"پرسياره زۆردووبارەکان ده‌رباره‌ى كۆمۆنيزم"
ڕيمۆند لۆتا/ وه‌رگێڕانى: وه‌ليد عومه‌ر به فايلى pdf بيخوێنه‌وه
- كۆمۆنيزم چيه؟
كۆمۆنيزم جڤات و كۆمه‌ڵگايه‌كى دونياى مرۆڤه‌كانه كه هه‌موو چينه‌كان و جياوازييه چينايه‌تييه‌كانى تيا كۆتاييهاتووه. هه‌موو سيسته‌مه‌كان و په‌يوه‌ندييه چه‌وسێنه‌ره‌كان پووچه‌ڵبوونه‌ته‌وه. هه‌موو ده‌زگا كۆمه‌ڵايه‌تييه سته‌مكاره‌كان و په‌يوه‌ندييه كۆمه‌ڵايه‌تييه نايه‌كسانه‌كان وه‌ك جياكاريى ڕه‌گه‌زى(racial discrimination)، سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ژن‌دا له‌لايه‌ن پياوه‌وه كۆتايياندێت. هه‌روه‌ها ته‌واوى بيرۆكه و به‌ها سته‌مكار و دواكه‌وتووه‌كان فڕێده‌دات. كۆمه‌ڵگاى كۆمۆنيستى، له‌لايه‌ن ئه‌م پره‌نسيپه‌وه ئاراسته و ڕێنمايى ده‌كرێت: «هه‌ركه‌س بەگوێرەی تواناى خۆى[کاردەکات]، هه‌ركه‌س به‌پێى پێداويستييه‌كانى خۆى[وەردەگرێت]». سامانێكى ماديى هاوبه‌ش و به‌شكراوده‌بێت و خه‌ڵك پێكه‌وه سه‌رچاوه‌كانى كۆمه‌ڵگا هاوبه‌شه‌كه ده‌گرنه‌ده‌ست و وه‌ك چاو‌دێر و چاوساغى ئه‌م هه‌ساره‌يه(ـى گۆى زه‌وى) هه‌ڵسوكه‌وت‌ده‌كه‌ن. له كۆمه‌ڵگاى كۆمۆنيستيدا، چيتر ده‌وڵه‌تێك له‌ئارادا نابێت حوكمى چينێك به‌سه‌ر چينێكى تردا بسه‌پێنێت. گه‌رچى فۆرمه‌كانى حكومه‌ت و حكومڕانى بوونيان ده‌بێت بۆ هه‌ماهه‌نگكردنى كاروباره هاوبه‌شه‌كانى كۆمه‌ڵگا.
كۆمۆنيزميش، ئاماژه‌يه بۆ ئه‌و زانسته‌ى كه له جيهان تێده‌گات و ده‌شيگۆڕێت كه له‌لايه‌ن كارل ماركسه‌وه بنياتنراوه و له‌لايه‌ن لينين و ما‌و و باب ئاڤاكيان[1]ه‌وه په‌ره‌ى پێدراوه).
به‌ڵام ئايا كۆمه‌ڵگاى كۆمۆنيستى، كۆمه‌ڵگايه‌كى سست و مه‌نگ و له‌قاڵبدراو[2] نيه؟
وێناى كۆمه‌ڵگايه‌ك بكه كه خه‌ڵك به‌هۆشيارييه‌وه فێرده‌بن و [بە هۆشیارییەوە] دونيادەگۆڕن...جێيه‌ك كه خه‌ڵك تيايدا چيتر له‌لايه‌ن زنجيرى (ترادسیۆن)نه‌ريت و جه‌هله‌وه نابه‌سترێنه‌وه و ديلناكرێن. جێيه‌ك كه خه‌ڵك تيايدا چيدى ته‌نيا كارى پێكه‌وه‌يى[3] ناكه‌ن بۆ به‌رهه‌مهێنانى پێداويستى و زه‌رووره‌ته‌كانى ژيان، به‌ڵكو هونه‌ر و كه‌لتور و زانسته‌كانيشى تيا ده‌ستده‌كه‌وێت و چێژيشى لێوه‌رده‌گيرێت. گۆشه‌نيگاى زانستى و وزەی داهێنان و خه‌ياڵی تێدا بەهێز دەکرێت و دەبنە ئیلهام‌بەخشی یەکتری...هه‌م يه‌كێتى و يه‌كڕه‌نگيى تيايه و هه‌م فره‌ڕه‌نگييش. ڕێكخستنى دیبەیتی جەماوەری، ململانێى ئايدۆلۆژييش زياتر به ئاراسته‌ى گه‌شه‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵگادايه- به‌ڵام چيتر له‌لايه‌ن ئه‌نتاگۆنيزم و دوژمنايه‌تيى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه مۆرى لێ‌نادرێت. له‌وێدا خه‌ڵك به‌هۆى ڕێزى دوولايه‌نه، هاوسۆزى، و بە عەشقی مرۆڤانەوە مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ يه‌كتردا ده‌كه‌ن. له‌و كۆمه‌ڵگايه‌دا به‌هاى خه‌ڵك، پشتيوانى، به‌رزركردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانى ئه‌و جيهانه سرووشتييه‌ى كه به‌شێكين لێى. ئه‌مه‌يه كۆمۆنيزم.
