A+    A-
(863) جار خوێندراوەتەوە

              پرسى «میتافیزیک» لاى هیگڵ

 

 

 

 

فرێدریک بایسەر

و. وەلید عومەر

 

 

 

 

 

هەر تەفسیرێک بۆ فەلسەفەى هیگڵ بکەیت, پێویستدەکات لە میتافیزیک(metaphysics)ـەکەیەوە دەستپێبکەیت. هیگڵ لاریی نەنواند لەوەى نوسخە نەریتییەکەى میتافیزیک وەک لقى بنەڕەتیی فەلسەفە قبوڵ‌بکات. ئەویش هەروەکو دیکارت و ئەرستۆ, میتافیزیکى بە ڕەگى "درەختى زانین[2]" دادەنا, ئەو ڕەگەى کە بە شیلەى خۆى ژیانى بە بەر هەر لق و گەڵایەکدا دەکرد. هیگڵ پێى‌وابوو ناتوانین هەروا بنەڕەت(foundation)ێکى جیا و سەربەخۆ لە میتافیزیک ببەخشینە زانستە جیا و تایبەتەکان, چونکە کۆمەڵێک وەڵام دەکەنە پێشگریمانەى هەر پرسێکى بنەڕەتیی میتافیزیکى. لەوەش ئاگاداریکردینەوە کە گەر هەوڵبدەین خۆمان لەم پرسانە بدزینەوە, ئەوا ڕاستییەکەى دەستەودامێنیان دەبین و هیچى تر. [بۆیە زانستە جیا و تایبەتەکانیش, هەریەکە پێویستى بە کۆمەڵێک یاساى میتافیزیکییە تاکو وەک کایەیەکى گشتى و یەکانگیر خۆى بناسێت]. ئالێرەوە هیگڵ میتافیزیکى کردە بنەڕەتى فەلسەفەکەى خۆى. بە لۆژیک[3] دەستیدایە شرۆڤەى ڕووەو پێگەیشتنى سیستەم[ـە فەلسەفییەکەى] خۆى. بەڵام لۆژیکیشى بە پانتاییەکى بنەڕەتیی میتافیزیکى دادەنا کە ئەرکەکەى بریتییە لە دەستنیشانکردنى سرووشتى بوون[4] وەک ئەوەى لەخۆیدا[5] هەیە, نەک تەنیا یاسا فۆرماڵەکانى هەڵێنجان[استنتاج][6].

بەڵام گەر میتافیزیکەکەى هیگڵ گرنگ بێت, ئەوا هەمیسان هەر جێى مشتومڕە. پێدەچێت مشتومڕسازترین پرسیار لە توێژینەوە لە هیگڵ [یان با بڵێین لە هیگڵناسی‌دا], پەیوەندیی بەو جێ‌وڕێ‌یەوە هەبێت کە میتافیزیکەکەى داگیریدەکات. زۆرێک لە لێکۆڵینەوە نەریتییەکان, تەفسیرێکى میتافیزیکیی سادە و سەرڕاستیان لەبارەى فیکرى هیگڵەوە خستووەتەڕوو. و جەختیان لەسەر ڕۆڵى سەرەکیی دین[7] کردووەتەوە تێیدا. بەپێى ئەم جۆرە تەفسیرە, فەلسەفەى هیگڵ هەوڵێک بووە بۆ پاساودانى هەندێک لە بیروباوەڕە بنەڕەتییەکانى مەسیحییەت لەڕێگەى عەقڵ(reason)ـەوە, بیروباوەڕگەلى وەک بوونى خودا, ویستى خوایی و سیانەیی. وێڕاى ئەمەش, بەو دواییە چەندین لێکۆڵەر داکۆکییان لە دیدێکى نامیتافیزیکى[8] کردووە بۆ فەلسەفەى هیگڵ. فەلسەفەى هیگڵیان وەک تیۆرێکى تایبەت بە کاتیگۆرییەکان[9] خوێندووەتەوە, وەک ئەپستمۆلۆژیایەکى نیۆ-کانتى, وەک پرۆتۆ-هێرمینۆتیک(ڕاڤەناسییەکى سەرەتایی), یانژى وەک هیومانیزمێکى دژەمەسیحى وەریانگرتووە. ئەوەى لەپشت ئەم هەمووە خوێندنەوە نامیتافیزیکییەوەیە [بۆ فەلسەفەى هیگڵ], ئەو قەناعەتەیە کە پێى‌وایە ئەگەر فەلسەفەى هیگڵ میتافیزیکى بێت, ئەوا مەحکومە بەوەى بەسەربچێت, ئەویش بە لەبەرچاوگرتنى ئەو ڕاستییەى کە کانت و زۆرێکى تریش مایەپووچبوونى میتافیزیکیان سەلماندووە.

