A+    A-
(689) جار خوێندراوەتەوە

 

زەینێکی گڕگرتوو بەرامبەر شتە ساردوسڕەکان

 

 

 

 

ئەلێنکا زوپانچیچ

و. دێرسیم فایەق

 

 

 

 

سۆفۆکڵیس ئەنتیگۆنەی لە دەوروبەری ساڵی ٤٤١ پ.ز. دا نوسیوە. لە جیهانێکی وێنانەکراو و جیاواز لەوەی خۆماندا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسایەتیی ئەنتیگۆنە بەردەوامە لەوەی وەک تارماییەک بەسەر خەیاڵەکانماندا بێت و بچێت و کاریگەرى بخاتە سەر بیرکردنەوەمان لەسەر چەندەها بواری جیاوازی ئایدیاکان و جەنگەکان بە کۆن و نوێی مۆدێرنیشەوە. لە سەد ساڵی ڕابردووەوە زیاد لە چل جار کاری داڕشتنەوە بۆ ئەنتیگۆنە کراوە، ئەمە بێچگە لە زۆرێک لەو وەرگێڕانە "داهێنەرانە" و چەندین خوێندنەوەی بێهەژماری – فەلسەفەی و بواری تری – شانۆکە. گەر شەش ساڵی ڕابردوو وەربگرین، چەندین داڕشتنەوەی نوێ دەرکەوتوون. دووانیان کە هەردووکیان لە ٢٠١٧دا بڵاوکراونەتەوە (مۆنۆلۆگی شیعری  ئەنتیگۆنە لە مۆڵێنبێک و ڕۆمانی ئاگرە ماڵی کامیلا شەمسی)، ئەنتیگۆنە دەخەنە ناو  سیاقی تیرۆریزم و "شەڕی دژی تیرۆر"ـی هاوچەرخەوە؛ یەکێکی تریان (فیلمی ئەنتیگۆنەی [2019] سۆفی دێراسپ) دەیخاتە ناو سیاقی ئەم قەیرانەی دوایی پەنابەرانەوە؛ لەکاتێکدا ئەنتیگۆنە (2016)ـی سلاڤۆی ژیژەک سێ کۆتایی ئەڵتەرناتیڤیی بۆ شانۆکە دەنوسێتەوە، و شێوازێکی بەهێز دادەهێنێت، بۆ ئەوەی توخمی سێیەم– کە کۆرسەکەیە وەک سوبێکتێکی دەستەجەمعی -  بخاتەوە ناو تێمای باش پراکتیزەکراوی پەیوەندیی نیوان تاکەکەس و دەوڵەت.

بەدڵنیاییەوە شتێکی نامۆ نیە شانۆیەکی کلاسیکی یا پاڵەوانێک چەندین نوسخە و خوێندنەوە ("لێکدانەوە")ـی جیاوازی بۆ بکرێت، بەڵام ئەنتیگۆنە لەگەل ئەوەشدا شتێکی تا ڕادەیەک ئاوارتەیە. هەروەها دیسانەوە ئاوارتەیە بەهۆی ئەو هەموو نوسخە بەڕاست سەرنجراکێشەی خۆی کە وەگەڕیخستۆتەوە[1] –  وەگەڕیخستۆتەوە نەک ئیلهامبەخشی بێت، چونکە ئاگر لەوەدەچێت زۆر زیاتر پەیوەست بێت بەو شوێنەوار[2]ەی ئەنتیگۆنە بە پێداگیرییە مکوڕە "سارد"ـەکەی بەرهەمی دەهێنێت. لە دەستپێکی شانۆکەی ئیسمێنە پێی دەڵێت تۆ زەینێکی ئاگراوییت بەرامبەر بە شتە ساردوسڕەکان هەیە. ئەم دەربڕینە لەڕاستییدا ئیلهامبەخشە و دژ بەو پەند و پێشنیازانەیە کە پێیانوایە پیویستمان بە زەینێکی ساردە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ شتە گەرمەکاندا بکەین: بەڵام خراپترین شتەکان و رووداوەکان ساردوسڕن، نەک گەرم؛ و پێویستی بە زەینێکی زۆر گەرمە بۆ ئەوەی بە ڕاستی دەرگیریان بێت و وابکات کەسانی تریش هەر بەهەمان شێوە بکەن.

