A+    A-
(845) جار خوێندراوەتەوە

مارکس و نیچە: هێز، چین، ئایین

 

 

 

جاک فۆکس ویلیام

و: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

هەرچەند هیچکامیان تێیدا نەژیاون، مارکس و نیچە لە گرنگترین بیرمەندەکانی سەدەی بیستەمن. هەردووک شوێنەوارێکی گەورەیان جێهێشت لەسەر بیرمەند و ڕووداوەکانی ئەو سەدەیە؛ ڕادیکاڵانە، بیرکردنەوەی ئێمەیان گۆڕی لەمەڕ تاک و کۆمەڵگە و دۆخی مرۆڤ. لە کتێبەکەیدا «ویستی هێز»[1]، نیچە پێی وایە، سەرتاپای ڕەفتار و بەڵگەسازییەکانی مرۆڤ هەر بەرجەستەبوونی «ویستی هێز»ـە. لەولاوە، مارکس پێی وایە، سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان تایبەتمەندن بە ململانێی چینایەتی، بەجۆرێک چینی باڵادەست ئامرازەکانی بەرهەمهێنان زەوتدەکات لەڕێی چەوساندنەوەی چینەکانی ترەوە. ئینجا، بابڕوانینە گۆشەنیگای هەریەک لە مارکس و نیچە سەبارەت بە ئایین، بنەچەی ئەخلاقی مەسیحی، فەلسەفەی ڕۆژئاوایی؛ لەگەڵ پشکنینی خاڵە هاوبەش و ناکۆکەکانیان.

 

 

ویستی هێز، ململانێی چینایەتی، ئایین

لە کتێبی «زانستی شاد»[2]، نیچە باس لە لاوازبوونی کاریگەریی مەسیحییەت دەکات بەسەر کۆمەڵگەی ئەورووپییەوە. بانگەشەیەکی شیعری دەکات: «خودا مرد. خودا بە مردوویی دەمێنێتەوە. ئێمە کوشتمان». هەرچەن تا ئەمڕۆکەش خودا زیندووە، هێشتاش ملیاران کەس پابەندن بە ئایینێکی ڕێکخراوەوە؛ مەبەستی نیچە ئەوەتا، عەقڵانییەتی مۆدێرن توانی خودا لە جیهانبینیی ڕۆژئاوایی دەربکێشێت، «ڕێکخستە»[3] زانستییەکانی خستە جێگەی ئایینەکان. ڕاستە، دەگوترێت ڕاگەیاندنی مەرگی خودا لەلای نیچەوە، دەسپێکی نیهیلیزم[4]ـە؛ بەڵام نیچە بەگژ نیهیلیزمدا دەچێتەوە، گوایە شەوقی مرۆڤ بۆ ژیان کزدەکات. دەنوسێت، «نیهیلیزم چییە؟_ بەها بەرزەکان خۆیان بێ‌بەها دەکەن». هەڵبەت، نیچە درک بە لاوازبوونی ڕۆڵی ئایین دەکات لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییدا؛ هاوزەمان باس لە پێویستی سیستەمێک لە بەهای غەیرەمەسیحی دەکات، تا مرۆڤەکان بتوانن ژیانێکی مانابەخش بەسەرببەن و ئامێز بۆ درامای بوون بکەنەوە.

