A+    A-
(877) جار خوێندراوەتەوە

                                    بەئۆبێکتکردنی مرۆڤی مۆدێرن

                            (چاوخشانێکى خێرا بە فیکرى فۆکۆدا)

 

 

 

 

هیوبێرت دریفۆس

و. ڕاڤین کامەران

 

 

 

 

 

میشێل فوکۆ لە کتێبی "دیسپلین و سزا"دا، لەڕێگەی پیشاندانی ململانێ و پەیوەندیی نێوان تەکنەلۆژیای[1] دیسیپلینی و زانستی کۆمەڵایەتی، جینالۆژیای مرۆڤی مۆدێرن وەک جەستەیەکی ملشۆڕ و بێدەنگ پیشاندەدات. وەک خۆی دەڵێت: "ئەم کتێبە مێژووی پەیوەندیی نێوان ڕۆحی مۆدێرن و دەسەڵاتێکی نوێی فەرمانڕەوایە؛ پیشاندەری جینالۆژیایەکی ئاڵۆزی زانست-یاسایە کە دەسەڵات لەبنچینەوە دەیەوێت سزا بسەپێنێت، ڕێسا و یاساکانی دەسەڵاتیش لەو جیانالۆژیای زانست-یاسایەوە ماسک دەپۆشێت." زۆر بەڕوونی کتێبەکەی فوکۆ نزا و سروودێکی litany گەشەکردن نییە [سەبارەت بە قۆناغەکانی پێشکەوتنی دەسەڵات]. بەڵکو بیرهاتنەوەیەکی غەمگینە سەبارەت بە گەشەی تەکنەلۆژیای دیسیپلینی لەناو تۆڕێکی مێژوویی مەزنی بایۆ-دەسەڵات(bio-power)دا. بۆ فوکۆ سەرهەڵدانی تاکی مۆدێرن و چەمکی کۆمەڵگە (بەو جۆرەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لێی تێگەیشتوون) پێکەوە بەستراونەتەوە و هاوتەریب گەشەدەکەن. هەرچۆنێک بێت، ئەو چیرۆکەی فوکۆ دەیگێڕێتەوە وەک [چیرۆکەکەی دورکهایم سەبارەت بە کۆمەڵگە و مرۆڤی مۆدێرن] لە پانتایی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرکەوتنێکی زانستیی بەدەست‌نەهێنا. بەڵکو ڕێگەکەی فوکۆ ڕێگەیەکی تەواو جیاوازە. فوکۆ سەبارەت بە سەرهەڵدانی ئۆبێکتیڤی زانستی کۆمەڵایەتی – ئەو زانستەی کە فاکتە کۆمەڵایەتییەکان وەک شت thing وەردەگرێت – و "هاوخەباتی بێدەنگ"ـی تاکی مۆدێرن دەنوسێت، تا ئەوە پیشان بدات کە هەردوو گەشەکردنەکە [تاکی مۆدێرن و کۆمەڵگە] ئەو شتەیە کە ئەو ناوی ئامراز-کاریگەری فۆرمە دیاریکراوە مێژووییەکانی دەسەڵاتی لێ ناوە.

فوکۆ لە کتێبی "دیسپلین و سزا"  پێیوایە نابێت سزا و زیندان وەک میکانیزمێکی چەپاندنی پەتی ببینین، بەڵکو دەبێت وەک کارکردێکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی سەیریبکەین. نابێت سزادان وەک بابەتێکی داوەرییانەی پەتی یاخود ڕەنگدانەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان یان وەک دیاریکردنی ڕۆحی سەردەم ببینین. بەڵکو، نزیبوونەوەی فوکۆ لە [ئایدیای] زیندان، ناسینی ڕێگەی درووستبوونی گەشەی تەکنیکی دەسەڵاتێکی تایبەتی لەخۆدەگرێت. سزادان وەک یاسا [بابەتێکی] سیاسییە؛ زۆر گرنگە ئەم خاڵە ڕوون بکرێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی ناونیشانی دوومی کتێبی "دیسپلین و سزا" بریتییە لە "لەدایکبوونی زیندانی مۆدێرن"، بەڵام لەڕاستییدا بابەتی لێکۆڵینەوەی کتێبەکەی فوکۆ خودی زیندان نییە، بەڵکو تەکنەلۆژیای دیسپلینییە. فوکۆ زۆر بەڕوونی لە وەڵامی ڕەخنەگرە مێژووناسە فەڕەنسییەکانیدا دەڵێت:

"بابەتی [کتێبی] 'لەدایکبوونی زیندان' چییە؟ سەردەمێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەی فەڕەنسی؟ نەخێر. تاوانکاریی سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەم؟ نەخیر. زیندانەکانی فەڕەنسا لەنێوان ساڵانی ١٧٦٠ و ١٨٤٠؟ دیسان نەخێر.  بەڵکو شتێکی تەنک tenuous لەم کتێبەدا هەیە؛ تایپەکانی ئاماروەرگرتن و ئەو "مەودا"ـیەی لە زینداندا درووستدەکرا. بەکورتی من بەشێک لە مێژووی 'تەمبێکردنی عەقڵ' دەنووسمەوە."

بابەتی لێکۆڵینەوەکەی فوکۆ بریتییە لە بەئۆبێکتکردنی پڕاکتیزی کولتوورەکەمان وەک تەکەنەلۆژییەکی تایبەت.

ئەو گەشە ستراتیژییە فراوانەی کە فوکۆ شیی‌دەکاتەوە لەمەدا کورتدەکرێتەوە: "تەکنەلۆژیای دەسەڵات وەک پرەنسیپی هەردوو بەمرۆڤکردنی سیستەمی سزایی و مەعریفەی مرۆیی ببینین." لەم ستراتیژەدا، جەستە ئامانجی سەرەکییە. کەواتە [وەک] فوکۆ شیی‌دەکاتەوە: " دەکرێت تەکنەلۆژیایەکی سیاسیی جەستە وەک مێژوویەکی هاوبەشی پەیوەندیی دەسەڵات و پەیوەندیی ئۆبێکت بخوێنرێتەوە." بێگومان ئەم پەیوەندییانە زۆر ئاڵۆزن. ئەوەی فوکۆ لە کتێبی دیسپلین و سزادا باسیدەکات بەرهەمهێنانی هەردووکیانە، پەیوەندیی مێژووی هەردووکیانە، جینالۆژیای هەردووکیانە.

فوکۆ ڕوانگەی خۆرئاوا سەبارەت بە خودی دیسپلین، زیندان وەک فیگەرێکی بنەمایی بەکاردەهێنێت [واتا لەڕێگەی مێژوو و تێڕوانین لە زیندانەوە لە کۆمەڵگەی خۆرئاواییدا، فوکۆ هەوڵدەدات دووبارە پرسی دیسپلین بخوێنێتەوە]. باشترین ڕێگە بۆ هەڵهێنجانی ئایدیای مێژووی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی ئۆبێکت بریتییە لە سێ شێوەی سزادان کە فوکۆ [وەک نمونە] دەمانداتێ. ئەو سێ شێوازەش بریتین لە: یەکەم؛ ئەشکەنجە وەک چەکێکی فەرمانڕەوا. دووەم؛ خەونێکی ڕیفۆرمیستیی هیومانیزم لە سەردەمی کلاسیکدا. سێیەم؛ زیندان و ئاساییکردنەوەی چاودێری surveillance و وەک بەرجەستەکردنی تەکنەلۆجیی دیسپلینیی دەسەڵاتی مۆدێرن. لە هەر یەکێک لەم هەلومەرجانەدا، تایپەکانی سزادان دەربڕی مامەڵەی کۆمەڵگەیە لەگەڵ تاوانباران وەک "ئۆبێکتێک" و دەبێت [ئەو ئۆبێکت-تاوانبارانە دووبارە] ڕێکبخرێنەوە. لە هەر یەکێکیاندا ئامانجی سەرەکی گۆڕینی هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە لە هەموو کۆمەڵگەدا، لەکاتێکدا ئامانجە لاوەکییەکە، بەڵام پەیوەندیدارەکە – لانیکەم لە شێوازی دووەم و سێیەمدا- گۆڕینی transformation تاوانبارە. با تاکتیک و ئامانجەکانی هەر سێ فۆرمی سزادانەکە لێرەدا کورت بکەینەوە.

 

 

 

 

 

سێ شێوازەکەی سزادان

 

ئەشکەنجەی فەرمانڕەوا

یەکەم شێوەی سزادان لەڕێگەی دەسەڵاتەوە، ئەشکەنجەدان دەبێتە پارادایمی فۆرمی سزادان. فوکۆ دەپرسێت بۆچی لە تاوانباریان دەدا، دەیانخنکاند و پەلوپۆیان دەبڕییەوە، لە ڕۆنی هەڵقرچاودا دەیانکوڵاندن و پارچە پارچەیان دەکردن؟ بۆچی پێش کوشتنیان ناچاردەکران لەبەردەم "خەڵک"ـدا و لەناو شوێنە گشتییەکاندا دان بە تاوانەکەیاندا بنێن؟

ئەم جۆرە لە ئەشکەنجەدانە لە شوێنە گشتییەکاندا ببووە سرووتێکی سیاسی. وا دادەنرا کە یاسا نوێنەری ویست و ئیرادەی دەسەڵاتە؛ ئەوەی یاساشکێنیی بکردایە دەبوایە وەڵامی تووڕەیی پاشا بداتەوە. یاساشکێنی وەک کردەیەکى سەر بە جەنگ، وەک هێرشێکی توندوتیژانە بۆ سەر جەستەی پاشا دەبینرا؛ هەربۆیە دەبێت دەسەڵاتیش بەو شێوازە وەڵامی بداتەوە. کتومت دەبێت دەسەڵات و پاشا بەهێزێکی زیاترەوە ببنە وڵامدەرەوەی؛ دەبوایە هێز و شکۆی دەسەڵات کە پاڵپشتیی یاسا بوو، وەک شتێکی مەزن پیشانبدرێت. لەم سرووتە توندوتیژانەیەدا، تاوانبار، بۆ پیشاندانی دەسەڵاتی پاشا، هێرشی جەستەیی و فیزیکیی دەکرایە سەر، لێی دەدرا و پارچەپارچە دەکرا dismembered. بەمجۆرە دەسەڵات و لایەنگریی یاسا بەرقەرار دەبوویەوە و لادانەکان ڕاست دەکرانەوە.

ئەم دەسەڵاتە زیادەڕەوە فۆرمەکەی خۆی لە سرووتێکی بێ‌بەزەییدا دەبینییەوە. بەڵام هەمان سرووت سنووری خۆی هەبوو: "ئەو جەستەیەی لەناودەبرا و دەکرا بە تۆز و دەدرایە دەم با، ئەو جەستەیەی لەلایەن دەسەڵاتی ناکۆتای پاشا لەت‌لەت دەکرا، بۆ [پاشا و دەسەڵات] نەک هەر ئایدیاڵێک، بەڵکو سنوورێکی ڕاستەقینەی سزادانیشی درووستدەکرد." ئەوەش بۆ خۆی جەنگێک بوو، ململانێیەکی بەسرووتکراو ritualized لەنێوان هەردوو خەڵكەکەدا. بێگومان لەم جەنگەدا دەسەڵات سەردەکەوت، بەڵام هاوکات جەستەی پارچەپارچەی قوربانییەکە لەڕێگەی دەرخستنی دەسەڵاتی پاشاوە تۆڵەی خۆی دەکردەوە. سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی پاشا گشتگیر بوو، بەڵام هەموو جارێک یاسا پێشێل‌دەکرا، هەرجارێک دژایەتیی دەسەڵاتەکەی بکرابایە دەبوایە دیسان یاسا و پیادەکردنی یاساوڕێساکان نوێ بکرێنەوە. ئەگەر ئەم نمایشەی دەسەڵات تووشی شکست و  بێهیوایی ببووایە، ئەوا نمایشی دەسەڵات لە ئاستێکی پڕشکۆتردا (وەکوو پێویستی) خۆی دەنواند بۆ ئەوەی دەسەڵات و شکۆی پاشا سەرلەنوێ بەدەستبهێنێتەوە.

هەرچەندە کۆتا ئاکتی نمایشی سزادان بەمجۆرە بوو: "کەرنەڤاڵی دڕندەیی"، بەڵام هەندێک پڕۆسێسی فۆرماڵی یاسایی پێویست بوون تا ئەم شانۆ و نمایشەیان تەواو کامڵ بکەن. گەڵاڵەی تۆمەت و پەیڕەو و ڕێسای تاوتێکردنی تۆمەتەکان، بەشێوەیەکی ڕەها مافی کاربەدەستە پەیوەندیدارەکان بوو. ئەمانە سیستەمێکی دادوەریی یەکجار تۆکمە و پڕ لە وردەکارییان جێبەجێ دەکرد و داوای هەندێک شاهێد و بەڵگەیان دەکرد کە تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی لێرەدا بە پێویست نازانین. ئەو خاڵەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە کەسە تۆمەتبارەکە بەتەواوەتی لە ڕەوتی ئەم دانوستان و تاوتێکردنانە، کە بەشێوەیەکی نهێنی و مەحرەمانە ئەنجام دەدرا، دوور بوو. "لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی سزایی ئامێرێک بوو کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی حەقیقەت لە غیابی تۆمەتبار و تاوانبارەکەدا. کە بەشێوەیەکی نووسراو، نهێنی، ملکەچکراو لەژێر ڕێسا تۆکمە و ورددا ئەنجام دەدرا بۆ ئەوەی شاهید و بەڵگەی جێگەی مەبەستی خۆی بەدەستبهێنێت."

