ژیل دۆڵۆز: فه‌لسه‌فه‌ی خولقاندن (ئەفراندن)
مۆنیشا چۆدهاری
و. شکار وەفا
ژیل دۆڵۆز فه‌یله‌سوف و نووسه‌ری فه‌ڕه‌نسی، به‌هۆی ڕه‌خنه‌کانی له ئه‌قڵگه‌رایی و تاکگه‌رایی مۆدێرنه‌وه به یه‌کێک له بیرکه‌ره‌وه دیاره‌کانی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م داده‌نرێت. ساڵی 1925 له پاریس له‌دایکبووه، نووسه‌ری زیاتر له 25 کتێبه، یه‌کێکیان نه‌بێت ئه‌وانی تر هه‌موویان بۆ زمانی ئینگلیزی وه‌رگێڕدراون. دۆڵۆز ئه‌وکاته‌ی له سۆربۆن بوو چه‌ند لێکۆڵینهوهنامهیهک له‌باره‌ی هیوم، سپینۆزا، نیچه، کانت و بێرگسنهوه ده‌نوسێت. دواتر و له 1968 (جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه) و له 1969شدا (لۆجیکی هه‌ست) بڵاوده‌کاته‌وه. دواتر به هه‌ره‌وه‌زی له‌گه‌ڵ چالاکوان و فه‌یله‌سوفی سیاسی فێلیکس گاتاری له 1972 و 80دا (کاپیتاڵیزم و شیزۆفرینیا) و (هه‌زار ڕووته‌خت) بڵاوده‌که‌نه‌وه. دۆڵۆز له پانتاییه فه‌لسه‌فییه‌که‌دا له‌وه‌دا ته‌نها بوو که پێی وابوو فه‌لسه‌فه ده‌بێت چه‌مک بخولقێنێت. ئه‌م پیاوه فه‌ڕه‌نسییه مێتافیزیکییهکی ڕووت بوو، چه‌مکه په‌تی و ئه‌بستراکته‌کانی وه‌ک هزر، تاکگه‌رایی، یاده‌وه‌ری توێتوێ و شیکار کرد. ئه‌مه‌ش تاقانه‌یی فه‌لسه‌فه‌کی دۆڵۆز ده‌رده‌خات و ده‌یکات به یه‌کێک له پشتپێبهستراوترین بیرکه‌ره‌وه‌کانی نێو سه‌رجه‌م بواره‌کانی نێو زانسته مرۆڤایه‌تییه‌کان. ئه‌م وتاره ڕوانینه له شاکاری (جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه)، [دۆڵۆز] تێیدا ده‌گاته ئه‌وه‌ی ته‌رز و چه‌شنه نوێیه‌کانی بیرکردنه‌وه و بوونبه (صیرورة-becoming) له ڕێگه‌ی جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه گه‌شه ده‌که‌ن.
بناغه‌ی دۆڵۆز
کاره‌کانی دۆڵۆز بناغه و بنه‌مان بۆ تێگه‌یشتن له هزری پۆست‌مۆدێرن، قورسیشن بۆ ده‌رگیربوون و تێگه‌یشتن لێیان. ئیتر چڕکردنه‌وه‌ی کاره‌کانی دۆڵۆز له کاتی وه‌رگێڕانیاندا وه‌ک عاده‌تێکی لێهاتووه، ئه‌م دژواری و ئاڵۆزییه‌ی دۆڵۆزیش په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه ئه‌و په‌نای "نیۆلۆجیزم" بردووه. [نیۆلۆجیزم] به واتای داهێنانی وشه‌ی نوێ دێت، به‌کارهێنانی وشه‌گه‌لێکی فه‌ڕه‌نسی که هیچ بهرامبهرێکییان له ئینگلیزی‌دا نییه، هه‌روه‌ها هێنان و قه‌رزکردن و فه‌لسه‌فاندنی چه‌مکگه‌لێک که سه‌ر به بوار و دیسپلینه‌کانی ترن، ئه‌مه‌ش ته‌حه‌دییه‌کی تری دۆڵۆزه. تێگه‌یشتن له بنه‌ما و بنه‌ڕه‌ته‌کانی تیۆری دۆڵۆزی یارمه‌تیده‌رێکه بۆ خوێندنه‌وه‌ی کاره‌کانی ئه‌مه‌ش به سودوه‌رگرتن له پێشه‌کی و کۆنتێکستی فه‌لسه‌فی، که ستایلی نووسینه‌کانی ئه‌مانه له خۆ ناگرن.
