A+    A-
(760) جار خوێندراوەتەوە

لە عەشقەوە بۆ ڕۆمانسییەت:

وازهێنان لە نەوەد و نۆ، لەپێناو یەک

 

 

 

 

 

تۆد مەک‌گوان

و. شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

 

سەرنجێک:

ئەم نوسینە بەشێکە لە کتێبێکی مەک‌گوان بەناونیشانی «سەرمایەداری و ئارەزوو: باجە دەروونییەکەی بازاڕی ئازاد». ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەى دەروونیی سەرمایەداری، هەرچەن هەر لە دەسپێکی کتێبەکەوە، پشت بەست بە بۆچوونێکی فرۆید، دەسڵەمێتەوە لەم هەنگاوە؛ چون بەبڕوای فرۆید، زەحمەتە حوکمێکی گشتی لەسەر کۆمەڵگەیەک بدرێت، بۆ نموونە، بگوترێت: کۆمەڵگەیەکی عوسابی(نيورۆتيك). بەڵام وەختێ لایەنگرانى سەرمایەداری باس لە کامڵێتیی ئەم سیستەمە و یەکانگیرییەکەی لەگەڵ دەروونی مرۆڤدا دەکەن، ئیتر دەرگایەک بۆ ئەم هەنگاوەش دەکرێتەوە. هەوڵەکانی خوێندنەوەی سەرمایەداری وەک سیستەم و فۆرماسیۆنێکی ئابوری_کۆمەڵایەتی، مستەمڕ باسکردنە لە ئاکامە ئابوورییەکانی و ئەو ناکۆکییە کۆمەڵایەتییانەی لێی دەکەونەوە. بەڵام ئەم خوێندنەوانە ڕەهەندێکی فرەگرنگ لەیاددەکەن، پشتبەستنی سەرمایەداری بە ڕەهەندی دەروونیی سوبێکت، یاخود پەیوەندیی سوبێکت بە تێربوون و فەنتازیاوە. خۆ ئەم سیستەمە تێرنەبوون ناگۆڕێت بۆ تێربوون، بەڵکو کار لەسەر فۆرمەکانی تێربوون دەکات. ژێستی سەرەکیی سەرمایەداری بریتییە لە بەڵێن و چاوەڕوانی، بەڵێنی ئایندەیەکی باشتر بناغەی هەر سێ بونیادە سەرمایەدارییەکەیە: بەرهەمهێنان و دابەشکردن و مەسرەفکردن. وەختێک دەگوترێت سەرمایەداری دژەکان و ڕەخنەکان لەخۆیدا دەتوێنێتەوە، گوایە میتۆدەکەی بریتییە لە بەکاڵاکردن؛ دروستکردنی تیشێرتی گیڤارا، وێنەی مارکس لەسەر کوپی قاوە و هتد. بەڵام گەر دەقیق بڕوانین، خاڵەکە هەر ئەم بەڵێنەیە، خۆ وەبەرهێنان لەپێناو ئایندەیەکی باشتر، بەمەش دەکەوینە داوی بەهێزترین یاسا و گەمەی سەرمایەدارییەوە.

خۆ هیچ شتێک لەنێو سیستەمی سەرمایەدارییدا لەم هاوکێشەیە بەدەر نییە، ڕیکلامی کاڵاکان هەرگیز بەتەنها گوزارشت لەو پێویستییە ناکەن بۆ کاڵاکە هەمانە؛ بەڵکو لە فەنتازیای ئێمەدا چاوەڕوانییەکی دیکە لەم کاڵایانە دەچێنرێت زیاتر لەوەی کاڵاکە دەیبەخشێت. تەنها سەرمایەدارییە، برنج و کۆلا و مۆبایلەکانمان وەک پێویستییەکی دەروونی پیشان دەدات، گوایە بەم کاڵایانەوە ئایندەیەکی گەشتر چاوەڕێمانە؛ هەر کاڵایەک وەک ئۆبێکتێکی کامڵ دەردەخات کە دەتوانێت سەرتاپای نوقسانییەکانمان پڕکاتەوە.

