A+    A-
(680) جار خوێندراوەتەوە

                     ڕامان لە هەندێک ساتى «ئەبستراکت»

 

 

 

 

 

 

بیرکردنەوەى ئەبستراکت, بەسادەیی, واتە کاتێک ڕووبەڕووى بابەت/ئۆبێکتى بیرکردنەوە دەبیتەوە, لە هەڵبەزودابەزەکانى واقیع و مێژووى دادەماڵیت. وشەى "ئەبستراکشن" خۆى واتە داماڵین, داڕنین- ئەوەى کە بێیت و ئەوەى لە زەینتدایە لە واقیعى دەرەوەى دابڕنیت, لەکاتێکدا شتەکانى ناو جیهان و ئۆبێکتەکانى بیرکردنەوەش, ئالودە دەبن بە واقیع, دەچنە ناو کۆمەڵێک پەیوەندى و ئەگەر و نەگەرەوە, حیساباتێک دەچێتە سەریان کە چیدى ئەوەى «سەرەتا» نین. لەبەرامبەر بیرکردنەوەى ئەبستراکتدا, بیرکردنەوەى کۆنکرێتى‌مان هەیە: ئەو بیرکردنەوەیەى کە هەژمار لەسەر پێچەکان و نێوانگرییەکان و بەرزى‌ونزمییەکانى دیاردەیەک دەکات. هیچ دیاردەیەک ڕووت و ڕاستەوخۆ نیە, لە هەنگاوى یەکەمدا نەبێت, هەمان دیاردە کە دەجووڵێت و دەکەوێتەڕێ, لە ئاڵۆزیی تر دەئاڵێت. گەر ئەبستراکت, شتى دابڕاو و پەتى بێت, ئەوا کۆنکرێت شتى پەیوەندیدار و واقیعییە.

 

بە نمونەیەکى باو دەچینە ناو باسەکەوە: کاتێک لە هونەرمەندێکى کورد دەپرسن «ئایا حەزدەکەیت منداڵەکانیشت ڕێچکەى تۆ بگرنەبەر و ببنە هونەرمەند؟»,  ئەویش عادەتەن دەڵێت «نەخێر حەزناکەم». ئەو بەردەوام دەبێت و دەشڵێت «جارێکى تر خۆیشم نابمەوە بە هونەرمەند, شتەکە بۆ من ناچارى بوو». دیارە وەڵامەکە ئەبستراکتە, بەڵام گوێگر/بینەر بەهۆى ئەو هاوشوناسییە خێرا و عاتفییەى بۆى درووستدەبێت لەگەڵ ئەودا, بیریدەچێتەوە وەڵامەکە ئەبستراکتە. لەڕاستییدا نەستى بینەر پێویستى بەوەیە لە ڕیشەى شتەکە تێنەگات, چونکە نەست و میکانیزمەکانى بەرگری, ئەو کۆژانە دادەپۆشن لە ڕیشەى شتەکەدا هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى ئەم وەڵامە ئەبستراکتە, و کۆنکرێتى نیە؟

وەڵامەکە بۆیە ئەبستراکتە, چونکە وەڵامى پاش هونەرمەندبوونە. ئەو لە ئێستاوە, کە پرۆسە هونەرییەکەى بڕیوە, حوکم بەسەر پرۆسەکەدا دەدات. ئەو لێرەوە, سەرلەبەرى ناوەڕۆکى پرۆسەکە بەتاڵدەکاتەوە و دەچێتەوە سەرەتا, ئەو هەڵبەوزدابەزە مێژوویی و زاتییانە دەسڕێتەوە کە پیا تێپەڕیوە؛ بۆیە تووشى ئەبستراکشنێکى خێرا هاتووە. وەڵامەکەى ئەو گریمانەییە, بەڵام بەم گریمانەییبوونە تووشى بیرکردنەوەى ئەبستراکت هاتووە. ئەو هەموو ڕەهەندە کۆنکرێتى و واقیعییەکان هەڵدەپەسێرێت, کە ئەویان کردووەتە هونەرمەند. ئەم وەڵامەى ئەو, وەڵامى کۆتاییەکانە, هەر دەبوو لە کۆتاییشەوە پێى بگات, گەرنا ناتوانێت بگەڕێتەوە سەرەتا و هەمان وەڵام بداتەوە. هونەرمەندبوون بۆ ئەو ناچارى بووە, بۆیە ناچارە هەمان چارەنووس قبوڵبکات. تاکە ویست/ئیختیارى ئەو ئەوەیە پێى خۆش نەبێت مناڵەکانى هەمان ڕێگا بگرنەبەر. لەمە بترازێت, ئەو لە پارادۆکسێکى زاتى/سوبێکتیڤدا گیرۆدەیە, پارادۆکسێک کە ناچارە گریمانەیەکى ئەبستراکت بخاتەڕوو. ئەم پارادۆکسە بەجۆرێکە کە ناتوانێت هەرچى ناوەڕۆکى کۆنکرێتییە لە خۆى دابماڵێت و ببێتە شتێکى ترى جیا لە "هونەرمەند". «سەرەتا» تازە لەدەستچووە, ئەوەى هەیە «ئێستا»یە, ئەم ئێستایەش بەرەنجامى پرۆسەیەکى چڕوپڕى تێپەڕینە بەناو زۆر هەڵبەزودابەزدا. بۆیە گەر ئەو بگەڕێنیتەوە بۆ سەرەتا, ئیدى ئەم یادەوەرییەى نابێت, و وەڵامەکەى ئێستاشى نابێت. گریمانەکە, دەچێتەوە سەر مۆدێلە سەرەکییەکەى خۆى کە بریتییە لەوەى «حەزتدەکرد لەدایک نەبیت؟». دیارە وەڵامى ئەم پرسیارەش, هەر وەڵامێکى ئەبستراکتە. مرۆڤ لەسەرەتاوە نەژیاوە, تا بزانێت ژیان چیی تیایە.

