A+    A-
(537) جار خوێندراوەتەوە

         لێکچوونى فۆرماڵى بەشەکى

 

 

 

 

 

 

بەر لە هەرشت دەتوانین بڵێین تیۆریزە لە دونیاى ئێمەدا خۆى هێشتا بەتەواوى نەڕسکاوە. هەم نوسەرێک کە تیۆریزەدەکات، هەم خوێنەرێکیش کە تیۆریزەیەک دەخوێنێتەوە کۆمەڵێک کێشەى بنەڕەتییان بۆ دێتەپێش. هێشتا ئەو کەرەستە و میتۆدانە ڕوون نین بۆمان کە دەبێت چۆن بەکاریانبێنین و چەندیش پێى‌دەگەین بە حەقیقەتى پرسێک. بۆ نمونە، زۆرجار دەتەوێت فڵان شت بەپێى تیۆرێک تێبگەیت، بەڵام بیر لە هەر تیۆرێک دەکەیتەوە لە خۆرئاواوە ئەوا تێرت ناکات، هەستدەکەیت کۆى حەقیقەتى دۆخى خۆتت پێ ناڵێت. خۆى دیارە ئەوە زۆرگرنگە کە بتوانین پەیوەندى لەنێوان فیکرى خۆرئاوا و واقیعى خۆماندا درووستبکەین، بەڵام قسەکردن لە خودى پەیوەندییەکە گرنگترە. چ چەمک و تیۆرێک دەگوازینەوە؟ چۆن دەیگوازینەوە؟ لە میانى گواستنەوەکەدا چ شتێک لەدەستدەدەین و چییش بەدەستدێنین؟ ئەم پرسیارانە ڕەنگە بەکۆ پەیوەندییان بە کێشەى میتۆدەوە هەبێت. ئەویش بەو مانایەى کە کەناڵێکى خوێندنەوەمان بۆ دەڕەخسێنن هەم مافى تیۆرە خۆرئاواییەکە بدەین، هەم مافى واقیعە خۆماڵییەکەش بدەین. ئەمە جارێ تەنیا گریمانەیەکە، گەرنا تەواو دڵنیا نیم چ تیۆرێک بەتەواوى دەتوانێت هەقى دۆخى ئێمە بدات، یان هەقى کێشەیەکى تایبەت بدات. ڕەنگە لەڕووى فۆرمەوە، کێشەیەکى گەردوونى لە کێشەیەکى ترى گەردوونى بچێت لاى ئێمە و بتوانین هەندێ قەرزى گشتى لە تیۆرێکى خۆرئاوایی بکەین، بەڵام ئاخۆ بۆ ئاستەکانى تر چۆن دەبێت؟ وەک خۆم شتێک نابینمەوە تەواو تێرم بکات. ڕەنگیشە پەیوەندیی بە هەلومەرجى زاتى و کات و ئەوانەشەوە هەبێت. ئاسانە بچین چەمکێکى خۆرئاوایی بێنین، بەسەر دیاردەیەکى ڕۆژانەییدا پیادەى بکەین و سبەینێش دانەیەکى تر تاقیکەینەوە، بەڵام ئەمە هێشتا وەک وتمان هێنانى "بەش"ـە بۆ ناو "بەش"، واتە وەرگرتنى بەشێکە لە واقیعێکى تر و هێنانێتى بۆ بەشێکى ناو واقیعێکى تر. لێرەدا دوو واقیع، یان بڵێم دوو" گشت" لە گشتێتیی خۆیان دەکەون و دوور نیە شتێکى نوێ بەرهەمبێنن. شتى نوێ، لەم ڕووەوە هیچ زیانێکى تیۆریی نیە. بەڵام پرسیارە ڕیشەییەکە ئەوەیە چۆن شتێک بێنین کە مافى ئەم واقیعەى ئێرە گشتى بەسەر یەکترەوە بدات؛ هەر هێندەش نا، بەڵکو تێرمانبکات، هەستبکەین خۆنشین بووەتەوە لەگەڵمان، یان زۆر نامۆى نەکردووین بە خۆمان. سەدەى پێشوو، لە مارکسیزمدا، ئێمە دەمانبینى کە "گشت"ێک یان تیۆرێکى گشتى بەسەر کۆى واقیعى ئێرەدا دەسەپێنرا. بەڵام سەرەنجام دەرکەوت کۆمەڵێک کەلێن و ناکۆکى دەمێننەوە. گواستنەوەکەش پتر گواستنەوەى وێنەیەکى سیاسی بوو. خۆ ڕەنگە یەک لە پرسە میتۆدییەکان هەر ئەوە بێت کە هەمیشە ناکۆکییەک لەنێوان تیۆرە خۆرئاواییەکە و واقیعە خۆماڵییەکەدا بمێنێتەوە. یان ئاخۆ دەکرێت پاش هێنانى تیۆرێک، ئیتر زۆر بیر لە "زێد"ـە ڕاستەقینەکەى نەکرێتەوە؟ واتە لێرە شتێکى ترى لێ سازببێت یان سازبکرێت کە سەربەخۆیی خۆى وەربگرێت. بەهەرحاڵ، ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن و درێژدەبنەوە و مرۆڤ دەتوانێت لە شێوەى توێژینەوەى سەربەخۆدا لەسەریان بوەستێت.

