A+    A-
(623) جار خوێندراوەتەوە

دیوێک لە دیوەکانى  ئۆبێکتی بچوکی a

 

 

 

 

 

ڕیچارد بووتبی

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

  لەپاڵ مەمکدا، یەکێکی تر لە "ئۆبێکتە مەزنە دەست‌لێ‌هەڵگیراوەکان"ـی مناڵیی بێگومان پیساییە و لە پەیوەند بەم ئۆبێکتە پاشەڕۆئاسایەوە، واتە دیوی دووەمی ئۆبێکتی a، پەیوەندیی نێوان ئۆبێكتی بچوکی a و ئارەزووی ئەویتر بە زوڵاڵییەکی تایبەتەوە دەردەکەوێت.

  لاکان بە پێناساندنی "تێڕوانینی سرووشتی"ـی ڕووەو پیسایی دەستپێدەکات. بۆ حەیوان، "پیسایی وەک شتێکی ڕەتکراوە خەسڵەتی پێ دراوە...و هەر بەم هۆیەشەوە سەر بە هەست و گوژمێکە کە ئەو زیندەوەرە دەخوازێت خۆی لێ داببڕێت. ئەوەی بۆ ئەو گرنگە ئەوەیە دێتەناوەوە؛ ئەوەی دەچێتەدەرەوە وا دیارە بونیادێکی هەیە کە زیندەوەرەکە ناخوازێت لە خۆیدا هەڵیگرێت"(لاکان، سیمیناری دە: ٦-١٩-٦٣). مرۆی گەشەسەندوو بە پێچەوانەی حەیوانەوە، هەر زوو لەوە بەئاگادێتەوە، کە هەر شتێک لە چواردەوری ماددەی پیساییدایە گەورەترین هاوردەکراوە. ڕوواڵەتی پیسایی سەرنجی وردی دایک یان دایەنمان بۆ ڕووندەکاتەوە- سەرنجێک کە خەریکبوونی دڵەڕاوکێساز مۆرکیەتی. ئەوە چۆنە مناڵ ناتوانێت بگات بەو دەرەنجامەی کەوا ئەم ماددە بێنرخە، بەبەهاترین شتە لە جیهاندا؟ ئەوە چۆنە مناڵ درک بەو ڕاستییە ناکات، ئەو بەشەی کە ئەو ماددەیە بەرهەمدێنێت، وی بە شێوەیەکی بەردەوام و ناوەکی بە دایکەوە دەبەستێتەوە؟ بە مانا لاکانییەکەی، پیسایی مناڵ ئۆبێکتی نهێنیی داوای دایکە.

"پیسایی لە چ ڕێگەیەکەوە دێتەناو سوبێکتیڤیزاسیۆنەوە؟...[ئەم پرۆسەیە] پێکدێت لە فێرکردنی ئەو شتەی پێی دەوترێت پاکوتەمیزی؛ ئەمە فەرمان بە مناڵ دەکات کە پیساییەکەی ڕاگرێت و هەر لەبەر ئەمەش پێشوەختە [شتەکە] بە پانتایی پەیوەستبوونەوە و بەشێک لە جەستە ئاشنادەکات، لێرەشدا گەرەکە کاتێکی دیاریکراو ڕەچاوبکرێت تاوەکو تووشی ڕەنجان نەیەت و پاشانیش فڕێیداتە دەرەوە، بێگومان هەمیشە لەسەر داواکاری [فڕیدەداتە دەرەوە]...ئەویش بە فەزڵی ئەو ڕاستییەی کە داوا(demand) دەبێتە بەشێکی خەسڵەتپێدەری فڕێدان...سوبێکت بڕێک ئیدراکی دەرهەق بەو شتە هەیە کە دەیکات، ئەم بەشە لەلایەن ئەو ڕاستییەوە نرخی پێ دەدرێت کە سوبێکت تێربوونی خۆی دەداتەدەست داوای ئەویترەوە"(ه.س.پ).

