A+    A-
(2,613) جار خوێندراوەتەوە

 

                "هيچ ئازادييه‌ك نيه‌ به‌بێ خوێن"

 

 

 

 گفتوگۆ لەگەڵ "سلاڤۆی ژیژەک" (دێرشپیگڵ، 2015)                                                          به‌ فايلى pdf بيخوێنه‌وه‌

 وەرگێڕانى: ئاکۆ حەسەن

 

 

 

 

 

بەڕێز ژیژەک، قەیرانە دارایی و ئابورییەکان ئەوەیان دەرخست کە بازاڕی ئازاد تاچەندە توانای خۆڕاگرتنی هەیە، تۆ کە ئەوەت کردۆتە ئەرکی خۆت لە لێکدژییەکانی نێو سیستەمی سەرمایەداریی هاوچەرخ بڕوانیت، ئایا چاوەڕوانی شۆڕشێکی نوێ دەکەیت؟

•بەداخەوە، نەخێر.

 

بەڵام ئارەزووی ئەزمونکردنێکی وادەکەیت؟ ئایا تائێستەش هەر کۆمۆنیستیت؟

•هەندێک وەک مارکسییەکى شێتۆکە دەمبینن کە چاوەڕوانی کۆتایی مێژوو دەکەم، لەوە دەچێت من زۆرسەیر بم، بەڵام شێت نیم، من لەبەر نەبوونی شتێکی باشتر لە کۆمۆنیزم، و لە دەرەوەی ئەو بارودۆخە نائومێدەی بەسەر ئەوروپادا هاتووە کۆمۆنیستم. شەش مانگ لەمەوبەر لە کۆریای باشور بووم بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی قەیرانی ناو سەرمایەداریی جیهانی. وەک دەزانیت وەک هەمیشە، لەکاتی بەڵگەهێنانەوەم بەو جۆرەی پێی ڕاهاتووم، لەناو ئامادەبوواندا تريقه‌ى پێکەنین دەستیپێکرد، دوای گفتوگۆکە یەکیان وتی: ((تۆ باس لە چی دەکەیت؟ ئەوان پێیان وابوو تەنها بە تەماشایەکی چین، کۆریای باشور، یابان و سەنگافورە، ڤێتنام، ئەوە دەبینیت کە ئەو وڵاتانە لەڕووی ئابورییەوە لە بارودۆخێکی باشدان، کەواتە ئەوە کێیە خزاوەتە ناو قەیرانەکەوە؟ ئەوە خۆرئاوای ئەوروپا، یان زۆر وردتر، چەند بەشێکی خۆرئاوای ئەوروپایە.

 

باشە، بەڵام شتەکە هەروا بەو سادەییە نیە.

•بەهەرحاڵ ئەوە بەشێکی ڕاستییەکەیە، بۆچی ئێمەی ئەوروپایی لەو بڕوایەداین کە بارودۆخی خەمهێنەری ئێمە قەیرانێکی بێ‌خەوشە؟ وابیردەکەمەوە کێشەکە زیاد لەوەی پرسیار لە گوتنی بەڵێ یان نەخێر بێت دەرهەق بە سەرمایەدارى، زیاتر پرسی داهاتووی دیموکراسیەتی خۆرئاواییە، لەڕاستیدا شتێکی تاریک لەئاسۆدا شێوەى خۆى وەرگرتووە و یەکەم سەرەتاکانی گەردەلولەکانیمان پێگەشتووە.

 

دەتەوێت بڵێیت قەیرانی دارایی سه‌رده‌كێشێت بۆ قەیرانی سیاسیيش؟

•چین و سەنگافورە و هند و-نزیکتر لەخۆشمان- بەم دواییانە تورکیا، مژدەدەری داهاتوویەکی باش نین. ئەوە بڕوای منە کە سەرمایەداریی مۆدێرن لەدۆخی فراوانبووندا لەڕێڕەوێکدایە کە باشتر چالاک دەبێت بەبێ بوونی دیموکراسییەکی تەواو پەرەسەندووش. گەشەکردنی ئەو شتەی کە سەرمایەداری بە بەهای ئاسیاییانە ناودەبرێت لە 10ساڵی ڕابردوودا لانیکەم گومان و دوودڵی و پرسیارگەلێکی هێنایە ئاراوە: چی دەبێت ئەگەر سەرمایەداریی ستەمکارانە لە مۆدێلە چینیەکەیدا، نیشانەی ئەوە بێت لیبراڵ دیموکراسی وەک ئەوەی ئێمە لێی تێگەیشتووین، زیاد لە مەرجێک بێت بۆ پەرەسەندنی ئابوری، لەبری ئەوەی بەڕێگەی خۆیدا بڕوات؟

 

دیموکراسی لەپێناوی ڕێگەخۆشکردن بۆ سەرمایەداريدا نیە، ئەو لەوێیە بۆ بەرهەڵستیکردنی مەترسییە شاراوەکانی سەرمایەداری، شتێک کە دەبێتە هۆی ئەوەی دیموکراسی زیاتر بابه‌تى و بێ‌جێگره‌وه‌[1] بێت.

