A+    A-
(695) جار خوێندراوەتەوە

زمان و لەرزۆکى

 

 

 

 

لاوری لاوفەر و بیاتریز سانتۆس

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

دەستپێک:

  بە ئاماژەکردن بەو دەروونشیکارە فەڕەنسییانەی مەیلیان بۆ تێمای سەمپتۆم(نیشانەی نەخۆشی) هەیە، ئەم نوسینەمان کنەی ئەوە دەکات، چۆناهی تیۆرییە دەروونشیکارییەکان لەمەڕ پەیوەندیی نێوان زمان و سوبێکتیڤیتە ڕێمان بۆ خۆشدەکەن تاوەکو لە ئاستێکی فراوانتردا لە چەمکی لەرزۆکى (vulnerability) تێبگەین.

 

زمان و واقیع

  لە ڕۆمانی «تاسە بەپێی ج.هـ»[1]ـی کلاریس لیسپێکتەر-دا، کارەکتەرە سەرەکییەکە لە کۆتایی کنەوپشکنینێکی خۆیدا، کە کافکاییانە ڕووبەڕووی "قالۆنچەیەک" دەبێتەوە، تێدەگات زمان چیە: "واقیع ماددەیەکی خاوە، زمانیش ئەو ڕێگەیەیە لێیەوە بۆ واقیع دەگەڕێم- هەروابێتەوە ئەو ڕێگەیەشە کە نایدۆزمەوە"(لیسپێکتەر، ١٩٦٤/١٩٨٨). «ج.هـ» ژنێکی بەڕازیلییە، سەر بە چینی ناوەندە، جارێک هەروا دەیەوێت ژوورەکەی خاوێن بکاتەوە، کەچی دەبینێت خەریکە ڕیشەکانی پەیوەندیی مرۆیی(human communication) دەپشکنێت. وا دیارە بە کردنی ئەمە بە جۆرێک لە زمان تێدەگات، کە ئەو شتەیە ماددە خاوەکانی واقیعی دەرەکی(پێچەوانەی واقیعی دەروونیی بە مانا فرۆیدییەکە) لەخۆدەگرێت و قۆرخیان دەکات. بە دەربڕینێک لە دەربڕینەکان، «ج.هـ» دەتوانێت ئەزموونی پچڕاویی نێوان زانیارییە هەستەکییەکان(داتاکانی هەست) و شتە ڕێکخراو و گیراوەکانی دەزگای دەروونیمان بکات. ئەزموونەکەی «ج.هـ»، وای لێ دەکات لەوە تێبگات گرتنێکی وەها بەبێ زمان مەحاڵە.

  ئێمە وەک مرۆڤ، زمان پێناسەی سوبێکتیڤیتەمان دەکات. وەک ئێمیل بێنڤێنیست[ـی زمانناس و نیشانەناسی فەڕەنسی] دەڵێت، مەحاڵە مرۆڤ و بەکارهێنانی زمان لەیەکدابڕین و هەریەکەیان لە لایەک دانێین: هەرچەندە وا دەخوازین وێنای سەردەمانێکی زوو بکەین، کە دوو پیاو لووتیان بەیەکدا تەقیوە و وردەوردە زمان لەبەینیاندا کەوتۆتەکار، بەڵام ئەمە ئەوە نیە کە ڕوویداوە:

"هەرگیز ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتەی مرۆڤ لە زمان دابڕاو بووە و هەرگیزیش نابێت وا بیبینین مرۆڤ زمانی داهێناوە. هەرگیز نابێت بگەڕێینەوە بۆ کاتەی مرۆڤ کورتکرابووەوە بۆ خۆی و پەلەقاژەی بوو تاکو لە بوونی یەکێکی تر تێبگات. ئەوەی لە جیهاندا دەیبینین مرۆڤێکی قسەکەرە، مرۆڤێک قسە بۆ مرۆڤێکی تر دەکات؛ جا زمانیش پێناسەی مرۆڤمان دەخاتەبەردەست"(بێنڤێنیست، ١٩٦٣/١٩٦٧).[2]

  بێنڤێنیست پێداگرە لەو ئایدیایەی کە زمان لە ئامڕازی پەیوەندیی نێوان ژنان و پیاوان زیاترە. سەرەکیترین ئەو خەسڵەتانەی پێناسەی زمان دەکەن(سرووشتی ناماتریاڵی، کارکردی ڕەمزی، ڕێکخستن لە دەربڕیندا و ئەو ڕاستییەشی کە ناوەڕۆکی هەیە)، زمان لەوە جیادەکەنەوە ئامڕازێک بێت کە مرۆڤ دایهێناوە: "پاچەکۆڵە و تیر و تەگەر لە سرووشتدا بوونیان نیە، وان درووستکراون. زمان سرووشتی مرۆڤە، سرووشتێک کە خۆی خەڵقی نەکردووە"(ه.س.پ).