 کاتێک یاسا خۆی لەبەرامبەر حەقیقەتی تۆمەتەکاندا قایل‌دەکرد، بەشێوەیەکی لۆژیکی دەیتوانی هەر لەم خاڵەدا پرۆسەی بابەتەکە ڕابگرێت، هەرچۆنێک بێت، یاسا داوای وەرگرتنی دانپێدانەکانی دەکرد. "دانپێدانان وەکو ئاکتێکی مرۆڤی تاوانبار، سوبێکتێکی بەرپرسیار و قسەکەر، تەواوکەری لێپێچینەوەی نووسراو، نهێنیی سەرەتایی لێکۆڵینەوە بوو." دانپێدانان لە ڕێگەی سرووتی گشتی ئەشکەنجەوە وەردەگیرا. فوکۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەشکەنجە ئاکتێکی جڵەونەکراوی حەیوانى نییە، بەڵکو تەواو بەپیچەوانەوە ئامانجەکەی درووستکردنی دەرد و ئازارە بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و ڕێکوپێک لەسەر جەستە، هەندێک شێوازی بەربڵاو بۆ پێوان و چاودێریی وردتری کردەی ئازاردان هەبوو. "ئەشکەنجە لەسەر بنەمای چەندایەتیی گشتیی هونەری ئازار و ژان دامەزراوە... ئەشکەنجە-مەرگ، هونەری پاراستنی ژیانە لە هەناوی ژان و ئازاردا و ئەم کارە لە ڕێگەی پارچەپارچەکردنی مەرگ بەسەر 'هەزاران-مەرگ'ـدا و بەهۆی پێکهێنانی دڕندانەترین ئەشکەنجەی بەر لە مەردن ئەنجام دەدا." سەرهەڵدانی ئەم هونەرە یەکجار زۆر ورد و ڕێکوپێکە، ڕاستەوخۆی پەیوەندیی بە یاساکانەوە هەبووە. جۆرە تایبەتەکانی تاوان پێویستیان بە پلەی تایبەتی ئەشکەنجە هەبووە؛ دەبوایە ژان و ئازاری جەستەیی لەگەڵ تاوانە ئەنجامدراوەکەدا بگونجایە. سەرئەنجام دەتوانین بڵێین ئەشکەنجە سرووتێکی یاساییش بوو. دەبوایە سزای قوربانییەکە لەسەر جەستەی هەڵبکۆڵرێت.

 بەڵام ئەوە بەتەنیا دەسەڵاتی پاشا نەبوو کە لە قاڵبی سرووت و ڕێوڕەسمدا خۆی دەنواند، بەڕواڵەت ڕاستیی تۆمەتەکە بەهۆی ئەو ئەشکەنجەیەی کە دانپێدانانەکەی لێ دەکەوتەوە، دەسەلمێنرا. تا بەر لە سەدەی هەژدەهەم پێکهێنان و خستنەڕووی حەقیقەت بەم جۆرە، لە شێوەی سرووتێکی شکۆدار و تۆکمەوە بەرجەستە دەکرا. تاوانبار هەر لەو کاتەدا کە ئەشکەنجە دەدرا، دانی بە هەمووشتێکدا دەنا. هەر لەو کاتەدا کە دەسەڵاتی یاسا لەسەر جەستەی وێنەدەکرا، ناچاردەکرا حەقیقەتی دادپەروەرانەبوونی ئەشکەنجە و هەروەها حەقیقەتی تۆمەتەکان پەسەندبکات. لووتکەی ئەم سرووت و ڕێوڕەسمە، واتا لەسێدارەدان، لەهەمان کاتدا لووتکەی لێپێچینەوە و دادگایی کردنیش بوو: لێرەدا حەقیقەت و دەسەڵات ئاوێتەی یەکتر بوون.

بەکورتی سزای ئەشکەنجەدان کۆمەڵەیەکی ئاڵۆزی لە دەسەڵات، حەقیقەت و پەیکەرە جەستییەکان لەدەوری یەکتر کۆدەکردەوە. دڕندەیی ئەشکەنجەدان بە واتای جێبەجێکردنی ئەو دەسەڵاتە بوو کە حەقیقەتیشی ئاشکرادەکرد. جێبەجێکردنی ئەشکەنجە لەسەر جەستەی تاوانبار هەم هونەر و هەم کردەیەکی تۆڵەسێنەرانە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی پاشا لە هەرکام لەم ڕووگانەدا، بەشێوەیەکی پچڕپچڕ پیادەدەکرا. شوێنی پیادەکردنی ئەشکەنجە واتە جەستە و شوێنی گشتیی جێبەجێکردنەکە دەبوایە لەگەڵ هەموو پێشێلکردنێکی دەسەڵاتێکدا سەرلەنوێ وەک تەماشاگەیەک خۆی بنوێنێت. سرووتی داننان بە حەقیقەتدا کە هاوڕێی جێبەجێکردنی دەسەڵات و تەواوکەری بوو، زیانیشی پێدەکەوت. خەسڵەتی تایبەتی تەکنیک و شوێنی جێبەجێکردنی، بەسەرهاتی بوونی جۆرێکی تایبەت لە بەرگریکردنی دەگێڕایەوە. لەو دەسەڵاتەی کە لە قاڵبی ئەشکەنجەدا پیادەدەکرا، بەرگری و دەسەڵات هەردووکیان پشتیان بەو ئامادەبووانە دەبەست کە دەهاتنە سەیرى دیمەنی دڕندانەی ئەشکەنجەیان، بەبێ ئامادەبوونی کۆمەڵە خەڵکێکم هەموو مانا و مەفهوومی سرووتی ئەشکەنجە هەڵدەوەشایەوە و پووچەڵ دەبوویەوە. بەم جۆرە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەربڵاو لە ڕێوڕەسمی دەسەڵاتدا خاوەنی دوو ڕەهەند بوو. پێکهێنانی ترس و تۆقاندن ئامانجی سەرەکیی ئەشکەنجەدان بوو، بەڵام لە کاتی جێبەجێکردنی ئەشکەنجە لە شوێنە گشتییەکاندا هەندێک دژایەتیی و ڕاپەڕینیش سەریان هەڵدەدا. ئەگەر لەسێدارەدانی تاوانبارەکە نادادپەروەرانە لەقەڵەم بدرایە – جا بەهۆی بەڵگەی پەیوەندیدار بە تۆمەتەکانی تاوانبارەکە یاخود بەهۆی شێوازی لەسێدارەدانەکە) ئەگەری ئەوە هەبوو جەماوەری خەڵک تاوانبارەکە ئازاد بکەن و وایان لە کاربەدەستەکان دەکرد ڕابکەن. تاوانبار لەکاتی کردەی ددانپێداناندا بەزۆری هەلی دەقۆزتەوە و خۆی بەبێ گوناح دادەنا و کاربەدەستە دەوڵەتییەکانی تاوانبار دەکرد. بەکورتی لەم جۆرە ڕێوڕەسمەی مایشی دڕندەیی و وەحشیگەرییەدا "بەردەوام ڕەگەزێکی جەژن و شادی بوونی هەبوو کە تێیدا ڕێسا و یاساکان دەوەستان، دەسەڵاتی دەوڵەتی گاڵتەی پێدەکرا و تاوانباران دەبوون بە پاڵەوان." شوێنی جێبەجێکردنی دەسەڵات ئەگەری هەبوو زۆر بەئاسانی بگۆڕێت بۆ شوێنی ڕوودانی پشێوی و ئاڵۆزی و تەنانەت ڕاپەڕینیش.

ئەم جۆرە بەرگرییە لە شێوەی "دوا قسەی بەر لە مەرگ death speeches" خۆی بەرجەستە دەکات. لەم جۆرە قسە کینەڤین و کونجوکۆڵانەدا، یان ئەوەتا تۆبەی تاوانبار بوو یان شکۆمەندیی تاوانەکە ڕەهەندێکی جۆشوخرۆشی وەردەگرێت. لە هەر کام لەم حاڵەتانەدا، فوکۆ لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە ستایشکردنی تاوانبارەکە نە دەربڕینێکی سادەی جەماوەری و نە 'وانەیەکی مۆراڵی بوو لەسەرەوە'، بەڵکو دەبێت وەک "جۆرە گۆڕەپانێکی ململانێ لەسەر تاوان، سزا و یادەوەرییەکەی تێی بگەین." ئاشکرایە ئەم جۆرە وتار و خوێندنەوە سەیروسەمەرانە بۆ "ستایشکردنی تاوانبارەکە" لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتییەوە تەحەمولدەکرا ئەگەرنا دەیانتوانی پێشی لێ بگرن. ئەو درووشم و وتارانەی لە کاتی بەخاکسپاردن و لەگۆڕناندا دەخوێنرایەوە، پانتاییەکی بۆ دەسەڵات و بەرگری دیاریدەکرد؛ هەم دادپەروەری و هەم پیشێلکردنەکەی لەم وتارانەدا ستایشی دەکرا و بە بەرز دەنرخێندرا. فوکۆ  لەسەر ئەو بڕوایەیە کە دەسەڵات وەکو یەکێک لە هەلومەرجە سەرەکییەکانی پیادە و جێبەجێکردنی خۆی پێویستی بە بەرگری هەیە. لە ڕێگری سەرهەڵدانی خاڵەکانی بەرگرییەوەیە کە دەسەڵات بە سەرانسەری پانتایی کۆمەڵایەتیدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام بێگومان بەرگری، دەسەڵاتیش دەشێوێنێت. بەرگری هەم یەکێکە لە فاکتەرەکانی کاروکردەوەی دەسەڵات و هەم یەکێکە لە فاکتەرەکانی پشێوی و بێ‌نەزمیی هەمیشەیی دەسەڵات. لەم ئاستەی گەشتەکەیدا، فوکۆ تەنیا هەندێک بابەتی فیکروروژێن دێنێتە بەرباس. هەرچەندە بێگومان بەڵگەخوازییەکانی قایلکەرن، بەڵام ئەو نمونە و شاهێدانەی بۆ پشتیوانی لە تیۆریی گشتی لەسەر دەسەڵاتەوە لە مێژوو وەریاندەگرێت بەس نییە. لەگەڵ ئەوەی فوکۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەوڵی‌نەداوە تیۆرییەکی لەو شێوەی درووستبکات، بەڵام ئەوانیتر زۆرکات پێیانوایە ئەو مەبەستی بووە تیۆرێکی لەو شێوەیە دابڕێژێت و ئەو زۆر بەئاشکرا گرنگیی بە دەسەڵات داوە وەک بابەتێکی گشتی.

 

 

ڕیفۆرمی هیومانیست

لە ماوەی سەدەی هەژدەهەمدا گرووپێکی ڕیفۆرمخوازی هیومانیست گوتارێکی نوێیان هێنایەئاراوە، کە تێیدا هێرشیان کردە سەر توندوتیژیی زیادەڕەوانە، نمایشکردنی دەسەڵاتی پاشا و شکۆدارکردنی تۆڵەی بەکۆمەڵ و ئاژاوە. کۆمەڵێک لە چاودێرەکان تێبینیی ئەوەیان کرد کە لەسێدارەدان کەمتر دەبێتەهۆی ترس و جۆشوخرۆش وەک لەوەی بڕیار بوو ببێتە هۆی ترساندنی خەڵک. ڕیفۆرمخوازەکان بەناوی مرۆڤایەتییەوە ئیدانەی "لێخۆشبوون لەڕێگەی ئەشکەنجەوە"یان کرد و وەک ئاکتێکی دڕندانە پێویستە لەناوبچێت و وەک زیادەڕەوییەکی ئاشکرا کە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و دابەشکردنی عەقڵانیتری دەسەڵات، پێویستە ڕابگیرێت. لەو ئیدانەکردنە و داواکاریانەی کە لە سەردەمی ڕوودانی شۆڕشی فەڕەنسی پێشکەشکراون لەلایەن نوسینگەی سەرۆک وەزیران کورت کرابوونەوە و نوسراوە: "با سزاکان یاسایی و دیاریکراو بن لەگەڵ تاوانەکانی کەسی تاوانبار، با سزای لەسێدارەدان تەنیا بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنرێت کە تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە و با ئەو ئەشکەنجانە هەڵبوەشێننەوە کە مرۆڤایەتی یاخیدەکەن." لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم گوتارەدا، ئێمە لێکدانەوە و شیکارێکی نوێ بۆ سزادان دەبینین.

