A+    A-
(480) جار خوێندراوەتەوە

                                 باوک و کۆنگرە

                         (سەرنجێکى کورتى فیکرى)

 

 

 

 

کۆنگرەى پارتى, کۆنگرەى پیاو و مێژووى پیاوە؛ وردتر: کۆنگرەى باوکە, باوکێک کە لە خۆى و مناڵەکانیشى دڵنیا نیە. باوکێک کە دەیەوێت هەر خۆى بێت, یەک بابى بایۆلۆژى, یەک کەس وەک کەس. باوکى باش ئەوەیە بمرێت, یاساکانى دواى خۆى بخاتەگەڕ, سیستەم بئافرێنێت, ئەو شتە بەرهەمبێنێت کە دەروونشیکارى ناویدەنێت ناو-ى-باوک (Name-of-father). ناوى باوک, ئەو باوکە نیە لە گۆشتوخوێن درووستبووبێت, بەڵکو ناوە زۆرەکانێتى, یاسا و فەرمانەکانێتى. باوکى زیندوو هێشتا لە باوکى مردوو لاوازترە, چونکە دەبێت ڕاستەوخۆ بیر لە هەژموونى خۆى بکاتەوە. بۆیە باوکى مردوو لە باوکى زیندوو بەهێزترە: تۆ کاتێک بە خۆت دەڵێیت دەبێت ئەم شتە بکەم, ئەوە لەگەڵ باوک دەدوێیت, سێبەرى ئەوە لە سەر سەرت. نۆرمێک کە پیادەدەکرێت, بەشێکە لە ناو-ى-باوک. هەر فەرمانێک لە هەر سوچێکى ژیاندا, شوێنەوارى درێژبووەوەى باوکە. ئەم شوێنەوارە, هەر سانسۆر نیە, بەڵکو ئازادى,  ئاسایش, ڕێکخستنیش لەگەڵ خۆى دێنێت. باوک دوو کارى سەرەکیی هەیە, سنوردانان و پاراستن. خۆى وەک قەوارى بایۆلۆژى ناتوانێت بۆ هەمیشە ئەم ڕۆڵە بۆ مناڵ بگێڕێت, بۆیە کەلتور و سیستەمەکان داهێنراون و جێى باب دەگرنەوە. باب خۆى ساتەوەختێکى ڕاگوزەرى ئایدیاى باوکێتییە. ئایدیا نەمرترە لە تەنێکى گۆشتى. لەبنەڕەتدا باوک بۆیە درووستبووە, چونکە مناڵ نابێت و ناشگاتە چێژى ڕەها (سنورى دایک). هەموو چالاکییە مرۆییەکانى ناو شارستانییەت لەو یاسایە زیاتر نین, بەڵام میکانیزمەکانیان ئاڵۆز بووە و لق و پۆپى لێ کەوتۆتەوە. سەرۆکى حیزب, ئەو باوکەیە کە مناڵەکان ناتوانن هەموو سنورێک ببەزێنن. بەڵام باوک دیوێکى ڕزگارکەریشى هەیە: ئەو لە بنبەست و مۆتەکەى دایک, واتە چێژى ڕەها ڕزگارماندەکات. چێژى ڕەها تەنیا خەیاڵێکە و خۆى بوونى نیە. مرۆڤ قەت لە ژیاندا پێى ناگات. بەختەوەرى, ناوێکى بەدیلە بۆ ئەوە داهێنراوە مرۆڤ مامەڵەیەکى کەمتازۆر بەو ڕێژە چێژەوە بکات کە بۆى دەڕەخسێت (چێژیش هەر چێژى سایکۆلۆژى نیە, بەڵکو مانا و بەها و کۆى وێنەکەى کەسەکە دەگرێتەوە). حیزبەکان و قەوارەکان و هتد, دەبێت لە دەورى ڕێکخەرێک و باوکێک کۆببنەوە, چونکە بەرگەى دەروونپەشێوى و بێ‌نەزمیی ڕەها ناگرن. سەرمایەدارى و نیولیبراڵیزمیش لەمڕۆى جیهاندا, ئەو ژێستە دەنوێنن کە باوک نەمێنێت, بەڵام ئاشکرایە ئەو شتە بەرهەمدێننەوە کە پێى‌دەوترێت سوپەرئیگۆى دایکانە (وەهمى چێژى ڕەها کە مرۆڤ بەر بنبەستێکى تر دەخات و تووشى خەمۆکى و چەندین شوێنەوارى ترى دەکات). باوک پێویستە, لە ژیانى مرۆڤ ناکرێتەدەرەوە, بەڵام یاسا و ڕێساکانى پێویستى بەوەیە ڕێکبخرێت و پەیوەندیی بکە و مەکە, یان ڕێدان و ڕێنەدان بەشێوەیەکى لانیکەم عەقڵانى ڕێکخرێت (عەقڵانیەت واتە چۆن پەیوەندییەکى کەمتازۆر هاوسەنگ لەنێوان پاڵنەرەکانى مرۆڤ و واقیعدا ڕێکبخرێت- سیاسەت ناوى یەکێکە لەم جۆرە پەیوەندییانە و بگرە سەرەکیترینیشیانە).   