سۆسياليزم چيه و چ جياوازييه‌كى له‌گه‌ڵ كۆمۆنيزمدا هه‌يه؟
سۆسياليزم هه‌نگاوێكى گرنگه بۆ گه‌يشتن به كۆمۆنيزم. شۆڕشى سۆسياليستى، چينى سه‌رمايه‌دارى ئيمپرياليستى سه‌رونگون ده‌كات و ديكتاتۆريه‌ت(و زۆرينه)ـى خۆى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ده‌سه‌پێنێت. شۆڕشى سۆسياليستى، ده‌وڵه‌تێكى نوێ، سيسته‌مێكى نوێى حوكم و فه‌رمانڕه‌وايى سياسى داده‌مه‌زرێنێت، واتە ديكتاتۆريه‌تى پرۆليتاريا. [ئەوانەی کە] پێشتر له‌ژێر سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌دا بوون، له‌گه‌ڵ چينه ناوه‌ڕاسته به‌رفراوانه‌كان و پيشه‌ييه‌كاندا کە زۆرينه‌ى هه‌ره‌زۆرى كۆمه‌ڵگا پێكدێنن، ده‌ستده‌كه‌ن به گۆڕينى كۆمه‌ڵگا و به‌رپرسيارێتيى ئاراسته‌كردن و به‌ڕێوه‌بردنى كۆمه‌ڵگا لەئەستۆ دەگرن. شۆڕشى سۆسياليستى، ئابورييه‌ك درووستده‌كات كه له‌سه‌ر بنه‌ماى خاوه‌ندارێتيى ده‌وڵه‌تى سۆسياليستييه و داڕشتنى پلانه بۆ به‌ره‌وپێشبردنى شۆڕشى جيهانى...ئه‌و ڕۆڵ و فرمانانەی کە شیاوی پێداويستييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانن[جێبەجێ دەکات] و گه‌شه‌ى هه‌مه‌لايه‌نه دەدات به‌و تاكانه‌ى كه كۆمه‌ڵگا پێكدێنن...هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ سرووشتدا به‌شێوه‌يه‌كى خۆڕاگر و به‌رگه‌گيراو مامه‌ڵه دەکات.
به‌ڵام سۆسياليزم، نايه‌كسانييه ئابورى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان و په‌يوه‌ندييه‌كانى كاڵا/پاره له سه‌رمايه‌دارييه‌وه به ميرات وه‌رده‌گرێت؛ كه هێشتاش هه‌ر چينه‌كان له‌خۆده‌گرێت. هێشتاش هه‌ر ململانێى چينايه‌تى له‌سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه كۆمه‌ڵگا ئاراسته‌ده‌كات. هێزه نوێيه‌كانى سه‌رمايه‌دارى له هه‌وڵدا ده‌بن بۆ ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ى شۆڕشه‌كه. هه‌ندێ جاريش كۆمه‌ڵگا سۆسياليستييه‌كان، ڕووبه‌ڕووى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رمايه‌داريى دوژمنكارانه ده‌بنه‌وه. بۆيه سۆسياليزم به‌ته‌نيا سيسته‌مێك نيه- به‌ڵكو قۆناغێكى مێژووييه له گواستنه‌وه‌ى سه‌رمايه‌دارييه‌وه بۆ كۆمۆنيزم. قۆناغێكه له شۆڕشى به‌رده‌وام و، خه‌ڵكى به هۆشيارييه‌كى زياتره‌وه خۆيان و كۆمه‌ڵگا ده‌گۆڕن وه‌ك به‌شێك له به‌ره‌وپێشبردنى سه‌رتاسه‌ريى جيهان بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر دابه‌شكردنى كۆمه‌ڵگا بۆ چينه‌كان و گه‌يشتن به كۆمۆنيزم: كۆمه‌ڵگايه‌كى جيهانى كه مرۆڤه‌كان هاوبه‌شى و په‌يوه‌نديى ئازادانه‌يان به‌يه‌كتره‌وه هه‌يه.
ڕه‌نگه سۆسياليزم وه‌ك ئايديا و بيرۆكه شتێكى باش بێت، به‌ڵام ئايا هه‌ر به‌ڕاستى له‌واقيعدا پياده‌كراوه؟
يه‌كه‌مين شۆڕشه‌كان-له يه‌كێتيى سۆڤيه‌ت له 1917ـه‌وه تا ساتى شكسته‌كه‌ى له 1956، له چين له 1949ـه‌وه تا شكسته‌كه‌ى له ساڵى 1976- به‌ره‌وپێشچوونى هه‌ره‌گه‌وره‌ى به‌خۆوه‌بينى له درووستكردنى دونيايه‌كى ئازاد‌دا. هه‌ركه ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت كه‌وته ده‌ستيان، كه پێشينه‌ى نه‌بوو، له يه‌كێتى و په‌يوه‌ستييه‌كدا كه له‌گه‌ڵ به‌شێكى زۆرى كۆمه‌ڵگادا هه‌يانبوو، كۆمه‌ڵگايان گرته‌ده‌ست و گۆڕييان. حوكمى سود و چه‌وساندنه‌وه كۆتاييهات. پێداويستييه بنه‌ڕه‌تييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان پڕكرانه‌وه. چاوه‌ڕوانيى ژيان(يان ڕێژه‌ى ته‌مه‌ن) له چينى ماويستيدا له نێوان ساڵانى 1949-1976 دووقاتبووه‌وه لە 32 ساڵه‌وه بۆ 65 ساڵ. هه‌نگاوى بێ‌پێشينه‌ى نا له ڕيشه‌كێشكردنى سته‌مى ژنان و كه‌مه نه‌ته‌وه‌ييه‌كاندا. ئه‌م شۆڕشانه شكستيان نه‌هێنا، به‌ڵكو له‌لايه‌ن هێزه بۆرژوازييه سه‌رمايه‌داره نوێيه‌كانه‌وه نوشوستيان پێ‌هێنرا كه كاريگه‌رى و به‌هێزييه‌كى به‌رچاويان هه‌بوو. پاشان، ئه‌م شۆڕشانه كه‌موكورتييان هه‌بووه و ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی کە نوشوستیان هێناوە.