 ڕیفۆرمخوازە هیومانیستەکان داوای هەڵوەشانەوەی شانۆی توندوتیژییان theater of atrocity دەکرد. لە ڕوانگەی ئەوانەوە جەوهەری ئەم جۆرە ڕێوڕەسمە توندوتیژی بوو – توندوتیژییەکی بێ‌سنوور-، کە هەم دەسەڵات و هەم خەڵک تێیدا بەشداربوون. بەپێی ئارگومێنتی ڕیفۆرمخوازەکان "لەم توندوتیژییەدا... ستەمکاری ڕووبەڕووی یاخیبوون دەبێتەوە؛ هەر کامێک لە [توندوتیژی و بەرگری] پێکەوە دێن و بانگی یەکتر دەکەن... لەبری ئەوەی قسە لەسەر تۆڵەسەندەوە بکرێت، پێویستە تاوانباران بەشێوەیەکی دادپەروەرانە سزا بدرێن." لەگەڵ ئەوەی زیادەڕەویی هەردوولا دەبێتە هۆی شکستی سیستەم کە بەشێوەیەکی کاریگەر کاربکات. دەسەڵاتی بەرچاو، بەڵام دەسەڵاتێکی شەخسی و ناڕێکی پاشا کە لە ڕێوڕەسمەکانیدا ئەوەی پیشاندەدا شکستیهێناوە لە ڕێگریکردن لە زیادبوونی تاوان. هەروەها توندوتیژییەکی زیادەڕەوانە و نایاساییش لەلایەن خەڵکەوە لەئارادایە؛ سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای ئاڵۆز، خەڵک ڕێگایەکیان بۆ خۆدزینەوە لەو یاسایانە دەدۆزییەوە. ئەمەش بەتایبەت کاتێک ڕاست بوو کاتێک تاوان پەیوەندیدار بوو بە خاوەندارێتی و بەتایبەتیش خاوەندارێتیی چینە بەرزەکەی کۆمەڵگەی هێرارشی. لە چاوی ڕیفۆرمخوازەکانەوە زیادەڕەوی و ناکامی لە هەموو ئاستەکانی سیستەمی کۆن دەبیندا. هەربۆیە ئەوان داوای شێوازێکی نوێی سزادان بوون کە ئاوێتەیەک بێت لە نەرمی و کاراییەکی زیاتر.

 ئارگومێنتی تیۆریی سەرەکیی ئەوان لەسەر بنەمای تیۆریی (پەیمانی کۆمەڵایەتی) دامەزرابوو کە بەپێی ئەم تیۆرە کۆمەڵگا لە تاکەکان درووست بووە کە پێکەوە و لەگەڵ یەکتر کۆبوونەتەوە و لەڕێگەی ڕێکخستنێکی کۆنترۆڵکراوەوە فۆرمی کۆمەڵگەیان درووستکردووە. بەپێی ئەم ئارگومێنتە، تاوان وەکو هێرشێک بۆ سەر جەستەی پاشا سەیرنەدەکرا بەڵکو تاوان بریتی بوو لە شکاندنی پەیمانێک کە کۆمەڵگە بەگشتی تێیدا دەبوو بە قوربانی [نەوەک تەنیا جەستەی پاشا]. کەواتە کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەبوو تاوانبار سزابدات، سزادان وەک ئەرکی کۆمەڵگا دەژمێردرا. ستانداردی جێبەجێکردنی دادپەروەری ئیتر نە دەسەڵاتی پاشا بوو نە ئەو حەقیقەتەی لە دانپێدانانەوە بەدەستدەهات، بەڵکو ئەو 'مرۆڤایەتییە' بوو کە هەموو پارتەکانی پەیمانی کۆمەڵایەتی تێیدا هاوبەش بوون. بەو پێیە پێویستە سزادان هەموار بکرێتەوە و کەمتر بکرێتەوە چونکە لە هەر کام لە کردەوەکانی کەسی تاوانباردا تەنیا ئەو بۆ خۆی بەشدار نییە، بەڵکو هەموو کۆمەڵگە هاوبەش و بەشدارە. لێرەوە سنووری سزادان -و مەبەست و ئامانجەکەی- بریتییە لە هیومانتی و مرۆڤایەتیی هەر سوبێکتێک.

کەواتە دەبێت فۆرمی نوێی سزادان هەم تاوانی ئەنجامدراو لەبەرامبەر تەواوی کۆمەڵگاوە سزابدرێت و هەم پێویستە تاوانبار بۆ شوێنێکی گونجاو و بەسودی  خۆی لە کۆمەڵگا بگەڕێنرێتەوە.  ئەم وەسفە نوێیە بۆ مرۆڤ پاڵپشتەکەی "تەکنەلۆژیایی گشتیی نمایش"ـی (ناسنامەی مرۆڤ) بوو. وەک پێشووتر باسمانکرد، نمایش لە سەردەمی کلاسیکدا میدیۆمێک بوو کە لەڕێگەیەوە هەموو شتێک دەناسرا. ئاکامەکەی ئەوە بوو هونەری دەستتێوەردان و نمایش دەیتوانی تەکنیکێک بۆ ڕاستکردنەوە و بەردەوامیی ژیانی کۆمەڵایەتی بهێنێتەئاراوە. ڕیفۆرمخوازەکان لەسەر ئەم بنەما تیۆرییە سەبارەت بە ڕوانگەی یاسایی هەندێک مۆڵەتیان خستەڕوو. لە سەرەتادا بۆ ئەوەی سزادان کاریگەر و چالاک بێت دەبوایە تا ئەو شوێنەی دەکرا سەرەڕۆیانە نەبێت. سزای ڕاست و ئایدیاڵ ئەو سزایەیە کە "دەربارەی ئەو تاوانەی سزای دەدات ڕوون و ئاشکرا بێت." ئەم جۆرە سزایە یەکسەر هەم ماهیەتی خودی تاوانەکە و هەم ئەو دەرمانەی بۆ چاککردنەوەی پیادەدەکرا، دەخاتەوە یادی بینەران. ئەم سزایە یەکسەر بۆ تاکی تاوانبار و کۆمەڵگا وەک فاکتەرێک بۆ قەرەبووی ئەو زیانانەی لە کۆمەڵگادراوە، وەردەگیرا. ئیدی سزادان سەرچاوەکەی ئیرادەی سەرەڕۆیانەی پاشا نییە، بەڵکو لەگەڵ سیستەمی ڕاستەقینەی کۆمەڵگادا هەماهەنگ دەبێت. لە یاساداڕشتنی نوێی یاسای سزادانی ساڵی ١٧٩١ نوسراوە: "دەبێت لەنێوان سرووشتی تاوان و سرووشتی سزاداندا گونجاوییەکی ورد بوونی هەبێت؛ ئەو کەسەی توندوتیژیی لە تاوانکارییەکەیدا بەکارهێناوە دەبێت توندوتیژیی جەستەیی بەرامبەر بەکاربهێنرێتەوە، ئەو کەسەی تەمبەڵە بووە دەبێت حوکمی کاری سەخت و زۆرەملێی بەسەر بسەپێنرێت و ئەو کەسەشی بەجۆرێک ئابڕووبەرانە کارێکی کردووە دەبێت سووکایەتیی پێبکرێت." هەرکاتێک لەنێوان تاوانە ئەنجامدراوەکە و ئەو شێوازەی بۆ چاکسازی بەکار هاتووە، پەیوەندییەکی دیار و ئاشکرا درووست بێت، سزادا دەبێتە شتێکی کاریگەر و مرۆڤانە.

بەپێی دووەم ئارگومێنتی ڕیفۆرمخوازەکان ئەم تەکنەلۆژیا تازەیەی نمایش دەبێت بەجۆرێکی کاریگەر کاربکات و ببێتەهۆی کەمکردنەوەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوان و وەک هۆیەکی ڕێگر لە کۆمەڵگادا سەرهەڵبدات. سەرەڕای ئەمە، ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێت لەسەر خودی تاوانبارەکە بەجۆرێک کاربکات تا دووبارە ئیمتیازات بە تاوانبار وەک بکەری کردەیەکی یاسایی ببەخشێتەوە و بهێنرێتەوە ناو کۆمەڵگا، لە جێبەجێکردنی سزای گونجاودا بەدوای ئامرازی بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەدا دەگەڕان بەجۆرێک کە لەگەڵ بنەما و پاڵنەری ڕوانگەی تاوان لە تاکی تاوانباردا ڕێکبکەوتایە. سزادان بە دوو شێوەی کاریگەر کاریدەکرد: یان هێرشی دەکردە سەر چاوگ و سەرچاوەی ناوەکیی تاوان و تاوانەکە و ئەنجامدانی تاوانەکەی لەڕووی ژماردنی چێژەوە و ئازارانەی لە تاوانەکەوە بەرهەمهاتبوون، بۆ تاوانبارەکە نەخوازراو و ناخۆش دەکرد یان بەشێوەیەکی ئامرازی هێزێکی درووستدەکرد کە ئەنجامدانی تاوانەکە دەبووەهۆی پێشێلکردنی مەبەستەکانی. بەم جۆرە کۆمەڵە نمایشێک سەرهەڵدەدا کە تێیاندا لە هزری تاوانبار کاری چاک بەسەر کاری خراپدا زاڵ دەبوو. بەکورتی: "ئەو سزایەی کە هەندێک نیشانەی نەگۆڕ و دیار درووستدەکات دەبێت سەرەڕای ئەمە، "ئابوری" سود و زیان و زانستی هێز و جووڵەی ئارەزوو و غەریزەکان دووبارە ڕێکبخاتەوە."

بەڵام بێگومان بۆئەوەی ئەم جۆرە سزادانە بەڕاست و درووستی پیادەبکرێت دەبوایە لەسەر بنەمای مەعریفەیەکی ورد دامەزرابا. ڕیفۆرمخوازەکانی سەدەی هەژدەهەم خەریکی ڕێکخستنی لیستێکی تەواو بوون بۆ زانیارییەکان کە تێیدا هەر تاوانێک لەگەڵ سزای گونجاو و خوازراوی خۆیدا جێگەی ورد و دەقیقی خۆی هەبێت. دەبوایە ڕێگاچارەکان لەنێو کۆمەڵە یاسایەکدا کۆبکرێنەوە و پێویست بوو جۆرە جیاوازەکانی تاوانکاری بەشێوەیەکی ورد و ڕێکوپێک پۆڵێن‌بکرێن. لەڕووی ئەم پۆڵێنکردنەوە دەرکەوت، ئەگەر یەک تاوان بەدەستی چەندین تاوانبارەوە ئەنجامدرابا کە سەر بە گرووپی کۆمەڵایەتیی جیاوازبوون یان بونیادی کەسایەتیی جیاوازیان هەبوو، کاریگەریی زۆر جیاوازی لەسەر خودی ئەوان دادەنا. هەر لەم ڕووەوەیە جەخت کردنێکی زۆر زیاتر لەسەر تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان لە پۆڵێنکردنی تاوانبارەکاندا وەکوو پێویستی خۆی دەنواند "بە تاککردنی 'تایبەتمەندیی تاوان' ئامانجی کۆتایی ئەو یاسایانە بوو کە زۆر بەوردی ڕێکخرابوون." لەهەمان کاتدا هەر ئەم بەتاککردنە بووە هۆی ئەوەی تاوانەکان وەکوو بابەتی بینینان لێ بێت. جێبەجێکردنی سزایەکی گونجاو و لەبار، پێویستیی بەبوونی بابەتێک هەبوو کۆ گۆڕانی بەسەردا نەدەهات و زۆر بەوردی ناسرابوو. لێرەدا شاهێدی یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی پیشکەوتنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو مەعریفانە دەبین کە دواتر مرۆڤیان وەک ئۆبێکت سەیردەکرد.

ڕیفۆرمخوازە هیومانیستەکانی فەڕەنسا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە مەعریفەی خۆیانیان لەبەرامبەر "ڕۆح"ـی مرۆڤەکان بەکارهێناوە. ئەوان جەستەیان پشتگوێ نەدەخست، بەڵام ئامانجی سەرەکییان کارکردێکی سەرکەوتووانە بوو لەسەر ڕۆح. سوودوەرگرتنی ڕاست و درووست لە نمایشەکان دەبوو ببێتەهۆی جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە چاوەڕوانکراوەکان. تیۆری نمایش وێڕای تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی و بیرۆکەی کارایی و قازانج "بوو بە جۆرێک نوسخەی گشتیی پیادەکردنی دەسەڵات بەسەر مرۆڤەکاندا؛ دەبێت زەین ڕووتەختێک بێت بۆ وێنە و نەخشاندن بەهۆی دەسەڵاتەوە, و "نیشانەناسی"يش میکانیزمەکەی بێت، پیادەکردنی دەسەڵات بەسەر جەستەکان لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ئایدیاکان ئەنجام بدرێت."