•ڕاستە، بەڵام دەبێت بنەمایەکی زیاد لەوە، واتە شتێکی زیاتر لەبنەمای هەڵبژاردنی ئازاد بوونی هەبێت. دەشێ ئازادیی هەڵبژاردن کۆمەڵگە بەرەو هەر ئاراستەیەکی شیاو ڕێنوێنی بکات، لەم ڕووەوە من کابرایەکى لینینیم، لینین هەمیشە بە تانەوە دەیپرسى: ئازادی-بەڵێ، بەڵام بۆ چ کەسانێک؟ ئەى بۆچییانە؟

 

ئازادی، مافی چارەی خۆنوسینە. هەروەها، بەپلەی یەکەم و پێش هەموو شتێک، ئازادیی دەربڕین و بیروباوەڕیش بەشێکە لەوە.

•نایابە! من كه‌سێكى ستالینی نیم کە گاڵتەی بەئازادیی مەدەنی دەکرد و بڵێم تەنها بەشێک لەهێڵی حیزب ڕاستە کە لەسەر بنەمای ئازادیی واقیعی بنیاتنراوە. لە ڕووبەرە تاكه‌کەسی و تایبەتییەکاندا، ئازادیی هەڵبژاردن لە گەشەکردندایە، تەنانەت لە وڵاتى چینیش. من ئاماژە بە ڕووبەرەکانی وەک ئازادیی سێکشواڵی دەکەم، ئازادیی گەشتکردن، بازرگانیی ئازاد و هەروەها ئازادیی دەوڵەمەندبوون. بەڵام پێم سەیرە ئەگەر ئەو ئەندازەیە بەس بێت و و ئەوەی کە دەشێت ئەو جۆرە لە ئازادیی شەخسی دەربارەی هەڵبژاردن لەڕاستیدا تەڵەیەک بێت. دەبێت ئاگامان لەوە بێت گەشەکردنی ئازادییە تاکەکەسیەکان ده‌مامكێکە سڕینەوەی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانی پێ‌دادەپۆشرێت. ئەو چاودێرییە کلاسیکیەی دەوڵەتى خۆشگوزه‌ران[2] ئێستە وێرانبووە. ئێمە لە دۆخی لەدەستدانی دیمەنێکداین کە تێیدا جووڵەی ژیانی کۆمەڵایەتیمانی لەوەی ڕابردوو هەبووە جیاوازکردووە. بژاردەگەلێک کە دەتوانین تيايدا بژین و ئەوانە لە دەرەوەی ئازادییە شه‌خسييه‌كانمانه‌وه‌ پێویستی  بە پێناسەکردنەوە هەیە.

 

بە دەربڕینێکی دیکە، تۆ بەشێکی گەورە لەو مشتومڕەی ئێستە هەیە پشتگوێ دەخەیت. ئێمە شۆڕشی ساڵی 1968ی خوێندکارانی زانکۆ(لەفەرەنسا)مان بینی، بەڵام نەگەیشتە هیچ ئەنجامێکی دیاریکراو، جگه‌ له‌و سودانه‌ى کە لە بواری ئازادیی ليبراڵى مەدەنیدا بەدەستهاتن. بەپێچەوانەی ئارەزووی ئازادییە فه‌ردیيەکانەوە، ئایا وه‌سوه‌سه‌ى تۆتالیتاریەت لە ڕێکخستنی ئارەزووی کۆمەڵایەتیدا بۆ زاڵبوون بەسەر ڕژێمە باڵاده‌سته‌كاندا، لە پشت و پاشه‌مله‌وه‌ ئه‌نجامنه‌درا؟

• سەدەی بیست کۆتایی هاتووە. ڕژێمە سەراپاگیرەکان(totalitarian) توانای مانەوەی درێژماوەیان نەماوە. ئەگەر بمانەوێت ئەو وێنەیەی کە لەسەر ئێمە لە خۆرئاوا هەیانە بیپارێزین، ئەوا پێویستە دووبارە بپەرژێینەوە سەر کۆمەڵێکی زۆر لەو پرسیارانەی کە دەربارەی برەوی ئازادییە دیموکراتیەکان و توانای خۆئازادکردنە. ئەمە بەوردی ئەو جێیەیە کە ئەوروپا دووچاری هەڕەشە دەکاتەوە. من چەپێکی ئەوروپاسەنتەرم. ئەم ڕۆژانە ڕەخنە لە ئەوروپاسەنتەرى بەناوی فرەکەلتورییەوە لە ناوەندە چەپەکاندا بۆتە مۆدێل. بەڵام من باوەڕم وایە کە ئێمە لە هەرکات زیاتر پێویستمان بە ئەوروپا هەیە. تەنها چەند ساتێک بیر لە جیهان بکەرەوە بەبێ ئەوروپا. تۆ تەنیا دوو جەمسەرت دەبێت: لەلایەکەوە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لەگەڵ نیولیبراڵیزمە بێبەزەییەکەیدا و، هەروەها ئەوەی بە سەرمایەداری ئاسیایی ناودەبرێت، لەگەڵ پێکهاتە سیاسییە ستەمکارەکەیدا. لە ناوەندی ئەمانەدا ڕوسیای پوتین-ت هەیە، لەگەڵ ئامانجە فراوانخوازیەکەیدا. بەو وێنایە ئێوە دەشێت گەورەترین بەشێکی بەبەهای میراتی ئەوروپیتان لەدەستچووبێت، کە لەودا دیموکراسی و ئازادی پێداویستیی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و بەبێ ئەو یەکسانی و داد ناڕەخسێن.