ئايا سۆسياليزم يان كۆمۆنيزم دژى ئه‌و ڕاستييانه ده‌بنه‌وه كه له زاتى مرۆڤ و خۆپه‌رستيدا هه‌يه؟
شتێك بوونى نيه به‌ناوى سرووشتى نه‌گۆڕ و خۆڕسكى مرۆڤه‌وه. بيركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك، هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتار، به‌هاكان و زۆربه‌ى تێگه‌يشتنه‌كانمان بۆ زاتى مرۆڤ له‌لايه‌ن بونيادى ئابورى و دامه‌زراوه په‌يوه‌نديداره‌كان و كه‌لتورى كۆمه‌ڵگايه‌كى دياريكراوه‌وه درووستبووه. يۆنانى كۆن و "باوكانى بنياتنه‌ر"ى ئه‌مريكا وه‌كو شتێكى ته‌واو سرووشتى سه‌يرى كۆيلايه‌تييان كردووه. سه‌رمايه‌دارى له ده‌ورى كه‌ڵه‌كه‌كردنى تايبه‌تى سود و قازانج و كێبڕكێى ئابورى ڕێكخراوه. خۆويستى و خۆپه‌رستى، ته‌ماع و چاوچنۆكى، تاكگه‌رايى له‌لايه‌ن كاره‌كانى سه‌رمايه‌دارييه‌وه خۆراكى پێده‌درێت و پاداشت دەکرێت و له‌لايه‌ن ده‌زگاكانى كۆمه‌ڵگاى سه‌رمايه‌دارييه‌وه بره‌وى پێده‌درێت. نە ئەوانە یەکەی نەگۆڕن لە جیناتماندا و نە راسیزم و باڵادەستی نێرەکانێش لە سایکۆلۆژیای پەرەسەندووی جۆری ئێمەدا جێگیر کراون.
ئايا بزاڤى كۆمۆنيستى، ده‌موچاوێكى ديكتاتۆرى وه‌ك ستالين به‌رهه‌مناهێنێت؟
ئه‌و به‌شه‌يتانكردنه‌ى ستالين و ئه‌و درۆ باوه‌ڕپێنه‌كراوانه‌ى دژى ستالين و يه‌كێتيى سۆڤيه‌تى سه‌رده‌مى ستالين بره‌وى پێدراوه، ڕێ له‌وه ده‌گرێت تێگه‌يشتنێكى ڕاسته‌قينه ده‌رباره‌ى ئه‌و ڕۆڵه مێژووييه به‌ده‌ست بێنين كه ئه‌و گێڕاى، له‌گه‌ڵ ده‌سكه‌وته گه‌وره‌كانى يه‌كێتيى سۆڤيه‌ت. له‌دواى مردنى لينينه‌وه له‌ساڵى 1924ـه‌وه، ستالين سه‌ركردايه‌تيى خۆى سه‌پاند- له‌و ده‌يه‌يه‌ى دواتريشدا، ستالين خه‌باتى به‌ئيشتراكيكردنى كشتو‌كاڵى گرته‌ده‌ست له‌گه‌ڵ به‌سۆسياليستيكردنى خاوه‌ندارێتيى پيشه‌سازيدا. شۆڕش ئابورييه‌كى نه‌خشه‌داڕێژراوى سۆسياليستيى داهێنا، شتێك كه هه‌رگيز به‌ر له‌وه ئه‌نجامنه‌درابوو. خه‌باتێكى كۆمه‌ڵايه‌تيى گرنگ هه‌بوو دژى شۆڤێنيزمى ڕووسى و سه‌ركوتكردنى ژنان. لە کاتى ڕێبەرایەتيی ستاليندا، یەکێتيی سۆڤیەت ڕووبه‌ڕووى چەند فشارێکی گه‌وره بووه‌وه: دژه‌شۆڕش، له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاته نه‌ياره ئيمپرياليسته‌كانه‌وه گه‌مارۆدرا، هه‌روه‌ها به‌درێژايى جه‌نگى جيهانيى دووه‌ميش [ڕووبەڕووی] هێرشى نازييه‌كان بووەوە. ستالين ڕێبه‌رايه‌تيى خه‌ڵكى ده‌كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌مه، به‌ڵام له ساڵانى كۆتايى جه‌نگى جيهانيى دووه‌مدا ستالين كه‌متر پشتى به‌ست به چالاكيى ئاگايانه‌ى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك، و پتر پشتى به پێوه‌ره ئيدارى و كارگێڕييه‌كان ده‌به‌ست. ناچاربوو هێزه دژه‌شۆڕشه‌كان سه‌ركوتبكات، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر شۆڕش له ناوه‌ڕاست و كۆتاييه‌كانى 1930دا گه‌شه‌يكرد، ستالين هه‌موو ئه‌وانه‌ى سه‌ركوتكرد كه ناكۆكى و نه‌يارييه‌كه‌يان له زيادبووندا بوو.
له‌و ڕووه‌وه كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى جدى هه‌بوون كه چۆنچۆنى ستالين له ماهيه‌ت و ئامانجه‌كانى كۆمه‌ڵگاى سۆسياليستى تێگه‌يشتبوو، له‌گه‌ڵ شێوازه‌كانى سه‌ركردايه‌تيكردنيدا. "باب ئاڤاكيان" ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات مادام بۆرژوازى بۆی هەیە پشتگيرى لە مه‌ديسۆن و جيفه‌رسۆن بکات کە ڕۆڵێكى سه‌نتراڵيان له شۆڕشى بۆرژوازيى ئه‌مريكادا هه‌بووە، لەکاتێکدا ئەوان خاوەن کویلەی پاساوهەڵنەگر بوون –.کەواتە شۆڕشگێڕان ده‌توانن پشتیوانى له ستالين بكه‌ن و هاو‌كات به‌قووڵى ڕه‌خنه‌ى لێ‌بگرن و له‌هه‌ڵه‌كانيه‌وه شت فێرببن.