فۆرمی ئایدیاڵی سزادان بۆ ڕیفۆرمخوازە هیومانیستەکان نە ئەشکەنجەدانی تاوانبارەکان بوو لە شوێنە گشتییەکان و لەبەرچاوی خەڵک و نە زیندانی بوو، وەک لە قۆناغی دواتردا پەرەیسەند، بەڵکو بەئەنجامگەیاندنی خزمەتگوزاری و کاری گشتی بوو. دەبوایە تاوانبار بۆ درووستکردنی ڕێگاکان، کەناڵەکان و گۆڕەپانە گشتییەکانی فەڕەنسا بەکاربهێنرێت. دەبوایە تاوانباران بەرچاو بێت و وێڕای هەڵگرتنی نیشانەی تاوان و تاوانەکەى, بتوانێت هاتوچۆ بکات. دەبێت کۆمەڵگا سود لە کارکردنی تاوانبارەکە و لەو وانەعیبرەتەی کە فێری کرا، وەربگرێت. "بەمجۆرە تاوانبار دووجار حسابی لەگەڵدا دەکرێت، جارێکیان بەهۆی ئەو کارەوەی کە ئەنجامی دەدات و جارێکی دیکەش بەهۆی ئەو نیشانانەی کە بەرهەمیدەهێنێت. تاکی مەحکومکراو مەڵبەندی سوود و مانایە." لەڕوانگەی ڕیفۆرمخوازەکانەوە، سوودی ئەخلاقیی "ئەم جۆرە سزایە" باشترە لە سوودە مادییەکەی. سزادان، بوو بە جۆرێک لە وانەی مۆراڵی گشتی. کۆمەڵگا بەهۆی نمایشکردنی مەحکومەکان لەسەرانسەری وڵات، ئەم جۆرە سیستەمەی بۆ پیادەکردنی سزادانی بەهێز دەکرد. هەرچەندە یاسا بەشێوەیەکی باشتر کاری کردبا، ڕێگاچارەی گونجاوتر سەریهەڵدەدا و لەم نێوەدا هەموولایەک سودیان پێ دەگەیشت. هەرچەندە پەندێکی عیبرەتیی باشتر پیشکەش کرابا هەم بە قازانجی گومڕاکان بوو و هەم سوودی بە حاڵی تاوانباران دەبەخشی کە ڕەنگ بێت لە ئایندەدا سەر هەڵبدەن و هەموو کۆمەڵگاش لەنێوەدا سودی پێ دەگەیشت. "نابێت گشتییەتی سزا ترس و تۆقاندن درووستبکات، بەڵکو دەبێت کتێبێکی عیبرەت بۆ خوێندنەوە بکاتەوە." لەم ڕەوتەدا، بەرگریی جەماوەریی خەڵکیش کە پێشتر مەیلی بەرەو ستایشکردنی گوناهباران هەبوو، لەناودەچوو، چونکە ئەگەر تاکی تاوانبار بۆخۆی سەرچاوەیەکی پەروەردە و ڕێنمایی و وانەی ئەخلاقی بوو بۆ هەموان, و هەموو ئەمانە لە شوێنە گشتییەکاندا نامیش دەکران، لەم هەلومەرجەدا گوتاری گشتی لەبەرامبەر کاروکردەوەکانی تاوانباردا ئەو پەند و عیبرەتانەی بڕیار بوو فێری خەڵک بکرێن، لەڕووی تیۆرییەوە قبوڵی دەکرد. "سەرئەنجام شاعیرە جەماوەرییەکان دەچنە پاڵ ئەو کەسانە کە خۆیان بە (مژدەبەخشی عەقڵی ئەزەلی) لەقەڵەمدەدەن، ئەوانیش دەبن بە ئەخلاقگەرا." بە دەستپێوەگرتنێکی پێویست، وانەی ئەخلاقی فێری هەموو لایەک دەکرا. ئامانجی سزادان لە یەک کاتدا چاکسازیی ڕۆحی و بەئەخلاقیکردنی کۆمەڵگا دەبێت. ئەگەر بێت و نیشانە ڕاست و درووستەکان بۆ پێکهێنانی خوو و عاداتی ڕاست لەنێو خەڵک بە لێهاتووییەکی باشەوە کەڵکیان لێ وەربگیرێت، هەموو کۆمەڵگا دەبێتە نمایشخانەی سزا، چونکە "بونیادە قورس و قایمەکانی پایەدارترین ئیمپراتۆرەکان لەسەر تانوپۆیی نەرمیی مێشکی مرۆڤ دامەزراوە." لەکاتێکدا سزادان لە شێوەی دووەمیدا بڵاوکردنەوەی لانی زۆر نیشانەکانە بە جۆرێک کە تا ئەو شوێنەی لە توانایدایە بەردەوام و فراوان بێت. لە شێوەی یەکەمدا دەسەڵاتی پاشا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر جەستەی تاوانبارەکە هەڵدەکۆڵرا، بەڵام لە شێوەی دووەمدا تەکنیکێک بۆ کەڵکوەرگرتنی ڕاست و درووست لە نیشانە و نمایشەکان لەسەر زەین پیادەدەکرا.  مەعریفە و ناسین لەبەرامبەر تاوانەکە لەڕێگەی ئەشکەنجەوە، لەسەرەتادا بەشێوەیەکی تەواو نهێنی لەلایەن کاربەدەستە دەوڵەتییەکانەوە بەدەستدەهات، پاشان لەڕێگەی دانپێدانانی تاوانبارەکەوە بۆ سەرجەم خەڵک بڵاودەکرایەوە. ڕیفۆرمخوازە هیومانیستە فەڕەنسییەکان بەمەبەستی پێکهێنانی کۆمەڵە یاسایەک کە لەژێرییەوە هەموو جۆرەکانی تاوانبار و سزا بەشێوەیەکی عەینی(ئۆبێکتیڤ)، کامڵ و گشتی بناسرێن و دەستنیشانبکرێن، زانیارییەکی تایبت بە بەردراوانیان کۆدەکردەوە. گوناهبار لە دانپێدانانەکەی خۆی و لەکاتی ئەشکەنجەدا تاوانەکەی ڕادەگەیاند؛ ئەو وەک سوبێکتێکی یاسایی لەڕێگەی ئەو نیشانە و ئاماژانەی کە بەر حوکمی کۆمەڵگا و بەزۆری بەسەرانسەری وڵاتدا بڵاوی دەکردنەوە، وانەی ئەخلاقیی پیشکەشدەکرد.

 لە یەکەم شێوەی بەرگری دا، بەرگری وەک یاخیبوون و هەستانێکی کۆمەڵایەتی و ستایشکردنی دەسەڵاتی شانۆی دڕندانە دەردەکەوت، لە دووەم شێوەدا کەلەڕەقیی ڕەتکردنەوەی تاوان لەپێناو ئەوەی ڕۆڵێکی عاتفی و سۆزەکى بۆ ئەم شانۆی ئەخلاقە دەستەبەربکات. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بەرگری بۆ ڕیفۆرمخوازە هیومانیستەکان هەرگیز شانسی گەشەکردنی نەبوو، چونکە هیچ کات پلانە درێژخایەنەکەیان بەتەواوی جێبەجێنەکرا. سەرەڕای ئەوەی سەردەمی شۆڕش و کاریگەرییەکانی دواتری و هەروەها سەرهەڵدانی ناپلیۆن پۆناپارت لە ماوەیەکی کورتی مێژوویدا بوونە درووستکەری ئەوەی هەرگیز ئەو پلان و بەرنامانەی ڕیفۆرمخوازەکان، لە چەند ئاستێکی کورتدا نەبێت، جێبەجێنەکرێن. هاوکات هەندێک توخم و خەسڵەتی پێشنیار و گەڵاڵەی ڕیفۆرمخوازە هیومانیستەکان چووە ناو شکڵی سێیەمی سزادانەوە، واتە "تەکنەلۆژیای دیسپلینی".

 

 

 

بەنۆرماڵکردن(ئاساییکردنەوە)ـی گلدانەوە

دەرکەوتەی کتوپڕی بەندیخانە وەک پارادایمێکی فۆرمی سزادان، بەتەواوی لە چاخی کلاسیکدا بێ‌باگراوەند و لەخۆوە نەبوو. لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەمدا، هەندێک لە کار-ناوەندە چاکسازییەکانی هۆڵەندا سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و تاکێتیی دووبارە بنیاتنانەوەی مرۆڤیان درووستکرد، کە لەسەر بنەمای کاری ئابووری درووست ببوو. بەناوبانگترین دامودەزگاکانی چاکسازیی لەم شێوازە بریتی بوو لە کۆشکی دی فۆرس لە گهێنت[2]. لەم بەندیخانەیەدا تاوانباران و دەربەدەرەکان کۆدەکرانەوە و کاریان پێدەکرا. ئەم سیستەمە بووە هۆی کەمکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە تاوانکاری لەناو خەڵکی هۆڵەندا، بەڵام فەرمانی سیاسی-کۆمەڵایەتی لەگەڵ فەرمان و ناچاریی ئابوری تێکەڵ کرابوو. زیندانەکان گران بوون و پارەیەکی زۆری تێدەچوو؛ بۆیە دەبوو کار بە زیندانییەکان بکەن بۆ ئەوەی پارەی ئەو چاکسازییەی تێیاندا سەرف دەکرا، خۆیان پارەکەی بدەن. ئەم پرۆسەیەش نەک بەتەنیا لە ماوەیەکی کورتدا لە ڕووی ئابوورییەوە بووە هۆی ئامادەیی بەرهەمهێنان و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگا، بەڵکو ئەم زیندانانە بوونە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێک لە کرێکاری نوێش. گەنجە لە یاسالادەرەکان فێری خۆشیی کار کارکردن کران. هەروەها ئەوان لەبەرامبەر ئەو کارەی لە زیندان ئەنجامیان دەدا پارەیان وەردەگرت، چونکە لە کۆمەڵگەی پڕۆتیستانیدا دەبێت لەبەرامبەر هەموو کارێکدا کرێکار پاداشت بدرێتەوە. لەم سیستەمە نموونەییەی ڕیفۆرم، ئابوری، ئەخلاقی، تاکێتی و کۆمەڵایەتییدا دەکرا هەموو ئەوانە پێکەوە و لەناو یەک [سیستەمدا] بەخۆشی و بەختەوەرییەوە تێکەڵ ببن. بەڵام لەو کاتەدا ئەم مۆدێلە لە هەلومەرجێکی سنوورداردا جێبەجێدەکرا، لەبەرئەوەی گومانی ڕیفۆرمیستە هیومانیستە فەڕەنسییەکان لەبارەی گلدانەوە و دەستبەسەرکردن هێشتا هەر لە سوودی ئەم مۆدیلە باکورییە، واتا مۆدێلە هۆڵەندییە بوو.

ڕیفۆرمیستە ئینگلیزەکان دەستکارییان لە مۆدێلی کارکردنی هۆڵەندییەکەیان کرد؛ کە ماندووبوون و هەوڵدانەکانیان گەیشتە درووستکردنی پرەنسیپەکانی زیندان و هەموو ئەمانەش لە بەندینخانەی بلاک-ستۆن و هاوارد گەیشتە لووتکە لە ساڵی ١٧٧٩. ئینگلیزەکان زیندانی تاکەکەسیشیان بۆ مۆدێلە هۆڵەندییەکە زیادکرد. تاک 'لە قووڵایی ویژدانیدا، دەنگی چاکە' دەدۆزێتەوە؛ کارکردن نەک بەتەنیا دەبێتە هۆی کارامەیی لە کارێکدا، بەڵکو دەبێتە ڕاهێنان لە گۆڕانی ڕوحیدا؛ شێوازی ئەم کارکردنە نەوەک هەر کۆمەڵیک ئارەزووی خاوەندارێتیی تاکی مرۆڤ وەک هۆمۆ ئۆیکۆنۆمیکۆس (مرۆڤی ئابووری) ڕێکدەخاتەوە، بەڵکو پێویستیی بابەتە ئەخلاقی و مۆڕاڵییەکانیش ڕێکدەخات. ئامانجی سەرەکیی پیادەکردنی ئەم تەکنیکانە لەم جۆرە چاکسازییانەدا بە پلەی یەکەم "سوبێکتیڤانە" نەبوو، بەڵکو ئامانج لەم جۆرە چاکسازییانە ئەوەبوو کە بەندکراو بچێتە دۆخێکەوە کە بۆخۆی بتوانێت ڕیفۆرمی هەڵسوکەوتی خۆی بکات.

