                        «فەلسەفە چیە؟»

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ژیل دۆڵۆز، فلێکس گویتارى

و. وەلید عومەر

 

 

* وتەیەک:

 ئەمە پێشەکیی کتێبى "فەلسەفە چیە؟"ـى دۆڵۆز و گویتارییە کە ساڵى ١٩٩٠ بڵاویانکردووەتەوە. ناونیشانى کتێبەکە بۆ خوێنەرى ئاسایی، خەڵەتێنەرە. باسى ئەوە ناکات فەلسەفە چیە، باسى ئەوە دەکات فەلسەفە لە زەمەنێکى دیاریکراودا، بۆ نمونە لەمڕۆدا چیە. گەر جاروبار ڕەهەندە نەمرەکانى فەلسەفەش بورووژێنرێت، پتر دەمەزەردکردنەوەی فەلسەفەیە لەناو سیاقى ئەمڕۆدا. دەوترێت هیپییەک بەم ناونیشانە خەڵەتابوو، چوبوو کتێبەکەى کڕیبوو و دەستیکردبووە خوێندنەوە، هەموو ئەو شتانەشى تیا بوو کە کەوتبوونە سەردەمى ئەوەوە، بەڵام تەنیا وەک ناو و نمونە. فەلسەفەى دۆڵۆز خۆى لەگۆشەیەکى ڕەخنەیی و بەراوردکارییەوە جاروبار خاڵى نیە لە جۆرێک هیپیزمى تیۆرى، بەڵام دواجار فەیلەسووفێکى ڕەسەنە دژ بە کایە کرچ و دژەتیۆرییەکانى دونیاى ئەمڕۆ. لەم دەقەدایە بانگەشەى ئەوە دەکەن فەلسەفە ئەفراندنى چەمکە، فابریکە و بەیەکەوەنانى تێگەیە، بەڵام بەو مانا باوە نا مێژووى فەلسەفە چەمکى درووستکردووە. بەو مانایەى کە چەمک خۆیشى لەبنەوە نوێ‌ببێتەوە و گوزارشت لە گۆڕانى بەردەوامى ژیان و پاشان ئەو ماتەوزە ناکۆتایەش بکات کە بوون و ژیان هەڵیگرتووە. لەوەش واوەتر، چەمک بکەن بە خودى ژیان و لە شتبوون دەربازبکرێت. بانگەشەکەى ئەوان، بەخشینى ئەو زانیارییە باوە نیە کە فەلسەفە ئیشى درووستکردنى چەمک بێت، چونکە ئەوە بۆ فیکرى خۆرئاوا شتێکى شاراوە نیە. ئاشکرایە چەمک بەر لەوان، بیرۆکەیەکى زەینیی ئەبستراکت بووە کە زۆرجار لە فۆرمى وشەیەکدا خراوەتەڕوو. بەڵکو مەبەستیان لە درووستکردن و داهێنانى چەمکە بەپێى ڕوانگەى خۆیان کە هەر چەمکێک بەروارى نوێبوونەوەى خۆى هەیە و پاشان دەبێت خۆى لەوەش بپارێزێت یەکەجێ و یەکەڕاست جیهان لەخۆیدا بنوێنێتەوە. ئەوان بەرگرى لە ئەفراندن دەکەن تا نواندنەوە، ئەمەش دیسان لە پرسى چەمکدا پیادەدەکەن. پێناسە باوەکەى فەلسەفە خۆشویستنى زانینە، عەشق بۆ مەعریفە، بەڵام ئەمە تەنیا فۆرم و بونیادى هەمیشەیی پێناسەکەیە و لە ئاستى ناوەڕۆکدا هەر سەردەمێک پێویستى بە نوێبوونەوەیە. هەڵگرتنى سنورى کایەکانیش بەبێ خودئاگاییەکى پێشوەختە، ڕەنگە گرفت بۆ خوێنەرێک درووستبکات کە هێشتا هیچکام لەو کایانەى وەک خۆى نەناسیوە. ئەم پێشەکییە بۆ دوو ساڵێک لەمەوپێش دەگەڕێتەوە کە تەواوکراو و وەک بابەتێکى سەربەخۆ دانرایەوە (و).

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

 

 

ڕەنگە تا درەنگانێک نەتوانین بپرسین «فەلسەفە چیە؟»، تا ئەو دەمەى بە ساڵدا دەچین و کاتى قسەوباسى کۆنکرێتى دێت. لەڕاستییدا، کە چاوێک بە بیبلۆگرافیادا دەخشێنین، سەیردەکەین شتێکى ئەوتۆ لەسەر ئەم پرسە نەنوسراوە[1]. ئێمە لە خرۆشانێکدا ئەم پرسیارە دەکەین کە جاروبار خۆى دێت، لە نیوەى شەودا، ئەو دەمەى هیچى ترمان نیە بیپرسین. خۆ پێشتر ئەم پرسیارەیان دەکرد، زۆریش دەیانکرد، بەڵام زۆر ناڕاستەوخۆ و لەژێر لێوەوە دەیانکرد. زۆر ساختە بوو، زۆریش پەتى و ئەبستراکت. ئەم پرسیارەیان گەڵاڵەدەکرد، بەڵام هێند هەڵەشانە پیا دەهاتن، خۆى نەدەدایە دەستەوە. [یەک نەزانێت دەڵێت:] ئەوەندەش هۆشیان بەخۆیانەوە نەبووە. زۆر بەپەرۆشەوە بوون بفەلسەفێنن، بەڵام لە خۆیانیان نەدەپرسى فەلسەفە چیە، لەڕێى پیادەکردنى ستایل (style)ێکەوە نەبێت. یەکێک نەبوو بگات بەو خاڵەى بێ‌ستایلى (non-style) و لەکۆتاییدا لە خۆى بپرسێت: ئەرێ ئەوە چى بوو من کردم، ئەوەى وا هەموو تەمەنم خەریکى بووم؟ پیرى زۆر شت لەگەڵ خۆیدا دێنێت، گەنجێتییەکى هەتاهەتایی نا [کە کەفوکوڵ ئاراستەت بکات]، بەڵکو پێچەوانەکەى: ئازادییەکى سەروەر و خۆسەر، زەروورەتێکى پەتى[2] کە تاوێک تامى "بەخششاو[3]"ـى نێوان ژیان و مردن دەکەین؛ لەوێدا کە هەرچى پارچەى ماشێنەکەیە[4] دەچنە سەر یەکتر بۆ ئەوەى هێڵێک هەناردەى داهاتوو بکەن گشت وێستگەکانى تەمەن ببڕێت: تیزین و تێرنەر و مۆنێت[5]. ئەوە بەپیرى بوو کە تێرنەر ئەو مافەى وەرگرت وێنەکێشان بۆ سەر ڕێیەکى چۆڵ‌وهۆڵ بداتە بەر خۆى، ڕێیەک کە گەڕانەوەى بۆ نیە و چیتر لە پرسیارى کۆتاییش جیانابێتەوە. ڕەنگە کتێبى "ژیانى ڕانسێ[6]" لە یەک کاتدا ئاماژە بێت بۆ پیریی شاتوبریان[7] و دەسپێکى ئەدەبیاتى مۆدێرنیش. جاروبار سینەماش کۆمەڵێک دەست‌ودیارییمان بۆ دەهێنێت کە تایبەتن بە وێستگەى سێیەمى تەمەن، بۆ نمونە لەوێدا کە ئیڤانز پێکەنینەکەى خۆى تێکەڵ بە دەنگى جادووگەرە مێینەکە دەکات لەناو گڤەى چارنەکراوى باکەدا[8]. هەروا بێتەوە، لە فەلسەفەشدا، ڕەخنەى داوەریی کانت، بەرهەمى سەردەمى پیرییە. بەرهەمێکى جڵەوبڕ [و زەمەنبڕ] کە پاشینانى هەرچى دەکەن بۆیان ناگیرێتەوە: هەموو توانستەکانى زەین سنورى خۆیان دەبڕن، ئەو سنورانەى وا کانت بەوردى لە کتێبەکانى سەردەمى پێگەیشتوویی خۆیدا دیاریی‌کردبوون.