تەنانەت عەشق، وەک گەرموگوترین هەستوسۆزەکانی مرۆڤ، هێشتا هەر لە بەکارخستنی سەرمایەداری نەجاتی نەبووە. ئەمە بەتەنها لە ڕۆژی ڤالانتایندا نابینینەوە، بەڵکو لە ڕوانینماندا بۆ هەر کاڵایەک فەنتازیای کەوتنەداوی عەشق وەستاوە. کاتێک لە ئاوێنەی هۆڵی یاری ئاسندا، دەڕوانینە جەستەی ڕێکی خۆمان، تەنها حاڵەتێکی نارسیستی [خودئەڤینانە] نییە، بەڵکو خۆدیتنە لەچاوی ئەویترەوە، وەک کاڵایەکی ئارەزووکراو، یاخود مەعشوقێکی گریمانەیی. باشە، سەرمایەداری لەپشتی فەنتازیای عەشقەوە ناڕاستەوخۆ کاڵای دیکەمان بۆ ساغدەکاتەوە. بەڵام راستەخۆش دەستوەردان لە عەشقدا دەکات. ئەوەش لەڕێی گۆڕینی بۆ ئایدۆلۆژیای ڕۆمانسی: داماڵینی ڕەهەندە تراومایی و شێوێنەرەکەی عەشق. عەشق لە زەینی ئێمە و داستانە عاشقانەکاندا، ڕووداوێکی تراومایی و شێوێنەرە، تێکدەری سەلامەتی دەروونییە و شوناسی کۆمەڵایتیمان لەقدەکات. لە دەقە ئەدەبییەکانیشدا، عاشق هەمیشە شێتە و ڕووی لە سەحرایە و نابووتە لە کۆمەڵگەدا، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی شوناسە کۆمەڵایەتییەکەی دەکاتە قوربانی دانپیانانی مەعشوق. کەچی لە سەرمایەدارییدا، ئیتر مەعشوق دەگۆڕێت بۆ هاوڕۆح (Solemate: ئەو کەسەی پێمان وایە تەواوکەری ئێمەیە، لەتە ونبووەکەمانە، خودا بۆ یەکتری خوڵقاندووین). بەڵێنی دۆزینەوەی هاوڕۆح، گفتێکە بۆ کامڵبوون، گوایە ئەم هاودەمە هەموو نوقسانییەکمان پڕدەکاتەوە، شوناسێکی نوێی کۆمەڵاتیمان پێ دەبەخشێت وەک هاوسەر، ئەمەش بەدەر نییە لەو چاوەڕوانییەی پڕاوپڕ لە وەبەرهێنان دەچێت و یاسای بنەڕەتیی سەرمایەدارییە، لەکاتێکدا لە عەشقدا، نەگەیشتن سیمای دیاری ڕووداوەکەیە و دووپاتبوونەوەی نوقسانی [نەوەک کامڵبوون] دەردەنیشانەکەیەتی. ماڵپەڕەکانی ژووان، ڕێگەی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی سەرمایەدارییە لە عەشقدا، سوبێکت لێرەدا نەوەک سیفەتەکانی خۆی دادەنێت، بەڵکو سیفەتی ئەو هاودەمەش دادەنێت کە ئارەزووی دەکات، لای خۆمان، ئەم حاڵەتە لە ژێرنووسی تەلەفزیۆنەکاندا دەبینرایەوە، کوڕێکی قۆز، بەدوای کچێکی چاوشینی باڵابەرز دەگەڕێم [پیشاندانی کامڵترین وێنەی خۆت، گەڕان بۆ کامڵترین وێنەی ئەویتر]، بەمەش تراومای عەشق دادەماڵێت، وەک نیازێک بۆ دۆزینەوەی ئۆبێکتی ڕۆمانسی خاڵی لە هەر نوقسانییەک، کە تێربوونی پڕاوپڕ دەستەبەر دەکات. هەر ئەم چاوەڕوانییە سەرچاوەی گشت ناکامییەکەیە، چونکە ئۆبێکتی وەها لەواقیعدا نابینینەوە. بەڵام بەبڕوای ژیژەک عەشق ڕێکەوتە، هەر بۆیە کەوتنەداوی عەشق [کەوتن، Fall: هێمایەک بۆ لەناکاویی و چاوەڕواننەکراویی] بەکاردێت. دەکرێت لە نیگای یەکەمەوە بۆ کچێک/کوڕێک، ئەم ڕووداوە ڕووبدات و ئیتر ژیانت سەرتاپا دەگۆڕێت. بەبڕوای ژیژەک، ئیتر ئەم ڕووداوە دەگمەن بووە، ئەوەی ئێستاکە هەیە، عەشقێکە بەبێ کەوتن، بەبێ ڕێکەوتەکە. بەبڕوای ژیژەک عەشق وەها کارناکات، ناتوانین عاشقی ئەویترێکی پێرفێکت بین، بەڵکو هەمیشە بە نوقسانییەکەوە عاشقی دەبین، دەڵێین: سەرباری ئەوەش [نوقسانییەکە] خۆشم دەوێت. ژیژەک باس لە ژنێک دەکات، پێی دەڵێت عاشقەکەم پێی گوتووم ئەگەر سێ بۆ چوار پاوەند کەم بکەیتەوە، جەستەت پێرفێکت دەبێت؛ پێم گوت: نەکەیت وەها بکەیت، هەر ئەم سێ بۆ چوار پاوەندە زیادەیە لەچاوی ئەودا بە پێرفێکتی پیشانت دەدات، وەهمی پێرفێکتبوون دەخوڵقێنێت، پێرفێکتی بەس بەبێ ئەم چەند پاوەندە؛ هەر ئەم زیادەیە هۆکاری سەرنجڕاکێشیتە، یان بەمانا دەروونشیکارییەکەی: ئۆبێکت_هۆکاری ئارەزوو (Object_Cause of Desire). هەمان ئەو شتەی هۆکاری عاشقبوونە بەو کەسە.

