A+    A-
(873) جار خوێندراوەتەوە

مێژوو و فەلسەفەی مێژوو لای هیگڵ

 

 

 

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

    تێگەیشتنی هیگڵ لە مێژووی مرۆڤ، یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین بەشەکانی فەلسەفەکەی. وی مێژوو تەنیا وەک کۆمەڵێک ڕووداوی هەڕەمەکی یان ڕێکەوت نابینێت، بەڵکو پێی‌وایە شێوازی خۆی هەیە و ئامانجێکی هەیە کە بەرەو ڕووی دەڕوات. لە ڕوانگەی هیگڵدا، مێژوو هەقایەتی دەستکەوتی پێشکەوتووی خودئاگایی (self-consciousness) مرۆڤە، کە ئەمە لە هەمان کاتدا بەدیهێنانی ئازادییشە. بە پێچەوانەی مەخلوقاتی ترەوە، کە بەزۆری سرووشتیان جێگیرە و ناگۆڕێت، مرۆڤەکان خۆیان خەسڵەت بە خۆیان دەدەن، جا پلەی خەسڵەت‌بەخۆدان‌یشمان بەندە بە لەخۆتێگەیشتمانەوە. گەر بێ‌ئاگا بیین لەوەی کە ئەو توانایەمان هەیە خەسڵەت بە خۆمان و چارەنووسمان بدەین، گەر وای دانێین لەلایەن کۆمەڵێ هۆکارەوە تەوقدراوین- کە لە واقیعیشدا دەتوانین بەسەریاندا زاڵ بین- ئەوا لە بنچینەدا ئازاد نیین. وەک پۆتانشێڵ ئازادین، چونکە هێشتاش ئەو توانایەمان هەیە درک بەوە بکەین کەوا توانای خەسڵەت‌بەخۆدانمان لەوە زیاترە کە بیری لێ دەکەینەوە. بەڵام هێشتاش گەر ئەم درککردنەمان نەبێت، ئەوا لەڕاستییدا ئازاد نیین؛ پۆتانشێڵ (ماتەوزە)ـی ئازادییمان کردەکی‌نەبووەتەوە، چونکە لەناو تێگەیشتنێکی هەژار لە خۆمان و تواناکانماندا چەقیوین. مێژوو هەقایەتی ئەوەیە چۆنچۆنی مرۆڤایەتی دەگات بەو درککردنە و بە مانایەک خۆی ئەوە هەڵبژێرێت کە چی بێت. ئەم درککردنە ئازادمان دەکات: دەبێتەهۆی ئەوەی ببینە ئەو شتەی کە هەمیشە و پێشوەخت هەر ئەوە بووین؛ دەبێتەهۆی ئەوەی پۆتانشێڵی ئازادییمان کردەکی‌بکەینەوە (actualize).

  کەواتە، وەختێک هیگڵ دەڵێت ئازادی و خودئاگایی شانبەشانی یەکتر ڕێدەکەن، ئەوا ئەو گوزارشتە بەهێزە دەردەبڕێت کەوا ئەگەر خەڵک وەک ئازاد و خەسڵەت‌بەخۆدەر لە سرووشتی بنچینەیی خۆیان بەئاگا نەبن، ئەوا لە ڕاستیدا ئازاد نین. ئەمە ستانداردێک دەخاتە بەردەست هیگڵ تاوەکو کەلتورە جیاوازەکان و زەمەنە مێژووییە جیاوازەکانی پێ هەڵبسەنگێنێت. لە ئەنجامدا، کەلتورەکان لەوەدا جیاوازن تا چ پلە و ئاستێک مرۆڤەکان بە ئازاد و خەسڵەتبەخۆدەر دەزانن. بەدرێژایی مێژوو لە زۆرێک لە کەلتورەکاندا، تەنیا کۆمەڵێک تاکی دیاریکراو بە ئازاد دادەنران. نمونەیەک لەوپەڕیدا ئەو کەلتورانەن وا ڕژێمێکی دیکتاتۆرییان هەبووە، کە تێیاندا تەنیا حاکم بە کەسێکی ئازاد دانراوە، ئیتر خەڵکەکەی تر هەموویان موڵکی وی بوون. هەندێک لە کەلتورەکانی تر کۆمەڵەیەکی مرۆڤایەتییان بە ئازاد زانیوە. بۆنمونە یۆنانییەکان کۆیلایەتییان پیادەدەکرد. ئەوان تەنیا هاوڵاتی (citizen)یانیان بە ئازاد دەزانی، ئەمە لە کاتێکدا ژنان و کۆیلەکانیان بە ئازاد نەدەزانی. زۆر خەڵک ئازادییان تەنیا بۆ هاوچەشنەکانی خۆیان بینیوەتەوە، ئیتر پێیان‌وابووە خەڵکانی تر کەمتر مرۆڤن، یانژی کەمتر ئازادن.