ئێمە ["من و گویتارى"]، لافى پێگەى وا لێ نادەین. هێند هەیە کاتى ئەوە هاتووە بپرسین فەلسەفە چیە؟ ئێمە پێشتریش لەپەسا هەر دەمانپرسى، ئەوسا و ئێستاش هەر یەک وەڵاممان هەیە کە گۆڕانى بەسەردا نایەت: فەلسەفە هونەرى فۆرم‌پێدانە[9]، داهێنان و ئەفراندنى چەمکه. بەڵام وەڵامەکە بەوەندە نایبڕێتەوە لەسەر پرسیارەکە کڕبکەوێت، بەڵکو پێویستە کات، جێ‌وڕێ، هەلومەرج، گۆشەنیگا، خەسڵەتەکان، مەرجەکان و مەجهولەکان (نەزانراو)ـى پرسیارەکەش دەستنیشان‌بکات. دەبێت بتوانیت «لەنێو هاوڕێکاندا» پرسیارەکە بکەیت، ئیدى وەک سڕێک بێت یان متمانەیەک، وەک ئاڵنگارییەکیش بیدەیت بە ڕووى ناحەزاندا، بشگەیت بەو بوومەولێڵەى وا تەنانەت [لێڵ و ڕوون یان] هاوڕێ و هاوڕێ متمانە بە یەک ناکەن. ئالێرەدایە مرۆ دێتەگۆ و دەڵێت: «هەمووى هەر ئەمە بوو. بەڵام نازانم ئاخۆ ڕاست دەرمبڕیبوو یان بایی پێویست قەناعەتپێکەر بوو. خۆى گرنگیش نیە چەندە ڕاست دەربڕاوە یان چەنێ قەناعەتپێکەر بووە، چونکە خۆى هەر ئەمەندەیە».

ئەوەتا دەبینین چەمکەکان (Concepts) پێویستیان بە کەسێتییەکى چەمکییانە[10] (conceptual)یە تا بە کۆمەکى وان پێناسەى خۆیان بکەن. هاوڕێ، یەک لەو کەسێتییانەیە کە هەتا دەوترێت بەڵگەیەکە لەسەر ڕیشەى یۆنانیی وشەى «فیلۆ-سۆفى»یش: شارستانییەتەکانى تر، حەکیم (دانا[11])یان هەبوو، بەڵام یۆنانییەکان ئەم هاوڕێیانە پێشنیاردەکەن کە هەروا بەسادەیی کۆمەڵێک حەکیمى خاکی‌تر نین. ئەوە یۆنانییەکان بوون مەرگى حەکیمیان پشتڕاستکردەوە، و فەیلەسووفان واتە هاوڕێیانى حیکمەتیان[12] خستە جێى وان، واتە ئەوانەى بۆ حیکمەت دەگەڕان بەڵام ڕوون و ڕەسمى پێى نەدەگەیشتن. بەڵام جیاوازیی نێوان فەیلەسووف و حەکیم تەنیا جیاوازیی نمرە و [چەندایەتى] نەبوو کە بتوانین بیپێوین [بەڵکو جیاوازییەکى چۆنایەتى بوو]: پیرە حەکیمى خۆرهەڵاتى بە وێنەیەکى [مەجازى][13] بیریدەکردەوە، لەکاتێکدا فەیلەسووف چەمکى دادەهێنا و هەر بەویش بیریدەکردەوە. حیکمەت گەلێک گۆڕانى بەسەردا هاتووە، لەوەش ئاڵۆزتر ئەوەیە بزانین "هاوڕێ" چ واتایەک دەگەیەنێت، بەتایبەت لاى یۆنانییەکان. ئاخۆ هاوڕێ ئاماژەیە بۆ نزیکایەتییەکى گیانیی‌بەگیانی، بۆ جۆرێک لە سەلیقەى مادى و ماتەوزەیەک، وەک ئەوەى لەنێوان دار و دارتاشدا هەیە؟ دارتاشى چاک دەگەڕێتەوە بۆ هێزى دارەکە، کەوایە هاوڕێى دارەکەیە؟ ئەمە پرسیارێکى گرنگە، چونکە هاوڕێ، بەو جۆرەى لە فەلسەفەدا دەردەکەوێت، چیتر کەسێتییەکى دەرەکى نیە، ئاماژە بۆ نمونەیەک یاخۆ هەلومەرجێکى ئەزموونى ناکات، بەڵکو ئامادەییەکى ناوەکییە لە هزردا، مەرجێکى ڕەخسانى خودى هزرە، کاتیگۆرییەکى زیندووە، ژینەوەر[14]ێکى ترانسێندێنتاڵە [کە تەنیا بۆ ئەزموونکردن نیە]. یۆنانییەکان هەر بە زەبرى فەلسەفە هاوڕێیان گۆڕییە سەر پەیوەندییەک کە چیدى پەیوەندیگرتن نیە لەگەڵ ئەویتردا بەڵکو پەیوەندیگرتنە لەگەڵ بوونەوەر (بوونمەندی)ێکدا، لەگەڵ جۆرێک ئۆبێکتێتى[15]دا، لەگەڵ زاتێک (ماهیەت)[16]دا. هاوڕێى ئەفلاتوون، بەڵام لەوەش زیاتر هاوڕێى حیکمەت، هاوڕێى حەقیقەت یان چەمک، فیلالێث یان ثیۆفیل[17]: فەیلەسووف شارەزاى چەمک و نا-چەمکە، دەزانێت کامیان دەمێنێتەوە، کامیشیان بە ڕێکەوتن دەمێنێتەوە و کامنیشیان ناکۆک و نەکڵۆکن، کامەشیان بۆ چرکەیەک چیە نامێنێتەوە؛ بەپێچەوانەشەوە کامیان خۆش خوڵقاون و بەڵگەشن لەسەر ئەفراندن[18]ێک- ئیدى با تێکدەر و سەربەئۆین‌یش بن.