وەرگێڕ

 

 

 

 

دەقەکە:

لە عەشقدا، مەترسییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگەیەی کە عاشق دەیبەخشێتە مەعشوق. ئاخر چیتر مەعشوق نابێتە ئۆبێکتێکی دیکەی ئارەزووەکانی عاشق، بەڵکو دەچێتە پێگەی خودی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی. ئەو دەمەی ئەویترم خۆشدەوێت، هێندە وێڵی دانپیانانی ئەو دەبم، تۆسقاڵێک دانپیانانی کۆمەڵگەم بەخەیاڵا نایەت. هەر لای وی گرنگ بم، باقی خەڵک هیچ. عاشق، نەک هەر بەتەمایە نرخی لای مەعشوق لە هەموان زیاتر بێت، بەڵکو خوازیارە خودی مەعشوق ببێتە بناغەی هەڵسەنگاندنی نرخ و بەهاکان. بەمانا دەروونشیکارییەکەی، عەشق دەخوازێت ئەویتری بچوک کارکردی ئەویتری گەورە[1] بنوێنێت[لە سیمیناری پێنجەم، لاکان باس لە پرۆسەی جێگرتنەوەی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی دەکات لەلایەن دەسەڵاتی کەسییەوە. دەڵێت: «مادام نرخی هەموو شتێ بەندە بە ئەویتری گەورەوە، چارەسەرەکە ئەوەیە ئەویتری گەورەیەکی تایبەت بەخۆم هەبێ، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە ناودەبرێت بە عەشق. لە دیالەکتیکی ئارەزوودا، مەسەلەکە بەدەستهێنانی ئەویتری گەورەیە بۆ خۆت»][2].

