A+    A-
(746) جار خوێندراوەتەوە

داخۆ ئەوەی براوەکان دەینووسنەوە مێژووە؟

 

 

مێژوو تەنیا ئەو نووسین و تۆمارانە نییە لە رابردوودا نووسراون یان بۆمان گێڕدراونەتەوە. بەڵکو مێژوو ئێستایشە. واتە رووداوەکان لە رابردوودا تاکو ئێستا بەردەوامن. بۆ نموونە ئەگەر فەیلەسووف و زاناکان پێشتر بیرکارییان ئاشکرا نەکردایە، زانست دانەدەهات و پێش نەدەکەوت، ئەگەر زانست پێشنەکەوتایە تەکنەلۆژیایش نەدەبوو. یان هەرچەندە فەلسەفە و بیرکاری و زانست دەستکەوتی رابردووی مرۆڤن، بەڵام تاکو ئێستا و لە داهاتوویشدا، رۆڵ و پێگە و گرنگییان هەبووە و ماویانە. کەواتە ئێستای ئێمە، لەسەر چەند دۆخ و رووداوێکی رابردوو هەڵچنراوە. رابردوو ئێستای بۆ هێناوین. هەر بۆیە زانستی مێژوو لەو رایەڵانە دەکۆڵێتەوە، کە رابردوو دەبستنەوە بە ئێستاوە. واتە زانستی مێژوو لێکۆڵینەوە لەو قۆناغانە دەکات، کە ئێستایان دروستکردووە. مێژوو تەنیا کۆمەڵێک رووداوی مردووی بێ گیان و بێ کاریگەریی نییە، کە پەیوەندی بە ئێستاوە نەبێت. هەروەها زۆر بە دەگمەن نەبێت، رووداوێکی رابردوو نادۆزرێتەوە کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە ئێستاوە نەبەسترابێتەوە. کەسی بیرکەرەوە و توێژەرانی مێژوو، مامەڵە لەگەڵ تاکە رووداوێکدا ناکەن، کە هیچ بەڵگە و ئاماژەیەک بۆ راستی و دروستی نەبێت، هەروەها خۆشیان بە رووداوێکەوە سەرقاڵ ناکەن، کە تەنیا یەک شایەت و یەک گێڕەرەوەی هەبێت. ئەگەر وا بووایە، تۆماری مێژووی مرۆڤ لەبری ئەوەی زانست بێت، دەبوو شانامەی خەیاڵی پاڵەوانە بچکۆلەکان.

 