ئەگەر هاوڕێ وەرگەڕێت بۆ کەسێتییەکى چەمکییانە، بۆ مەرجى پیادەکردنى فیکر، ئەودەم چ مانایەکى هەیە؟ یان ئاخۆ هەر مەبەستمان لە هاویار[19] نیە؟ ئایا هاوڕێ جارێکى تر پەیوەندییەکى حەیاتى بە ئەویترەوە ناهێنێتەوە ناو هزر؟ ئەو ئەویترەى کە پێمانوابوو لە هزرى پەتى دەرمانکردووە. مەگەر باسەکەمان هەر هاوڕێ و هاویار نیە؟ چونکە مادام فەیلەسووف هاوڕێ یان هاویارى حیکمەتە، ئاخۆ لەبەر ئەوە نیە کە خەونى پێوە دەبینێت، وەک ماتەوزەش هەوڵى بەدەستهێنانى دەدات نەک ئەوەى چەشنى جووڵەوزەیەک هەیبێت؟ کەوایە هاوڕێش هەمان کەسى بانگەشەکار[20]ـە، ئەو کەسەى کە بانگەشەدەکات خۆى هاوڕێکەى ئەوە، هەر ئەو شتەیە وا بانگەشەى پێوە دەکات- نەک کەسى سێیەم کە بەپێچەوانەوە دەبێتە نەیارى؟ هاوڕێیەتى‌یش بارتەقاى گرژییەکى عاشقانە ڕووەو ئۆبێکتى ئارەزوو، بێ‌متمانەییەکى کێبڕکێکارانەى ڕووەو نەیارەکە لەخۆیدا هەڵگرتووە. وەختێک وەک زات (کرۆک)ێک سەیرى هاوڕێیەتى بکەین، تێدەگەین هەردوو هاوڕێکە وەک یار و نەیارى یەکتر وان (ئینجا کێش دەتوانێت ئەم دووانە لێکجیابکاتەوە؟). هەر ئەم تایبەتمەندییەى یەکەمە وادەکات فەلسەفە وەک شتێکى یۆنانى دەربکەوێت، و هاوتاى پەیوەندیی بەش‌بەشى نێوان شارەکانە: درووستبوونى کۆمەڵگایەک لە هاوڕێ یاخۆ هاوتا، بەڵام پەرەدان بە پەیوەندیی کێبڕکێکارانەى نێوان ئەو کۆمەڵگایانە و ناو ئەو کۆمەڵگایانە خۆیشیان، شەڕەدەنووکى بانگەشەکاران لە هەموو پانتاییەکدا، ئیدى لە عەشقدا بێت یان گەمە، لە دادگاکاندا بێت یاخۆ لە پلەوپایەى یاسایی و سیاسەتدا، هەتا شتەکە تا ناو هزر و بیرکردنەوەش درێژدەبێتەوە کە مەرجى ڕەخسانى خۆى تەنیا لە هاوڕێ دا نابینێتەوە، بەڵکو لە بانگەشەکار و نەیاریشدا هەر دەیبینێتەوە (دیالەکتیکەکەى ئەفلاتوون خۆى باسى کێبڕکێى ["هزرەکان"] دەکات). کێبڕکێى مرۆڤە ئازادەکان، کێبڕکێ وەرزشییە گشتگیرەکان: واتە ئاگۆن [کە لە یۆناندا خۆیشى واتایەکى وەک کێبڕکێی دەگەیاند]. ئەوە ئەرکى هاوڕێیەتییە یەکپارچەیی زات[21] و کێبڕکێی بانگەشەکاران ئاشتبکاتەوە. ئاخۆ ئەم ئەرکە زۆر قورس نیە؟

هاوڕێ، هاویار، بانگەشەکار و کێبڕکێکار، کۆمەڵێک خەسڵەتپێدانى ترانسێندێنتاڵن[22] کە هەر لەبەر ئەم هۆیە، بوونى بەگوژم و زیندووى خۆیان، لە کەسێتییەکدا بێت یان چەند کەسێتییەک، نادۆڕێنن. گەر ئەمڕۆ مۆریس بلانشۆ یەکێک بێت لەو بیرمەندە دەگمەنانەى وا سەرنجى خستووەتە سەر ماناى وشەى «هاوڕێ»، ئیدى ئەم پرسیارە بەم جۆرە ڕادەکێشێتە نێو هەلومەرجى بیرکردنەوەوە: ئایا ماناى ئەوە نیە سەرلەنوێ کۆمەڵیک کەسێتیی چەمکییانەى نوێ دێنێتەناو پەتییترین بیرکردنەوەوە؟ کۆمەڵێک کەسێتیی چەمکییانە کە ئەمجارەیان زۆر یۆنانى نین، لە جێیەکى ترەوە هاتوون، وەک‌بڵێى بەناو کارەساتێکدا تێپەڕیون و پەلکێشى ناو کۆمەڵێک پەیوەندیی نوێى زیندوویان دەکات کە تا ئاستى کۆمەڵێک کەسێتیى پێشین[23] هەڵیکێشاون: جۆرێک لادان، شەکەتى، بێ‌متمانەییەک لەنێوان هاوڕێکاندا کە تەنانەت خودى هاوڕێیەتییان گۆڕیوە بۆ بیرکردنەوەى چەمکییانە وەک بێ‌متمانەیی و ئارامگرتنێکى نەبڕاوە. پێڕستى کەسێتییە چەمکی‌یەکان دوایی‌نایەت، و لەبەر ئەمەش ڕۆڵێکى گرنگ لە پەسەرەندن و بازدانى فەلسەفەدا دەگێڕێت. پێویستە هەمەڕەنگییەکەیان تێبگەین، بێ‌ئەوەى کورتى‌بکەینەوە بۆ یەکێتییە ئاڵۆزەکەى جارانى فەلسەفەى یۆنان.

فەیلەسووف هاوڕێى چەمکە، هێزى خۆماتکردوو[24]ـى چەمک. ئەمەش بەو مانایە دێت فەلسەفە هەروا هونەرێکى سادەى فۆرم‌پێدان نیە، داهێنان و درووستکردنى چەمک نیە، چونکە مەرج نیە چەمکەکان فۆرم، دۆزینەوە، یاخۆ بەرهەم [و بەرەنجام] بن. گەر وردتر بیپێکین، فەلسەفە ئەو بوارەیە چەمکى تیا دەئافرێت. لەم حاڵەتەدا، ئاخۆ هاوڕێ، هاوڕێى ئەفرێنراوەکانى خۆیەتى؟ یاخۆ، کەوتنەگەڕ و کردەکیبوونەوەى چەمک گوزارشت لە هێزى [مات و نوستوو]ـى هاوڕێ دەکات، لە یەکێتیی نێوان ئەفرێنەر و ئاوەڵەکەى؟ ئامانجى فەلسەفە، ئەفراندنى چەمکى هەمیشەنوێیە. چونکە مادام پێویستدەکات چەمک بێتەئەفراندن، کەواتە فەیلەسوفێکیش هەیە ماتەوزەى ئەم ئەفراندنەى تیایە، یاخود توانا و لێوەشاوەییەکەى پێیە. پێمان ناکرێت پێچەوانەى ئەو ڕاستییە بوەستینەوە کە ئەفراندن پتر بۆ شتانى هەستەکى و هونەرەکان بەکاردێت، چونکە بوونەوەرى مەعنەوى (ڕۆحى) دێنێتەبوون، و چەمکە فەلسەفییەکانیش هەر شتانى "هەستەکى.