  تێگەیشتنی بێنڤێنیست لە زمان وەک شتێکی ئامادە و پێدراو(given)، کە پێش سوبێکت بوونی هەیە و هەر خۆی سوبێکت دەخوڵقێنێت، هەمان مەبەستی لاکانیشە کاتێک دەڵێت مرۆڤ سوبێکتی زمانە[3] و سوبێکت(ملکەچ)ـە بۆ زمان[4]. چەمکی سوبێکت بەدرێژایی کارەکانی لاکان واتە ئەوەی دەتوانێت قسەبکات، چونکە لەبارەیەوە قسەکراوە- واتە، پێشوەخت خراوەتە ناو نەزمی پێشوەخت‌هەبووی زمانەوە. ئەمە پێچێکی ڕادیکاڵە لە تێگەیشتندا دەرهەق بە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و زمان: هەرکە وەک ئەکتەرێک بینرا کە بەرپرسیارە لە ئەداکردنی ئەکتی دەربڕیندا، ئەوا سوبێکت بەپێی دەروونشیکاریی لاکان دەبێتە بەرهەمی ئەو ئەکتانە[ئاسانتر، سوبێکت لەپاش دەربڕین و ئاخاوتنەوە دەڕسکێت].

  لاکان لە «پێگەی نەست-١٩٦٠»دا، پەرە بەو ئایدیایە دەدات کە سوبێکت ملکەچی زمانە، ئەویش لەڕێگەی ئەم دەربڕینەوە: "ئەنجام(effect)ـی زمان ناساندنی هۆکار(cause)ـە بە سوبێکت". لە دیدی لاکاندا، سوبێکت ئەو شتە نیە کە خۆی وێنادەکات ئەوە بێت [واتە ئەوە نیە کە لە خەیاڵی خۆیدا هەیە]. ئێمە وێنەیەک-وێنەیەکی خەیاڵی یان وەهمی- بۆ خۆمان دەخوڵقێنین، تاکو لە هەمبەر جووڵە پڕفەوزاکانی پاڵنەرەکانماندا بمانپارێزێت. ئەم وێنە ڕێکخراوە، کە بە ئیگۆ ناسراوە، جیایە لە سوبێکت: سوبێکتی لاکانی سوبێکتی نەستە و لەلایەن دالەکانی زمانەوە دەڕسکێنرێت. کەواتە «ئەنجامی زمان بەسەر سوبێکتەوە» واتە "سوبێکت هۆکاری خۆی نیە[یان بە دەستی خۆی خۆی نەخوڵقاندووە]؛ بەڵکو ئەو بەشەی هۆکاریشی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە درز دەخاتە ئەمەوە. مادەم هۆکارەکە دالە، ئەوا بەبێ دال سوبێکتێک بوونی نەدەبوو. بەڵام سوبێکت ئەو شتەیە کە دال دەینوێنێتەوە، دال هەموو شتێک بۆ دالێکی تر دەنوێنێتەوە: ئەو شتەیە سوبێکتی گوێگری بۆ کورتکراوەتەوە"(لاکان، ١٩٦٠/٢٠٠٦).

  دال وا دەکات سوبێکت لەناو هەبووەکانی تردا جێیەک داگیربکات، بەڵام کۆی چیەتیی سوبێکت لەخۆناگرێت. سوبێکت ئەو شتەیە دال دەینوێنێتەوە؛ وەک دەربڕینە بەناوبانگەکەی لاکان: دال ئەوەیە سوبێکت بۆ دالێکی تر دەنوێنێتەوە(بۆ یەکی تر و یەکی تر، لەناو زنجیرەی بێکۆتای دالەکاندا).

