A+    A-
(712) جار خوێندراوەتەوە

مرۆڤ وەک ئۆبێکتێکى کۆنترۆڵکراو

 

 

 

جەبار ئەحمەد

 

 

 

مرۆڤ بەو ماهیەتەوە دێتەبوون کە ناوةڕۆکێکى بێشوناس و پۆلێننەکراوى هەیە و دەستەمۆ و ملکەچ و ڕامنەکراوە و هەڵگرى ڕەهەندێکى خالسی ئازادى و خۆبوونە، واتا سوبێکتێکى تێکنەشکا و بەئامراز نەبووە، بەڵام لەمیانەى ئامادەبوونى لە کۆمەڵگەدا دەبێتە ئۆبێکتێکى وێران و تێکشکاو، دەبێتە بابەتی ئایین و سیستەم و دەسەڵات و ڕێسا و بەهاکان و ...هتد، واتا وردە وردە باردەکرێت لەو کۆت و بەند و دیوارانەى کە لەنێوان خۆیاندا مرۆڤ لە سوبێکتێکى ئازادەوە وەردەگۆڕن بۆ ئۆبێکت و کاڵایەکى ڕووت و ئامرازێکى تەریککراوى ناوەرۆک بەتاڵکراو لە بونیادە مرۆییەکە، و پڕکراو لەو بەها باڵا و باوانەى کە مرۆڤى ڕەسەن بە ئەندازەى ملکەچبوون و بەئۆبێکتبوونەکەى پێوانە دەکەن، بۆیە دەکرێت بڵێین مرۆڤى مۆدێرن وەک ئۆبێکتێک ناتوانرێت بە مرۆڤێکى ئازاد وێنابکرێت، چونکە مرۆڤ ئازادى ئیختیارکردنى نییە بەڵکو تەنها دەتوانێت شێوازى تەسلیمبوون هەڵبژێریت، و ناتوانێت لەنێوان ملکچبوون و ئازادبووندا هەڵبژاردن بکات، بەڵکو تەنها ڕێگەى پێدەدرێت ئەو شتە هەڵبژێرێت کە دەبێتە سەردارى، بەواتایەکى تر ئازادى ئەوەى هەیە کە ببێتە کۆیلەى کامە فۆرمەى ئایین و دەسەڵات و سیستەم، تەنها ئەوەندە ئازادە کە جۆرێک لە کۆیلەبوون بۆخۆی هەڵبژێرێت.

مرۆڤ نە ئەو باوەڕەى هەڵیگرتووە بریتییە لە باوەڕى عەقڵانیانە و هەڵبژاردەى خۆی، نە زمان و بەهاکانیش زمان و بەهاى مرۆڤن بەو پێودانگەى بەپرۆسەی هەڵبژاردانى عەقڵانیدا گوزەریان کردبێت. بوون بە هەڵگرى باوەڕێک یان کەوتنە ناو داوەکانى سیستەمێک و تۆڕەکانى دەسەڵاتێکەوە تەواو گرێدراوى پرۆسەکانى ئۆبژێکتیڤیتە و دەستەمۆکردنى مرۆڤە بەو چەشنەى بەهاکانى ئەو باوەڕە و ڕێساکانى ئەو دەسەڵاتە دەیخوازن. پرسی بە ئۆبێکت بوون و داگیرکردنى ماهیەتى مرۆڤ گرێدراوى کردە و پەیوەندییەکانى مرۆڤ خۆیەتى، واتا مرۆڤ وەک بنەماى بوونى سیستەم و ڕێکخوازى و هەوڵدەر بۆ گەیشتن بە وەڵامى پرسیارە ئاڵۆزەکان، چ بخوازێت یاخود نا، هۆکارە بۆ هاتنە ئارای ئەو بەندى و بارەى باوەڕ و دەسەڵاتەکان. واتا دەشێت مرۆڤ بە مەبەست ئایین و دەسەڵاتەکانى دروست نەکردبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەرئەنجامى ئەو کردە و پەیوەندییانەیە کە مرۆڤ خۆی خوڵقاندونى و بۆ مەبەستى دیکە بەکارى هێناون، و دواجار ئەم لێکەوتانەشییان هەبووە.