 

ئەوە میراتی ڕۆشنگەرییە، گواستنەوەیە لە ناکامڵیەوە بەرەو سەربەخۆیی ئیرادە.

•بەتەواوەتی! من هاوبیر و یەکێک لە هاوڕێ باشەکانی یۆرگن هابرماس نیم، بەڵام بەتەواوەتی لەم خاڵەدا هاوڕای ئەوم. لە هەمووکات زیاتر، پێویستە بەردەوامبین لەدەستگرتن بەپڕۆژەی ڕۆشنگەریی ئەوروپیەوە. ئەوە تاکە شتێکە کە مۆڵەتی گۆڕانمان پێدەدات لە هێڵگەلێکدا کە مومکین و شیاو یان کردەنی دێنەبەرچاو.

 

ئایا ئەو ئامانجە چاوەڕوانییەکی زیاد لە پێویست نیە لەلیبراڵ-دیموکراسی؟

•بەڵێ، پێویسته لە لیبراڵدیموکراسی تێپه‌ڕین. دیموکراسیيه‌كی ئاسايى و باو، هه‌ندێك كارى تایبەتیي خۆی هەیە بيكات: وا دێتە بەرچاو زۆرینەی دەنگدەران لەڕواڵەتدا بە ئازادیی هەڵبژاردن ڕەزامەندن. بەڵام لەڕاستیدا ئەوان هەر ئەوە دەکەن کە پێیان دەوترێت. ئەو وتەیە ئەوەیە کە بژاردەی دڵخوازی ئەڵمانیەکان دەوڵەتێکی هاوپەیمانیی مەزنە.(دەبێت ئاگامان لەوەبێت مەبەست لە هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لەواقیعدا هاوپەیمانیی دوو حیزبی گەورەی دەوڵەتەکەیە، واتە حیزبی سۆسیالدیموکراتی چەپ و حیزبی پارێزکارە دیموکراتە کریستیانیەکانە). ترس لە وەدیهاتنی ڕیشەییانە، بڕیاروەرگرتنی هەڵەشانە، خەڵک بەرەو بڕیاروەرگرتنی خۆبەخۆییانە لەسەر بنەمای هەلومەرج، سنوردارێتیی کردەکیانە و دۆخگەلی پێشتردیاریکراو ئارراستەدەکات. بەڵام هەندێک کات ئێوەش ناچارن بواری مانا بخەیتە جێی لێهاتوویی شیکاری شتەکان و لەگەڵیاندا بیگونجێنیت. گەشەکردنی ئیرادەیەکی گشتی بەو جۆرە ڕوونادات. گەشەکردنی ئیرادەی تاکی و تایبەتی دەمێنێتەوە و لەکۆتاییدا ناسیاسیانەیە. ئەوە ژينگه‌يه‌كى گرنگە بۆسەرمایەداری، بەو بەڵگەیەی ئازادیگەلی دیموکراسیانە و چێژپەرستیی تاکه‌كه‌سیانەی تاکەکان بۆ مه‌به‌ست و نیازیان بە ئامراز ئەوانی گۆڕیوە بۆ کۆمەڵیک تاکی خوگرتوو بە کارەوە.

 

ئێوە چی شتێک وەک جێگرەوە(بەدیل) دەبینن؟

•ڕێگەیەک نیە بۆ گەڕانەوە بۆ کۆمۆنیزم. ستالینیزم لە واتایەکی تایبەتدا لە فاشیزم خراپتر بوو، بەسەرنجدان لەوەی کە ئایدیالی کۆمۆنیستی ڕۆشنگەریانە بوو کە سەرەنجامەکەی بە ئازادبوونی گەلان کۆتاییهات.بەڵام هەروەها ئەوەش تراژیدیای دیالەکتیکی ڕۆشنگەری بوو. ستالینیزم تائێستەش وەک لوغز و مەتەڵێک لای من ماوەتەوە. فاشیزم هەرگیز ڕێگەی بە بەپلەوپایەگەیشتنی ڕۆشنگەری نەداوە، ئەو زۆربەتایبەت بەشوێن نوێکاریی پارێزکارانەوە بوو لەڕێگەی کەرەستە تاوانکارییەکانەوە. هەندێک کات هیتلەریش ڕەگوڕیشەیی یان بەئەندازەی پێویست توندوتیژ نەبووە.