گەر ڕاست بڕۆین، زانستەکان و هونەرەکان و فەلسەفەکان گشتیان ئەفرێنەرن؛ گەرچى ئەفراندنى چەمک بە ماناى تەواوى وشەکە دەکەوێتە ئەستۆى فەلسەفە. چەمکەکان شتێک نین وەکو تەنە ئاسمانییەکان ئالەوێدا چاوەڕێمان بن. چەمکەکان ئاسمانیان نیە. گەرەکە دابهێنرێن، بدرێنە کرد، خۆ باشترە بڵێین بئافرێنرێن. کە هەشن، بە واژووى ئەفرێنەرەکانیانەوە هەن. نیچە کاتى خۆى ئەرکى فەلسەفەى دیاریکرد و نوسیی: «لەمەودوا نابێت فەیلەسووفان بە پەسەندکردنى ئەو چەمکانە بیبڕنەوە وا پێیان دراوە، یانى ئەوەى کە بێن تەنیا پاکیان بکەنەوە و بریقەیان لێ هەستێنن، بەڵکو دەبێت چەمک درووستبکەن، بکەونە ‌ئەفراندنیان، بیانخەنە بەرچاوان و مرۆڤەکان بێننە سەر ئەو قەناعەتەى بەکاریانبێنن. تاوەکو ئێستا تێکڕاى فەیلەسووفان متمانەیان بە چەمکەکانى خۆیان کردووە، ئەویش وەک مارەییەکى مۆجیزەئاسا کە لە دونیایەکى وەک خۆی مۆجیزەئاساوە هاتووە، بەڵام پێویستە بێ‌متمانەیی بخرێتەجێى ئەم متمانەیە، فەیلەسووف نابێت متمانە بەم چەمکانە بکات. چونکە ئەو خۆى نەیئەفراندوون (ئەفلاتوون چاک ئاگاى لەم ڕاستییە بوو، هەرچەندە پێچەوانەکەى دەگوتەوە)». ئەفلاتوون دەیوت دەبێت لە ئایدیاکان ڕامێنین، بەڵام بەر لەوە پێویستدەکات چەمکى ئایدیا خۆى بئافرێنین. گەر توانیمان بە فەیلەسووفێک بڵێین «هیچ چەمکێکى نەئەفراندووە، ئەو چەمکەکانى خۆى نەئەفراندووە»، ئیدى قیمەتى چیە با هەر فەیلەسووف بێت!؟

بەهەرحاڵ، ئێمە لاى کەمییەکەى زانیومانە فەلسەفە چى نیە: فەلسەفە ڕۆچوون[25] نیە، تێڕامان‌یش[26] نیە، پەیوەندیگرتن و [گفتوگۆش] نیە. خۆ جاروبار توانیویەتى باوەڕ بەوە بێنێت یەکێکە لەوانە، ئیتر ئەمیان بێت یان ئەویتر، چونکە هەر بوار (کایە)ێک بگریت دەتوانێت وەهمى خۆى بەرهەمبێنێت و لەپشتى ئەو تەمەوە خۆى بشارێتەوە کە هەر لەخۆیەوە هەڵدەسێت. فەلسەفە، ڕۆچوون نیە، چونکە ڕۆچوونەکان هەر خودى شتەکانن وەختێک لە میانى ئەفراندنى چەمکەکانیاندا دەیانبینین. تێڕامانیش نیە، چونکە کەس پێویستى بە فەلسەفە نیە بۆ ئەوەى لە شتێک ڕابمێنێت: ڕەنگە وابیرکەنەوە گەر فەلسەفە بگۆڕین بۆ هونەرى تێڕامان، ئەوا شتێکى زۆرمان بە فەلسەفە بەخشیوە؛ بەڵام ڕاستتان بوێت هەموو شتێکمان لێ سەندووەتەوە؛ چونکە بیرکاریزانان چاوەڕێى فەیلەسوفانیان نەکردووە بچن لە بیرکارى ڕامێنن، هونەرمەندانیش هەر چاوەڕێى ئەوان نەبوون لە شێوەکارى و مۆسیقا ڕامێنن. گەر بشگوترێت دواتر دەبنە فەیلەسووف، ئەوە ئیتر ئەوەیان سوعبەتێکى تاڵە، چونکە تێڕامانى هەریەکە لەو [فیگەرانە] بەستراوەتەوە بە ئەفراندنەکانیانەوە. هەروا بێتەوە، فەلسەفە دواجار هیچ داڵدەیەک لە گفتوگۆ و پەیوەندیگرتندا نابینێتەوە، چونکە فەلسەفە تەنێ کار لەسەر "ڕا"کان دەکات بۆ ئەوەى "كۆڕایی [و هاوڕایی]" بئافرێنێت، نەک چەمک. ئایدیاى گفتوگۆى دیموکراسییە خۆرئاواییەکە لەنێوان هاوڕێکاندا، قەت بچوکترین چەمکیشى لێ نەکەوتەوە. ڕەنگە ئەم ئایدیایەمان لە یۆنانییەکانەوە پێ گەیشتبێت، بەڵام هێندە لێى بەگومان بوون و هێند زبر مامەڵەیان پێوە کرد کە چەمکەکەى هەر لە باڵندەیەکى گاڵتەجاڕ دەچێت بەسەر گۆڕەپانى جەنگى ڕا وردوخاشکراوەکانى لایەنى نەیاردا دەفڕێت (کە عادەتەن ئەو نەیارانە میوانە مەستەکانى میواندارییەکن)، باڵندەیەک کە بۆ خۆى و لەبەر خۆیەوە بیردەکاتەوە و دەدوێت. فەلسەفە نە ڕۆدەچێت، نە تێڕادەمێنێت، نە دەشچێتە پەیوەندییەوە لەپێناوى گفتوگۆدا. گەرچى ناچارە بۆ هەریەک لەم کردە و جۆشوخرۆشانە چەمک بئافرێنێت. ڕۆچوون، تێڕامان، پەیوەندیگرتن هیچیان بوار نین، بەڵکو کۆمەڵێک ماشێنن بۆ درووستکردنى چەمکى گشتەکى (universal) لە هەموو بوارێکدا. گشتەکییەکانى سەر بە ڕۆچوون و دواییش تێڕامان، وەک دوو وەهم وان کە پێشتر فەلسەفەى پیا تێپەڕیوە، ئەویش وەک خەونى زاڵبوون بەسەر بوارەکانى تردا (ئایدیالیزمى ئۆبێکتیڤ و ئایدیالیزمى سوبێکتیڤ). فەلسەفە ناتوانێت شکۆیەک بۆ خۆى پێکەوەبنێت، ئەویش لەو ڕێگەیەوە کە خۆى وەک ئەسینایەکى نوێ بنوێنێت، دیسان ئەویش بە شوێنکەوتنى [چەمکە] گشتەکییەکانى پەیوەندیگرتن کە کۆمەڵێک ڕێساى زاڵبوونێکى خەیاڵکرد دەخەنەڕوو بەسەر بازاڕەکان و ڕاگەیاندنەکاندا (جۆرە ئایدیالیزمێکى نێوسوبێکتى[27]). هەموو ئەفراندنێک تاقانەیە، چەمک‌یش خۆى وەک ئەفراندنێکى پڕاوپڕ فەلسەفى هەمیشە جۆرێکە لە تاقانەیی. یەکەم پرەنسیپى فەلسەفە ئەوەیە کە چەمکە گشتەکییەکان هیچ ڕوونناکەنەوە، چونکە جارێ پێویستە خۆیان ڕوونبکرێنەوە.