  دەرەنجامەکانی جێگیرکردنی پیسایی لەناو سووڕی داوای ئەویتردا، تەنیا کۆمەڵێک دەرەنجامی پاتاڵانە نین. یەکەم، ڕەچاوی کاریگەرییەکانی بکەن لەسەر جەستەی سوبێکت. ڕاهێنانی تەوالێت [یان ئادابی چوونە تەوالێت]، بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ئەویتر زۆر بەچڕی خواستی لەسەر کارکردە زۆر بەرایی و نیمچەسەربەخۆکانی فیسیۆلۆژیا(جەستە)ی ساوا هەیە. ئا بەم شێوەیە، کۆم بارگاوییە بە داوای ئەویتر. لەبەر ئەم هۆیە، وێڕای قێزکردنەوەیەکی دووبارەی کۆمەڵایەتی لە هەر شتێک کە ڕەپتە بە پیساییەوە- بگرە هەر لەبەر ئەم قێزکردنەوەیەش- گەرەکە کۆم(ماسولکەی کۆم) وەک کاریگەرترین ئۆرگانی کۆمەڵایەتیی جەستە لێی بڕوانرێت. ئەو جێیەیە کە تێیدا بنەڕەتیترین کارکردە فیسیۆلۆژییەکان و جووڵەی بەڕیتمی ڕیخۆڵەکان لەگەڵ وردترین دینامیکە سایکۆلۆژی و نێوکەسییەکاندا لێک دەئاڵێن، و لەلایەن ئەزموونی عەشق و ڕەتکردنەوەی سوبێکت لەلایەن ئەویترەوە خەسڵەتیان پێ دەدرێت. گەر گەمەیەکی ڕەوانبێژانە بکەین، لە ڕاهێنانی تەوالێتدا کۆم لەلایەن ئارەزووی ئەویترەوە "کۆڵۆنیزە(داگیر)" دەکرێت. ئیتر لە ژیانی داهاتووی تاکدا، گرژبوون و خاوبوونەوەی ماسولکەکانی کۆم دەبنە دەلالەتی گلۆباڵ لە باڵادەستی و ژێردەستەیی، سەربەخۆیی و پەیوەستبوونەوە.

  گەر ماتریاڵی پیسایی و پاشەڕۆئاسا ببەینەناو گرێیەکی فیسیۆلۆژی-هەستەکییەوە، ئەوا کۆمەڵێک دەلالەتی لێ باردەکرێت، کە هەموو تێڕوانینە سرووشتی یان حەیوانییەکان لەمەڕ پیسایی فڕێدەداتە ئەولاوە. بەپێی هاوتاییەکی ڕەمزی، کە فرۆید پێشوەختە ئاگاداری بوو، پیسایی دەبێتە نیشانەیەکی نهێنیی ئەشق- پیسایی وەک دیارییەکی سەرەتایی. بەم شێوەیە "هەڵسەنگاندنەوەی هەموو بەهاکان" بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ ڕوودەدات. بە وەستان و چەقین لەسەر ئەو شتانەی لە ئاستێکی سرووشتیدا بێنرخن، مەودای ئۆبێکتەکانى ئارەزووی مرۆڤ فۆرماڵانە تا ناکۆتا درێژدەبێتەوە، تەنانەت وەک ئیمکان پیسترین و قێزەونترین ناوەڕۆکیش لەخۆدەگرێت. لە هەمان کاتدا، بەرزبوونەوەی پیسایی بۆ ئاستی نیشانەی عەشق، لەڕێگەی کینەڤینییەکی کاریگەرەوە ڕەنگڕێژی ئەزموونی هەموو پێکبەستە لیبیدۆییەکانی دواتر دەکات. لە هەناوی پەیوەندیی ئاشقانەدا شتێک هەیە و دەشێت لە هەر ساتێکدا وەک شتێکی ناچیز و بێنرخ خۆی دەربخات. جا بۆیە نوکتەکان لەمەڕ کارکردی سێکسی، دەبنە "نوکتەی ڕووتەڵە". عەشق هەردەم لەلایەن گومانێکی ڕیشەییەوە-واقیعێک لە ئاستی نەستدا- ڕاودەنرێت، کە لەڕاستییدا شتێکی هێندەش گرنگ نیە. دەشێت شتێکی هاوشێوە دەربارەی ئەو ڕێگەیەش بڵێین کە لێیەوە درامای ڕاهێنانی توالێت کینەڤینییەک لە هەمبەر کۆی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ و بونیاد و پاڵپشتەکانی دەڕسکێنێت. بە مانایەکی زۆر درووست، مرۆڤ لەڕێی وەبەرهێنانی ناسرووشتی لە خواستیی لیبیدۆیی کارکردنی ڕیخۆڵەکانییەوە هاتەناو ژیانی شارستانییەوە. هەیکەلی شارستانییەت لەسەر بنەمای بەلیبیدۆیی‌کردنەوەی نەستەکییانەی پیسایی ڕۆنراوە.

