A+    A-
(660) جار خوێندراوەتەوە

دەربارەى سەمپتۆم

 

 

تۆد مەک‌گۆوان

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

  ئایدیای گشتیی سەمپتۆم لە هەردوو دەروونشیکاری و پزیشکیی نەریتیدا، دەرخەری ناڕێکی(بێ‌نەزمی)یەکی شاراوەیە، کە لەڕێگەی هەندێک فۆرمی چارەسەرەوە هەوڵدەدرێت چارەبکرێت و دواجار نەهێڵرێت. بەم مانایە، سەمپتۆم لە خۆیدا گرنگ نیە، بەڵکو ئەوە گرنگە کە ناڕێکییەکە دەردەخات. گەرەکە دەروونشیکار بەڕێکی سەمپتۆمەکان ڕاڤەبکات، تاوەکو بەڕێکی ناڕێکییەکە دەستنیشانبکات. ژیژەک هەر لە سەرەتای کارە تیۆرییەکانییەوە تێڕوانینی تەواو جیاوازی بۆ سەمپتۆم هەبووە. وی "چێژ لە سەمپتۆمەکەت وەربگرە!"ی کردووە بە ناونیشانی یەکێک لە کتێبەکانی، و ئایدیای چێژوەرگرتن لە سەمپتۆم لەبری هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لێی، لە سەرەتا تا کۆتایی فیکریدا دووبارەدەبێتەوە. لە دیدی ژیژەکدا، سەمپتۆم لە ناڕێکییەکی شاراوەی کۆمەڵایەتییەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو گۆشەیەکیش دابیندەکات تاوەکو ئاڵنگاریی بونیادی کۆمەڵایەتی پێ بکرێت. بەم مانایە، سەمپتۆم لای ژیژەک دەبێتە کاتەگۆریی سەرەتایی بیرکردنەوە لە سیاسەت.

  ژیژەک لە یەکەمین کتێبی ئینگلیزیی خۆیدا، "ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا"، هەوڵدەدات سێ هێڵی فیکری لەیەکبدات تاوەکو فۆرمێکی نوێی تیۆریی سیاسەت بێنێتەئاراوە- مارکسیزم، دیالەکتیکی هیگڵی و دەروونشیکاریی لاکان. فەسڵی یەکەمی کتێبەکە پرسی سەمپتۆم تاوتوێدەکات، بەڵام لەبری دەروونشیکاری ڕەپتیدەکاتەوە بە مارکسیزمەوە. ژیژەک بە هێنانەوەی ئەو وتەیەی لاکان کە دەڵێت "مارکس سەمپتۆمی داهێنا"، ناونیشانی فەسڵەکە دەکات بە "مارکس چۆنچۆنی سەمپتۆمی داهێنا؟". ژیژەک پێی‌وایە مارکس ئەوە دەبینێت کە چۆن لۆژیکی ئابوری و کۆمەڵایەتیی هەر سیستەمێک لە جێیەکدا تێکدەشکێت، ئەم جێیەش سەمپتۆمەکە دیاریدەکات. سەمپتۆم هەڕەشەیە بۆ سەر کارکردی سیستەم، هەرچەندە خۆشی بەرهەمی هەمان سیستەمە. مارکس پڕۆلیتاریا وەک سەمپتۆمی سەرمایەداری دەناسێنێت: ئابوریی سەرمایەداری پڕۆلیتاریا درووستدەکات، کەچی بوونی پڕۆلیتاریا هەڕەشەیەکی ترسناکە بۆ داهاتووی سەرمایەداری.

  بەڵام ژیژەک پێی‌وایە مارکسیش بەتەواوی لە سرووشتی پڕۆلیتاریا تێنەگەیشت، بۆیە گەرەکە لەڕێی دەروونشیکارییەوە یارمەتی مارکسیزم بدرێت. لە تێڕوانینی مارکسدا، پڕۆلیتاریا ئەو سەمپتۆمەیە کە بە شۆڕشی کۆمۆنیستی نامێنێت. بەم مانایە، مارکس عادەتییانە لە سەمپتۆم دەڕوانێت، هەرچەندە بۆ یەکەم جار خۆشی دایهێنا. ژیژەک دەگەڕێتەوە بۆ دەروونشیکاری-بەتایبەت لاکان- تاکو بیسەلمێنێت کە هیچ شۆڕشێک بوونی نیە سەمپتۆم لەناوببات، چونکە سەمپتۆم بونیادی سوبێکتیڤیتە و نەزمی کۆمەڵایەتییە.