ڕوویەکى ترى کێشەى تیۆریزە لەوێدایە کە ئێمە زۆرجار نمونەیەکى خۆماڵى بۆ تیۆرێک یان چەمکێکى خۆرئاوایی دەهێنینەوە کە ئەو گرفتە درووستدەکات ئەم دووانەمان لێ ببێتە یەکێک. بۆ نمونە، نمونەیەکى شیعرى بۆ چەمکێکى خۆرئاوایی بهێنینەوە و وابزانین شاعیرەکەى ئێرە و بیرمەندە خۆرئاواییەکە یەکێکن یان لە یەک ئاستدان. بەڵام زۆرینەى ڕەهاى «لێکچوونەکان» کێشەدارن، و لە ئاگایی ڕەسمى (باو)دا، یان ڕیشەییتر لە نەستى مرۆییماندا تۆمارنابن. تۆمارنەبوونەکە، ئاماژەیە بە خەلەلێک لە هەناوى مەسەلەکەدا. یان پەیوەندیدارتر بیڵێین، ئەو کەلێنە ڕیاڵئاسایە داناپۆشن کە لەنێوان هەردوو دونیاکەدا هەیە.

 بۆ ئەوەى مەبەستەکەم ڕوون بێتەوە، با نمونەی شیعرێکى شێرکۆ بێکەس بێنینەوە و بیخەینە خزمەتى دوو چەمکى پێکەوەبەستراوى وەک «پرەنسیپى چێژ» و «پرەنسیپى واقیع»ـەوە. کاتێک ئەم نمونەیە بۆ چەمکە فرۆیدییەکە دێنینەوە، ڕەنگە خوێنەرێک وا تێبگات شێرکۆ بێکەس و فرۆید ڕێک یەک شتیان وتووە، بەڵام گەر وردبینەوە دەتوانین کۆمەڵێک وردەکاریى تر دەستنیشانبکەین کە بۆ پرسى تیۆر و تیۆریزە چارەنووسسازن. دیارە هێنانەوەى نمونەکە هەڵە نیە، بگرە درووستە و وێنەیەکى دیدەکیی چەمکەکەش دەگەیەنێت، بەڵام کۆمەڵێک جیاوازیی تر لەنێوان هەردوو نوسەرەکەدا دەمێننەوە کە دەبێت لەبیرى نەکەین. دیارە ئەم هۆشدارییە، بۆ خوێنەرێکى سەرەتاییە نەک کەسێکى تر کە بە ئەزموونى خۆى ڕێژەیەک لەو جیاوازییانە تێگەیشتووە. با نمونەى شیعرەکە بێنینەوە. شێرکۆ بێکەس لە "ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك به‌ره‌و مناڵی"دا دەڵێت:

له‌ كاتێكدا كه‌ منداڵ بووم...

