A+    A-
(681) جار خوێندراوەتەوە

                                                                 «خراپە» لەم ساتانەدا

 

 

 

 

ڕەنگە هیچ سەردەمێک مرۆڤ وەک ئەمڕۆ ڕاستەوخۆ هەست بە «خراپە» نەکات. لە هەموو پنتێکەوە خۆپەرستى، کاڵاپەرستى، هەلپەرستى و هتد هەڵدەقوڵێت. ڕەنگە چارەى «خراپە» دیسان هەر «خراپە» بێت، ئەویش بەو مانایەى کە جەنگێکى ڕیشەیی بتوانێت شتانێک بسڕێتەوە و شتانێکیش یەکلابکاتەوە. کاتێک جەنگ وەک نوسخەیەکى سەرەتایی «خراپە» ئەم ئەرکە ڕاناپەڕێنێت، ئیتر «خراپە» خۆیشى جۆرێک لە گەمە دەکات کە نەزانین «کوێى خراپە، دەلەنگێت». بە مانایەکى سادەتر، پەیوەندیی چاکە و خراپە، بەجۆرێک لێڵ ببێت کەس نەتوانێت قسەیەکى زۆر بنجبڕ بکات. کێشەى فەلەستین-ئیسرائیل، لەم وێستگە مێژووییەى ئێستاى خۆیدا، دۆخێکى لەم جۆرەیە: پێگەى «خراپە» بەپێى پێویست ڕوون نیە.

ئەوەى کە بڵێین مرۆڤکوشتن خراپە، بەشى ئەم دۆخەى ئێستاى «خراپە» ناکات. دیارە مرۆڤکوشتن لە ڕیشەییترین تابۆ ئەخلاقییە گەردوونییەکانە و هیچ شتێک قەرەبووى کوشتن ناکاتەوە. ئەمڕۆ مرۆڤکوشتن، بۆ نمونە لە مەودایەکەوە، وەک خراپەیەک ئاساییبووەتەوە. ئەوەشى دەستى باڵاى لەم ئاساییکردنەوەیەدا هەیە تاڕادەیەک هەرئەو شتەیە کە ژان بۆدریار ناویدەنێت "شەفافییەتى خراپە". ئەوەى کە خراپە جەمسەرێکى دژ و ڕوونى نیە، و شوێنە کلاسیکەکەى لەناو کۆمەڵێک درووشم و گوتارى جیاجیادا لەقیوە. کاتێک ئەم دۆخە تێکەڵ بە ململانێیەکى سیاسیی وەک فەلەستینییەکان-ئیسرائیل دەبێت، دووجادەبێتەوە: هەر قسە و شیکردنەوەیەک، سەرەنجام لە دۆخێکى ناڕووندا دەمانهێڵێتەوە. کێشەکە دەبێت چۆن یەکلا بێتەوە؟ بەرەى چاکە و خراپە چۆنچۆنى جیابکرێتەوە؟ فەلەستینییەکان و جوولەکەکان لە کۆتا دەرەنجامدا، هەردوو خاوەنى کۆمەڵێک مافى سیاسى و جوگرافى و مێژوویین. گەر بەگشتتیش بگوترێت ئیسرائیل خراپەکارە، ئەوا کۆمەڵێک پارادۆکس هەن لەبنەوە ئەم حوکمە سست دەکەن: ئیسرائیل"، ناوى پارادۆکسێکى بونیادییە، هەر ڕوویەکى خۆى دەربخات، پارادۆکسێکیش دەردەکەوێت:

