A+    A-
(697) جار خوێندراوەتەوە

تێبینییەکى کورت لەبارەى ڕەخنە و کەلتورەوە

 

 

 

چیرۆکە تراوماییەکەى «ڕەخنە»

 

ڕەخنە (critique)، بەر لەوەى پرسێکى تەکنیکى، کایەدار، زانستى و هتد بێت، پرسێکى کەلتورییە، یان ڕیشەییتر بیڵێین پرسێکى مرۆییە. واتە ڕەخنە، شتێکە لە خودى ڕەخنە ژوورتر دەڕوات. ڕەخنە پەیوەندیی بە درووستبوونى کۆمەڵگاى مرۆییەوە هەیە. دەبێت سەرەتا شوێنى ڕەخنە لە کۆمەڵگاى مرۆییدا دەستنیشانبکرێت. مەبەست لە کۆمەڵگاى مرۆییش، ژیانى پێکەوەیی مرۆڤەکانە کە لە ئاستێکى سادەوە بەرەو ئاستى ئاڵۆزتر هاتووە- لە مرۆ سەرەتاییەکانەوە بەرەو دونیاى مۆدێرن هاتووە[1]. ڕەخنە لە جڤاتە دێرینەکاندا بەم مانایەى ئەمڕۆ بوونى نەبووە، کردەى توندوتیژى تر لەبرى ڕەخنە هەبووە- ئیدى لە کوشتنەوە تا دەگاتە جێگرەوەکانى کوشتن وەک لێدان، سڕینەوە، دەرکردن و هتد. ئەمە ڕاستییەکى سادەیە بۆ تێگەیشتن لە ڕیشەى ڕەخنە وەک چالاکییەکى گشتیی مرۆیی. بەم پێیە، ڕەخنە لەبنەڕەتدا کردەیەکى توندوتیژ، تراومایی، خوێناوییە. بەڵام لەگەڵ گەشەى کەلتور و شارستانییەتدا، ئەم «تراوما»یە ڕێکدەخرێت، نەرم دەکرێتەوە، و سەرەنجامیش لە دونیاى مۆدێرندا، واتەلەم چەند سەدە کەمەى دواییدا ڕەوایەتیی وەردەگرێت و شارستانییەت دەیکاتە مەرجى بەردەوامبوونى خۆى. بۆیە نەک هەر لە کایەیەکى دیاریکراودا، بەڵکو ڕەخنە دەبێتە مەرجى هەموو کایەکان و سەر هەموو کایەکان. بۆ نمونە، لە سیاسەتدا لە بن درووشمى دیموکراسى و دەستاودەستکردنى دەسەڵاتدا جێیەک بۆ ئایدیاى ڕەخنە کراوەتەوە. لە جیهانى مۆدێرندا، هەوڵدراوە زەبروزەنگى لەمێژینەى مرۆڤ، بپەستێنرێتە چەمکى ڕەخنەوە. ئەویش بەرمەبناى ئەو قازانجپێوییە کەلتورییەى کە توندوتیژیی ڕاستەوخۆ، بگۆڕدرێت بۆ کردارێکى ناڕاستەوخۆى شارستانى. هەروەها کێشەى چێژیش لە دونیاى نوێدا ڕێکبخرێت، وەکچۆن لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکانیشدا کێشەکە هەر ڕێکخستنى چێژ بووە، بەڵام ئەودەم نە گەشەى عەقڵ بەم جۆرە بووە و نە کۆمەڵگاش بەم شێوەیە ئاڵۆز.