 

 

مانای سەمپتۆم

  تێگەیشتن لە ڕۆڵبینینی زمان لە ڕسکانی سوبێکتدا، کاریگەریی گرنگی بەسەر کاری کلینیکییەوە هەیە لە تیۆرییە لاکانییەکەدا. یەکێکیان داننانە بە گرنگیی سەمپتۆمدا لە چارەسەری دەروونشیکارانەدا. لاکان لە یەکەمین سیمیناریدا دەڵێت "سەمپتۆم سەرەتا خۆی وەک شوێنەوارێک دەردەخات، و تا ئەو کاتەی شیکارکردنەکە ڕێیەکی درێژ دەبڕێت و ئێمەش ماناکەی کەشفدەکەین، نایەڵێت لێی تێبگەین [یان با بڵێین سەمپتۆم لە سەرەتا نایەڵێت قابیلی تێگەیشتن بێت]". ئەم بەو مانایە دێت، سەمپتۆم بەپێی تیۆریی دەروونشیکاری تەنیا نیشانە و دەرکەوتەی نەخۆشییەک نیە. دەرخەری تێکچوونێک نیە لە تەندرووستیی کەسێکدا. بەڵکو گەرەکە وا لێی تێبگەین کە فۆرماسیۆنێکی نەستە، کە دەروونشیکار نابێت دەمودەست هەوڵبدات نەیهێڵێت، چونکە سوبێکت ئەم سەمپتۆمەی زۆر بەوردی و بە شێوەیەکی نەستەکییانە درووستکردووە- تەقریبەن وەک کارێکی هونەری وایە.

  با بیرێک لە بەراوردەکانی فرۆید بکەینەوە لەنێوان سەمپتۆم و بەرهەمە کەلتورییەکان، یان بەرهەمی هونەرمەنداندا. وی لە ١٩١٧دا ئاماژە بە گرنگیی جیاکردنەوەی سەمپتۆمەکان لە نەخۆشیی نەخۆشە عوسابی(نیورۆتیک)یەکان دەکات، و بەبیرمان دێنێتەوە کە "سڕینەوەی سەمپتۆمەکان چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە نیە. بێگومان تاکە شتێکی دیار لەدوای سڕینەوەی سەمپتۆمەکانەوە جێبمێنێت، توانای درووستکردنەوەی سەمپتۆمی نوێیە"(فرۆید، ١٨٩٠/١٩٤٢). دەشێت ئەم توانا خوڵقێنەرە، وەربگەڕێتە سەر توانای هونەرمەندەکە بۆ ئەوەی پشت لە واقیع بکات و خواستەکانی و لیبیدۆ بگوازێتەوە سەر درێژەدان بە ئاواتە خەیاڵییەکانی. هەروابێتەوە ئەمە بەڵگەیەکیشە بۆ ئەوەی سەمپتۆم هەروا بەسادەیی نابێت بسڕێتەوە، بەڵکو دەبێت وا لێی بڕوانین کە شتانێک هەن بۆ ئەوەی ئەنجام‌بدرێن. لاکان لە سەرەتای کارەکانیدا هەر بەم مانایە بە سەمپتۆمی دەوت شوێنەوار و نیشانە: وەک نیشانەیەک کە ئامادەیی شتێک لە شوێنێکی دیاریکراودا جێیهێشتووە، بۆنمونە شوێنپێیەک کە دەلالەتە لەوەی کەسێک لەو شوێنەدا بووە.

  ئەوەی سەرنجی مە ڕادەکێشێت دەرهەق بەم جۆرە تێڕوانینە لە سەمپتۆم، دەرەنجامەکانن لەسەر چارەسەری دەروونشیکارانە. چارەسەرکردنی کەسێک بەبێ نەهێشتنی سەمپتۆمەکان و بە تیشک خستنەسەر مانایەکەیان، واتە چی؟

