A+    A-
(606) جار خوێندراوەتەوە

گوتاری سەرمایەداری و نەخۆشی دەروونشیکاریی ئەمڕۆ[1]

 

 

 

سێرژ لێسور

و. عەلی ئەحمەد

 

 

 

 

سەرەتا داوای لێبوردن دەکەم کە کەمێک دواکەوتم بۆ کۆڕەکە. لێ دواکەوتنی من ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەو بابەتەوە هەیە کە ئەمڕۆ باسیدەکەین.

 پێویستم بە شتێک بوو کە یارمەتیم بدات بگەم بە ئێوە. لەم حاڵەتەشدا ئۆتۆمبێلێک. بێگومان سانت-پێتێرسبۆرگ پڕە لە ئۆتۆمبێل. بەم پێیە خەڵکێکی زۆر هەیە شتە دەستکردەکان (پرۆتێز) بەکاردەهێنن. خەڵکێکی مۆدێرنن بە مانای تەواوی وشەکە. ئەم خەڵکانە بە جۆری ئەو ئۆتۆمبێلە پێناسەدەکرێن کە لەئێستادا بەکاریدەهێنن. لێخوڕینی «لادە» شتێکە و «لێکسز»ێکی نوێ شتێکی ترە. زۆر جاران ئەوەی سوبێکتی هاوچەرخ، سوبێکتی گوتاری لیبراڵ پێناسەدەکات، بریتییە لە پەیوەندییەکەی بە ئوبێکتەوە. ئەو ئامێرە دەستکردانە پێناسەی دەکەن کە بەکاری‌دەهێنێت. بۆیە بەڕێزان تکایە لەبیرتان نەچێت مۆبایلە دەستکردەکانتان بکوژێننەوە تا کۆتایی کۆڕەکە. ئێمە هەموومان سوبێکتی مۆدێرنین. واتە ئەو سوبێکتانەین کە ئامێری دەستکرد بەکاردەهێنن. ئەمەش واتای ئەوەیە هەموومان سوبێکتی جیاوازین. نە تەنێ ئەو سوبێکتانەی کە لەلایەن کایەی گوتارەوە پێناسەدەکرێن. من پێموایە زۆرێک لە ئامادەبووانی ئێرە ئاشنان بە تیۆری گوتاری ژاک لاکان و پێناسەکەی وی بۆ سوبێکت. سوبێکت ئەوەیە کە لەلایەن دالێکەوە بۆ دالێکی دیکە دەنوێنرێتەوە. ئەگەر من وەک وانەبێژێک قسەدەکەم، ئەوا تەنێ لەبەر ئەوەیە کە لێرە بینەر/گوێگر هەیە. ئەگەر بینەر نەبوایە، ئەوا من تەنێ وڕێنەم دەکرد و لەناو بۆشاییدا قسەم‌دەکرد. خۆشبەختانە لێرە ئەوەندە بەسە کە بینەر هەیە.

گوتاری مۆدێرن بەتوندی لە بن باندۆری فۆرمولەی گوتاری سەرمایەداریی لاکاندایە. پرسەکە ئەوەیە چیتر سوبێکت لەگەڵ دالدا جووت‌نابێتەوە. سوبێکت دەبێت خۆی دالەکەی خۆی هەڵبژێرێت یان بە شێوازێک بیدۆزێتەوە. گوتاری کلاسیکییش هەر ئاوا لەسەر جڤاک قسەدەکات. ئەمەیە کە ئێمە لە هەرزەکارەکانمان داوادەکەین. بەوان دەبێژین: «هەڵبژێرە، دەخوازیت ببیت بە کێ. تۆ دەبێت پیشەکەی خۆت هەڵبژێریت. لێ تۆ نە تەنێ دەتوانیت پیشەکەی خۆت هەڵبژێریت، دەشتوانیت ڕەگەز (جێندەر)ەکەی خۆت هەڵبژێریت. بۆ نمونە، بوون بە جیاڕەگەزخواز، گەی، لێزبیان، ترانسسێکشواڵ و هتد. بە واتایەکی دیکە ئەمە پەیوەستە بە تۆ و خودی خۆتەوە. سەربەخۆ لە ئەویتر [ی گەورە]. تۆ خۆت ناسنامەکەت هەڵدەبژێریت». ئەمەش یەکەم گۆڕانکاریی گەورەیە کە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا ڕوویداوە. ئەم گۆڕانکارییە دەرەنجامی کلینیکی خۆیشی هەیە.