لە مۆدێلی زیندانی واڵنەت ستریت لە فلادیلفیا لە ساڵی ١٧٩٠، کواکێرەکان[3] وانە گرنگەکانی سیستەمی بەڕیتانی و هۆڵەندیانی تێکەڵکرد و لەناو یەک دەزگادا جێبەجێیان کرد. ناچاریی ئابوور لەم سیستەمەدا ئامادەگیی هەبوو؛ زیندانەکە لە ڕێگەی ئەو کارانەی کە زیندانییەکان ئەنجامیان دەدا بەڕێوە دەچوو و پێداویستییەکانی دابین دەکرا. هەموو تاکێکی زیندانی زۆر بەوردی دەکەوێتە ژێر سەرپەرشتی و چاودێرییەوە، خشتەی کات و ڕۆژی زیندانی بە گونجاوترین و ڕێکخراوترین شێوە ڕێکدەخرا و دابەش دەکرا و ئەم دابەشکارییەش لەپێناو سوودی خودی زیندانەکەدا بوو. جگە لەوەش ناچاریی ئەخلاقیش لەئارادا بوو؛ هەموو زیندانییەک لە ڕووی ڕوحییەوە ڕێنمایی دەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا کواکێرەکان هەندێک ڕەهەندی نوێی و ئایدیا خۆیانیان خستە سەر سیستەمەکە. ئیتر سزادانی تاوانبار بەشێوەیەکی نهێنی، لەپشت دیوارەکانەوە جێبەجێ دەکرا. خەڵک مافی سزادانی تاوانەکانیان دەسپاردە دەست کاربەدەستەکان. ئەم کاربەدەستانە جگە لەوەی بۆیان هەبوو لە کاتی تەمبێکردن و چاککردن و گۆڕینی تاکی لە یاسالادەر، بوونەوەرێکی گوێقوڵاغ درووست بکەن، هەروەها مافی ئەوەشیان هەبوو لە کاتی پەروەردەکردن و چاکسازیدا دەست وەربدەنە ژیانی تایبەتی زیندانییەکانیش. مەعریفە، زانیاری وردی کەشفکردن، بەڵگە و پۆلێنکردن کلیلی ئەم گۆڕانکارییانە بوون. زانیاری ورد وەک هەلومەرجی تاوان، هەڵکسوکەوتی تاونبار، پرۆسەی چاکبوونەوەی لە کاتی گلدانەوەدا و زیادبوونی مەعریفەی تاوانکاریی و و تاوان بەشێویەکی گشتی، هەموو ئەمانە پێکەوە لەناو ڕیفۆرمێکی ئەخلاقیی ئابووری کۆدەکرێنەوە، کە خەسڵەتەکەی بریتییە لە شێوە و فیگەرێکی نوێی سزادان.

 سەرهەڵدان و بەپەلە قبووڵکردنی گلدانەوەی زیندانییەکان لەپێناو ڕێگەگرتن لە تاوان وەک فۆرمێکی سەرەکیی سزادانی تاوانبار شتێکی ئاشکرایە، نەک لەبەرئەوەی کارکردنی ئەم جۆرە بەندینخانانە هەندێک لە بنەماکانی لەلایەن ڕیفۆریستەکانی ڕۆشنگەری داڕێژرابوو، بەڵکو لەبەرئەوەی زۆرێک لە سیستەمەکانی دیکەی پێچەوانە کردبووەوە و تێیپەڕاندبوو. دەتوانین جیاوازییەکان بەم جۆرە کورت و پوخت بکەینەوە: چیتر ئامانجی سزادان بریتی نەبوو لە نمایشکردن لە شوێنە گشتییە دیارەکان و وانەیەکی ئەخلاقی، بەڵکو مەبەست ئەوە بوو کە لە ڕێگەی پراکتیزەکردنی تەکنیکەکە ئیدارییەکانی مەعریفە و دەسەڵات، لە جەستە و ڕوحی تاوانباردا گۆڕانکاری هەڵسوکەوتی درووست بکرێت. سزادانیش ئەو کاتە سەرکەوتوو بوو کە (جەستە ملکچەکان docile bodies)ـی بەرهەم هێنابێت. لێرەشدا سزادان بەسەر جەستەی مرۆڤەوە جێبەجێ دەکرا، بەڵام چیتر وەک لە قۆناغەکانی پێشوودا دەبیندرا ئامانجەکەی بریتی نەبوو لە وێرانکردن، پارچەپارچەکردنی جەستە، بەڵکو پێویست بوو جەستەی مرۆڤ فێربکرێت و پڕۆڤەی پێبکرێت و بەڕێوە ببردرێت. بەرهەمهێنانی دەزگایەکی نوێی جڵەوکردن پێویستی بوو بۆ ئەوەی ئەم پڕۆگرامی دیسپلینە جێبەجێبکرێت. ئەم جۆرە دەزگایە دەبوایە دەزگایەکی چاودێریی چالاک و هەمەکی بێت. لە کاتێکدا سرووتی ئەشکەنجە و ددانپێدانان و تەمبێکردنی ریفۆرمیستەکان لە دەرەوە و لە شوێنە گشتییەکاندا ئەنجام دەدران، ئەم جۆرە تازەیەی تەکنیکی سزادان پێویستیی بە نهێنی بوو. هەروەها ئەم پێویستی بەزیادکردنی سەربەخۆیی کارکردن و وازهێنان لە کاریگەرییەکانی دەستخستنە ناو کاروباری خەڵکەوە هەبوو. "گریمانەی وردی بەرپرسیارێتی بۆ جەستە و بۆ کاتی دەستبەسەری؛ ڕێکخستنێک بۆ هەڵسوکەوت و جموجۆڵی زیندانیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئۆتۆریتە و مەعریفەوە."

 

 

تەکنەلۆژیای دیسپلینی

پێویستە پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە بەندییەکان تەنیا یەک نموونەن لەنێوان دەیان نموونەی دیکەی ئەم شێوە تەکنۆلۆژیی دیسپلینی، چاودێری و سزادانە. یەکێک لە ئامانجە ناوەندی و سەنتڕاڵەکانی فوکۆ ئەوەیە کە خودی بەندییەکان، هەروەها ئەو دەزگایانەی باسی فۆرمی نموونەیی سزادان دەکەن، تەنیا خوازرشتێکی ڕوونی پراکتیزەی گشتگیرن بەسەر تاک و جەماوەردا. بە درێژایی سەدەی هەژدەهەم و بە تۆڵەسەندنەوەیەکیش لە سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەم تاکتیکانە فراوان بوون بەسەر سێکتەرەکانی تری جەماوەر، شوێنەکانی دیکەی ڕیفۆرم، بەڕێوبەرایەتییەکانی کۆنترۆڵ. دەزگای نەخۆشخانە یاخود قوتابخانە ئامانجی ڕاستەقینەی فوکۆ نین، هەروەک چۆن زیندانیش بەهەمان شێوەیە. بەڵکو فوکۆ گرنگیی بە خودی ڕێکارە دیسپلینییەکان دەدا. ئێستا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ تایبەتمەندی و خەسڵەتی گشتیی پراکتیزەکان و پەراوێزخستن.

دیسپلین تەکنیکە، نەک دەزگا. کارکردنەکەی بەشێوەیەکە کە دەشێت بە فراوانی و گشتی لە زۆرێک لە دەزگاکانی تری وەک (خانەکانی گلدانەوە، سووپاکان) ببینرێت یاخود لە هەندێک دەزگای دیاریکراوی وەک (قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان) بەکاربهێندرێت؛ دەشێت ئەم دیسپلینانە پێشووتر لەلایەن دەسەڵاتەکانی دیکەوە بوونی هەبووبێت (وەک کۆنترۆڵی نەخۆشی) یاخود لای هەندێک ئاپاراتوسی دادوەریی دەوڵەت (پۆلیس) جێبەجێ بکرێت. بەڵام ناکرێت هەر یەکێک لەو نموونە تایبەتیانە کورت بکەینەوە یاخود هاوشوناسی بکەین لەگەڵ دیسپلیندا. دیسپلین بەسادەیی نابێتە شوێنگرەوەی فۆرمەکانی تری دەسەڵات کە لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە. بەڵکو "نیشتەجێدەبێت" یاخود داگیریان دەکات، پێکەوەیان دەبەستێتەوە، فراوانیان دەکات و "لەسەروو هەمووشییەوە وا دەکات کاریگەریی دەسەڵات لە هەر خوولەک و مەودایەکدا کارتێکەر بێت."

ئەمەش چۆن کار دەکات؟ بەبڕوای فوکۆ دیسپلین لە سەرەتادا و یەکەم شت لەسەر جەستە کار دەکات، لانیکەم لە قۆناغەکانی سەرەتای گەشەکردنیدا. بێگومان سەپاندنی فۆرمی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر جەستە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا دەدۆزرێتەوە. ئەوەی لە کۆمەڵگا دیسپلینییەکان جیادەکاتەوە بریتییە لەو فۆرمەی کە کۆنترۆڵ دەگرێتە دەست. وەک ئۆبێکتێکی شیکاری و جیاواز لە بەشەکانی دیکەی لە جەستە نزیک دەبنەوە. ئامانجی تەکنەلۆژیی دیسپلینی درووستکردنی "[جەستەیەکی] ملکەچە کە بەکۆیلە بکرێت، بەکاربهێندرێت، بگۆڕدرێت و گەشەی پێبدرێت."

 ئەمەش چۆن کار دەکات؟ یەکەمجار جەستە بەسەر یەکەکاندا دابەش دەکرێت، بۆ نموونە: قاچ و قۆڵ. ئەمانە بەجیاواز وەردەگیرێن و دەخرێنە ژێر پڕۆڤەی وردەوە. ئامانجەکە بریتییە لەوەی هەم بەشەکان جەستە و هەم تەواوی جەستە کۆنترۆڵ و پەروەردە بکرێت. دەکرێت بیر لە مەشقە سەربازییەکانی سوپای پاشایەتی بکەینەوە کە هەموو هەوڵەکانی بۆ نمایشە. پێوەر خاڵێکی خەوهەرییە؛ گەورەترین، وردترین، بەرهەمدار و سیستەمی کۆنترۆڵکردنی بوونی مرۆڤ درووست دەکرێت لەسەر بنەمای بچووکترین و وردترین بنچینە. درووستکردنی (دەسەڵاتێکی بچووک micropower) بەوە دەست پێدەکات کە جەستە وەک ئۆبێکتێک مۆنۆپۆل بکات، ئەمەش کلیلی دەسەڵاتی دیسپلینییە.

دووەم، ڕەهەندی دیار بریتییە لە فەرامۆشی، بچووککردنەوە و بێدەنگکردن. لە ماوەی چاخی کلاسیکدا، لە کاتێکدا زۆرێک لە خانەکانی گلدانەوە بۆ ئەوە تەرخانکران کە نمایشی مۆنۆپۆلکردن ڕاستبکەنەوە، لە کاتێکدا ددانپێدانان لە شوێنی گشتی  هێشتا وەک سرووتی دەسەڵاتی پاشایەتی بوو، بەڵام دەزگا دیسپلینییەکان - بەدیاریکراوی سووپا و قوتابخانەکان – وردە وردە بەرەو هەندێک تەکنیک و تاکتیک گەشەی دەکرد بۆ ئەوەی وەک ئۆبێکت مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ بکات، نەک وەک سوبێکتێک کە پێویستە گوێی لێ بگیرێت و بخوێندرێتەوە. چیتر جەستە وا دیار نەبوو کە وەک هەڵگری مانا دەربکەوێت و گرنگ بێت. بۆ نموونە، بوێریی سەرباز کە فوکۆ پێی دەگوت "ڕیتۆریکێکی شەرەفی جەستەییانە"، ڕەتکرایەوە؛  و لەبری ئەوە فۆکس خرایە سەر ڕێکخراوی ڕەسمی و ڕەتکردنەوەی بەشە پێکهێنەرەکانی جەستە، ئۆتۆنۆمیی دەست، قاچ یاخود چاو بوون بە بنەما. هەروەها فوکۆ نموونەیەک لەسەر مەشقە سەربازییەکان دەهێنێتەوە. هەرچەندە فوکۆ شوێن پێی یەکەمین شێوازی ئەم جۆرە ڕاهێنانە لە لەشکری ڕۆمانیدا دەدۆزێتەوە، بەڵام ئەم چەشنە ڕاهێنانە لە سەدەی هەژدەهەمدا گشتیەتێکی زۆریان بەخۆوە بینی. نەشقی جەستەیی بەرەو یەکێک لە بەشە جیانەبووەکانی کاروکردەوەی دەسەڵات گۆڕانی بەسەرداهات، چونکە بەزۆری جەختی لەسەر کۆنترۆڵکردنی دەروونی جوڵەی جەستەی سەربازەکان دەکرد. ئەو ڕێسایەی کە جێبەجێ دەکرا دەتوانین بەم شێوەیە بیخوێنینەوە: یەکەی بچووک وەرگرن، هەموو ڕەهەندێکی مەدلولیی لێبکەنەوە، هەموو پەیوەندییەکانی نێوان یەکەکان فۆرماڵ بکەنەوە و بەسەر پێوەرێکی گەورەدا جێبەجێی بکەن.