  سیدی ئاسکۆفێ-ـی دەروونشیکاری فەڕەنسی، لە وتارێکیدا لەمەڕ ئەو شتەی وی وەک «سووڕانەوەی سەمپتۆم» دەیبینێت، ئەم پرسە دەپشکنێت- واتە وەک سووڕانەوە بەدەوری خولگەیەکدا. سەمپتۆم لە سەرەتای چارەسەردا وەک ئەو هۆکارە لێی دەڕوانرێت، کە بووەتەهۆی ڕاوێژکردن بە دەروونشیکار. ئەم سەمپتۆمە لە کۆتایی چارەسەرەکەشدا ئامادەیە، بەڵام گۆڕاوە. ڕێڕەوی سەمپتۆم نە دووبارەبوونەوەیەکی ڕووتە، نە گەڕانەوەی هەمیشەیی ڕووداویش، بەڵکو سووڕانەوەیەکە کە گەڕانەوە و گۆڕانی ڕووداو بەیەکدەگەیەنێت. لاکان لە سیمیناری بڵاونەکراوەی «L’insu que sait de l’une-bévue s’aile à mourre-1976»دا دەپرسێت، ئاخۆ لە کۆتاییدا دەشێت وا لە دەروونشیکاری تێبگەین، کە هاومانای هاوشوناسبوونە لەگەڵ سەمپتۆمدا؟ نە تێگەیشتن لە مانای سەمپتۆمەکە، نە کەشفکردنیشی لەلایەن دەروونشیکارەوە، بەڵکو وەک ئاسکۆفێ دەڵێت، ببین بە خاوەنی مانای سەمپتۆمەکە: "ئەوەی لە دەروونشیکارەکە چاوەڕێدەکرێت ئەوەیە، وا لە نەخۆش(شیکاری‌بۆکراو)ـەکە بکات ببێت بە خاوەنی مانا(سێکسی، فالوسی یان خەسان)ـی سەمپتۆمەکەی".

  ئاسکۆفێ پێداگری لەو ڕاستییە دەکات، کە توانای قبووڵکردن و هەڵگرتنی مانای سەمپتۆم، زۆر جیاوازترە لە تێگەیشتنی ڕووت یان چارەسەرکردنی سەمپتۆمەکە. ئەوەی لە شیکاری(چارەسەر)دا بەسەر سوبێکت دێت، نزیکە لە ئەزموونێکی ئیتیکی و لاکان دەیبەستێتەوە بە ڕێز(respect)ەوە. قەناعەتمان وایە ئەم تێگەیشتنە تایبەتە لە ڕێز، بەکارهێنانی تیۆریی دەروونشیکاری فراواندەکاتەوە و کۆمەکی باسە هاوچەرخەکانیش دەکات لەمەڕ مەترسی و سیاسەت.

 

ڕێز، ناسینەوە، لەرزۆکى

  لاکان لە سەرەتاییترین سیمینارەکانیدا لە ١٩٥٣-٥٤، لێکۆڵینەوە لە وتارەکانی فرۆید دەکات لەمەڕ تەکنیکی دەروونشیکارانە. لە وانەیەکیدا لەسەر چەمکەیلی «بەرەنگاری-resistance» و «بەرگری-defense»، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەخنەگەلەی لە "دەسەڵاتخوازی"ـی فرۆید لەگەڵ نەخۆشەکانیدا گیراون- هەندێک لە قوتابییەکانی لاکان پێیان‌وابوو بەرەنگارییەکەی فرۆید، جۆرێک بوو لە داگیرکردن. دەرەنجام ئەم قوتابییانە پێیان‌وابوو فرۆید لەلایەن «ویستی بەهێزی باڵادەستی»یەوە دنەدەدرێت.

  بەڵام لاکان هاوڕا نەبوو لەگەڵ ڕاڤەی قوتابییەکانیدا لەمەڕ تەکنیکی فرۆید. لاکان دەڵێت "گەر هەر شتێک ببێتەهۆی ئەسڵزادەیی چارەسەری دەروونشیکارانە، ئەوا گەرەکە هەر لە سەرەتاوە درکی پێ بکرێت، هەر ڕێک لە سەرەتاوە، لە پەیوەندیی کێشەداری سوبێکت بە خۆیەوە. دۆزینەوە و کەشفە ڕاستەقینەکە، بەو مانایەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆم باسکردن، ئەوەیە ئەم پەیوەندییە ببەسرێتەوە بە مانای سەمپتۆمەکانەوە"(لاکان، ١٩٥٣-٥٤/١٩٨٨). واتە، دەروونشیکار لەبری ئەوەی باڵادەستانە مامەڵەبکات، ڕێک لە پێگەی مەترسیی موتڵەقدا کاردەکات.

