A+    A-
(658) جار خوێندراوەتەوە

ئیکۆلۆژیا دژ بە دایکەسرووشت

 

 

 

 

 

سلاڤۆی ژیژەک

و. شاڵاو یاسین

 

 

 

 

 

 

ئەم وتارە لە مانگی ئایاری ٢٠١٥دا نوسراوە. ژیژەک وتارەکەی لە سەر یەکێک لە پڕ-مشتومڕترین پرسەکان نوسیوە لە سەردەمی ئێستاماندا. سلاڤۆی ژیژەک بەشیکی زۆری نوسینەکەی بۆ قسەکردن لە سەر فەلسەفەی ئیکۆلۆژیا تەرخانکردووە، بۆ ئەمەش زیاتر لە سەر کتێبەکەی مەکەنزی وارک(مۆلیکولاری سور) هەڵوەستەدەکات، لە ڕێی کتێبەکەوە( مۆلیکولاری سور) وەڵامی هەندێک لە ئارێشە و هەڵە گەورەکانی گوتاری ئیکۆلۆژیا دەداتەوە. ژیژەک دەڵێت ئەگەر شتێکی باش لە سەرمایەداریدا هەبێت ئەوەیە کە لە ژێرەوەیدا، چیتر دایکەزەوی بوونی نابێت. هەرچەندە کتیبی مۆڵیکولاری سور بەشێکی زۆری تەرخانە بۆ قسەکردن لە سەر چاخی ئەنترۆپۆسێنس، چاخێک کە دەکرێت بڵێن لە دوای هۆڵۆسێن کۆتا چاخە کە مرۆڤ پێی گەشتبێت. چاخی ئەنترۆپسێن سەردەمێکە بریتییە لە یەکەیەکی نافەرمی زەمەنە جیۆلۆجیەکان، بە جۆرێکی دی بۆ باسکردن و وەسفکردنی  دوایین قۆناغی مێژووی زەوی بەکاردێت و تێدا چالاکیەکانی مرۆڤ دەستیکردووە بە کاریگەریدانانێکی بەرچاو لە سەر کەشوهەوا و ئیکۆ-سیستەمی هەسارەکە. تیۆری ئەنترۆپۆسێن، مەفهومەکەی وایە کە زەوی بۆ نێو حکایەتێکی سەردەمی جیۆلۆجی جیاواز لەم سەردەمەدا پەلیهاویشتووە بە جۆرێکی دی، هەژموونی مرۆڤ بە تەواوی بۆ سەر ئیکۆسیستەمی هەسارەکە خەمڵیوە و زاڵبووە، ئەم تیۆرە لە نێو کایەی ئەکادیمیدا بۆچوونوو تیۆرێکی باوە و قسەشی زۆر لە سەر کراوە. چونکە مەکەنزی ئامرازێکی فەلسەفیی نوێ بەنیسبەتى سەردەمی ئەنترۆپۆسێس درووستکردووە. مەکەنزی باوەڕی وایە کە مرۆڤ و هێزە سرووشتیەکان بە شێوەیەک یەکانگیر بوون و تێکەڵبوون، کە داهاتووی یەکێکیان داهاتووی ئەویتریان دیاریدەکات. مەکەنزی وارک لە ڕێگەی چیرۆکی دوو ئیمپراتۆریەتەوە واتا یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا لە کاریگەرییەکانی ئەنترۆپۆسێنس دەکۆڵێتەوە. کەوتنی ئیمپراتۆریەتی یەکەمیان پێشبینیی کەوتنی دووەمیان دەکات. لەنێو کارەسات و وێرانەییەکانی ئەم مێژووە بەهێزانەدا وارک کۆمەڵیک ئایدیامان پێشکەشدەکات بۆ درککردن و تێگەشتن و وێناکردنی جۆرە جیهانێک کە ڕەنگە کاری بە کۆمەڵ و کاری پێکەوەیی تێیدا بتوانێت بونیادبنرێت. لە شۆڕشی ڕوسیاوە وارک بەرهەم و کاری ئەلیکساندەر بۆگدانۆڤ-کە ڕکابەری لینین بوو- هەروەها بەرهەمەکانی نوسەر و ئەندازیاری گەورەی کەلتوری پرۆلیتاریا ئەندریە پلاتۆنۆڤی بە سەر دەکاتەوە. مۆیلکولاری سور ئەڵتەرناتیڤێکی واقیعی پێشنیاردەکات و، هیوا لەو شتانەدا دەدۆزێتەوە کە ماونەتەوە و دەمێنێتەوە. تێرمی ئەنترۆپۆسێن یان سەردەمی مرۆڤەکان، سەردەمێکی جیۆلۆجیی نوێ دیاریدەکات، سەردەمێک کە جێگرەوەی سەردەمی هۆلۆسین دەگرێتەوە. هۆلۆسین تایبەتمەندیی سەردەمێک بوو لە ماوەی دە هەزار ساڵی ڕابردوودا کەشوهەوا تا ئەندازەیەک جیگیر بوو. مێژووی زەوی لە ماوەی ئەم دە بۆ یانزە هەزار ساڵەدا وەک مەکەنز دەڵێت کەشوهەوا یان ژینگەیەکی تا ئەندازەیەک جێگیری هەبووە، بەڵام پاش کۆتاییهاتنی دوا سەردەمی (سەهۆڵبەندانی گەورە) و توانەوەی زەمەنی سەهۆڵبەنداندا گۆڕانی بنچینەیی لە کەشوهەوا و ژینگەدا ڕوویداوە، ئەمەش بە تایبەتی لە سەردەمی (سەهۆڵبەندانی بچوکدا) لەنێوان نزیکەی ١٢٠٠ بۆ ١٧٠٠ی زاینیدا گۆڕانی وردەوردە چێ بووە و زەمەنی گەرمی لەنێوان هەردوو سەهۆڵبەنداندا چێ بووە. تاتتڵی کتێبەکە ئاماژەیە بۆ هەندێک تێزی کە فلێکس گواتاری کە بە جیاوازی نێوان پرۆسێسەکانی مۆلار(گەرد بە شێوەیەکی فراوان) لەگەڵ مۆلیکولار(گەردیلە و هێزە بچوکەکان) ناوبردووە ئەم پرۆسێسانەش ملیۆنان ساڵ دەخایەنێت  تاکو کاریگەریەکانی ئاشکرا بکرێت. بە نسبەت وارکەوە مۆلار یەکسانە بە ستەمی(بەڕێوەبردن)، لە کاتێکدا مۆلیکولار هاوکاتە لە گەڵ هۆکاری ژێرزەمینی کار. ڕەنگی سور هەم بۆ مارکس و هەم بۆ دوو نوسەری زانستی خەیاڵی جێگەی بایەخن، یەکەمیان نوسەرێکی ڕوسیە بە ناوی ئەلیکساندەر بۆگدانۆڤ کە کتێبی یۆتۆپیای ئەستێرەی سوری لە ساڵی ١٩٠٨دا نوسیووە، دووەمیشیان کە نیشتەجێی کالیفۆڕنیایە بە ناوی کیم ستانلی ڕۆبنسن کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا کتێبی سێبەری مەریخی نوسیوە. سەردەمی ئەترۆپۆسێن مرۆڤەکان ناچار دەکات سەرلەنوێ بیر لە پەیوەندیەکانیان بکەنەوە بە هەسارەکەوە. وارک پێی وایە ڕووکردنە زانستی خەیاڵی لە پێناو وەڵامەکاندا دەتوانێت تا ئەندازەیەک ببێت بە ئامرازێکی بەرهەمدار بۆ چارەسەرکردنی نەزانراوەکان!! بە تایبەت کاردانەوەی کۆمەڵگا بەرامبەر بە ئیکۆلۆژیا کە دیزاینی خۆی دەسەپێنێت. سەرەڕای لیکۆڵینەوەی چڕ سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا هێشتا نائومێدی و گومانەکان لە لوتکەدان، جیهان زۆر دوور نیە لەوەی کە گۆڕانی کەشوهەوا کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر ببات و پەلکێشی دەکات بۆ نێو نەزمە نوێکەی خۆی. هەسارەکە هێشتا چاوەڕێیە و هاواری شەڕی بونگەرایی خۆی دەکات بۆ ئازادی. (و.ک)