ئەو ڕاستییەی کە چەندەها نوسخەی بەهێزی شانۆییەکە هەیە دەرخەری شتێکی زۆر بلیمەتانەی ئەو شێوەیەیە کە دراما ڕەسەنەکەی لێوە پێکهاتووە. چونکە سەرەڕای ئەوەی باس لە چەندین نوسخە دەکەین (کە دەلالەت لە جیاوازی و جیاکاری[3] دەکەن)؛ هەموو نوسخە بەراست باشەکان، شتێک بەرهەمدەهێننەوە: توانای دووبارەکردنەوە، یاخود ڕەنگە ئافراندنەوە، و چالاککردنەوەی جۆرە تاقانەی[4]یەکی ئەو کۆمەڵە-پەیوەندی[5]یەی پێی‌دەوترێت "ئەنتیگۆنە" یان، وەک ئەوەی لە شانۆ رەسەنەکەدا خراوەتەڕوو، هەیە.

بەشێوەیەکی گشتی واپێدەچێت هەموو جارێک ئەنتیگۆنە ببێتەوە بە جێى‌سەرنج (ـی نوسینەوە و لێکدانەوە)، کاتێک جێگۆڕکێیەکی تەکتۆنی یا قەیرانێک لە تەونی کۆمەڵایەتیدا یا لە بونیادی ڕەمزیی یاسادا یاخود لە پانتایی فراوانتری ئەخلاق یا ژیانی ئیتیکی Sittlichkeitدا هەبێت. بە دەقیقتری لەوانەیە کەسایەتیی ئەنتیگۆنە جۆرێکی تایبەتی ئەنتاگۆنیزمی کۆمەڵایەتی، کە دەپەرژێتە سەر پرسینی خودی پێکهاتە و بوونی پرسی کۆمەڵایەتی[6]، بنوێنێتەوە. بۆیە، گەر بمانەوێت ئەو تاقانەییە پەیوەستە و "ناکۆتا" ئامادەیەی شانۆکە دەستنیشانبکەین، ئەوا ئەنتاگۆنیزم یەکەم هەنگاو دەبێت لە پێناسەکردنیدا. بەڵام نابێت لەم حاڵەتدا ئەنتاگۆنیزم وەک نەیارێتی و ناکۆکیی نێوان دوو (یا چەند) توخمێک تێبگەین، بەڵکو دەبێت لەو واتایەوە کە مارکس باسی لە "ئەنتاگۆنیزمی چینایەتی" دەکرد لێی تێ بگەین: نەک بەسادەیی وەک ناکۆکیی نێوان چینە جیاوازەکان و بەرژەوەندییەکانیان، بەڵکو وەک شتێک کە پەیوەندە بە خودی لۆژیکی ئەو