A+    A-
(506) جار خوێندراوەتەوە

                                                          ئێوارەى مۆندیال

 

 

 

مۆندیال (mondial), کە ڕەنگە بە ڕێکەوتێکى تایبەت هاتبێتە ناو زمانى کوردییەوە, ئاوەڵناوێکى فەڕەنسییە و بە واتاى «جیهانى یان نێونەتەوەیی» دێت. مۆندیال, بۆنەیەکى جیهانییە, بەڵام بۆ پیاوان. جگە لە هەندێ وەڵامى گریمانەیی و تیۆرى (لە چەشنى جیاوازیی چۆنایەتى), هیچ وەڵامێکى ترى گشتگیر و قەناعەتگیر بوونى نیە. ڕەنگە لەبەر ئەمەش بێت, عادەتەن پیاوان کۆى یارییەک و ژنانیش بەشێکى بە هەند وەردەگرن (دیارە مناڵیش ڕۆڵێکى تەشریفاتیی تیا هەیە). وەک بکەرى ڕاستەوخۆ, کۆى پیاوانیش بەشدار نین, هێند هەیە تەمەنێکى دیاریکراو بەشدارە و باقى تەمەن و ڕەنگ و پێگە کۆمەڵایەتییەکانى تر بە شێوەى تر خۆیان دەلکێنن بەم بۆنە جیهانییەوە. دەشێت خاوەنى هەڵبژاردەیەک نەبیت و بە جۆرى دیکەش بچیتەپاڵ ئەم بۆنەیە (لە حاڵەتى کورد و هتددا).

چەند کاژێرێکى تر, یاریی کۆتایی مۆندیالە: مرۆڤ هێشتاش وەک باوانە دێرینەکانى خۆى, ناتوانێت خۆى لە ململانێى ڕەش و سپى, باش و خراپ, براوە و دۆڕاو جیابکاتەوە. ھێشتا دووانەى هێز, با پاڵفتەکراویش بێت, هەر بەردەوامە. بەشێک لەو شەڕەنگێزییە خۆڕسک و  بێلایەنەى خۆى, بەسەر لایەنگرییەکى پاڵفتەکراودا خاڵیدەکاتەوە. تۆپى پێ, کە قاچ دیارترین ئۆرگانى بەکارهاتووە تێیدا, جەماوەرییترین بیانووى ئەم خۆخاڵیکردنەوەیەیە: قاچ, وەک ئۆرگانێکى کارا و لێدەر و خاڵیکەرەوە. دیسپلینکردنى قاچ, بەو هەمووە ڕێسا شارستانى و بەو هەمووە ڕێسا ناوەکییەى تپى پێ خۆیشیەوە, هێشتا ئۆرگانێکى چالاک و سەرەکییە لە ئیدارەدانى ئەو شەڕەنگێزییە خۆڕسکەى لە کرۆکى مرۆڤدا نوستووە. بەڵام لێرەدا پرسیارێکى تر سەردەردێنێت: ئاخۆ ئەو شەڕەنگێزییە دووەمینەى ناو شارستانییەت کە سەرمایەداریی جیهانیی لێ کەوتووەتەوە, چەندى لەم بۆنە جیهانییەدا بەتاڵدەبێتەوە؟ دەشێت پارادۆکسە لەوێدا بێت کە سەرمایەدارى خۆى ناوى ئەو شارستانییەتە بێت کە تۆپى پێ دەگڕێت بۆ ئەم بۆنە ئاگرینەیە.

لەلایەکى ترەوە, مۆندیال, تەمەنژمێرە: سێ نەوە لە میانى مۆندیالدا, ئەم جەنگەى کات بە ڕووماندا دەدەنەوە. ئامادەیی فوتباڵیستە کۆنەکان, و ئەوانەى کۆتا ساتەکانى خۆیان دەگوزەرێنن, و ئەوانەشى لە سەرەتاى درەوشانەوەى خۆیاندان. ئەوانەى وازیانهێناوە (کە لەم مۆندیالەدا بەرچاومان دەکەون وەک باتیستۆتا, ڕۆناڵدۆ و کارلۆسى بەرازیل, باجیۆ و هتد), چەشنى مۆنۆمێنتێک وان, وەک ڕۆژنامەیەکى کۆن کە هەواڵى بەنرخى تیا بڵاوکراوەتەوە و چیدى نوێ و ڕۆژەڤ نیە: دەبێت بێیت و بڕۆیت, وزە بۆ گەنجى و حیکمەتیش بۆ تەمەنى دواتر. جیابوونەوەى یاریزانانیش لە تۆپى پێ, تراژیدیایەکى حەتمیی تۆپى پێیە. ئەم تراژیدیایە, لە زۆر بۆنەى ترى مرۆییشدا دووبارەدەبێتەوە. پێدەچێت دڵتەنگى و دڵەڕاوکێکەى, هەمان شوێنەوارى جیابوونەوەى زارۆک بێت لە دایکى. هەمان ڕووداو بێت, لە گەورەییدا و بە چەند پێچ و ئاڵۆزییەکى ترەوە دووبارەببێتەوە. کاتمەندى و تێپەڕینى کات, لە تۆپى پێدا بەشێوەیەکى بێباک خۆى پیشاندەدات (ئەم تەمەنەى کە کریستیانۆى پیا تێدەپەڕێت, و بینینى وەک یەدەکێک, دڵى هەر تەماشاکەرێک تەنگدەکات). وێڕاى ئەمانەش, پەرۆشى تێکەڵ بە بێباکى دەبێت:  

