مێژووی ڕاستەقینەی کۆمۆنیزم: شۆڕشى سۆسياليستيى چين و ڕزگاريى ژنان به فايلى pdf بيخوێنهوه
|
دونياى ئەمڕۆ، تەنیا بریتینیە لەو جەنگانەی کە لە زهوى و ئاسمان و دەریاوە مرۆڤ قهڵاچۆ دهكهن و ژیانیان نائەمن و ناسهقامگيردەکەن. نیوەی کۆ[1]ی مرۆڤەکان تەنانەت لەکاتی نەبوونی جەنگیشدا هەر لە جەنگدان. ئەو توندوتیژییەی کە ژنان لە جیهانی هاوچەرخدا ئەزموونی دەکەن بێوێنە و بێپێشينهیە. بەڵام لە سەردەمانێکی زۆر لەمەوپێش نا، بە سەدان ملیۆن ئافرهت لە توندوتیژيی جەستەیی و سایکۆلۆژی کە لەلایەن حکومەت(دهوڵهت)، پیاو، خێزان، تایەفە و دینەوە بەرامبەریان دەکرا، ڕزگاریان بوو و گورزێکی گهورهيان لە نایەکسانيی کۆمەڵایەتی، دا. لە چینی سۆسیالیستیدا، لە ساڵی ١٩٤٩ـەوە تا ساڵی ١٩٧٦، شۆڕشی سۆسیالیستيی چین، کە چارەکە سەدەیەک لە دژی حکومەتی محەلی، شەڕی ناوخۆيى و ناوچەیی، سالار و سهركرده جەنگییەکان و هێزە ئیمپریالیستییەکانی يابان و ئەمەریکا خەباتیکرد و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، شۆڕشێکی ژنانەش بوو. لەبەرئەوەی یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی شۆڕش لەناوبردنی سیستەمی باوکسالاری بوو. حیزبی کۆمۆنیستی چین کۆتوبەندبوونی ژنانی لە سیستەمی باوکسالاری لە چینی کۆندا بەم شێوەيه دهربڕيبوو، چوار دەسەڵات ئافرەتانی کۆتوبەند کردووە؛ دەسەڵاتی دهوڵهت، دەسەڵاتی دین، دەسەڵاتی باوک، دەسەڵاتی خێزان.
ئەخلاق و دینی کۆنفۆشیۆسی شەرعیەتی بەم چوار دەسەڵاتە دابوو و پاساوی دەدا. کەواتە ئازادی و ڕزگاريی ژنان بەبێ خەباتی يهكلاكهرهوه(ڕاديكاڵ) و بەردەوام لە دژی دین و ئەخلاقی کۆنفۆشیۆسی شتێكى مومکین نەبوو. حیزبی کۆمۆنیستی چین بەباشی لەم ڕاستییە تێگەشت و لە دژی دین وەک پاڵپشت و پێگەیەکی گرنگی چینی چەوسێنەر و دەوڵەتی حاکم خەباتیکرد. بەدرێژایی شۆڕشی چین لە ساڵی ١٩٢٧ـەوە کە لە شێوەی جەنگی درێژخایەنی کۆمەڵانی خەڵک و بەڕێبەرایەتيی حیزبی کۆمۆنیستی چین و سوپای سور لە گوندەکانی چیندا بەردەوام بوو. گرنگييهكى زۆر بە بەرزکردنەوەی هۆشیاريی جوتیارەکان لە بواری ئازادی و ڕزگاريی ژنان و هەروەها کۆنەپهرستيى بيروباوهڕى دينى دەدرا. ئەم خەباتە بەتایبەتی لە دەیەی ١٩٣٠ لە ناوچە گوندییە ئازادکراوەکاندا و هەروەها لە ڕەوتی خەبات دژی فیۆدالیزمدا ڕۆڵێکی گرنگی لە بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی و ڕزگاريی ژناندا بینی. خەبات بۆ ڕزگاريی ژنان بەبێ خەبات لە دژی دین، باوک و خێزان دەرەنجامی نەدەبوو. لەبەرئەوەی دین و باوک و خێزان بەشگەلێکی گرنگ بوون لە بهههرهمىكردن و (بەچینایەتیکردن)ـی کۆمەڵگا و درێژەدان بە سیستەمی حاکم و باڵادهست. ماوتسی تۆنگ، ڕێبەری شۆڕشی چین بەباشی لەم ڕاستييه تێگەشتبوو. ئەو هەر لەسەرەتاوە شۆڕشی چینی لەسەر ئەو بنەڕەتە بنیاتنا کە نابێت لەبەرامبەر بیرکردنەوەی