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

دەقەکە:

بیست و هەشتی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٨، ئیڤا مۆراڵ، سەرۆکی بۆلیڤیا نامەیەکی گشتی لەژێر ناونیشانی(گۆڕانی کەش و هەوا): هەسارەی زەوی لە سیستەمی سەرمایەداری ڕزگاربکەن" بڵاو کردەوە. لێرەدا بەشێک لە لێدوانەکانی دەخەینە ڕوو:

خوشکان و برایان: ئەمڕۆ، دایکە-زەوی نەخۆشە....هەموو شتێک لە گەڵ شۆڕشی پیشەسازیی ساڵی ١٧٥٠دا دەستی پێکرد. لە ماوەی دوو سەدە و نیودا، ئەو وڵاتانەی کە پێیان دەوترێت وڵاتانی "گەشەسەندوو" بەشێکی زۆری ئەو سووتەمەنییە بەردینەیان کە لەماوەی یەک ملیۆن ساڵدا درووستبووە بەکارهێناوە...لە ژێر هەژموون و ڕەحمی سەرمایەداریدا دایکە-زەوی چیتر بوونی نیە، ئەوەی بوونی هەیە بریتیە لە کەرەستە و ماتریاڵی خاو. کاپیتاڵیزم سەرچاوەی درووستبوونی نا-هاوسەنگی و نایەکسانیە لە جیهاندا".