یه‌که‌م، دۆڵۆز نه سه‌ر به نه‌ریتی فه‌لسه‌فه‌ی قاڕهییه نه سه‌ر به نه‌ریتی ئه‌نگلۆ-ئه‌مریکییه، ناشتوانرێت بلکێندرێت به یه‌کێک له‌و گرووپانه‌وه. دۆڵۆز وه‌ک پۆستمۆدێرنێک بەتوندی دژی تاکواتایی و یه‌ک مانایی "یونیڤۆکاڵیزم" بووه- بۆ نموونه تێرمه‌کانی وه‌ک "بوون" که ته‌نها واتایه‌کی هه‌یه. ئه‌م تاک واتاییه کرۆک و جه‌وهه‌رێک ده‌به‌خشێته هه‌موو شته‌کان، جۆرێک له تهسبیتبوون و ههمیشهیێتی. له‌بری ئه‌وه دۆڵۆز پێشنیاری فره‌یی و چهندینهیی (multiplicity) ده‌کات، پێی وایه شتێک نییه به ناوی "بوون"ه‌وه، به‌ڵکو ته‌نها دۆخی بوونبه له ئارادایه. نیگه‌رانی و کێشه‌شی له‌گه‌ڵ نواندنەوە Representation)) دا هه‌یه کاتێک به واتای بیرکردنه‌وه به‌کارده‌هێنرێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی دۆڵۆز ده‌ستبه‌جێ هه‌موو مێتافیزیکی ڕۆژاوا وه‌ک شتێکی بێکه‌ڵک ده‌رده‌خات، له به‌رامبه‌ریشدا پێویستیی خولقاندنی کۆمه‌ڵێک ئایدیای ته‌واو نوێی فه‌لسه‌فی.
دووه‌م، کتێبی (جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه) وه‌ک زۆرێک له کاره‌کانی تری دۆڵۆز ده‌بێت به گه‌ڕانه‌وه بۆ نیچه بخوێندرێته‌وه، چونکه کتێبی (نیچه و فه‌لسه‌فه)ی دۆڵۆز پێشه‌کییه‌که بۆ زۆرێک له کاره‌کانی تری. گرنگترین شتی ئه‌و کتێبه ته‌فسیره بۆ هزر و هه‌قیقه‌ت له‌لای نیچه. "نیچه تێیگه‌یاندین فیکر خولقاندنه، نه‌ک خواست بۆ گه‌یشتنه هه‌قیقه‌ت" (دۆڵۆز، 1991)
هه‌قیقه‌ت و ڕاستی به‌هۆی ته‌رتیب و ڕێکخراوه‌ییه‌ی تێیدایه به‌هادار نییه، به‌ڵکو هه‌میشه شایه‌نی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌یه. ئه‌م تێگه‌یشتنه نه‌ریتی ئه‌زموونگه‌ری empricism)) ڕه‌تده‌کاته‌وه، کاتێک ئه‌زموون ده‌خاته پێش هه‌موو شتێکه‌وه و مه‌سه‌له‌ی درککردن له هه‌سته‌کاندا سنووردار ده‌کات. دۆڵۆز له‌بری ئه‌وه پێشنیاری ئه‌و شێوازه له ئه‌زموونگه‌ری ده‌کات که پێش هه‌ر ئه‌زموونێکی هه‌سته‌کی ته‌فسیر و لێکدانه‌وه بۆ مهوجوداتهکان بکات. بۆ دۆڵۆز هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که هه‌ن قابیلی وێناکردنن و مومکینن و هیچ شتێک به‌ده‌ر نییه له پرسیارکردن.
له کتێبی (فه‌لسه‌فه چییه) دۆڵۆز ئه‌وه زیاد ده‌کات ئه‌زموونگه‌ریش هه‌ر ته‌قه‌لایه‌که بۆ خولقاندن – بناغه و ته‌ئسیسی له ترانسندێنتاڵهوه به‌ره‌و ئه‌زموونگه‌ریی پلاتۆ، کانت و دیکارت لاده‌بات و له‌بری ئه‌وه بناغه‌ی ئه‌زموونگه‌رییه‌که‌ی به سوود وه‌رگرتن له سپینۆزا، هیوم و نیچه داده‌نێت.