 

چی؟ ئێوەبەجدی واناڵێن، ڕاستە؟

•ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە فاشیەت لەزۆرکاتدا کاردانەوەیە بەڕووی له‌خۆڕازيبوون و هیچوپوچیی بۆرژوازیەتدا، بەڵام ئەویش هێشتا بەندکراوی ئاسۆی کۆمەڵگەی بۆرژوازییە و زۆر بەوردی درێژەدانە بە کەمتەرخەمی و لەخۆڕازیبوون، بەتەواوەتی لەگەڵ واڵتەربنیامیندا هاوڕام لەو تێڕوانینه‌يدا كه هەموو سەرکەوتنێکی فاشیزم، بەرهەمی شکستى شۆڕشە: سەرکەوتنی فاشیزم ئەوە دەسەلمێنێت کە ئیمکان و ئەگەرى شۆڕش بوونی هەبووە بەڵام چەپ نەیزانیوە چۆنچۆنی سودى لێ وەرگرێت.

 

چۆن ئیشپێکردنی ئێستە بۆ بەها بنەماییەکانی لیبراڵیزم وەک: ئازادی، داد و یەکسانی دەبینیت؟ ئایا سیستمەی لیبراڵ-دیموکراسی ئەوەندە بەهێزە کە خۆی لە هێرشەکانی نالیبراڵەکان بپارێزێت؟

 

•من گومان لە توانای دەکەم بۆ ڕووبەروِوبوونەوەی بەرەنگاری(challenge.)ەکان، سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی لە دۆخی نزیکبوونەوەدایە لە خاڵی مەترسیداری سفر. ئەگەر ئەمە ڕووبدات و سیستەمی سەرمایەداری بکەوێت ئەوە لەبەر چوار هۆکار دەبێت: کارەساتی کەش وهەوا، ئەنجامە ئاشکرا و گرفتاوییەکانی لێکۆڵینەوەی بایۆجینەتیک، لاوازیی زاڵبوون بەسەر بازاڕی دراودا و زیادبونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەم بازاڕەدا تێکشکاون. لەو ڕووەوە زۆرێکی بازاڕە جیهانییەکان، بە هێزگەلێکی گەورەتر لە هێزگەلی داپڵۆسینی کۆمەڵایەتی گۆڕاون.

 

ئەو مەترسیيانە ناسێنران و بەفراوانییش گفتوگۆکران، ئێستە پێتوایە ئێمە هەمومان بەرەو هەڵدێر دەڕۆین؟

•نەبوونی جێگرەوەیەکی ئاشکرا بەمانای ئەوەنیە بەناچارى درێژە بەم بارودۆخەی ئێستەبدرێت، ئەگەر سیستەمەکەی ئێستە لەسەر خۆدووبارەکردنەوە بەردەوام بێت، بێگومان دەگەینە داڕمان. تاکەشتێک کە بتوانێت لیبراڵدیموکراسی ڕزگاربکات خۆی لەنوێکردنەوەی چەپدا دەبینێتەوە، ئەگەر چەپەکان جارێکی دیکە ئەو چانسە لەدەستبدەنەوە، ئەوکات مەترسیی فاشیزم یان لانیکەم ستەمکارییەکی نوێ گەشەدەکات.

 

ئەو هەوادارییانە لەئێستەدا بوونیان هەیە، فەندەمێنتاڵیزمى دینى نمونەیەکی ئەوەیە، لە بزووتنەوە ڕاستڕەوە پەڕگیرە پۆپۆلیستیەکاندا، و لە ناسیۆنالیستە شەڕانییەکاندا.

•ڕاستە، وەڵامدانەوە بەوە ناتوانێت ناڕەزایەتيی چەپەکان هاوڕێ لەگەڵ پشودرێژیدا بەرگەگرتوو و دركکراو بێت. نەخێر! بەوە، لیبراڵیزم کەمە کەمە خۆی لاوازدەکات. مافی ئەوەمان هەیە سنورێک دانێین. ئێمە لە ئەوروپا زیاد لە پێویست هەست بەگوناهباری دەکەین، تۆلێرانسى فرەكه‌لتوريى ئێمە سەرچاوەی لە هەستێکی دەستەجەمعیيەوە بەگوناه گرتووە، لە کۆمەڵێک هەڵەتێگەیشتنەوە کە دەتوانێت ئەوروپا بەرەو لەناوچوون ببات. گەورەترین هەڕەشەیەک بۆسەر ئەوروپا خۆسەنته‌رييه‌کەیەتی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پاشه‌كشێيه‌كه‌ى به‌ره‌و كه‌لتورى بێ‌جیاوازی و ڕێژەییبونی گشتی. لەو هەستەدا من توندڕەوم. ئازادی بەبێ بوونی بڕێکی دیاریکراو لەپێداگری ناتوانرێت بپارێزرێت. من نامەوێت گومان لە هەموو شت بکەم یان هەموشتێک بخەمەژێر پرسیارەوە .دۆگماتیزمی لیبراڵی لەسەر بنەمای ئەوەی هیگڵ بە جەوهەری ئەخلاقی ناوی بردووە بنیاتنراوە. هەر له‌به‌ر ئه‌وه‌ هەر شێوەیەک لە حەقانیەتی سیاسی، هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی شتێک کە دەبێت بەشێک لە جەوهەری ئەخلاقیمان لەبەرامبەر ڕێگريیە کۆمەڵایەتی یان ياساييه‌كاندا بێت.