خۆناسین –فێربوونى بیرکردنەوە- بەجۆرێک بجووڵێینەوە وەک‌بڵێى هیچ شتێک بەڵگەنەویست نیە، حەپەسان، «حەپەسان لەدیار ئەوەى بوونەوەر بریتییە لە...» و هتد. ئەم خەسڵەتپێدانانەى فەلسەفە و زۆرى تریش هەندێک دیدوهەڵوێستى سەرنجڕاکێش دەئافرێنن، ئیدى با لە دوورمەوداشدا وەڕسکەر بن. بەڵام ئەم خەسڵەتپێدانانە، هەتا لەڕووى پەروەردە و فێرکارییەوە، ناتوانن سەرقاڵییەکى خۆش‌ناو و چالاکییەکییش بن بە ماناى چالاکى. جا بەپێچەوانەوە، دەتوانین ئەم پێناسەیەى فەلسەفە وەک پێناسەیەکى بنجبڕ وەربگرین: زانین[28]، لەڕێى چەمکە پەتییەکانەوە. بەڵام هیچ بیانوویەکیشمان بەدەستەوە نیە لەڕێى چەمکەکان و درووستکردنى چەمکەکانەوە لە ئەزموونى ڕەخساو و "شهود"دا دژایەتیی زانین بکەین. چونکە هەر بەپێى حوکمەکەى نیچە، گەر سەرەتا چەمکەکانت نەئەفراندبێت، یانى ئەو چەمکانەت لە "شهود[29]"ێکدا درووستنەکردبێت کە تایبەتە بە خۆیان، ئیتر چۆن دەتوانیت لەڕێى چەمکەوە شت بناسیت [و بزانیت]: کێڵگەیەک و ڕووتەختێک و خاکێک کە لەگەڵ ئەواندا لێمان تێکناچێت، بەڵام تۆوەکانیان و ئەو کەسێتییانەش وا ئەو تۆوانە سەوزیدەکەن، دەگرێتەخۆى. داڕشتەگەرایی[30]، ئەوە دەخوازێت هەرچى ئەفراندنە ببێتە درووستکردنێک لەسەر ڕووتەخت (plane)ێک، و هەر ئەو "ڕووتەخت"ـەش بوونێکى سەربەخۆ بەو ئەفراندنە دەبەخشێت. ئەفراندنى چەمک، لاى کەمییەکەى، [داڕشتن] و درووستکردنى شتێکە. ئەمەش گۆڕان بەسەر پرسى کەڵک و بەکەڵکیى فەلسەفە، یان هەتا پرسى زەرەر و زیانەکەشى دا دێنێت (ئەوەى داخۆ فەلسەفە زیان بە کێ دەگەیەنێت؟).

زۆر پرس هەن بە بەرچاوى وڕێنەدار و [ڕێشکەوپێشکەدار]ـى پیرەمێردێکدا تێدەپەڕن کە هەرچى چەمکى فەلسەفى و کەسێتیی چەمکییە تیا ڕووبەڕووى یەکتر دەبنەوە[31]. بەر لە هەموو شتێک، چەمکەکان گشتیان ئیمزاى خۆیانیان هەیە و بە ئیمزاکراوىیش دەمێننەوە: جەوهەر (substance)ـى ئەرستۆ، کۆجیتۆکە (cogito)ـى دیکارت، مۆناد (monad)ـى لایبنیتس، مەرج (فەرمانە بێ‌مەرجەکە)ـى کانت، هێز لاى شیڵینگ، بەردەوامێتى لاى بێرگسۆن و هتد. بەڵام هەندێک چەمک هەن وشەیەکى نائاسایی دەخوازن ناو لە خۆیان بنێن –کە جار هەیە وشەیەکى زبر و ناقۆڵایە و مێشک دەهاڕێت-، لەکاتێکدا چەمکەکانى تر بە وشەیەکى باوى زۆر ئاسایی دەیبڕێننەوە، وشەگەلێک ئەوەندە خۆش دێنە بەرگوێ پێدەچێت بۆ گوێیەکى نافەلسەفییش هەر خۆش و خۆشفام بن. هەندێکیان هانا بۆ کۆنەخوازى دەبەن، هەندێکیشیان بۆ نوێخوازییەک کە هاوشانى پیادەکردنى ڕیشەناسییەکى تاڕادەیەک گەوجانەیە: جا سەیرکە ڕیشەناسى (ئیتیمۆلۆژى) وەک پاڵەوانبازییەکى تەواو فەلسەفى. لە هەر حاڵەتێکیاندا بێت، دەبێت زەروورەتێکى سەیر بۆ ئەو وشانە و هەڵبژاردنیان لەگۆڕێدا بێت، بۆ نمونە ڕەگەزێکى وەک ستایل. ناونانى چەمک، سەلیقەیەکى تەواو فەلسەفیی دەوێت کە بە زەبروزەنگ بێت یان پێ‌دزکە پێشڕەوىدەکات و لەناو زماندا زمانێکى فەلسەفى بۆخۆى درووستدەکات- نەک هەر جۆرێک وشەنامە، بەڵکو ڕستەسازییەک (سینتاکس)یش کە بە باڵایەتى یاخۆ جوانیی شکۆمەندانە دەگات. جا چەمکەکان هەر بەروار و ئیمزا و ناوێکیان هەبێت، هەریەکەیان ڕێگاى خۆیشیان هەیە بۆ «نە-مردن» (not dying). وێڕاى ئەمەش، دیسان هەر لەبەردەم مەترسیی کۆمەڵێک کۆتوبەندى وەک نوێبوونەوە، جێگۆڕکێ، قۆناغگۆڕکێ‌دان، و سەرەڕاى جوگرافیایەکى پشێو مێژوویەکیشى هەیە کە لە هەر کات و شوێنێک (ـى ناو کات خۆی) و دەرەوەى کاتیشەوە درێژببێتەوە. بەڵام گەر ئەوە ڕاست بێت کە چەمکەکان لە گۆڕان ناوەستن، ئەوا دەپرسین ئەى کەوایە چ یەکێتییەک [ـى سیستەماتیک] بۆ فەلسەفەکان دەمێننەوە؟ ئاخۆ هەمان شت سەبارەت بە زانستەکانیش ڕاست‌دەرناچێت، واتە بۆ ئەو کایانەى کە بەپێى چەمک ناجووڵێنەوە؟ ئەى مێژووى تایبەتیی هەریەک لەو کایانە، مێژووى چ شتێکە؟ گەر فەلسەفە هەر ئەفراندنى یەک‌لەسەریەکى چەمک بێت، ئاشکرایە کە پرسیار درووستدەبێت: چەمک خۆى وەک ئایدیایەکى فەلسەفى چیە؟ هەروەها، ئەو ئایدیا ئەفرێنەرانەى تر وا چەمک نین، چین؟ ئەوانەى وا سەر بە زانستەکان و هونەرەکانن و مێژوو و بوون‌بە (ببوون)[32]ـى تایبەت بە خۆیانیان هەیە؛ هەروەها کۆمەڵێک پەیوەندیی گۆڕاویان بە خۆیان و بە فەلسەفەشەوە هەیە. ئەفراندنى چەمکەکان لەسەر فەلسەفە تاپۆیە، و فرمان و کارکردێکیش بۆ فەلسەفە دابیندەکات، بەڵام نە دەیبات بە ئاسماندا و نە هیچ ئیمتیازێکیشى پێ دەبەخشێت، چونکە چەندین شێوازى ترى بیرکردنەوە و ئەفراندنمان هەیە، چەناى چەن شێوەى ترى «ئایدیاچنى[33]»مان هەیە کە هیچ پێویستیان بە چەمک نیە، نمونەشمان "بیرکردنەوەى زانستى"یە. بۆیە هەردەم دەگەڕێینەوە سەر ئەو پرسیارەى کە ئامانج لەم چالاکیی چەمکسازییە چیە؟ چۆنییش لە چالاکیی زانستى و هونەریی جیابکەینەوە.