  فەلسەفەی مێژووی هیگڵ، زەمەنە مێژووییە جیاوازەکان و کەلتورە جیاوازەکان دەپشکنێت، بەتایبەت بەرەوپێشچوونی ئاگایی بەپێی کات دەردەخات: ئێمە وەک ڕەگەزێک لە دۆخی ناخودئاگاییەکی ڕێژەییەوە سەرپێکەوتین، بەڵام بەپێی کات گەیشتین بە ئاگاییەکی زیاتر دەرهەق بە سرووشتی ڕاستەقینەی خۆمان وەک [مرۆڤی] خەسڵەتبەخۆدەر. هیگڵ پێی‌وایە مەسیحییەت هۆکاری دەرکەوتنی ئەو ئایدیایەیە، وا هەموو مرۆڤەکان یەکسانن- هەروابێتەوە خاوەن شکۆیەکی زگماک و پێشێلنەکراون. بەپێی پەروەردەی مەسیحی، هەموو مرۆڤەکان لە چاوی خودادا  یەکسانن. لەوەش زیاتر، لە کەسێتیی مەسیحدا، مرۆڤ و خودا (ئەو بوونەی تەواو ئازاد و خەسڵەتبەخۆدەرە) بەتەواوی یەکیانگرتووە. کەواتە، لە ئاستی مێژوودا، ئەوە مەسیحییەتە کەوا هۆکاری زیادبوونی ئاگاییمانە دەرهەق بەوەی کێین و چیین، هەروابێتەوە کۆمەکیشی کردین تاکو ببینین کە هەموومان لە ئاستی پۆتانشێڵدا ئازادین. وێڕای ئەمانەش، ئەمە تەنیا لە ڕۆژئاوا ڕوویدا. خۆی یەکێک لە تێڕوانینە مشتومڕهەڵگرەکانی هیگڵ ئەوەیە، کەلتورەکانی تر هێشتا لەدوای ڕۆژئاواوەن، لەوەدا کە هێشتا درکیان بەوە نەکردووە کەوا هەموو مرۆڤەکان یەکسانن و خەسڵەت بە خۆیان دەدەن. بە دیدی هیگڵ، ئازادیی ڕاستەقینە بە ئەندامێتیی لەناو دەوڵەتی مۆدێرنی ڕۆژئاواییدا بەدەستدێت، کە تێیدا هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، تاکەکان ئازادن پیشەی خۆیان هەڵبژێرن، یاساکان ڕێکخراون و هەمووان دەستیان پێیاندا دەگات، ئینجا دەنگی خەڵکی لەناو حکومەتدا دەبیسرێت.

  مادەم هیگڵ پێی‌وایە ئامانجی مێژوو گەیشتنە بە ئاگایی دەرهەق بە ئازادییمان، ئەوا شتێک کە لەم تێڕوانینەیەوە هەڵیهێنجین ئەوەیە مێژوو لووتکەیەکی هەیە، یان با بڵێین، دێتەدی. دووبارە، باوەڕی وایە ئەوە مەسیحییەت بوو ئێمەی بەو ئایدیایە ئاشناکرد کە هەموو مرۆڤەکان ئازادن، و ئەم درکەش لە دەوڵەتی مۆدێرنی ڕۆژئاواییدا گەشتۆتە چڵەپۆپەی خۆی. بەڵام ئەوە تێگەیشتنی فەلسەفییانە بوو لە مەسیحییەت وا سرووشتی ئازادییەکەمانی ڕۆشنکردەوە. لە ڕاستیدا، هەندێ وتوویانە هیگڵ پێی‌وایە لەڕێگەی فەلسەفەکەی وییەوە مرۆڤایەتی بەتەواوی ئاگایی دەرهەق بە ئازادییەکەی وەدەستدەخات. لە ئەنجامیشدا، هیگڵ یەکەمین فەیلەسوفە نەزمی ئەقڵانیی خودی مێژوو کەشفبکات. ئەو یەکەمین فەیلەسوفە پێمان بڵێت خودی هەقایەتی مرۆڤایەتی، سرووشتی ڕاستەقینەی خۆمانمان بۆ کەشفدەکات: مێژوو هەقایەتی خۆ-خوڵقاندن (self-creation)ـی بەکاوەخۆمانە، هەروابێتەوە هەقایەتی درککردنمانە بەوەی خۆخوڵقاندن سرووشتمانە. گەر هەر بەڕاست فەلسەفە هەوڵی مرۆ بێت بۆ لەخۆتێگەیشتن، و ئەگەر مێژوو هەقایەتی کۆششی مرۆیە بۆ لەخۆتێگەیشتن و کردەکی‌کردنەوەی ئازادی، لە دەمی سەرهەڵدانی فەلسەفەیەکی چڕ و بەشکردوودا، مێژوو بەدیدێت و ئازادییش بەدەستدێت.