  هەر سوبێکتێک و هەر سیستەمێک سەمپتۆمی خۆی هەیە، ئەم سەمپتۆمە کلیلی بونیاد و ڕاگرتنەکەشی بەدەستە. لاکان بەم سەمپتۆمە بنەڕەتییە دەڵێت سینتۆم و ژیژەکیش پێی‌وایە ئەم پێناسەیە گرنگیی سیاسی لە خۆیدا هەڵگرتووە. لاکان پێداگر بوو لەوەی دەروونشیکار ناتوانێت بە لێکدانەوە سینتۆم بسڕێتەوە، بەڵکو گەرەکە کۆمەکی نەخۆشەکە بکات تاوەکو وا لێی تێبگات ناوکی ڕاستەقینەی ژویسانسە و کورتناکرێتەوە بۆ لێکدانەوە. گەر سوبێکت سینتۆم لەدەستبدات، ئەوا خودی سوبێکتیڤیتەش لەدەستدەدات. کەواتە لای لاکان و ژیژەک، سینتۆم ئەو سەمپتۆمە تایبەتەیە، کە گەرەکە سوبێکت لەگەڵیدا هاوشوناسبێت و چێژی لێ وەرگرێت.

  ژیژەک، بەنمونەهێنانەوەی ئەوەی کە لاکان سەمپتۆم دەداتەپاڵ مارکس، ڕاستەوخۆ دەروونشیکاری بەسیاسیدەکاتەوە، چونکە مارکسیزم ڕووەو دەروونشیکاری وەردەچەرخێنێت. تێگەیشتن لە پڕۆلیتاریا وەک سەمپتۆمی سەرمایەداری، ڕێمان دەدات لەوەش تێبگەین کە سەمپتۆم تەنیا تەکولۆیەک نیە لە کارکردنی سیستەمدا، بەڵکو بەرجەستەکەری گشتێتی(یونیڤێرساڵیتە)ـی سیستەمیشە. وێڕای ئەوەی سەمپتۆم لەناو لۆژیکی سیستەمدا جێی نابێتەوە، بەڵام ئەو حەقیقەتەی سیستەمیش دەردەبڕێت، کە خودی سیستەم بە ڕووی فۆرمێکی دەرەکیدا ڕووبەڕوودەکاتەوە. سەمپتۆم وەدەردەنرێت، بەڵام هەر ئەم وەدەرنانە هەر ئەو شتەیە کە سیستەم ناتوانێت دەرهەق بە خۆی قبووڵیکات.

  بەپێی پێشکەوتنی فیکری ژیژەک، سیاسەتی هاوشوناسبوون لەگەڵ سەمپتۆم و چێژوەرگرتن لێی زیاتر جەختیان لێ دەکرێتەوە. ژیژەک، لەگەڵ کەمبوونەوەی خولیایدا بۆ دیموکراسی وەک پرۆژەیەک، پتر ڕوودەکاتە ئیمکانە سیاسییەکانی سەمپتۆم. ژیژەک دەستیکرد بە گەڕانەوە بۆ ئایدیای "ئەو بەشەی هیچ بەشێکی نیە"ی کە لە سیستەمی سەرمایەداری کراوەتەدەرێ. ئەوەی کراوەتەدەرێ بە دیاریکراوی پڕۆلیتاریا نیە، بەڵکو ئەوانەن لە دیموکراسیی نوێنەریدا هیچ حسێبێکیان بۆ ناکرێت. ناکرێت پرسی نوێنەرایەتی فراوانبکرێتەوە تاکو ئەمانیش لەخۆبگیرێن، چونکە هەر گرووپێکی وەدەرنراو پەیدادەبن تاکو شوێنی ئەمان بگرنەوە. لەجیاتیدا، ئەمان گەرەکە ببنە خاڵی لادانی هەر پرۆژەیەکی سیاسی، ژیژەکیش هەر بەم جۆرە لە سیاسەت تێدەگات- تیشک دەخاتەسەر هاوپشتیی ئەوانەی هیچ وەبەرهێنانێکیان لە سیستەمی سەرمایەداریی پەڕلەمانیدا نیە.