بە پلەی یەکەم، دڵەڕاوکێیەک (anxiety) کە سوبێکت تووشی دەبێت. سوبێکت ڕووبەڕووی بژاردەکەی خۆی بووەتەوە. هەرچەندە هاوکات چاوەڕوانی وی لە ئەویتری گەورە وەک چاوەڕوانییەکە لە ئاوێنەی بەرسڤێک بەرامبەر بە بژاردەکەی خۆی. ئەم سوبێکتە هەمیشە نیگای ئەویتر وەک ئاماژەیەک درکدەکات. بێگومان ئەم ئاماژەیە دڵەڕاوکێ دەهێنێت. چونکە پێویستە ملکەچی ئەو شتانە بین کە ئەویتر [ی گەورە] لە ئێمە چاوڕێ‌دەکات. لێ نە تەنێ گوڕایەڵ بین، بەڵکو دەبێت بەپەلە ئەنجامی بدەین. بۆ ئەمەش گەلەک ڕاستی و میناک لە پراکتیکی کلینیکیی ڕۆژانەدا هەنە. با بێژین، لە کۆمەڵگەی پیشەسازیی فەڕەنسیی ئێمەدا، ڕەنگە ئەمە ڕووسیاش بگرێتەوە، داخوازییەکانی خاوەنکارەکان سەبارەت بە کارایی کارەکان ئەو مرۆڤە دەگۆڕن کە پێگەیەکی دیاریکراوی هەیە، ئەمەش دەبێتەهۆی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە کرێکارەکەدا. ئەمەیە لە فەڕەنسادا ڕوودەدات.

خەمۆکی بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشییە پیشەییەکان لەناو کرێکاراندا. و وەک ئەنجامێکیش بۆ خۆکوژی. چونکە لەو دیوی دڵەڕاوکێوە بەرسڤێکی ئەگەریی دیکەی سوبێکت نووستوە. لە سیستەمی کۆنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، کاتێک شکستمان دەهێنا لە گەیشتن بە شتێک لە ژیاندا، هەمیشە دەمانتوانی بچین گلەیی لە سەرگەورە بکەین، هەمیشە دەمانتوانی ئاماژەی پێ بکەین و پاشان بێژین: «ئەو گوناهبارە!». جگە لەوەش دەکرا گلەیی لە خودا بکرێت. بەم پێیەش پێگەی هیستریایی پێگەیەکە کاتێک ئاغا لە ئێمە تێناگات. ئەوانەی گوێبیستی دەنگی خودا دەبوون، گوێڕایەڵی دەبوون. بۆ من وەک فەڕەنسییەک یەکسەر ژان دارک دێتەوە بیرم. دەکرێت کەسانی دیکەش بیربێنینەوە. ئەم خەڵکانە کە گوێیان لە دەنگی ئاغا دەبوو، شوێنی خۆیان لە کۆمەڵگادا دەدۆزییەوە. ئێستا چیتر ئاغای قسەکەر نەماوە. ئەمەش واتای ئەوەیە سوبێکت دەبێت سەربەخۆیانە شتێک هەڵبژێرێت. لێ لەمەدا سەرکەوتوو نابێت. کەواتە دەچێت گلەیی لە کێ دەکات؟ کێ وەڵامدەداتەوە؟ تاکە کەس کە وەڵامدەداتەوە، خودی خۆیەتی، واتە سوبێکتە. لێرەوە بەشێوەیەکی سرووشتی خەمۆکی سەرهەڵدەدات. من لە ئاستێکی بەرزدا نەبووم، بۆیە من خەتابارم. من ئەمەم نەتوانی، چونکە بەتەنیا ئەو کارەم کرد. من ناتوانم شتێک بکەم. سەرەنجام لە نوسینگەی دەروونشیکاراندا خەڵکێکی زۆر دەردەکەون کە بەهۆی خەمۆکییەوە دەناڵێنن. ئەوان بەرهەمی گوتاری هاوچەرخن، کە تێیدا جێگیرکراون. لێ لە هەمان کاتدا وەک‌بڵێی زارۆکن، ناتوانن لەم گوتارەدا سەرکەوتوو بن. لە ئەنجامدا دەستدەکەن بە تاوانبارکردنی خۆیان.