سێیەم، (دەسەڵاتی بچووک) بەرەو بەکارهێنانی جۆراوجۆری کات ئیش دەکات. ئەگەر دەسەڵاتی دیسپلینی، یاخود "پەروەردە"، بریتیبێت لە کارکردن بەشێوەیەکی کارا و کاریگەر ئەوا پێویستە کار لەسەر جەستە بکات و تا ئەو جێیەی دەشێت بە بەردەوامی بۆ جەستەیەکی ملکەچ کورتی بکاتەوە. نابێت کۆنترۆڵ و چاودێری بەجۆرێکی پچڕپچڕ یان تەنانەت بەنۆبە پیادە بکرێن. یەکدەستسازی کردەوە و کارایی و دیاریکردنی واتاکانی چالاکی، پێویستی بە پیادەکردنی کۆنترۆڵیکی ڕیکوپێک و بەردەوام هەیە. سەرەڕای ئەمە ئامانجە وەبەرچاوگیراوەکە و تەکنیکە پێویستەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە لەگەڵ یەکتر ئاوێتە بوون. بۆ گەیشتن بە خەونی ملکەچی و گوێڕایەڵیی تەواو و سەرانسەری و (و کاردانەوەی فراوانبوونی دەسەڵات) دەبوایە هەموو ڕەهەندێکی فەزا، زەمەن و جووڵە ڕێسایی بکرێن و بێ ڕاوەستان سوودیان لێوەربگیرێت. کەواتە لە سەرانسەر چەرخی کلاسیکدا تەکنیکە دیسپلینییەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر، دەستپێوەگرانەتر، بەش بەشکەرتر، هونەریتر، دیارتر و قازانجخوازانەتر دەبوون. "ساتی مێژوویی دیسپلینەکان کاتێک دەستیپێکرد کە هونەر جەستەی مرۆڤ سەریهەڵدا، ئەو هونەرەی کە تەنیا مەیلی بەرەو گەشەی شارەزاییەکانی یان تۆکمەکردنی کۆت و ملکەچییەکەی نەبوو، بەڵکو چاودێریی درووستبوونی پەیوەندییەک بوو کە جەستەی مرۆڤ، چەندە پڕ سوودتر دەبێت، ملکەچتری دەکات بەپێچەوانەوە... جەستەی مرۆڤ دەچێتە ناو مەکینەیەکی دەسەڵاتەوە کە جەستە دەپشکنێت، دەیشکێنێت و دووبارە ڕێکی دەخاتەوە... دیسپلین... جەستەی ملکەچ بەرهەمدەهێنێت... هەروەها قەڵەمڕەوی زیاتری دیسپلین بەرهەمدەهێنێت."

کۆنترۆڵکردنی بۆشایی یەکێکە لە خاڵە جەوهەری و گرنگەکانی پێکهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە. دیسپلین بەهۆی ڕێکخستنی تاکەکانەوە لەنێو بۆشاییدا، بۆیە بەشێوەیەکی ورد و تایبەت پێویستی بە کورتکردنەوەی بۆشایی هەیە. لە نەخۆشخانە، لە قوتابخانە و لە بواری سەربازیدا، ئێمە پشتگیریکردنی ڕێکخستنێکی تۆڕ بەدی دەکەین. کاتێک کە ئەم تۆڕە دامەزرا، دابەشکردنی دڵنیایی ئەو تاکانەی کە دەبێت بکەونە ژێر دیسپلین و سەرپەرەشتییەوە؛ بەڕەڵا و بێ ماڵوجێیەکان جێگیر دەکرێن و تاکی ملکەچ دێتەئاراوە.

 لە تەکنەلۆژیای دیسپلینی، ڕێکخستنێکی ناوەکیی بۆشایی پشت بە پرەنسیپی خەسڵەتی دابەشکردن دەبەستێت بەسەر یەکەی ڕێکخراودا. ئەم بۆشاییە space لەسەر بنەمای ئامادەگی و نائامادەگی درووست بووە. لەم جۆرە سیستەمەدا، هەر دەرەچەیەک لە تۆڕی جێگای مەبەستدا بەهای خۆی هەیە. ئەم دەرەچانە slot پیادەکردنی تەکنیکە دیسپلینییەکان بەسەر جەستە جێبەجێ دەکەن. کاتێک کە تۆڕی کۆنترۆڵ دادەمەزرێت، ئەو پرەنسیپەی باسمانکرد بەم جۆرە حکوم دەکات: "هەر تاکێک شوێنێکی هەیە و هەر شوێنێکیش تاکێکی خۆی هەیە." لە ڕێگەی پیادەکردنی بەڕێوبەرایەتیی پڕ لە وردەکارییەوە، تاکەکان، هەندێک شوێن دەدۆزنەوە، گۆڕانیان بەسەردا دەهێندرێت و دەکەونە ژێر چاودێرییەوە. بەمەبەستی دابینکردنی لێهاتووترین و بەهرەترین جۆری ڕەفتار، پێویستە لەپێشدا ماهیەتی ئەو ڕەگەزانە پێناسە دەکەن و لە فەزادا ڕێکخراوەکەدا دابنرێن و ڕۆڵەکان لە بونیادی ئەو فەزایەی کە تاکەکان تێیدا کار دەکەن، لەنێوان تاکەکاندا دابەشبکرێن. لەبەرئەنجامدا، دەبێت هەموو بۆشایی ناو پانتایی ڕێکبخرێت؛ نابێت هیچ بەفیڕۆدان، چاڵ، پەراوێز بوونی هەبێت؛ نابێت هیچ شتێک سەربەست بێت. "لە دیسپلیندا، توخمەکان بریتین لەو شتانەی دەشێت ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت، چونکە هەر ڕەگەزێک بەپێی ئەو بۆشاییەی کە لەنێو زنجیرەیەکدا داگیریدەکات و بەپێی ئەو چاڵەی لە هەموو ڕەگەزەکانی تری جیادەکاتەوە، پێناسە دەکرێت." کەواتە سەرکەوتنی بۆشایی دیسپلینیانە دەگەڕێتەوە بۆ سەر "پێکهاتەی" ڕێکخراو.

 پێویستە ئەوە بڵێین کە ئەم وەسفەی ڕێکخستنی بۆشایی تا ڕادەیەکی زۆر بە پێناسەی ڕەگەز، گۆڕینی شێواز و کۆمەڵەکان دەچێت کە بیرمەندە بونیادگەرییە فەڕەنسییەکان وەک پڕەنسیپی گشتیی تیۆری خۆیان بەکاریان دەهێنا. فوکۆ کتێبی "سیستەمی شتەکان The order of things"ـی وەکوو ئارکیۆلۆژیای بونیادگەری نووسی. لەبەرامبەر ئەمەدا کتێبی "دیسپلین و سزا" بەشێوەیەکی گشتی جینالۆجیای گوتاری بونیادگەری و ئەو کردارانەیە کە پەیوەندییان بەوەوە هەیە.

 فوکۆ دوو نموونە بۆ ئەم ڕێکخستنی فەزای (بونیادگەرییە) دەهێنێتەوە: نەخۆشخانەی سەربازی و کارگە. نەخۆشخانەی سەربازیی ڕۆشفۆرت وەک یەکێک لە سەرەتاییترین ئەزموونەکانی بۆشایی دیسپلینی خزمەتی دەکرد. بەندەرە سەربازییەکان شوێنێکی زۆر گونجاو بوون بۆ ئەزموونە دیسپلینییەکان، لەبەرئەوەی ئەوان خزمەتی مەترسیدارترین تایپەکانی تێکەڵکردنی جەستەکانیان دەکرد. لێرە، دەریاوانەکان، بیاباننشینەکان و بەڕەڵاکانی سەرتاسەری جیهان لەگەڵ نەخۆشی و درمەکان کۆدەبوونەوە. ئەرکی نەخۆشخانە چاودێریکردنی ئەم جۆرە تێکەڵاوبوون و ئاوێتەبوونە مەترسیدارانە بوو. لەم شوێنانەدا، جیاسازی وردی فەزا لە یەک کاتدا چەندین ئامانج و مەبەستی بەدی دەهێنا. نەخۆشخانە ئێپیدیمییەکان دەخرا کەرەنتینەوە؛ سەربازە ڕاکردووەکان دەگیرانەوە؛ شمەکەکان دەخرانە ژێر چاودێرییەوە. نەخۆشخانە لە سەرەتادا کەسەر بنەمای کۆنترۆڵ لە ڕێگەی دەرمانەوە کاری دەکرد. دواتر لەگەڵ فراوانبوونی تۆڕی کۆنترۆڵ نەخۆشخانەکان دەناسران و دەکەوتنە ژێر چاودێرییەوە. پۆڵێنکردنەکەیان لەسەر بنەمای تەمەن، نەخۆشی ئەنجام دەدرا "هێدی هێدی فەزای دەرمانی لێکبەستراو ئەفزەڵیەتی بەسەردا وەرگرت و جەستەکان، نەخۆشییەکان، نیشانەی نەخۆشی، فەردیەتی بە ژیان و مەرگ بەخشی... لە هەناوی دیسپلیندا، فەزایەک لەدایکبوو کە لە ڕووی پزیشکییەوە بەسوود بوو."

لە کۆتایی سەردەمی کلاسیکدا ڕێکخستنی بۆشایی و کارکردن لەناو کارگەکاندا ئاڵۆزتر بوون. پرسیارەکە تەنیا کۆنترۆڵکردنی و دانیشتوان بەڵکو پێکەوەبەستنی ئەم کۆنترۆڵکردنە بە بەرهەمهێنانەوە. فوکۆ نموونەی کارگەی ئۆبێرکامپف دەهێنێتەوە لە شاری ژۆی. کارگەکە بەسەر زنجیرەیەک کارگەی پسپۆڕ دابەشکرابوو کە بەهۆی شێوازی کارکردنیانەوە لەیەکتر جیادەکرانەوە (بۆ نموونە نیگارکێشەکان، دروومانەکان، ئەوانەی کاری ڕەنگیان دەکرد، ئەوانەی کاری هەڵکۆڵینیان دەکرد، بۆیەچییەکان.) گەورەترین بینا لە ساڵی ١٧٩١ درووستکرا، بینایەکە ١١٠ مەتر درێژ بوو و سێ نهۆمیش بەرز بوو. لە نهۆمی خوارەوەدا ١٣٢ مێز لە دەوەری یەک ئامادەکرابوو. هەر نیگارکێشێک لەگەڵ هاوکارەکەی لەسەر مێزێک کاریان دەکرد، کەواتە بەکۆی گشتی ٢٦٤ کرێکار لەم بینایەدا کاریان دەکرد. بەرهەمی تەواوبووی کارەکە بە وریاییەوە لە کۆتایی هەر مێزێکدا دادەنرا. سەرپەرشتەیارەکە دەیتوانی بەئاسانی لە نێوان دوو ڕیزی مێزەکان هاتوچۆ بکات و چاودێریی کاروبارەکان بکات. کارەکە بەشێوەیەکی گشتی زۆر بەوریایی و بەوردی چاودێری دەکرا و دەتوانرا بەئاسانی بەرهەمی کاری هەر مێزێک بەراورد بە مێزەکانی دیکە بکرێت. زیاتر لە سەد ساڵ پێش تایلۆریزم[4]، خەسڵەتە سەرەکییەکان پێناسەدەکران، هەر کام لە هێزە جۆراوجۆرەکانی کار - هێز، خێرایی، کارامەیی - دۆزرانەوە و بەراورد کران و بەهایەکی تایبەتییان وەرگرت. "ئیدی بەم جۆرە هێزی ئەنجامدانی کار بەگشتی بە زنجیرەیەکی تاکی جەستەکاندا بڵاوکرایەوە، لەوانەیە هێزی کار لە یەکەی تاکایەتیدا شیکاربکرێت. لە کاتی سەرهەڵدانی پیشەسازیی گەورە، دەشێت لەژێر پرۆسەی دابەشکردنی بەرهەمهێناندا، بەش بەشکردنی بەتاکگەراییکردن لە هێزی کار بدۆزینەوە؛ دابەشکردنی بۆشایی دیسپلینی زۆربەی کات دڵنیایی بە هەردووکیان دەبەخشی." لە سیستەمێکی وادا، تاکی کرێکار، نەخۆش یاخود قوتابی بەوردی چاودێری دەکرا و لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەراورد دەکرا. لە هەمان کات و لە ڕێگەی هەمان ئامرازی کارەوە، ڕێکخستنەوە و سیستەم بەسەر گشت خەڵکدا سەرکەوتووانە جێبەجێ دەکرا. ئەم کۆنترۆڵکردنەی خانەی پێکەوەبوونە لەگەڵ سیستەمی گشتی کارکردندا دەگونجا.