ئێستا ئێمە چى لەم مشتومڕەوە هەڵدەگۆزین؟ دیارە هەمووشت بەستراوەتەوە بە ماناى دەقاودەقى «میتافیزیک»ـەوە, بەو وشەیەوە کە ژمارەیەک ماناى جیاجیاى هەیە. ئەو مانایەى لێرەدا مەبەستمانە, هەر ئەوەیە کە کانت لە کتێبى ڕەخنەى عەقڵى پەتى[10]دا پێناسەیکردووە: میتافیزیک هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانى زانین لەمەڕ پرسى بێ‌مەرج(مەرجدار نەکراو)[11] لەڕێگەى عەقڵى پەتییەوە[12]. کانت پرسى بێ‌مەرج, بەو [پرەنسیپە بنەڕەتییە] دادەنێت کە کۆتایی بۆ زنجیرەیەک مەرج[13]دادەنێت: ئەوەى کە بریتییە لە هۆکارى کۆتایی[و ئەوپەڕینەى هەموو هۆکارەکان][14], کۆتا یەکەى شیکردنەوە, کۆتا بابەتى حوکمێک [حوکم لە بار و بابەت پێکدێت, بۆنمونە گوڵەکە سورە, گوڵ بابەتە و سوور بارە, هەر بابەتێک دەتوانێت چەندین بار هەڵبگرێت. لێرەدا کۆتا بابەت واتە ئیدى سنورێک بۆ بارهەڵگریش دابنرێت و دانەیەکمان نەبێت لەو گەورەتر و ئەوپەڕینەتر بێت(لە چەشنى موتڵەق یان جەوهەر یان هەر چەمکێکى تر)].  کانت ئەوەش ڕووندەکاتەوە کە سێ ئایدیاى بنەڕەتیى سەر بە میتافیزیک هەن, هاوتان بە سێ چەمکى بنەڕەتیی سەر بە پرسى بێ‌مەرج: خودا, ئازادى و نەمرى. بەم مانایە بوو کە کانت لە [هەرسێ کتێبى] ڕەخنەدا سەرکۆنەى میتافیزیکى کرد. ئەوەشى خستەڕوو کە گەر هاتو عەقڵ هەوڵیدا سنورەکانى ئەزموون[15] تێپەڕێنێت بۆ ئەوەى پرسى بێ‌مەرج بناسێت, ئەوا بەناچارى دەخزێتە ناو ئەنواوئەشکاڵ سەفسەتە(بەڵگاندنى هەڵە)[16]وە: «پارالۆجیسم»ـەکان, «ئەمفیبۆلیا»کان, «ئانتینۆمى»یەکان کە بەبێ سازش و نەرمى‌نواندن لە بەشى دیالەکتیکى ترانسێندێنتاڵ[17]ـى [ناو ڕەخنەى عەقڵى پەتى]دا هەڵماڵراون. ئا لێرەوە کانت ڕایگەیاند ئەگەر میتافیزیک بە هەوڵێک بۆ ناسینی پرسی بێ‌مەرج بزانین، ئەوا شتێکە ناڕەخسێت.