شاڕەهەندی کاردانەوەی نیچە بەڕووی ئەم لاوازبوونەی ئاییندا، چەمکی «ویستی هێز»ـە. بەگشتی، بەگوێرەی ئەم ڕوانینە، هەر ئۆرگانیزمێک نیازێتی ئەوپەڕی زاڵبوون لە ژیاندا وەچنگ بخات، تا بەردەوام بێت لە گەشەکردن نەوەک هەر بە مانەوە قایل بێت. بەنیسبەت نیچەوە، ویستی هێز ئەنگێزەی پشت هەموو فۆرمەکانی ڕەفتار و بەڵگەسازیی مرۆڤە. هەروەتر، لە کتێبی «لەودیوی چاکە و خراپەوە»[5]، باس لەوە دەکات، چۆن هەتا فەیلەسووفانیش _نائاگاییانە_ بەپێی ئامانج و پاڵنەر و بەها تاکەکەسی و ژینگەکانیانەوە ئاراستەدەکرێن. بەگاڵتەجاڕییەوە دەنوسێت، لەبری گەڕان بەدوی زانین، «خولیای ڕاستەقینەی توێژەر شتێکی دیکە بێت، ڕەنگە لەپێناو خێزانەکەی بێت، یان ئارەزووی سامان بێت، یاخود ئامانجێکی سیاسی».

دەشێت شیکارییەکەی نیچە ڕۆشناییەکی باش بخاتەسەر پەیوەندیی نێوان ئایین و هێز، لەپاڵ ئەو هۆکارە دەروونییانەی کە مرۆڤ هاندەدەن بۆ پابەندبوونی ئایینی. ئایین توانای جڵەوگیریی دەبەخشێت لەنێو ژیانێکی پشێودا؛ دەتوانێت هەستکردن بە دەسەپاچەییمان  بەڕووی ئازارەکاندا کەم بکاتەوە، لەڕێی مانابەخشین بەم ئازارچەشتنە، هەروەک هاوکارمانە بۆ سەپاندنی هێز بەسەر ئەوانیتردا. هێندە بەسە، بڕوانینە باری دارایی و دەسەڵاتی ئۆسقۆف و قەشەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست، تا بزانین چۆنچۆنی ئایین بەکاردێت بۆ زیادکردنی سامانی تاک.

هاوزەمان مارکس پێی وایە، ئایین یەک لە دەرکەوتەکانی هێزە. هەرچەن ڕوانگەی وی بۆ هێز، گەلێک جودایە لەوەی نیچە. لە «سەرمایە»ـدا مارکس دەنوسێت: «لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی، ئایینی ڕێکخراو دەبێتە کەرەستەیەک بۆ هێشتنەوەی جەماوەر لە پاشکۆیەتی ئابوورییدا». یاخود وەختێک لە «ڕەخنەی فەلسەفەی ماف لای هیگڵ»ـدا دەڵێت: « ئایین حەسرەتی بوونەوەرێکی چەوساوەیە، دڵی جیهانێکی بێ دڵە، ڕۆحی هەلومەرجێکی بێ ڕۆحە، ئەفیونی جەماوەرە». هەڵبەت ئابووریی بازاڕ، کاڵا و بەرهەم و خزمەتگوزاری پێشکەشدەکات، کەچی هیچ مانایەک نابەخشێتە ئامانجە ترانسێندێنتاڵەکان. بەو مانایەی، جەماوەر هێندە نامۆدەبن بەهۆی هەلومەرجەکانی سەرمایەدارییەوە، ناچار ڕوودەکەنە ئایین بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە ڕۆحییەکانیان. هەروەک مارکس دەڵێت: «لەناوبردنی ئایین وەک بەختەوەرییەکی وەهمی خەڵک، پێشمەرجە بۆ بەدیهاتنی بەختەوەریی ڕاستەقینە».