  ناساندنی ئۆبێکتی بچوکی a وەک ئۆبێکتی کۆم، ڕۆشنکەرەوەی ئەو پێناسەیەی لاکانە کە دەڵێت ئۆبێکتی بچوکی a لە کون و کەلێنەکانی جەستەدا درووستدەبێت و کارکردی ئەو ئۆرگانانەیە وا "لێوار(rim)"یان هەیە؛ واتە ئەو هێڵەی کە ناوەوە لە دەرەوە و ئەویتر جیادەکاتەوە. بەکارهێنانی وشەی لێوار، بەڕوونی ڕەهەندی خەیاڵیی ئۆبێکتی بچوکی aمان بۆ ڕووندەبێتەوە، نەک تەنیا وەک "نێوەندێک"ـی ناجێگیر لەنێوان سوبێکت و ئەویتردا، بەڵکو وەک پچڕان و نابەردەوامیی گەشتاڵتی جەستەیی. پیسایی وەک شکێنەری یەکپارچەیی جەستە ئەو پرسیارە قوتدەکاتەوە ئاخۆ چ دڕندەییەکی تری ڕیاڵ لەلایەن پێستەوە شارابێتەوە و لەخۆگیرابێت.

  ئا لەم خاڵەدا دەتوانین سەرنجێک لەمەڕ پەیوەندیی ئۆبێکتی بچوکی a بە کارکردە دەروونییەکانی پەڵە(stain)وە بڵێین، کە زۆرجار لاکان ئاماژەی پێ کردووە. پەڵەیەکی نائاسایی ڕوویەکی یەکڕەنگ و هۆمۆژێن تێکدەدات و وا دەکات ئەو پرسیارە درووستببێت ئاخۆ لەودیو ئەو ڕووەوە چ شتێک هەبێت، وێنەکە چ شتێکی زیاتر لەخۆدەگرێت. توانای ئۆبێکتی بچوکی a لە درووستکردنی نوقسانی و نواندنەوەی داخڵبوونی نێگەتیڤ(نەفی)دا، پشت بە پیسکردنی ڕووی جەستەیەک(تەنێک) دەبەستێت. لاکان ئەم خاڵە لەڕێگەی ئاماژەکردن بە خاڵی ڕووخسار(beauty mark)ەوە ڕووندەکاتەوە؛ ئەفسوونی هەبوونی خاڵ لە بەرامبەر ڕوویەکی تری بێ‌خاڵدا. سەرچاوەی ئەم ئەفسوونە لەوەدایە کە وا دەکات ئۆبێکتی بچوکی a بخرۆشێت. "خاڵ شوێنی ئۆبێکتی بچوکی a دەردەخات، لێرەدا تا ئاستی سفر کورتکراوەتەوە و کارکردەکەی هەر ئەوەیە جاری پێشوو پێم وتن. خاڵ، زیاد لەو شوێنەی ڕەنگی دەگۆڕێت، ئەو شتەشە کە سەیرمدەکات"(سیمیناری دە: ٥-٢٢-٦٣). "لەپاڵ ئەو پەڵەیەدا کە درووستدەبێت و لە پانتایی ئارەزوودا، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئەو شتە هەیە کە لەپشتەوەڕا شاردراوەتەوە"(ه.س.پ: ٥-٦-٦٣).