 

ئایا هەموو کەلتورەکان خاڵێکی کۆتاییان نیە بۆ هەڵنەکردن(intolerance

  • هەندێک شت هەیە بەرگەگرتنیان نەشیاوە، وەک ئەوەی ژاک لاکان بنەمای بۆ دانا. چی دەبێت ئەگەر گۆڤارگەلێک لە ڕوی سەرگەرمیيەوە گاڵتە بە هۆڵۆکۆست بکەن؟ چی هه‌ستێكت هه‌يه‌ دەربارەی ئەو نوکتانەی کە سێکسی یان ڕەگەزپەرستین؟ شوێنگەی چەپ-لیبراڵ یان ئازادیخواز دەربارەی گاڵتە گشتیەکان یان گاڵتەجاڕيیە ناخۆشەکان ئارەزووی ڕۆشتن بۆ ئاراستەی پێچەوانە دەکات بەرەو لای زیادکردنی هەستیاری لەپێناوی بێدەسەڵاتيی ئەوانیتردا. خۆت دەزانیت، نوکتە بێشەرمانەکان تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ سنوری هه‌ڵكردن و بەرگەگرتنی ئەوانیتر لەنێوان هەندێک گرووپی كه‌لتوریدا، من ئەوانەم حەزلێیە.

 

زۆر بەجدی ڕاڕاتکردم کە زیاتر پرسیاربکەم؟

•لە یۆگۆسلاڤیا لەڕابردوودا، هەر پێکهاتەیەکی ناو کۆمارەکە نوکتەمان بەرامبەر ئەوانیتر هەبوو. بۆنمونە، واماندادەنا مۆنتینیگرۆییەکان تەمەڵن. مۆنتینگرۆ بومەلەرزەی هەبوو. کەوایە بۆچی مۆنتینیگرۆییەکان زه‌كه‌ريان دەکرد بەناو هەموو کون و کەلەبەرێکدا؟ ئەوان چاوەڕوانی لەرینەوەی داهاتوویان دەکرد چونکە لە دەسپەڕکردندا تەمبەڵ بوون. خومانگرتبوو بە دانانی کڵێشەگەلێکەوە دەربارەی کۆمارەکانی دیکە، لەسەر يەهودیەکانی پۆڵۆنیاش نوکتەگەلێکمان دروستکردبوو.

 

 

من باوەڕم وایە لەوتاقیکردنەوەی بەهێزتر بوونی نیە.

•        لێرەدا هێڵگەلێکی سوور هەیە، مەترسیيەکە گەورەتر دەبێت ئەگەر شتەکە پەیوەنديی بە دوو کۆمەڵی نەتەوەیی یان مەزهەبيی  جیاوازەوە هەبێت کە لە یەک ناوچەی هاوبەشی جوگرافیدا بژین و ڕێوڕەسمی ژیانیان وەرگری ئاشتی نەبێت، ئەگەر شتێک ڕووبدات بەدڵنیاییەوە کێشەیەک درووستدەبێت، بەتایبەت ئەگەر وێناکردنیان لە ڕەخنەی مەزهەب یان ڕێوڕەسم و دۆخی ژیانیان، وەک هێرشکردنە سەر شوناسیان وەریبگرن.

 

ئەم تەقینەوەیە بە هۆی ئەو ڕاگەیاندنەوە نیە کە بەم دواییانە بڵاوبۆتەوە و دەڵێت: ((ئیسلامیش بەشێکە لە ئەوروپا))؟

•هه‌ڵكردن و تۆلێرانس ڕێگەچاره نیە. ئەوەی پێویستیمان پێیەتی ئەوەیە کە ئەڵمانەکان بە((لایتکالتور))(leitkulture)ناویانناوە، كه‌لتورى هەژمونگەر: كه‌لتورێکی بەرز و پێشڕەو، دۆخێک کە لەودا وردە كه‌لتورەکانی دیکە  کاردەکەن، ڕێکیاندەخات. فرەكه‌لتوری، بە ڕێزگرتنی بەرامبەریانەی خۆی بۆ هەستیاریيەکانی ئەوانیتر، لەوە زیاتر بەکارنایەت کاتێک کە دەگاتە ئەوەی پارێزەرێک بۆتە شتێکی مەحاڵ. ئیسلامێکی دیندار بۆنمونە بەردەوام تووشی تەنگژە دەبێت لە قبوڵکردنی نیشانە بێباوەڕیيەکانی ئێمە. خۆرئاواش لەگەڵ پراکتیکە لیبراڵیەکەیدا لەلایەکی دیکەوە جیاکردنەوەی ژن لە پیاو و حاڵەتەکانی هاوسەرگیريی ناچاری کە بەشێکە لە ژیانی مسوڵمانان بۆ ئەو بەرگەنەگیراون، لەبەر ئەوە وه‌ك چەپێک، ئه‌رگۆمێنتى ئه‌وه‌ دێنمه‌وه‌ پێویستمان بە خولقاندنی كه‌لتوری پێشڕەوی خۆمان هەیە.