سەرچاوەکانی مێژوو

مێژووی مرۆڤایەتی و ئەو بوارانەی مرۆڤ دایهێناون، فرەڕەنگ و جۆراوجۆرە. هەر بۆیە لە نووسینەوەی مێژوویشدا تاکە هۆکارێک بە هەند وەرناگیرێت. هەر وەک چۆن هەموو رووداوێکش شایانی نووسینەوە و تۆمارکردن نییە. کەواتە ئەوەی مێژوو دەنووسێتەوە، تەنیا ئەرکی تۆمارکردنی هەموو رووداوێکی لە ئەستۆ نییە بەڵکو ئەرکی سەرەکی مێژوونووس ئەوەیە ئەو رووداوانە بدۆزێتەوە کە مێژوو دەبزوێنن و رەوتی رووداوەکان هەڵدەسووڕێنن. بۆ نموونە شێوازی ژیانی رۆژانەی قازی محەمەد و ئەو خواردنانەی خواردوویەتی یان ئەو جلانەی لەبەریکردووە، مێژووی دروست نەکرد بەڵکو چالاکییە سیاسییەکانی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی و کۆبوونەوەی هاوڕێکانی لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، بوونە هۆی هاتنەئارای کۆماری کوردستان. بە مانایەکی تر، رووداوی سەرەکی و گەورە لە ژیانی قازی محەمەددا، دروستکردنی کۆماری کوردستانە. رووداوی دروستکردنی کۆمار مێژووە و دەمێنێتەوە. هەروەها دامەزراندن و بنیاتنانی کۆمار لە مێژووی کورددا، رووداوێکە تاکو ئێستای ئێمە درێژبووەتەوە و ماوەتەوە. هەم بووەتە بەشێک لە یادەوەری و هۆشیاری نەتەوایەتی کورد و هەمیش بووەتە بزوێنەری جووڵەی سیاسی لە دوای خۆی. هاوکات ئێمە لەم سەردەمەدا تەنیا لە یەک سەرچاوەوە زانیاری لەبارەی کۆماری کوردستان گلێر ناکەینەوە، بەڵکو لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە رووداوەکانی کۆمار شیتەڵ و شی دەکەینەوە. بۆ نموونە بەڵگەنامەکانی ئێران و یەکێتیی سۆڤیەت و بریتانیا لەلایەک و رۆژنامە و گۆڤارەکانی کۆمار لەو سەردەمەدا پێویستە لەگەڵ یادەوەرینامە و بەیت و بالۆرە کوردییەکاندا بەراورد بکرێت بۆ ئەوەی وێنایەکی بێگەرد لەبارەی کۆمارەوە دەستەبەر بکەین. خۆ ئەگەر تەنیا پشتمان بە لاوک و حەیران و گۆرانییە کوردییەکان و بەشێک لە یادەوەری خەڵکی خۆمان ببەستایە، دەمانگوت کۆماری کوردستان ئیمپراتۆریای کوردستان بووە. هەروەها کۆماری کوردستان تەنیا 11 مانگ نا بەڵکو 11 سەدە ماوەتەوە.

 

فرەڕەنگی لە نووسینەوەی مێژوودا

لە سەردەمە نوێیەکاندا، تاکەکەس بە تەنیا مێژوویەکی پانوپۆڕ نانووسێتەوە. بەڵکو چەندین بوار و کایە لە نووسینەوەی مێژوویەکدا بەشدار دەبن. دوور نییە بەشێک لە مێژووی کۆمەڵگەکان، دوژمن و رکەبەرەکانیان بینووسنەوە. جا ئەگەر بە لۆجێکی رووداوەکان لێکنەدرێتەوە، رکەبەر و دوژمنەکان لە بەرژەوەندی خەڵکانی تر قسە ناکەن و مێژوو نانووسنەوە. بە تایبەتی دوای ئەوەی مێژوو دەبێتە بەشێک لە شوناس و رەوایەتی بە هەڵسوکەوتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا دەدات، چیتر لە توانادا نامێنێت مێژوو وەک مێژووی سەروەری تاکەلایەن و تاکەکۆمەڵێک و تاکەکەسێک لێکبدرێتەوە. لە مێژووی نزیکی ئێمەدا، شۆڕەسواری زۆرمان هەیە ئێستا وەک سیزار و ئیمپراتۆر دەناسێنرێن بەڵام کاتێک رووداوەکانی ئێستا بەراورد دەکەیت بەو کەسایەتییە خەیاڵییەی دروستکراوە، ناهاوسەنگییەکی گەورە دروست دەبێت. کەسی بیرکەرەوە لە دۆخێکی لەو چەشنەدا دەپرسێت ئەم ئێستایە، لە کوێی ئەو رابردووە دەچێت؟

 