دواکەوتوو و کۆنهپارێزانەی کۆمەڵانی خەڵکدا بە چۆکدا بێن بەڵکو ڕزگاريی کۆمەڵانی خەڵک پێویستی بەوەیە کە لە بیرکردنەوەی کۆنەپارێز و تەقلیدی بدرێت. ئەم کارە بەهێواشی و لەسەرخۆ نەڕۆيشتەپێش. ئەو گوندییانەی کە ياساى جيابوونهوه(تەڵاق) و دابەشکردنی موڵکانەی زهوييان بە دژی دینی کۆنفۆشیۆسی دەزانی و بەپێچەوانەی بەرژەوەنديی چینایەتيی خۆیانەوە لە دژی حیزب کاریان دەکرد و تەنانەت زۆرێک لە کادرە حیزبییەکانیان کوشت. تەنیا لەبەرئەوەی کە ئەم کۆمەڵە خەڵکانە دەچەسێنەوە، حیزب پاشەکشەی نەکرد و سەری بۆ هزری کۆنەپارێزيیان نەوی نەکرد.
لە بزووتنەوەی چەپی [ناوچهكه] و ئێراندا تێگەشتنێکی باو و شهعبى هەیە کە پێیوایە شۆڕشی دژەفیوداڵی تەنیا لە دژی موڵکداريی دهرهبهگايهتى و فیوداڵییە. لەکاتێکدا فیوداڵیزم سیستەمێکی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و ئایدۆلۆژییە و باوکسالاری و دین پێکهێنەری سەرەکیین. باوەڕێکی تری شهعبى ئەوەیە کە پێیوایە شۆڕشی چین بە ڕێبەرایەتيی ماوتسی تۆنگ <<شۆڕشێکی جوتیاری>> بوو. بەڵام بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی چین، جێگیرکردنی سۆسیالیزم بوو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە كه دەبوو لەڕێگەی شۆڕش[ێك]ـی دیموکراسييانهى نوێوە سیستەمی فیوداڵی لەناوببات. خەباتی حیزبی کۆمۆنیستی چین لەدژی سیستەمی فیوداڵی و باوکسالاری، دەسکەوتی گەورەی سەرسوڕهێنەری هەبوو کە شۆڕشی بۆرژوازی بەدرێژایی خەباتی سێسەت ساڵەی خۆی نهك بەدەستی نەهێنابوو(بهڵكو شانى نهدهدا له شانيشى). بۆنمونە شۆڕشی بۆرژوازيی ئەوروپا، پاش ئەوەی چینی بۆرژوا دەسەڵاتی سیاسيی بەدەستهێنا و بۆ پتەوکردنی ئەم دەسەڵاتە، دوو بڕگەی زۆر گرنگی لە سیستەمی فیۆداڵی وەرگرت و بەدەستکارییەوە تێکەڵ بە سیستەمی سەرمایەداريی کرد؛ واتە دین و باوکسالاری. عیدامکردن(اعدام)ـی ژنێک بەناوی "ئۆلیمپ دوگۆژ" لە ڕێگەی دادگای شۆڕشی فەڕەنسییەوە بە تاوانی ناڕەزايیدەربڕین لەدژی یاسای نایەکسانيی پیاو و ژن نمونەیەکی سيمبوڵييه بۆ ئەم مهسهلهيه. بەڵام بەو پێیەی شۆڕشی چین بە ئامانجی جێگیرکردنی سۆسیالیزم و خەبات بۆ جێگیرکردنی کۆمۆنیزم لە سەرانسەری جیهاندا هەنگاوی دەنا، بۆيه ناچاربوو کە لە خەبات دژی فیوداڵیزمدا، وەها بەتوندی زهوييهكان بکێڵن کە دهرگاکان بەڕووی سۆسیالیزمدا واڵا بێت. ئەم شۆڕشە لە بواری خەباتی دژی دیندا نەیدەتوانی وەک شۆڕشە بۆرژوازییەکانی سەدەی هەژدەی ئەوروپا (وەک شۆڕشی فەرەنسا) خۆی کورتبکاتەوە بۆ خەبات دژی کەنیسە، بەڵکو دەبوو خەبات لە دژی بیرکردنەوەی ئاینيی کۆمەڵانی خەڵکیش بکات و ئەو بیرکردنەوانە بگۆڕێت بۆ بیرکردنەوەی نوێ. لەبەرئەوەی بیرکردنەوەی ئاینی لەناو کرێکاران و جوتیاراندا دەبووە هۆی پەیوەنديی کۆمەڵایەتيی چەوسێنەرەوە و لە هەمووی گرنگتر دەبووە هۆی چەوساندنەوەی ژن.