بەڵام سوبێکتەکان شێوازێکی دیکەشیان هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان. ڕەنگە وادابنێن کە گوناهی خۆیان نییە. ئەمە گوناهی ئەویتر [ی گەورە]یە، بەڵام ئەویترێکی دیکە ـــ ئەویێکی ترى خراپ کە لە شتێکدا لێیان توڕەیە یان ڕقی لێیانە. ئەوێکى تر کە بەدویان‌دەکەوێت. ئەمەش، بۆ نمونە، لە دیاردەیەکی کلاسیکی‌دا بۆ تەمەنی هەرزەکاری دەردەکەوێت، کاتێک نیگا هەڵدەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەویتری گەورە، کە یەکسەر کاردانەوەی شەڕانگێزیی توندوتیژی هاندەدات، واتە کاردانەوەی بەدوکەوتن. ئیگۆ (من) پشت بە خودی بونیادەکەی ئیگۆی مرۆیی دەبەستێت. خۆتان دەزانن کە ئیگۆ شتێکە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەویتردا چێ‌دەبێت و پێکدێت. واتە هاوشوناسبوون لەگەڵ ئەو کەسەی کە  تێری‌دەکات یان لەگەڵ ئەو کەسەی کە ئەو خۆشیدەوێت. کاتێکیش ئێوە بەرپرسیاری خۆتانن، زۆر زەحمەتە سەرسام بن بە کەسێکی دیکە. بەم جۆرەش ئەویتر دەبێتە ئاستەنگێک بۆ تۆ، دەبێتە شتێک بەردەوام دەستوەردانت دەکات، ڕقی لێت دەبێتەوە، هەوڵدەدات ڕات‌بگرێت و ڕێگریت بکات. لە سەرەتای کۆڕەکەدا ڤیکتۆر ئاماژەی بە پەرتووکەکەم لەسەر دەروونشیکاری زارۆک کرد. لە دەروونشیکاریی زارۆکاندا زۆرجار ڕووبەڕووی ئەم تایبەتمەندییە کلاسیکییە دەبینەوە. ئەو دایک‌وباوکانەی کە مناڵەکەیان پێیوایە لای وان خۆشەویست نییە، مافی ئەوەیان نییە داوای لێ‌بکەن، بۆ نمونە، ژورەکەی خۆی پاکبکاتەوە. مناڵێکی لەم جۆرە، سەرەنجام، لەڕێگەی قەیرانی باوەڕەوە بەرهەڵستی دایک‌وباوکی خۆی دەکات. ئەمانە ئەو مناڵانە نین کە دان بە ئاوتۆریتی/دەسەڵاتدا نانێن، بەڵکو ئەو مناڵانەن کە لە هەلومەرجەکانی گوتاری لیبراڵی سەرمایەداری‌دا کاردەکەن (ئەرک ئەنجامدەدەن)، کە گوتاری ئاڵوگۆڕی تۆتالیتارییە، ئاڵوگۆڕێک لە یەکسانییەکانی نێوان و دایک‌وباوکان و زارۆکاندا دەکرێت. بەزۆری دایک‌وباوکان بۆ ئەوەی لەم دۆخە دەرچن، دەست بە موزایەدەکردن (بازرگانیکردن) دەکەن: «ئەگەر ژوورەکە خۆت پاکبکەیتەوە، ئەوا دەتوانیت بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە ئەنتەرنێتدا گەمە بکەیت». ئەمەش تەنێ پێگەی لیبراڵییانەی سوبێکتیڤ بەهێز دەکات. لێرەدا قسەکەم لەسەر کلینیکی ژیانی ڕۆژانەیە.