  دووبارە ڕاڤەکردنەوەی قۆناغەکانی دەم و کۆم لەلایەن لاکانەوە، بەڕوونی ئەوە دەردەخات کە چۆنچۆنی پاڵنەر لە مرۆڤدا لە سیاقی کارکردگەلی سرووشتیی شیردان و دەردانەوە دەردەکەوێت، بەڵام ئەمیش کاتێک [ڕووندەبێتەوە] کە ئەو کارکردانە بخرێنەناو هەوڵی نوێ و لەسرووشت‌داماڵراوەوە[واتە لە گۆشەیەکی نوێی نابایۆلۆژی و ناسرووشتییەوە لێیان بڕوانرێت]. خواردن و دەردان تەنیا ئەو کاتە دەبنە مرۆیی، کە بهێنرێنە ناو سووڕی داوای شتێکە کە زۆرزۆرە بۆ ئەوەی پێویستی(need)یەکی سرووشتی پێ تێربکرێت. ئەم ڕەگەزە زێدەسرووشتییە، لە تەنگژەی پێویستییە بایۆلۆژییەکان دابڕاوە و وەک هێزێکی سەربەخۆ دامەزراوە؛ ئەو شوێنە دەرەچەق و ڕیزپەڕەی کە پاڵنەرەکان بۆ هەمیشە و بەبێ تێربوون بەدەوریدا دەسووڕێنەوە، بریتییە لە ئۆبێکتی بچوکی a. بۆیە لاکان بەو دەرەنجامە دەگات کە "ئۆبێکتی بچوکی a بنەڕەتی پاڵنەری دەم نیە. وەک خواردنێکی ئۆرگیناڵ دەرناکەوێت، بەڵکو لەو ڕاستییەوە دەردەکەوێت کە هیچ خواردنێک بە هیچ شێوەیەک پاڵنەری دەم تێرناکات، ئیللا مەگەر بەسەر ئۆبێکتە هەمیشەنوقسانەکەدا زاڵبێت". لەبەر هەمان هۆکار و دوور لە هەر گەشەسەندن و گەورەبوونێکی سرووشتی، گەرەکە وا لە گەشەندنی مناڵ لەڕێی چەند قۆناغێکی یەک‌بەدوای‌یەکەوە تیبگەین، کە کۆچکردنی کارکردی ئۆبێکتی بچوکی aـە؛ کۆچکردن وەک ئاوارەیەکی مەلوول و بێ‌ئیسراحەت لەم کۆئەندامەوە ڕووەو یەکی تر.

"گواستنەوە لە پاڵنەری دەمەوە ڕووەو پاڵنەری کۆم، لەڕێگەی پرۆسەی گەورەبوون و پێگەیشتن(maturation)ـەوە بەدەستنایەت، بەڵکو لەڕێی دەستوەردانی شتێکەوە بەدەستدێت کە سەر بە پانتایی پاڵنەرەکان نیە- واتە لەڕێی دەستوەردان و زاڵبوونی داوای ئەویترەوە...هیچ گۆڕانێکی سرووشتیی پاڵنەری دەم بۆ پاڵنەری کۆم بوونی نیە"(چوار چەمکە بنەڕەتییەکەی دەروونشیکاری: ١٨٠).

 

 

 

 

 

سەرچاوە:

Jacques Lacan(Critical Evaluations in Cultural theory), zizek(ed.), p. 165-67. vol. 2