A+    A-
(817) جار خوێندراوەتەوە

پرسی ژن لە ئیسلامدا

(دوو تەوەر)

 

 

 

فەتحی بن‌سەلامە

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

دەرکەوتنی ژن

 دیمەنێک لە نەریتی ئیسلامییدا هەیە، دیمەنێک کە کورسیی پێشەوەمان هەیە تاکو کاری فریشتە ببینین، دیمەنێک کە تێیدا بۆ یەکەمجار پرسی پەچە لە حیکایەتە بنەڕەتییە ئیسلامییەکاندا سەردەردێنێت. ئەم حیکایەتە، کە هەموو ژیاننامەنوسەکانی موحەمەد گێڕاویانەتەوە، پێش هاتنی سرووش(وحی) و لە سەرەتا سەخت و ئاڵۆزەکاندا ڕوودەدات؛ واتە ئەو دەمەی "پێغەمبەری داهاتوو"، گومانی لە دۆخی دەروونیی خۆی هەبوو و چوو لای ژنەکەی و بۆی باسکرد:

«ئەو ساڵە، کاتێک موحەمەد لە شاخەکە هاتەخوار، چووە لای خەدیجە و پێی وت: "خەدیجە، دەترسێم و وا شێت دەبم". خەدیجەش پرسی: "بۆچی؟" موحەمەد وتی: "چونکە نیشانەکانی دەستلێوەشاندنی جن لە خۆمدا دەبینم. کاتێ بەسەر ڕێدا دەڕۆم، کۆمەڵێک دەنگ دەبیستم کە لە بەردەکان و گردەکانەوە دێن؛ شەوان لە خەونمدا بوونەوەرێکی زل دەبینم کە سەری لە ئاسماندایە و قاچیشی لە ئەرزدا؛ ئەز وی ناناسم، بەرەو ڕووم دێت تاکو بمگرێت..." خەدیجە لە وەڵامدا وتی: "کاتێ شتێکی وات بینییەوە پێم بڵێ..." ئیتر ڕۆژێک کە موحەمەد لە ماڵدا لەگەڵ خەدیجە بوو، وتی: "ئەهاا خەدیجە، ئەو بوونەوەرە لەبەردەممدایە، دەیبینم". خەدیجە لە موحەمەد نزیکبوویەوە و دانیشت، گرتییە باوەشی و پێی وت: "هێشتا دەیبینی؟" ئەویش وتی: "بەڵێ". دواتر خەدیجە سەر و پرچی دەرخست و وتی: "ئەی ئێستا دەیبینی؟" موحەمەد وتی: "نەخێر". جا خەدیجە وتی: "دە یاڕەبی مژدەت لێ بێت، ئەوە شەیتان نیە، فریشتەیە"»[1].

  پێویست بەوە ناکات بڵێین واقیعی مێژوویی ئەم دیمەنە گرنگییەکی کەمی هەیە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە، ئەمە وەک بەشێک لە حیکایەتێکی گەورەتر خراوەتەڕوو و بووەتە زمانی دیمەنەکانی سەرەتا، کە دەرکەوتنی ژنمان بۆ کەشفدەکەن و قەناعەت پێکەریشن. ئەمە چ شتێک دەردەخات؟ یەکەم، مێژووی حەقیقەت لە ئیسلامدا لەگەڵ لابردنی پەچە بەسەر ژنەوە دەستپێدەکات؛ دووەم، هەروابێتەوە مێژووی حەقیقەت لەگەڵ خاکەڕایی و ئسوڵنوێنیی فریشتەدا دەستپێدەکات. ئەم دوو تێڕوانینە، دوو دیوی یەک دراون؛ واتە ئەو قوماشە تیۆلۆژییەی جەستەی ژن دادەپۆشێت؛ ئەو ژنەی لە تەوقی سەرەوە دەبێتە هەڕەشە بۆ دیمەنەکە. هەموو چیرۆکەکە بەندە بە ئەکت و پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییەوە، واتە ئەو دەمەی ژنەکە پەچە لەسەر خۆی لادەدات و فریشتەکە دیارنامێنێت. فریشتەکە، ئەوەی پاش لابردنی پەچەکە لە بینایی موحەمەددا دیارنەما، بۆیە دیارنەما، چونکە وەک فریشتەیەک ناکرێت سەری خەدیجە بەڕووتی ببینێت. گەر شەیتان بووبا، ئەوا دوورنەدەکەوتەوە، چونکە شتە شەیتانییەکان و ئەوەی خەدیجە دەریخست، بەپێی وان هەمان شتن. مادەم فریشتەیەکە و وشەکانی قورئان دەگوازێتەوە(جوبرەیلی باڵاترینی فریشتەکان)، ئەوا دەرکەوتنی سەروپرچی ژن بۆ وی دەرکەوتنی حەقیقەتە، ئینجا لە هەمان کاتدا دەرخستنەکە هەوڵێکیشە دژ بەو حەقیقەتە.