گەر بێتو میتافیزیک بەم واتایە وەربگرین, ئەوا دەکرێت حەقیقەتى هەردوو دیوى مشتومڕەکە ببینین. تەفسیرە نەریتییەکە بەڵگەى بەهێزى بەدەستەوەیە کە هەر لە دەربڕینەکانى هیگڵ خۆیەوە دەیهێنێت لەمەڕ ئامانجى دینى [ـى فەلسەفە] و ئەو بابەتەشى کە فەلسەفە خەریکێتى. هیگڵ لە کتێبى جیاوازىدا ڕایدەگەیەنێت ئەرکى فەلسەفە بریتییە لە ناسینى موتڵەق(پرسى موتڵەق- ethe absolut). لە ئەنسکلۆپیدیاکەشیدا, ڕایدەگەیەنێت بابەتى فەلسەفە تەنیاوتەنیا خودایە [دیارە مەبەست لە ئایدیاى خودایە وەک ئایدیایەکى پەتى نەک خوداى مرۆڤکرد و ڕۆژانەیی ناو دینەکان]. لە وانەوتارەکانیشیدا دەربارەى فەلسەفەى دین, جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە فەلسەفە و دین لە ئۆبێکت(بابەت)ێکدا هاوبەشن کە ئەویش: موتڵەق یان خودایە. هیگڵ تەنانەت فەلسەفە و تیۆلۆژیا بە یەکێک دادەنێت, و فەلسەفە بە فۆرمێک لە پەرستن[18] وەسفدەکات چونکە خۆى تەرخانکردووە بۆ سەلماندنى بوونى خودا و دەستنیشانکردنى ماهیەتى وى. بەوپێیەى هیگڵ پێى‌وایە فەلسەفە هەوڵدەدات خودا لەڕێگەى عەقڵەوە بناسێت, و خوداش بە ناکۆتا[19] یان بێ‌مەرج دادەنێت, بۆیە دەگەینە ئەو دەرەنجامەى کە فەلسەفەکەى وى, بە مانایەکى تاڕادەیەک کانتى, میتافیزیکییە. هۆیەکەش ئەوەیە هەوڵدەدات لەڕێى عەقڵى پەتییەوە, پرسى بێ‌مەرج بناسێتەوە.

جا سەربارى ئەم شتانەش, هەڵەیە گەر بێین و لەم حوکم و دەستەواژانەوە بگەینە ئەو دەرەنجامەى کە فەلسەفەى هیگڵ بە مانا تەواو کانتییە ڕەتکراوەکەى, فەلسەفەیەکى میتافیزیکییە. کانت میتافیزیکى بە خەمڵاندنێکى تیۆرى(speculation) دادەنا لەمەڕ بوونە [باڵانشین] و ترانسێندێنتەکان, وەک بەڵگاندنێکى پێشین(و پێش‌ئەزموونى)[20] دەرهەق بەو ئۆبێکتانەى کە دەکەونە ئەودیوى پانتایی ئەزموونەوە. بۆیە بەم واتایە, و لەبەر هۆیەکى زۆر سادە و قەناعەتپێکەر, هیگڵ بە هیچ شێوەیەک میتافیزیسیەن[21] نیە: ئەو نکۆڵیی لە بوونى ترانسێدێنت(transcendent) کردووە, بوونێکى تەواو نۆمیناڵ یان سەرووسرووشتى. گەر میتافیزیک بریتى بێت لە خەمڵاندنى تیۆرى لەبارەى پانتاییەکى لەم جۆرەوە, ئەوا هیگڵ یەکەم کەس دەبێت میتافیزیک وەک کۆلکە-زانست‌ێک ئیدانەدەکات. گەرەکە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە چەمکەکەى هیگڵ خۆى سەبارەت بە ناکۆتا یان بێمەرج, چەمکێکى تەواو ئیمانێنت(خۆنشین)ـە, [واتە خۆى لە خۆی‌دا نیشتەجێیە و پێچەوانەى ترانسێندێنتاڵ و بڵندنشینە]: ناکۆتا نەکەوتووەتە ئەودیوى دونیا کۆتادارەکەوە, بەڵکو کەوتووەتە هەناویەوە.