مرۆڤ کاتێک لەقۆناغی پێش ژیرییەوە(قۆناغی بەشێکبوون لە دونیاى ئاژەڵان) وەرچەرخا ڕووەو قۆناغی ژیری، ئیتر کەوتە بیرکردنەوە و پرسیارکردن لە بوونى خۆی و شتەکانى چواردەورى و ڕوداو و کارەساتەکان. مرۆڤ کاتێک ئاسمانى بەو بەرینى و بەرزییە بینى، مردن و ئازار و دەردەکانى بینى، هەستى بە لاوازى و بێوەڵامى و بێتوانایی خۆی کرد، ئیتر ناچار پەناى بردە بەر پاڕانەوە لە هێزى مەزنى نادیاری ئاسمان، لێرەوە ئایینەکان سەرهەڵدەدەن. واتا ئایین بەگشتى بەرئەنجامى ترس و بێتوانایی مرۆڤ و نەبوونى وەڵامە بۆ پرسیارەکان.

لەگەڵ سەرهەڵدانى ئایین، بەشێکى مەزنى ماهیەتى مرۆف دادەڕمێت و دەکرێتە بابەتى ملکەچبوون، واتا مرۆڤ لێرەوە وەک سوبێکت بەرەو لەناوچوون هەنگاودەنێت و دەچێتە ناو پاوانى ئایینەوە و ئایینیش پایەکانى لەسەر هەڵلوشینى سوبێکت و تێکشکاندنى و بەئۆبێکتبوونى، داڕشتووە. واتا بوون بە ئۆبێکتێکى ملکەچ پیشمەرجە بۆ قبوڵکردن یان بوون بەبەشێک لە ئایینێکى دیاریکراو. ئیتر مرۆڤ ئەگەرچى ئایینى وەک پەناگەیەکى ترسەکانى و وەڵامێک یان قەناعەتێک بۆ پرس و روداوەکان داهێنا، بەڵام دواجار خۆیشی کەوتە ناو داوەکانى ئایین و بووە ئامراز و کاڵایەکى ئایین.

دواى سەرهەڵدانى ئایین مرۆڤایەتى بۆ دوو بەشی سوبێکت(ئەوانەى پارێزگارییان لە ماهییەتە ئازادەکەى خۆیان کردبوو)، و ئۆبێکت(ئەوانەى تەسلیم بە باوەڕەکان بوون و بوونە ئۆبیکتى ئایین)، دابەشبوو، بەلام لەنێوان ئەم دووانەشدا گروپێک لە سوبێکت هەبوو کە هێشتا بونیادەکەى لەنێوان تەسلیمبوون و بەرخورد دا مابووەوە، واتا نەتواناى گوزارشتکردن لە خواستى مانەوەى ئازادانەى هەبوو، نە ئیرادە و مەعریفەى بەرگرى لە ماهیەتەکەى هەبوو، ئەم چەشنەى سوبێت دەکرێت بە سوبێکتى بەتاڵ گوزارشت بکەین، بەو پێیەى سوبێکتی بەتاڵ، کائینێک نییە بۆ پڕکردنەوەیەکی حەکیمانە و مەعریفیانە بگەڕێت، ناخوازێت بەتاڵییەکەی خۆی بە هۆشمەندی پڕبکاتەوە، بەڵکو لەلایەکەوە هەوڵدەدات بۆ بەتاڵی تر بگەڕێت، دەخوازێت کەسانی تری بەتاڵ، دەزگا و دامەزراوەی بۆش، حیزب و سیستەمی فشەڵ و پاتاڵ بدۆزێتەوە و بەتاڵی خۆی تێدا نمایش بکات، لەلایەکی تریشەوە هەوڵدەدات هەموو شتەکان بە بەتاڵی خۆی پێوانە بکات، بەهاکان، نەریت، کەلتور و ئایین و ئادابی کۆمەڵگە دەخاتە قاڵبی بەتاڵی خۆیەوە و لەوێوە حوکمیان لەبارەوە دەدات، هەروەها سوبێکتی بەتاڵ لەجیاتی کامڵکردنی خۆی، هەوڵی پوچکردنی ئەوانی تر دەدات، هەر دۆخێک، هەر ڕووداوێک و پرسیارێک ببێتەهۆی نەنگکردن و لەقاندنی بەتاڵییە جێگیرەکەی، ئەوا دەکەوێتە بەربەرەکانێ و ململانێکردنی و تادەگات بەتەشهیر و تەوخوینکردنی و ناشرینکردنی لەبەرچاوی گشتی، چونکە ئیسراحەت و مۆڵبوونی بەتاڵی خۆی بە دۆخە هەرە ڕاستەقینە و کامڵەکە ئەزانێت، سوبێکتی بەتاڵ بەخواست و بێخواستی خۆی، ئاگایانە و نائاگایانه، دواجار خۆی دەبینێتەوە کە پڕکراوە لە پوچێتی، ناشرینترین ئایدۆلۆژیا کۆنترۆڵی کردووە، ڕاسیزم ئاخنیویەتی، بەشە هەر ترسناک و شمولیەکەی دیین کۆنترۆڵی کردووە. حیزبی خێڵەکی و فاشیستانە کردوویانە بە کادیری کۆیلە ئاسای خۆیان، واتا ئەم فۆرمەى سوبێکت تۆکمانەتر و ترسناکتر لە ئۆبێکت، دەچێتە خزمەت باوەڕى باڵاوە و تەنانەت هەوڵى دووبارە بەرهەمێنانەوەى دەدات لەناو خۆی خودى نەزمە دینییەکەوە.