  لە بنەڕەتدا دۆخی ژنەکە پەیوەستە بە قەدەغەیەکەوە: "قەدەغەی سەیرکردن"، واتە ئەو قەدەغەیەی باوەڕی لەسەر دامەزراوە. ژنەکە بڕوای وایە نابینێت، پیاوەکەش بڕوای بەوە نیە کە دەیبینێت. کەواتە، توانای باوەڕهێنانی موحەمەد بەندە بە خەدیجەوە. ئەوەی من پێم‌باشە پێی بڵێم دیمەنی دەرخستن(لە نەریتی ئیسلامیدا هیچ ناوێکی نیە)، سەردەکێشێت بۆ ئەو ئەنجامگیرییەی کە: گەر ئەو پیاوە(موحەمەد) پێویست بکات باوەڕ بە خودا بهێنێت، ئەوا پێویستە سەرەتا پشت بە ژن(خەدیجە)ێک ببەستێت، ژنێک کە دەستی بە زانینی حەقیقەتدا دەگات؛ حەقیقەتێک کە پێش زانینی دامەزرێنەرەکە دەکەوێت و لەویش تێدەپەڕێت. خەدیجە ڕەوایەتی بە حەقیقەتی دامەزرێنەر دەدات. ڕەوایەتییەکە لەڕێی سەرپێچییەکەوە دژ بەو حەقیقەتە دەبەخشێت، هەروابێتەوە لەڕێی تێڕوانینی کەموکورتی زیادەی دیدەکیی پێغەمبەرەوە. وا دیارە ژن بووەتە نێگەتیڤیتە(نەفێتی)یەک، کە سەلمێنەری حەقیقەتی ئەویترە. پەچە(پەچە)، حەقیقەت لە نەفییەکەی خۆی جیادەکاتەوە.  

  خەدیجە تەفسیرێک دەخاتە بەردەست ئەو پیاوەوە، کە شتە نەزانراوەکان دەهێنێتە بەر ڕۆشنایی؛ ئەو پیاوەی تێڕوانینەکانی سەریان لێ شێواندووە و ناتوانێت حوکم لەسەر سرووشتی ئەو شتە بدات کە ڕاوی دەنێت. پەچە‌لابردن بووەهۆی سەرهەڵدانی بڕیارێک لە سوبێکتیڤیتەی بێقەراری ئەو پیاوەدا. خەدیجە دڵنیایی ئەویتری دەداتێ، ئەوەی خۆی ناتوانێت درکیبکات. ئەویتر ئەم پیاوەی لەخۆگرتووە، بەڵام خۆی درکیناکات. بەبێ پەچە‌لابردنی ژن، واتە بەبێ ئەم مەوزووعی پەچەە، وی هەر بێقەرار دەمایەوە، دەژیا بەڵام گومانی لە خودا دەبوو. ئەو ژنە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی کردە دیاریی بۆی. پیاوەکە بەهەڵە لە حەقیقەتی ئەو خەسانە تێدەگات کە هەڵگرییەتی. ئەمە ئەوپەڕی ئەو دەرەنجامانەن کە لەو دیمەنەوە دەستمان دەکەون. تیۆلۆژیا وەک ڕزگاری باس لە دۆخی پەچەین-پەچە‌لابردنی ژنەکە دەکات، ئەوەی وای لە پیاوەکە کرد لەگەڵ پیرۆزیدا هاوشوناسببێت، وەکبڵێی جیاوازیی جەستەی ژنەکە کۆمەکی وی دەکات تاوەکو لە جیاوازیی ئەو شتە تێبگات کە ڕاوی دەنێت.