ئەو سیاسەتەی کە حکومەتی ئیڤا مۆراڵ لە بۆلیڤیا پەیڕەویی لێ دەکات لە لێواری خەباتی پێشکەوتنخوازانەی ئەمڕۆدا وەستاوە – بەڵام، سەرەڕای ئەوەش، دێڕە وەرگیراوەکەی ئەو بە ڕوونییەکی ئازاربەخشانەوە سنوردارکردنی ئایدۆلۆژیاکەی دەخەنەڕوو(مرۆڤ هەمیشە باجێکی پراکتیکیی بۆ دەدات). مۆراڵ پشت بە حەکایەتێکی شکستخواردوو دەبەستێت کە لە چرکەساتێکی مێژووییدا ڕوویداوە(هەموو شتێک لە شۆڕشی ١٧٥٠پیشەسازیدا دەستیپێکرد). ئەم شکستە(کەوتنە) بریتییە لە لەدەستدانی ڕەگوڕیشەکانمان لەنێو ڕەحمی دایکە-زەویدا.(لە ژێر سەرمایەداریدا چیتر دایکە زەوی بوونی نابێت). بۆ ئەمەش مرۆڤ هەمیشە وەسوەسەی ئەوە دەکات، گەر شتێکی باش لە سەرمایەداریدا هەبێت ئەوەیە کە لە ژێر ڕەحمی کاپیتاڵیزمدا، چیتر دایکە-زەوی بوونی نیە. کاپیتاڵیزم سەرچاوەی نا-هاوسەنگی و نا-یەکسانییە لە جیهان"-ئەمە مانای ئەوەیە کە دەبێت ئامانجمان گێڕانەوەی باڵانس و هاوسەنگی بێت بۆ "سرووشت". لەڕاستیدا ئەوەی هێرش دەکرێتە سەری و ڕەتدەکرێتەوە بریتییە لە سەرهەڵدانی سوبێکتیڤیتەی مۆدێرن، کە پرسى گەردوونیی سێکسواڵیزەکراوی نەریتیی دایکە-زەوی و باوکە-ئاسمان دەفەوتێنێت و هەڵدەوشێنێتەوە، بە جۆرێکی دی ڕەگوڕیشەمان لە جەوهەری"دایکایەتی" نەزمی سرووشت دەسڕێتەوە. ئیکۆلۆژیا یەکێکە لە سەنگەرە سەرەکییە ئایدۆلۆژیاکانی ئەمڕۆ، ئایدۆلۆژیاگەلێک کە لەگەڵ تەواوی زنجیرە ستراتیژیەکانیاندا سەرقاڵی  لێڵکردن و تاریککردنی ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی هەڕەشەی ئیکۆلۆژین: بۆ ئەمەش چەند خاڵێک پێویستن: (١) جەهل و نەزانیی سادە- ئەمە دیاردەیەکی تەواو پەراوێزییە و شایەنی سەرقاڵکردن نیە، بۆیە دەڵێن ژیان لەنێو سەرمایەدا بەردەوامە، سرووشت گرنگی بە خۆی دەدات و ئاگای لە خۆی دەبێت.(٢)زانست و تەکنەلۆژیا دەتوانن ڕزگارمان بکەن.(٣) چارەسەرەکە بۆ بازاڕ بەجێبهێڵە(باجی زیاتر بخرێتە سەر پیسکەرەکان..هتد).(٤) فشاری سوپەرئیگۆ، جەختکردنەوە لە سەر بەرپرسیارێتیی کەسێتی و شەخسی لەبری ڕێوشوێنی گەورەی سیستەماتیک-هەریەکێک لە ئێمە ئەوەی لە توانایدایە پێویستە ئەنجامی بدات(ڕیسایکڵکردن، کەمتر بەکارهێنان..هتد).(٥) ڕەنگە خراپتر لە هەموویان ئەوە بێت کە بانگەشەی ئەوە دەکات بگەڕێنەوە بۆ هاوسەنگیی سرووشتی، گەڕانەوە بێت بۆ ژیانێکی نەریتی بێگەرد بەو مانایەی کە دەستبەرداری غروور و خۆبەگەورەزانینی مرۆیی خۆمان بین و سەرلەنوێ ببینەوە بە منداڵی ڕێکوپێکی دایکە-سرووشت. بەڵام هەموو ئەم پارادایمەی دایکە-سرووشت کە بە هۆی خۆبەزلزانیمانەوە لە ڕێڕەو دەرچووە هەڵەیە، بۆ؟ مەکەنزی وارک وەڵاممان دەداتەوە.

جەوهەری قەیرانی ئیکۆلۆژی دەتوانین بڵێین دیاردەیەکە پێشتر مارکس بە جۆرێک ئاماژەی بۆ کردووە، ئەو شتەی پێی دەوترێت"درزی میتابۆڵیک" کە بەهۆی فراوانبوونی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە درووستدەبێت. بە قسەی وارک: " کارکردن، بەرد و خاک و ڕووەک و ئاژەڵەکان دەسڕێتەوە و دەفەوتینێت، ئەو تەوژم و لێشاوە گەردیلەییانە دەردەهێنێت کە ژیانی هاوبەشمانی لێ درووستکراوە و لێ درووستدەبێتەوە". بەڵام ئەو تەوژمە گەردیلەییانە(molecular flows) لەو شوێنەی کە لێیەوە هاتوون ناگەڕێنەوە" کاتێک درزێکی لەو شێوەیە بە هۆی پیشەسازیی مرۆڤەوە درووستدەبێت سەرلەنوێ دەستدەکاتەوە بە درووستکردنی مەترسی بۆ سەر خودی بەرهەمهێنانەوەی ژیان لە سەر زەوی، بۆیە مرۆڤایەتی بە مانای کەلیمە دەبێتە فاکتەری جیۆلۆجی و، ئێمەش وەک مرۆڤ داخڵی سەردەمی نوێی ئەنترۆپۆسێن دەبین.