ئايا شۆڕشه كه‌لتورييه‌كه‌ى ما‌و له‌ڕاستيدا بژاركردن[4] و پاكسازييه‌كى ده‌مارگيرانه نه‌بوو؟
"ما‌و" لە گرفتى ئه‌و نوخبه بۆرژوازييه نوێيانه‌ى ده‌كۆڵييه‌وه كه ده‌ركه‌وتبوون و له ئاسته باڵاكانى حيزبى كۆمۆنيستدا چڕببوونه‌وه. ئه‌وان ده‌يانويست سه‌رمايه‌دارى بگه‌ڕێننه‌وه، و لايه‌نه بۆرژوازييه‌كانى كۆمه‌ڵگا به‌ده‌سته‌وه‌بگرن و بقۆزنه‌وه. بۆنمونه، له سه‌ره‌تاى شۆڕشى كه‌لتورييدا، هه‌ندێك له كارگه‌كان له‌لايه‌ن يه‌ك كه‌سه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌بران و سيسته‌مه‌كانى پاداشتى كێبڕكێ هه‌ندێك كرێكارى ده‌كرد به‌گژى ئه‌وانيتردا. هه‌روه‌ها ناوه‌نده په‌روه‌رده‌يى و ته‌ندرووستييه‌كان له شاره‌كاندا چڕکرابۆوە. ما‌و خه‌ڵكى بانگهێشتده‌كرد بۆ هه‌ستانەوە لە دژى سه‌ركرده سه‌ركوتكاره‌كان و بونياده دامه‌زراوه‌ييه‌كان. سه‌دان مليۆن كرێكار و جوتيار كه‌وتنه گفتوگۆ و مشت‌ومڕ ده‌رباره‌ى ئاراسته و ڕه‌وتى كۆمه‌ڵگا و ڕه‌خنه‌كردنى كاربه‌ده‌سته به‌سه‌رچووه‌كان و سازكردنى فۆرمه‌كانى به‌شداريكردنى به‌ڕێوه‌بردن و كارگێڕى، هه‌روه‌ها چوونه‌ناوه بۆ كايه‌ى زانست و ڕۆشنبيرى(كه‌لتور). دابه‌شكارى له‌نێوان كارى زه‌ينى (هزری) و كارى ده‌ستى و له‌نێوان ناوچه‌ى شارى و ناوچه‌ى گوندی‌دا هه‌ڵوه‌شێنرايه‌وه. به‌رزكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى ناونوسكردن له قوتابخانه ناوه‌نده‌كانى چوارده‌ورى شاردا له 15 مليۆنه‌وه بۆ 58 مليۆن كه‌س. شۆڕشى كه‌لتورى له 1966ـه‌وه تا 1976، كۆمه‌ڵێك ئامانجى ڕزگاريبه‌خش و يه‌كانگيرى هه‌بوو: به‌رگرتن به زيندووكردنه‌وه‌ى سه‌رمايه‌دارى، شۆڕشگێڕانه‌كردنى ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگا، كه حيزبى كۆمۆنيستيشى ده‌گرته‌وه، هه‌روه‌ها ته‌حه‌داكردنى شێوازه كۆنه‌كانى بيركردنه‌وه: به‌كورتييه‌كه‌ى، به‌ره‌و پێشه‌وه بردن و قووڵكردنه‌وه‌ى شۆڕشى سۆسياليستى.
ئايا توندوتيژيى گه‌وره و ئه‌زيه‌تدان ده‌رهه‌ق به ڕۆشنبيران و هونه‌رمه‌ندان ئه‌نجام نه‌ده‌دران له‌ميانه‌ى شۆڕشى كه‌لتورييدا؟
توندوتيژى خه‌سڵه‌تێكى ديارى شۆڕشى كه‌لتورى نه‌بوو. شێوازه سه‌ره‌كييه‌كانى ململانێ بريتى‌بوون له ڕەخنەگرتنی جەماوەری، مشتومڕى ئايدۆلۆژى و سياسيى جەماوەری، هه‌روه بزواندنی سیاسيی جەماوەر. زۆرينه‌ى ئه‌و توندوتيژييانه‌ى ڕوويانده‌دا به‌فيعلى له‌لايه‌ن نه‌يارانى شۆڕشى كه‌لتورييه‌وه هه‌ڵده‌گيرسێنرا، به‌تايبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ڕێى سه‌رمايه‌دارييان گرتبووه به‌ر و له پۆسته پێشه‌نگه‌كانى حيزبى كۆمۆنيستدا بوون و ئه‌وانه‌شى كه ده‌خرانه به‌ر ڕه‌خنه.
هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبيران وه‌ك گرووپ و تاقمێكى كۆمه‌ڵايه‌تى نه‌ده‌كه‌وتنه به‌ر ئه‌زيه‌تدان. هه‌روه‌ها بانگهێشت‌ده‌كران تێكه‌ڵى خه‌ڵك بن و شت له خه‌ڵكه زه‌حمه‌تكێشه‌كه‌وه فێربن، به‌تايبه‌ت له (گوند) و چوارده‌ورى شاره‌كان و لادێكانه‌وه. هه‌وڵ و كۆششى پڕجۆش‌وخرۆش ده‌درا بۆ درووستكردنى كه‌لتورێكى شۆڕشگێڕانه و به‌رهه‌مى هونه‌رى كه بتوانێت وه‌ك مۆدێل خزمه‌تبكات. دواتريش، هه‌ندێك هه‌ڵه و كه‌موكورتى هه‌بوو له‌شێوازى مامه‌ڵه‌كردنى هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبيراندا. ڕوانينێك سازكرا بۆ ڕۆڵى هونه‌ر و كه‌لتور له كۆمه‌ڵگادا، به‌تايبه‌ت هونه‌ر كه ده‌ربڕى ديدگا جياواز و ناكۆكه‌كانه له كۆمه‌ڵگاى سۆسياليستيدا.