ده‌ستی چه‌پم حه‌زی ئه‌كرد؛

وه‌ك ده‌ستی منداڵی پۆشته‌ی دراوسێمان

سه‌عاتێكی تیا بێ ئه‌ویش...

وڕكم ئه‌گرت

دایكم ناچار گازی ئه‌گرت،

له‌ مه‌چه‌كم

به‌ جێگه‌ی ـ دان ـ

سه‌عاتێكی بۆ ئه‌كردم...

ئای...! كه‌ دڵخۆشی ئه‌كردم!

 

له‌كاتێكدا كه‌ منداڵ بووم...

واته‌ی كامه‌رانی لای من

له‌وه‌ دابوو؛ له‌ حه‌ماما

به‌ سه‌ر په‌شته‌ماڵی جاما

فوو به‌ كه‌فی سابوونا بكه‌م،

گڵۆپێكی سه‌وز و سووری لێ دروست كه‌م...

 

له‌ كاتێكدا كه‌ منداڵ بووم...

له‌ زستانا؛

له‌ به‌ر تینی ئاگردانا،

دائه‌نیشتم

سه‌رنجم ئه‌دا له‌ پشكۆی گه‌شاوه‌ و ئاڵ

وام حه‌ز ئه‌كرد؛

منی منداڵ،

بچمه‌ ناو پشكۆكانه‌وه‌

دابنیشم،

بیكه‌م به‌ ماڵ...

له‌ كاتێكدا كه‌ منداڵ بووم...

خۆشه‌ویستی لام ئه‌وه‌ بوو؛

شه‌وی جه‌ژن

تا به‌یانی... چاو هه‌ڵدێنم

لەگه‌ڵ خۆما، ده‌س له‌ ملان

پێڵاوی تازه‌ بنوێنم...

ــــــــــــــ

كه‌ گه‌وره‌ بووم؛

ده‌ستی چه‌پم

زۆر سه‌عاتی راسته‌قینه‌ی جوانی بینی

به‌ڵام هیچیان،

وه‌ك سه‌عاتی جێگه‌ دانی دایكم،

له‌ سه‌ر قۆڵ و ده‌ستم

وه‌ها دڵخۆشیان نه‌كردم...

كه‌ گه‌وره‌ بووم؛

هیچ چل‌چرا و گڵۆپێكی ژووره‌كانم

وه‌ك گڵۆپی كه‌فی سابوون،

پێكه‌نینیان پێ نه‌گرتم...

كه‌ گه‌وره‌ بووم؛

هیچ گڕێكی زۆپای ئێستام،

نه‌كرده‌ ماڵ و تیا بژیم

كه‌ گه‌وره‌ بووم؛

هیچ خواردنێ،

تامی ئه‌و قومه‌ ترشیاته‌ی پێ نه‌به‌خشیم!

كه‌ گه‌وره‌ بووم؛

هیچ كراس و بۆینباخ و قاتێكی نوێم،

نه‌هێنایه‌ ژێر جێگه‌وه‌

وه‌كوو پێڵاوه‌كه‌ی جه‌ژن،

تا به‌یانی چاو هه‌ڵدێنم

له‌ گه‌ڵ خۆما بیان نوێنم...

هیچیان... هیچیان...

 