بۆ سپینۆزا که‌ڵکی له جیاوازی جه‌وهه‌ره‌کان وه‌رگرتووه و بار و ئه‌رکی واقیعی له تیۆرییه‌وه بۆ پڕاکتیکی گۆڕیوه. هه‌روه‌ها دۆڵۆز تیۆری گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی له نیچه‌وه وه‌رگرتووه تاوه‌کو جیاوازی دووباره‌بوونه‌وه‌ی پێ شه‌رح بکات.
سێیه‌م، پێویسته له لێنز و بینینی دۆڵۆزه‌وه وه‌ک خولقێنه‌ر سه‌یری فه‌یله‌سووفه‌کان بکه‌ین. دۆڵۆز بونیادگه‌ر constructivist)) بوو، ئاره‌زوویه‌کی قووڵی بۆ مێژووی فه‌لسه‌فه هه‌بوو، هه‌ر خوێندنه‌یه‌کی نوێی بۆ کارێکی فه‌لسه‌فی ده‌بووه هۆی به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین چه‌مکی نوێ. قبوڵکردن و تێگه‌یشتن له‌م ورده‌کارییانه یارمه‌تیده‌ره بۆ تێگه‌یشتن له دۆڵۆز وه‌ک خولقێنه‌رێک، هه‌روه‌ها (جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه)ش ده‌کات به شوێن و خاڵێک ڕه‌سه‌ن که چه‌مکه نوێیه‌کانی تێدا کۆبووه‌ته‌وه، گرنگتر له‌وه‌ش، شێوازی نوێی بیرکردنه‌وه‌یه. هه‌موو ئه‌و چه‌مکانه‌ی دۆڵۆز دایانده‌هێنێت په‌یوه‌ستن به ئه‌زموونی که‌سی و خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی بۆ فه‌یله‌سووفه‌کان. په‌یوه‌سته به کاریگه‌ری دووباره‌کردنه‌وه له خوێندنه‌وه‌دا، جیاوازی له‌نێوان نووسینه جیاوازه‌کاندا و نووسین له خۆیدا که زه‌مه‌نێکی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه، له‌مه‌شه‌وه چه‌مکی نوێ ده‌خولقێت. پاش ئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندی نێوان دۆڵۆز و نیچه و، جیاکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌که‌ی له فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژاوایی، هه‌روه‌ها له میتۆدی شیکاری پۆست-ستره‌کتوالیزم تێگه‌یشتین، له کۆتایدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه بتوانین له دۆڵۆز یان (جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه) تێبگه‌ین.
هیگڵ
دۆڵۆز له پێشه‌کی (جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه) خوێنه‌ر ئاگادار ده‌کاته‌وه سه‌رچاوه ئه‌م کاره پێگه دژه-هیگڵییهکهیهتی. دۆڵۆز کێشه‌ی له‌گه‌ڵ دیالێکتیکی هیگڵدا هه‌یه و تێگه‌یشتنێکی ته‌واو جیاوازی هه‌یه. دیالێکتیکی هیگڵ تێز، ئه‌نتیتێز و سێنتێزێک که هه‌مان شوناسه. هه‌مان ئه‌و شوناسه پێکدێت له به‌شه‌کانی تێز و ئه‌نتیتێز که به ته‌واوی پێچه‌وانه و دژی یه‌کترین، دواتر یه‌کتری له‌ناوده‌به‌ن تاوه‌کو وه‌حده‌ت و یه‌که‌یه‌کی باڵا درووستبکه‌ن که سێنتێزه. به تێگه‌یشتنی دۆڵۆز ئه‌م سڕینه‌وه و دژبوونه‌ی نێوان جیاوازییه‌کان له‌ناو خۆیاندا هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوویی، ئۆنتۆلۆگی و ئیتیکییه.
دۆڵۆز پێی وایه ئه‌و بایه‌خ و گرنگی نه‌رێ و دژه‌ی هیگڵ باسی ده‌کات هێنده‌ی تر بابه‌ته‌که‌ی ئاڵۆز کردووه، چونکه ئه‌وه‌ی پێمان وابێت ئایدیای جیاوازی به‌بایه‌خه بۆ گه‌یشتن به یه‌کێتی و وه‌حده‌تێکی به‌رزتر خۆی له خۆدا بێبه‌هاکردن و تێنه‌گه‌یشتنه له گرنگی جیاوازی. سه‌ره‌تا به جه‌ختکردنه‌وه له ڕۆڵی "جیاوازی"، دواتریش به پاشکۆکردن و که‌مکردنه‌وه‌ی به‌های ئه‌م جیاوازییه تاوه‌کو شوناسێکی باڵای پێ بخولقێنێت، هیگل به‌م شێوه‌یه له به‌های "جیاوازی" که‌م ده‌کاته‌وه.