هیگڵ, لە وتارى «ئەوە کێیە بەئەبستراکتى بیردەکاتەوە؟»(١)دا بیرکردنەوەى ئەبستراکت بە هى مرۆى ڕەشۆک دادەنێت. دیارە هۆکارەکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە, شوێنى کۆمەڵێک حوکم و پۆڵێنى حازر دەکەوێت کە ناچارى ناکات بیر لە ختووە ئاڵۆزەکانى بیرکردنەوە بکەوێت. بەڵام دەتوانین ڕەهەندێک لەم حوکمەى هیگڵدا زەق بکەینەوە و بڵێین: بیرکردنەوەى ئەبستراکت, چێژى تایبەتیی خۆیشى هەیە بۆیە مرۆڤەکان بەزۆرى پەناى بۆ دەبەن. بیرکردنەوەى کۆنکرێتى, خاڵى نیە لە عەزێت و سەرێشە و پێچەڵبینى. بۆیە بیرکردنەوەى ئەبستراکت, لە چاوتروکانێکدا حازرە و هەرچى ڕەهەندى کۆنکرێتى و واقیعییە لە دونیاى دادەماڵیت. لەخۆڕا نیە لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا سود لە بیرکردنەوەى ئەبستراکت وەردەگیرێت بۆ ئەوەى چێژ ببەخشرێتە بینەر و هەموان تووشى هاوشوناسى ببن. هەموومان ئەو بەرنامانەمان دیوە کە بەشێوەیەکى ئەبستراکت لە کەسێکى سەرشەقام دەپرسن «جانتایەک دۆلار بدۆزیتەوە, چیی لێ دەکەیت؟» یان «پێت لە بوخچەیەک ئاڵتوون هەڵکەوێت, چیی پێ دەکڕیت؟»(هیگڵ خۆیشى لێ دەرناکەین کە دەیتوانى ئەو بوخچە دۆلارە بداتە کۆمەڵێک دەقى یۆنانى). ئەم پرسیارانە تەواو گریمانەیی و ئەبستراکتن, چونکە لە هەموو ئەگەرە کۆنکرێتییەکان داماڵراون. بەم مانایە بیرکردنەوەى ئەبستراکت, لەگەڵ خەیاڵدا یەکتر دەبڕن, خەیاڵیش وەک بیرکردنەوەى ئەبستراکت ئاسانە و چێژى خۆى هەیە. لە بیرکردنەوەى ئەبستراکتدا, هەمیشە شتێک دەڵێین کە دڵخوازى خۆمانە, خۆ بە سەلماندنى ئەگەرە کۆنکرێتییەکانەوە خەریک ناکەین. ئەونێوانگر و میدیۆمانە هەژمارناکەین کە فڵان شتى ڕەخساندووە. بۆیە بەر جۆرێک مینیماڵ دەکەوین, جۆرێک پوختى و سادەیی کە هەر شایستەى زەینانى ئاسودەڕامێنە. بیرکردنەوەى ئەبستراکت, جگە لە خەیاڵ, پرسى "مینیماڵ" و سادەییش دەبڕێت.        