ئاشکرایە ئەم شیعرە دوو وێنە لەسەر مناڵى و گەورەیی پێشکەشدەکات. لە یەکەمیاندا، مناڵ لە پرەنسیپى چێژەوە نزیکە. لە دووەمیشیاندا، مرۆڤ کە گەورەدەبێت دێتە ناو پرەنسیپى واقیعەوە. دیارە پرەنسیپى چێژ، یەکێکە لە دوو کارکردەکەى دەروون کە دەروونى مرۆڤ دەیەوێت هەمیشە لەپشت چالاکییەکانەوە بگات بە چێژ، واتە بگات بە کەمترین بڕى ژان. چێژ واتە کەمبوونەوەى ژان یان ورووژان. لە ساوایەتى و مناڵییدا، ئێمە ئازادتر مامەڵە بە شتەکانەوە دەکەین، دایک لێمانەوە نزیکترە. بەڵام کە گەورەدەبین و دەچینە ناو پرەنسیپى واقیعەوە، ئیتر بەزەحمەتتر بە چێژ دەگەین، بەتایبەت ئەو چێژە ڕاستەوخۆیەتى مناڵى. لە گەورەییدا و لە میانى پرەنسیپى واقیعدا، مرۆڤ هەر چالاکییەک بکات ئەوا هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانەوەى چێژەکەى مناڵى. ئیدى لە عەشقەوە بیگرە تا چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانى تر. جا لێرەدا هەم دەبێت وێنامان بگۆڕین بۆ شتەکان، هەم دیسان لەناو کێشەى تیۆریزەشدا تووشى هەڵەتێگەیشتن نەبین. لانیکەم دەتوانین دوو جیاوازى لە ناوەڕۆکدا لەنێوان شیعرەکە و چەمکەکاندا بژمێرین بەنیسبەت واقیعى خۆمانەوە: ١) ئەو دوو چەمکە، هى بیرمەندێکى دەروونشیکارن کە سەر بە جوگرافیا و مێژوویەکى ترە. واتە لێرەدا دوو ناوەڕۆکى مێژوویی جیاوازمان هەیە. ئەم جیاوازییە، بۆ هەموو دیاردەکان ڕۆڵى خۆى هەیە، و پێشوەخت وادەکات کەلێن بکەوێتە نێوان دوو شتەوە. ناوەڕۆک، بە هەموو خەسڵەتە کرچ و تایبەتەکانى خۆیەوە دەستى لە چارەنووسى فۆرمدا هەیە ٢) هاوکات دوو سیستەمى جیاى بیرکردنەوەمان هەیە، گەر بێتو شیعریش بە فۆرمێک لە بیرکردنەوەى وێنەیی بزانین. لەلایەک سیستەمێکى دەروونشیکارانە هەیە، لەلایەکى تریش سیستەمێکى شیعرى. هێنانى چەمکێک لەویانەوە بۆ ناو ئەمیان و وەرگرتنى نمونە لێى، تەنگژە بۆ هەردوو سیستەمەکە درووستدەکات. واتە دوو "گشت"مان هەیە کە لەڕێى بەشەکانیانەوە ڕووبەڕووى یەکتر بوونەتەوە. یەکیان چەمکى پێیە، ئەویتریش نمونەیەک بۆ چەمکەکە. ڕەنگە نمونەکە لەبەر ئەو دوو خاڵەى سەرەوە، پڕ بە بەرگى چەمکەکان نەبن، بەڵام لێکچوونیشیان هەیە. بە لێکچوونە سەرەتاییەکە دەوترێت "لێکچوونى فۆرماڵ". بەڵام ئێمە کاتێک نمونە دێنینەوە، دەمانەوێت تۆزێک لەو لێکچوونە فۆرماڵە دەربچین و ناوەڕۆکەکانیان لە یەکتر نزیک بکەینەوە. بۆ ئەمەش، پێدەچێت یەک لە سیستەمەکان زیان ببینێت یان بەشێوەیەکى ئەرێنییتر بیڵێین لە شتێکى خۆى خۆش ببێت بۆ ئەوەى سیستەمەکەى دیکە قازانجێکى تیۆرى بکات و نمونەیەکى دەستبکەوێت. لەمەى سەرەوەدا، ئاشکرایە کە شاعیرەکە نەهاتووە بەو هەمووە چەمکەى ترى دەروونشیکارى بیربکاتەوە و شیعر بنوسێت. بەڵکو لەوێدا یەک لە شیعرەکانى بەر سیستەمە دەروونشیکارییەکە دەکەوێت و یەکترى دەبڕن. بە کەمێک خۆئەشکەنجەدانى زەینییەوە دەتوانین ئەم حاڵەتە ناوبنێین "یەکتربڕینى فۆرماڵى بەشەکى". واتە دوو سیستەمى بیرکردنەوە، بەشێوەیەکى ڕێکەوت و بەشەکى یەکتردەبڕن و پاشان لە یەکتر دووردەکەونەوە. زەینى شاعیرەکە و دەروونشیکارەکە جیان، با هەردووک مرۆڤ بن و بیر لە شتە گشتییە مرۆییەکانیش بکەنەوە. تەنانەت فرۆید خۆى لە "شارستانییەت و ناکامییەکانى"دا دەڵێت "هەنێ مرۆڤمان هەیە بێئەوەى ئەو زەحمەتەى ئێمە بکێشن دەگەن بە دەرەنجامە زانستییەکانى ئێمە". دیارە لێرەدا تەنیا ئەنجامەکان لە یەک دەچن، ئەویش بەشێوەیەکى بەشەکى، گەرنا وەک گشت لێک جیاوازن. ژیژەک دەڵێت کاتێک سەیردەکەم باسێکى فەلسەفى لە نوکتەیەکدا هەیە، تووشى پووچییەک و دەستەپاچەییەک دەبم. ئەم دەستەپاچەییە ڕەنگە ساتى بەرکەوتنى دوو سیستەم بێت، کە یان بەرەنجامى بەرکەوتنە قبوڵدەکەیت یان نا. گەر هەڵە نەبم پێموایە بەگشتى قبوڵکردنەکە، لە مێژووى بیرکردنەوەدا هەیە. بەڵام دیسان ئەو هەڤدژییە و ئەو هەمووە جیاوازییە لەنێوان دوو سیستەمەکەدا هەر دەمێنێتەوە. بەڵام ئیتر دەشکرێت سود لە نمونەکە وەربگیرێت، لانیکەم شتێکى چێژبەخشە، چێژیش خۆى یەک لە ئامانجەکانى خوێندنەوەى تیۆرە. گەر هۆشیارییەکیش لەئارادا بێت سەبارەت بە جیاوازیی سیستەمە فیکرییەکان، ئەوسا پێدەچێت چێژەکە هەڵکشێت. بۆ نمونە دەکرێت بڵێین نیچە و فرۆید لە چەندین پنتدا یەکتر دەبڕن، بەڵام سەرەنجام زۆریش لێک جیاوازن. وەک ئەوەى تۆد مەکگوان دەیڵێت، جیاوازییەکە زۆر گەورەیە و "ئارەزوو" لاى فرۆید هەرگیز ناکاتەوە بە "هێز" لاى نیچە کە دەشێت ئارەزووەکە بۆ لەناوبردنى سوبێکت خۆى بێت نەک وەک ئەوەى نیچە هێزگیرى بێت. ئەمە لەکاتێکدا لەڕووى ناوەڕۆکى مێژوویی و کۆمەڵایەتى و زەینییەوە، ئەو دوو گشتەى ئەوان، خۆى هەر یەک گشتە، گشتێکى خۆرئاوایی کە کۆى مێژووى بیرکردنەوەکە و ڕووداوە مێژوویی و سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانیشى وەک زنجیرەیەک درێژبووەتەوە. بەڵام هێشتاش دەستەواژەیەکى وەک "لێکچوونى فۆرماڵى بەشەکى"، شمولى ئەو بەراوردە ناوەکییانەى تریش دەکات لەناو یەک گشتدا، بەڵام سنورەکان و پێوەرەکان و مەرامى بەراوردەکە گۆڕانى بەسەردا دێت و گەرەکە پێشوەخت دیارىبکرێن.    