  بەڵام ئەگەر پیاو لەڕێگەی ژنەوە دەستی بە دڵنیایی ئەویتردا بگات، ئاخۆ ئەم بونیادە تیۆلۆژییە دەبێتە هاوتای ئەوەی بڵێین خودئەڤینیی پیاو لە هی ژن کێشەدارترە؟ گەر ژن پێشوەختە حەقیقەتی ئەویتر بزانێت، یان پێشوەختە کوێرانە خۆی دابێتە دەستی، ئەوا پیاو پێویستە سەرەتا لەڕێی کرداری مێینەوە کاربکات، ئەویش تاکو نیشانەکانی خۆی بناسێتەوە و دڵنیایی لە ئەویتر وەربگرێت. داپۆشینی ژن، دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم گەمژەیی خودئەڤینانەی پیاودا.

  بەپێی مێژوونوسیی ئیسلامی، خەدیجە یەکەم کەس بوو باوەڕ بە ئیسلام بهێنێت. کەواتە، ئەوەڵین مسوڵمان ژن بوو. ئەو ژنەی بووە بایسی دیارنەمانی فریشتەکە، یەکەم کەس بوو باوەڕبهێنێت. پیاو لەڕێی ئەو ژنەوە توانی خوداکەی خۆی قبووڵبکات. هەر لەبەر ئەوەیە نەریتەکە ئەم [پرسی باوەڕە] پەیوەستدەکاتەوە بە پاشی حیکایەتەکەوە؛ موحەمەد بە خەدیجەی وت: "فریشتەکە سەلامت لێ دەکات". بەڵام نابێت لێرەدا گۆڕانی پێگەکان نەبینین: ئەو ژنەی کە موحەمەد لەڕێگەیەوە باوەڕیهێنا، دەبێتە ئەو ژنەی کە باوەڕ بە موحەمەد دێنێت. کەواتە ژنەکە دژەبنەڕەتێکە، کە «باوەڕ بە بنەڕەت»ـی لەسەر دەڕسکێت.

  داپۆشراو، ڕووت، دووبارە داپۆشراو- ئەمە سێ قۆناغەکەی کرداری مێینەن لە تیۆلۆژیادا: سەرەتا داپۆشراو بوو، پاشان خۆی دەرخست تاوەکو حەقیقەتی بنەڕەتی ڕوونبێتەوە، لە کۆتاییدا دیسان لەڕێی فرمانی باوەڕهێنان بە حەقیقەتی ئەو بنەڕەتەوە داپۆشرایەوە. حەقیقەت، هەرکە دامەزرا، نەبوون و هیچێتیی خۆی لەڕێی ئەو شتەوە دادەپۆشێت کە پیایدا تێپەڕیوە.

 

 