لەپێناو چى دا دەبێت چەمک بئافرێنین، نەخوازەڵا چەمکى نوێیش، زەروورەتەکەى چیە، بە کارى چى دێت؟ بۆچى ئەمە دەکەین؟ لە وەڵامدا دەڵێین مەزنیی فەلسەفە ڕێک لەوێدایە کە بە کارى هیچ نایەت [= چ مەرامێکى نیە]، ناز و غەمزەیەکى هاکەزاییە چیتر گەنجانیش ناخافڵێنێت. هەرچۆنێک بێت، مەرگى میتافیزیک یان ژێرکەوتنى فەلسەفە، کێشە نەبووە بە لاى ئێمەوە: ئەمانە کۆمەڵێک چەنەچەنى بێ‌سوود و بێزارکەرن. ئەمڕۆ باسى شکستى سیستەمەکان دەکرێت، بەڵام تاکە شتێک گۆڕابێت چەمکى سیستەم (system)ـە و هیچى تر. گەر ئەفراندنى چەمک کات و شوێنێکى هەبێت، ئەوە بزانە ئەو چالاکییەى لەوێدا ئەنجامدەدرێت پێى‌دەوترێت فەلسەفە. هەتا گەربێ و ناوێکى تریشى لێ بنێین، دیسان هەر لە فەلسەفە جیانابێتەوە.

لەتەک ئەم ڕاستییانەشدا، هاوڕێ یاخۆ هاویار لە پێگەى بانگەشەکاردا، بێ ڕکابەر نابێت. مادام بڕوامان وایە فەلسەفە بنەچەیەکى یۆنانیی هەیە، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە بەپێچەوانەى ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەتەوە، شار شتێکى وەک ئاگۆن [= کێبڕکێ] دادەهێنێت، ئەویش وەک ڕێساى کۆمەڵگاى "هاوڕێکان": جڤاتى مرۆ ئازادەکان کە ڕکابەر (هاوڵاتى)ن. ئەمەش هەر ئەو دۆخە سەقامگیرەیە وا ئەفلاتوون باسیدەکات: گەر هەر هاوڵاتییەک بانگەشەى شتێک بکات، خۆ دەبێت ڕووبەڕووى ڕکابەرێکیش بێتەوە؛ ئەویش تا ئەو جێیەى بتوانێت داوەریی ڕاستودرووستیی بانگەشەکانى بکات. دارتاش بانگەشەى دار[34] دەکات، بەڵام بەرەو ڕووى پاسەوانى دارستان و دارەوان و دارشکێن دەبێتەوە دەڵێن: «ئەوە منم، منم هاوڕێى دار». گەر باسەکەش ببەینەوە سەر چاولێ‌بوون و چاوەدێریی مرۆڤەکان، زۆر بانگەشەکارمان هەیە خۆیان بە [چاودێر] و هاوڕێى مرۆڤ دەزانن: لەو وەرزێرەوە بیگرە خۆراکى مرۆڤ دابیندەکات، تا دەگاتە ئەو جۆڵایەى مرۆڤ پۆشتەدەکاتەوە، و ئەو پزیشکەى چاوى لە مرۆڤە، و ئەو جەنگاوەرەشى گیانى مرۆڤ دەپارێزێت. گەر لەم هەمووە حاڵەتەدا، هەڵبژاردنەکە لەنێو بازنەیەکى تاڕادەیەک بەرتەسکدا بسووڕێتەوە، خۆ لە سیاسەتدا وا نیە، وەک ئەوەى ناو دیموکراسییەکەى ئەسینا کە ئەفلاتوون پێى‌وایە هەمووکەسێک دەتوانێت بانگەشەى هەموو شتێک بکات. ئالێرەدایە زەروورەێتک بۆ ئەفلاتوون دێتەپێشەوە، زەروورەتى ڕێکخستنەوەى سەرلەنوێى شتەکان، ئەویش لەو ڕووەوە کە کۆمەڵێک مەرجەع بئافرێنرێت بۆ داوەریکردن و [جیاکردنەوەى] بانگەشەى درووست و نادرووست. ئەم مەرجەعانەش، بریتیین لە ئایدیاکان[35] کە خۆیشیان کۆمەڵێک چەمکى فەلسەفیین. بەڵام ئاخۆ لەوێش تووشمان نابێت بە تووشى ئەنواوئەشکاڵ بانگەشەکارەوە کە بڵێن: «منم فەیلەسووفى ڕاستەقینە، منم هاوڕێى حیکمەت و درووستى؟». ئەم کێبڕکێیە لەنێوان فەیلەسووف و سۆفستایى‌دا[36]، لەسەر میراتى وەجێماوى حەکیمى پیر، دەگاتە ترۆپکى خۆى. بەڵام ئەى چۆن بتوانین هاوڕێى ڕاستەقینە لە هى درۆیینە، و چەمکیش لە زڕەوێنە (سیمولاکرا)[37] جیابکەینەوە؟ زڕەوێنە و هاوڕێ: شانۆیەکى سەرتاپا ئەفلاتوونى کە دەسەڵاتێکى تراژیدى و کۆمیدى بە کەسێتییە چەمکییەکان دەبەخشێت و ژمارەیان زۆرتر دەکات.