 

ئەم كه‌لتورە پێشڕەوە دەشێت وەک چ شتێک بێتە بەرچاو؟ تەنانەت بەیاننامەی جیهانيی مافەکانی مرۆڤ هەندێک کات بەناوی جیاوازيی كه‌لتوريیەوە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

•كه‌لتوری پێشڕەو[3] لە ئەوروپا گەردوونیبوونی سەردەمی ڕۆشنگەريیە کە تيايدا تاکەکان خۆیان لەڕێگەی ئەو گەردوونیبوونەوە دەبینن. ئەوەش بەو مانایە دێت کە ئێوە دەبێت توانای وەلاوەنانی تایبەتمەندیيەکانی خۆتان و چاوپۆشی لەپێگەی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی یان مەزهەبيی خۆتت هەبێت. هه‌ر هێنده كه تەحەمولی یەکێکی دیکە بکەین بەس نیە. ئێمە پێویستمان بەتواناییەک هەیە بۆ ئەزمونکردنی شوناسی كه‌لتوری خۆمان وه‌ك شتێکی مەرجدار، تایبەت، ڕێکەوت و شتێک کەتوانای گۆڕینی هەبێت.

 

بەڵام هاوڵاتيی گەردوونی جۆرێکە لە خەیاڵ، لە واقیعدا بوونی نیە. لەڕاستیدا، هەرکەس پەیوەسته بە گرووپ یان کۆمەڵگەیەکەوه.

•تاکی گەردونيی زۆر واقیعی لە ژیانی ئێمەدا هەیە. لەتەنیشتی سێو و قۆخ و ترێ وەپێویستە شوێنێک بۆمیوەکانی تریش هەبێت. مرۆڤەکان سەر بە گرووپێکی تایبەتی خۆیانن، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەوان بەشێک لەڕەهەندێکی جیهانیشن. من لە سەرتاسەری ژیانمدا بە یەک جۆر نامێنمەوە، بەڵام من وه‌ك من دەمێنمەوە. کۆمەڵگە بەیەکەوە گرێنەدراوە. کەسێک دەتوانێت گروپێک وازلێبێنیت و بەگروپێکی دیکەوە پەیوەست بێت. شوناسی ئێمە لە چەندین شوناس پێکهاتووە کە دەتوانێت پێ‌بەپێ و لەتەنیشتی یەکترەوە بوونیان هەبێت. لەبەرئەوە هیچ ئازاديیەک بوونی نیە، لانیکەم ئازاديیەکی جیهانی بەبێ بوونی ساتێک لە توندوتیژی بوونی نیە. جیابوونەوە لە ڕیشەکانی تاک بەتەواوەتی گەڕانەوەیەکی ناچاريیە، بەڵام ئەو هێزە پەیوەنديی بە هێزی فیزیکیيەوە نیە، شتێکی ئازادیبەخشە. زه‌ینی ئێوە، لەپێناوی تێکدانی ئەوەی بۆ ئێمە تایبەتیيە بوونی نیە. ئێمە بەتایبەتمەنديیە زاتیيەکانمانەوە پەیوەست بووین. بەڵام دەبێت دەستنیشانی بکەین کە ئەو تایبەتمەندييه بنیاتنراوی وابەستەییەکە، لە ئەگەرێک، یان ڕێکەوتێک کە پەیوەنديی بە خودەوە نیە. لەواقیعدا گەردونیبوون بە یەک شیمانەی شۆڕشگێڕانە دەکرێتەوە.

 

((ڕۆژەکان دەڕۆن و من هه‌ر لێرەم))، لە قەسیدەیەکی بەناوبانگی "گیۆم ئه‌پۆلێنێر"دا دەخوێنینەوە.

•ئەگەر بە زمانی مەسیحیەکان قسەبکەم، ڕۆحی پیرۆز(روح القدوس) بەشێکە لە هەر تاکێک لە ئێمە ئیتر هەر ئینتیمایەکمان هەبێت. من بێباوەڕم بەڵام لە هەرکەس توندتر سەرسامم بە فێرکاریيە مەسیحیيەکان: باوک و دایکت بەجێبهێڵە و دوای من بکەوە، وەک مەسیح دەیگوت. من دەڵێم تایفەگەرێتیەکەت وەلانێ و بەدوای گەردوونایەتيى بنەما ڕۆشنگەریيەکاندا بگەڕی.