  بێگومان ئەوەی لاکان ناویدەنێت «پەیوەندیی کێشەداری سوبێکت بە خۆیەوە»، ئاماژەیە بە چەمکی دراوسێ یان هاوتەنیشت(nebenmensch)ـی فرۆیدی. لە کارەکانی فرۆیددا، ئەو کەسە یاریمەندەی لەڕێی کردارێکی تایبەتەوە ناڕەحەتیی مناڵێک ساڕێژدەکات، لەڕێی هەمان کردارەوە مەترسی و هۆگری-ش درووستدەکات. بەپێی فرۆید:

"با وای دانێین ئەو ئۆبێکتەی کۆمەکی هەستەکان دەکات، هاوشێوەی سوبێکتەکەیە- دراوسێ. گەر وا بێت، ئەو خولیا تیۆرییەی لەم باسەدایە لەڕێگەی ئەو ڕاستییەوە ڕووندەکرێتەوە، کە ئەم ئۆبێکتە لە یەک کاتدا هەم یەکەمین ئۆبێکتی تێرکەری سوبێکتە و هەم یەکەمین ئۆبێکتی نەیاریشێتی، هەروابێتەوە تاکە هێزی یارمەتیدەریشێتی. جا بەم هۆیەوە، مرۆڤ لە پەیوەندیدا بە دراوسێوە فێری ناسینەوە دەبێت"(فرۆید، ١٨٩٥/١٩٦٦).

  بە دەربڕینێکی تر، مرۆڤ کاتێک گەشە بە توانای ناسینەوە دەدات، کە خۆی بخاتە بەردەم هێز و نەیارێتیی مرۆڤەکانی تر(دراوسێ)وە. ساتی قەیران و ژینگەیەکی نالەبار، هەلومەرجی گەشەدانن بە توانای ناسینەوەی ئەوانیتر. ئەمە ئەنجامێکی تەکنیکی هەیە، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پێناسە لاکانییەکەی دەروونشیکار: کەسێکە بە هەمان شێوەی دەستهەڵگرتن لە ئایدیاڵەکان، دەست لە زانین(knowledge)یش هەڵدەگرێت.

  لەڕاستییدا، فرۆید لە ١٨٩٠دا باس لە ڕەهەندی هەڕەشەئامێزی ناو ئەو دۆخانە دەکات، کە یارمەتی‌یان تێدایە. مادەم ئەو هێزانەی ڕووەو ئەوەن یارمەتیی سوبێکت بدرێت کاریگەری دەخەنەسەر "سرووشتی ئۆتۆکراتانەی کەسێتیی سوبێکتەکان"، ئەوا نەخۆشەکان زۆربەی جار خۆ لە هەر داوایەکی یارمەتی لادەدەن(یارمەتیی سایکۆلۆژی، پزیشکی یان پرسێکی کۆمەڵایەتی). ئایدیای "ئەوەی یارمەتی بدرێیت" بەرگری درووستدەکات. دەرەنجام، کاری دەروونشیکارانە دەبێت پشت بەو ڕاستییە ببەستێت، کە جیایە لە یارمەتییەکی دەروونناسییانە. دەبێت خۆ لەوە لابدات کە دەتوانێت باسیبکات، ئەوەی لای لاکان پێی دەوترێت تەڵەی خەیاڵیی نێوسوبێکتیڤیتە. دەروونشیکار دەبێت بلکێت بە ناسینەوەی بێمەرجی سەمپتۆمی سوبێکت و هەروابێتەوە «پەیوەندیی کێشەداری سوبێکت بە خۆیەوە» کە سەمپتۆم دەریدەخات. 

  ئەم ناسینەوە بێمەرجە واتە پرسیارخستنەسەر پەیوەندیی خود بە زانینەوە. دەروونشیکار وەک دراوسێ مامەڵەدەکات، دراوسێیەک کە ناتوانێت ئەو شتە بزانێت کە نەخۆشەکە پێویستییەتی. دەروونشیکار ناتوانێت پێگەیەک داگیربکات، کە تێیدا بشێت ڕەوش و ڕەفتار وەک ڕەچەتە بنوسرێن. بەڵکو گەرەکە دەست لە زانین لەمەڕ نەخۆش و ئەو وەهمی دەسەڵاتەش هەڵگرێت، کە لەگەڵیدا دێت. بە کردنی ئەمە، دەروونشیکار زیاتر دەچێتەبەر مەترسییەوە، بەڵام زیاتریش لە مانای سەمپتۆمەکان نزیکدەبێتەوە.

