A+    A-
(692) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ(درێژەى چەمکەکانى سلاڤۆى ژیژەک):

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

سەمپتۆم(نیشانەى نەخۆشى)

تۆد مەک‌گۆوان

 

 

 

 

  ئایدیا گشتییەکەى "سەمپتۆم" لە هەردوو دەروونشیکاری و پزیشکیی نەریتیدا، دەرخەری ناڕێکی(بێ‌نەزمی)یەکی شاراوەیە، کە لەڕێگەی هەندێک فۆرمی چارەسەرەوە هەوڵدەدرێت چارەبکرێت و دواجار نەهێڵرێت. بەم مانایە، سەمپتۆم لە خۆیدا گرنگ نیە، بەڵکو ئەوە گرنگە کە ناڕێکییەکە دەردەخات. گەرەکە دەروونشیکار بەڕێکی سەمپتۆمەکان ڕاڤەبکات، تاوەکو بەڕێکی ناڕێکییەکە دەستنیشانبکات. ژیژەک هەر لە سەرەتای کارە تیۆرییەکانییەوە تێڕوانینی تەواو جیاوازی بۆ سەمپتۆم هەبووە. وی "چێژ لە سەمپتۆمەکەت وەربگرە!"ی کردووە بە ناونیشانی یەکێک لە کتێبەکانی، و ئایدیای چێژوەرگرتن لە سەمپتۆم لەبری هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لێی، لە سەرەتا تا کۆتایی فیکریدا دووبارەدەبێتەوە. لە دیدی ژیژەکدا، سەمپتۆم لە ناڕێکییەکی شاراوەی کۆمەڵایەتییەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو گۆشەیەکیش دابیندەکات تاوەکو ئاڵنگاریی بونیادی کۆمەڵایەتی پێ بکرێت. بەم مانایە، سەمپتۆم لای ژیژەک دەبێتە کاتيگۆریی سەرەتایی بیرکردنەوە لە سیاسەت.

  ژیژەک لە یەکەمین کتێبی ئینگلیزیی خۆیدا، "ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا"، هەوڵدەدات سێ هێڵی فیکری لەیەکبدات تاوەکو فۆرمێکی نوێی تیۆریی سیاسەت بێنێتەئاراوە- مارکسیزم، دیالەکتیکی هیگڵی و دەروونشیکاریی لاکان. فەسڵی یەکەمی کتێبەکە پرسی سەمپتۆم تاوتوێدەکات، بەڵام لەبری دەروونشیکاری ڕەپتیدەکاتەوە بە مارکسیزمەوە. ژیژەک بە هێنانەوەی ئەو وتەیەی لاکان کە دەڵێت "مارکس سەمپتۆمی داهێنا"، ناونیشانی فەسڵەکە دەکات بە "مارکس چۆنچۆنى سەمپتۆمی داهێنا؟". ژیژەک پێی‌وایە مارکس ئەوە دەبینێت کە چۆن لۆژیکی ئابوری و کۆمەڵایەتیی هەر سیستەمێک لە جێیەکدا تێکدەشکێت، ئەم جێیەش سەمپتۆمەکە دیاریدەکات. سەمپتۆم هەڕەشەیە بۆ سەر کارکردی سیستەم، هەرچەندە خۆشی بەرهەمی هەمان سیستەمە. مارکس پڕۆلیتاریا وەک سەمپتۆمی سەرمایەداری دەناسێنێت: ئابوریی سەرمایەداری پرۆلیتاریا درووستدەکات، کەچی بوونی پڕۆلیتاریا هەڕەشەیەکی ترسناکە بۆ داهاتووی سەرمایەداری.