 

لە سیاسەتدا ئەوە بە مانای چی دێت؟

•ڕابەری شۆڕشی ئێرانی ئایەتوڵا خومەینی، جارێکیان وتبووی ئێمەی مسوڵمان چەک و ئیمپریالیزمی سەرمایەداريی خۆرئاوا نامانترسێنێت. ئەوەی دەمانترسێنێت گەندەڵيی ئەخلاقيی خۆرئاوایە، گرووپەکانی وەک دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) و هەروەها بۆکۆحەرام، چ دیاردەیەکی نامۆن! جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە ئامانجی بنەڕەتیيان ئەوەیە ژنان بە نەخوێندەواری بمێننەوە و جێگەکەیان تەنها بۆ پیاوان قۆرخ بێت، شتەکە جیاوازيی نیە لەگەڵ درووشمی زانکۆکانی ئەمریکادا لەشەستەکاندا((جیاوازی نیە لەنێوان مەسەلە جنسی و سیاسیەکاندا)). ڕوسیا بۆنمونە هەمان دۆخی چینایەتيی جنسی دەژی، لەگەڵ ئەوەشدا کەمتر بەرچاودەکەوێت وەک لە دۆخەکە وەک لە جیهانی ئیسلامیدا، شەرمهێنەکە سەرۆکی نەتەوەییەکانی ڕوس ڤلادیمێر زیرینۆفسکی بڵێت شتێک لەئەوروپادا بەناوی ژن یان پیاوەوە نەماوە.

 

ئایا گرنگیدان بە چێژی تاکەکان تاکە ڕێگەیە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئسوڵیەت(فه‌نده‌مێنتاڵيزم

•نا، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەم دين چیتر دوژمنی هەرە مەترسیدارمان نیە. جیفکۆ کۆستی، پیاوێکی دينيی کرواتی جێی مشتومڕە. جارێکیان وتبوی کاسۆلیکیەت بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کرواتیەکان بیر لە دەستبەردان لە ناسيؤناليزم و میراتی خۆیان ناکەنەوە، یان دین چیتر مەسەلەیەکی ئیمانی  نیە بەڵکو پرۆژەیەکی سیاسى/كه‌لتوريیە. ئایین لێرەدا ئامرازێکە، نیشانەی شوناسێکی دەستەجەمعیيە. لەبنەڕەتدا پەیوەنديی بە ئەندازەی ئەو زاڵێتیيەوە هەیە کە گشت(كۆ) بەسەر تاکدا دەیسەپێنێت. ئەگەر بەباشی ئەندرس بریفیکی، بکوژە نەرویجیەکەت لەبیربێت کە مەسیحیەتی بەبەردی بناغە بۆ بنیاتنانی شوناسی ئەوروپای یەکگرتوو ناوده‌برد، وێڕای ئەوەی دينداریش نەبوو، لێرەدا وتەیەکی کۆمۆنیستێكی بەناوبانگی ئیتالیم بیردەکەوێتەوە کە خۆی بە "مولحيدێكى کاسۆلیک" دەناساند.

هۆکاری دووەم کە وایدەبینم گرنگیيەکی زیاتری لەوەی یەکەم هەیە ئەوەیە کە ئازاديی چێژبردنێکی بێ‌جڵه‌و تەنها دوژمنکاریی بزوتنەوە ئسوڵیيەکان زیاددەکات، شەڕکردن لەگەڵ فه‌نده‌مێنتاڵه‌كاندا بەتەنيا لەڕێگەی پێشکەشکردنی جێگرەوەی ڕاستەقینەوە دەبێت کە بەشداری لە گۆڕینی بنەڕەتیيانەی دۆخەکەدا دەکات. هيچ شتێكى چێژپه‌رستانه‌ى تڕۆى تيا نيه‌.

 

زۆر ئەستەمە بتوانین مسوڵمانەکان بەو پیرۆزی و خۆشویستراوە قەناعەت پێبکەین، هەموویان بەلای  ئەوانەوە بەهای جێگیرن، لە تێڕوانینی موسوڵمانێکی توندڕەوەوە حیجاب شتێکی پیرۆزە نەوەک بەتەنيا پەسەندکراو؟

•ئالێرەدا کێشە سەرەکیيەکە خۆی شاردۆتەوە، من دژی حیجاب نیم بەڵام ئافرەت خۆی دەبێت خاوەنی بڕیاربێت، لەبەر ئەوە پێویستە ئازادبکرێت لە هەموو پێبەندە خێزانی وک ۆمەڵایەتیيەکان. هەندێک ئافرەت لە ئەوروپادا کە بانگەشەی سەروەريی یاسا دەکەین بەهۆی بیرکردنەوە جیاوازەکانیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. لەم جۆرە دۆخانەدا خۆلادان لە توندوتیژی بەرهەڵستکارانە نیە، مێژوو سەلماندویەتی کە ئازادبوون هەمیشە خوێنڕشتن دەکەوێتە پێشیەوە. لەبەرئەوەیە مالکوم ئێکس یەکێکە لەپاڵەوانەکانی من. ئێکس وێستگەیە بۆ هەڵکشان-سەرکەوتن، ئەو ئەوان بەرەو گەڕان بەدوای ڕەچەڵەکە ئەفریقیيەکەیان نابات. بەپێچەوانەوە، ئەو وایدەبینی ئەوە چانسێکە بۆ گەیشتن بەرەو جيهان و گەردوونێکی نوێی ئازاد.