ئايا ده‌توانين ئه‌مڕۆ سۆسياليزمێك له‌جيهاندا بدۆزينه‌وه و به‌ديى بكه‌ين؟
ئێستا چيتر كۆمه‌ڵگايه‌كى سۆسياليستى له‌جيهاندا بوونى نيه. له‌گه‌ڵ شكستى شۆڕشى چينيدا له‌ساڵى 1976 له‌لايه‌ن هێزه سه‌رمايه‌داره نوێيه‌كانه‌وه، يه‌كه‌مين شەپۆلی شۆڕشى كۆمۆنيستى کۆتایى‌هات.
كه‌واته مێژووى كۆمۆنيزم تێپه‌ڕيوه؟
نه‌خێر. كۆمۆنيزم له‌ڕووى مێژووييه‌وه تاڕاده‌يه‌ك تازه‌يه. [کۆمۆنیزم] شۆڕشێکی گشتگیر و بێ‌پێشینەیە، كه ئامانجى ئه‌وه‌یە سته‌م و چه‌وسانه‌وه ڕيشه‌كێش‌بكات. ئه‌مڕۆ ته‌حه‌دايه‌كى گه‌وره هه‌يه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى قۆناغێك يان شەپۆلێکی نوێى شۆڕشى كۆمۆنيستى كه ده‌توانێت باشتر بێت و له شۆڕشى سۆڤيه‌ت و چين باشتر كاربكات.
باب ئاڤاكيان، سه‌رۆكى حيزبى شۆڕشگێڕيى كۆمۆنيستى ئه‌مريكا، سه‌ربارى ده‌سكه‌وته مه‌زنه‌كان، ئاماژه بۆ گرفت و كه‌موكورتييه‌كانيش ده‌كات له قۆناغى يه‌كه‌مى شۆڕشى كۆمۆنيستيدا. هه‌وڵيداوه فه‌زايه‌كى جياوازى مرۆيى بكێشێت، له هونه‌ر و زانسته‌كان و ژيانى كه‌لتورى و ڕۆشنبيرييدا. تێگه‌يشتنێكى حه‌ياتيى نوێى له‌گه‌ڵ خۆي‌دا هێناوه له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌يه‌كى زه‌روورى بۆ درووستكردنى شۆڕشێكى ڕزگاريى ڕاسته‌قينه له دونياى ئه‌مڕۆدا. سه‌ره‌نجاميش، سه‌نتێزێكى نوێى كۆمۆنيزم بوونى هه‌يه. كۆمۆنيزم: ده‌سپێكى قۆناغێكى نوێ، مانيفێستى حيزبى كۆمۆنيستى شۆڕشگێڕانه‌ى ئه‌مريكا، ڕاپۆرت و ڕه‌شنوسێكى كورت ده‌خاته‌ڕوو سه‌باره‌ت به قۆناغى يه‌كه‌مى شۆڕشى كۆمۆنيستى، ئه‌م سه‌نتێزه نوێيه ده‌رباره‌ى ته‌حه‌دا ئايدۆلۆژييه‌كانه سه‌باره‌ت به درووستكردنى كۆمۆنيزمێك كه هێزێكى ڕاسته‌قينه بێت له‌مڕۆدا.
ئايا شۆڕشه‌كانى ڕوسيا و چين هه‌ربه‌ڕاست له‌باره‌ى مۆدێرنيزه‌كردن و به‌پيشه‌سازيكردنى ئابوريى وڵاته دواكه‌وتووه‌كانه‌وه نيه؟
يه‌كه‌مين شۆڕشه سۆسياليستييه‌كان له‌و كۆمه‌ڵگايانه‌دا ڕوويدا كه تاڕاده‌يه‌ك دواكه‌وتوو بوون- و ئه‌م شۆڕشانه بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌ژارى و دواكه‌وتووييدا ئه‌نجامدرا. شۆڕشه‌كانى ڕوسيا و چين هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه ڕووياندا تاوه‌كو كۆمه‌ڵگايه‌كى ئازاد بنيات بنێن كه خاڵى بێت له هه‌ر سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌يه‌ك.
كۆمۆنيزم چ په‌يوه‌ندييه‌كى به دونياى پێشكه‌وتووى ته‌كنۆلۆژييه‌وه هه‌يه‌كه چينى كرێكارى تيا "ئاواده‌بێت" و چ په‌يوه‌ندييه‌كيشى به وڵاتێكى نيمچه‌ده‌وڵه‌مه‌ندى وه‌ك ئه‌مريكاوه هه‌يه كه چينێكى ناوه‌ڕاستى به‌رفراوانى هه‌يه؟
ئێمه له جيهانێكدا ده‌ژين كه ڕۆژانه 30000 مناڵ به‌هۆى نەخۆشيی عيلاجدار و چارەسەر‌هەڵگر و به‌دخۆراكييه‌وه ده‌مرن...دونيايه‌ك كه ژنانى تيا پاشكۆ و ژێرده‌سته ده‌كرێت، بێ‌ڕێز ده‌كرێت، بازرگانيى پێوه ده‌كرێت، دونيايه‌ك كه جه‌نگى دڕندانه‌ى ئيمپرياليستيى تيا ئه‌نجامده‌درێت...دونيايه‌ك كه ته‌كنۆلۆژيا ده‌توانێت يارمه‌تيى چاره‌كردنى كێشه‌كان بدات كه‌چى ده‌يخاته ژێرده‌ستى خۆيه‌وه بۆ قازانج، بۆ كۆنترۆڵكردنى خه‌ڵك به‌كاردێت، ده‌خرێته خزمه‌تى جبه‌خانه سه‌ربازييه‌كانى ئيمپرياليزمه‌وه. سيسته‌مى كه‌پيتاڵيستى ئيمپرياليستى به ماناى ته‌واوى وشه‌كه ئيكۆسيسته‌م و ژينگه‌ى ئه‌م هه‌ساره‌يه تێكده‌دات. ئا ئه‌م جيهانه‌يه كه هاوارده‌كات بۆ شۆڕش و (تامه‌زرۆيه‌تى).