دەتوانین ئەم وتانە کۆبکەینەوە و بڵێین ڕەخنە لەبنەڕەتدا پەیوەندیی بە باوککوژیی سەرەتایی (the primal parricide)ـەوە هەیە. کۆمەڵگاى مرۆیی، لەسەر تاوانێکى سەرەتایی درووستبووە کە تاوانى کوشتنى باوکى سەرەتاییە. چیرۆکە داروینى-فرۆیدییەکە لاى زۆرینە ڕوونە: سەرەتا دخێکى جەنگەڵى لەئارادابوو، نێرینەیەکى هەمەتوانا بەناوى باوکى سەرەتایی دەستى بەسەر کۆى دۆخەکەدا گرتبوو. هەرچى چێژ، یان تیۆرییتر بیڵێین ژویسانسدا هەبوو گرتبووى. برا بێبەشەکان کۆبوونەوە و باوکیان کوشت. دواى کوشتنەکە، نەیاتوانى ببنەوە بە باوکە هەمەتوانا و دەسەڵاتدارەکە، بەڵام هەر ئەمە خۆى بووە سەرەتا درووستبوونى کۆمەڵگا. بوو بە یاسا و ڕێکخستن. چێژ (کە وشەیەکى سیمبوڵییە بۆ دارایی و سەرچاوەکانى ناو کۆمەڵگا)، دابەشکرایەوە. دیارە دواى ئەم تاوانە، بریکارێکى دەروونى لەناو مرۆڤەکاندا نیشتەجێ بوو. سوپەرئیگۆ، هەڕەشەى خەسێنەرى جێماوى باوکەکە بوو کە ئەو کوژرا و بووە قوربانى، بەڵام دواى ئەو کەس ناتوانێت ببێتەوە بە باوکى هەمەتوانا. سوپەرئیگۆش فۆرمى جۆراوجۆرى گرتەخۆى، لە ڕێسا و یاساکانەوە بیگرە تا نەهى و تابۆ و فەرمانەکان گشتیان دەرکەوتەى سوپەرئیگۆن و دەبێت مرۆڤەکان لەناو خۆیاندا بڕێکى ناونشین بکەنەوە. لەگەڵ ئاڵۆزبوونى کۆمەڵى مرۆییدا، سوپەرئیگۆ شێوەى دەزگا و پەروەردە و دیاردەى فراوانترى لەخۆگرت. تەنانەت باوکە بایۆلۆژى (خێزانییەکان) و کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە دابەشکەرێکى کۆمەڵایەتیی سوپەرئیگۆ. بەکورتییەکەى، کۆمەڵگاى مرۆیی گەیشت بەوەى چێژى جیاجیا بەسەر ئەندامانى خۆیدا دابەشبکات. ئەمە ڕیشەى چیرۆکەکەیە و دەتوانین لەپەراوێزیدا بڵێین: لە کۆمەڵگا ستەمکار و دیکتاتۆرەکانیشدا کەس ناتوانێت ببێتەوە بە باوکى سەرەتایی. لەم ڕووەوە کۆمەڵگایەکى دیکتاتۆر و کۆمەڵگایەکى کراوە هەر میراتگرى ئەو ڕووداوە سەرەتاییەن و ئەوەى فەرقدەکات چەندێتییە لە چێژدا نەک چۆنیەتى. بەڵام هێشتا کۆمەڵگاى مرۆیی، بەتایبەت لە دونیاى مۆدێرندا دەستى لەو خەونەى خۆى بەرنەداوە کە هەوڵبدات چەندێتییەکە بەڕێژەیەکى یەکسان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکات. وشەکانى وەک یەکسانى و دادپەروەرى، ناوێکى سیاسیین بۆ دابەشکردنەوەى چێژ بەپێى سیستەمێک. لەم نێوانەدا، وشەى ڕەخنە بووە «خاڵێکى داکوتان» بۆ ئەوەى مرۆڤەکان ئەم چیرۆکەیان بیرنەچێتەوە. تا ئێرە ئەمە ڕووى دەرەوەى وشەکە/چەمکەکەیە. دیوى ناوەوە، واتە وردکردنەوەى تەکنیکى و زانستیی وشەکە کە چۆن لە کایەیەکدا پیادەبکرێت. بەڵام وردەکارییەکى ڕەخنەگرتن لە کایە جیاجیاکانیشدا، کارکردى دەرەکیی خۆى لەدەستنەدا. بۆ نمونە، تا ئەم چرکەیەش ڕەخنەى دەوڵەتان لە سیاسەتى یەکتر، ڕەخنەى نوسەران لە یەکتر، ڕەخنەى باوکان لە مناڵان، ڕەخنە و سزاى یاسا لە سەرپێچیی هاوڵاتییان و هتد تێکڕا گوزارشت لەم کارکردە دەرەکییەى خودى ڕەخنە دەکەن.