هیگڵ هه‌نگاوێک زیاتر ده‌ڕوات و دیالێکتیک ده‌کاته چه‌قی میژوو، به هۆکار و وه‌سیله‌ی خولقانی ڕۆحی ڕه‌های ده‌بینێت، ئه‌مه‌ش بۆ دۆڵۆز قبوڵکراو نییه و ده‌ڵێت:
"میژوو له ڕێگه‌ی نه‌رێکردن و نه‌رێکردنی نه‌رێ ناچێته پێشه‌وه، به‌ڵکو به بڕیاردان له‌سه‌ر کێشه‌کان و قبوڵکردنی جیاوازییه‌کان ده‌چێته پێشه‌وه. ته‌نها سێبه‌ره‌کانی مێژوو له‌گه‌ڵ نهرێکردندا ده‌ژین." (دۆڵۆز، 1968).
ئه‌م غایه‌ت و تیلیۆلۆجییهی دیالێکتیک که له ڕێگه‌ی نه‌رێی جیاوازییه‌کانه‌وه به‌ره‌و وه‌حده‌تێکی ڕه‌ها به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ مه‌فهومی جیاوازی وه‌ک به‌ستراوێک به شوناسه‌وه، بۆ دۆڵۆز بابه‌تێک بووه نه‌یتوانیوه به‌رگه‌ی بگرێت. بۆیه به‌هۆی چه‌مکی جیاوازییه‌وه دۆڵۆز ده‌بێته دژه-هیگڵی.
دووباره‌بوونه‌وه
دۆڵۆز ڕه‌خنه له یه‌کێتیی ئۆنتۆلۆژی ده‌گرێت و پێی وایه 'بوون' له سه‌یروره و بوونبهدایه؛ شتێک نییه له‌ناو بووندا جێگیر و نه‌بزۆک بێت. بۆیه فه‌لسه‌فه‌ی جیاوازیی دۆڵۆز فه‌لسه‌فه‌ی گۆڕانه-گۆڕانێک که له جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه ده‌که‌وێته‌وه.
بۆ دۆڵۆز دووباره‌بوونه‌وه وه‌زیفه‌ی کات و زه‌مه‌نه و هه‌ر ئه‌م دووباره‌بوونه‌وه‌یه گیان به‌به‌ری زه‌مه‌ندا ده‌کات. ئه‌گه‌ر له له‌حزه‌ی A دا که‌وچکێک برنج بخۆیت دووباره له له‌حزه‌ی Bدا هه‌مان بڕ برنج بخۆیت، ئه‌وا تۆ له دوو زه‌مه‌ن و له‌حزه‌ی جیاوازدا هه‌مان کرده‌ت دووباره کردووه‌ته‌وه. له‌مه‌وه دۆڵۆز تێگه‌یشت دووباره‌کردنه‌وه فه‌زڵی به‌سه‌ر زه‌مه‌ندا هه‌یه.
کاتێک جیاوازی نێوان ئه‌و دوو که‌وچکه برنجه ده‌زانین، ئه‌وا سنوورێکیش داده‌نێت بۆ پرسیاری- ئایا کرده‌ی دووه‌م دووباره‌کردنه‌وه‌ی کرده‌ی یه‌که‌مه؟
ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌که شتێک نییه قابیلی تێگه‌یشتن بێت، ئه‌ی که‌واته چی شتێک دووباره بووه‌ته‌وه؟ دۆڵۆز داوامان لێده‌کات به ڕێکخراوه‌یی گشتی و به‌رچاوی شته‌کان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێین. ئه‌مه‌ش واته هه‌ڵه‌ین ئه‌گه‌ر پێمان وابێت دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ک له بڕی برنجی هه‌ردوو که‌وچکه‌که‌دا هه‌یه و یه‌کسانن. ئه‌وه‌ی پێمان وایه دووباره‌بوونه‌وه‌یه له ڕستیدا خه‌مڵاندنێکی به نزیکه‌ییه.