ئەوەى ڕاستى بێت حەقیقەتێکى زۆر لەپشت تەفسیرە نامیتافیزیکییەکانەوە نوستووە. ئەم لێکۆڵەرانە بەهەق ڕووناکى دەخەنە سەر ڕەتکردنەوەى میتافیزیکى نەریتى لەلایەن هیگڵەوە, ئیدى لە پاڵپشتییەکەیەوە بیگرە بۆ ڕەخنەى کانت لە عەقڵانیەتى لایبنیتسى-ۆڵفى, تا دەگاتە تێگەیشتنە تەواو ئیمانێنتەکەى خۆى بۆ فەلسەفە. لەلایەکى ترەوە, ئەم خاڵانە ئاماژە نین بۆ ئەوەى کە هیگڵ هەرگیز میتافیزیسیەن نەبووە. ئەگەر هیگڵ میتافیزیکى وەک زانستى ترانسێدێنت[22]ڕەتکردبێتەوە, ئەوا وەک زانستێکى ئیمانێنت(خۆنشین) هەر بەدوایەوە بووە. پرسى بێ‌مەرج, لەودیو ئەم جیهانەوە بێت یان جیهان خۆى بێت وەک گشت(whole)ێک, ئەوا هەر وەک بێ‌مەرج دەمێنێتەوە. بە لاى هیگڵەوە, کێشەى میتافیزیکى نەریتى(کلاسیک) ئەوە نیە هەوڵیداوە ناکۆتا بناسێت, بەڵکو تەفسیرێکى نادرووستى بۆ ناکۆتا هەبووە, ئەویش وەک تێپەڕاندن(transcending)ـى ئەم جیهانە کۆتادارەى ئەزموونى ژیانى ئاسایی. خۆى لەڕاستییدا جێى سەرنجە کە هیگڵ ڕێک لەبەر ئەوە ستایشى عەقڵانیەتى کلاسیکى دەکرد کە وایدادەنا بیرکردنەوە دەتوانێت واقیع وەک خۆى بەدەستبێنێت(و درکى بکات), و لەم ڕوانگەیەوە تا ئەو جێیەش دەڕۆیشتە پێشەوە پێى‌وابێت ئەم فەلسەفەیە [واتە عەقڵانییەتە کۆنەکە[ ئاستێک دەکەوێتە سەرووى فەلسەفە ڕەخنەییەکەى کانتیشەوە.

کێشەى سەرەکیی تەفسیرى نامیتافیزیکى ئەوەیە تووشمان دەکات بە تووشى گرێکوێرەیەکى درۆیینەوە: یان ئەوەیە هیگڵ میتافیزیسیەنێکى دۆگمایە یاخود هەر بەڕاستى میتافیزیسیەن نیە. گریمانەى سەرەکیی پشت ئەم گرێکوێرەیە, تێگەیشتنێکى زۆر بەرتەسکە لە میتافیزیک وەک خەمڵاندنى تیۆرى لەبارەى بوونەوەرە باڵاکانەوە. ئەوەى بە پلەى یەکەم گرنگە بیبینین ئەوەیە هیگڵ هاوڕاى ئەم تێگەیشتنە نەبوو بۆ میتافیزیک؛ و دەیویست خۆى لەم گرێکوێرەیە بەدوور بگرێت. دواى قۆناغە کانتییەکە, هیگڵ بەعەزرەتەوە ئاگاى لەوە بوو میتافیزیک پێویستى بە لۆژیک(عەقڵانییەت)ێکى نوێیە. ئاڵنگاریی دیارى فەلسەفەکەى وى ئەوە بوو بنەڕەتێکى ڕەخنەیی بۆ میتافیزیک دابڕێژێت و لەسەر میتۆدێک ڕایبگرێت کە پێویستییەکانى ڕەخنە کانتییەکە بۆ زانین پڕبکاتەوە(ئەم میتۆدە بریتى بوو لە دیالەکتیکە بەناوبانگەکەى وى...).