لە فەلسەفەى مۆدێرندا، لاى ئیمانوێل کانت وشەى ڕەخنە بە هەموو ئاڵۆزییەکەى خۆیەوە دێتە ناو دونیاى مۆدێرنەوە. کانت سێ دەقى هەیە کە بە وشەى ڕەخنە دەستپێدەکات (ڕەخنەى عەقڵى پەتى، ڕەخنەى عەقڵى پراکتیکى و ڕەخنەى هێزى داوەرى). دیسان لاى کانت بەر هەردوو کارکردەکەى ڕەخنە دەکەوین، کارکردى دەرەکى و کارکردى ناوەکى. کارکرد بەسادەیی واتە فرمانى تایبەتیی شتێک کە لە شێوەى کاریگەرى و شوێنەواردا جێى‌دەهێڵێت. بەسادەیی کانت دەیویست وەڵامى سێ پرسیارى بنەڕەتیی مرۆڤ بداتەوە لەو سێ ناونیشانەدا: مرۆڤ دەتوانێت چیی بزانێت یان تاکوێ بزانێت، مرۆڤ دەبێت چى بکات و چییش نەکات (فەرمانى ڕەها)، مرۆڤ دەشێت هیواى بە چى هەبێت. ئەمە کارکردە دەرەکییەکانى ڕەخنەن لاى ئیمانوێل کانت. کارکردى ناوەکیی ڕەخنەش، کۆمەڵێک وردەکاریی تەکنیکى و فەلسەفیین کە کانت لەڕێى چەمکەکانى خۆیەوە دوایاندەکەوێت. ئەوەى بۆ ئەم باسەى ئێرە جێى سەرنجە هەڵوەستەیە لەسەر کارکردى دەرەکیی ڕەخنە لەڕووى فەلسەفییەوە و سەرەنجامیش بەستنەوەى بە چیرۆکى باوککوژیی سەرەتاییەوە کە کۆمەڵگاى مرۆیی لەسەر درووستبووە. فەلسەفەش وەک کایەیەکى ناو کۆمەڵگاى مرۆیی، لەسەر باوککوژییەک درووستبووە. ئێرە جێى وردکردنەوەى ئەم باسە نیە، بەڵام هێند بەسە ئاماژە بەوە بکەین کە ڕەخنەکانى ئەرستۆ لە ئەفلاتوون، یان هى ئەفلاتوون لە پێشینانى خۆى، دەرکەوتەیەکى باوککوژیی فەلسەفییە. هەر داهێنانێک، سنورە لەبەردەم ئەوەی کە کەسێک کۆی کەلتور دابخات. ئەمە وەک دیوى ناوەوەى کایەى فەلسەفە خۆى، بەڵام ئەوەى کانت لە کۆى گشتییدا پەیوەستە بە توخمى مرۆڤەوە. مرۆڤەکان ناتوانن هەموو شت بزانن، چونکە ئەویترى مرۆڤ و بگرە ئەویترى سرووشت هەیە (سنوردارییەکانى عەقڵى پەتى). مرۆڤەکان ناتوانن هەموو شتێک بکەن، چونکە بەسادەیی ئەوانیتر مافیان هەیە و تەنانەت خۆیشى مافى بەسەر خۆیەوە هەیە (عەقڵى پراکتیکى)، مرۆڤ چۆن دەتوانێت بەختەوەر بێت و چۆنچۆنیش دەتوانێت لانیکەمى هیوا بەرهەمبێنێت و لەو شوێنانەشدا کە ناتوانێت چۆن جوانى و بەرهەمە باڵا کەلتورییەکان بەرهەمدەهێنێت (ڕەخنەى عەقڵى داوەرى). کانت سەرەتا کارکردی دەرەکیی ڕەخنەمان لە دونیای مۆدێڕندا پیشاندەدات کە مرۆی مۆدێرنیش کامڵ نیە، دواییش بەپێی کارکردی ناوەکیی ڕەخنە خۆی تێدەگەین عەقڵ کە دەیەوێت بگاتە کەماڵ تووشی کۆمەڵێک هەڤدژی دەبێت.