هاوشێوەی نیچە، مارکس بناغە میتافیزیکییەکانی ئایین ڕەتدەکاتەوە، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لێی دەڕوانێت. جەختدەکاتەوە لەوەی، «مرۆڤ ئافرێنەری ئایینە، نەوەک ئایین ئافرێنەری مرۆڤ. ئایین خود_ئاگایی و خۆ_نرخاندنی ئەو مرۆڤەیە وا هێشتا خۆی نەدۆزیوەتەوە، یان هەم خۆی دۆڕاندووە». بەنیسبەت مارکسەوە، چەمکەکانی «خودا» و «ڕۆح»، هیچ بناغەیەکیان لە واقیعدا نییە، بەڵکو تێگەیشتنێکی خەمڕەوێنە بۆ ئەو کەسانەی لە مانای ژیان ناگەن. ئەم ئایدیایە، هاوچەشنی ئایدیاکەی نیچەیە، گوایە مرۆڤەکان ئایین بەکاردەبەن بۆ خۆ_بەهێزکردن. هاوشان بەمە، مارکس هێزی ئایین نابەستێتەوە بە ویستی هێز ـی گەردوونییەوە. لەبری ئەوە، دەڕوانێتە پێویستییە دەروونییەکانی بۆ باوەڕی ئایینی لە بەرئەنجامی ئەو دەسەپاچەییەی بەرهەمی هەلومەرجی چەوسێنەرانەی سەرمایەدارییە. لێرەوە، مارکس لە گۆشەنیگایەکی ئابووریی_کۆمەڵایەتییەوە ئایین دەخوێنێتەوە، ئەمە لە فەلسەفەی نیچەدا غایبە. هیچکامیان ئارگۆمێنتی فەلسەفی ناخەنەڕوو سەبارەت بە حەقیقەتی ئایینی؛ کەچی دەخوازن وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و دەروونی لە ئایین تێبگەن.

 

 

ئەخلاقی مەسیحی وەک ڕەهەندی هێز

تیۆرەکانی مارکس و نیچە لەمەڕ ئایین، ئایدیاگەلێک دەبەخشن دەربارەی بنەچەی ئەخلاقی مەسیحی. هەرچەن مارکس هەرگیز ڕاستەوخۆ لەم مەسەلەیە نەدواوە، کەچی دەتوانین تیۆرەکەی سەبارەت بە ململانێی چینایەتی، بەسەر پەرەسەندنی ئەخلاقی مەسیحییدا پیادەبکەین. لەم گۆشەیەوە، ئەخلاقی مەسیحی دەبێتە ئامرازێک بەدەست دەستەبژێری حاکمەوە بۆ زەوتکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان. ئیتر ڕاسپاردە ئەخلاقییە مەسیحییەکان، وەک «هەر کەس کە لە ڕوومەتی ڕاستی تۆ دەدا، ئەوی دیکەشی بۆ وەرگێڕە» یان « هەر واش ئاخیران دەبنە هەوەڵ و هەوەڵان ئاخیر»؛ دەچنە خزمەتی دەستەبژێرەوە لەڕێی هاندانی پاشکۆیەتییەکی ناچالاکەوە لەنێو چینی کرێکاردا. ئەگەر پرۆلیتاریا چالاکانە بەگژ چەوسانەوەی سەرمایەداران بچێتەوە، ئەوکات شۆڕشی سۆسیالیستی ڕێی تێدەچێت. هاوکات ئەم سەرکزییە مەسیحییە ڕێخۆشکەرە  بۆ درێژەکێشانی ستەمکارییەکانی سیستەمی سەرمایەداری بەسەر چینی کرێکارەوە.

دەکرێت بڵێین، بیرۆکەی چوونە بەهەشت بەرمەبنای ڕەفتارە ئەخلاقییەکانی تاک، یارمەتی چینی فەرمانڕەوایە بۆ هێشتنەوەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە چنگی خۆیاندا. هەڵبەت، مەسیحییەت دڵساردە بەرامبەر ئەو چەشنە ڕەفتارانەی دەچنە خانەی شۆڕشەوە_ وەک، شەڕانگێزی و توندوتیژی و ئارەزووی تۆڵەکردنەوە. لێرەوە، بەبڕوای مارکسیزم، بۆرژوازی ئایین وەک میکانیزمێکی دەزگایی بەکاردەبات بۆ خەڵەتاندنی چینی کرێکار و هێشتنەوەیان لە حاڵەتی نابەرگری.