ئا لەم سەردەمەى لە خۆیشمانەوە نزیکترە، فەلسەفە تووشى بووە بە تووشى زۆر نەیارى نوێوە. زانستە مرۆییەکان بەر لە هەمووى و کۆمەڵناسییش بەتایبەتى، ویستوویانە جێى فەلسەفە بگرنەوە. بەڵام لەوێوە کە فەلسەفە دەخزایە کۆشى  چەمکە گشتەکییەکان (universals)ـەوە، و تا دەهات خراپ لە پیشەوپەیامى خۆى تێدەگەیشت کە ئەفراندنى چەمک بوو، ئیدى نەماندەزانى چى لەگۆڕێیە. ئاخۆ مەسەلەکە ئەوە بوو فەلسەفە لە قازانجى زانستە مرۆییە وردەکان، دەستى لە ئەفراندنى چەمک هەڵگرتبوو؟ یان ئەفرێنراوى خەڵک و هێزگەلى حەیاتی و مێژوویی و مەعنەوییانەوە سرووشتى بەپێچەوانەوە، دەیویست لەڕێى گۆڕینیانەوە بۆ نواندنەوەى دەستەجەمعى  و جیهانبینیی چەمکەکان بگۆڕێت؟ ئینجا نۆرەى ئەپستمۆلۆژیا (تیۆرى زانین)، زمانناسى و تەنانەت دەروونشیکارى و شیکردنەوەى لۆژیکى‌یش هات. ڕۆژان هات و ڕۆژان چوو، فەلسەفە ڕووبەڕووى نەیارى بێ‌شەرم و کارەساتبارتر بووەوە کە لە تاریکترین کۆمیدییەکانیشدا بە خەیاڵى ئەفلاتووندا نەدەهات. سەرەنجام، بێ‌شەرمى هیچى تیا نەهێشتەوە، ئەویش ئەو کاتەى کە زانستەکانى کۆمپیوتەر (ئینفۆرمەیشن)، بازاڕدۆزى (مارکێتینگ)، دیزاین و ڕیکلام، بوارەکانى پەیوەندیگرتن هەموویان دەستیان بەسەر وشەى "چەمک"دا گرت و گوتیان: «کار، کارى ئێمەیە. ئێمەین ئەفرێنەر، ئێمەین چەمکسازان. ئێمەین هاوڕێى چەمک. ئێمە چەمک دەخەینە نێو کۆمپیوتەرەکانمانەوە». زانیارى و شت‌ئەفرێنى، چەمک و کارئەفرێنى: حاڵى حازر کتێبى لەم شێوەیەمان زۆر دیوە. بازاڕدۆزى ئەو بیرۆکەیەى هێشتووەتەوە کە پەیوەندییەکى دیاریکراو لەنێوان چەمک و ڕووداو[38]دا هەیە، بەڵام ئێستا ئیتر چەمک گۆڕاوە بۆ کۆمەڵێک خستنەپێشچاوى جیاجیاى بەرهەم (چ مێژوویی بێت یان زانستى و هونەرى و سێکسى و پراگماتى). ڕووداویش بووەتە پێشانگایەک کە شێوازى جیاجیاى خستنەڕوو و "ئاڵوگۆڕى ئایدیاکان" نمایشدەکات کە بڕیارە هەر خۆیشى بیانڕەخسێنێت. ڕووداوەکان ئەم پێشانگایانەن و هیچى تر، چەمکەکانیش کۆمەڵێک بەرهەمن بۆ فرۆشتن و بەس. ئەو بزاڤە سەرتاپاگیرەى وا ڕیکلامى بازرگانیی خستووەتەجێى ڕەخنە [و هەڵسەنگاندنى ڕەخنەیی]، نەیتوانى کاربکاتە سەر فەلسەفە. زڕەوێنە (سیمولاکرا)، لەبەرگرتنەوە (سیمولەیشن)ـى پاکەتێک ماکەرۆنى، ئیدى بووەتە چەمکێکى ڕاستەقینە. پێشکەشکار/نمایشکەرى بەرهەمەکە، کاڵاکە یاخۆ کارە هونەرییەکە خۆى بووەتە فەیلەسووف، یان بووەتە کەسێتییە چەمکییەکە و هونەرمەندەکەش. ئێستا فەلسەفە، واتە ئەم بەساڵاچووە، چۆن خۆى لەگەڵ کارگێڕە گەنجەکانى دونیاى پەیوەندیگرتنى چەمکە گشتەکییەکاندا دەگونجێنێت تاکو مۆرکى فۆرمێکى بازرگانیی وەک MERZ لە چەمک بدات؟ دیارە هەستێکى ئازاربەخشە لەوە تێبگەین کۆنسێپت[39] ئاماژەیە بۆ "کۆ-کۆمپانیا"یەکى تەکنۆلۆژیاى زانیارى و ئەندازیارى. بەڵام فەلسەفە تا زیاتر چنگ لە چنگى نەیارە بێ‌چاووڕوو و کەلەپووتەکانى خۆى گیربکات و دەستەویەخەیان ببێتەوە، ئەوا زیاتر تامەزرۆدەبێت ئەرکى ئەفراندنى چەمکەکان ڕاپەڕێنێت، چەمکگەلێک کە بەر لەوەى بە کەڵکى بازاڕ بێن کۆمەڵێک نەیزەک (بەردۆکەى بێ‌کەڵک)ـى ئاسمانی‌ن. کاتێک باسى مردنى فەلسەفە دێتەئاراوە، فەلسەفە دەدات لە قاقاى پێکەنین و ئاو بە لا چاویدا دێتەخوار. بۆیە، پرسى فەلسەفە بریتییە لەو خاڵە تاقانەیەى وا چەمک و ئەفراندن تێیدا دەچنە پەیوەندییەوە لەگەڵ یەکتردا.

فەیلەسووفان بەپێى پێویست سەرنجى سرووشتى چەمکیان، وەک واقیعێکى فەلسەفى، نەداوە. پێیان باشتر بووە وەک زانین یاخۆ نواندنەوەیەکى پێدراو [و "گریمانکراو"] سەیرىبکەن کە لەلایەن ئەو فاکتەر (هێز)ـانەوە خۆیان‌بکەنەوە وا دەتوانن فۆرمى پێ بدەن (ئەبستراکتى بکەن یان بیگشتێنن) یانژى بەکاریبهێنن (حوکمى لەبارەوە بدەن). بەڵام چەمک شتێکى پێدراو نیە، بەڵکو ئەفرێنراوە، دەئافرێنرێت. چەمک، فۆرم‌وەرناگرێت، بەڵکو خۆى لەناو خۆیدا پۆزەتیڤدەکات: خۆ-پۆزەتیڤکردن[40]. جا ئەم دووانە (واتە ئەفراندن و خۆپۆزەتیڤکردن)، هەردووکیان ئەویتریانى لەخۆیدا هەڵگرتووە. چونکە ئەوەى بەڕاستى ئەفرێنراوە، ئیدى لە شتى زیندووەوە بیگرە تا کارى هونەرى، هەمووى جۆرێک لە خۆپۆزەتیڤکردن یان خۆئەفراندنى هەڵگرتووە کە پێى دەناسرێتەوە. چەمک تا پتر بئافرێت، پتر خۆى پۆزەتیڤدەکات. تا سوبێکتیڤ‌تر بێت، ئەوا ئۆبێکتیڤ‌تر دەبێت. ئەوە پۆست‌کانتی‌یەکان، بەتایبەت شیڵینگ و هیگڵ بوون کە زۆرترین سەرنجیان خستە سەر چەمک وەک واقیعێکى فەلسەفى. هیگڵ، بەهێزوپێزەوە چەمکى لەڕێى فیگەرەکانى ئەفراندن و ئەو ساتەوەختانەوە پێناسەکرد کە خۆى پۆزەتیڤدەکات: وێنەکان دەبنە کۆمەڵێک پاشکۆ و پەیوەستى چەمک، چونکە ڕەهەندێک پێکەوەدەنێن کە چەمک لەو ڕێگەیەوە بەدەستى ئاگایی و لەناو ئاگاییدا، لە زنجیرەى زەینە بەدواى یەکداهاتووەکاندا دێتەئەفراندن. لەکاتێکدا ساتەوەختەکان ڕەهەندێکى دیکەش پێکەوەدەنێن کە چەمک بەگوێرەى وى خۆى پۆزەتیڤدەکات و ڕۆحەکان لە موتڵەقى خود[41]دا یەکدەخات. هەروەها هیگڵ ئەوەشى خستووەتەڕوو کە چەمک پەیوەندیی بە ئایدیایەکى گشتى یان ئەبستراکتەوە نیە، هەتا بەو حیکمەتەشەوە کە فەلسەفە نەیئەفراندبێت. بەڵام ئەمەش لەسەر حسێبى کێشهێنانەوەیەکى بێ‌سنور و بێ‌خەسڵەتى فەلسەفە کەوتەوە کە بوارێکى ئەوتۆى بۆ بزاڤى سەربەخۆى زانستەکان و هونەر نەهێشتەوە، چونکە دەستیدایە بنیاتنانەوەى چەمکە گشتەکییەکان بەپێى چرکەساتەکانى خۆى. وەک کۆمەڵێک کەسێتیی خێوئاسا دەیڕوانییە ئەفراندنەکەى  خۆى. فەیلەسووفانى پۆست‌کانتى، لە دەورى ئەنسکلۆپیدیایەکى جیهانى لەمەڕ چەمک دەسوڕێنەوە کە ئەفراندنى چەمکى دەکردە ئیشى سوبێکتیڤیتەیەکى پەتى- هەڵبەت لەجێى ئەوەى بێن خۆیان بە ئەرکێکى خاکەڕاترەوە خەریکبکەن: مەبەستمان فێرکاریى چەمکە، کە دەبوو هەلومەرجى ئەفراندن وەک کۆمەڵێک فاکتەرى ساتەوەختیی تاقانە شیبکاتەوە. ئەگەر هەر سێ قۆناغەکەى تەمەنى چەمک بە ئەنسکلۆپیدیا، فێرکارى (پێداگۆگى)، و ڕسکانى بازرگانیی پیشەیی بزانین، ئەوا تەنیا قۆناغى دووەمیان دەتوانێت نەهێڵێت لە لوتکەى قۆناغى یەکەمەوە بەربینەوە بۆ ناو کارەساتى تەواوەتیی قۆناغى سێیەم، ئەوەى سێیەم یەکپارچە کارەساتە بۆ بیرکردنەوە، گەرچى دەشێت لە گۆشەنیگاى سەرمایەداریی جیهانییەوە بڕێک خێروبێرى کۆمەڵایەتیی تیا بێت.