 

 

«ڕەخنە» و ئێستاى ئێمە

 

ئەوەى لە ئێستاى کۆمەڵگاى ئێمەدا پێویستە ئەوەیە کە لە هەردوو کارکردەکەى ڕەخنە تێبگەین: کارکردى دەرەکى و ناوەکى. لە یەکەمیاندا، تێبگەین کە نیشتەجێبوون لە دونیاى مۆدێرندا بەبێ کۆمەڵێک سنوردارى و گفتوگۆ مەیسەر نابێت. لە دووەمیشیاندا، بەشێوەیەکى زانستى مامەڵە بە دیوى ناوەوەى ڕەخنەوە بکەین، تەکنیکەکانى تێبگەین، ڕەهەندە ئاکارى و ویژدانییەکەشى لەبیرنەکەین کە هەر شوێنەوارى کارکردە دەرەکییەکەى ڕەخنەیە ماوەتەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا، گەرەکە زۆرترین قسە لەسەر ماهیەت و چیەتیی ڕەخنە بکرێت تا پیادەکردنی نیوەناچڵی ڕەخنەگرتن. بەڵام گەر ڕیشەیی لە خۆمان بڕوانین، تێدەگەین ئەمەش بەستراوەتەوە بە کێشەی گەورەتر لە ڕەخنەوە:

ئێمە سەرەتا کێشەى پێناسەکردنەوەى مرۆڤمان هەیە، ئەوەى کە پێى‌دەوترێت «کێشەى سوبێکت». واتە تێبگەین مرۆڤ لەناو کۆمەڵگاى مۆدێرندا ماف و ئەرکى چیە، تواناکانى چین، پەیوەندییەکانى بەوانیترەوە، بە سیاسەت و کەلتور و ڕۆشنبیرى و هتدەوە چۆن ڕێکدەخرێت. ڕەخنە، پرسێکە لە پرسى سوبێکت و مرۆڤى مۆدێرن دانابڕێت. بۆ ئەمەش پێویست بە زەمینەسازى دەکات، بە ڕێ خۆشکردن بۆ گەشەیەکى سرووشتى. واتە ڕەخنە شتێکى ئیرادیی ڕووت نیە، شتێک نیە بڵێین یاڵا با گشتمان فێرى ڕەخنە بین و ڕەخنە قبوڵ بکەین. ڕەخنە گرێدراوە بە تێڕوانینمانەوە بۆ شتانى گەورەتر: تێڕوانینمان بۆ درووستبوونى کۆمەڵگا، مرۆڤ، ئاکار، چێژ، و هتد. گەر مرۆڤەکان لە یەک چرکەدا دانیشن و ڕێککەون لەسەر ئەوەى با ڕەخنە قبوڵبکەین، دیسان ڕەخنە بە موعجیزە یان بە ویستى ڕووت درووستنابێت. ڕەخنە پرۆسەیەکى پلەپلەى کەلتورى و کۆمەڵایەتییە کە دواتر دەگاتە سەر ڕەخنە خۆى وەک کایەیەکى تەکنیکى و زانستى. هەتا شتێکى ساویلکانەشە پێمانوابێت دەتوانین ڕەخنەیەکى بابەتى و بێلایەن درووستبکەین گەر بێتو فەزاى کۆمەڵایەتیی ڕەخنە خۆى درووستنەبووبێت. مادام ڕەخنە خۆى بەبنەڕەت کردەیەکى دێرینى تراوماییە ماوەتەوە، ئەوا باشترین ڕەخنەش یەکسەر جێى خۆى ناگرێت. فەزاى ڕەخنە، لە پرۆسەى ڕەخنەگرتن جیانابێتەوە. فەزاى ڕەخنە، ئەو باگراوەندەیە کە بەنەبینراوى لەپشتەوە ڕۆڵى لە گەیشتن و ڕوونبوونەوەى ڕەخنەدا هەیە. بە دەربڕینێکى تر، ڕەخنە دەبێت لە ڕۆحى کۆمەڵگا و کەلتور خۆیدا جێى کرابێتەوە، لە ڕۆحى ئەو شتەدا کە هیگڵ پێى‌دەڵێت "ڕۆحى قەوم". کۆمەڵگاى ئێمە بەو پێیەى کۆمەڵگایەکى ڕێکنەخراوە، لە سیاسەتەوە تا کایەکانى تر کێشەى زۆر گەورەیان هەیە، ئیدى ڕەخنەش بەشى خۆى لەم فەوزایە بەردەکەوێت. هەموو کایە و خانەکانى کۆمەڵگا وەک "گشت"ێک پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە. بۆ ئەوەى ڕەخنە لە هەردوو ڕەهەندى دەرەکى و ناوەکییەوە گەشەبکات و قبوڵ بکرێت، دەبێت وەکچۆن درەختێک لە سرووشتدا گەشەى خۆى دەبڕێت، ڕەخنەش لەناو کەلتوردا گەشەى ئاسایی خۆى ببڕێت. ڕەخنەى دەستکرد و پێنەگەیشتوو، لەو میوە بەکیمیایی پەروەردەکراوە دەچێت کە جێى میوە ڕەسەن و سرووشتییەکە ناگرێتەوە. ئەمە بۆ دیوەکانى تری کۆمەڵگاش هەر ڕاستە.