گرنگه ئاماژه به په‌یوه‌ندی زه‌مه‌ن و دووباره‌بوونه‌وه‌ی دۆڵۆزی بکه‌ین، ئه‌و ئاماژه به سێ مۆدێلی کات و زه‌مه‌ن ده‌دات و به‌سه‌ر دووباره‌بوونه‌وه‌دا ته‌تبیقیان ده‌کات.
یه‌که‌میان کات و زه‌مه‌نی بازنه‌ییه، وه‌ک هه‌ڵهاتنی هه‌موو ڕۆژه‌ی خۆر. ئه‌م سرووشته بازنه‌ییه‌ی دووباره‌بوونه‌وه هێزێکه له دره‌وه‌ی توانای ئێمه و ئیمکانییاتی ئێمه ناشکێته‌وه به سه‌ریدا. ئه‌مه‌ش تێگه‌یشتنێکمان له‌باره‌ی کاته‌وه بۆ دروست ده‌کات که به‌رده‌وامه و ڕووداو یان ڕووداوی یه‌ک به‌دوای یه‌ک له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌ر ئه‌زموونی ئه‌م له‌حزه و ساته بازنهییانهیه که خوهکانیشی لێ دروست ده‌بێت.
دوه‌میان ڕاسته‌هێڵییه، دۆڵۆز ئه‌مه‌ی له کانته‌وه وه‌رگرتووه، کات ده‌کات به چالاکی ئه‌زموونه هه‌سته‌کییه‌کان. لێره‌دا ڕووداوه‌کان ده‌که‌ونه ناو کاته‌وه، ئه‌زموونیش به سه‌ره‌کی وه‌ک هۆیه‌کی درککردن به کات به‌شدار ده‌بێت. دووباره‌بوونه‌وه لێره‌دا ده‌بێته پڕۆسێسێکی چالاکی سێنتێز. به ڕای دۆڵۆز هێنانه‌وه‌یادی ئه‌زموونه‌کانی ڕابردوو و هه‌وڵدان بۆ دووباره‌کردنه‌وه‌یان په‌یوه‌ندی به خوه‌وه نییه و دووره له‌وه‌وه. دۆڵۆز ئه‌م سێنتێزه چالاکه‌ی ناوناوه "دووه‌م سێنتێزی یاده‌وه‌ری".
هه‌ردوو تیۆرییه‌که دووباره‌بوونه‌وه ده‌که‌ن به وه‌زیفه‌ی کات و زه‌مه‌ن و پاشکۆی "بوون". ئه‌م دوو تیۆرییه به ته‌نها خزمه‌ت به‌وه ناکه‌ن دۆڵۆز له ڕێگه‌یانه‌وه بناغه‌یه‌ک بۆ "دووباره‌بوونه‌وه" دابنێت، چونکه پێشوه‌خت چه‌مکی" جیاوازی" وه‌ک چه‌مکێکی سه‌ربه‌خۆ کاری له‌سه‌ر نه‌کراوه و دانه‌ڕێژراوه. بۆیه تیۆری سێیه‌م دێته ئاراوه و جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. لێره‌دا دۆڵۆز به‌لای نیچه‌دا بایده‌دات و سوود له چه‌مکی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی وه‌رده‌گرێت.
پێچه‌وانه له‌گه‌ڵ یه‌که‌م تیۆریی سێنتێزی پاسیڤ، عاده‌ت پێوه‌گرتن هه‌میشه وه‌ک یه‌که و سێنتێزی چالاک له ڕێگه‌ی یاده‌وه‌رییه‌وه ڕێگه به ئه‌زموونی بیرکه‌وتنه‌وه ده‌دات.
بۆیه گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌میشه‌ییش بریتییه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی که بێهاوتا و جیاوازن. ڕابردوو بریتییه له عاده‌ت و خووه‌کان، یاده‌وه‌ریش ئێستا و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یش داهاتووه. نیچه ده‌ڵێت:
گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی بریتی نییه له وه‌ک یه‌کی به‌ڵکو بریتییه له جیاوازی، لێکچوون نییه به‌ڵکو لێکنه‌چوونه، یه‌کبوون نییه به‌ڵکو فره‌ییه.
دۆڵۆز باوه‌ڕی به ئیمکانییه‌تی فره‌یی و هه‌مه‌ڕه‌نگی هه‌بوو له‌ناو بووندا و ئاماژه‌ی به‌وه کردووه "جیاوازی دووباره‌بوونه‌وه‌ی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه".