بیرکردنەوە لەوەی کێ مێژووی نووسیوە

بیرکردنەوە لەوەی کێ مێژووی نووسیوە، بیرۆکەیەکی نوێ نییە و هەزاران ساڵە بەردەوامە. هۆکاری ئەوەش دوور نییە بۆ ئەو چەواشەکارییانە بگەڕێتەوە کە لە رابردوودا کراوە. بەڵام کاتێک بە شێوەیەکی زاستی رەوتی مێژوو لێکدەدرێتەوە، هیچ دەرفەتێک بۆ شێواندن و چەواشەکارییەکان نامێنێتەوە. یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە ئەو پرسیارە لە زهنی ئێمەدا گرنگ دەکات و بایەخی پێ دەدەین، بریتییە لەوەی خەڵکانی ئاست نزم و تێکشکاو، لە قۆناغ و دۆخێکی تردا، هەوڵ دەدەن مێژووییەکی تر بۆ خۆیان بنووسنەوە. بە مانایەکی تر، کاتێک دۆخی ئێستا لەگەڵ رابردوودا یەکناگرێتەوە و ناهاوسەنگ دەبێت، پرسیاری کێ مێژوو دەنووسێتەوە، بایەخ و گرنگی گەورەی دەبێت. هەر بۆیە زۆرجار مرۆڤەکان لە زهنی خۆیاندا دەپرسن: ئەم ئێستایە هی ئەو رابردووەیە؟

 

تەنیا براوەکان مێژوو دەنووسنەوە؟

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دکتۆر لیڤی ڕۆچ، پرۆفیسۆری مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست لە زانکۆی ئێکستەر، هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی تایبەت وەڵامی پرسیاری (داخۆ سەرجەم براوەکان مێژوونووسن؟) دەداتەوە و دەڵێت: پێمان خۆش بێت یان نا ئەو دەربڕینە دێرینەی دەڵێت مێژوو سەرکەوتوو یان براوەکان دەینووسنەوە، تا ئەندازەیەک راستە. ڕابردوو لە گۆشەنیگای بۆچوونە باوەکان و لە ڕوانگەی ئەو بەرژەوەندی و بیرۆکە جیهانییانەوە دەبینین کە ئێستا دەیانناسین. بۆ نموونە ئێمە بەگشتی ئەو پێشهاتانەی هاوتەریبن لەگەڵ ڕەوتی مۆدێرنە و تازەگەریدا، بە پێشکەوتنێکی سروشتی و ئاسایی دەزانین. هەروەها نکۆڵی لەو ئاستەنگ و لەمپەرانە دەکەین کە هاتوونەتە سەر ڕێی (قۆناغی مۆدێرنە و تازەگەری). واتە رووداوە تۆمارکراوەکانی رابردوو، بەپێی دۆخی ئێستا لێکدەدەینەوە و زۆرجار بیر لەو تەنگ و چەڵەمانە ناکەینەوە، کە لە رابردوودا ئەم قۆناغە یان ئەم دۆخەی دروستکردووە. بەڵکو بە دیدێکی سادە و ئاسایی رووداوەکانی رابردوو لێکدەدەینەوە.

کاتێک بە دیدێکی ئەمڕۆیانەوە بیر لە قۆناغی مۆدێرنە دەکەینەوە، ئەو دامەزراوانەی کە ڕۆڵیان لە پێکهاتنی قۆناغی مۆدێرنەدا هەبووە و رۆڵیان لە تۆمارکردن و کۆکردنەوەی مێژوودا هەبووە نادیدە دەگرین. بۆ نموونە لە ئینگلتەرا ئەرشیفی نیشتمانی و کتێبخانەی بەریتانیا مێژووی مۆدێرنی ئینگلتەرا و سەدەکانی ناوەڕاستیان تۆمار کردووە. هەمان شت بۆ باقی وڵاتانی ئەوروپاش راستە. بێگومان ئەمە خۆی لە خۆیدا شتێکی نوێ نییە. لە سەردەمی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەمانە کتێبخانە و ئەرشیفی گەورەی ئایینی و حکومی بوون، بەپێی ویستی خۆیان زانیارییەکانیان ڕێکدەخست. هەر بۆیە کاتێک ئێستا بیر لەو مێژووە دەکەینەوە، هاوکێشەی دۆڕاو و براوە، یان سەرکەوتوو و سەرنەکەوتوو زۆر مانایان نابێت چونکە دامەزراوەیەکی گەورە رۆڵی لە نووسینەوەی مێژووی ئەو قۆناغەدا هەبووە. هەروەها رۆڵی گرنگیشیان لە پرۆسەی بە مۆدێرنکردنی خەڵک و دامودەزگا و زانست و فەلسەفەدا گێڕاوە.