 گەر بە دینى بناسێنرێت، سیاسى وەردەگیرێت. گەر سیاسییانە بناسێنرێت، کێشەکە دینى‌دەکرێتەوە. وڵاتێک کە لە ناوەوە بۆ خۆى دەیەوێت «دیموکراسى» بێت، بەڵام لە دەرەوە سەر بە ناوچەیەکى «نادیموکراسی»یە، وەک‌بڵێى دیموکراسییەکى هاوردەکراو و ناسرووشتى و کاتییە. هەرئەم دیموکراسییەتە، کە لە هەندێ ڕووەوە گەش و نمونەییە، تێکەڵ بە «خراپە»یەک بووە کە نابێتە مۆدێل بۆ دەرەوەى خۆى. ئەوانیتر گەر ئاگایانە نەیانەوێت و نەتوانن درووستى بکەن، ئەوا نائاگایانە دەتوانن بیر لە وێرانکردنى بکەنەوە. لێرەوە ئەو ئیرەییەش دەبینین کە ئەم وڵاتە وەک دیسکۆیەک لە لاپاڵەوە دەبینێت کە شیاوى وێرانکردنە. لێرەدا پارادۆکسى ژن لە ئیسرائیل و ژن لە کۆى جیهانیشدا کە پیاوى بەرەو گەندەڵبوون و داڕووخان بردووە، دوو خراپەى ناوچەیی و جیهانى ئاوێتەى یەکتر دەکات. پارادۆکسێکى تر، ئەوەیە گەر ئیسرائیل لاواز بێت، مەترسیی زۆرترى لەسەرە، ئەگەر بەهێزیش بێت مەترسییەکانى زیاتر و زیاتر دەبن (هاندانێکى پێچەوانە لە نەیارەکانیدا درووستدەبێت). گەر داگیرکارى نەکات نامێنێتەوە، بەڵام بە داگیرکارییشەوە زیاتر خەون بە لەناوبردنیەوە دەبینرێت و نەوەکانى فەلەستین یەک لەدواى یەک ئەم خەونە تازەدەکەنەوە. پێدانى دەوڵەت بە فەلەستینییەکان، نەک ڕێچارى ئەم کێشە بونیادییە نیە، بەڵکو زەقکردنەوەى زیاترێتى- مافێک کە ئاشکرایە لە دەستى ئیسرائیل خۆیشیدا نیە. هەروەها ئەوان لە یەک کاتدا قوربانیی دیارى سەدەى بیست و قوربانیکوژى ئەو سەدەیەشن. گەر سەدەى بیست توخمێکى یەکخەر بووبن بۆ نازییەکان، ئەوا ئێستا توخمێکى یەکخەر و جیاکەرەوەشن بۆ عەرەبەکان. هەروەها ئەوان لە سەردەمێکدا گەیشتنە "سەرزەمینى بەڵێندراو"ـى خودایی خۆیان کە جاڕنامە و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتى باڵادەست هەموو شتێک بەسیاسى دەکاتەوە و جێى خودا دەگرێتەوە (نیوەى زیاترى خەڵکى ئیسرائیلیش بڕوایان بە هیچ خودایەک نیە). لە سایکۆلۆژیاى فەلەستینییەکاندا، پەیوەندییەکە وەک پەیوەندیی کرێچى و خاوەن‌ماڵى لێ هاتووە: شتێک لەم پەیوەندییەدا هەیە بە ماف و دەسکەوت و هتاد هاوسەنگ نابێتەوە. داود بن گۆریۆن، بنیاتنەر و یەکەم سەرەک وەزیرانى ئیسرائیل لە سەرەتاى دەوڵەتى جوولەکەدا بە وشەى خەرەند (abyss) گوزارشت لەم کەلێنە ڕیشەییەى جوولەکە و دراوسێکانى دەکاتەوە کە هیچ شتێک پڕیناکاتەوە.