فەزا، یاخود واقیعەی، کە ئەم چینانەی تێدا هەن – کە لەم حاڵەتەدا، واقیعی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە. بە واتایەکی دیکە، کاتێک لە حاڵەتی ئەنتیگۆنەدا باس لە ئەنتاگۆنیزم دەکەین، بە واتای ئەوە نایەت سەرنجمان بخەینە سەر ناکۆکیی لەگەڵ و بەرهەڵستی دژ بە کریۆن، بەڵکو سەرنجمان بخەینە شتێک لەڕێی و لەناو ئەم ناکۆکییەوە سەردەردەهێنێت و لۆچێکی تاقەنەیی یا درزێک دێنێتەپێشەوە، و ئەو پێگەیە کە لە ناکۆکییەکەیاندا  پێداگیرن لەسەری پێناسەدەکات. ئەم ئەو دیدە دووقاتەیە، هەروەها دەرئەنجام هێزی ئەنتیگۆنە وەک فیگەرێک کە نەک تەنیا لەهەمبەر کریۆندا لەسەر پێگەکەی سوورە، بەڵکو وامان لێدەکات ئەوتوخمە پێکهێنەر و ئاوارتە نادیارە و ئەو تەنگژە دیالەکتیکییانەی فەزای کۆمەڵایەتی ببینین. بۆیە ئەوەی خراوەتە بەرچاومان هەروا بەسادەیی گرژیی نێوان دوو کارەکتەری سەرەکی و دوو توخمی واقیع نیە، بەڵکو ترووسکەیەکی مەحاڵی ئەو شتەیە کە ئەم واقیعەی پێکهێناوە؛ و ستاتو و قەوارەکەی وەک میدیۆمێکی بێلایەن کە تیایدا پێگە جیاوازەکان دەربکەون و بچنە ناکۆکیەوە، بەدرۆدەخاتەوە. هەر لەبەرئەمەشە ئەو ڕێگە تاقانەیەی کە  ئێمەى خوێنەر و بینەری ئەنتیگۆنە ئەزموونی شانۆکەى لێوە دەکەین، ڕەنگە بە باشترین شێوە لەڕێی چەمکی "دیدی پارالێکس"ـەوە تەعبیری لێ بکرێت: واتە, بوونێکی هاوکاتیی دوو گۆشەدید کە لە حاڵی ئاسایی هەرگیز بەیەکناگەن یان لە هەمان تانوپۆدا نابن. لێرە و لە شانۆکەی سۆفۆکڵیسدا، خودی ئەم شتە بە تەواوەتی ڕووددەدات: بەیەکدەگەن[7].