 کەواتە دیسپلین بەشێوەیەکی جۆراوجۆر و ورد کار لەسەر جەستەکان دەکات. "دیسپلین تاکەکان درووستدەکات؛  تەکنیکی تایبەتی دەسەڵاتێکە کە تاکەکان هەم وەک ئۆبێکت و هەم وەکو ئامرازی جێبەجێکردنی خۆی سەیر دەکات." دیسپلین ئەم کارە لە ڕێگای تێکشکاندنی تاکەکان یان فێرکردنی وانەی ئەخلاقییەوە ئەنجامنادات، بەڵکو بەهۆی شێوازی خاکەڕایانەی پەروەردە و دابەشکردن بەئەنجامی دەگەیەنێت. دیسپلین لە ڕێگەی کۆکردنەوەی کەشفکردنی هێرارشیانە و بەنۆرماڵکردنی حوکمدانەوە کاردەکات، ئەم تێکەڵکردنە دەبنە سەنتەری تەکنیکی دەسەڵاتی دیسپلینی: ئەویش ئەزموونە.

 کەشفکردنی هێرارشیانە خەسڵەتی سەرەکیی ئەزموونە examination. ئامانجەکە بریتییە لەوەی کە چاودێری ببێت بە بەشێکی دانەبڕاوی بەرهەمهێنان و کۆنترۆڵکردن. لە بۆشایی دیسپلینیدا ئاکتی چاودێریکردن و چاودێریکراو یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی پەیوەندیی تاکەکانە لەگەڵ یەکتری. کۆنترۆڵکردنی جەستەکان پشت بە بینایی دەسەڵات دەبەستێت. یەکەم مۆدێلی ئەم کۆنترۆڵکردنە لە ڕێگای چاودێریکردنەوە، کارایی لە ڕێگای نیگا، درووستکردنی نەزم و ڕێکوپێکی لە ڕێگەی بەروردکردنی ستراکتووری بۆشایی، دەتوانین لە کەمپی سەربازییدا بیدۆزینەوە. لەناو کەمپی سەربازیدا ڕێکخستن و چاودێریی بە هەموو شێوەیەک لەئارادا بوو. ئەو کارانەی لێرەدا جێبەجێ دەکران سنووردار بوون، بەڵام مۆدێلەکە ئیشی خۆی دەکرد؛ و دواتر لە ڕووی ئەم نموونەیەوە بۆ درووستکردنی نەخشەی مەزنی شار، شوێنی نیشتەجێبوونی چینی کرێکار، درووستکردنی بەندینخانە و قوتابخانەکان و ...هتد سوودی لێوەرگیرا. لە ئاستێکی فراواندا، مۆدێلی کەمپی سەربازی بریتی بوو لە جێبەجێکردنی کۆنترۆڵکردن لە ڕێگای هێرارشیەت و چاودێری. بەڵام یەکەم جار دەبوایە ئەم مۆدێلە لە شوێنەکانی دیکە دووبارە پێناسە بکرابایەتەوە و دەستکاری بکرایە.

زیادبوونی بینینی ناوەوەی بینایەکان، بەمەبەستی دابینبوونی دەرفەتی چاودێری و تێڕوانین، بوو بە یەکێک لەو بابەتە گشتیانەی کە بیناسازیی سەردەمی کلاسیک گرنگییان پێ دەدا. زۆر نەخشە بۆ درووستکردنی قوتابخانە، نەخۆشخانە و یۆتۆپیاکان خرانەڕوو کە تیایاندا بۆ بینینیان لە ترۆپکدا بوو. بۆ نموونە دەتوانین بە بینای قوتابخانەی سەربازیی پاریس Parisian Ecole Militaire بە نموونە وەربگرین. ئامانجی ئەم قوتابخانەیە هێشتا پێی لەسەر بەهێزیی جەستە دادەگرت: "مەشق بە جەستە بەهێزەکان بکەن، گرنگیدان بە تەندرووستی؛ ئەفسەری شایستە دابمەزرێنن، کوالێتی بەرزبکەنەوە؛ سەربازی گوێڕایەڵ درووست بکەن، سیاسەت بەم جۆرە بوو؛ ڕێگری لە کاتبەسەربردن و هاوڕەگەزخوازی بگرن، ئەمەش ئەرکی مۆڕاڵی بوو." ئەم ئەرکانە بەشێوەیەکی بەشەکی لە بیناسازیدا تەواو دەکران. بینای قوتابخانەکان خاوەنی ڕێڕەوی دوورودرێژ بوو کە لە هۆبە و ژووری بچووک پێکدەهات. هەر دە ژوور بەرپرسێکی هەبوو هەموو تاکێک ژوورێکی بچووکی تەواو داخراوی پێدەدرا کە لە دراوسێکانی جیای دەکردەوە، بەڵام لە دیواری ئەم ژوورەدا کونێک بۆ چاودێری و تێڕوانین ئامادەکرابوو. لە ژووری نانی نیوەڕۆ مێزەکان بەجۆرێک هەڵچنرابوون کە مێزی پاسەوانەکان دەکەوتە سەرووی مێزی سەربازەکان. ئاودەستەکان نیوە دەرگایان بۆ درووستکراببوو، بەڵام دیواری قەراغەکانی تەواو بوو. ئەم جۆرە وردەکاری و شتە لاوەکیانە وەکوو بابەتی کەمبایەخ خۆ دەنوێنن، بەڵام هەر ئەمانە بەشی سەرەکیی تەکنۆلۆژیی دیسپلینی بوون. لەنێو ئەم فەزا بونیادییەدا، تاکسازی و چاودێری لە یەکتری دەبەستران.

پاش ئەوەی ئەم شتە لاوەکیانە لە پانتایی چاودێری و تێڕوانین لەنێو بەرهەمهێناندا، یەکێتی و یەکپارچەیی بەخۆوە بینی، مەسەلەکە دیسان ئاڵۆزتر بوو. بە وەبەرچاوگرتنى ڕادەی ڕوولەزیادی کارگە پیشەسازییەکان، هەندێک حاڵەتی وەکوو تەزویر، تەمەڵی، خراپکاری، ناکارایی، نەخۆشی و ناشایستەیی، گەلێک زیانی لێ دەکەوتەوە. لە وتاری ئینسکلۆپیدیاى فەڕەنسی سەبارەت بە پیشەسازی، پسپۆڕی لە چاودێری و تێڕوانین، وەکو بەشێکی حەتمی ئامرازی بەرهەمهێنان وەسفکرابوو. چاودێرەکان لە ڕووی زنجیرەی هەرەمییەوە لە کرێکارەکان جیابوون، بەڵام بەشێک بوون لە سیستەمی نویی بەرهەمهێنان. چاودێری و تێڕوانین ڕۆڵێکی ئابووریی گرنگی هەبوو لە هەمان کاتیشدا ئەرکی دیسپلینیی خۆیشی بەئەنجام دەگەیاند. دەسەڵات بە تێپەڕبوون لە پاڵ وێنەی چاودێری و تێڕوانین لە کارخانەکاندا، بەرەو دیادەیەکی چەند کایەن، ئۆتۆماتیک و خودموختار گۆڕانی بەسەردا هات یان تاڕادەیەک ئەم جۆرە تایبەتمەندیانەی بەدەستهێنا. هەڵبەتە تاکەکان دەسەڵاتیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام ڕێکخستنی دەسەڵات بوو کە دەبووە هۆی جێبەجێکردنی. مەبەستی ئەم وتەیە "چاودێرەکان بێ ڕاوەستان چاودێرییان دەکرد" ئەوە بوو کە لە سەرەتای قۆناغی بەپیشەسازیبوونەوە دەسەڵات و کارایی لەناو یەک سیستەمدا لێکگرێدران و فەزا و بەرهەمهێنان بەهۆی زانستی چاودێری و تێڕوانین لێکبەستران.  ئەم سیستەمە دیسپلینییە پێویستی بە پێوەرێک هەبوو یەکێتیی بە کاروکردەوەکانی دەبەخشی و سزا وەبەرچاوگیراوەکان بەشێوەیەکی یەکجا زۆر ورد و دیار دەستنیشانبکات. ئەم پێوەرە بریتی بوو لە سزای نۆرماڵسازی فوکۆ ئەم جۆرە سزادانە وەکوو جۆرێک سزای بچووک وەسف دەکات کە بەهۆی ئەوەوە بەشێکی زۆری ژیان کە هێندەش گرنگ نەبوون تاکوو لە ڕێوشوێنە یاسایەکاندا ئاماژەیان پێ بکرێت، ئێستا بەهۆی دەسەڵاتەوە داگیردەکرێن. دەتوانین باسی وردەسزای تایبەت بکات (دواکەوتن، ئامادەنەبوون، لە کاتی ئەرکدا پشوودان)ـی چالاکیی (سەرنجنەدان، کەمتەرخەمی، بێتاقەتی)ـی هەڵسوکەوت (بێڕێزی، گوێڕایەڵنەبوون)، لە ئاخاوتندا (زۆر گوتن، بێدەنگ نەبوون)، لە جەستەدا (جووڵەی ناڕاست، ژێستی هەڵە، پیسوپۆخڵی) و لە سێکسواڵیتەشدا (پیسێتی، بەرەڵایی) بکەین." لەڕێگەی دیاریکردنی وردترین لایەنی هەڵسوکەوتی ژیانی ڕۆژانەوە، دەکرا هەموو شتێک بەشێوەیەکی ماتەوزەییانە دەبوون بە سزادان. ئەو کەسەی خۆی نەدەگونجاند و خودموختار تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی کاتەکیش گوێی بە پێوەرە باوەکان نەدایە، دەکرایە بابەتی جێسەرنجی دیسپلینی.

ئیدی هەڵسوکەوتی تاکەکان بەسەر باش و خراپ دابەشدەکرا، لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا [باشە و خراپە] کۆمەڵێک قۆناغی هێرارشی بوونی هەبوو کە دەکرا بناسرێت و زانیاری لەسەر وەربگیرێت. بەمجۆرە هەموو سەرپێچی و هەڵەیەکی بچووک لە ڕووی چەندییەوە هەڵدەسەنگێنرا و پلەبەندی دەکرا. لە ئاکامدا وێنای شتێکی وەکوو ژمێریای سزایی مومکین بوو. بەسوود وەرگرتن لەم جۆرە شێوازانەی بەش بەشکردنی چەندی، دەرفەتی درووستکردنی دۆسیەی بابەتی سەبارەت بە هەموو تاکێک قابیلی وێناکردن بوو. لەم ڕووەوە (دیسپلین لەگەڵ هەڵسەنگاندنی وردی کردەوەکان، لەڕاستیدا لەهەمبەر تاەکانەوە حکوم دەدات؛ ئەو سزایەی پیادەدەکرێت لەنێو بازنەی مەعریفە لەبارەی تاکەکانەوە تێکەڵ دەکرێت." بەم چەشنە زنجیرەی پلەوپایەیەکی بابەتی بۆ وێناشیان بوو کە بەهۆی ئەوەوە دابەشکردنی تاکەکان پاساوی بۆ دەهێندرایەوە و لێهاتووتر دەکرا. کاریگەریی سزای بەنۆرماڵکردنی تاکەکان ئاڵۆزە. ئەم سزایە لە پرەنسیپی بەرایی لە پانتایی یەکسانی ڕواڵەتی نێوان تاکەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. هەر ئەمە بۆ خۆی وەکیەکی و هاوتای لێ دەکەوێتەوە کە پرەنسیپی یەکڕەگی لەگەڵ جەماعەت (لەوەوە وەرگیراوە، بەڵام پاش ئەوەی دەزگای دیسپلین بە جووڵە بکەوێت، جیاکردنەوە و گۆشەگیرکردن زۆر بە وردی ئەنجامدەدرێت کە بەشێوەیەکی بابەتی تاکەکان لەیەکتر جیادەکاتەوە و لەنێو زنجیرەی پلەوپایەکان شوێنیان دەکاتەوە.