  لە ئەنجامی ئەمەدا، لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک پێیان‌وابوو هیگڵ باس لە دۆکترینی "کۆتایی مێژوو دەکات"، و شتێکیش بە ناوی "سەردەمی پۆست-مێژوو"ەوە بوونی هەیە. ئەم ئایدیایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەلێکزاندەر کۆژێڤی فەیلەسوفی ڕووسی، کە لە ١٩٣٠کاندا زنجیرە وانەوتارێکی لەمەڕ هیگڵ لە پاریس پێشکەشکرد. چەندین ساڵ دواتر، فرانسیس فۆکۆیامای بیریاری نیۆ-کۆنزەرڤاتیڤی ئەمریکی، لە زنجیرە وتارێکدا ئەم ئایدیایەی هێنایەوە بەر باس، و دواتر لە کتێبێکیشدا بە ناوی کۆتایی مێژوو و کۆتا مرۆڤ (١٩٩٢). بەڵام، وەک زۆرێک لە شارەزا هیگڵییەکانیش ئاماژەیان پێداوە، بنچینەیەکی زۆر لەرزۆک بۆ ئایدیای کۆتایی مێژوو لە تێکستەکانی هیگڵدا هەن (لەرزۆکتریش بۆ ئەو تێڕوانینەی کۆژێڤ کە هیگڵ باوەڕی وا بووە مێژوو لەگەڵ ناپلیۆندا کۆتایی‌هاتووە). بەڵام، وەک پێشتریش دیتمان، هیگڵ بەڕوونی باوەڕی وا بوو لە خاڵێکدا خودئاگایی وەک ئامانجی مێژوو بەدەستدێت (لانیکەم لە ڕۆژئاوا). نیۆهیگڵییە پێشکەوتنگەراکان (وەک فۆکۆیاما) پێیان‌وایە ئێستا حەقیقەتی مرۆڤایەتی کەشفبووە، حەتمەن کەلتورەکانی تریش درک بەم حەقیقەتە دەکەن و ئازادیی گەردوونیی مرۆڤ قبوڵدەکەن. بەڵام هۆکارێکی زۆر کەم هەیە تاوەکو باوەڕمان وا بێت هیگڵ پێی‌وابووە ئەمە پێویستە ڕووبدات. بە پێچەوانەی مارکسەوە، هیگڵ پێی‌وایە مەحاڵە فەلسەفە پێشبینیی ڕووداوە مێژووییەکانی داهاتوو بکات.

  هیگڵ، کە "فەلسەفەی مێژوو"ەکەی سەرپێدەخات، تێرمینۆلۆژییەکی ئاڵۆزیش بەکاردێنێت کە عادەتەن بەدحاڵیبوون دەخاتەوە. هەمیسان، هیگڵ پێداگرە لەوەی مێژوو شێوازێکی ئەقڵانی-ژیرانەی هەیە؛ مێژوو لەلایەن نەزمێکی ناوەکییەوە بەڕێوەدەبرێت، کە هێدی‌هێدی بە تێپەڕینی کات خۆی دەردەخات. هیگڵ چەندین ڕێگەی هەیە بۆ ئاماژەدان بەم نەزمە: ئەو عادەتەن پێی دەڵێت عەقڵ (reason)؛ بەڵام پێشی دەڵێت ئایدیا، ڕۆحی جیهان و یونیڤێرساڵ. ئەم هەمەچەشنێتییە پڕەی زاراوەکان کێشەی بۆ خوێنەران سازکردووە، بەڵام وا دیارە هیگڵ هەندێکیانی هیپۆستاتیزە[1] کردووە. بە گوزارشتێکی تر، وی کە عادەتی باس لە عەقڵ، ئایدیا یان ڕۆحی جیهان دەکات (بەتایبەت ئەمەی ئەخیریان)، وەکبڵێی باسی بوونێکی پیرۆز دەکات، کە لەو بانەوە تەماشای ڕەوتی مێژوو دەکات. بەڵام زمانی وی، زمانێکی بەئەنقەست خوازەییە[2].