لە ئاکامی ئەم گۆڕانە، عاشق بێجگە لە مەعشوقەکەی پێی گرنگ نییە لەچاوی ئەوانیترەوە چۆنە. بۆیە حازرە لەپێشچاوی عالەم ڕەفتاری نامۆ بنوێنێت، یان بەڕێگەی شەرمهێنەر سەرنجی ئەوانیتر بۆ خۆیان ڕابکێشێت، چون هەر ئەو دانپیانانە گرنگە وا مەعشوق دەیبەخشێت. عاشقان لە قوتابخانەکاندا بێباکانە و ئاشکرا هەستوسۆزەکانیان بۆ یەک دەردەبڕن [هەرچەن بەوجۆرە قەدەغەکراویش بێت]، ئاخر بێجگە لە خۆیان هیچ دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتی ڕەچاوناکەن. وەختێک کاربەدەستانی قوتابخانە لەکاتی دەوامدا، ماچکردن و خشاندن قەدەغە دەکەن، هۆی ئەوەیە، دەزانن ئەم گوزارشتە گەرموگوڕە لە هەستوسۆز، دەسەڵاتەکەیان دەخاتەژێر گومانەوە. کاتێک کەسێک دەکەوێتە داوی عەشقەوە، چیتر توانستی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بۆ بەخشینی دانپیانان لەپێشچاوی دادەڕمێت. ئیتر ئەم گۆڕانە، دەسەڵاتی مەعشوق بەهێزتر و دەسەڵاتی نەزمی کۆمەڵایەتی لاوازتر دەکات بەسەر سوبێکتەوە [یەک لە خاڵە لاوازەکانی ڕۆمانەکەی جۆرج ئۆروێل (١٩٨٤) ئەوەیە، ناتوانێت وێنای عەشق بکات وەک ئایدۆلۆژیا (یان وەک ڕۆمانسییەت). کەچی هاوکات خاڵی بەهێزیشە، چونکە ئۆروێل هاندەدات بۆ پیشاندانی ئەو شێواندنەی وا عەشق دەیخاتە نێو بونیادی دەسەڵاتی هەمەتواناوە (omnipotent). عەشقی نێوان وینستۆن و جولیان دەرخەری هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە. وینستۆن تاوەکو دووبارە ببێتەوە بە سوبێکتی سەر بە بونیادی دەسەڵات، ناچارە دەسهەڵگرێت لە جولیا و عەشقەکەی].

ئەمە دەریدەخات بۆچی ڕۆمیۆ و ژولێت هێندە بێباک بوون بەرامبەر هەستی خێزانە ناکۆکەکانیان. هەرچەن عەشقەکەیان دەیخواست دەسهەڵگرن لەو کینەیەی خێزانەکانیان بەدرێژایی ژیانیان تێیاندا چاندوویانە، کەچی ڕۆمیۆ و ژولێت سوک و ئاسان ئەم هەنگاوە هەڵدەگرن. خێزان وەک فیگەری دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی، دەبێتە ئەو بەربەستە دەرەکییەی دەبێت تێی پەڕێنن، نەوەک ببێتە ڕێگرێکی دەروونی لەپێش عەشقەکەیان. چونکە بە لای هەردووکیانەوە، خێزان هیچ گرنگییەکی نییە. ئاخر ڕۆمیۆ و ژولێت لەپێناو عەشقەکەیان ئامادەن هەموو شتێک بکەن، لەوانەش خیانەت و هەڵگەڕانەوە لە نەریتی خێزانەکانیان.