ئەنترۆپۆسێن بریتیە لە زنجیرەیەک لە درزەکانی میتابۆڵیک، تێیدا یەک گەردیلە لە دوای یەکێکی دیەوە لە ڕێگەی تەکنیک و کارەوە دەردەهێنرێت بۆ درووستکردنی شتەکان بۆ مرۆڤ، بەڵام دەرئەنجامی ئەمە وا دەکات پاشماوەکان نەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی خولەکە بتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە.

وارک بریکاری ئەم درزە گەشەسەندووە بە تێرمێکی ئایرۆنی دیاریدەکات و دەناسێنێت، "بەرەی ڕزگاری کاربۆن": بەرەی ڕزگاری کاربۆن، بەرە یان سەرەتایەکە بە دوای هەموو ئەو ژیانەی ڕابردوودا دەگەڕێت کە شێوەی کاربۆنی بەبەردبوویی هەڵگرتووە، ژیانێک کە سەرتاپا لە کاربۆن پێکهاتووە، ئەم بەرەی ڕزگاری کاربۆنە ئەو جۆرە ژیانە کەشفدەکات و پاشان دەیسوتێنێت بۆ ئەوەی وزەکەی ئازادبکات. چاخی ئەنترۆپۆسێن لە سەر کاربۆن کاردەکات. لێرەدا پارادۆکسێک لە قووڵایی دڵی ئەم چەمکی ئەنترۆپۆسێنەدا نوستووە: مرۆڤایەتی بەوردی ئاگای لە خۆ-سنوردارکردنی زاتی خۆی بوو وەک جۆرێک(بونەوەرێک) کاتێک هێز و بازووی پەیداکرد ئەوجا کاریگەریی لەسەر باڵانس و هاوسەنگیی هەموو ژیان لە سەر زەوی دانا. توانی خەونی بۆ بوون بە سوبێکت ببینێت تاکو ئەو کاتەی کاریگەری لە سەر خاکی سرووشت دادەنێت، ئەمە بەو مانایەی کە چیتر وەک پەراوێزێک لە سرووشتدا نەمێنیتەوە، بە جۆرێکی دی دژی بنەما و باکگراوەندی سرووشتێکی جێگیر بێت.

تێگەکانی وەک (درز) یان وەک (خول)ی شەڵەژاوو تێکچوو هەمیشە پێدەچێت پشت بە پۆلی پێچەوانەکەی خۆیان ببەستن: بەو دیدگایەی کە دۆخی "نۆرماڵ"ی شتەکان تێیدا لە شێوەی بازنەیەک دادەخرێت و باڵانسەکە سەرلەنوێ دادەمزرێتەوە، وەک ئەوەی بڵێ پێویست بێت ئەنترۆپۆسێن ڕکێف بە دەستبێنێتەوە و زاڵبێتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سادە، دووبارە جۆری مرۆڤ بە دانانەوەی لە نێو باڵانسەکەدا دەستپێبکاتەوە. دەستکەوتی سەرەکی وارک بریتیە لە ڕەتکردنەوەی ئەم ڕێگەیە، هەرگیز باڵانس و هاوسەنگیەک لەو شێوەیە بوونی نەبووە، سرووشت پێشتر لە خۆیدا نا-باڵانس و ناهاوسەنگ بووە، ئایدیای سرووشت وەک دایکێکی گەورە تەنها وێنەیەکی تری ئەویتری خوداییە. بە نسبەت وارکەوە، من یەکێکم لە کەسە خراپە گەورەکان چونکە هەموو گوناه و خراپەکاریە دێرینەکانی ماتریاڵیزمی مەعنەوی دابڕاو لە پراکسیس لە خۆمدا بەرجەستە دەکەم، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا من لە گەڵ نەهجی سەرەکی ئەودام بەوەی ڕەفزی سرووشت وەک کۆتا فیگەری ئەویتری گەورە دەکات:

ئەو خودایەی کە پێدەچێت لە جیهانبینی ئیکۆلۆژیادا هێشتا خۆیشاردبێتەوە،ئەو خودایەی وادیار بوو توانای خۆ-ڕاستکردنەوە و خۆ-هاوسەنگکردن و خۆ-چارەسەرکاری هەبێت مردووە.. مرۆڤ چیتر ئەو فیگەرە نیە بتوانێت لە پێشی پێشەوەدا بە دوای بەرژەوەندی خۆیدا بکەوێت دژ بە باگراوەندی خولێکی گشتگیر و ئۆرگانیکدا کە ڕەنگە مرۆڤ تێکی بدات بەڵامهێشتا لە کۆتاییدا دەتوانێت هاوسەنگی و هارمۆنیەتی خۆی بپارێزێت ئەویش بە پاشەکشەکردن لە هەندێک زیادەڕەوی.