ئەوەش بەو مانایە نایات کە هەمیشە مێژوو بە دەستی سەرکەوتووەکان و بۆ مانەوەی خۆیان نووسراوەتەوە. هەروەک هەندێک بارودۆخی تایبەت، سەرکەوتووەکان تەنیا لە هەندێک دۆخدا توانیویانە بزوێنەری مێژوو بن، هەروەها هەمیشەیش براوە نەبوون. لە بەردەوامبوونی رەوتی مێژوودا، هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەگۆڕێن. هەموو سەرکەوتووەکان هاوشێوە نین تەنانەت هەندێکجار دژی باوانی خۆشیان بوون. وێڕای ئەوە هۆکاری زیاتر لە دەسەڵاتی سیاسی کاریگەری بەسەر رەوتی مێژووەوە هەیە.

بۆ نموونە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، توانای خوێندنەوە و نووسین، هەر لە سەرەتاوە تۆمارکردنی رووداوەکانی دەستەبەر دەکرد. پێش نووسینی هەر دەقێک ئێمە مامەڵە لەگەڵ بۆچوونی کەسی سێیەمیشدا دەکەین. چی بۆچوونی سەرکەوتووەکان یان ئەوانی تر. کە ئەوەش نووسەرە خوێنەوارەکانن، زۆرجار ئەو کەسانە نە براوەن و نە دۆڕاو. بۆ نموونە چیرۆکی هێرشی ڤاکینگەکان بە قەڵەمی خۆیان نەنووسراوە بەڵکو بە قەڵەمی قوربانییەکانیان نووسراوەتەوە. هەروەها راپەڕینی سلۆڤینییەکان لەساڵی 983 زاینی بە هەمان شێوەیە. کە بووە هۆی روخانی چەند دەسەڵاتدار و میرنشینێکی مەسیحی لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا. زۆربەی ئەو رووداوانە لە زمانی قوربانییەکانەوە دەبیستین نەک سەرکەوتووەکان. هەمیشە مێژوو زیاترە لە دوو رەهەندییەکی سادە.

 

کاتێک چەواشەکارییەکان ئاشکرا دەبن

لوسی ڤودینگ، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، دەڵێت: وا دیارە هەندێک لە تۆمارە مێژووییەکان لەلایەن سەرکەوتووەکانەوە نەنووسراونەتەوە. بۆ نموونە مێژووی چاکسازییەکانی ئینگلتەرا، کە مەزهەبی ئەو وڵاتەی کردە پرۆتستانت و لە بەرامبەر دوژمنە کاسۆلیکەکانی ئەودیوی ئاوەکاندا وەستانەوە، گێڕانەوەی باو و باڵادەست لە وڵاتەکەدا بۆ چەندین سەدە لەژێر کاریگەریی سەرکەوتنی پرۆتستانتەکان بوو. کڵێسای کاسۆلیکی پێش چاکسازی وەک خورافی و سەرکوتکەر ناسێندرا. بە پێچەوانەوە پرۆتستانتیش خۆیان وەک ئازادیخواز و رۆشنگەر دەناساند. دواتر، کاسۆلیکەکان بە تیرۆرکردن و داگیرکردنی بەلەمە ئیسپانییەکان ناسێنران. بەڵام لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا، هەڵوێست لەبەرامبەر شوناسی ئایینی گۆڕانی بەسەردا هات، ئەو قسە و گێڕانەوانە خرایە ژێر پرسیارەوە. دواتر لێکدانەوەیەکی مێژوویی جیاواز سەریهەڵدا و پێی وایە کڵێسای کاسۆلیکی پێش چاکسازییەکان لە بەریتانیا، چەندین خاڵی بەهێزی هەبووە. پرۆتستانتیزم کە لەلایەن نوخبە نەخوێندەوارەکانەوە بەرەوپێش دەچوو، زۆرێک لە چەمکە بەنرخەکانی کولتووری ئایینی نەریتی لەناوبرد.