گەر ئەم گەشەیە ڕوونەدات، ڕەخنە دوو چرکەسات تێکەڵ بە یەکترى دەکات و سەرەنجامەکەشى یەکسان دەبێتەوە بە «خراپە» (Evil). ڕەخنە بەپێى هۆکارە وجودییەکەى خۆى، ئەوەى کە بۆچى هەبووە و هەیە، لە خراپە جیانابێتەوە. خراپە، لێرەدا واتە ڕەچاونەکردنى ئینسافى کەلتورى، و دواییش ڕەچاونەکردنى لانیکەمى وردەکارییە ناوەکییەکانى خۆى. ئێستا کایەکانى کۆمەڵگاى ئێمە لە پشێوییدان، پشێوییش خۆى لە هەندێک دۆخ و سیاقدا یەکسانە بە «خراپە». مادام هەر ڕەخنەیەک لە ئێرەدا و ئێستادا، دەبێتەوە بە بەشێک لە کۆى پرۆسەى ڕەخنەگرتن لە مێژووى کەلتورێکدا، ئەوا باشترە مرۆڤ بەهۆشیارییەوە پرۆسەکە ئەزموونبکات. مادام سەرەنجام یاساکانى کەلتور خۆى سەنگ و ڕەنگى ڕەخنەکان دەبێژێتەوە، ئەوا جۆرێک لە زرنگى و تیژبینیی هەنوکەییشى پێویستە. ئێمە هێشتا لە مانا کلاسیک و سەرەتاییەکەى ڕەخنەداین: بکەرەکانى پرۆسەى ڕەخنە، سێکوچکەى ڕەخنەگر و ڕەخنەلێگیراو و خوێنەر دەگرێتەوە، واتە یەکێتییەک هەیە پرۆسەى ڕەخنە درووستدەکات. ئەم یەکێتییە، لە هەر پایەیەکى خۆیدا، پێویستى بە گەشەى زیاترە. بەبێ ڕەخنەگرێکى تۆکمە، و خوێنەرێکى هۆشیار و ڕەخنەلێگیراوێکى دەرگیر دیسان دۆخى «خراپە» درووستدەبێتەوە. ئەم یەکێتییە، یان ئەم سێکوچکەیە، پێکەوە هەردوو کارکردەکەى ڕەخنە دیاریدەکەن و دۆخى تەندرووستى ڕەخنەگرتنیش بەرهەمدەهێننەوە. هیچکام لە بکەرەکانى ناو ئەم یەکێتییە، بە ڕەخنە کۆتاییان نایەت؛ بەڵکو خزمەت بە شتێکى سەرووتر لە خۆیان دەکەن کە کەلتورى مرۆییە. ڕەنگە پرسیارێکى ڕەشبینانە لە کەلتورى مرۆیی درووست ببێت و بگوترێت ڕەخنە خۆى لەخۆیدا شتێکى بێگەرد نیە، بەڵام وەڵامەکە پێشوەخت ڕوونە: کەلتور و شارستانییەتى مرۆیی، لەدواى ڕەخنەکانیشەوە پاداشتى