دەرئەنجام، دوای مردنی "خودا-باوک" و مردنی عەقڵی ماسکولینی و نێرینەیی، پێویستە پشتگیری مردنی خوداوەند-سرووشتیش بکەین، بە جۆریکی تر قەبوڵی مردنی خوداوەند-سرووشتیش بکەین: وازهێنان لە دەستی نەبینراو، و ئیکۆلۆژیای هۆمۆستاتیک وەک خوازە و متافۆرێکی سەرەکی بریتیە لە  ژیانکردنی سەرلەنوێ دوای " مردنی خوداوەند". چونکە، یەکەم، ئێمە هەرگیز ڕووبەڕووی سرووشت لە خۆیدا نابینەوە، ئەو سرووشتەی کە رووبەڕووی دەبینەوە هەمیشە لە پێشوودا لە کارلێکی دژبەرانەدا لە گەڵ کاری بە کۆمەڵی مرۆڤدا گیراوە. دووەمیش، ئەو بۆشاییەی کە کاری مرۆڤ لە نێو سرووشتی سەخت و چارەسەرنەکراودا جیادەکاتەوە(هەموو ئەو شتانەی کە بەرنگارمان دەبنەوە) کەمناکرێتەوە. سرووشت لە خۆیدا شتێکی ئەبستراکت نیە، بەڵکو بە پلەی یەکەم ئەو دژە هێزە بەرنگارەیە کە لە کارەکانماندا رووبەڕووی دەبینەوە. بەڵام لێرەدا دیسان دەبێت هەنگاوێکی دیکە بنێین. داستانی سرووشتی جێگیر گوایە بە هۆی دەستتێوەدانی مرۆڤەوە تێکچووە هەڵەیە، تەنانەت وەک ئەو ئایدیاڵەی کە دەستمان پێی ناگات ئەگەر بە گوێرەی پێویست لە چالاکیەکانمان بکشێینەوە. سرووشت هەر پێشتر لە خۆیدا تێکچووە، بە مانایەکی تر لە جومگە دەرچووە:

ئێمە هێشتا مەیلی ئەوەمان هەیە گەر چالاکی و کردارە ناپێویستەکانمان بوەستێنین، ئەو کات ئیکۆلۆژیا دەتوانێت خۆی ڕاستبکاتەوە و بگەڕێتەوە بۆ هۆمۆستاسیس(هاوسەنگی). بەڵام ڕەنگە واش نەبێت...چی دەبێت گەر بە تەنها سرووشتێکی ناجێگیر بوونی هەبێت...

پێویستە درزی نێوان کار لە لایەک هەروەها سرووشتی سەخت و چارەسەرنەکراو لە لایەکی دیکەوە تەکمیلە و پڕبکرێتەوە نەک تەنیا بەو درزەی کە لە نێو خودی سرووشتدا هەیە کە وا دەکات بۆ هەمیشە بە ناجێگری بمێنێتەوە، بەڵکو هەروەها بەو درزەی کە لە ناو خودی مرۆڤایەتیدا هەیە و سەرهەڵدەدات. ئەم درزو قڵیشە کە لە سەردەمی مۆدێرنیتە دەتەقێتەوە و درووست دەبێت، بریتیە لە " دابڕان و جیابوونەوەی نێوان هەستی جیهان و ئایدیاکەی". هەرچۆنێک بێت نابێت ئێمە ئەم درز و قڵیشە بە مانا نەریتییە مرۆڤدۆستی-مارکسیستیەکەی بخوێنینەوە، وەک "نامۆبوونی"ی چالاکی تیۆریی"باڵاتر" لە پراکتیکی زیندووی بەکۆمەڵ. لە جیاتی ئەوە دەبێت ئەم درزە وەک ئەو ڕاستیە بخوێنینەوە کە ئەزموونی پراکتیکی و زیندویی واقیع ناتوانرێت بەرزبکرێتەوە بۆ پەناگەی کۆتایی- بۆیە وانەی زانست و تەکنەلۆژیا لەوێدا نیشتەجێیە. شانیشینی "نا-ئینسانی" (بە تایبەت بواری ڕاژانە کوانتەمیە سەرمەشقەکان) کە لە ژێر ئەزموونی ڕاستەوخۆی ئێمەدایە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پێی بگەیت مەگەر تەنیا لە ڕێگەی تیۆرە زانستیەکانەوە نەبێت، ئەم جیهانە سەیرەی دونیای تەنۆلکە فیزیاییەکان، هێندە لە خوار سنوری تێگەشتنی مرۆڤەوەیە، تێدەکۆشین بۆ ئەوەی زمان لە ئاستیدا بتوانێت وەسفی بکات. هێشتا ئەوەی ئێمە نیمانە و لێی بێبەشین بریتی نیە لە زمانیکی گونجاو و ڕێکوپێک (لەکاتێکدا دەتوانین ئەو زمانە بە ئاسانی بنیاتى بنێین)، بەڵکو زیاتر لەوە کە پێویستمان بێت بریتییە لە ئەزموونێکی هەستەکیی گونجاو بۆ ئەم جیهانە نامۆیەی کە بەشیکە لە واقیعەکەمان. هەمان شت بۆ "بەرەی ڕزگاری کاربۆن"یش دەگونجێت، کە مەعریفە و زانیارییەکانمان لەسەری "ئەو مەعریفەیەی کە لەڕێگەی دەزگایەکی تەکنۆ-زانستییەوە دەتوانرێت درووستبکرێت بە شێوەیەکیش بەرفراوانە کە لە ئێستادا ژێرخانی تەواوی هەسارەکەمانە". لێرەشدا وەک ڤاگنەر دەیگووت، die Wunde schliesst der Speer nur der sie schlug (برینەکە تەنها بەو ڕمە دەتوانرێت چاکبکرێتەوە کە لێی داوە).