ئەنتیگۆنە دەقێکی وەها مەزن نیە، چونکە شانۆکە "زۆر شتمان دەخاتەپێش بیری لێ بکەینەوە"، یاخود "ڕووبەڕووی تەنگژە (ئەخلاقی)یەکانمان دەکاتەوە". گەر بەو ڕێچکەیەدا بڕۆین و بپرسین ئایا ئەنتیگۆنە بەوەی داوای ئەو داوایانە دەکات لەسەر هەقە یا نا و سەرنج بخەینە سەر خستنەدەرەوەی هەموو شتەکانی دیکە؛ پێموایە هەموو مەبەستی سەرەکی و هێزی شانۆکە نادیدەدەگرین. ئەو ئەوەیــە[8] کە دەیکات و داوای دەکات؛ و کردەوەکانی زیاتر شتانێک لەبارەی ئەو نەزم و بونیادەی خۆی بەشێکە لێی ئاشکرادەکەن و دەردەخەن، وەک لەوە شتێک دەربارەی خودی خۆی دەربخەن. کردەکەی – داپۆشینی تەرمی پۆلینیەس – و داواکەی پێکهێنەری فاکتێکی دەستپێکەر یا بناغەدانەر[9] (یاخود دەتوانین بڵێین ڕووداو[10]ێک؟)ـی شانۆکەیە؛ هەرچەندە ئەنتیگۆنە هۆکاری خۆی هەیە بۆ کردەکانی و هەندێکیشیان دەژمێرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کردەکەی وادەردەکەوێت خاڵی دەستپێکی ڕەها بێت، کە دواتر دەرئەنجام  و کاریگەریی بۆ سەر ڕابردوو و داهاتووش دەبێت. ئەنتیگۆنە وەک هاملێتە، بەڵام بەبێ ئەو فیگەرە تارماییەی وەک کارەکتەرێکی جیا دەردەکەوێت. بۆئەوەی وردتر باسی لێوە بکەین: گەرلە هاملێتدا هەمووشتێک وەک دەرکەوتنی تارماییەک و وشەکانی دەستپێبکات، ئەوا لە ئەنتیگۆنەدا تەنانەت هیچ تارماییەکی دەسەڵاتیش نیە گەواهیبدات لەسەر ئەو هەڵانەی کە ڕوویانداوە؛ هەمووی دەرهەق بە بیروباوەڕی سوبێکتی و بەسوبێکتکردنی ئەنتیگۆنەیە ("زەینە ئاگرین"ـەکەی)؛ هەرلەبەر ئەمەشە دەکرێت بڵێین ئەوە خودی دەکەوتن و کردەوەکانی خۆیەتی کاریگەری و شوێنەوار جێدێڵن، و پاش-وێنایەکی تارمایی‌ئاسا بەڵام کورتنەبووەوە درووستدەکەن، کە بەدرێژایی شانۆکە هەر دەمێنێت. دەکرێت بڵێین شانۆکە لەجیاتیی "ڕووبەڕووكردنەوەمان بە بارگژییەکی قورسی (ـی ئەخلاقی)" و "شتانێکی زۆرمان پێ دەبەخشێت بیری لێ بکەینەوە"، شتێکمان بەسەردا دەخات و شتێکمان بۆ دەردەکات کە بەوشێوەیەیە وا هەیە، تەنانەت گەر تێشینەگەین چییە. کارمان لەسەر دەکات. بەنێو ئێمەدا کاردەکات. شتێکمان دەداتێ، شتێكی "مەحاڵ" و نامۆمان بۆ دەگوازێتەوە. ئەو سەرئێشەیە درووستی دەکات بەهۆی ئەم یا ئەو ئاریشەیەوە نیە، بەڵکو بەهۆی جۆرێک لە شەکلکردن و لەکاروەستان یا تاڕادەیەک وەک ئاڵنگارییەکی بینینی هەردوو واقیع و پێچە پێکهێنەرە ناوەکییەکەی لە هەمان و هەر ئەو چوارچێوەیەدا –ئایدیای دیدی پارالاکسانە.