ئامادەگیی عاشق بۆ خۆسوککردن لەپێناو مەعشوقدا، دەرخەری ڕەهەندە شێوێنەرەکەی عەشقە. عاشق ئامادەیە شوناسە کۆمەڵایەتییەکەی بکاتە قوربانی، هەر بۆ بەدەستهێنانی عەشقی ئەویتر. لە عەشقدا، سەرپاکی ئیعتیبارەکانی دیکە، یەک بە یەک لەبەر پێی وەڵامی مەعشوقدا دادەڕمێن. ئەم ئەزموونەی مرۆڤ، ئەزموونی لەدەستدانی هەموو هاوپایە[3] باوەکان، لەیەک کاتدا، سەرچاوەی دڵڕفێنی و تراومای عەشقە. هەرچەن حەزەکەین عەشق وەک ئەزموونێکی بەچێژ هەژماربکەین، بەڵام ڕاستییەکەی هێندەی ئازاربەخشە ئەوەندە مایەی چێژ نییە. چیژدەبینین وەختێک ژیانمان بە ئارامی و سەلامەتی دەچێتەسەر، بەڵام خۆ عەشق مستەمڕ لەق و ڕووخەک و ناسەلامەتە. وەختێک مرۆڤ دەکەوێتە عەشقەوە، هەرگیز ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی ئاخۆ ئەویتر بەڕاستی خۆشیدەوێت؛ بۆیە دائیمەن بیری لای ئەوەیە ئاخۆ ئەویتر سەرقاڵی چییە. هەر ئەمەیە دەبینین عاشقەکان جار دوای جار تەلەفۆن بۆ مەعشوقەکانیان دەکەن، ئەگەر یەکەمجار وەڵام نەدرێنەوە. لەگەڵ هەر زەنگێکی بێ‌وەڵامدا، عاشق ئەزموونی تراومای عەشق دەکات. وەختێک دەکەوینە عەشقەوە، لەوە بەدوا ژیان هەروا سوک‌وئاسان ناڕوات. لەبری ئەوە، بۆمبارانمان دەکات بە زنجیرەیەک لە پاڵنانی تراومایی ئۆقرەبڕ. ئیتر شوناسە ڕەمزییەکەمان هاوپایە چەسپاوەکانی دەدۆڕێنێت [پاش پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای تەلەفۆن، ئیتر شاردنەوەی ئەم تەلەفۆنکردنە دووبارانە مەحاڵە، ئێستە مۆبایلەکان ژمارەی تەلەفۆنە هاتووەکان تۆماردەکەن. کاتێک مەعشوق دەبینێت عاشقەکەی لە کاتژمێرێکدا پەنجا تەلەفۆنی کردووە، ئیتر عاشقەکەی لەپێشچاو دەکەوێت، یاخود پۆلیس دەنێرێت بۆ هاوکاریکردنی. لەئاکامدا، ئەم فۆرمە تراومایەی بە عەشقەوە بەستراوە _زەنگی بێ‌وەڵام_ ئیتر بەرەو کزبوون دەچێت، چون عاشق ناوێرێت ئەم ڕەفتارە ئابڕووبەرانەیە دووبارە بکاتەوە].

بەڵام لە ئایدۆلۆژیای ڕۆمانسییەتدا، ئەم لەدەستدانی شوناسە دەگۆڕێت بۆ وەبەرهێنان، مرۆڤ دەیەوێت بەم ڕێگەیە لە ئایندەدا ئۆبێکتە ڕۆمانسییەکەی بەدەستبهێنێت. ڕۆمانسییەت گفتمان دەداتێ، گوایە ئەم تراوما سەرەتاییە ئاخیرەکەی سەردەکێشێت بۆ پەیوەندییەکی سەقامگیر و شوناسێکی ڕەمزیی نوێ دەبەخشێتە عاشق: ژن، مێرد، هاوسەر؛ لە گشت حاڵەتێکدا، سوبێکت دانپیانی چنگ دەکەوێ لە دڵبەستەیی ڕۆمانسییدا. لەبری پارێزگاری لەم شێواندنە، کەچی دەیگۆڕین بۆ وەبەرهێنانێک لەپێناو دەستخستنی ئۆبێکت.

ڕۆمانسییەت نەوەک هەر عەشق دەگۆڕێت بۆ وەبەرهێنان، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەپێدانی سەرمایەدارییدا، چونکە بەکاربەرەکان[4] وەها تێدەگەیەنێت، گوایە دەتوانن کاڵای پێرفێکت بدۆزنەوە، ئەو کاڵایەی هەموو نوقسانییەک پڕدەکاتەوە. ئامانج لە هەر کردەیەکی بەکاربردن [مەسرەفکردن]، هەوڵە بۆ دەستگەیشتن بە ئۆبێکتی لەدەستچوو، بۆ دۆزینەوەی ئەو کاڵا پێرفێکتەی تێربوونی پڕاوپڕ و هەمیشەییمان پێ دەبەخشێت. خۆ ڕاستە ئەم فەنتازیایە [گەیشتن بە ئۆبێکتی لەدەستچوو] لە بنکی کڕینی هەر کاڵایەکدا خۆی مەڵاسداوە؛ بەڵام لە زۆربەی کاڵاکاندا ئەم وەهمەمان بۆ کەشف دەبێت. کەم کەس دەبینییەوە لەڕێی کڕینی تۆپێک کاغەزی تەوالێتەوە، بەتەمای گەیشتن بە ئۆبێکتی لەدەستچوو بێت. بەڵام زۆرکەس وا دەزانن، لەڕێگەی ئۆبێکتی ڕۆمانسییەوە دەگەنە تێربوونی پڕاوپڕ. ڕۆمانسییەت سوبێکت پڕدەکات لە فەنتازیای سەرمایەدارییانە، فەنتازیای دۆزینەوەی ئەو کاڵایەی تێربوونی پڕاوپڕ دەبەخشێت، ئەم کاڵایەش هەڵگری ناوێکی دیاریکراوە: هاوڕۆح.