                

 

 

 

 

 

 

 

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــ

پەراوێزەکان:


[1] . مەبەست پرسی "فەلسەفە چیە"یە- و

[2] pure necessity

[3] Grace

[4] . ماشێن لە فەلسەفەى دۆڵۆز و گویتارى دا بەکاردێت و دەیانەوێت چەمکى بکەر و سوبێکت لە چەمکى ماشێن نزیکبکەنەوە، چونکە ماشێن دەتوانێت شت بئافرێنێت و بکەرێکى ئەبەدى و دەرەمێژوویی و چەپێنەرى لەپشتەوە نیە. ئەوان هەوڵدەدەن لە چەمکە باوەکەى مرۆڤ و تەنانەت سوبێکتیش دەربچن، چەمکى ماشێن یەک لەو هەوڵانەیە- و

[5] . ناوى سێ وێنەکێشى ناودارە کە لە پیرى دا لە بوارەکانى خۆیاندا داهێنانیان کردووە- و

[6] “Life of Rancé”

[7] Chateaubriand نوسەرى فەڕەنسى (١٧٦٨-١٨٤٨):

[8] . مەبەست لە دیمەنێکى ناو سیانەفیلمى "ئیڤانى تۆقێنەر"ـە- و

[9] art of forming

[10] . هاوکات ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیە بۆ میسیانیزم و فریادڕەسى، کەسێتییش مەبەست لەو خەسڵەت و کارەکتەرەیە کە چەمکى لەسەر ڕادەگیرێت و لێرەدا هاوڕێ بەکارهاتووە کە مەبەست لە فەیلەسووفە وەک هاوڕێى چەمک- و

[11] Sage

[12] Wisdom

[13] Figure

[14] . ژینەوەر: زینەوەر، زیندەوەر- و

[16] Essence

[17] . ماناى ئەم دوو وشە یۆنانییە بەم جۆرەیە: یەکەمیان (فیلالێث) واتە هاوڕێى حەقیقەت (یان حەحیقەتدۆست)، دووەمیشیان واتە خودادۆست. دەتوانین دوو ئاماژە لەم ڕستەیەى دۆڵۆز و گویتارىیەوە هەڵگۆزین: یەکەمیان، ئاماژە بێت بەو وتە بەناوبانگەى کە دراوتەپاڵ ئەرستۆ: «من ئەفلاتوونم خۆشدەوێت، بەڵام حەقیقەتم لەو خۆشتر دەوێت». دووەمیشیان ئاماژە بێت بە گفتوگۆیەک کە لە کتێبى کۆمەڵێک سەرەقەڵەمى نوێ دەربارەى تێگەیشتنى مرۆیی کەبەرهەمێکى لایبنیتسە و گفتوگۆى نێوان دوو کەسە بە ناوەکانى فیلالێث و ثیۆفیل کە یەکەمیان نوێنەرایەتیى جۆن لۆک دەکات و دووەمیشیان هى لایبنیتس خۆى (و. ف)

[18] Creation

[19] . دۆڵۆز هەر لە وشەى هاوڕێ، وشەیەکى وەک خوازیار و خۆشەویست هێناوەتەوە کە دەیەوێت پەیوەندیی نێوان فۆرمى هەردوو وشەکە، بگوازێتەوە بۆ پەیوەندی و لێکچوونى نێوان ناوەڕۆکەکانیشیان. لە کوردییدا، وشەیەکى زۆر هاوتامان بە بیردا نەهات- و

[20] Claimant

[21] integrity of the essence

[22] transcendental determination

[23] Apriori

[24] potentiality

[25] contemplation

[26] reflection

[27] Inter-subjective idealism

[28] Knowledge

[29] Intuition

[30] Constructivism

[31] . پێدەچێت مەبەست لەو پیرەپیاوە هەریەک لە فەیلەسووفەکان بێت لە تەمەنى پێگەیشتوویی خۆیاندا؟- و

[32] Becoming:

 واتە پرۆسەى بەردەوامى گۆڕان کە بەردەوام دەبێت بە شتێکى تر و ناوەستێت. واتە "صەیروورە"، کە پێچەوانەى کەینونە یان "بوون"ـە. بەکورتییەکەى بوون‌بە ...، واتە بوون بە شتێکى تر. نوسەر کایەکان بە خاوەنى مێژوویەکى ئاوا گۆڕاو دەزانێت- و

[33] Ideation 

[34] Wood

[35] . ئایدیاکان لاى ئەفلاتوون، کەمێک جیایە لە وشەى ئایدیا لەمڕۆدا. ئەفلاتوون جیهانى بەسەر ئایدیاکان و دونیاى نزامدا دابەشدەکرد. ئایدیاکان دونیاى بەرز بوون، شوێنى شتانى کامڵ و نەگۆڕ و نەمر. جاروبار بە ئایدیاکان دەوترێت فۆرمەکان یان فۆرمە نەمرەکان کە نوێنەرى شتە مرۆک و ڕاگوزەرەکانى ناو جیهانن- و

[36] Sophist:

سۆفستایی کەسێک بووە لە یۆنانى کۆندا پێچەوانەى فەیلەسووفى باو بوون و بە وتەى تیۆدۆر گۆمپێرز ژیاننامەنووسى بیریارە یۆنانییەکان، پتر لە ژۆرنالیستەکانى ئەمڕۆوە نزیکترن- و

[37] Simulacrum

[38] Event

[39] . مەبەستى ئەوەیە چەمک (یان کۆنسێپت) بووەتە ناوى کۆمپانیایەک- و

[40] . autoposition، خۆ-پۆزەتیڤکردن و پۆزەتیڤکردن و هتد، لەو چەمکە هیگڵییانەن کە دەکەونە بەرامبەر نێگەتیڤ و خۆنەفیکردن و نێگەتیڤیتیەوە و هتدەوە. مەبەست لە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤە باوەکە نیە، بەڵکو شتێکى ئاڵۆزترە کە دەبێت بەسادەیی وێناى بکەین: کە شتێک خۆى پۆزەتیڤدەکات، واتە خەسڵەت بە خۆى دەبەخشێت، خۆى تۆخدەکاتەوە، چونکە خۆى لەبنەڕەتدا بۆشاییەکە بەڵام کە ئەم پۆشاییە پۆزەتیڤدەکات ئیتر خەسڵەتێک چووەتە سەرى و دەوڵەمەند بووە- و

[41] Absolute of the self