بەپێچەوانەی سوبێکتی بەتاڵەوە، سوبێکتی پرسیارکەرمان هەیە، کە لە چەشنە یەکەمینەکەى پێشووە کە سەرنجمان خستە سەر، وێڕای ئەوەی داندەنێت بە ناکامڵی و ناڕەهایی خۆیدا، بەڵام ئەو درز و پنتە ناکامڵییەی هەم بەشێک و شوێنێکە بۆ هەڵکردن لەگەڵ ئەوانی تری جیاوازدا، هەمیش بۆشاییەکە کە ناچاری دەکات بۆ حیکمەتی زیاتر و مەعریفەی تر بگەڕێت و لەسەر مەعریفە کەمەکەی خۆی کڕنەکەوێت و خۆی سەیدی ئەعلای عیلم و خاوەن مەعریفەی یەقین نەبینێت، چونکە دواجار ئەو خۆ بەپڕ و بە عالم زانین و گومانهەڵنەگرەش سوبێکت دەخاتەوە دۆخی گۆج و ئیفلیجی و بەتاڵیە ترسناکەکە. بۆیە ئەم جۆرەی سوبێکت هەمیشە پرسیار دەکات، ئەو ڕوداو و شت و دۆخانەی بەلای عەوامی خەڵکەوە زۆر سادە و پرسیار هەڵنەگر دەردەکەون، ئەوا سوبێکتی پرسیارکەر پرسیاری ورد و قوڵ و ئاڵۆزیان لەبارەوە دەکات و هەرە ئاڵۆسکانە نادیار  و شاراوە و پەنهانەکانیان دەردەخات و شرۆڤە دەکات.

یەکێک لە ڕێگاکانى تێکشکاندنى سوبێکت و کردنى بە ئۆبێکتێکى ملکەچ بریتییە لە دیلکردن و خستنە ژێر ڕوئیا و باوەڕى نەزمە باڵادەستەکە، واتا چۆن ئەو ڕایەڵ و سەرەداوانە دەخاتە ژێردەستى خۆیەوە کە کۆنترۆڵى تاکەکانى لەخۆیدا هەڵگرتووە، بەمەش بەبێ بوونى چاودێرێکى هەمیشە ئامادەى دەرەکى، تاکەکان ناچار بە قبوڵکردنى ملکەچى و بە ئۆبێکتبوون دەبن و ناخوازن لەم قەفەزى زیندانە هەرگیز دەربچن. دوو ڕوانگەى جیاوازمان هەیە بۆئەم شێوازى دیلکردن و لەقەفەزنانە، ئەوانیش بریتین لە: یەکەم تێکشکان و کۆنترۆڵکردنى جەستە و لەڕێگەى جەستەشەوە دەستەمۆ و ملکەچکردنی ناوەکى و دەروونى و بونیادى ڕۆحى تاکەکە، واتا یەکەمجار جەستەى کەسەکە زیندانى ئەکات، لایەنى فیزیک و بایۆلۆجى سوبێکت ڕامدەکات و دەخاتە ژێر تەعزیب و چاودێری و ناو ژووری تەنگى زیندانەوە، ئینجا ئەو جەستەیە بە پرۆسەکانى هاڕین و داوەشاندندا دەبات و لەوسەرەوە هەم جەستە و هەمیش دەروونێکى ترساو و وێران و (ڕەزامەند بە ملکەچبوون) دروست دەکات، بەمجۆرە جەستەیەکى ملکەچ ڕۆحیەتێکى ملکەچ بەرهەمدەهێنێت. دووەم شێوازیان بریتییە ئیشکردن لەسەر دیلکردنى ڕۆحى کەسەکە و لەوێوە جەستەشی دیل دەکات، ئەگەر شێوازى یەکەمى دیلکردنەکە لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە زیاتر بەکارببرێت و پەناى بۆ ببرێت، ئەوا شێوازى دووەم لەلایەن ئایینەکانەوە بەکاردەهێندرێت، چونکە چەکى مەزنى ئایینەکان بریتییە لە مێتافیزیک و پرس و شت و بابەتە دەرەسروشت و نەبینراو و نەگیراو و نابەرهەستەکان، کەدیارترینیان بریتین لە خوا و هێزەکەى، و پرسی مردن و ڕۆحى ئینسان و ژیانێکى تر و ....هتد. پرسی دیلێتى جەستە لەڕێگەى ڕۆحەوە یاخود دیلێتى ڕۆح و سایکۆلۆجییەت و بونیادى ناوەکى مرۆڤ لەڕێگەى دیلکردنى جەستەیەوە، جێگەى سەرنجی بیرمەندان و فەیلەسوفان بووە، ئەفلاتۆن لە کۆنترین ئەو فەیلەسوفانەیە کەپێیوایە ڕۆحى مرۆڤ بەهۆی جەستەوە دیلە، واتا جەستە ئەو زیندانەیە کە ڕۆحى دیلکردووە، هەر ئەم ڕوانەگەیەش بووەتە بنەماى بەشێکى زۆری ئایینەکان کە کرۆکى باوەڕەکەیان لەسەر بنەماى ئازادکردنى ڕۆح لە زیندانى جەستە، داڕشتووە.