لە شۆڕشی چیندا، لە کاتی شۆڕش لە موڵکدا (کە بەشێک بوو لە بەرنامەی شۆڕش) تەنیا لە ڕیشەکێشکردنی خاوەندارێتيی فیودالیدا کورتنەکرایەوە بەڵکو هاوکات بنەڕەتێکی تری فیوداڵیزم کە باوکسالاری بوو کەوتە بەر هێرش. بۆ نمونە؛ زهوى لەنێوان جوتیاری فەقیر و بێئەرزدا بەیەکسانی لەنێوان پیاو و ژندا دابەشبوو. بەشێک لەبەرنامەی دژەفیوداڵی، ڕاگەیاندنی ياسای هاوسەرگیری بوو لەلایەن دەوڵەتی شۆڕشگێڕییەوە لە ناوچەکانی ژێر دەستی شۆڕشدا. ئەم ياسايه بە ياسای تەڵاق بەناوبانگ بوو. لەبەرئەوەی بەدوای ئەو ياسايەدا، ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانەی کە بە زۆر درابوون بە شوو، یان بە هۆی ئابوريیەوە پاشكۆى مێرد بوون، هەم پارچهزهويیان وەرگرت و هەم تەڵاقيش.
ژنانى چين لهناو سيستهمى سهرمايهداريدا و پاش 18 كاتژمێر كاركردن، جلگريان له چاويانداوه بۆ ئهوهى بهرگهى بێخهوى بگرن- ديمهنێك له فيلمى china blue
ماوتسی تۆنگ لە وتارێکدا بەناوی <<ڕاپۆرتێک لەبارەی بزووتنەوەی جوتیاری هۆنان>>(١٩٢٧) ئامانجی دەستبەجێی خەبات لە گوندەکانی چیندا(کە ناوچەی بەرەوپێشبردنی جەنگی درێژخایەنی کۆمەڵانی خەڵک لە دژی حکومەتی کۆنە و ئیمپریالیستە پاڵپشتەکانی و زۆرێک لە دانیشتوانی چین لەو ناوچەدا نیشتەجێ بووبوون) بە خەبات لە دژی چوار دەسەڵات ناودەبات: خەبات دژی دەسەڵاتی سیاسی، خەبات دژی دەسەڵاتی تایفە، خەبات دژی دەسەڵاتی دینی، خەباتی ژنان دژی دەسەڵاتی مێرد. بهلاى حیزبی کۆمۆنیستی چینهوه ڕزگاربوونی پرۆلیتاریا، بەبێ ڕیشەکێشکردنی سیستەمی باوکسالاری و پیاوسالاری مومکین نەبوو و لەڕاستیدا تەرجومەی پراکتیکی ئەو واقیعە بوو کە پرۆلیتاریا تەنیا کاتێک دەتوانێت خۆی ڕزگار و ئازاد بکات کە بۆ ڕزگاريی مرۆڤایەتی، دژ بە هەموو جۆرەکانی ستەم و چەوساندنەوە خەباتبکات و هەموان بە ئاقارى کۆمەڵگای کۆمۆنیستيدا ببات.