کاتێکیش «کوردێک» (لە کەوانەدا)، بیر لە کێشەکە دەکاتەوە، بەگشتى خۆى دەخاتە جێى فەلەستینێکى مەزڵووم. بەشێک لە خەڵکیش خۆیان هاوشوناس دەکەن بە جوولەکە، جۆرێک لە هاوشوناسى کە چێژی گەلێکى تاقانەیان پێ دەبەخشێت. حەزدەکەن وەک ئەو ئیسرائیلە وەربگیرێن کە تەمومژاوییە، لە ناوچەکەدا تەنیا بەڵام هاوکات بەهێزیشە. وێڕاى ئەمانەش، ڕوونە کورد هیچکام لەو دوو وێنەیەى نیە. هەم وەک فەلەستینییەکان نەبووەتە خاوەنى کێشەیەکى سەربەخۆى ورد-ناسراو لە جیهاندا، هەم وەک ئیسرائیلیش بەهێز، خاوەن دەوڵەت یان دینێکى سەرەکى، پێشکەوتوو و هتد نیە. ئەوەى دەمێنێتەوە، لایەنگیرییەکى شەخسى و ئەخلاقییە نەک ستراتیژى و سیاسى. خەڵکێک لەبەر هەستى دینى، پشتى فەلەستین دەگرن؛ خەڵکێکیش پێچەوانەى ئەمانە و لەپەنا هەندێک بیانووى تردا ئارەزووى ئیسرائیل دەکەن. بە کۆى گشتى، بۆ ماوەیەکى کاتى بیرماندەکەوێتەوە خۆمان بە جەمسەرێکیان بچوێنین بێ‌ئەوەى زەمینەیەکى واقیعى و مێژوویی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئێمە و هەردوو جەمسەرەکەدا هەبێت. بۆ نمونە، ئیسرائیل لە خەیاڵدانى عەرەبدا مەترسیی ڕاستەوخۆى سڕینەوەى لەسەرە، بۆیەشە چەترێکى گەورەى پاراستنى نێودەوڵەتیی هەیە. بەڵام کورد، سەربارى ئەوەى بە زۆر مەترسیی گەورەدا هاتووە و ئێستاش هەر تێیدا دەژى، بەڵام ئەم سڕینەوە ڕاستەوخۆیەى لەسەر نیە. جیا لەوەى کورد بە نیشتەجێى بەردەوامى ئەم ناوچەیە ناسراوە. بەکورتییەکەى، خۆسەرقاڵکردنى ئێمە بەو کێشەیەوە، پتر جۆرێک لە خۆلەبیرکردنە. لەڕووى قورسایی مێژووییەوە نەک مرۆیی، ئێمە لەژێر ئەو کێشەوەین. سیاسەتى جیهانى و چاوى جیهانى بەو ڕادەیە لەسەر ئێمە نیە کە لەسەر ئەوانە. گەر ئەمە بە خراپەى سیاسەتى جیهانى ناوببەین ئەوا لەناوەوە وردەخراپە کۆمەڵگاکە بەرەو بێ‌فۆرمییەکى تەواوەتى دەبات (بەو پێیەى خراپە خۆیشى بەتەنیا بێ‌فۆرمە).

جەنگى ئیسرائیل فەلەستین، چەندە مێژووییە، سەرەنجام پەیوەندیی بە مێژووەوە نامێنێت و ئەم پارادۆکسە وەک پەڵەیەکى "نامێژوویی" دەمێنێتەوە. دەنگۆکانى وەک سڕینەوەى کەرتکى غەزە، پارادۆکسەکان بەهێزدەکاتەوە. یان بۆ ئەوەى دیسان تەمومژى «خراپە» خۆى دەربخات دەتوانین بڵێین: پێناچێت کێشەکە بەم هەلومەرجەى ئێستایەوە تا «کۆتایی» ئەم شارستانییەتە «چارە» ببێت. جەنگێک کە وەک دەرکەوتەیەکى خراپە، خراپە تێپەڕێنێت دیار نیە...