گەر بێتو سەرنجى پێگە دەقاودەقەکەى میتافیزیکى هیگڵ بدەین, ئەوا ناچارین هێڵێکى باریک هەڵبگرین, ڕێیەک کە دەکەوێتە نێوان خوێندنەوە هەڵاوسێنەرەکان[23] و ناهەڵاوسێنەرەکانەوە, نێوان خوێندنەوە زیادەڕۆ و کورتکەرەوەکانەوە. لەکاتێکدا کە خوێندنەوە هەڵاوسێنەر[24]یان زیادەڕۆکان, موتڵەق دەگۆڕنە سەر بوونێکى سەرووئاسایی[25], ئەوا خوێندنەوە ناهەڵاوسێنەر یان کورتکەرەوەکان[26] کورتیدەکەنەوە بۆ هەندێ باسوخواسى ئەبستراکت یان دینمەشرەبانە لەبارەى شتانێکى بەشەکى و تایبەتەوە [واتە موتڵەق لە موتڵەقێتى و گشتیبوون دەخەن و کورتیدەکەنەوە بۆ شتگەلى بچوک و ئەزموونى]. ئەگەر خوێندنەوە هەڵاوسێنەرەکە هیگڵ بکاتە کەسێکى ئەفلاتوونى کە بڕواى بە هەبوونى بوونە ئەبستراکتەکان بێت, ئەوا خوێندنەوە ناهەڵاوسێنەرەکە ئەو دەکاتە نۆمینالیست(ناوگەرا)یەک کە هەموو شتێکى گشتەکى(یونیڤێرساڵ) دادەبەزێنێت بۆ ئاستى شتى بەشەکى [چونکە نۆمینالیست بڕواى بە هەبوونى شتى گشتەکى نیە و تەنیا شتە بەشەکى و دابڕوەکان دەبینێت]. هەر لەو جیاکارییەوە کە هیگڵ خۆى جەختى لەسەر کردووەتەوە, ئاشکرایە هیچکام لەم خوێندنەوانە درووست نین- ئەو جیاکارییە بنەڕەتییەى کە کۆى فەلسەفەکەى دەگرێتەوە و زۆرجاریش لەلایەن تەفسیرکارانەوە پشتگوێخراوە. ئەمە جیاکارییە دێرینە ئەرستۆییەکەشە لەنێوان ئەو شتەى وا پلەى یەکەم لە ڕیزبەندیی ڕوونکردنەوەدا و ئەوەشى  پلەى یەکەم لە ڕیزبەندیی بووندا داگیردەکات. بەپێى هیگڵ, پرسى گشت(یونیڤێرساڵ) پلەى یەکەمى ڕوونکردنەوە داگیردەکات, پرسى بەشیش, پلەى یەکەمى بوون داگیردەکات. گشت بۆیە پلەى یەکەمى ڕوونکردنەوە داگیردەکات چونکە بۆ ئەوەی چییەتی شتێک دیاریبکەین، پێویستە پرەنسیپە گشتەکییەکان بدەینەپاڵى. ئێمە ماهیەت یاخود سرووشتى شتێک لەڕێى تایبەتمەندییەکانیەوە دەستنیشاندەکەین کە هەریەکەیان گشتەکیین. شتى بەشەکى, پلەى یەکەمى بوون داگیردەکات, چونکە بۆ ئەوەى وەک شتێکى تاک هەبێت ئەوا دەبێت دەستنیشانبکرێت و [خى بەتەنیا جیابکرێتەوە]. کەواتە کاتێک گشت دەکەوێتە پێش بەشەوە ماناى ئەوە نیە هۆیەک هەیە لەڕووى زەمەنییەوە دەکەوێتە پێش بەشەوە, بەڵکو تەنیا بەو مانایە دێت هۆکار یاخود ئامانجى ئەو شت (ـە بەشەکى)یەیە. ئەم هۆکارە یان ئەم ئامانجە, هەروا ناکەوێتە پێش شتەکەوە بەڵکو لەڕێى ئەوەوە دێتەبوون, لەڕێگەى گەشەى تەواوەتى و سەرتاپاگیرى شتەکەوە خۆى بەرجەستەدەکات.

ئەم جیاکارییە هەرەگرنگە, ڕێگاى ناوبەینى و ناوەڕاستى هەردوو خوێندنەوە هەڵاوسێنەر و ناهەڵاوسێنەرەکەمان پیشاندەدات سەبارەت بە میتافیزیکى هیگڵ. هەردوو خوێندنەوەکە ئەم جیاکارییە بەهەڵە تێکەڵدەکەن. خوێندنەوە هەڵاوسێنەرەکان پێیانوایە لەپێشترێتی لۆژیکى هەڵگرى لەپێشترێتیی ئۆنتۆلۆژییشە, و هیپۆستاتیزە[27]ـى ئایدیا دەکەن کە هەردەڵێى لەخۆیدا بوونى هەیە, بەر لەوەى لە جیهانە مێژوویی و فیزیکییەکەدا بەرجەستەببێت. ئەمە بەو واتایەش دێت کە گشت(پرسى گشتەکى) دەتوانێت جیا لە بەش(پرسى بەشەکى) و پێش ئەویش بوونى هەبێت, واتە ئەو دۆکترینەى کە هیگڵ ڕاشکاوانە و پێداگرانە ڕەتیدەکاتەوە. خوێندنەوە هەڵاوسێنەرەکان وایدادەنێن پێداگریی هیگڵ لەسەر لەپێشترێتیی ئۆنتۆلۆژى, ئەو بەرەو نکۆڵیکردن لە لەپێشترێتیی لۆژیکى دەبات, وەک‌بڵێى ئایدیا هیچ نیە جگە لە کۆمەڵێک شتى بەشەکى(و جیاجیا) کە هەن. خوێندنەوەى یەکەم هیگڵ دەکاتە ئەفلاتونییەک کە پێى‌وایە گشت(پرسى گشتەکى) لەودیو جیهانە سرووشتى و مێژووییەکەوە بوونى هەیە. خوێندنەوەى دووەمیش, ئەو دەکاتە نۆمینالیستێک کە پێى‌وایە ماناى ئایدیا گشتەکییەکان(کلیات), دەکرێت ڕێک بەپێى ئەو شتە تاک و جیاجیایانەى بۆى دەگەڕێنەوە, ڕوونبکرێنەوە. بەڵام هیگڵ بەر لە هەمووشت, ڕووخسارێکى ئەرستۆییە: ئەو پێى‌وایە ئایدیا گشتەکییەکان تەنیا لە شتەکاندا هەن, گەرچى ماناکەشیان هەروا کورتنابێتەوە بۆ ئەو شتانە.