بۆیە "لێکچوونى فۆرماڵى بەشەکى"، ئەم سێ وشەیە پێکەوە دەستەواژەیەکى چەمکایەتى درووستدەکەن. لێکچوون ڕوونە کە ڕووى هاوبەشى دوو شتە بەپێى پێوەرێکى تایبەت، یان گەر نەتوانین یەکسەر ئەو پێوەرە دیاریبکەین، ئەوا دەڵێین لێکچوونەکە فۆرماڵە و لە فۆرمدا لێکدەچن ئیتر با جۆرى وردترى لێکچوونەکە هەرچى بێت (بەڵام پێوەرەکە عادەتەن هەر شتانێکى ناو زەینى مرۆیی دەگرێتەوە). بەشەکىیش ئاماژەیە بۆ پێچەوانەى گشتەکى. بەشەکى سیفەتى بەشە، گشتەکییش سیفەتى گشتە. کاتێک بە شتێک دەڵێین بەشەکى، واتە کۆى دیاردەیەک ناگرێتەوە، لاوەکى و "جوزئی"یە. کاتێکیش دەڵێین گشتەکى، واتە کۆى دیاردەیەک یان جیهان و گەردوون پێکەوە. کەواتە دەستەواژەکە بەم واتایە دێت: دوو شت یان دوو دیاردە لێکدەچن، بەڵام لە فۆرمدا لێکدەچن، هەروەها بڕ و ئاستى لێکچوونەکەشیان بەشەکییە نەک گشتەکى- لە بەشێکیاندا لێکدەچن نەک فیتاوفیت بەئەندازەى یەکتر.