لە هەمان کاتدا پێناسەی لایەنی براوە و سەرکەوتوو لە مێژوودا کێشەدارە. هەر بۆیە لوسی ڤودینگ دەپرسێت بە ڕاستی مەبەستمان لەم ناونیشانە کێیە؟ واتە براوەکان کێن؟ ئەوەش لەکاتێکدایە لە دونیای فیکردا، دوو نووسەر و شاعیر و درامانووس و تیۆرداڕێژەرێکی سیاسی نادۆزیتەوە لەسەر پێناسەی ئەو چەمکە بە تەواوی هاوڕا بن. جگە لەوەش کاتێک ئامانج و مەبەستێکی سیاسی لەناو مێژوودا دەدۆزرێتەوە، دەتوانرێت ببێتە کەرەستەیەک بۆ سەرکەوتن یان پیشاندانی سەرکەوتن. لە هەموو سەردەمێکدا بەگشتی و سەردەمی ئێمە بەتایبەتی، سیاسەتمەدارە نەناسراوەکان بۆ مەبەستی خۆیان دەستکاری مێژوو دەکەن. بەڵام ئەوە ئەو مێژووە نییە کە سەرکەوتووەکان نووسیویانە، بەڵکو زیاتر لە دزینی مێژوو دەچێت لەلایەن ئەو کەسانەی بۆ سەرکەوتن تێدەکۆشن. بەڵام زانستی مێژوو چارەسەرێکی ناوخۆیی بۆ ئەو کێشەیە هەیە. مێژوو ئەگەر بە دروستی بنووسرێتەوە، شێواندن و بەلاڕێدابردن و چەواشەکان ئاشکرا دەکات. مێژوونووسی زانستی و بێ لایەن ڕابردوو ناگێڕێتەوە، بەڵکو لێی دەکۆڵێتەوە. واتە هەرچەندە مرۆڤە ئاست نزمەکان دەستکاری مێژوو دەکەن، بەڵام دەتوانرێت سوود و کەڵک لە مێژوو وەربگیردرێت بۆ ئاشکراکردنی نیەتی ئەو کەسانەی کە ئامانجیان دۆزینەوەی ڕاستییەکان نییە بەڵکو بۆ قازانج و بەرژەوەندیی شەخسی دەگەڕێن.

 

داخۆ دڵنیاین کێ براوەیە؟

فیلیپ تزار، مێژوونووس لە وەڵامی پرسیاری ئاخۆ ئێستا و دوای تێپەڕین بەسەر چەند قۆناغدا دڵنیاین کاملا سەرکەوتووە یان براوەیە؟ دەڵێت: مێژووی پۆست کۆمۆنیزم لە ئەوروپا لە دوای ساڵی ١٩٨٩ لەبەرچاو بگرن؛ دیارە ئەم مێژووە لەلایەن سەرکەوتووانی شەڕەوە نووسراوە. لە ڕاستیدا ئەم سەرکەوتنە هێندە پڕ و تەواو بوو، کە فرانسیس فۆکۆیاما بە ئاشکرا وتی بەم زووانە شتێکی نوێ بۆ نووسین نامێنێتەوە؛ ئەو بە کۆتایی مێژوو ناوی برد. کەواتە جیهان بەرەو ئابووری بازاڕی ئازاد و دیموکراسی لیبڕاڵ هەنگاو دەنێت .بەڵام ئێستا دەبێت بەڕاستی لە خۆمان بپرسین مەبەستمان لە "سەرکەوتوو" چییە و دڵنیاین کێ براوەیە؟ کەی دەتوانین سەرکەوتنەکەی ڕابگەیەنین؟ فۆکۆیاما سەبارەت بە سەرهەڵدانی سەرمایەداری جیهانی ڕاستی دەکرد، بەڵام ئاگاداری ئەوە نەبوو کە سەرمایەداری لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانیشدا گەشە دەکات.