تاکە خاڵی گرنگی من ئەوەیە کە ئاسۆی تێپەڕنەکراوی وارک لەو شتەدا دەمێنێتەوە کە ناویدەنێت "ژیانی هاوبەش" هەر خودموختاریەک(ئۆتۆنۆمیزەیشن)ىى ئەو دەبێتە هۆی نامۆبوونی فیتیشی. کاتێک ئێمە فیتشێک لە ئایدیایەکی تایبەت، خۆشەویستییەکی تایبەت یان کاررێکی تایبەتدا درووستدەکەین ئەوکات جۆر یاخود بوونمان لە ژیانی هاوبەشدا لەناودەچێت. بەڵام لێرەدا، پێویستە دوو پرسیار بوروژێنین. یەکەم، ئایا پچڕانێکی لەم شێوەیە کە لە ڕەوتی ژیانی هاوبەشدا ڕوودەدات وەک فۆکەسخستنە سەر بیرۆکەیەک یان خۆشەویستییەک یان ئەرکێک بەوردی ئەو شتە نیە کە بادیۆ پێی دەڵێت ڕووداو؟ کەواتە دوور لە ڕەتکردنەوەی ئەم پچڕانانە وەک حاڵەتی نامۆبوون، ئایا پێویست ناکات وەک بەرزترین دەربڕینی هێزی نێگەتیڤیتە ئاهەنگیان بۆ بگێڕین؟ جگە لەوەش، ئایا دەستڕاگەیشتنمان بە ئاستی گەردیلەیی نا-مرۆیی، با بڵێین گەردوونی کوانتەمی، پێشگریمانەیەکی وردی پچڕانێکی لەو شێوەیە لە ژیانی ڕۆژانەی هاوبەشماندا ناکات؟ ئێمە لێرەدا مامەڵە لەگەڵ پارادۆکسێکی درووستی هیگڵیدا دەکەین. هیگڵ خۆی ستایشی کردەی "مۆلار"ىى ئەبستراکت دەکات- یانی کورتکردنەوەی ئاڵۆزیی دۆخێک بۆ "جەوهەرەکەی" یاخود بۆ تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی-وەک هێزی بێکۆتای تێگەشتن. لەبنەڕەتدا شتە سەختە ڕاستەقینەکە ئەوە نیە کە ئاڵۆزیی دۆخێک لەبەرچاونەگرین، بەڵکو بە شێوەیەکی توند بتوانین ئاسانکاری بکەین بۆ ئەوەی فۆرم و ناوەڕۆکە جەوهەریەکەی ببینین نەک وردەکارییەکانی. کارە قورسەکە ئەوەیە بتوانین چینەکان ببینین نەک ئەو گرووپە بچوکانەی کە شەر لە گەڵ یەکتردا دەکەن، بتوانین بابەتەکە ببینین نەک بارە دەروونییەکانی ڕەوتی هیوم. ئێمە لێرەدا بە تەنها باسی فۆرم یان نەخشی ئایدیاڵ ناکەین، بەڵکو لێرەدا باسی ڕیاڵ دەکەین. بەتاڵیی سوبژێکتیڤیتە بریتییە لەو ڕیاڵەی کە بەهۆی سامانی "ژیانی ناوەکی"یەوە تەمومژاوی دەکرێت، ناکۆکی و ئەنتاگۆنیزمی چینایەتی ئەو ڕیاڵەیەکە بەهۆی فرەیی ململانێی کۆمەڵایەتیەوە تەمومژاویدەکرێت.