وڵاتێكى وه‌ك ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا، هێڵێكى جياكه‌ره‌وه‌ى قووڵى چه‌وسانه‌وه‌ى چينايه‌تى و جياكاريى ڕه‌گه‌زيى تيايه. زياد له (40 مليۆن) هه‌ژار و كرێكارى بێده‌ره‌تان هه‌يه. چاودێرييه‌كى ته‌ندرووستيى ترسناك هه‌يه كه ناكافى و نايه‌كسانه. له هه‌ر 15 چركه‌يه‌كيشدا، ژنێك ده‌درێته به‌ر لێدان و تێهه‌ڵدان. به‌ڵێ، ئه‌مريكا چينێكى ناوه‌ڕاستى به‌رفراوانى هه‌يه. به‌ڵام بۆ زۆرێك له پرۆفيشناڵه‌كان و پيشه‌ييه‌كان، ژيان بريتييه له نامۆبوون، و سيسته‌مه‌كه له‌برى به‌كارهێنانى شاره‌زايى و پسپۆڕێتييه‌كه‌ى خۆيان له‌به‌رژه‌وه‌نديى كۆمه‌ڵگا و مرۆڤايه‌تى، كه‌چى خه‌سيو و پوچه‌ڵيانده‌كاته‌وه. وه‌كچۆن بۆ پرۆليتارياش، هه‌ر ون نابێت. سه‌يرى ئارم و ئاماژه‌ى سه‌ر پێڵاوى وه‌رزشى و بلوزه‌كانت بكه، سه‌يرى پێكهاته‌كانى كۆمپيوته‌ره‌كه‌ت يان مۆبايله‌كه‌ت بكه: ئه‌وانه له‌لايه‌ن كارى چه‌وساوه و سوپه‌رچه‌وساوه‌وه به‌رهه‌مده‌هێنرێت له گۆشه و كه‌ناره‌كانى جيهانه‌وه.
زه‌رووره‌ت و بنه‌ماى شۆڕشێكى كۆمۆنيستى، له هه‌ر كاتێكى تر زياتره. گه‌شه‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵگاى مرۆيى، ته‌كنۆلۆژيا، مه‌عريفه‌ى زانستى، شاره‌زاييه‌كان، تواناى داهێنان، هيمه‌تى خه‌ڵك ئه‌و ئه‌گه‌ر و ئيمكانه ده‌كاته‌وه بۆ مرۆڤايه‌تى بۆ جێگايه‌كى ته‌واو جياوازى تر: بۆتێپه‌ڕين له چه‌وسانه‌وه و نوقسانى و نه‌بوونه. له‌گه‌ڵ سه‌نتێزه نوێيه‌كه‌ى باب ئاڤاكيان‌دا، به‌ديلێكى گونجاو و ڕزگاركه‌ر هه‌يه بۆ ترس و تۆقانه‌كانى جيهان. بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر نه‌دارى و سته‌مدا، هه‌روه‌ها ئه‌و نايه‌كسانييه‌ش كه جڵه‌و بۆ داهێنان و پێگه‌يشتن[5] و ئه‌زموونكردن(تاقيكردنه‌وه) شل‌ده‌كات. ڕێگايه‌ك به‌ره‌و ئه‌فراندنى جيهانێك كه مرۆڤ به‌ڕاستى بتوانێت تيا بپشكوێت و نه‌شونما بكات. هه‌روه‌ها ستراتيژ و سه‌ركردايه‌تييه‌ك هه‌يه بۆ شۆڕشێكى له‌م جۆره.
ئايا خه‌ڵك ده‌توانن له‌ژێر سايه‌ى سۆسياليزمدا، بۆنه‌و مه‌راسيمه دينييه‌كانيان پياده‌بكه‌ن؟
به‌ڵێ. خه‌ڵك مافى په‌رستن و پياده‌كردنى بۆنه دينييه‌كانى هه‌يه(هه‌روه‌ها مافى بڕوانه‌بوون به خودا‌ش). به‌ڵام له قوتابخانه‌كان و ده‌وڵه‌ت و حكومڕانى به‌گشتى، جه‌خت و پشتيوانى له تێگه‌يشتنێكى زانستى/ماترياڵيستى ده‌كرێت بۆ جيهانى سرووشتی و كۆمه‌ڵگاى مرۆيى. خه‌ڵك ناچارناكرێت دين تووڕبدات، به‌ڵام له‌ئاستى كۆمه‌ڵگادا خه‌باتێكى ئايدۆلۆژى به‌شێوه‌يه‌كى خۆبه‌خشانه بوونى ده‌بێت بۆ يارمه‌تيدانى خه‌ڵك بۆ ڕزگاربوون له كۆيلايه‌تييه‌كانى بڕواى دينى.