  هەرچەندە ژیژەک زیاد لە هەر بیرمەندێکی دی خۆی دەداتەپاڵ هیگڵ، بەڵام سەمپتۆم ئەو خاڵەیە تێیدا لە هیگڵ جیادەبێتەوە؛ ژیژەک پێی‌وایە سەمپتۆم ئەو خاڵەیە هیگڵ نەیتوانیوە باش تێیبگات. هیگڵ بەتەواوی لەوە تێدەگات کە هیچ سیستەمێک نیە بەبێ سەمپتۆم و ناوکێکی نائەقڵانی کاربکات، کە لەدەرەوەی لۆژیکە ناوەکییەکەیەوەیەتی و لەدەریشییەوە پێگەیەک داگیردەکات. بەڵام ئەوەی هیگڵ تێیناگات و مارکس تێیدەگات ئەوەیە، سەمپتۆم بەربەستێکی زاتیی ناو یونیڤێرساڵیتە نیە، بەڵکو خودی یونیڤێرساڵیتەیە. یونیڤێرساڵیتە لە وەدەرنانێکی سەمپتۆماتیکدا بەرجەستەدەبێت. واتە یونیڤێرساڵیتەی هەر بونیادێک لەڕێی وەدەرنانێکی سەمپتۆماتیکەوە خۆی بەیاندەکات. ژیژەک لەڕێگەی لێدانی ئەم پێچەوە بە فەلسەفەی هیگڵ، هیگڵ دەکاتە بیرمەندێکی تەواو سیاسی.

  ژیژەک یۆتۆپیای نەهێشتنی سەمپتۆم لەڕێی شۆڕشی کۆمۆنیستییەوە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام هەموو بیرکردنەوەیەکی یۆتۆپیش ڕەتناکاتەوە. لە ڕاستیدا ژیژەک بەرمەبنای سەمپتۆم یۆتۆپیانیزمێک بونیاددەنێت، یۆتۆپیانیزمێک کە تێیدا جڤات(کۆمەڵ) لەڕێی وەدەرنراوەکانەوە درووستدەکرێت نەک ناواخنکردنەوەیەکی یونیڤێرساڵ. هەموو ئەوانەی وەک سەمپتۆم لەدەرەوەی سیستەمدا بوونیان هەیە، دەشێت لە هاوپشتییەکى یونڤێرساڵدا یەکبگرن. ئەم هاوپشتییە هەستی پەیوەستێتی درووستناکات، چونکە ئەوەی ئەم سوبێکتانە تێیدا هاوبەشن، وەدەرنراوێتی و دۆخە سەمپتۆماتیکەکەیانە.

  ژیژەک، وەک عادەتی هەمیشەیی خۆی، لە سینەمای عەوامدا نمونەیەک بۆ ئەم یۆتۆپیا سەمپتۆماتیکە دەدۆزێتەوە؛ نمونەکەش فیلمی ناتوانیت لەگەڵ خۆتدا بیبەیت[1]ـی فرانک کاپرایە(ئەمەی لە فرێدریک جەیمسنەوە قەرزکردەوە). ژیژەک لە لێکدانەوەکەیدا بۆ فیلمەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە خانووەکەی مارتن ڤاندەرهۆف(لیۆنێل باریمۆر) لە فیلمەکەدا، مۆدێلێکە بۆ یۆتۆپیای سەمپتۆماتیک یان یۆتۆپیای وەدەرنراوان. خانووەکەی ڤاندەرهۆف پڕیەتی لەو خەڵکە جیاوازانەی لە سیستەمی سەرمایەداریدا جێیان نابێتەوە- ئەوانەی یاریی ئاگرین درووستدەکەن، شانۆنامەنوسە پەراوێزخراوەکان، بالێرینەکان(ئەوانەی سەمای بالێ ئەنجامدەدەن)، بوکەشووشەسازان و هتد. خانووەکە تەنیا ئەو مرۆڤە غەریبانەی لەخۆنەگرتووە کە هیچ کۆمەکێکی بەرهەمداریان بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری نیە، بەڵکو پرۆژەی گەورەی گەشەپێدانی مەزنیشی تێدایە، ڤاندەرهۆفیش ڕەتیدەکاتەوە خانووەکە بفرۆشێت تاوەکو ڕێ بۆ ئەو گەشەپێدانانە خۆشبکات. خانووەکە سەمپتۆمە، خەڵکەکەش لە ئابوریی سەرمایەداریدا دۆخێکی سەمپتۆماتیکیان هەیە، چونکە لەپێناو فۆرمێکی تاقانەی چێژدا دژ بە بەرهەمدارێتی و کەڵەکەکردن دەوەستنەوە. لە فیلمی ناتوانیت لەگەڵ خۆتدا بیبەیت، ئیمکانی سۆڵیداریتەیەکی سەمپتۆماتیک لەنێوان وەدەرنراوەکاندا دەبینین و ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی ئەودیو سنورەکانی "بیرکردنەوە لەڕێی دیموکراسیی نوێنەری یان فەندەمێنتاڵیزمەوە" ببینین، چونکە وا دیارە تاکە ئەڵتەرناتیڤی بازنەی سیاسیی ئەمڕۆ بن.