سەرەڕای ئەم تێبینییە ڕەخنەیانەش، مرۆڤ ناتوانێت سەرسام نەبێت بە شیکارییەکانی تۆڕی چڕوپڕی پەیوەندیە لاوەکیە نەبینراوەکان کە واقیعەکەمان دەپارێزن، گەر لێکدانەوەکەی جەین بینێتت بیربهێنمەوە کە چۆن شتە زوو کارلێککەرەکان لە شوێنی پیس و زبڵداندا کارلێکدەکەن، نەک بە تەنیا مرۆڤەکان بەڵکو زبڵە ڕزیوەکان، کرمەکان، مێرووەکان، ئامێرە جێهێڵدراوەکان و ژەهرە کیمیاییەکانیش..هتد هەموو ئەمانە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن. ئەمە بە تەنیا ئایدیا کۆنەکەی کورتگەراکان"reductionist" نیە کە بتوانێت پرۆسێسی دەروون یان ژیانی باڵاتر بۆ پرۆسەی ئاست-نزم تەرجومە بکات. پرسەکە ئەوەیە کە شتەکان لە ئاستێکی بەرزتردا دەتوانن ڕووبدەن هەروەها ناتوانرێت بە تێرم و زارەوەی تایبەتی ئەم ئاستە ڕوونبکرێتەوە.(تیۆرێک هەیە پێی وایە کە داڕوخانی ڕۆمای کۆن بەهۆی کاریگەری ژەهراوی تەنۆلکەکانی سرکەوە بووە لە نێو گۆزە و قاپە کانزاییەکانیاندا). هەروەها بەرنگاربوونەوەی ئێمە دژ بە ڕەگەزپەرەستی و ڕەیسیسم "گەردیلەیی" بێت. لە بری ئەوە دەبێت سەرنج بخەینە سەر ڕوونکردنەوە گەورەکانی "مۆلار" کە چۆن ڕەگەزپەرەستی جێگەی خەباتی چینایەتی گرتۆتەوە. پێویستە ئەو پراکتیکە بچوکانە شیبکەینەوە (تانوپۆی چڕی ئاماژە و دەربڕینەکان) کە ئیرەیی و زەلیلکردن..هتد لە ڕەگەزی ئەویتردا نیشان دەدات. ئەمڕۆ کە ئێمە (بە نزیکەیی) هەموومان بووین بە لیبراڵی لێبووردە و سنگ فروان، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ڕەگەزپەرەستی لەم ئاستەی مۆلیکولاردا کە باسمان کرد هەمیشە بە ووردی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، بە جۆرێک کە دەڵێن، ئێمە ڕێز لە عەرەب و جولەکە و ڕەشپێشت..هتد دەگرین، بەڵام کێشەکە تەنها ئەوەیە کە بەرگەی بۆنی خواردنەکانیان، دەنگی مۆسیقا بەرزەکەیان و دەنگی قێزەوەنی پێکەنینەکانیان ناگرم.

بەم شێوەیە دەبێت ئەو دژایەتییە دۆڵۆزیە تێپەڕین کە دەیخاتە نێوان مۆڵار و مۆڵیکولار، بە جۆرێک کە ئاستی مۆڵار کەمدەکاتەوە بۆ شانۆی ناڕوونی نوێنەرایەتییەکان، بەرامبەر بەوە ئاستی مۆڵیکولار بەرزدەکاتەوە بۆ بەرهەمهێنی ڕاستەقینە و ئەزموونی ژیان. ئەوە ڕاستە کە درزی میتابۆلیک دەتوانێت بە تەنیا لە ئاستێکی گەردیلەیی یان مۆڵیکولاری"نزم"دا  دامەزرێت و کارا بێت، بەڵام ئەم ئاستە گەردیلەییە ئەوەندە نزمە ناتوانرێت هەستی پێبکرێت ئەمەش نەک بە تەنیا بۆ سیاسەتە مەزنەکان یان خەباتە کۆمەڵایەتیەکان بەڵکو بۆ سەرەتایترین فۆرمەکانی ئەزموونیش راستە. تەنیا لە ڕێگەی تیۆرێکی "باڵاوە" دەتوانرێت دەستمان پێی بگات و هەستی پێ بکەین-بە جۆرێک لە پێچێکی خۆ-هەڵگەڕاوەدا تەنیا لە ڕێگری باڵاترینەوە دەگەینەوە بە نزمترین. بێگوومان زانست بنکی ماددی (گەردیلەیی) خۆی هەیە، بۆ نمونە ئامێرە پێوانکاریەکانی زانست خۆی[1]. هەرچەندە ئەم ئامێرانە لە لایەن خودی مرۆڤەوە درووستدەکرێت و بەشێک لە واقیعی ئاسایی ئێمە پێکدەهێنن، بەڵام بە جۆرێک وامان لێدەکەن دەستمان بگات بە قەڵەمڕەو و مەڵبەندە سەیرەکان، ئەو مەڵبەندانەی کە بەشێک نین لە واقیعی ئەزموونی مرۆییمان، ئیتر لە لەرینەوە کوانتەمیەکانەوە بیگرە تاکو جینۆمەکان:

لە زانستدا هەندێک شتی نا-مرۆیی هەیە.بۆ نمونە مۆدێلەکانی درککردن و نمونەسازی و پشتڕاستکردنەوە لە دەرەوەی سنور و پارامیتەرە[2] هەستەکیەکانی مرۆڤەوەن، گەرچی ئەوانە وابەستەی ئامێرێکن و پشت بە ئامێرێک دەبەستن کە خۆی بەرهەمی کاری مرۆڤە. ئوبێکتەکانی زانست وابەستەی ئاگای مرۆڤ نین. وە لە گەڵ ئەوەشدا زانست لە ناو مێژوودا ڕوودەدات، هەروەها بە هۆی جۆرێکی دیاریکراوی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و کاتێکی دیاریکراوەوە سنوردار دەکرێت. بەم پێیە، بوونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بوون بە کۆتوبەندێک لە سەر زانست لە گەڕانیدا بە دوای هەستە نامرۆییەکانی حەقیقەتی نامرۆیی.