ئايا خه‌ڵك له سايه‌ى سۆسياليزمدا، خاوه‌نى ماڵ و دارايى خۆيان ده‌بن؟
به‌ڵێ. به‌ڵام سۆسياليزم نابێته "كۆمه‌ڵگايه‌كى به‌رخۆر و مه‌سره‌فكار"[6]، وه‌كئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ تێيدا ده‌ژين. بۆ نمونە تێکدەری ژینگەیی نامێنێت واتە "کەلتوری ئۆتۆمبێل")". خه‌ڵك له‌سه‌ر كار و له چينى ناوه‌ڕاستدا، ئه‌و مافه‌يان هه‌يه له‌و ماڵانه‌دا بژين كه هه‌نوكه داگيريانكردووه و تێیدان. به‌ڵام جياكارى(segregation) و بازارى ماڵ و موڵك كۆتايياندێت. هه‌روه‌ها شوێنى نيشته‌جێبوونى گونجاو له‌پێش هه‌موو شتێكى تره‌وه‌يه بۆ ئه‌وانه‌ى كه پێشتر له خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگاوه بوون.
ئايا ديموكراسى و هه‌ڵبژاردن له سايه‌ى سۆسياليزمدا بوونى ده‌بێت؟ ڕێگه به ناڕه‌زايه‌تى و ناكۆكى ده‌درێت؟
ده‌ستورى كۆمارى نوێى سۆسياليستى له باكورى ئه‌مريكا، كه له‌سه‌ر بنه‌ماى سه‌نتێزه نوێيه‌كه‌ى "باب ئاڤاكيان" داڕێژراوه‌ته‌وه كه كۆمه‌ڵێك چوارچێوه‌ى سياسى و ياساييه بۆ كۆمه‌ڵگايه‌كى سۆسياليستيى زيندوو. له‌وێدا ديموكراسييه‌كى ڕاسته‌قينه و بێ‌وێنه بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك هه‌يه. جۆرێك له ديكتاتۆريه‌ت هه‌يه دژ بە چەوسێنەرانی كۆن و نوێ و ئه‌و كه‌سانه‌شى كه چالاكانه تێده‌كۆشن بۆ سه‌رنگونكردنى سيسته‌مه نوێيه‌كه. ديموكراسى له كۆمه‌ڵگاى سۆسياليستيدا، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌به‌خشێته خه‌ڵك تاكو به‌ها و ده‌زگا و په‌يوه‌ندييه كۆمه‌ڵايه‌تييه/سياسييه/ئابورييه‌كانى خۆيان بگۆڕن، بۆ به‌ستنه‌وه‌ى ده‌سته‌جه‌معيى خه‌ڵكيش به‌وانيتره‌وه بۆ گۆڕينى جيهان، هه‌روه‌ها هه‌ڵگرتنى به‌رپرسيارێتيى زياتر بۆ ئاراسته‌كردنى كۆمه‌ڵگا. پشتيوانى له ده‌ربڕين، گردبوونه‌وه و هتد ده‌كرێت. هه‌روه‌ها دژوه‌ستانه‌وه به‌ڕووى سوكايه‌تى و خراپ‌به‌كارهێنانى تاك‌دا له‌لايه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، جێبەجێدەکرێت. مافه‌كانى تاك گه‌شه‌ده‌كات و ده‌پشكوێت، ئه‌ويش زۆر زياتر له‌وه‌ى كه به‌شێوه‌يه‌كى ڕه‌سمى له ڕه‌شنوسى مافه‌كانى سه‌رمايه‌دارييدا هاتووه و ڕێى‌پێدراوه. بۆنمونه ناكۆكبوون له‌گه‌ڵ سياسه‌ته‌كان و سيسته‌مى سۆسياليستى خۆيشيدا، نه‌ك هه‌ر ڕێى‌پێده‌دات به‌ڵكو گه‌شه‌شى پێده‌دات. ده‌وڵه‌تى سۆسياليستيى نوێ ئامرازه‌كان و سه‌رچاوه‌كان فه‌راهه‌م و ده‌سته‌به‌رده‌كات[بۆ ڕای جیاواز]و هەروەها له ميديا و جێيه‌كانى تريشدا، گوێ له بۆچوون و ڕوانگه‌كانى تر ده‌گيرێت. خه‌ڵكيش ئه‌و ماف و توانسته‌يان هه‌يه كه له ده‌ورى ئه‌م بيرۆكانه خۆيان ساز و ئاماده بكه‌ن، بۆنمونه له‌ڕێگه‌ى خۆپيشاندانه‌كان، مافى مانگرتن، هتده‌وه. كۆمه‌ڵگاى سۆسياليستى، يه‌كێك ده‌بێت له كێبڕكێ گه‌وره‌كان، جۆش‌وخرۆش و شه‌وق و شووره‌كان.
"هه‌ڵبژاردنه‌كان"(ئينتيخابات) له كۆمه‌ڵگايه‌كى سۆسياليستيدا ڕۆڵده‌گێڕن: له هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌ره‌كاندا بۆ ئۆرگانه‌كانى حكومڕانى و به‌ره‌وپێشبردنى مشتومڕى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ڕێگه‌ى ده‌ربڕين و بره‌ودان به بۆچوونه جۆراوجۆره‌كان و به‌رنامه‌كانه‌وه سه‌باره‌ت به سياسه‌ت و كۆمه‌ڵگا. به‌ڵام شتێك هه‌يه و ناكرێت ده‌نگى بۆ بده‌يت، كه ئه‌ويش بريتييه له گه‌ڕاندنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و سه‌رمايه‌دارى. شۆڕشێك بيه‌وێت كۆمه‌ڵگا بگۆڕێت. شۆڕشێك كه بۆ گۆڕينى سه‌رتاپاى كۆمه‌ڵگا پێويستى ڕێبەرایەتيی كۆمۆنيستى خەوندار هه‌يه-ڕێبەرایەتيی كۆمۆنيستى ڕۆڵێكى تايبه‌ت ده‌گێڕێت له كۆمه‌ڵگاى سۆسياليستيدا-بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك بتوانن بچنه‌ده‌سه‌ڵات و ته‌حه‌دا تونده‌كانيان ئاراسته‌بكه‌ن، له‌گه‌ڵ خه‌باتى ئازاديبه‌خشدا بۆ گه‌يشتن به دونيايه‌كى كۆمۆنيستى. له‌گه‌ڵ هاتنى كۆمۆنيزمدا، دواجار كۆمه‌ڵگای دابه‌شبوو بۆ بەڕێوەبەر و بەڕێوەبراو (ruler & ruled) و زه‌رووره‌تى هه‌ر جۆره سه‌رۆكايه‌تييه‌كى به‌ده‌زگاييكراو کۆتاییدێت.