دەرفەتمان بۆ ڕەخسا قەناعەت بکەین کە چۆن سوبێکتەکان لە سەرەتاوە کاردانەوەیان بەرامبەر بە گوتاری لیبراڵی نواندووە. ئەوان کاردانەوەیان لەهەمبەری ئازادی نواندووە، بڕیاریانداوە ببن بەو کەسەی کە دەیانەوێت. ئێستا بیرم لەوە کردەوە کە لە وڵاتێکدا وتار پێشکەش دەکەم، 20 ساڵ پێش ئێستا کۆمۆنیستی بوو. لە کۆمۆنیزمیشدا ئاغا دەبێت فڵان یان فیسار بێت. بە دەرچوون لە گوتاری کۆمۆنیستی، گوتاری لیبراڵیزم دەتوانێت بە شێوەیەک خۆی پێشانبدات کە ڕێگە بە ئازادیی هەڵبژاردن دەدات. دەتوانێت وا خۆی پێشانبدات وەک‌بڵێی ئەمە جوڵەیەکە بەرەو ئازادی. وەک‌بڵێی ئەم جوڵەیە بریتییە لە ئازادکردنی سوبێکت. من زۆر بەداخەوەم کە ئەمە دەڵێم، لێ ئەمە هەڵەیە. ئەمە تەنێ فۆرمێکی دیکەی نامۆبوونە. ئەمە چیتر نامۆبوونێکی تۆتالیتاری نییە، بەڵکو نامۆبوونێکە لە فۆرمێکی نەرمدا. ئێمە ئەمە ناودەنێین خزمەتکردنی خۆبەخشانە. ئەو شتەیە کە ئێوە خۆبەخشانە (دڵخوازانە) ملکەچی دەبن و زیاتر لە چێژتان بۆ دەهێنێت. ئەمەیە نوێگەریی گوتاری سەرمایەداری بە بەراورد لەگەڵ گوتارەکانی پێش خۆیدا. هەر لە دەستپێکی ساتی هەبوونی مرۆڤایەتییەوە، و لەو کاتەی کە فەلسەفە و دەروونناسی هەیە، هەمیشە وتویانە کە ئامانجی هەبوونی مرۆڤ بەدیهێنانی چێژە. بەڵام لە هەمان کاتەدا کۆمەڵگە هەوڵدەدات بە جۆرێک ڕێکی بخات، چونکە ئەگەر مرۆڤ تەنێ چێژەکانی خۆی بەدیبێنێت، ئەمە دەبێتەهۆی تێکشکاندنی باقی کۆمەڵگە. بە پلەی یەکەم، ئەمە لەسەر پاڵنەری دەمیی وەستاوە. کاتێک من ئارەزووی ئوبێکتێک دەکەم، وی قووتدەدەم، دەیخەمە ناو خۆمەوە و دەیتوێنمەوە، وەک ئوبێکتێکی سەربەخۆ لە مندا وندەبێت. بۆیە بۆ بەدیهێنان و بەرجەستەکردنی چێژ پێویستە هەندێک سنوور دابنرێت کە لە سیستەمی پێشتردا ئەنجامیاندەدا. با نمونەی مەسحیەت وەربگرین. ئەو هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە ئامانجی ژیانی مرۆڤ چوونە بەهەشتە. بۆ ئەو شوێنەی کە تێیدا بۆ هەمیشە چێژ لە بەختەوەری وەردەگرێت. لێ بۆ ئەمەش مەرجێک پێویست بوو: دەبێت سەرەتا بمرێت. بەم پێیەش بەختەوەرییەکمان پێشکەشکراوە، بەڵام دوای مردن، ئەمە ئەو فاکتەرە دیاریکراوە بە ئارەزوو دەبەخشی، کە مرۆڤی لە لەدایکبوونەوە تا مردن ئاراستەدەکرد. دەبینین لێرەدا بە بەراورد لەگەڵ ڕەوتی سەرمایەداریدا شتێک گۆڕاوە. لێ سەرەتا دەمەوێت بێژم کە گوتاری کۆمۆنیستی بە نزیکەیی هاوشێوەی ئایین کاریکردووە. ئێمە بەختەوەری بۆ هەمووان دەئافرێنین، لێ دوای ئەوەی شۆڕشی پرۆلیتاریا ڕوودەدات، کاتێک دواجار کۆمۆنیزم دێت. بە واتای دیکە هەتا کۆتایی زەمان. لە هەر حاڵەتێکدا هەم ئایین و هەم کۆمۆنیزم بەختەوەری بۆ هەمووان پێشنیاردەکەن. لێ هێشتا ناتوانیت بەختەوەری مسۆگەربکەیت، چونکە هەموو مەرجەکان بۆ ئەمە جێبەجێ‌نەکراون. سەرەتا دەبێت ئازاربچێژیت، کەمێک چێژەکانی خۆت سنوردار بکەیت.