نمونەیەکى تر، بەڵام کورت دێنینەوە: كێشەى ئەو بۆچوونەى کە پەیوەندیی "مەسعود محەمەد" دەبەستێت بە زمان لاى هایدگەرەوە ئەوەیە خاڵێکى هەستیار و یەکلاکەرەوە لەم نێوانەدا وندەکات: مەسعود محەمەد گەر مەرامێکى ئۆنتۆلۆژى و بوونناسانەشى بە زمان هەبێت ئەوا جیایە لەو مەرامەى هایدگەر (گەرچى لەبنەڕەتدا زەینى ئەوکاتى ڕۆشنبیریی کوردى هەزار فەرسەخ لەم چەمکانەوە دوور بووە و کێشەکەش کێشەى ڕاستەوخۆى ئێمە نەبووە و نیە). بگرە زمان بۆ ئەو ئۆنتیکە، مێژوویی وکۆمەڵایەتى و پیادەکارییە نەک ئۆنتۆلۆژى. دۆسیە فەلسەفییەکەى هایدگەر لەپێناوى گەیشتندایە بە هەڵماڵینى بوون، ئەویش لەڕێگەى زمانەوە. بەڵام مەسعود محەمەد لەسەر بوونێکى کۆنکرێتییر دەوەستێت، بوونێکى سیاسى و نەتەوەیی، بوونێک کە لە مێژوودا سەرکوتکراوە و خەسڵەتى وەرنەگرتووە نەک ئەو بوونە فەلسەفییەى وا هایدگەر پێى‌وایە لە مێژووى فەلسەفەدا لەبيركراوە. دیارە لێرەشدا تووشى هەمان قەیرانى تیۆریزە دەبینەوە- قەیرانى "لێکچوونى فۆرماڵى بەشەکى". قەیرانێک کە ڕاستییەکى باوى وەک «فیکرى مرۆڤایەتى گشتى یەکێکە»ش، چارەىناکات، چونکە فیکرى مرۆیی لە ئاستى «لێکچوونى فۆرماڵى گشتەکى»دا یەکێکە نەک «لێکچوونى فۆرماڵى بەشەکى»، واتە لەو ئاستەى کە واز لە هەموو ناوەڕۆکە بەشەکییەکان بێنین، ناوەڕۆکى وەک مێژوویی و سیاسى و کۆمەڵایەتى و زەینى کە دیسان جۆرێک لە هاوشوناسى و یەکبوونە لەنێوان بەش و گشت، مرۆڤ و ئایدیاى مرۆڤ، لۆکاڵ و گڵۆباڵ، فۆرم و ناوەڕۆک. هاوشوناسبوونیش، وەک ڕوونە، هەڵپەساردن و داپۆشینى کەلێنێکە لەپێناوى شتێکى تردا کە ناتوانین زۆر تێیدا بمێنینەوە. ئەمە بە ماناى سڕینەوەى پرسى گشت و گشتەکى نیە، چونکە پرسى گشت پێشوەخت خۆى هەیە و ڕوویداوە و ئێمە بەشەکان و ناوەڕۆکەکان دەپشکنین...

 

 

وەلید عومەر