مەسعود بارزانى, لەو باوکە دەچێت کە لە ڕۆمانى "حەسار و سەگەکانى باوکم"دا هەیە. باوکێک کە پاوانخوازییەکەى تەعبیرە لە نادڵنیایی, ئەو خۆیشى قوربانیی ئەو کەلتورەیە کە تێیدا دەژى, بەڵام بەرپرسیارى یەکەمیشە لەوەى بڕێک دەسکاریی وێنەى باوک بکات. باوکێکە تا پلەى ماسۆشیزم, ئازاردەچێژێت, ئەو حەزیدەکرد باوکێکى ئاواهى نەبێت بەڵام "ناتوانێت". باوک هەمیشە بەتوانا نیە, بەڵکو نەتوانین بەشێکە لە کارەکتەرى وى. ئەو ماوەیە ئەندام پەرلەمانێکى گەنج «ژەهرخوارد کراوە», گومانەکانیشمان یەکسەر لە کەلتورى باوکپەرستییەوە دێن: ئاخۆ هەرکەس لە سایەى ڕاستەوخۆى باوک دەربچێت, بە سەلامەتى دەردەچێت؟ گومانەکە ئەزموونى نیە, سەروو-ئەزموونییە, بڵندنشینە و پێش ئەزموونیش کاردەکات. چۆن ئەم تایپە لە باوک بگۆڕین, پرسیارى گۆڕانکارییە لە کۆى مێژووەکەماندا. لێرە هێشتا باوک, خەمى ئەوەیەتى چۆن خەونى باوکى پێشووى بێنێتەدى, کێشەکە لە جوغزى شەخسدا گیریخواردووە. لەڕووى شیکردنەوەى ڕۆژانەییەوە, دەشێت کۆنگرە بۆ حەلکردن و بەڕەسمی ناساندن و کۆتاییهێنانى ململانێیەک بێت, بەڵام لە بونیاددابۆ کۆمەڵگاى ئێمە حەلنەبوونى کێشەى باوکیشە.