 

                                                                       ***    

 

بەشێک لەو چالاکییانەى دەزگا جاسوسییەکانى دونیا کە بەو ئاشکراییە بڵاودەبنەوە، ڕوویەکى ترى خراپەیە. پێشتر کارى نهێنى بەگشتى دەبوو بەنهێنى بمێنێتەوە، بەشێکى ئەم نهێنیبوونە ستراتیژى کارى سیخوڕى بوو. بەڵام ئێستا دزەکردنى خراپەیە بۆ ناو فەزاى کۆمەڵایەتى و پێکەوەیی مرۆڤەکان. دزەکردنەکە، بەشێکى خۆشلکردن و ئەنقەستە تا نەیارەکان و بگرە کۆى خەڵک بترسێنرێن، ترس لە پاى ئەوەى ببنە بەشێک لە کارنامەى دەزگاکان یان هەر هیچ نەبێت دژایەتى نەکەن. لەڕاستییدا لە ژیانى کۆمەڵایەتییدا چەندین نمونە و دیاردەى تر هەن هەمان سرووشتیان هەیە. ئەو خاڵەى لێرەدا درووستدەبێت ئەوەیە کە خراپە تا ئەو کاتەى دەزانین خراپەیە و لەوێیە، لە جێیەکى ترە، لە جێى خۆیەتى ئەوا کەمتر تووشى گرفت دەبین لەگەڵیدا. بەڵام کاتێک نایەکانگیرییەکەى خۆى لەدەستدەدات و بێباکانە بەناو فەزاى گشتییدا پەرشدەبێت و دزەدەکاتە دەرەوە، ئیتر ڕۆڵێکى گەورەتر دەگێڕێت کە ڕەنگە بتوانین ناوى بنێین ئاساییبوونەوەى خراپە. دیارە خراپە ناتوانێت بە یەک جار و لە هەموو جێیەک و بۆ هەموو کاتێکیش ئاسایی ببێتەوە و ببێتە ڕێسا، بەڵام کاتێک لەلاوە دزەدەکاتە بن ژیانى ڕۆژانە، ئەوا لە درێژماوەدا دەتوانێت جۆرێک کاریگەریی دیاریکراو جێبهێڵێت. ئەوەشى پێى‌دەوترێت تیۆرى پیلانگێڕى، هەڵگرى کەلێنى کۆمیدیی خۆیەتى و جار هەیە بەجۆرێک درزدەبات باوەڕدارانى تیۆرەکە تووشى شەرمەندەیی دەکات. فەیلەسوفى گەورە، سلاڤۆى ژیژەک پێى‌وایە ئەم هەمووە گومان و تاریکییەى تیۆرى پیلانگێڕى، دیوى ئەودیوى ڕۆشنگەرى و ڕۆشنبوونەوەى ژیانى مرۆڤەکانە کە بەشێوەیەکى پارانۆیی و ئاوەژوو دەیانەوێت بڕێک تەمومژى پێویست بەدەستبێننەوە. دەشێت لەم ڕووەوە، یەک لە دەرکەوتە نوێیەکانى خراپە بریتى بێت لە گومان وەک وەسوەسەى ڕووت نەک وەک تێڕامان. گومانى ڕووت، گومانى نزیکبوونەوەیە لە خراپە.  

                                                                        ***

 