ئەمڕۆ ڕەخنەگرتن لە فۆکۆیاما ئاسانە. بەڵام زۆربەی زانایانی زانستی کۆمەڵایەتی و زانستە مرۆڤایەتییەکان، کە لەسەر قۆناغی دوای کۆمۆنیزم لێکۆڵینەوەیان دەکرد و دەیاننووسی، گریمانەکانی ئەویان پەیڕەو کرد و لە چۆنیەتی چەسپاندنی دیموکراسی و بەتایبەتکردن و چاکسازییەکانی تری بازاڕگەراییان کۆڵییەوە. لەکاتێکدا ئەو زانایانە تا ڕادەیەکی زۆر ئاماژە سەرەتاییەکانی قەیرانیان لە وڵاتانی دیموکراسیدا پشتگوێ خست، لەوانە کەمبوونەوەی دەنگدەران و بەشداریی سیاسی خەڵک لە پرۆسە سیاسییەکاندا. هەروەها کاریگەرییە لاوەکییەکانی چاکسازییە نیولیبراڵییەکان، وەک زیادبوونی نایەکسانی ناوچەیی و کۆمەڵایەتی، چاوپۆشییان لێکرا.

نووسینی مێژوو بە دەستی براوەکان واتە دۆڕاویش هەیە. لە سەردەمی دوای ساڵی ١٩٨٩ دا، لێکدانەوەی دوو جەمسەری (چاکە و خراپە) وا دەکات تۆ کۆمۆنیزم ئیدانە بکەیت، بەڵام ئەمە لەگەڵ ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی ئەو کەسانەدا نەدەگونجا، کە لەژێر کۆمۆنیزمدا ژیاون. هەرچەندە (لانی کەم لە ڕۆژئاوا)، کۆمۆنیزم خراوەتە سەر رەفەی کتێبەکانی مێژووەوە، بەڵام کۆمۆنیزم بە شێوازی تر و لە دوای جەنگی سارد و دابەشبوونی ئەوروپا بەسەر بلۆکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیدا، هێشتا بەردەوام بوو. ئەم دۆخە تاکو قەیرانی دارایی جیهان لەساڵی ٢٠٠٨ تاڕادەیەکی باش درێژەی کێشا. بەڵام دوای ئەوەی شکۆی دەسەڵاتی نیولیبراڵ شکا؛ یەکەم: چونکە حکومەتی "خراپ" ناچار بوو قەیرانی دارایی جیهانی چارەسەر بکات، پاشان لە بەرەی سیاسیدا، ساڵی ٢٠١٦ شایەتی سەرهەڵدانی توندڕەوی پۆپۆلیستی و ناسیۆنالیستی دژە لیبراڵ بوو. لەم چوارچێوەیەدا ڕەنگە لە خۆمان بپرسین: ئایا بەڕاستی ئەوانەی بەناو براوەی جەنگی سارد سەرکەوتنیان بەدەستهێنا؟ کەچی هیچ سەرکەوتنێک ئەبەدی نییە، هەر بۆیە هیچ مێژوویەکیش ئەبەدی نییە.

 