ئەو دەمەی باس لە هەبوون یان دۆزینەوەی هاوڕۆح دەکەین، خەبەرمان لەوە نییە کەوتووینەتە نێو ئابووریی سەرمایەدارییەوە. کەچی ئەم ڕووبەرە بەلای سەرمایەدارییەوە زۆر گرنگترە لە فرۆشگاکانی سۆدا و نوقڵ و نەبات یاخود بۆرسە. ئایدیای هاوڕۆح ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە برەوپێدان و تەشەنەکردنی بەکاربردن و مەسرەفکردن. ئەگەر هاتمە ئەو بڕوایەی کاڵای پێرفێکت لە کێڵگەی ڕۆمانسییدا بوونی هەیە، ئیتر پەیوەندیم بە هەموو کاڵاکانی دیکەشەوە دەگۆڕێت. لەوە بەدوا هەر کاڵایەک سەرنجڕاکێشتر دەبێت، ئەوکاتەی دەچێتە جێگەی هاودەمێکی پێرفێکت. خۆ ڕاستە چەکوشێک لە فرۆشگایەکی ڕەقەواڵە، ناتوانێت جێگەی هاوڕۆحم بۆ بگرێتەوە، بەڵام چێژێکی زۆرتر لە کڕینی دەبینم، کاتێک ئەم کڕینە بە ئایدیای هەبوونی کاڵای ئایدیاڵ ئاودەدرێت، ئەم ئایدیایەش لەهەناوی هاوڕۆحەوە دەردەچێت [بڕواهێنان بە هەبوونی هاوڕۆح، ئەو ئایدیایە دەئاخنێتە مێشکمانەوە، گوایە کاڵای ئایدیاڵ بوونی هەیە، ئەو کاڵایەی هەموو نوقسانییەک پڕدەکاتەوە]. بەو مانایەی، ئایدیای هاوڕۆح، پاڵپشتی هەموو کردەیەکی مەسرەفکردنە لە جیهانی سەرمایەدارییدا.

هاوڕۆح بۆتە کاڵایەک لە فۆرمی تەواوکەر و کامڵکەرى سوبێکتدا. هەر بۆیە، ئایدیای هاوڕۆح ئەوەندە بەنرخە بەلای سەرمایەدارییەوە. سوبێکت هەرکات ئارەزوودەکات ئەزموونی نوقسانی دەکات، هیچ ئۆبێکتێک پێی ناکرێت ئەم نوقسانییە پڕبکاتەوە. بەڵام بەڵێنی هاوڕۆحی، بەڵێنی کامڵبوونە؛ ئەو ئۆبێکتەی گوایە پڕاوپڕ سوبێکتی نوقسان کامڵدەکات و نوقسانییەکەی ساڕێژدەکات. بەڵام ئەم ئۆبێکتە کامڵکەرە لە واقیعدا نادۆزرێتەوە، مەگەر لە نێو فەنتازیا ئایدۆلۆژییەکاندا، بۆیە سەرمایەداری دەیەوێت سوبێکتەکان خۆیان نغرۆبکەن لەنێو ئەم فەنتازیایانەدا [یەک لە ئایدۆلۆژیتریین ساتەکانی مێژووی سینەما، لە کۆتایی فیلمەکەی کامیرۆن کراو  (jerry mguire - 1996)ـدایە، وەختێک جێری (تۆم کروز) بە دۆرسی (ڕینێ زیلیگەر) دەڵێت: «تۆ تەواوکەری منی»].

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] Big Other.

[2]  Jacques Lacan, Le Séminaire, livre V: les formations de l ’ inconscient, 1957–1958 , ed. Jacques-Alain Miller (Paris: Seuil, 1998), 133.

 

[3] Coordinates.

[4] Consumers.

 

سەرچاوە:

_ Capitalism And Desire: The Psychic Cost of Free Markets, Todd McGowan, Columbia University Press.