سێیه‌م جۆری جیاوازی پشتگیری ئه‌و ئایدیایه ده‌کات که جیاوازی سه‌ربه‌خۆ و ئازاده و توانای به‌رهه‌مهێنانی شتی نوێی هه‌یه. له کۆتایدا، کاتێک دووباره‌بوونه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێت به پڕۆسه‌ی بوونبه، وه‌ک دووباره‌بوونه‌وه‌ی شوناس نامێنێته‌وه، به‌ڵکو ده‌بێته جیاوازی له‌نێو شوناسدا، بۆ نموونه، جیاوازی له‌ناو خۆیدا.
میراته‌که‌ی ژیل دۆڵۆز
کاره‌کانی ژیل دۆڵۆز به‌ره‌نجامی چه‌ندباره خوێندنه‌وه‌یه‌تی بۆ فه‌یله‌سوفانی پێشوو و نه‌ریتییه‌کان. له ئه‌نجامیشدا کاره‌کانی تێگه‌یشتن و ته‌فسیرێکی جیاوازی به‌رهه‌م هێناوه بۆ کاره کۆنه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی کلاسیکی. به‌شی زۆری هزری پۆست_مۆدێرنیزم ته‌رخانه بۆ تیگه‌یشتن له ئه‌ودیوی هزر و ئه‌و پرس و پرسیارانه ڕه‌تده‌کاته‌وه که پێشتر وه‌ک نۆرم قبوڵکرابوون. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا دۆڵۆز کاره‌کانی ئه‌وه‌یان نیشاندا چۆن سوبێکت قودره‌تی توانینی پرسیارکردن و به‌ره‌نگاری هه‌یه.
میشێل فوکۆ له وه‌سفی دۆڵۆزدا ده‌ڵێت ده‌بێت به سه‌ده‌ی 20 بگوترێت "سه‌ده‌ی دۆڵۆز". هه‌رچه‌نده دۆڵۆز میتۆده فه‌لسه‌فییه نا_نه‌ریتییه‌که‌ی و میتۆدی نووسینی، وه‌ک به‌شێکی جیاوه‌بوو و دابڕاو له هێڵه سه‌ره‌کییه‌که‌ی فه‌لسه‌فه ماوه‌ته‌وه. میتۆدی بیرکردنه‌وه و نووسینی دۆڵۆز ته‌بایه له‌گه‌ڵ ئایدیای کشاندنه‌وه‌ی تاک له فام و ئه‌قڵی باو، باوه‌ڕی وایه ته‌نیا به‌مه ده‌کرێت شێوه به هزرێکی نوێ بدرێت. خوێنه‌ری دۆڵۆز توشی ئاسته‌نگی ده‌بێت له تێگه‌یشتن، به‌هۆی به‌راوردکردنی ئایدیاکانی ئه‌و به‌و ئایدیایانه‌ی له هزری خۆیدایه‌تی، ئه‌سته‌مه له کات خوێندنه‌وه‌ی دۆڵۆزدا بتوانیت ئایدیاکان و وێنه‌ی ئایدیاکان وه‌ک خۆی بهێڵیته‌وه. به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه دۆڵۆز فه‌لسه‌فه‌یه‌کی خولقاندووه که ته‌واو ڕه‌سه‌نه. هیچ شتێک له خولقاندنی شتێکی ڕه‌سه‌ن مه‌زنتر نییه، و دۆڵۆز به هیچ فه‌یله‌سوفێکی پێشین به‌راورد ناکرێت. ته‌نها به خوێندنه‌وه‌یه‌کی قوڵ فه‌لسه‌فه‌ی قولقاندنی دۆڵۆز ده‌رده‌که‌وێت، به‌تایبه‌ت له تێگه‌یشتن له نێوان جیاوازی له خۆیدا و دووباره‌بوونه‌وه له خۆیدا. هه‌ر وشه‌یه‌کی ژیل دۆڵۆز نووسیویه‌تی خوێنه‌ر له چه‌مکێکی پێشین ئازاد ده‌کات، هه‌ر ڕسته‌یه‌کی ده‌گه‌شێته‌وه، هه‌ر به‌شێکی ناو کتێبێکی بۆ خۆی ته‌قه‌لای خولقاندنێکه.