هەرچەن نیچە لە زۆر ڕەهەندەوە ناکۆکە لەگەڵ مارکس، بەڵام لەوێدا تەبایە، وەختێک ئەخلاقی مەسیحی وەک ڕەهەندی هێز دەبینێت. بەنیسبەت نیچەوە، ئەخلاقی مەسیحی گوزارشتە لە «ئەخلاقی کۆیلە»_ ئەخلاقی ئەو کەسانەی ئەوەندە هێزیان نییە تا پڕاوپڕ ئامێز بۆ ژیان بکەنەوە. لە «ژینالۆژیای ئەخلاق»[6]ـدا، نیچە دەڵێت، گریکە دێرینەکان سیفەتی بەهێز و بەزەبرەکانیان وەک «چاک» و سیفەتی لاوازەکانیان وەک «خراپ» وەسفدەکرد. کەچی بەرمەبنای بوغز و کینەیان بەرامبەر چینی ئەریستۆکرات، چینەکانی خوارەوە ئەم پارادایمە[7] کەلتوورییەیان قڵپکردەوە و سیستەمێکی ئەخلاقییان دامەزراند بۆ شکۆدارکردنی سیفەت و ئاکاری ژێر‌دەستەکان. ئەم هەڵگێڕانەوە ئەخلاقییە دەسپێکی مەسیحییەتە؛ ستایشی سیفەتی لاوازەکان دەکات، وەک بەزەیی و لەخۆبوردوویی؛ کەچی لۆمەی سیفەتی بەهێزەکان دەکات، وەک خۆ_سەلماندن و پشت‌بەخۆبەستن. ناکۆکیی بنەڕەتیی نێوان هەردوو بیرمەندەکە لێرەیە: بەبڕوای مارکس، چینی فەرمانڕەوا ئایینی گەشەپێداوە وەک کەرەستەیەک بەدەستی سەرمایەدارانەوە بۆ ڕێگرتن لە شۆڕشی پرۆلیتاری؛ بەبڕوای نیچە، ئایین ئامرازێکە بەدەستی چینە ژێردەستەکانەوە بۆ لۆمەکردنی فەزیڵەتی ئەریستۆکراتەکان و بەدەستهێنانی باڵادەستیی ئەخلاقی.

ڕاستە، نیچە هیچی لەسەر تیۆرەکانی مارکس دەرنەبڕی؛ بەڵام حەتمەن ناکۆکە لەگەڵ ئایدیاکەی وی دەربارەی کۆمەڵگەی یەکسان. لە کتێبی «ئاوابوونی بتەکان»[8]ـدا دەڵێت، «تیۆری یەکسانی! ئەمە تاڵترین ژەهرە: بەڕوواڵەت لە دادپەروەرییەوە دێت، کەچی مەرگی دادپەروەرییە». ئەم بانگەشەیە، خاڵی ناکۆکی ڕوانگەی مارکس و نیچەیە بۆ مرۆڤایەتی.

 

 

هەڵوەشاندنەوەی نەریتی فەلسەفیی ڕۆژئاوایی

لە کتێبی «لەودیوی چاکە و خراپەوە»، نیچە بانگەشەدەکات، فەلسەفە لە گەڕان بەدوی حەقیقەتدا، قەت ئۆبێکتیڤ (بابەتى-دەرەکى) نەبووە. دەنوسێت: «بەنیسبەت فەیلەسووفەوە، هیچ شتێکی ناشەخسی لەگۆڕێ نییە؛ لەسەرووی گشتییەوە، ئەخلاقی وی، شایەتییەکی گردەبڕ و یەکلاکەرەوەیە بۆ شوناسەکەی». بەنیسبەت نیچەوە، فەیلەسووفان ناتوانن بێلان بن، چونکە نائاگاییانە کارتێکراون بەهۆی بەها شەخسییەکان و باوەڕ و ئەزموونەکانیانەوە.