لە کاردانەوە بەرامبەر ياسا شۆڕشگێڕییەکانی ناوچە ئازادکراوەکان، حکومەتی چیان کایچک (دەوڵەتی کۆنەپارێزی دانراوى ئیمپریالیستەکان) پڕوپاگەندەی دژەکۆمۆنیستيی گەورەی بەڕێخست. ڕادیۆکانیان دایمە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە لە هەرکوێدا دەسەڵاتیان بەدەست هێنابێت ئەوا ژنانیان کۆلێکتیڤیزە(ئيشتيراكى)کردووە و ئەخلاقی خێزان و تایەفە و نەتەوەیان پێشێلکردووە. حکومەتی "چیان کایچک" هاوکات لەگەڵ شەڕ لە دژی ناوچە ئازادکراوەکان و حکومەتی شورایی، شەڕێکی بەناوی <<بزوتنەوەی ژیانی نوێ>> بەڕێخست کە ئامانجی گەڕانەوەی ئەخلاقی کۆنفۆشیۆسی بوو.
لە ساڵی ١٩٤٣دا ماوتسی تۆنگ لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاراستەی کۆنگرەی نیشتمانيی حکومەتە شوراییەکانى کرد، ئەوەی ڕاگەیاند كه هەرچەندە سیستەمی نوێی هاوسەرگیری <<یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی>> بەڵام ئازاديی هاوسەرگیری کاتێک گرەنتی دەبێت کە ژن و پیاو هەردوکیان ئازاديی سیاسی و ئابوريیان بەدەستهێنابێت. شۆڕشی سۆسیالیستی لەڕێگەی بەرنامەکەی خۆیەوە ژنانی فێردەکرد کە نەک تەنیا بەبێ خوا بەڵکو بەبێ پیاویش [بتوانن] بژین.
لە ساڵی ١٩٥٠دا واتە چەند مانگێك دوای سەرکەوتنی شۆڕش و جێگیربوونی دەوڵەتی کۆماریی کۆمەڵانی خەڵکی چین بەڕێبەرایەتيی حیزبی کۆمۆنیستی چین، دوو ياسا پێکەوە ڕاگەيهنرا. ياسای چاكسازيى زهوى و موڵک و، ياسای هاوسەرگیری. بەتایبەتی ژنانی گونديی چین بەخێرایی لە گرنگی ڕاگەیاندنی هاوکات و پێکەوەپهيوهستى ئەو دوو ياسايە تێگەشتن. لەڕاستیدا ئەم دوو ياسايە بەدرێژايی خەباتی درێژخایەنی کۆمەڵانی خەڵک لە ناوچە ئازادکراوەکاندا و لەژێر دەسەڵاتی حکومەتە شوراییەکاندا جێبەجێدەکرا. بەڵام ئیدی بووبوونە ياسای وڵات. بەگوێرەی ياسای چاكسازيى زهوى و مۆڵک، پارچهزهوى بەسەر خێزانەکاندا دابەشنەدەکرا بەڵکو بەسەر تاکەکاندا دابەشدەکرا. واتە بەسەر ژن و پیاودا و لەسەر هەرکەس بەجیا تاپۆ دەکرا. ياسای هاوسەرگیری، تەڵاقی زۆر ئاسان و خۆشکرد. ژنانی گوند بەخۆشحاڵیەوە دەیانوت پاش وەرگرتنی تاپۆی زهوى ئەوا داوای تەڵاق دەکەم بۆ ئەوەی ئیدی لە ژێر ستەمی مێرددا نەبم.
پاش کۆتایيهاتنی دەوڵەتی سۆسیالیستی لە چین (١٩٧٦) و جێگیربوونی بوونی سود لە کارگێڕيیدا، ژنان جارێکی تر ئاوا بوون و تەنانەت شێوازى ناشيرينترى چەوساندنەوەی ژنان دووبارە سەریهەڵدایەوە. گەڕانەوەی سەرمایەداری لە چیندا بووە هۆی ئەوەی کە شۆڕشی مەزنی سۆسیالیستی و دەستکەوتە گرنگەکانی، بەدەستی بۆرژوازيی نێودەوڵەتی و ڕەوتەکانی وردەبۆرژوای کورتبین لهناوبچێت.
بڵاوكراوهى "آتش"- حيزبى كۆمۆنيستى ئێران
وهرگێڕانى: زهردهشت نورهدين
سهرچاوه: http://cpimlm.com/showfile.php?cId=1003&tb=zanan&Id=147&pgn=1
[1].جهمعيهت