هەموو بەرهەمێکى کەلتورى دەداتەوە کە نەیهێشتووە کەلتور وەرگەڕێت بۆ دۆخە سەرەتاییەکەى خۆى- سرووشت، دۆخى سرووشتى، جەنگەڵ و هتد. مرۆڤەکان لە ئاستى تاکەکەسییدا هەرچى بکەن، دەچێتە پەیوەندییەوە بە پرسى کەلتور خۆیەوە. بەجۆرێک کە هەموان پاسەوان و هەڵگرى کەلتورن. ڕەخنە تازە بەشێکە لە پەیوەندیی مرۆڤەکان بە یەکترەوە، بەڵام پێویستى بەوەشە لەو هەڵبەزودابەزە درێژخایەنەى تێبگەین کە کەلتورى مرۆیی و کایە مرۆییەکان پیایدا تێپەڕیوە. ڕەخنە، لەم ڕووەوە، چەندە لەسەر خۆى وەک چالاکییەکى زانستى وەستاوە، هێندەش لەسەر کۆمەڵێک پێشمەرجى پێش‌زانستى وەستاوە کە بۆ ئەوەى پێبگات گەرەکە ئاشناى ئەو مەرجە قورسانەى بین. فرێدریک شیڵینگ هەتا چەمکێکى سەرەکى و گەورەى وەک حەقیقەتیش دەبەستێتەوە بە کۆمەڵێک پێشمەرجى ناحەقیقییەوە، بۆیە هەر چەمک و پرۆسەیەکى مرۆیی بەستراوەتەوە بە شتانێکى تریشەوە کە لەو چەمک و پرسە خۆى تێدەپەڕن. ڕەخنە گەر لەو یەکێتییەدا پێنەگات، وەک شتێکى کرچ و بێکەس و بێ‌میدیۆم دەمێنێتەوە. چەمکە مرۆییەکان تێکڕا چەمکى میدیۆمدار، نێوانگریکراو، پەیوەستن. ئێستا دەبینین پێنەگەیشتنى هەلومەرجى ڕەخنە و یەکێتییەکە، لاى ئێمە بازنەیەکى بەتاڵى درووستکردووە. کەى و چۆن لەم بازنە بەتاڵە دەردەچین، پرسیارگەلێکن ڕەنگە پێویستى بەوە بێت بە چیرۆکى درووستبوونى ڕەخنە خۆیدا بچینەوە لە کۆمەڵگاى مرۆییدا: واتە بە هەردوو کارکردى دەرەکى و ناوەکیی خودى ڕەخنەدا بچینەوە کە تێگەیشتنە لە ئاڵۆزییەکی ڕیشەییتر.

   

 

وەلید عومەر

 


[1] . بۆ ئەم مەبەستە مرۆڤ دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر زۆر سەرچاوەى ئەنترۆپۆلۆژى (مرۆڤناسى) و مێژوویی کە لە زیمندا ئەم ڕاستییەیان لێوە هەڵدەهێنجێت.