ژن وەک هێزێکی دووربین

  سوبێکتە ژنەکان، ئەوانەی زۆریان لێکراوە پەچە بکەن، زۆرجار لە کلینیکدا ئاماژە بەو فەنتازیا دەکەن کە چاوێکی بەهێز لەسەریانە و لکاوە بە پێستیاندا، یان پێستیانی بڕیوە؛ جا لە هەمان کاتدا ئەم چاوە چاوێکە کە دەبینێت بێ ئەوەی ببینرێت. پەچە بە جۆرێک هاوەڵێکی دیدەکی درووستدەکات، هاوشێوەی «هاوەڵی پێستی[2]»ـی گایتان کلۆرۆمبۆ؛ ئەمە بەرمەبنای تێبینیکردنی پێوەلکانی ئیرۆتیکییانەی ژنان بە پۆشاکەوە درووستبوو. کاتێک لە مەغریب گەڕایەوە و وێنەی عەبا نەریتییەکانی دەپشکنی، ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو ئەوە بوو، ژنە پەچەدارەکانی دەکردە قەوارەیەکی بێشێوە و هەڵاوساو، کە لە هەمان کاتدا جەزاب و سەرنجڕاکێشیش بوون[3]. هاوەڵە دیدەکییەکە دەبێتە ئەوەی لەڕێگەی پەچەوە دووربینیی ژن ناهێڵێت، لەناوەوە قەتیسی دەکات و لەدەرەوەشڕا دەیکاتە دێوێکی ئەنامۆرفیک. پەچە، زیاد لە ڕووپۆشێكی سادە، بەربەستێکی دیدەکی درووستدەکات، ئەم بەربەستە لە پانتایی بینیندا هاوشێوەی قەدەغەیە لە پانتایی زماندا. پەچە، ژن دووکەرت دەکات. شتێکی وەک بینینێكی نێوەندگیرکراو جەستەی دەگرێت، هێزێکی جیاواز لەنێوان بینین و بینران‌، لەنێوان ئارەزووی بینین و ئەوەدا کە دەبینرێت، درووستدەکات. چەپاندنەکە دووقاتە: ژن دەیەوێت سووڕی بینینەکە بشکێنێت، واتە هێزی بینین و ئەوەی وامان لێ دەکات ببینین؛ بەڵام بۆ پیاو تەنیا ئەوە نیە ژن وەک ئۆبێکتی ئارەزوو داپۆشرێت، بەڵکو ژن لەڕێگەی داپۆشینەوە دەبێتە فەنتازیایەکی دوورەدەست، جەستەیەکی ئایدیاڵی بە بەڵێنی ڕووتبوونەوەی ناکۆتاوە، وەک حۆرییەکان لە بەهەشتدا، ئەوانەی بەردەوام پەردەی کچێنییان دەدوورێتەوە. بەکورتی، ژن لەڕێگەی پەچەوە دەبێتە حیکایەت و ئەفسانە و سەرابێکی لێڵ.

  لە زۆربەی گێڕانەوەکاندا، پیاو وەک چاوێک دەردەکەوێت، کە لەڕێی ژنەوە ئارەزووی کوێریی خۆی دەکات. لە جیهانی عەرەبیدا، تاسە و حەسرەتی نێوان چاو و شەو دەمێکە هەیە. ئەفسانەیەک هەیە باش چیرۆکەکەمان بۆ پوخت دەکاتەوە. چیرۆکەکە لەسەر بنەمای ڕستەیەک درووستبووە لە گۆرانییە ئاشقانەکاندا هەیە، ڕستەیەک کە گوێگران دایم دووبارەی دەکەنەوە: "یا عێن، یا لەیل"(ئە چاو، ئەی شەو). چاو(عێن) ناوی پیاوێکە، شەو(لەیل)یش ناوی ژنێکە. چاو مەلوولانە عاشقی شەوە؛ واتە با بڵێین، چاو هەرکە دەگات بە شەو لەدەستیدەدات، هەمیسان زەلیلانە بۆی دەگەڕێت. بەڵام کە دۆزییە، هەمدیس لەدەستیدەچێتەوە؛ بۆیە چاو، شەوی خۆی لە شەودا نابینێت. بۆیە حەسرەتی چاوی پیاو، لەڕێی کوێرییە بەواقیعی‌دەبێتەوە. ژن، وەک هێزێکی دیدەکی کە گەرەکە داپۆشرێت، دەشبێت بە ئۆبێکتی ناڕوونی ئارەزوو. کەواتە ژن هەم چاوەکەیە، هەم شەوی چاوەکەش.