هەر ئەو ڕێزەى لە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ گیرا, خاڵى نیە لە مەراییەکى پاتۆلۆژیک. ئەو تازە دۆڕابوو, گاڵتەکردنى زیاتر بەو, کۆى نەزمى ململانێکەى تێکدەدا. بۆیە ڕێزەکە, هەر بەشێکە لە سنورى ناوەکیی ململانێکە, بەشێکە لە ڕێسا ناوەکییەکانى نەک ئەوەى خاترانەیەکى دەرەکى بێت. ئەو پێشتر خۆى دانى بەوەدا نابوو کە دۆڕاوە, بۆیە نەدەبوو ئەم دانپیانانە دووجا و دەبڵ-پۆزەتیڤبکرێتەوە. کاتێک دەوترا سوپاس بۆ ئەوەى پێشکەشتکردین, لەبنەڕەتدا سوپاسە بۆ ئەوەى بەشێکى ململانێکەى ڕاگرتووە. ڕۆناڵدۆ ئەو ئەویترەیە کە پرۆسەى چێژەکەى ڕاگرتبوو. ئەو پێشوەخت خزابووە ناو چارەنووسى خۆیەوە, بۆیە هەر دەبوو سوپاسباران بکرێت. ئەم دیمەنە, لەو دیمەنەى کەسێکى براوە دەچێت کە بە شکستەوە لە گفتوگۆیەک دەگەڕێتەوە. گەڕانەوەکەى, دڵى ئەم لایەنەى تر خۆشدەکات. گەر سەرکەوتنێکى مسۆگەر و پێشوەخت بوونى نەبێت, ئەو دانپیانانەش ڕوونادات. سوپاسبارانەکە بەگشتى بۆ ئەوەیە کە بەشێکى یارییەکەت ڕاگرتبوو تا ئێمە تێیدا سەربکەوین. دیارە نامەوێت نرخى مرۆیی شتەکە کەمبکەمەوە, بەڵام سرووشتى دایالۆگ و گفتوگۆ و ململانێ مرۆییەکان بم جۆرەیە. گەر ڕوویەکى تریشى هەبێت, ڕەنگە من نەیناسمەوە.

وەک شوێن دەنگۆى ئەوە هەیە مۆندیالەکانى داهاتوو لە یەک وڵاتدا قەتیسنەکرێت, و وڵاتە و وڵات بگێڕدرێت. بەڵام وەک کات مۆندیال لەسەر خەسڵەتێک بنیاتنراوە کە گەر بێتو گۆڕانى بەسەردا بهێنرێت ئەوا بۆ ئەمڕۆ پارادۆکس درووستدەکات. مۆندیال دەبێت چوار ساڵ بێت کە زەمەنێکى کەم نیە, جۆرێک خاویی زاتیی تیایە, گەر بێتو ئەم بڕە کەم بکرێتەوە ئەوا تێکەڵ بە ڕۆحى خێراى ئەمڕۆى جیهان دەبێت و پێدەچێت هەستێکى خۆش درووست نەکات. لە هەر حاڵەتێکدا بێت, هەوادارێکى کورد بەو ئازادییە ڕێکنەخراو و بێسنورەى خۆیەوە هەر «هەوادار»ێکە لەم جیهانەدا.   

ئەم ئێوارەیە, بەناو جۆرەها دڵەخورپەدا, هەندێکمان دڵخۆش و هەندێکیشمان دڵتەنگ دەبین. دواتر, هەموو شتێک دەبێتە, مێژووش هەر ڕووى لەپێشە, مۆندیالیش لە مێژووى مۆندیال جیانابێتەوە. تا ئێرە هیگڵییە. بەڵام نیچە گوتەنى: خۆش بە حاڵى ئەوانەى بارى مێژوو ناکەنە بارێکى پڕووکێنەر و تواناى بیربردنەوەیان هەیە. بە چاوەڕوانییەکى تاڕادەیەک خاکەڕایانەوە, دەتوانین دەرگیر بین و چێژ وەربگرین...        

 

 

 

وەلید عومەر