  ئایدیا بۆ هیگڵ، ئاماژەیە بە ئایدیای لۆژیک، ئەمەیش بە شێوەیەکی پەتی چەمکێکی خۆگرێدەرە[3] (ئینجا کۆتا کاتەگۆری "هەمەگیر-all inclusive"ـی لۆژیکە). هیگڵ پێی‌وایە سرووشت بەرجەستەکەری ئەم ئایدیایەیە، بەڵام بەتەواویش نا. ئایدیای خۆگرێدەر، تەنیا لە زەینێکی خۆگرێدەردا بەشی پێویست بەرجەستەدەبێت- بە دەربڕینێکی تر، لە خودئاگایی ڕۆحی مرۆدا. بەس وەک پێشتریش دیتمان، خودئاگایی لەناو ڕەوتی مێژوودا بەدەستدێت. کەوابێ، مێژوو هەقایەتی کردەکی‌بوونەوەی پێشکەوتووی ئایدیایە لەڕێگەی ئاگایی مرۆوە. چەمکی "یونیڤێرساڵ"ـی هیگڵ، بەنزیکی هاوتای ئایدیایە. کاتێک هیگڵ باس لە عەقڵ دەکات لە میژوودا، ئەوەی ئاماژەی بۆ دەکات، پێشکەوتنی دیالەکتیکیی ڕووداوە مێژووییەکانە؛ کە ئەمانیش بە شێوەیەکی تایبەت، ڕەنگدەرەوەی پێشکەوتنی دیالەکتیکیی ئایدیان لە لۆژیکدا. بۆ هیگڵ، عەقڵ هەمیشە دیالەکتیکییە، و ئەمە خەسڵەتێکی زەینی مە نیە، بەڵکو هی خودی واقیعە. هیگڵ لە فەلسەفەی مێژووەکەیدا بە بەناوبانگە باس لە "فێڵی عەقڵ"[4] دەکات. ئەمە ڕێگەیەکی خوازەییە بۆوەی بڵێت تاکە کۆتادارەکانی مێژوو لەپێناو کۆتاییە سنوردار و کۆتادارەکانی خۆیاندا دەکۆشن، بەڵام بە کردنی ئەمەش، بێ‌ئاگایانە درک سەبارەت بە ئایدیا یان عەقڵ دێننەئاراوە. لە کۆتاییدا، «ڕۆحی جیهان»ـی هیگڵ، بەسادەیی ئاماژەیە بەو ڕۆحە ئۆبێکتیڤەی لەناو مێژوودا خۆی بەیان دەکات. بۆ هیگڵ، ڕۆحی ئۆبێکتیڤ ڕۆحێکە خۆی لە فۆرم و دەزگا کۆمەڵایەتییەکاندا بەیان دەکات. ئەمانە کەمتازۆر بە شتی پێویست دادەنرێن، ئەویش بە پشتبەستن بە ڕادەی قبوڵکردن و مومکین کردنی دەرپەڕینی ئازادی. بەم جۆرە، دەتوانین گەشتی ڕۆحی جیهان لە مێژوودا ببینین، ئەویش کە بەردەوام فۆرمە کافییەکانی ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان دەردەخەن.