  بەڵام ژیژەک پێی‌وایە مارکسیش بەتەواوی لە سرووشتی پڕۆلیتاریا تێنەگەیشت، بۆیە گەرەکە لەڕێی دەروونشیکارییەوە یارمەتی مارکسیزم بدرێت. لە تێڕوانینی مارکسدا، پڕۆلیتاریا ئەو سەمپتۆمەیە کە بە شۆڕشی کۆمۆنیستی نامێنێت. بەم مانایە، مارکس عادەتییانە لە سەمپتۆم دەڕوانێت، هەرچەندە بۆ یەکەم جار خۆشی دایهێنا. ژیژەک دەگەڕێتەوە بۆ دەروونشیکاری-بەتایبەت لاکان- تاکو بیسەلمێنێت کە هیچ شۆڕشێک بوونی نیە سەمپتۆم لەناوببات، چونکە سەمپتۆم بونیادی سوبێکتیڤیتە و نەزمی کۆمەڵایەتییە.

  هەر سوبێکتێک و هەر سیستەمێک سەمپتۆمی خۆی هەیە، ئەم سەمپتۆمە کلیلی بونیاد و ڕاگرتنەکەشی بەدەستە. لاکان بەم سەمپتۆمە بنەڕەتییە دەڵێت سینتۆم و ژیژەکیش پێی‌وایە ئەم پێناسەیە گرنگیی سیاسی لە خۆیدا هەڵگرتووە. لاکان پێداگر بوو لەوەی دەروونشیکار ناتوانێت بە لێکدانەوە سینتۆم بسڕێتەوە، بەڵکو گەرەکە کۆمەکی نەخۆشەکە بکات تاوەکو وا لێی تێبگات ناوکی ڕاستەقینەی ژویسانسە و کورتناکرێتەوە بۆ لێکدانەوە. گەر سوبێکت سینتۆم لەدەستبدات، ئەوا خودی سوبێکتیڤیتەش لەدەستدەدات. کەواتە لای لاکان و ژیژەک، سینتۆم ئەو سەمپتۆمە تایبەتەیە، کە گەرەکە سوبێکت لەگەڵیدا هاوشوناسبێت و چێژی لێ وەرگرێت.

  ژیژەک، بەنمونەهێنانەوەی ئەوەی کە لاکان سەمپتۆم دەداتەپاڵ مارکس، ڕاستەوخۆ دەروونشیکاری بەسیاسیدەکاتەوە، چونکە مارکسیزم ڕووەو دەروونشیکاری وەردەچەرخێنێت. تێگەیشتن لە پڕۆلیتاریا وەک سەمپتۆمی سەرمایەداری، ڕێمان دەدات لەوەش تێبگەین کە سەمپتۆم تەنیا تەکولۆیەک نیە کارکردنی سیستەمدا، بەڵکو بەرجەستەکەری گشتێتی(یونیڤێرساڵیتە)ـی سیستەمیشە. وێڕای ئەوەی سەمپتۆم لەناو لۆژیکی سیستەمدا جێی نابێتەوە، بەڵام ئەو حەقیقەتەی سیستەمیش دەردەبڕێت، کە خودی سیستەم بە ڕووی فۆرمێکی دەرەکیدا ڕووبەڕوودەکاتەوە. سەمپتۆم وەدەردەنرێت، بەڵام هەر ئەم وەدەرنانە هەر ئەو شتەیە کە سیستەم ناتوانێت دەرهەق بە خۆی قبووڵیکات.