ئێستا مێژوونووسەکان مێژوو دەنووسنەوە

مێژوو لەلایەن مێژوونووسەوە دەنووسرێتەوە و دەخرێتە پارسەنگی زانستەوە. چونکە مێژوو حەکایەتی بەرئاگردان نییە تاکو بە خواست و مەیلی تاکەکەسێک بگێڕدرێتەوە. هەر لە چوارچێوەی ئەو باسەدا، بریجیت هیڵ پرۆفیسۆری مێژووی مۆدێرن لە زانکۆی سانت ئەندرۆس، جەخت لەوە دەکاتەوە، مێژوو لەلایەن مێژوونووسەوە دەنووسرێتەوە و دەڵێت: لەم دواییانەدا ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بە گاڵتەجاڕیەوە نووسیبووی، ئەگەر مێژوونووسێکی پیشەیی ببینیت و چاوێک بە جل و بەرگ و ئۆتۆمبێل و ماڵەکەیدا بخشێنیت، چیتر ناڵێی مێژوو لەلایەن سەرکەوتووەکانەوە نووسراوە. پڕۆسەی پیشەییکردن و بە ئەکادیمیکردنی نووسینەوەی مێژوو، کە لانیکەم لە سەدەی هەژدەیەمەوە دەستی پێکردووە، بووەتە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ مێژوو بە شێوەیەکی سەرەکی بە دەستی مێژوونووسانەوە بنووسرێت. لە سەدەی بیست و یەکدا هێشتا کۆمەڵگەی ئەکادیمی بەدەست هەمەجۆرییەکی کەمەوە دەناڵێنێت، بەڵام لانیکەم پێویستی بە شیکردنەوەی ڕابردووە و درکیان بە هەموو ئاڵۆزییەکانی کردووە. پرسی براوە و دۆڕاو یەکێکە لە دەرئەنجامە گەورەکانی مێژووی کۆیلایەتی و کۆلۆنیاڵیزم. ئەوەش لەگەڵ پرسی داڕشتن و دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوە رووبەڕوومان دەکاتەوە.

کەواتە پرسیاری گوێ لە کێ بگرین، خاوەن پیگەیەکی گرنگی زانستی و واقعییە. هەر بۆیە ئەم جۆرە پرسیارانە کاریگەرییان لەسەر لێکۆڵینەوەی مێژوو هەبووە. بۆ نموونە لەبارەی مێژووی مۆدێرنەی ئەورووپادا لانیکەم لە حەفتەکانەوە، زانایان هەوڵیان دا بە مێژووی کەمینە بێبەش و ستەملێکراوەکان و ئەو گرووپانەی کە مێژووی نووسراوی زۆریان نەبووە، بچنەوە.

سەبارەت بە سەرەتای سەردەمی مۆدێرن، مێژووی ژنان و مێژووی هاوڕەگەزخوازن و مێژووی کەمینە ئایینییەکان و مێژووی پەناخوازان و کۆچەران، بۆ هەموو ئەم گروپانە ئێستا مێژووی دوور و درێژ دۆزراونەتەوە و تۆمارکراون. بۆ نموونە، بە لێکۆڵینەوە لەسەر پرسێکی شێتانەی جادووگەر کوشتن لە سەدەی ١٦ و ١٧، مێژوونووسان توانیویانە بەسەر گێڕانەوەی شێواوی ناو تۆمارە فەرمییەکاندا زاڵ بن و بیروباوەڕی تۆمەتبارەکان وەربگرنەوە بە بەکارهێنانی ڕێبازگەلێک کە لە ئەنترۆپۆلۆژی و دەروونناسیەوە ئیلهامیان وەرگرتووە. تەنانەت گێڕانەوەی مێژووی شەڕەکان، کە ماوەیەکی زۆر لە دەستی حکومەتەکاندا بوو و تیشک خراوەتە سەر سیاسەت و دیپلۆماسی و ستراتیژی سەربازی، ئەمڕۆ گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

کەواتە بەڵێ بێگومان مێژوو بەزۆری لەلایەن براوەکانەوە دەنووسرێت. بەڵام بەختەوەرانە کۆمەڵێک مێژوونووسی پابەند و خوێندەوار هەن، هەرچەندە هەژارن و جل و بەرگی باشیان لەبەردا نییە، هەمیشە هەوڵ دەدەن گێڕانەوە و بۆچوونی زاڵی براوە و سەرکەوتووەکان تێپەڕێنن و نەکەونە ژێر کاریگەرییانەوە.

 

 

ئامادەکردنی هاوار نەسرەدین

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ــــــــــــــــــــ

سەرچاوە:

  • فەلسەفەی مێژوو: د.حەمید عەزیز، گۆڤاری رامان
  • آیا واقعا تاریخ را فاتحان می‌نویسند؟ مجلە نبشت
  • فلسفه تاریخ هگل: پرتال علوم انسانی