بەپێى ژیانى حیزبی کوردى, کۆنگرە, وەفاى مناڵەکانە بۆ باوک. ئیمزاکردنەوە و دووپاتکردنەوەى پەیمانێک, چونکە ترسێکى پێشوەختە هەیە لەوەى باوک نەمێنێت. نەمانى باوک, واتە کەوتنەناو دەروونپەشێوى (سایکۆسیس), واتە چیدى بەرودواى خۆمان نەناسین, واقیع لەدەستبدەین, چاکە و خراپە تێکەڵ بە یەکتر بکەین. چى دەبێت عوساب (نیورۆسیس) هەڵبژێرین, واتە باوک بکوژین بەبێ ئەوەى جێگرەوەکانى بسڕینەوە؟ لەبنەڕەتدا بەبێ باوکى بایۆلۆژى دەژین, بەڵام بەبێ «ناو-ى-باوک», واتە بەبێ یاسا و کەلتور ناتوانین بژین و جڤات درووستبکەین. لەلایەکى تریشەوە, حیزبى کوردى لە کۆتاسنوردا تەنیا دەتوانێت ئینتیماى بۆ باوکى گرووپەکەى خۆى هەبێت. ئەو باوکە هاوبەشە مێژووییەى کە هەموان کۆبکاتەوە, کۆدەنگییەکى تەواوى لەسەر نیە. لە دونیاى سیاسیی مۆدێرندا, باوک پتر بەو کەسە دەوترێت کە پرۆسەى مۆدێرنیزاسیۆن (بەمۆدێرنکردنى کۆمەڵگا) ئەنجامبدات و مناڵەکانى لەناو جیهانى مۆدێرندا نیشتەجێ بکات. بەرکەوتنى کورد بە مۆدێرنە لە سەدەى پێشوودا, بە کوشتن و نەفیکردنى باوکە شۆڕشگێڕەکان دەستپێدەکات دژى داگیرکەر, بەجۆرێک کە برینێک لەسەر نارسیسیزم و شکۆى نەتەوە جێدەهێڵێت و دواتر هەر باوکێک کە دێت تەنیا پشکێک لەم ڕۆحە هاوبەشە دەبات و لە سنورى حیزب و بنەماڵەى خۆیدا گیریدەدات. ئەم ترسە بەجۆرێک ناونشین دەبێتەوە کە لە هەموو کۆنگرە حیزبییەکاندا باسى ئەوە بکرێت مادام دۆخى کورد و ناوچەکە ناجێگیرە, ئەوا پێویستە باوک بمێنێتەوە و سەرۆکى حیزب دەستمان لێ بەرنەدات.