  گەر سەمپتۆم پێگەیەکی گرنگی لە کارەکانی ژیژەکدا هەبێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە ئەم چەمکە ڕێی پێ دەدات پانتاییەکی نوێی سیاسی بدۆزێتەوە. وەک ژیژەکیش دەڵێت، هەڵەی گەورەی مارکسیزم و هەندێک لقی دەروونشیکاری ئەوەیە بڕیاریانداوە لە سەمپتۆم هەڵبێن. سەمپتۆم کارکردی ئاسایی سیستەم تێکدەدات، بۆیە دەشێت لەوە تێبگەین بۆ خۆمانی لێ لادەدەین. بەڵام خۆلادان لە سەمپتۆم نەک تەنیا مەحاڵە، بەڵکو سەرچاوەی چێژ(ژویسانس)ـەکەشمان وێراندەکات. لە هاوشوناسبوونماندا لەگەڵ سەمپتۆم، جەخت لە شێوەی ژویسانسەکەمان دەکەینەوە.

  کۆمەکە مەزنەکەی ژیژەک بۆ فیکری سیاسی ئەوەیە سیاسەتی ڕووەو ژویسانس ئاڕاستەکردووە نەک خولیا و ئەقڵانییەت، سەمپتۆمیش لەم ئاڕاستەکردنەدا ڕۆڵی گرنگی هەیە. هەرچەندە سەمپتۆم بونیادی سەرمایەداری هەڵدەتەکێنێت، بەڵام ئەو ژویسانسەش دابیندەکات، کە ئەم بونیادە بێ ئەو ناتوانێت خۆی ڕاگرێت. هاوشوناسبوون لەگەڵ سەمپتۆمدا پێویستیی ئەم ژویسانسەمان بۆ دەردەخات و ڕێیەکی سیاسی دەخوڵقێنێت کە ژویسانسەکەمان بۆ زیاددەکات.

  بەڵام پرۆژە سیاسییەکەی ژیژەک لەو سنورە تێنەپەڕێنراوەش ڕادەمێنێت، کە لەناو خودی سەمپتۆمدان. سەمپتۆم دەلالەتە لە مەحاڵێتیی کەماڵ(پڕێتی و تەواوەتی) کە هەموو سیستەمێک ڕاودەنێت. گەر یۆتۆپیا سۆڵیداریتەیەک بێت لەچواردەوری سەمپتۆمدا، ئەوا ئەم فۆرمە لە یۆتۆپیا بەردەوام لەناو خۆیدا شکستدێنێت. لەبری سیاسەتێک کە تێیدا بەسەر ئەو بەربەستانەدا زاڵبین کە ڕێگرن لەبەردەم پڕێتیدا، ژیژەک سیاسەتی سەمپتۆم تەرحدەکات، کە تێیدا لەگەڵ ئەم بەربەستانەدا هاوشوناسدەبین. لە ئەنجامدا، ئەنتاگۆنیزمی کۆمەڵایەتی هیچ چارەسەرێکی نیە. تەنانەت ئەو یۆتۆپیایەشی ژیژەک باسیدەکات، گرفتاری دەستی ئەنتاگۆنیزمە. لە ڕاستیدا هاوشوناسبوون لەگەڵ سەمپتۆمدا ئەنتاگۆنیزم دێنێتەپێشەوە.

  ئاڵۆزیی سیاسەتی سەمپتۆمی ژیژەک لەوەدایە، کە پێداگرە لەوەی چارەسەرکردنی ناڕێکیی شارەوەی سیاسەت ناتوانێت ڕزگارمانبکات لە سەمپتۆم. سەمپتۆم بۆیە لێرەیە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، و وەک بەربەستێک لەبەردەم پرۆژە سیاسییەکاندا دەمێنێتەوە. دەتوانین لەڕێی گواستنەوەی بەربەستەکەوە بۆ ناو فۆرمی سیاسەت، دووبارە بیر لەو فۆرمە بکەینەوە کە سیاسەت هەڵیدەگرێت، بەڵام ناتوانین وێرانکارییە حەتمییەکانی ئەم بەربەستە نەهێڵین.  

 

 

 

 


[1] You can’t take it with you