  پێویستییە شەرعییەکانی پەچە لە پەیوەند بە سنوردارکردنی دووربینیی ژنەوە تەفسیر دەکرێن، تەنانەت نوسەرە میانڕەوەکانیشیان هەر وا دەکەن؛ بۆنمونە پەیماننامەکەی ئیبن حازم لەمەڕ ئەشق: تەوقی کۆترەکە. ئیبن حازم پاش وەبیرهێنانەوەی ئەو ئایەتەی قورئان "چاویان و عەورەتیان لە حەرام بپارێزن"، دەنوسێت: "خۆ ئەگەر اللە نەبووبا کە ئاگاداری ئەو شێوازە ناسکەیە کە ژنان پێڵووی چاویان دادەبەزێنن تاکو هەستوسۆزی پیاو بەدەستبێنن، هەروابێتەوە ئەو مەکروحیلە وردانەی دەیکەن بۆ ئەوەی ئارەزووی پیاو ڕاکێشن، ئەوا پرسێکی دوور و ناڕوونی وەها هەرگیز کەشفنەدەکرا. ئەمە ئەو سنورەیە کەس نایەوێت خۆی بۆ بخاتە مەترسییەوە: ئەی چی لەگەڵ پیاوێک بکرێت ئەگەر پێی زیاتر ڕاکێشا؟"[4]. لەم پاژەدا بە ناڕاستەوخۆ جۆرێک لە "چاوی پیاوانە" لە ژندا ئامادەیی هەیە، کە وا دەکات دەستی بە پیاو بگات و ملکەچی بکات. وا دیارە ژن وەک ئامڕازێکی ئیرۆتیکیی سەرلێشێوێنەر یاریی بە چاوەکانی دەکات.

  کچێکی پەچەدار قوتابیی کۆلێژ لە فەڕەنسا لە ڕۆژنامەیەکدا نوسیبووی: "باوەڕداربوون واتە بێفیزی و ئسوڵنوێنیی لە ئاستی خوادا، ئەمە لە دینەکەی مندا شتێکی زۆر گرنگە". مەحاڵە پرسی "بێفیزیی لەبەردەم خودادا" پشتگوێبخەین. ناچارمان دەکات لێی بپرسین، ئەو شەرمە چیە کە ژنان لەبەردەم خودادا هەستی پێ دەکەن؟ بۆچی ئەوان ڕاستەوخۆتر ڕووبەڕووی بڵندنشینی دەبنەوە تا پیاوان؟ بۆچی دەبێت پەچە چاوی خودا دووربخاتەوە، ئەویش لە کاتێکدا خودا هەمەبین(بصیر)ـە؟ چ شتێک هێند قێزەون و ناشرینە لە جەستەی ژندا و بۆ ئەوە ناشێت پشانی ئەو زاتەی بدەیت؟

  هەندێک لە ڕەهەندەکانی ئەم ئایدیایە لە تیۆلۆژیای یەهودی و مەسیحیدا هەن. بۆنمونە بەپێی قەدیس پۆڵس "ژن، بەبۆنەی فریشتەکانەوە، دەبێت دەسەڵاتی بەسەر سەری خۆیدا هەبێت". قەدیس پۆڵس ئەم "بەبۆنەی فریشتەکانەوە" وەک نیشانەی هێز و ئازادی تەفسیردەکات. بەڵام بۆچی سەرێکی ڕووت کاری فریشتەکان تێکدەدات؟ بۆچی داپۆشینی سەر ژن بەرزدەکاتەوە؟ چ شتێک بە سەری ژنەوەیە؟ ئایا یەکتاپەرستی چاوێکی خەیاڵی دەلکێنێت بە تەپڵەسەری ژنەوە، کە بەردەوام هەڕەشەیە بۆ باڵانشینی؟

 

 

 

 

 

 

  

 

 

 


[1] Tabari, Muhammad sceau des prophètes, 65–66.

[2] Cutaneous partner

[3] See Serge Tisseron and Mounira Khémir, Gaëtan Gatian de Clérambault: Psychiatre et photographe (Paris: Les Empecheurs de penser en rond, 1990).

[4] Ibn Hazm (994–1014), Tawq al - hamama (Beirut: Dar maktabat al - hayat, 1982), 210. See The Ring of the Dove, trans. A. J. Arberry (London: Luzac Oriental, 1997).

 

 

سەرچاوە:

Psychoanalysis and the Challenge of Islam. By Fethi Benslama (tr. Robert Bononno) (Minneapolis: University of Minnesota Press, 2009)