بۆیە گرنگە  جەختبخرێتەوە سەر ئەوەی، لەم پارالاکسەدا ئەو دوو ئاست یاخود گۆشەنیگای بەرباس بەسادەیی هی ئەنتیگۆنە و کریۆن نیە، هەرچەندە ڕووبەڕووبوونەوەکەیان بە دڵنییاییەوە یارمەتیدەرە لە تیشکخستنەسەر ئەو بۆشاییە پارالاکسییەی کە ئێمە لە هەوڵداین پێناسەی بکەین. هەروەها بەسادەییش مژاری تێکهەڵپژانی نێوان هێز دەوڵەت یان یاساکانی دەوڵەت و هەندێک یاسای دیکەی ناکۆتا و نەنوسراوی ئەخلاقی یا یەزدانی. لێرەدا زۆر گرنگە ئەوە دەستنیشانبکەین پێگەی یاسا نەنوسراو یەزدانییەکان چین کە ئەنتیگۆنە زۆر بەبەناونابگی باسییان لێوەداکت و باوەڕیشی وایە کریۆن بنپێیان دەخات. بەڵام پێش ئەوەی ئەم پرسە بوروژێنین، واپێدەچێت دوو سەرنجی تری دەستپێکی زەروور بن.

یەکەم، چیرۆکی ئەنتیگۆنە دەلالەت و پێشگریمانەی دوو چیرۆکی تری بەناو "سیانەی تیبی"ـن:  ئۆدیب‌پاشا و ئۆدیب لە کۆڵۆنەس. چەندین توخمی سەرەکیی ئەو دوو شانۆیە لەناو جەرگەی تراژیدیای ئەنتیگۆنەدان و ناتوانرێت لێیان جیابکرێتەوە. هەرچەندە ڕیزبەندیی شانۆکان بەپێی گێرانەوە یەکەمجار ئۆدیب‌پاشا و دواتر ئۆدیب لە کۆڵۆنەس و لە کۆتاییشدا ئەنتیگۆنەیە، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە سۆفۆکلیس یەکەمجار ئەنتیگۆنەی نوسی، بەڕوونی دەرخەری ئەوەیە کە دوو شانۆکەی دیکە، یا توخمە بنەڕەتییەکانی گێڕانەوەکەیان، هەر لە دەستپێکەوە وەک توخمێکی ناوەکیی ئەو کۆمەڵەهاوپەیوەندییەی ناوی "ئەنتیگۆنە"یە ئامادەیی هەبووە. ئەمە هەروەها ئەو خاڵەم دەربارەی کردەوەکانی ئەنتیگۆنە بەوەی سەرەتاییەکی ڕەها بن، دەردەخات: شتێک کە دەلالەت لە مێژوو (ـەکەی خۆی) دەکات وەک لەوەی لێیەوە سەرهەڵبدات.

سەرنجی دووەم، پەیوەستە بە یەکەمەوە: کریۆن بەسادەیی حاکم و پاشا، فیگەری هێزی دەوڵەت نیە، کە لەژێر دەسەڵاتی ئەودا ئەو ڕووداوانەی باسی لێوە دەکرێت ڕوودەدەن. ئەو تەنها دوای ئەوەی دوو براکە (پۆلینیاسیس و ئیتۆکلیس، کە هەردووکیان کوڕێ ئۆدیبن) یەکتر دەکوژن، دێتەسەر دەسەڵات. ئەو مەرسوومەی کە یەکێک لە براکان بەرزدەنرخێنێت و ئەوەتریشیان لە مافی سرووتی ناشتن بێبەشدەکات، بەسادەیی یەکێک نیە لە مەرسوومەکانی بەڵکو کردەی دەسپێکەکەیەتی، کردەکە لەم حاڵەتەدا هاوکاتە لەگەڵ پێکهێنانی هێزدا. ئەمە بەهیچ شێوەیەکی شتێکی لاوەکی نیە و ئاوسە بە چەندین دەلالەت و مانا. زیاترلەوەش، ئێمە هەر بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ گۆڕانی دەسەڵات، و گۆڕانی حاکم، و شوێنگرتنەوەی پاشایەک بە پاشایەتییەکەیدا ناکەین؛ بەڵکو – لە دیدی فراوانتری سۆفیلکیسدا – بڵێین گۆڕانکارییەک لە یاسایی لۆمەنەکراوەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەشێوەیەکی نەوتراو "تاوانبار"ـی پەیوەست بە ئۆدیب (کە بێ ئەوەی خۆی بزانێت پاشا لاویسی باوکی دەکوژێت و شوێنەکەی دەگرێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ دایکیدا دەکات) بۆ سەر یاسایەکی "شارستانی" نۆرماڵی وەک پیشەی هەمیشە. ئەم جێگۆڕكێ تەکتۆنییە لەناو جەرگەی شانۆکەی سۆفۆکلیسدایە.