  وا تێدەگەین ئەمە تاکە ڕێگە بێت بۆ ئەوەی دەروونشیکاری خۆی لەوە لابدات کە: (ئـ) لەناو پرۆسەی بەسایکۆلۆژیکردنەوەی بەسۆزانەدا بتوێتەوە، کە نەتوانێت حسێب بۆ ئەو شتە بکات کە لاکان پێی دەڵێت ملکەچبوون بۆ زمان؛ (ب) ببێتە ڕێگەیەکی بیرکردنەوەی پزیشکییانە کە هەوڵبدات وەڵامی ئایدیاڵە عادەتییەکانی چارەسەر بداتەوە. دەشێت ئەم پێگەیەی دەروونشیکاری بە ستایلێکی تایبەت ناوببەین، کە نە ناوەکییە(intimate)، نە ناودەرەکیش(extimate-بە مانا لاکانییەکەی)، بەڵکو نزیکە(proximate). دەروونشیکاری وەک پراکتیس، لەبەر مەترسی و لەنێوان دوو خاڵدا دەبێت، ناسک دەمێنێتەوە.

  بە دەربڕینێکی تر، ئەسڵی چارەسەری دەروونشیکارانە ئەوەسە دژ بە ستایلی لێکۆڵینەوەیی شیکاریی بەرەنگاریی و نەهێشتنی سەمپتۆمەکان بۆستێتەوە: ڕێز لە ئینسانەکە و سەمپتۆمەکانی بگرە [و بەس]. لاکان دەڵێت:

"ڕەتکردنەوەی مانای سەمپتۆم لەلایەن سوبێکتەوە، کێشەی بۆ درووستدەکات. ئەم مانایە نابێت بۆ وی کەشفبکرێت، بەڵکو وی [تەنیا] پێویستە خۆی بکات بە ساحێبی. بەم واتایە، دەروونشیکاری تەکنیکێکە وا ڕێز لە کەسەکە دەگرێت. جا باو مانایەی ئەمڕۆ لێی تێدەگەین-و تا درکمان پێی کردووە باجمان داوە-، نەک تەنیا ڕێزی لێ دەگرێت، بەڵکو بەبێ ڕێزگرتن ئیشەکە بەڕێوەناچێت"(لاکان، ١٩٥٣-٥٤/١٩٨٨).

  لەم دیدگایەوە، ڕێزگرتن واتە ئایدیای گرنگیدان بە ئەویتر یان بە خود، کە خۆی لە نواندنەوەیەکی تاک‌لایەنەی ئەوە دادەبڕێت، ئاخۆ ئەویتر یان خود گەرەکە چ شتێک بێت. تێگەیشتنی لاکانییانە لە ڕێزگرتن، ڕێ بۆ ئایدیای ناسینەوە خۆشدەکات، کە پشت بە چەمکێکی گۆڕاو(نەک جێگیر)ـی خود دەبەستێت.

  وا دیارە ئەم دیدگایە پەیوەستدەبێتەوە بە کێشەی پەیوەندیی نێوان شوناس و لەرزۆکییەوە، ئەوەی لە کارەکانی جودیت باتلەر-ی فەیلەسوفی هاوچەرخدا باسی لێوە کراوە. باتلەر لە «precarious life»دا باس لەوە دەکات چۆنچۆنی "هەریەکەمان بە فەزڵی لەرزۆکیی کۆمەڵایەتیی جەستەمان(وەک لانەی مەترسیی فیزیکی و ئارەزوو) سیاسییانە ڕسکاوین". بە دەربڕینێکی تر، نوسەر لە گۆشەنیگایەکی سیاسییەوە دەڵێت، ناسرانەوە وەک سوبێکت، هاوشانی هەستی شوناسە، کە لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە ئەزموونی مەترسییەوە:

"هەرکە دەبینە کۆمەڵێک جەستەی کۆمەڵایەتییانە-ڕسکاو، لەدەستچوون و لەرزۆکى بە قونمانەوە دەبن، دەلکێن بەوانیتریشدا، هەمیشە لەبەر مەترسیی لەدەستدانی پەیوەندییەکان و ئەوانیترداین. بە لوتفی خۆدەرخستنمان بۆ ئەوانیتر، لەبەردەم ڕیسکی توندوتیژیداین"(باتلەر ٢٠٠٤: ٢٠).