 

بەدرێژایی ئەم هێڵانە، زیاتر کاران باراد لەسەر هەقە کە ئاماژە بە چەمکە سنوردارەکەی بۆر دەدات سەبارەت بە دەزگا: دەزگا مێژووی تایبەت بە خۆی هەیە و بەرهەمی پراکتیکە کۆمەڵایەتیەکانە، بەم پێیەش جهیانی گەورەتری هێزەکان و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان تێکدەشکێنێت. لێردا گرنگە جیاوازی لەنێوان نا-مرۆڤانە و نامرۆڤ بکەین[3]: نا-مرۆڤ لە هەمان ئاست و پێگەی مرۆڤدا نیشتەجێیە، بەشێکە لەو جیهانە ئاساییەی کە مرۆڤەکان ڕووبەڕووی شتە نا-مرۆیی و پرۆسە غەیرە مرۆییەکان دەبنەوە. دەزگا شتێکی جیاوازترە لەوە، نە مرۆییە نە نا-مرۆڤە بەڵکو نا مرۆڤانەیە(دڕندانەیە).

نامرۆڤ نێوانگریی نا-مرۆڤانە دەکات بەرەو مرۆڤ[4]. ئەمەش کواڵێتی نامۆ و بێگانەی ئەو شتانە دەپارێزێت کە دەتوانرێت لەلایەن دەزگایەکەوە بەرهەمبهێنرێت-بۆنمونە فیزیای تەنۆلکەکان-بەبێ ئەوەی پێشوەختە شتێکی ئەوتۆ لە سەر نا-مرۆڤەوە بڵێین.

بەکورتی، لەکاتێکدا کە دەزگاکان ئیمانێنت(ناونیشین)ن[5] بۆ مرۆڤ، هەروەها بەرهەمی مرۆڤی بەرهەمدار و زانست دەبەستێت بە واقیعەوە، لە هەمان کاتیشدا نامرۆڤن، نامرۆڤن بەو مانایەی توانامان پێدەبەخشن بۆ ئەوەی لە بیچم و لێوارەکانى ڕیاڵ تێبگەین بەوەی بەشێک نیە لە واقیع(reality )ـەکەمان. توخمە سەیرە ڕاستەقینەکە لە سیانەی مرۆڤەکاندا هەیە، ئەو واقیعەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ئەو دەزگایانەی بەکاریان دەهێنن بۆ کونبڕکردنی واقیع و چوونە نێویەوە بریتی نیە لە واقیعێکی دەرەکی سەربزێو و لاسار، بەڵکو ئەو دەزگایانەن کە نێوەندگیری لە نێوان دوو پەڕگیر دەکەن کە ئەوانیش بریتین لە (واقیعی مرۆڤەکان و نا-مرۆڤەکان[6]). دەزگاکان توانا بە مرۆڤەکان دەبەخشن نەک بە تەنیا ڕیاڵ بناسن کە لە دەرەوەی پانتایی واقیعی ئەزموونیی[7] خۆیانەوەیە (وەک شەپۆلی کوانتەم)، بەڵکو هەروەها توانای ئەوەیان پێ‌دەبەخشێت شتگەلێکی نا-سرووشتی(نامرۆڤ) بنیاتبنێت کە ناتوانن وەک شتە سەیرەکانی سرووشت(ئامێرە بچوکەکان، زیندەوەرە دەستکاریکراوەکانی جینات و سایبۆرگ..هتد) بۆ ئەزمونەکەمان دەرکەون. هێزی کەلتوریی مرۆڤ تەنیا ئەوە نیە کە گەردونێکی هێمایی سەربەخۆ لە دەرەوەی ئەوەی کە وەک سرووشت ئەزموونی دەکەین بونیاد بنێت، بەڵکو هەروەها بەرهەمهێنانی شتگەلێکی سرووشتی نوێی "نا-سرووشتیە" کە مەعریفە و زانینی مرۆڤ ماتریاڵیزە دەکات. ئێمە بە تەنیا سرووشت سیمبولیزەناکەین و ناڕەمزێنین، ئێمە –وەک‌بڵێی- لە ناوەوە هەوڵی لە سرووشت داماڵینی دەدەین.

 

 

 

 


[1] its scientific measuring apparatuses

[2] Parameters

[3] nonhuman and inhuman: نامرۆڤ زیاتر لە ئاکاری دڕندە و دڵڕەق و بێبەزییەوە نزیکە، نا-مرۆڤانەش واتە مرۆڤ نیە و شتیکی دیە یان لە دەرەوەی ڕەگەزی مرۆڤەوەیە. و.ک.

 

[4] The inhuman mediates the nonhuman to the human

[5] Immanent

[6] humans and nonhuman reality

[7] experiential reality

 

 

سەرچاوە :

https://www.versobooks.com/blogs/2007-ecology-against-mother-nature-slavoj-zizek-on-molecular-red