  لە کۆتاییدا، دەبێت شتێک لەبارەی ئەو "مێژووگەرایی[5]"ـەوە بوترێت، کە دەدرێتەپاڵ هیگڵ. هیگڵی فەلسەفەی ماف پێمان دەڵێت «فەلسەفە... هەمان کاتی خۆیەتی کە لەناو بیرکردنەوەدا لێی تێدەگەین»، ئینجا «وێناکردنی ئەوەی فەلسەفەیەک دەتوانێت جیهانی هاودەمی خۆی تێبپەڕێنێت، هێندەی ئەوەی تاکێک دەتوانێت باز بەسەر کاتی خۆی یان دوورگەی ڕۆدسدا بدات، گەمژانەیە» (nisbet, 21-22). سەرنجبێژان عادەتەن وتوویانە گرژییەک لە فیکری هیگڵدا هەیە، ئەویش لەنێوان دەربڕینە "مێژووگەرا"کەی سەبارەت بە سنوردارییەکانی فەلسەفە و دەربڕینەکەی سەبارەت بە دۆزینەوەی "حەقیقەتی موتڵەق". بەڵام لە واقیعدا ئەم گرژییە زۆر بەدەگمەن دەردەکەوێت. هیگڵ دەڵێت هیچ فەلسەفەیەک ناتوانێت باز بەسەر کاتی خۆیدا بدات، بەڵام دەشڵێت ئەو لە کاتێکی ناوازەدا دەژی وا تێیدا و لە کۆتاییدا مومکینە حەقیقەتی ئۆبێکتیڤی مێژوو و خودی مرۆڤایەتی بناسین. ئەو دەتوانێت ئەمە بڵێت، چونکە وەک وتمان لە سەردەمی ئەودا ئامانجی مێژووی مرۆڤایەتی بەدیهاتبوو.

  با وێکچوونێک درووستبکەین، کاتێک بەسەر شاخێکدا هەڵدەگەڕێن، تەنیا بەشێکی شاخەکە و چواردەورمان بەپێی بەرزییەکە دەبینین؛ گۆشەنیگامان لەلایەن ئەو بەشەی شاخەکەوە دیاریدەکرێت، کە پێیدا سەردەکەوین. بەڵام ئەمە بۆ گۆشەنیگای ئەو مرۆڤەش ڕاستە کە گەیشتۆتە لووتکەکە. گۆشەنیگای وی ئەو شوێنە دیاریدەکات، کە چووەتە سەری: بەڵام گۆشەنیگاکەی بەسەر هەموو ئەوانیتردا باڵادەستە، چونکە لە لووتکەکەدا دەتوانێت کۆی شاخەکە و ناوچەکانی چواردەور ببینێت، و بەرەوپێشچوونی هەموو ئەوانەش هەڵبسەنگێنێت وا بەسەر شاخەکەدا سەردەکەون. بۆیە هیگڵ دەتوانێت بڵێت «هەموو فەلسەفە کاتی خۆیەتی کە لەناو بیرکردنەوەدا لێی تێدەگەین»، و بشڵێت حەقیقەتی موتڵەقی دۆزیوەتەوە، چونکە کاتی وی، کاتێکە تێیدا زانینی موتڵەق بووەتە مومکین.

  لە نوسراوە چاپکراوەکانیدا، تیۆریی مێژووی هیگڵ لە کتێبی فیۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا ئامادەیی هەیە. هەرچەندە ئەو کتێبە مامەڵە لەگەڵ هەندێ ڕووداوی مێژوویی و ماناکانی پشتیان دەکات، بەڵام فەلسەفەیەکی ڕووتی مێژوو نیە، بەڵکو جۆرێک لە مرۆڤناسیی فەلسەفییە. هیگڵ لە ساڵەکانی ١٨٢٢، ١٨٢٨ و ١٨٣٠دا لە بەرلین وانەوتاری لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو پێشکەشکرد. چاپێک لەم وانەوتارانە شەش ساڵ پاش مەرگی هیگڵ لەژێر ناونیشانی «کۆمەڵێک وانەوتار لەمەڕ فەلسەفەی مێژووی جیهان»دا بڵاوکرانەوە، و ئەم تێکستە سەرچاوەی سەرەکیی ئێمەیە لەسەر فیکری هیگڵ لەمەڕ مێژوو (چاپی دووەمی ئەڵمانیی ئەم دەقە لەلایەن کارڵی کوڕی هیگڵەوە لە ساڵی ١٨٤٠دا بڵاوکرایەوە، پاشان لە ١٩١٧ لەبن دەستی گیۆرگ لاسۆندا چاپی سێیەمی بڵاوکرایەوە).  

 

 

 

 

 

 

 


[1] Hypostatize

[2] Figurative

[3] Self-related concept

[4] Cunning of reason

[5] Historicism

 

سەرچاوە:

The Hegel Dictionary, Glenn Alexander Magee, 104-108