کۆمەڵگای هاوچەرخمان بەتەواوی شتی جیاواز دەڵێت. ئەو پێمان‌دەڵێت کە بەختەوەری لێرە و ئێستا بەدیدێت. بەختەوەریش هیچ سنورێکی نییە. وەک ئیمکان و دەرفەتەکانی مۆبایلەکەت، ئەنتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا دەتوانیت ملیارێک هاوڕێت هەبێت. واتە دەتوانیت بەبێ سنوور چێژ وەربگریت. تاکە بەربەستێک کە گوتاری سەرمایەداری ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ــ بریتییە لە کارکردی سەنتراڵیی سوبێکت، خەسان. ئەمە ئەو سنوورەیە، کە پشت بە چێژ دەبەستێت، بۆ ئەوە داڕێژراوە کە بیگۆڕێت بۆ خۆشی. گوتاری سەرمایەداری لەسەر فۆرمولەیەک دامەزراوە کە ئادەم سمیس لە ساڵی 1797دا لە پەرتووکی «سامانی نەتەوەکان»دا دایڕشتووە. دەردەکەوێت کە ئەو دامەزرێنەری ئاراستەی لیبراڵیزم بووە لە ئابوری‌دا. ئەو دەنووسێت: «ئەو شتەم پێبدە کە من پێویستم پێیەتی، منیش ئەوەت پێدەدەم کە تۆ پێویستت پێیەتی». ئەم فۆرمولەیە زۆر بە ڕوونی لەو نمونە خێزانییەشدا کاردەکات کە بۆم هێنانەوە: «ژوورەکەت پاکبکەرەوە و دواتر لەناو ئەنتەرنێت گەمە بکە». ئەمەیە ئاڵوگۆڕی لیبراڵ. ئاڵوگۆڕی چێژێکی پەتی. دوو بیرکردنەوە دەربارەی ئەم ئاڵوگۆڕە هەیە. چاودێری یەکەم لەلایەن بیرمەندێکی دیکەی هەمان سەردەمەوە لە ساڵی 1798دا کراوە. لە کاتی زیندانی‌دا نووسیویەتی: «چێژ لەو بەشەی جەستە وەرگرە کە خۆشی دەهێنێت، و بیر لە چێژوەرگرتن لەو بەشەی جەستە بکەرەوە کە جێی بایەخی منە». پێموایە ئێوە نوسەرەکەتان ناسیەوە ـــ ئەمە مارکیز دی سادە. بە واتایەکی دیکە لیبراڵیزم لادانێک (perversion) نییە. لێ تەنێ لە مۆدێلی لاداندا کاردەکات. هیچ ڕێکەوتیش نییە. ڕێکەوت نییە کە لە کۆمەڵگای لیبراڵی ئێمەدا لادانەکان ڕاکێشراونەتە بەر ڕووناکی ڕۆژانە. ئێستا ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییەم بیردەکەوێتەوە کە لێرە لە هۆتێلەکەدا سەیرمدەکرد. لەوێ بەردەوام باسی کارەساتەکان دەکەن. بەم شێوەیەش کەناڵەکە بۆ چێژە سادیستییەکان هانماندەدات ـــ بۆ ئەوەی ببینین چۆن ئەوانی دیکە ئازاردەچێژن. ئەمەیە کەناڵی لیبراڵ. بێگومان کەناڵی دیکەش هەن. بۆ نمونە ئەوانەی کە نمایشی جۆراوجۆریان لەسەر پیشاندەدەن و تێیدا خەڵکی ژیانی نهێنیی تایبەتی خۆیان ئاشکرادەکەن. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بێژین کە هەموو شێوازە لادەرەکانی چێژوەرگرتن لە کۆمەڵگە لیبراڵەکەماندا ڕێپێدراوە. فەنتازمی سوبێکتی فرۆیدیی، سوبێکتی نائاگایی [نەستەکی]، بونیادێکی لادەرانەی هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە سوبێکتی فرۆیدیی دەتوانێت خۆی لە واقیعدا بەدیبهێنێت. واتە بە ڕەهایی دڵەڕاوکێی واقیعی لای سوبێکت هانبدات. چونکە ئەگەر ئەو فەنتازمەکەی خۆی واقیعی بکاتەوە، ئەوا چۆن ئارەزووەکەی خۆی ڕێکبخات؟ هەندێ شت هەن لە بنەڕەتەوە ئیلهامی دڵەڕاوکێ بۆ  سوبێکت دەهێنن. بەوە ئیلهامی بۆ دەهێنن کە وەک ئەوەی ڕێ بە وی دەدەن ئەگەری بەدیهاتنی فەنتازم ببینێت. ئەوەش ڕێکەوت نییە زۆرێک لە فەنتازمە ساختە (پڕوپوچ)ـەکانی سوبێکتەکان لە  کۆمەڵگەی مۆدێرندا دێنەدی. بۆ نمونە گۆڕینی جەستەی خۆمان وەربگرین. ئەوانەی پێیان دەوترێت ترانسفۆرمیستەکان. ئەوان بە بەکارهێنانی نەشتەرگەری جوانکاری جەستەیەکی تەواوی خۆیان چێدەکەن. ئەمە تەنێ لەو کولتورەدا مومکینە کە ڕێگەت پێ‌دەدات وا بیربکەیتەوە گەیشتن بە کامڵبوون مومکینە. لای ئەم خەڵکانە یان فۆرمێکی ئاڵودەبوون، خووگرتن، یان هەستکردن بە شکست سەرهەڵدەدات. بۆ دەروونشیکار ئێرە بوارێکی مەزنی کارکردنە، کە لە بنەڕەتەکەیدا ئەم پرەنسیپەی خوارەوە هەیە: چێژ، وەک لاکان پێناسەی کردووە، ئەو شتەیە کە پێویست نییە. نابێت هیچ شتێک ڕووبدات. بۆ ئەوەی ئەزموونی چێژ بکرێت، پێویستە سنوردار بکرێت. من ڕێنماییەکانی خۆم کە لە فەرەنسا دەیاندەم، ڕێک لە هەوڵێک بۆ دیاریکردنی ئەم چەمکەوە دەستپێدەکەم:  سنوردارکردنی چێژ. و لە هەموو شت زیاتر ئەمە دەکەم و ئەو دوو ڕستە بەکاردەهێنم کە بە منی دەڵێن. یەکەم ڕستە: «من ناتوانم چێژەکەی خۆم بەدیبێنم، بۆیە من هیچ بەهایەکم نییە». لەم حاڵەتەدا پێویستە پلەبەپلە نەخۆش بۆ ئەو بیرۆکەیە ڕابکێشین کە ڕێک بێتوانایی لە بەدیهێنانی چێژەکەی خۆیدا ئەو شتەیە کە وی دەکات بە سوبێکتێک. یان [ڕستەی دووەم] نەخۆش دەڵێت بەهۆی حەزە خراپەکانی دەوروبەرەوە ناتوانێت چێژ وەرگرێت. با بێژین، ژنێک کە تێناگات، خاوەنکارێک کە هیچ کەسی خۆشناوێت و هتد. و پێویستە سوبێکتەکە نەبرێت بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە ئەوانی دیکە هەڵەن، بەڵکو وردە وردە پێکهاتەیەک [پێکەوەنان] (construction) بڕسکێنرێت کە تێیدا ئەویتر ببێتە ئوبێکتێکی پوخت. کاتێک ئەویتری گەورە دەگۆڕێت بۆ بەدوکەوتوو، ئەوا سوبێکت لە ئەویتردا کاردانەوەی دەبێت. پێویستە سوبێکت ڕابکێشرێت بۆ بیرۆکەیەک لەبارەی هەبوونی سوبێکتێکیی دیکەوە. فرۆیدیش دەربارەی ئەم سوبێکتە نووسیویەتی: ئەمە سوبێکتێکە کە دەڵێت «نا». سوبێکت ئەو کەسەیە کە بەرهەڵستی گوتاری چێژی ڕەها دەکات. و ئەگەر سوبێکتی فرۆیدی، سوبێکتی هیستریایی، ئەو کەسە بێت کە بە چێژ دەڵێت «نا»، ئەوا سیمپتۆمەکە دەبوو بە «من دەمەوێت چێژوەرگرم». من ڕەتیدەکەمەوە ملکەچی ئەو فشارە بم کە لەسەرم دەکرێت. ئەمە ئەو سوبێکتەیە کە بە سوبێکتی ئاغای گوتبوو «نا». سوبێکتی دنیای ئەمڕۆ بە سوبێکتی گوتاری لیبراڵ دەڵێت «نا».

لە کۆتاییدا دەمەوێت شتێک لەمەڕ گوتاری لیبراڵەوە بێژم. بە بنەماگرتنی دواین پێگەی خۆی، سوبێکت وەک ئوبێکتێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئوبێکتی تێربوون. ئوبێکتی چێژ. ئەوە لەبیردەکرێت کە کانتی هاوسەردەمی دی ساد و سیمیس وتویەتی: «ئەوەی نرخێکی نییە، کەرامەتی هەیە. ئەوەشی کە کەرامەتی هەیە، سوبێکتە».

 

 

 

 

 

 

 

 


۱. ئەم کۆڕە لە مۆزەخانەی خەونەکانی فرۆید لە 17ی تشرینی دووەمی 2011دا تۆمارکراوە.

 

 

سەرچاوە (ڕووسی):

Лаканалия. #8 2012, Тревога.