با بەکورتی پاشخانی چیرۆکەکە بگێڕێنەوە. پۆلینیاسیس و ئیتۆکلیس، ئەو دوو کوڕەی کە بەرهەمی زینایەکی مەحرەمین، دەبوو شانشینەکە، دوای ئاوارەبووبی ئۆدیب، بەهاوبەشی بەڕێوەبەرن، هەر یەکەیان سالێک دەسەڵات وەربگرن. بەڵام ئیتۆکلیس ڕەتیدەکاتەوە دوای یەک ساڵەکەی دەستبەرداری دەسەڵاتەکەی بێت. لەبەرئەوە پۆلینیاسیس سوپایەک کۆدەکاتەوە تا ئیتۆکلیس لەسەر تەخت بێنێتەخوارێ، بۆیە شەڕێکی لێ‌دەکەوێتەوە. لە کۆتایی شەڕەکەدا، براکان یەکتر دەکوژن، بۆیە کریۆنی برای یاکۆستا [ـی دایکیان] دەسەڵات وەردەگرێت. کریۆن بڕیاڕدەدات کە پۆلینیاسیس ناپاکە و بۆیە نابێت سرووتی ناشتنی بۆ ئەنجامبدرێت. (لە نوسخەی ئەنتیگۆنی ژان ئانۆلی، کریۆن بەشێوەیەکی سەگباوەڕانە وا ئاماژە بە بڕیارەکەی دەدات وەک ئەوەی ئەفسانەیەکی پێکهێنەری زەروور بێت کە دەبوو پێشکەشی خەلکەکەی بکات، تیایدا بەشێویەکی هەڕەمەکی‌ئاسا برایەک وەک ناپاک و برایەک وەک پاڵەوان هەڵدەبژێرێت؛ و بە ئەنتیگۆنە دەڵێت تەنەنات ڕوون نیە کام جەستەی شێواو هی کام برایەیانە، بۆیە دەکرێت ئەوە جەستەی ئیتۆکلیس بێت کە کە لەوێ دانراوە و نەنێژراوە... بێگومان، ئەم زیادکردنە ڕوون و ئاشکرایە زۆر مۆدێرنانەیە: زیادکردنی زیادە[11]-زانینێکی ڕوو-لەخۆیە، ناسینەوەیەکی سینیکی و سەگباوەڕانەیە بەو شتە خراپ یا پیسانەی کە "ئێمە"ـی حاکمان دەبێت وەک بەشێکی زەرووری ئیشەکامان ئەنجامی‌بدەین؛ ناسینەوەی زەروورەت و پیسێتی پێکهێنەری هەموو سەرکردایەتییە سیاسییەکان – وەک‌بڵێی ئەم ناسینەوە و دانپێدانە ڕوون و ئاشکرایە کەمتر گرفتئامێز دەکات و لەڕووی مۆرالییەوە باشترە. دواتر دەگەڕێمەوە سەرئەوەی کە چۆن ئەم لۆژیکە زۆرجار لە ناوکۆییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە هاوچەرخەکاندا دەلەرزێت.

با دووبارەی بکەمەوە: جێگۆڕکێی سەرەکی لە پاشخانی ئەنتیگۆنە، جێگۆڕكێیە لە حوکمی ئۆدیب و وەچەکانیەوە، بە نەفرەتە شوومەکەیان و ئەو تاوانە نەستەکییەی چارەنووسی دیاریکردن، بۆسەر حوکمی "نۆرماڵ"ـی کریۆن؛ دەتوانین بڵێین مژارەکە لێرەدا، بەلای کەمەوە لە هەندێک ڕەهەندەوە، گواستنەوەیە لە پێش-مێژوو(ئەفسانە)ـوە بۆ مێژوو، گواستنەوەیە لە تاوانی نەستەکیی دەرهەق بە حوکمەوە بۆ "حوکمی یاسا" و کرۆکە نەستتیە وەدەرنراوەکەی. یاخود – گەر وێنایەکی تر بەکارنهێنین کە من لە لاپەڕەکانی داهاتوو [ـی کتێبەکە]دا زۆرجار دەگەڕێـمەوە سەر – ئەم گواستنەوەیە زۆر لە تێپەڕێن یا جێگۆڕكێی ناو ئەم نوکتەیە دەچێت: "ئێمە مرۆڤخۆرەکان نین، دوێنێ دواهەمین دانەمان لێ‌خواردن".