لەڕوانگەى ئاینییەوە جەستە هەڵگرى سروشتێکى غەریزییانە و ئاژەڵییانەیە و ئەم سروشتەشی وایکردووە ڕۆحى ئینسانەکە بەرەو ئاڕاستە غەریزییەکە ڕاکێشێت و لەناو خواستەکانى جەستەدا دیل و گیراو و زەبوونى بکات، بۆیە پرسی ئازادى و ڕزگارى لاى ئایینەکان گرێدراوى ئازادکردنى ڕۆحە لە زیندانى غەرزیەتییانەى جەستە، بەڵام ئازادى و ڕزگارى ئایینیش تەواو گرێدراوى پرسی تەسلیمبوونە، واتا ئازادى ئایینى بەماناى ئازادبوون و خۆبوونى سوبێکت نییە، بەڵکو ئایین ئازادى لە ملکەچی و پابەندى باوەڕییدا دەبینێتەوە. ئەم ڕوانگەیەى دیلێتى ڕۆح لاى جەستە تا سەردەمانى مۆدێرن درێژدەبێتەوە، بەڵام لەسەردەمى نوێدا بیرمەند و فەیلسوفگەلێکى تر پێچەوانەى ئەم بۆچوونە دەردەبڕن و شرۆڤە دەکەن، فەیلەسوفى پۆستمۆدێرنى فەرەنسی(میشێل فۆکۆ) بەپێچەوانەى ئەفلاتۆنەوە بڕواى وایە جەستەى سوبێکت لەڕێگەى ڕامکردنەوەى ڕۆحییەوە دیل دەکرێت، واتا جەستەى مرۆڤ دیلی ڕۆحییەتى نەوەک ڕۆحى مرۆڤ دیلى جەستەى بێت، فۆکۆ بۆ شرۆڤەى ئەو بۆچونەى شێوازى ئیشکردنى دەسەڵاتەکان بۆ ڕامکردنى جەستەى سوبکت شیدەکاتەوە، بەبڕواى فۆکۆ ئیشکردنى دەسەڵات لەسەر جەستەى مرۆڤ لەڕێگەى کۆنترۆڵکردنى رۆحیەوەیەتى، بۆئەمەش دەسەڵات کۆمەڵێک ئامراز بەکاردەهێنێت وەک زیندان، پرسی سێکس و دەروونشیکارى و سایکۆلۆجیستەکان، ناوەندەکانى خوێندن و کارگە و نەخۆشخانە و زمان و تادەگات بە تۆڕی بەربڵاوى دەسەڵات و سیستەم.