نمونەیەکى تر لە بوارى تەلارسازییدا دێنینەوە: گەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی نیولەتیک(چاخى بەردینى نوێ), و بیبەستین بەمڕۆوە ئەوا بەر درووشمێکی بەناوبانگ دەکەوین کە دەوترێت «تەلارسازیی سەردەمی نیولەتیک جۆرێک لە مینیماڵ و سادەیی تیایە». ئەمە لەڕواڵەتدا درووستە, بەڵام لێکچوونێکیشە لە دەرەوەی کاتەوە و هەژمار لەسەر ئەو جیاوازییە مێژووییە نەکراوە کە جیاوازیی فیکرییش دەخاتەوە: لە نیولەتیکدا گەر تەلارسازی چالاکییەکی سادەی مرۆڤ بووبێت, ئەوا سەردەمەکە جیابووە, مرۆڤ خۆی سرووشتی و سادە بووە, کەرەستەکان ساکار و کرچ بوون, دەسپێک خۆی دەسپێک بووە(واتە مینیماڵ و سادەیی ئەو سەردەمە خۆی شتێکی ڕاستەوخۆ و سروشتی بووە). مینیماڵ لەمڕۆدا, لاساییکردنەوەی سرووشتی و سادەییە نەک ئەوەی خودی سادەییەکە بێت. لە نیولەتیکدا ئێمە لە سەردەمێکی بێ‌نێوانگردا دەژیاین, بەڵام لەمڕۆدا لە سەردەمێکی نێوانگریکراودا دەژین. ئەودەم خودی مینیماڵمان هەبوو, بەڵام نەماندەزانی مینیماڵە, بەڵام ئەمڕۆ مینیماڵمان هەیە بەبێ ئەوەی خودی مینیماڵمان بەو چەشنەی سەردەمی نیولەتیک هەبێت. لێرەشدا هەڵبەزودابەزە کۆنکرێتى ومێژوویی و واقیعییەکانمان داڕنیوە و دوو سەردەممان بەروارد بە یەکتر کردووە. لەکاتێکدا گەر ئەم سەردەمەىئێستا نەبووایە, ئەوا سەردەمى نیولەتیک هەرگیز خۆى وەک جۆرێک لە مینیماڵ دەرنەدەخست و بوونیشى نەدەبوو.

سەرەنجام, بیرکردنەوەى مرۆى کورد تێکڕا بیرکردنەوەیەکى ئەبستراکتە. تاوانەکە پرسێکى کەسى نیە, بەڵکو مێژوویەک بەکۆ دەرگیرى ئەم گرفتەیە. دیاردەکان لەسەر پلێتێکى ساف و ئەبستراکت وەردەگیرێت, حسێب بۆ ئەو پێچ و نێوانگرە چارەنووسسازانە ناکرێت کە فڵان دیاردەى خوڵقاندووە. بیرکردنەوەى ئەبستراکت هەر بەچێژ نیە, بەڵکو ناقۆڵا و بەهێزیشە: هێزى زۆرینەى خەڵک, هێزى پارە و شتانى ڕاستەوخۆى لەپشتەوەیە. بیرکردنەوەى ئەبستراکت خۆى ڕاستەوخۆ و دڵسافە, بەڵام دڕ و ڕەقیشە. گەر جارێکى تر نمونەى کابراى هونەرمەند بێنینەوە, ئەوا لە یەک حاڵەتدا خۆشحاڵە مناڵەکانى بە ڕێچکەى ئەودا بێنەوە کە «سیاسى»یەک بێت: سیاسى, هەمیشە ساف و ئەبستراکت بیردەکاتەوە چونکە چێژ لەوە دەبینێت و هێزی ڕاستەوخۆیشى بەدەستەوەیە. ئەو ناچار نیە وەک هونەرمەندێک بیر لە گریمانەیەکى وا بکاتەوە, بەڵکو ڕاستەوخۆ و ئەبستراکت و بێ هیچ ئاڵۆزکردنێک, حەزدەکات بە شوێنپێى ئەودا بێنەوە. ئەمە بێجگە لەوەى سیاسەت ڕۆژانە خەریکى دووبارەکردنەوەى ڕستە و گوزارەى ئەبستراکتە, کۆمەڵێک گوزارە کە هێند ڕاستەوڕاستن خاڵیین لە هەر جۆرە ڕاستییەکى کۆنکرێتى.

دیارە ژیان لە هێڵە گشتییەکەیدا, کە مرۆى بیرکەرەوە و نابیرکەرەوەش تێیدا هاوبەشن, هەمووکات بە بیرکردنەوەى کۆنکرێتى ناڕوات بەڕێوە؛ بەڵام لەقووڵاییدا ئەم هێڵە گشتییانە بە بیرکردنەوەى کۆنکرێتى ڕێکدەخرێن و تازەدەکرێنەوە. گەر بیرکردنەوەى ئەبستراکت تووشى زیادەڕۆیی هات و سەرلەبەرى واقیعێک تووشى بوو, ئەوا چێژ لە بیرکردنەوەى ئەبستراکتیش فۆرمێکى زیادەڕۆیانە و تەنانەت نەخۆشانەش وەردەگرێت. بۆنمونە, ئەمڕۆ ئەوانەى بۆ گەنجان قسەدەکەن, شتێکى ئەوتۆ ناڵێن, تەنیا قسەدەکەن, قسە لەپێناوى قسەدا, چێژوەرگرتنى هەردوولا لە قسەى ڕووت. وەکچۆن خەڵکانى پیسکە, چێژ لە کۆکردنەوەى پارە دەبینن لەپێناوى پارەدا- ئەوانیش دەسکورت و ئەبستراکتن.

    

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

 

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

پەراوێز:

(١) بۆبینینى ئەو وتارە, کلیک لەسەر ناونیشانەکە بکە.