 

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:

 

[2] tree of knowledge

[3] Logic

[4] nature of being

ماهیەت(زات) و سرووشت دوو چەمکى سەرەکیی ناو فەلسەفەى هیگڵن کە لێرەدا مەبەست لەوانە نیە و تەنیا وەک وشەیەکى ئاسایی هاتووە کە پتر باسى ئەوەیە بوون چیە یان چیەتییەکەى چیە- و

[5] being in itself

[6] formal laws of inference

[7] Religion

[8] non-metaphysical

[9] theory of categories

[10] Critique of Pure Reason

[11] the unconditioned

پرسى بێ‌مەرج یان پرەنسیپى بێ‌مەرج یاخو نامەرجدار, یەکێکە لە چەمکە میتافیزیکییەکان کە چەمک و کاتیگۆرییەکانى ترى بیرکردنەوەى لەسەر بنیاتدەنرێت. بۆیەشە ناونراوە بێ‌مەرج چونکە خۆى هیچ مەرجێک هەڵناگرێت بەڵام دەبێتە مەرجى ڕەخسان و هەبوونى ئەوانیتر- و

[12] . پەراوێزەکانى نوسەر, کە گەڕانەوەن بۆ هەندێ دەقى تر, دانەنراونەتەوە- و

[13] Condition

[14] final cause

[15] Experience

[16] fallacy

[17] Transcendental Dialectic

[18] worship

[19] Infinite

[20] priori reasoning

[21] Metaphysician:فەیلەسوفى خاوەن میتافیزیک

[22] science of the transcendent

[23] . هەڵاوسێنەر و ناهەڵاوسێنەر, ئاماژەن بۆ دوو جۆر لە خوێندنەوە و ڕاڤە کە یەکەمیان ئەو دۆخەى هەیە تووشى هەڵاوسان دەکات و شتى زۆرى لێ باردەکات, لەکاتێکدا دووەمیان پێچەوانەى هەڵاوساندنە- و

[24] Inflationary

[25] Superentity

[26] Reductionist

[27] هیپۆستاتیز Hypostasis: هەمان بنکەجەوهەر، یان بنکە حاڵەتە، حەقیقەتێکی بنەڕەتییە و پاڵپشتی شتەکانی دیکەشە؛ هیپۆستاتیز لە تیۆلۆژیای مەسیحییەتدا لە سیانەی پیرۆزدا ڕەنگدەداتەوە: هیپۆستاتیزی باوک، هیپۆستاتیزی کوڕ، هیپۆستاتیزی ڕۆحی پیرۆز. لێرەدا، مەبەست لەوەیە خوێندنەوەی هەڵاوسێنەرەکان هێندە زیادەڕۆییانەیە، وەک ئەوەی ئایدیا بنکەجەوهەر و حەقیقەتێکی بنەڕەتی بێت، هیچ پێویستی بەوە نەبێت بەنێوانگرییەکەوە لەنێو جیهانی فیزیکی یان مێژوویی بەرجەستە بکرێت. یاخود وەک ئەوەی ئایدیا خۆبەخۆ بوونی هەبێت، بەبێ پاڵپشتی جیهانی فیزیکی؛ نەک هەر ئەوە، بەڵکو پاڵپشتی حەقیقەت و بەپێوە وەستانی جیهانی فیزیکی بێت-و

 

 

 

سەرچاوە:

یەکێک لە چەمکەکانى ناو ئەم سەرچاوەیە کە تایبەتە بە چەمکەکانى فەلسەفەى هیگڵ:

Hegel, Frederick Beiser, Routledge(Routledge Philosophers), 2005, p53-57.