  باتلەر بەدرێژایی کارەکانی ئەوەی باسکردووە چۆنچۆنی «بانگکردن لەڕێگەی ناو»ەوە، پارادۆکسانە سوبێکت سنورداردەکات و واش دەکات بوونی هەبێت. کاتێک کەسێک ناوێکی لێ دەنرێت-ژن، پیاو، ڕەگەزگۆڕاو، بەڕازیلی، جیاڕەگەزخواز، هاوڕەگەزخواز و هتد- ئەوا لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا دەتوانێت بوونی هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا گەرەکە پابەندی ئەو شتانەش بێت، کە لکاون بەو ناوەوە. خەسڵەتە جیاوازەکان سەردەکێشن بۆ دەرکەوتنی جیاواز و ئاستی جیاوازی مەترسیش.

"قسەدەکرێت، قسە بۆ ئەویتر و لەپێناو ئەویتردا دەکرێت، بەڵام هیچ ڕێگەیەکیش نیە تا جیاوازیی نێوان ئەویتر و خود نەهێڵرێت. کاتێک دەڵێین «ئێمە»، هیچ ناکەین جگە لە دەرخستنی ئەو جیاوازییە. ناشتوانین نەیهێڵین، ڕەنگە هەر پێویستیش بێت وا بمێنێتەوە. ڕیکخستنی خۆمان لەدەرەوەی خۆمانەوە، بەهۆی ژیانە جەستەییەکەمانەوەیە، بەهۆی مەترسی و دەرکەوتنەوەیە"(ه.س.پ: ٢٥).

  بە دیدی باتلەر، کێشەی هەر شوناسێک لە گۆڕاوی(variability) و هەمەچەشنی(diversity)دایە: «من ژنم. بەس کام ژن؟». بەڵام ئەم کێشەیە، ئەم ئاڵۆزییە، ئەو شتەیە کە ڕێمان بۆ خۆشدەکات تاوەکو لەوە تێبگەین، چۆنچۆنی ناسینەوە پێویستی بە نواندنەوەیەکی ڕوون و جێگیر و تاک‌لایەنەی سوبێکتە.

 

دەرەنجام

  ئەم گەشەسەندنە تیۆرییانە جارێکی تر داوەتمان دەکەن تاوەکو بیرێک لە ماهییەتی پەیوەندیی نێوان ناسینەوە و لەرزۆکى بکەینەوە. ژان ئالوش-ـی دەروونشیکاری فەڕەنسی پێی‌وایە دەروونشیکار پەیوەندیی لەگەڵ «هەمەچەشنیی پەتی»دا دەبەستێت، خۆی دووردەگرێت لەوەی سوبێکت بلکێنێت بە پرسێکی کلینیکیی پێشوەخت‌دیاریکراوەوە- یان ئەوەی پێشوەخت ناوی لێ نرابێت. بە قەولی ئالوش، ئەمە واتە "دەروونشیکار بەهۆی [قبووڵکردن]ـی فرەچەشنییەوە، پێشوازی لە هەمووکەس دەکات، خۆی لە هەر فیکر یان کردارێکی ناسێنەر لادەدات"(ئالوش، ٢٠١٤). ئەمە واتە، وەرگرتنی پێگەیەک، کە لێیەوە بەبێ ئاماژەکردن بە هیچ کاتەگۆرییەکی پێشوەخت‌هەبوو، بیر لە سوبێکت دەکرێتەوە. هەروابێتەوە توانای ناسینەوەی هەمەچەشنێتی بەبێ کورتکردنەوەی بۆ کۆمەڵێک کاتەگۆریی چەقبەستوو، لە ڕێزەوە دەرهەق بە زمان سەرچاوەدەگرێت- وەک لاکان دەیوت. ئەم جۆرە ڕەفتارە گرنگە تاکو چارەسەری دەروونشیکارانە سەرکەوتوو بێت؛ ئینجا دەشێت کۆمەک بێت بۆ ئەو باسانەی لەسەر لەرزۆکیی کایەکانی ترن.

 

 

 

 

 

 

پەراوێز:

 


[1] Passion according to G.H

[2] مەبەستی بێنڤێنیست ئەوە نیە ئیللا دەبێت یەکێک غەیری مرۆڤ زمانی داهێنابێت. بەڵکو پتر مەبەستی ئەوەیە تازە مرۆڤ لەگەڵ زماندا هێناویەتی و زمان بارێکە بەسەر بوونییەوە، ئەگەر زمان لابەیت بوونیشی نامێنێت- و

[3] Subject of language

[4] Subject to language

 

 

سەرچاوە:

Laufer L and Santos B (2017) Language and Vulnerability—A Lacanian Analysis of Respect. Front. Psychol. 8:2279. doi: 10.3389/fpsyg.2017.02279