ئەو شێوازەی کە چاودێری و تێڕوانین لەگەڵ سزای بەنۆرماڵکردن لێکگرێدەدات، شێوازی ناسراوی ئەزموونە. لە ڕێوڕەسمی ئەزمووندا فۆرمی نوێی دەسەڵات و فۆرمی نوێی مەعریفە کە (هەردووکیان مەیلیان بەرەو ڕووی تاکەکان هەیە) لە یەک تەکنیکدا لەگەڵ یەکتری کۆدەکرێنەوە. ئەزموون لە ماهیەتی خۆیدا، کۆتکردنی ئەو کەسانەی کە وەکوو ئۆبێکت سەیرکراون و بابەتسازی ئەو کەسانەی کە کۆتکراون، ئاشکرا دەکات." ئەمە دەتوانێت لانیکەم لە ڕووی بۆچوونەوە گۆڕانکاریی یارمەتیدەر بێت. بۆ نموونە دەتوانین حاڵەتی نەخۆشخانە بێنینەوە بەرچاوی خۆمان. لە سەدەی حەڤدەهەمدا، پزیشک سەردانی نەخۆشخانەی دەکرد، بەڵام هێندە خۆی لە بەڕێوبردندا هەڵنەدەقورتاند، بەڵام ئەو بەهۆی ماهیەتی ئەو جۆرە مەعریفەیەی کە بەدوایدا دەگەڕا و هەروەها بەهۆی ئەو شێوازانەی کەی لەپێناو بەدەستهێنانی ئەم مەعریفەیە بەکاری دەهێنا، وردە وردە کەوتە مەوقیفی گیرۆدەبوون و خۆتێهەڵقورتاندنێکی ڕوو لە زیاد. هێدی‌هێدی کە نەخۆشخانە وەکوو ناوەندێکی پەروەردە و مەعریفەی تاقیکاری و ئەزموونی لێهات، پزیشک ڕۆڵێکی زیاتری لە کاروبارەکانیدا پەیدا کرد؛ ژمارەی یارمەتیدەرەکانی زیاتربوون؛ تەنانەت شێوەى نەخۆشخانەش گۆڕانکاریی بەسەردا هات بۆ ئەوەی نۆڕینەکانى پزیشک کە بووبوو بە تەوەری سەرەکیی ئیدارەی کاروباری نەخۆشخانە، بەئاسانی ئەنجامبدرێت. هەروەکو فوکۆ خۆی لە کتێبی "لەدایکبوونی نۆڕینگە"دا بەچەشنێکی ڕازیکەر پیشانیداوە نەخۆشخانەی تەواو بەدیسپلینکراو بەشێوەیەکی هاوتای ماددی مەعریفەی پزیشکی سەریهەڵدا. ئەم جۆرە گۆڕانکارییە نە مەترسی بوون و نە کەمبایەخ. گرنگیی نۆڕین(موعایەنە) لە نەخۆشخانەکان و سەرجەم دەزگاکانی تردا بە پلەی یەکەم لە پرۆسەی پێچەوانەسازییەکی جوان و ناسک, بەڵام گرنگەوە سەرچاوەیدەگرت. دەسەڵات لە شکڵە تەقلیدییەکەی خۆیدا، وەکو دەسەڵاتی پاشا، دەتوانین بیبینین، لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەوێت و بەردەوام نمایشدەکرێت. لێرەدا جەماوەر زۆر ناکەونە بەرچاو و تەنیا لە پەراوێزی تیشکی درەخشانی دەسەڵاتی میردا دەردەکەون. دەسەڵاتی دیسپلینی ئەم پەیوەندییە پێچەوانەدەکاتەوە. لێرەدا دەسەڵات بۆ خۆی بەدوای نادیاری دەکەوێت و بەپێچەوانەوە، بابەتەکانی دەسەڵات کە دەسەڵات کاریان لەسەر دەکات، زۆر بە باشی دەبینرێن. هەر ئەم واقیعەی چاودێری و بینراوییە بەردەوام و هەمیشەییە کە ڕازی تەکنەلۆژیاى دیسپلینی پێکدەهێنێت. "لەم بۆشاییەی دەسەڵات و زاڵبووندا، دەسەڵاتی دیسپلینی، توانای خۆی هەر لەبنەڕەتدا لەڕێگەی نەزم و ڕێکوپێکخستنی شتەکانەوە ئاشکرادەکات. ئەزموون هەروەک دەڵێن ڕێوڕەسم و پەیڕەوی ئەم چەشنە بەبابەتبوونەیە." لەڕێگەی ئەم جۆرە پێچەوانەسازییەی لە بۆ بینینیشیاندایە کە ئێستا دەسەڵات کاردەکات.

دووەم، ئەزموون لەڕێگەی کۆکردنەوەی دۆسییەکان، هەموو تاکێک بۆ حاڵەتێک بۆ خوێندنەوە دەگۆڕێت. لە ڕوانگەی فوکۆوە ئەمە بە گۆڕانکارییەکی مەزن دەژمێردرێت. پێشووتر شتە لاوەکییەکانی ژیانی ڕۆژانە و بەسەرهاتەکانی تاک، نەدەچووە ناو تۆڕی سیستەمی ماف و هیچ جۆرە دۆسییەیەکی دیکەوە، بەڵام ئێستا ئەم شتە لاوەکییانە یەکجار زۆر گرنگییان پێ دەدرێت. ئەوەی سەردەمێک هۆیەک بوو بۆ ڕێزلێنان لە قارەمانەکان، واتا ستایشکردن و بەرزنرخاندنی ژیانیان لە قاڵبی بابەتی نووسراودا, ئەوا ئێستا پێچەوانەدەکرێتەوە، ئێستا کەم بایەخترین چالاکی و بیروبۆچوونەکانی زۆر بەوردی تۆماردەکرێن. بەم چەشنە ڕۆڵ و ئەرکی تاکایەتیبەخشین گۆڕانی بەسەردا دێت. لە هەندێک ڕژێمی وەکوو ڕژێمی دەرەبەگایەتیدا، تاک بەشێوەیەکی زۆر لە لوتکەی سیستەمەکەدا دیاریکرابوو، هەرچەندە تاکەکە دەسەڵاتی زیاتری بەکارهێنابا زیاتر وەکو تاکێکی دیار و بەرچاو دەناسرا، ئەم تاکێتییە لە شانازییەکان، لە ئابڕوو و پلەوپایە و تەنانەت جۆری بەخاکسپاردنی تاکەکاندا خۆی دەردەخست. لەبەرامبەر ئەمەدا لە ڕژێمی دیسپلینی، تاکێتی، لە خوارەوە خۆدەنوێنێت، لە ڕێگەی چاودێری و تێڕوانینێکی بەردەوامەوە، تاکایەتى دەدرێت بە هەموو ئەو کەسانەی کە بوونەتە بابەت و کەوتوونەتە بەر کۆنترۆڵ. منداڵى نەخۆش و تاوانبار بەشێوەیەکی یەکجار زۆر زیاتر لە مرۆڤە بەتەمەنەکان، سەخڵەم و یاسا پارێزەکان، هەوڵی ناسینیان دەدرێت. بەم چەشنە دۆسییە شوێنی حەماسە دەگرێتەوە. ئێستا نە تەنیا دەسەڵات تاکێتی دێنێتە ناو بواری چاودێرییەوە، بەڵکو ئەم تاکێتییە بابەتییە، لە نوسین و بەڵگەنامەکاندا تۆماردەکات، ڕێکخراوی پانوبەرین و پڕ لە وردەکاری بەڵگەنامە و بڕوانامەکان دەبێتە یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی گەشە و بەرفراوانبوونی دەسەڵات. دۆسییەکان ئەم تاکە بۆ کاربەدەستە حکومییەکان دەڕەخسێنن کە سیستەمێکی نیشانەگوزاریی ئۆبێکتی دابمەزرێنن.

هەر ئەم کەڵەکەبوونەی بەڵگەنامە و بڕوانامە تاکەکەسیان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک "پێوانی دیاردە گشتییەکان، وەسفکردنی گرووپ و واقیعەتە بە کۆمەڵەکان، موحاسەبەی دووریی نێوان تاکەکان و شێوازی دابەشبوونیان لەنێوان دانیشتوان دەلوێنێ." تاکی مۆدێرن، بەشێوەی بابەتێکی بەشبەشکراو و تۆمارکراو دەسکەوتێکی مێژووییە. هیچ تاکێکی گشتی و عام و نامێژویی بوونی نییە کە دەسەڵات لەسەری چالاکی و توێژینەوەکانی خۆی جێبەجێ کردبێت، بڵکوو ئەم تاکە بەرهەم و بابەتی ئاوێتەبوون و تێکەڵبوونێکی تایبەتی دەسەڵات و مەعریفەیە تاک بەروبوومی گۆڕانکاریی ستراتیژییەکی ئاڵۆزە لە پانتایی دەسەڵات و ئاڵوگۆڕێکی زۆر و زەوەندە لە زانستە مرۆڤایەتییەکاندا. لەگەڵ سەرهەڵدانی زانستی دەرمانی هەنگاوێکی سەرەکی بەرەو درووستبوونی زانستی مرۆڤ بەمانا سەردەمییەکەی هاوێشترا. کۆکردنەوەی زانیاری و کۆپیکردنی دۆسیەکان و بەرفراوانبوونی بەردەوامی پانتاییە نوێیەکانی توێژینەوە بەم چەشنە پانوبەرینە، هاوکات و هاوڕێ لەگەڵ پاکژکردن و برەوپێدانی دیسپلینییە پێویستەکان لە پێناوی چاودێری و پارچەکردنی جەستەی مرۆڤ، ئەنجامدەدرا بۆ ئەوەی جەستەی ئادەمیزاد بکەوێتە ژێر دەستکاری و کۆنترۆڵکردنی زۆرترەوە. لە ڕوانگەی فوکۆوە سەرهەڵدانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانکارییەکی پڕ شانازی نییە "زانستی مرۆڤ... لەوانەیە لە هەناوی... ئەرشیفە شەرمهێنەرەکاندا لەدایکبووبێت، واتا ڕێک لەو شوێنەی کە پیادەکردنی زۆرەملێ و ناچار بەشێوە مۆدێرنەکەی بەسەر پەیکەر و جوڵە و ڕەفتاری مرۆڤدا دەستی پێکرد."

فوکۆ سووربوو لەسەر ئەوەی کە خود-پێناسەی زانستە مرۆییەکان وەکوو لێکۆڵینەوەی "دیسپلین"ـە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ فراوانبوونی تەکنەلۆژیای دیسپلینیدا هەیە. زانستە کۆمەڵایەتییەکان (سایکۆلۆجی، دیمۆگرافی، ئامارەکان، تاوانناسی ...و هتد.) یەکەم جار لە دەزگا تایبەتییەکانی دەسەڵاتدا (نەخۆشخانەکان، زیندانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان) جێگیربوون و کە تیایدا ڕۆڵیان بوو بە پسپۆڕی. ئەم دەزگایانە پێویستیان بە پێناسەکردنەوە و گوتارەکانی کارکردنی و پراکتیکییەکان هەبوو. ئەم گوتارانە، زڕەزانست pseudo-science، دیسپلینە زانستە کۆمەڵایەتییەکان گەشەیان بە ڕێسای بەڵگەکانی خۆیان دا، بەڵام ئەم کارەیان لە کۆنتێکستێکی فراوانتری تەکنەلۆژیای دیسپلینیدا ئەنجامدا.

ئەمە بەو واتایە نایەت کە زانستەکانی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی زیندانە، بەڵکو تەنیا ئەوەیە کە ئەم زانستانە لە ماترێکسێکی مێژوویی هاوبەش لەگەڵ زینداندا سەریان هەڵدا و خۆیان لە تەکنۆلۆژییەکانی دەسەڵات/زانین کە زیندانیان بەرهەمهێناوە، دانەبڕیووە. تەکنەلۆژیای دیسپلینی دەسەڵات بۆ بەرهەمهێنانی جەستەی ملکەچ و بەسوود "داوای تەکنیکێکی پێکەوەبەستنی ملکەچی و ئۆبێکتبوونی مرۆڤ دەکەن... تۆڕی زیندان یەکێک لە بزوێنەرەکانی ئەم دەسەڵات/زانین پێکدەهێنێت کە زانستە مرۆڤایەتییەکانی لە ڕووی مێژووییەوە بەرجەستە کردووە. مرۆڤی ئاگادار (لە هەر ڕوویەکەوە بێت: ڕۆحی، تاکێتی، ویژدانی، ئاگایی)." کاریگەریی بەئۆبێکتبوونە کە ئەم شیکردنەوانە [سەبارەت بە مرۆڤ] بەرهەمدەهێنێت.

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] . زاراوەى تەکنەلۆژیا لە سیستەمى فیکریی فۆکۆداجیاوازترە لە وشەى تەکنەلۆژیا لەمڕۆدا. لاى فۆکۆ تەکنەلۆژیا بەسادەیی لەماناى ئامراز و کەرەستە و ڕێکارەوە نزیکە- و

[2] ئەم زیندانییە لە ساڵی ١٧٧٢ لە بەلجیکا بنیاتنرا کە بریتیبوو لە خانەیەکی چاکسازیی کار-بەندینخانە لە شاری گهێنتی بەلجیکا.

[3]  کواکێرەکان بزووتنەوەیەکی پڕۆتیستانتی مەسیحی بوون کە کە بڕوایان بە توانای هەموو مرۆڤێک هەبوو بتوانێت لەگەڵ خودا پەیوەندی ببەستێت و خودا لەناو هەموو تاکێکدا هەیە. بزووتنەوەکە بڕوایەکی پتەویان بە بەکارکردن هەبوو لەپێناو یەکسانی و ئاشتیدا.

[4] سیستەمێکی ڕێکخستنی ناو کارگەیە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم سەریهەڵداوە. لەم سیستەمەدا لەڕێگەی بە پسپۆڕیکردنی کارەوە کرێکارەکان دەیانتوانی خێراتر بەرهەم بهێنن و کاراتر ببن.