وڵاتانى سەردەست, هەریەکە لەڕێى باوکێکى پۆڵایینەوە هەوڵى داخڵبوونى داوە بۆ ناو مۆدێرنە. (لە ڕەزاشاوە بۆ ئەتاتورک و ناسر و هتد), بەڵام دۆخى ئێمە بە لاوازیی باوک دەستپێدەکات و هەمیشە بینەرى ئەوە بووین چۆن لەناوبراون و ئەمەش شوێنەوارێکى لەسەر کارەکتەرمان جێهێشتووە. باوکانى نەتەوەى سەردەست, بۆ ئێمە باوک نەبوون, بەڵکو لەو پیاوە دراوسێ توندسیفەتە دەچوون کە دەشێت شەوێک باروبنەمان بپێچنەوە و بمانسڕنەوە. لە ئەنجامى ئەم باوکە شکستخواردووەدا, ناچاربووین درێژە بە باوکى گرووپ و قەبیلە و حیزب بدەین. لە ئاستى کۆمەڵایەتییدا شوێنکاتى عەشیرەت و لە ئاستى سیاسییشدا شوێنکاتى بنەماڵەیەکى سیاسى, چارەنووسى چەندین دەیەى ئێمە بووە لە دەسپێکى مۆدێرنەدا. لەمڕۆشدا پەرتبوون و پەشێوى و خەمۆکیی زۆرێک لە مرۆى کورد, پەیوەندیی بەم پەیوەندییە شێواوەوە هەیە کە لەنێوان باوک و مۆدێرنە و کورددایە. یەک باوکى زیندوو نەیتوانیوە ببێتە باوکى هەموان, بۆیە یان دەبێت بە باوکێکى بەشەکى (جزئى) ڕازى بیت, یاخۆ لە بۆشاییەکدا بژیت و دووربەدووریش ئینتیمات بۆ باوکێکى گەردوونى هەبێت کە لە یاسا ناوەکییە لۆکاڵییەکانى تر تەواو تێناگات (بۆ نمونە مارکسیزم و هتد). لەرزۆکیی ئەم باوکە بەشەکى و لۆکاڵانە, خۆى دەرهاویشتەى نەبوونى ئەو باوکە مۆدێرنیستە بەهێزەیە کە وەک چەترێک باوکەکان کۆدەکاتەوە و دڵنیاییان دەداتێ. لەڕووى کەلتورییشەوە, دڵنیانەبوونى مرۆى ئێمە لە کرانەوە و خۆتێپەڕاندن, دەرەنجامى نەبوونى باوکێکى ئازاد و بەهێز بووە کە نەیتوانى مێژووى باوکسالارییمان بگۆڕێت و مۆدێرنە بکاتە بەشێک لە کەسایەتییمان. ئەمە ماناى ئەوە نیە باوکێک هەڵنەکەوتبێت کەمێک جیاواز بیربکاتەوە, بەڵکو گەر باوکێکى لەو جۆرەش هاتبێت, نەیتوانیوە ببێتە باوکى هەموان و هەموانیش بتوانن ئەو قبوڵبکەن. هەتا لە ژیانى ڕۆژانەیشماندا, و لە پەیوەندىدا بە سیاسەتەوە, زۆرجار بڕیارى باوکێک شمولى ناوچەیەکى ترى نەکردووە و لێرەوە ئایدیاى باوکێتى بە واتا مۆدێرن و تەنانەت ڕیشەییەکەشى شکستیهێناوە. هەر کۆنگرەیەکى حیزبى, بۆ دونیاى ئێمە, لە کۆنگرەیەک ئاڵۆزترە و بیرخستنەوەى مێژوویەکە لە تیامان و بێ‌باوکێتى. دیسان دەیڵێینەوە کە باوکدارى, جیایە لەوەى ملکەچییەکى ڕاستەوخۆ بۆ باوک هەبێت, بەڵکو باوک وەک کەس دەتوانێت سەرەتایەک بکاتەوە بۆ سیستەمێکى ڕەمزى و سیاسى و کۆمەڵایەتى کە مرۆڤ لە خەمۆکى و پاشان دەروونپەشێوى ڕگاربکات. مرۆى کورد کە ئاوارەى وڵاتانە, کێشەى باوکى بۆ چارەسەر نەبووە, ئەمە لە سرووتى ژیانى ڕۆژانە و هەستى سیاسییشدا بەدیدەکەین- لە ئاستە کەلتورى و زەینییەکەیدا ئەم غیابە مۆدێرنیستییەى باوک وایکردووە یەک باوکى شەخسى و ڕاستەوخۆ و هێجگار دەمارگیر کاربکات. گەر سیستەم و ناو-ى-باوک لە ئاستێکى فراواندا نەڕسکابێت, ئەوا هێزى باوکە شەخسییەکە بەسەر هێزى سیستەمدا سەردەکەوێت. ئێمە لە ئاستى ژیاندا, پێویستمان بە جۆرێک ڕێکخستن و سیستەمە تا لە دەستى باوکە کەسى و ڕاستەوخۆکان ڕزگاربین. تا ئەم دۆخەش نەگۆڕێت, لە داوى کۆمەڵێک میتافۆردا دەمێنینەوە و لێکچوونێکى فۆرماڵ لەنێوان کورد و کۆریاى باکور و هتددا درووستدەکەین (لەکاتێکدا پرسى باوکێتى لاى هەردوولا جیایە).

کۆنگرەى پارتى, هەوڵێکە بۆ دووبارەکردنەوە پەتیی ئەو مێژووە- شوێنێکى پەتى (دهۆک), ستافێکى بنەماڵەیی پەتى, باوکێکى شەخسیی پەتى کە دڵەخورپەیەتى لە باوکە شەخسییەکەى ترى لانەدات و هەمان ئیلهام بگوازێتەوە بۆ دواى خۆى...

 

 

 

 

  وەلید عومەر