گه‌ر كۆمۆنيزم هه‌موو ئه‌و شتانه‌يه كه تۆ ده‌يڵێيت، بۆچى زۆرێك هه‌ن ڕه‌تيده‌كه‌نه‌وه؟
دوو هۆكارى په‌يوه‌ست و پێكداچوو بۆ ئه‌مه هه‌يه. ئاوابوونى سۆسياليزم له چين به‌و مانايه دێت كه چيتر ژيانێك و به‌رجه‌سته‌بوونى پڕجۆشوخرۆشى ئه‌و شته باريكردووه كه هاوشێو‌ه‌ى دونيايه‌كى باشتره. دووه‌م، له وه‌ته‌ى سۆسياليزم له چين شكستى هێناوه، كۆمۆنيزم كه‌وتۆته ژێر په‌لامارێكى بێڕه‌حمانه‌ى ئايدۆلۆژييه‌وه. ده‌سه‌ڵاته‌كان و ئايدۆلۆژياكانيان تا ئه‌م چركه‌يه‌ش وازيان له بوختان و سوكايه‌تييه‌كانيان نه‌هێناوه دژى كۆمۆنيزم...تا ئێستاش له بڵاوكردنه‌وه‌ى درۆ و شێواندنى كۆمۆنيزم نه‌وه‌ستاون. ماندوونابن له‌وتنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه "سه‌رمايه‌دارى هيچ به‌ديلێكى نيه، ئه‌مه باش‌ترين دونياى ڕه‌خساو و مومكينه". بۆ 35 ساڵ ده‌چێت، ئه‌م (دژه‌شۆڕشه ئايدۆلۆژييه) خزمه‌تيكردووه به هه‌ڵه‌تێگه‌يشتنێكى به‌رفراوان ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى كۆمۆنيزم چيه و بۆچوونه‌كانيشى هێناوه‌ته‌خواره‌وه. زۆرێك له گه‌نجه‌كانيش هیچ شتێک له‌باره‌ى مێژووى ڕاستەقینەی كۆمۆنيزمه‌وه نازانن. زۆرێك له ڕۆشنبيرانيش، كه ڕۆژێك له ڕۆژان ده‌رگيرى كۆمۆنيزم بوون، خۆيان به‌م درۆ و شێواندنانه فرۆشته‌وه. له‌جياتيى دانانى خول و فێركارى له‌باره‌ى زانستى په‌ره‌سه‌ندنه‌وه، وانه‌ى (خه‌ليقه‌ت)ت ده‌خوێند و ئه‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و شته بوو كه ده‌تخوێند. دۆخه‌كه زۆر دوور نيه له‌وه‌وه، كاتێك كۆمۆنيزم دێت.
هه‌ميشه‌ش هه‌ر به‌م جۆره نه‌بوو. له‌ماوه‌ى ساڵانى 1960 بۆ 1976، ئه‌و كاته‌ى كه چين وڵاتێكى سۆسياليست بوو، سه‌رچاوه‌ى ئيلهامى بزووتنه‌وه ئازاديخوازه‌كان بوو له ناوچه جياجياكانى دونيادا. خوێندكاره ڕاديكاڵه‌كان و هێزه به‌بيروباوه‌ڕ شۆڕشگێڕه‌كان وه‌ك حيزبى پڵنگه ڕه‌شه‌كان كه له‌كاتى شۆڕشى چيندا ده‌ركه‌وت. خەڵکە پێشکەوتنخوازەکانی ناو زانستەکان، هی ناو بەشی تەندرووستی، هی ناو هونەرەکان بە شێوەیەکی ئيجابى و ئەرێنی کەوتنە ژێر کاریگەريی گۆڕانکارییە شۆڕشگێڕییەکانی چینی سەردەمی ما‌و و هەروەها زۆرێك له ڕۆشنبيرانيش، گردبوونه‌وه و مشتومڕيان له‌باره‌ى ئايديا ماويستييه‌كانه‌وه ئه‌نجامده‌دا.
[1]. "Bob" Avakian، تيۆريست و شۆڕشگێڕێكى ئه‌مريكيى به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌رمه‌نييه، له‌دايكبووى ساڵى 1943ـه و، سه‌رۆكى حيزبى كۆمۆنيستى شۆڕشگێڕيى ئه‌مريكايه. ئاڤاكيان خاوه‌نى چه‌ندين كتێب و وتاره و يه‌كێكه له ديارترين فيگه‌ره ماويستييه‌كانى ئێستاى دونيا كه هه‌م وه‌فاداره به ديدگاكانى ماوتسى تۆنگ و هه‌م خوێندنه‌وه‌يه‌كى نوێشى بۆ كردووه-و
[2]. regimented
[3]. cooperatively work
[4]. purge
[5]. ferment
[6]. consumer society
سه‌رچاوه:
ماڵپه‌ڕى ڕيمۆند لوتا: http://thisiscommunism.org/ThisIsCommunism/FAQ.html