بۆیە ئەوەی لە ئەنتیگۆنەدا ڕوودەدات پەیوەندیی بە شتێکی زیمنیی ناو پێکهاتنی نەزمی کۆمەڵایەتی نۆرماڵەوە هەیە. پەیوەندە بە چرکەساتێکی تایبەت و تاقانەوە، لەگەڵ نۆرماڵکردنەوەیەک و گشتاندنێکی زۆرەملێی ئەو چرکەساتە؛ هەروەها بە دەرئەنجامەکانی بۆ هێز دەوڵەت لە ڕێڕەو و کارکردە ڕۆژانەیی و نۆرماڵەکەیدا. شتێک هەیە لە چارەسەری کریۆن بۆ هێزی دەوڵەت کە ڕێزدانان و گوێڕایەڵی لەو بۆشاییەی نەست کە پەیوەستە بە یاساوە بنپێدەکات؛ لێرەدا خاڵی سەنترالی توندوتیژی وەک ئەوەی ئەنتیگۆنە لێی‌تێدەگات دەستنیشان‌دەکەین، توندوتیژییەک کە توندوتیژییەکەی ئەنتیگۆنە خۆشی بەتوندی پێیەوە بەستراوەتەوە.

لەوەی بەدوایدا دێت، من کارکردن بەناو هەندێک خاڵی هەستیاریدا دەخەمەڕوو کە ئەنتیگۆنە ڕووبەڕوویمان دەکاتەوە (durcharbeiten, “working through” چەمکێکی بەناوبانگی و زۆر پێشنیارکەری فرۆیدە). چەمکێکی هەستیار، ژەهراوی، بڵاوبووەوە، بەهێز، ناڕەحەتکەر، بەڵام هەروەها سەرەڕای هەموو ناڕوونییەکانی سەرنجڕاکێشە. وێنە سەرنجڕاکێشەکان نیگامان ڕادەکێشن و دەبەن بەڵام هەروەها کوێرمان دەکەن، و ناهێڵن ببینین. یەکێک لەو تێڕامانە بە‌هێزانەی لاکان لە تێچینەکانی لەسەر ئەنتیگۆنە ئەنجامی دەدات، بەدەقیقی دەربارەی پێگەی پاڵەوانی ژنە وەک وێنەیەکی سەنتراڵ. بەپێی پێشنیاری ئەو، کاتێک ئێمە شانۆکە دەبینین نمایشدەکرێت، ئێمە تەنیا لەپەیوەست بە ئەنتیگۆنەوە بینەرین – لە پەیوەند بە تەواوەتیی بەشەکەی تری شانۆکەوە تەنیا هەر شێوە "گوێگر"ێکین. تەنیا ئەنتیگۆنە زەرووریانە وەک وێنەیەک، بە درەوشانەوەیەکی کوێرکەرانە و "جوانییەکی باڵا"، کە بێگوومان هیچ پەیوەندیی نیە بە دەرکەوتنە فیزیکییەکەیەوە، دەردەکەوێت.

چەندان خاڵی وەها هەستیار هەن پەیوەندییان بە ئەنتیگۆنەوەیە. تیشک دەخەمە سەر سیانیان و باسیان دەکەن [لە کتێبەکەدا]، کە دەکرێت بە نزیکەیی وەک ئەم سەروتارە زۆر پێکەوەبەستراوە دابنرێن: توندوتیژی و یاسای نەنوسراو؛ مەرگ و سرووتی ئاینی؛ زینای مەحرەم و ئارەزوو. یاخود لە دیدێکی پارالاکسیی دیکەوە: تیرۆر، نامردوویی، باڵایی.

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] instigated

[2] effect

[3] Differentiation

[4] Singularity

[5] Constellation

[6] The social

[7] they meet

[8] She is: بوون و ئۆنتۆلۆژیای ئەنتیگۆنە

[9] Inaugural

[10] Event

[11] Surplus

سەرچاوە: کتێبی "لێیان دەگەڕام تا بۆگەن بکەن": پارالاکسی ئەنتیگۆنە، ئالێنکا زوپانچیچ، ٢٠٢٢: Let Them Rot: Antigone’s Parallax