ڕەنگە ڕوویەکى ترى «خراپە» لە ئێستاى کۆمەڵگاى ئێمەدا، تێکگیرانى پرسى تاکەکەس و «خراپە» بێت لەڕێى بەدحاڵیبوونێکى مێژووییەوە. مەبەستمان ئەوەیە کە پرۆسەى بەتاکبوون گەشەى سرووشتى خۆى نەبڕیبێت و ئەمەش ڕێکەوت بێت لەگەڵ تاکایەتییە ئەبستراکتەکەى دونیاى کاڵا و سەرمایە و نمایش. مرۆڤى ئێستاى ئێمە هەریەکە لە فەزایەکى پەرشدا دەیەوێت خۆى بسەلمێنێت، وەک تاکێک دەربکەوێت، بێ‌ئەوەى ڕیتمێکى عەقڵانى و مێژوویی و شارستانی لەپشت ئەم ویستەوە هەبێت. تاک بەبێ ڕیزێک پرۆسەى گەورەتر نابێتە تاک، پرۆسەگەلى وەک دەوڵەت، مێژووییبوونەوە، عەقڵانیبوونەوە، یاساییبوونەوە، بەسوبێکتبوون، و هتد. ئەو تاکبوونەوەیەى دونیاى ئێستا دەیخاتە بەردەم خەڵکى ئێمە، پتر ڕواڵەتییە و لە دەسکەوتى کەسێنییەوە نزیکە تا تاکبوون. بگرە ئەو فەزایەى ئەم تاکبوونەوە هەڕەمەکییەى تیا ڕوودەدات، فەزایەکى هیستریاییە. هیستریا بەو واتایەى کە کەسەکە لەبنەڕەتدا شوناسى خۆى دڵنیا نیە، نازانێت بۆ ئەویتر چیە، چۆن بۆ ئەویدى خۆى بسەلمێنێت...ئەمەش وادەکات بەردەوام هەڵسوکەوتى چاوەڕواننەکراو و نائەقڵانیی لێ بوەشێتەوە و خۆى بەویترەوە ببەستێت، بە نیگاى ئەویترەوە. ئەو بۆشاییەى لە هەناوى کۆمەڵگاى ئێمەدایە، دەتوانێت مرۆڤەکانیش بارتەقاى خۆى هەڵبئاوسێنێت بەبێ گەشەیەکى سرووشتى. کەسێک تووشى وەهم ببێت، بارتەقاى بۆشاییەکە تووش دەبێت. کەسێک تووشى دۆگم ببێت، دەشێت بارتەقاى بۆشاییەکە تووش ببێت. بەکورتییەکەى، گەر بۆ نمونە و دیاردەکان بگەڕێین، دەتوانین زۆر نمونە بۆ ئەم بۆشاییە بدۆزینەوە. بۆشاییەکە، لەم ساتانەدا دەتوانێت ڕۆڵى خراپە بگێڕێت. لانیکەم لەم ساتانەدا...     

        

                                                                      ***

 

گەر بچینەوە سەرەتاکانى مێژووى بیرکردنەوەى فەلسەفى، ئەوا تێدەگەین لاى ئەفلاتوون، خراپە دەکاتە گۆڕان و لەناوچوونى بەردەوام. چاکەش نەگۆڕان و نەمرى و ئەبەدیبوونە. ئەفلاتوون لەڕێى میتافیزیکەکەى خۆیەوە، واتە سیستەمە فەلسەفییەکەى خۆیەوە، ئەم دوو پانتاییەى لێک جیاکردبووەوە. دونیاى ڕۆژانەى مرۆڤەکان، دونیاى کات و شوێن، دونیاى مان و نەمان، دونیاى هەستەکى و هەستپێکراوەکان تێکڕا دەچنە خانەى خراپەوە. دونیاى ئایدیا نەمرەکان، واتە فۆرمى باڵاى شتەکان، ئەوەى کە کامڵ و بێ‌نوقسانیین سەر بە پانتایی چاکەن. لە یۆنانى کۆنەوە تا ئەمڕۆ، ئەم دابەشکارییە زۆر گۆڕانى بەسەردا هاتووە و زۆر هەمواریشى تیا ئەنجامدراوە. بەڵام ئەوەى بەنەگۆڕى ماوەتەوە ئەوەیە کە دونیاى گۆڕاوى مرۆڤەکان، پێویستى بە هەندێک پرەنسیپى نەگۆڕە بۆ ئەوەى هەمیشە مەودایەک لە خراپە بپارێزین. ئەم گۆڕانە بەردەوامەى ئێستاى کۆمەڵگاکان، ئەم تاکبوونەوە بێ‌ئامانجە، ئەم وێناکردنەى جەنگ وەک ڕۆتینێک کە دیسان گۆڕانێکى زووتێپەڕە، بێجگە لە دزەکردنى خراپە بۆ ناو ژیانى ڕۆژانەمان هیچى تر نیە. بەڵام گەر ئەمە ببێتە ڕێسا، ببێتە دۆخێکى بەردەوام و نەبڕاوە لە مێژووى مرۆڤدا ئەودەم چى دەبێ؟

 

 

 

وەلید عومەر