فۆکۆ ورد ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە جەستە چ گرنگییەکى هەیە تاوەکو لەڕێگەیەوە سوبیکت تێکبشکێت و لەوسەرى تونێلەکەوە ئۆبێکتێکى تێکشکاو بە دەروونێکى ملکەچەوە لەدایک بێت، ئەو ئەرکەش کۆمەڵێک کارەکتەرى ملکەچویستى بەشێکبوون لە داوەکانى سیستەم، پێیهەڵدەستن وەک پیاوانى ئایینى و ڕێسا ویستەکان لەڕێگەى نۆرم و بەها و ئیرشادات و یاسا و ڕێنمایی و لائیحەکانەوە دەخوازن کار لەسەر جەستەبکەن تاوەکو لەڕێگەیەوە دەروونێکى دەستەمۆ و نۆرماڵ دەستبخەن بەتایبەت لەپرسی سێکس و ڕێکسازى یاسایی و کۆمەڵایەتیدا. فۆکۆ لەکتێبە چواربەرگییەکەی(مێژووى سێکسوالیتە)دا باس لە سەرهەڵدانى پرسەئاکارییەکان و دەستخستنە ناو سێکس دەکات کە لەسەرەتادا ئازادى سێکسی بەرقەرار بووە و دواتر دەسەڵات بەڕێگە و قۆناغی جیاواز ڕووەو چەپاندنى دەبات، هەندێکات بەناوى ئاکارى گشتیی و بەها ئایینى و خێزانى و کۆمەڵایەتییەکانەوە قەدەغە و یاساغ دەکرێت، یان بەپاساوى پزیشکى و پاکژویستى و پاراستنى جەستە لە نەخۆشی لەکۆتى دەدەن، یان بەبیانوى بوون بەبەشێک لەبنەماکانى دەوڵەت و نەتەوە و پارێزگارى لەخوێنى پاک و ڕەگەزى باڵا دەیخەنە ناو سیستەمێکى توندى یاسا و نایاسایی، قەدەغەکردن و ڕێگەپێدانەوە، یان کورتدەکرێتەوە بۆ تۆکمەیی دەوڵەت و کۆمەڵگە و دەخزێندرێتە ژوورى خەوى دایک و باوکەوە و لە دروستکردنى خێزان و وەچەخستنەوەدا کورت دەکرێتەوە، دواجاریش لەسەردەمى باڵادەستى سیستەمى سەرمایەداریدا کە سیستەمەکە دەخوازێت هەموو بوون و ووزەکان بخاتە خزمەت وەبەرهێنان و دەستخستنى پارەوە، سێکسیش دەکات بەکاڵایەک و دەیخاتە بازاڕەوە و نرخى دەخاتە سەر و دەیکات بە ئامرازى پارەپەیداکردن، بەم جۆرە سێکس دەبێتە ئامرازێکى وەبەرهێنان و لە سۆزانیخانەکاندا مامەڵەى کڕین و فرۆشتنى پێوە دەکرێت. هەروەها لەلایەکى ترەوە زیندان دەکرێتە شوێنکارى دەسەڵات بۆئەوەى لەڕێگەى کارکردنى لەسەرجەستە ڕۆحێکى بیمارى ئۆبێکتێکى ملکەچ دروستبکات، ئەمەش وەک فۆکۆ بۆمان ڕووندەکاتەوە چەند قۆناغ و فۆرمێک لەخۆدەگرێت، سەرەتا کەسانى زیندانى بەئاشکرا و لەناوچەیەکى قەرەباڵغ ئەشکەنجە و سزادەدران، دواتر ئەشکەنجەکان خرانە ناوزیندانە تاریک و تەریکەکانەوە و لەچاوى خەڵک دوورخرانەوە، دواتریش پرسی نۆرماڵکردنەوە و دەستکاریکردنى دەروونى زیندانییەکان داهێندرا و تاکەکان دواى دەرچونیشیان لەزیندان هەمیشە هەست بە بونى چاوى چاودێری دەسەڵات دەکەن لەسەر سەریان و ناتوانن لەخواستەکانى دەسەڵات و دەربچن و پێشێلى یاساکانى بکەن،

بەم جۆرە ئیشکردنى دەسەڵات لەسەر جەستە لەپێناو دروستکردنى ڕۆحێکى دەستەمۆ دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی و ئەم فۆرمەى ملکەچکردنى سوبێکت لە ڕێگەى چاودێری گشتى و سیستەمى زیندانى (پانۆپتیکۆن)ەوە دەخرێتە ناو کۆی کۆمەڵگەوە، واتا ئیتر دەسەڵات لەدەستى پاشا دەخزێت و تەواوى دامەزروەکان و پەیوەندییەکان لەکۆمەڵگەدا دەتەنێت، چاوى پۆلیسى سەرشەقام و چاوى پزیشک و مامۆستا و خاوەنکار لەکارگە و باوک لەخێزاندا و ...هتد، هەموو پنتەکانى کۆمەڵگە دەکاتە زیندان و هەموو تاکەکانیش دەخاتە دۆخى هەست بەزیندانیبوونەوە.