لە دووتوێی «ئاوابوونی بتەکان»، نیچە هێرشی توند دەکاتەسەر ئارگۆمێنتەکەی کانت سەبارەت بە هەبوونی حەقیقەتێکی ئەخلاقیی گەردوونی، بەو پاساوەی، پاڵپشتە بۆ فۆرمێک لە ئەخلاقی مەسیحی. بەبڕوای نیچە، کانت نیازێتی ئایدیا سوبێکتیڤەکەی دەربارەی چییەتی حەقیقەت بەسەر جیهاندا بسەپێنێت، لەپێناو تێرکردنی ویستی هێزە ـەکەی لەپشت پەردەی فەلسەفەیەکی ئەخلاقیی ئۆبێکتیڤەوە؛ بۆیە وەک «مەسیحییەکی ڕیاکار لە دوایین ڕۆژەکان» وەسفی دەکات. ڕەخنەی نیچە لە کانت و فەیلەسووفە مۆدێرنەکانی تر، ڕۆشنایی دەخاتەسەر ڕەخنە بەرفراوانەکانی وی لە فەلسەفەی ڕۆژئاوایی؛ ئەم ئایدیا فەلسەفییانە لەبری ئەوەی بەرئەنجامی پشکنینی ئۆبێکتیڤ بن، گشتیان ڕەنگدانەوەی ویستی هێز ـی خاوەنەکانیانن. بەم مانایە، دەکرێت بڵێین، نیچە باوکی پۆستمۆدێرنیزمە[9]؛ ئاخر هەبوونی حەقیقەتێکی ڕەها ڕەتدەکاتەوە، پێی وایە، فەیلەسووفان قەت ناتوانن بێلایەنانە بەڵگەسازی بکەن.

مارکس لێرەدا ناکۆکە لەگەڵ نیچە؛ چونکە درێژدەپێدەری ئایدیاکانی فەلسەفەی مۆدێرنە. هەڵبەت، ڕەخنەی مارکس لە هەژموونی بۆرژوازی بۆتە بناغەیەک بۆ بەدناوکردنی نەریتی فەلسەفیی ڕۆژئاوایی. مارکس دەڵێت، فەلسەفە لەژێر هەلومەرجی سەرمایەدارییەوە پەیدابووە، شکستی هێناوە لە ڕزگارکردنی چینەکانی خوارەوە لەدەستی چەوسانەوەی ئابووری. وەک لە بانگەشە بەناوبانگەکەیدا هاتووە: «تا ئەمڕۆ، فەیلەسووفان بەڕێگەی جیاواز ڕاڤەی جیهانیان کردووە؛ کەچی خاڵە سەرەکییەکە، گۆڕینی جیهانە».

وەک دەبینن، هەریەک لە مارکس و نیچە ڕەخنە لە فەلسەفەی مۆدێرن دەگرن. ڕەخنەکەی مارکس، لە ڕەخنەکردنی ئابووریی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەدەگرێت؛ بەڵام نیچە پێی وایە، ئایدیا فەلسەفییەکان ڕەنگدانەوەی ویستی هێزن نەوەک بەرئەنجامی بەڵگەسازیی ئۆبێکتیڤ. هەمدیسان، جیاوازیی نێوان نیچە و مارکس ئەوەیە؛ مارکس پەرەسەندنی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی لە سیاقی ئابووریی_کۆمەڵایەتیی ململانێی چینایەتییدا شیکاردەکات؛ بەڵام نیچە وەک گوزارشتێک لە دینامیکی ویستی هێز لێی دەڕوانێت کە سەرتاپای ڕەفتار و بەڵگەسازییەکانی مرۆڤ ئاراستەدەکات.

 

 

 

 

 

 

 

 

پەراوێز:


[1] Will to Power .

[2] The Gay Science .

[3] Cult.

[4] Nihilism.

[5] Beyond Good and Evil.

[6] The Genealogy of Morality.

[7] Paradigm.

[8] Twilight of the Idols.

[9] Postmodernism.

 

سەرچاوە:

now Philosophy