 

 

 

کەواتە تۆ دژی توندوتیژی نیت لەپێناوی ئازاديیدا؟

•خوێن ئەو بەهایەیە کە تاک دەیدات لەپێناوی ئازادی و سبەینێیەکی باشتردا، شتەکە وەک یاريی جنسیی سادیستیەکان وایە، هەموو لە توانایاندا هەیە چێژ لە وردەکاریيەکان وه‌ربگرن لەگەڵ پاراستنی مافی پاشەکشێکردن لەهەر کاتێکدا كه‌ بيانه‌وێت. گەشەی ڕاستەقینەی دیموکراسیەتی ئەوروپی بەمانای پشتیوانیکردنی بنەما گەردوونیيەکان و کارکردن لەسەر بڵاوکردنەوەیەتی لە فراوانترین بازنەدا، تەنيا ئەوکاتەیە تاک لەناو کۆمەڵگە داخراوەکانداهەست بەئازاديی بزاوتن دەکات دوور لەو نمونانەی كه پێشتر بۆیان کێشراوە.

 

نەمزانی کارکردن لەسەر فراوانکردنی فەزای ئازاد کاری ڕۆشنبیرگەلێکی وەک تۆبن؟ زیاتر بيرخه‌ره‌وه‌ى "کۆمەڵگای کراوە"ـی کارل پۆپەرە تاوەکو شۆڕشی پرۆلیتاريی مارکس.

  • تکات لێدەکەم دەربارەی هەرکەس قسەم لەگەڵدا ده‌كه‌يت، بيکە جگە لە "پۆپەر"، من ئێستە مارکسیيەکم، ئەوەی بۆ من گرنگە ژێرخانی ئازادیيە زاتيیەکانی دامەزراوەکانە. تایبەتمەندەکان بەدوای دۆزینەوەی ڕێگەچارەوەن بۆ کێشە تایبەتيیەکان. ئەرکی ڕۆشنبیری ڕاستەقینە پرسیارکردنە بەشێوەیەکی نوێ، و بەدواداچونی ڕەنگدانەوەی ئەوە لە بارودۆخە کۆمەڵایەتیيەکاندا لەپێناوى کاراکردنی ئازاديی مەدەنی کەسییدا هەوڵدەدات. لە وتاری(ڕۆشنگەری چیە)دا کانت لەنێوان به‌كارهێنانه‌ تایبەتی و گشتیيەکانى عەقڵدا جیاوازی دادەنێت. ئەوە زیاد لە ڕابردوو پەیوەستە بەمڕۆوە. لە تێڕوانینی کانتدا، سودوەرگرتنی گشتی لە عەقڵ بە مانای بیرکردنەوەی ئازاد و جیا لە هەرجۆرە فشارێکی سیاسی یان مەزهەبیيە، لەکاتێکدا سودوەرگرتن لەعەقڵ لە خزمەتی دەوڵەتدا، تایبەتیە. هەوڵی ئەمڕۆی ئێمە و ئەڵبەتە ئەوەى ویکلیکسیش دەگرێتەوە، ئەوەیە کە فەزای گشتی بەزیندوویی بهێڵینەوە.

 

کەواتە بە چ جۆرێک دەتوانرێت پێکەوەپەیوەستی لەنێوان ئه‌و گرووپە ئازادیخوازانه‌ی کە لەڕووی كه‌لتوريیەوە جیاوازن فراوان بکەین؟

•وەڵامی من ئەوەیە کە ململانێ بکەن. ڕوونە کە گەردوونگەرایی بەتاڵ بەس نیە. به‌ركه‌وتنى كه‌لتورەکان نابێت له‌ڕێگه‌ى هەستی مرۆڤێكی جیهانييه‌وه‌ خۆى زاڵ‌بكات. بەڵکو دەبێت لەڕێگەی پێکەوەبوونێكى[4] گشتیيەوە بێت بە کەسانێکەوە کە لەناوەوەی هەر كه‌لتورێکدا خه‌ريكى خه‌بات و ململانێن. ململانێی ئێمە بۆ ئازادی دەبێت هاوشان بێت و زیادکردنێک بێت بۆسه‌ر ململانێ لەبەرامبەر سیسته‌می کاستی هندی، و خۆڕاگریی کرێکارانی چین‌دا. هەموو شتێک بەمەوە پەیوەستە: شه‌ڕ و به‌رخۆدان بۆ فه‌له‌ستينييه‌كان و دژوه‌ستانه‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌ دژه‌جوله‌كه‌بوون، ويكى‌ليكس و بوسى ڕيوت[5]. گەرنا تەنيا دەتوانین خۆمان بکوژین و هيچى تر.

 

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] . irreplaceable

[2] . welfare state

[3]. leading culture

[4] . solidarity 

[5] . Pussy Riot

سەرچاوەکان:

1-fa.shafaqna.com

2-www.nafhamag.com

3-spiegel online  (the greatest threat to Europe is its inertia)-spiegel online  (the greatest threat to Europe is its inertia)