  بەپێی پێشکەوتنی فیکری ژیژەک، سیاسەتی هاوشوناسبوون لەگەڵ سەمپتۆم و چێژوەرگرتن لێی زیاتر جەختیان لێ دەکرێتەوە. ژیژەک، لەگەڵ کەمبوونەوەی خولیایدا بۆ دیموکراسی وەک پرۆژەیەک، پتر ڕوودەکاتە ئیمکانە سیاسییەکانی سەمپتۆم. ژیژەک دەستیکرد بە گەڕانەوە بۆ ئایدیای "ئەو بەشەی هیچ بەشێکی نیە"ی کە لە سیستەمی سەرمایەداری کراوەتەدەرێ. ئەوەی کراوەتەدەرێ بە دیاریکراوی پڕۆلیتاریا نیە، بەڵکو ئەوانەن لە دیموکراسیی نوێنەریدا هیچ حسێبێکیان بۆ ناکرێت. ناکرێت پرسی نوێنەرایەتی فراوانبکرێتەوە تاکو ئەمانیش وەربگیرێن، چونکە هەر گرووپێکی وەدەرنراو پەیدادەبن تاکو شوێنی ئەمان بگرنەوە. لەجیاتیدا، ئەمان گەرەکە ببنە خاڵی لادانی هەر پرۆژەیەکی سیاسی، ژیژەکیش هەر بەم جۆرە لە سیاسەت تێدەگات- تیشک دەخاتەسەر سۆڵیداریتەی ئەوانەی هیچ وەبەرهێنانێکیان لە سیستەمی سەرمایەداریی پەڕلەمانیدا نیە.

  هەرچەندە ژیژەک زیاد لە هەر بیرمەندێکی خۆی دەداتەپاڵ هیگڵ، بەڵام سەمپتۆم ئەو خاڵەیە تێیدا لە هیگڵ جیادەبێتەوە؛ ژیژەک پێی‌وایە سەمپتۆم ئەو خاڵەیە هیگڵ نەیتوانیوە باش تێیبگات. هیگڵ بەتەواوی لەوە تێدەگات کە هیچ سیستەمێک نیە بەبێ سەمپتۆم و ناوکێکی نائەقڵانی کاربکات، کە لەدەرەوەی لۆژیکە ناوەکییەکەیەوەیەتی و لەدەریشییەوە پێگەیەک داگیردەکات. بەڵام ئەوەی هیگڵ تێیناگات و مارکس تێیدەگات ئەوەیە، سەمپتۆم بەربەستێکی زاتیی ناو یونیڤێرساڵیتە(گشتێتى) نیە، بەڵکو خودی یونیڤێرساڵیتەیە. یونیڤێرساڵیتە لە وەدەرنانێکی سەمپتۆماتیکدا بەرجەستەدەبێت. واتە یونیڤێرساڵیتەی هەر بونیادێک لەڕێی وەدەرنانێکی سەمپتۆماتیکەوە خۆی بەیاندەکات. ژیژەک لەڕێگەی لێدانی ئەم پێچەوە بە فەلسەفەی هیگڵ، هیگڵ دەکاتە بیرمەندێکی تەواو سیاسی.

  ژیژەک یۆتۆپیای نەهێشتنی سەمپتۆم لەڕێی شۆڕشی کۆمۆنیستییەوە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام هەموو بیرکردنەوەیەکی یۆتۆپیش ڕەتناکاتەوە. لەڕاستییدا ژیژەک بەرمەبنای سەمپتۆم یۆتۆپیانیزمێک بونیاددەنێت، یۆتۆپیانیزمێک کە تێیدا جڤات(کۆمەڵ) لەڕێی وەدەرنراوەکانەوە درووستدەکرێت نەک ناواخنکردنەوەیەکی یونیڤێرساڵ. هەموو ئەوانەی وەک سەمپتۆم لە دەرەوەی سیستەمدا بوونیان هەیە، دەشێت لە هاوپشتییەکى یونڤێرساڵدا یەکبگرن. ئەم هاوپشتییە هەستی پەیوەستێتی درووستناکات، چونکە ئەوەی ئەم سوبێکتانە تێیدا هاوبەشن، وەدەرنراوێتی و دۆخە سەمپتۆماتیکەکەیانە.

  ژیژەک، وەک عادەتی هەمیشەیی خۆی، لە سینەمای عەوامدا نمونەیەک بۆ ئەم یۆتۆپیا سەمپتۆماتیکە دەدۆزێتەوە؛ نمونەکەش فیلمی ناتوانیت لەگەڵ خۆتدا بیبەیت[1]ـی فرانک کاپرایە(ئەمەی لە فرێدریک جەیمسنەوە قەرزکردەوە). ژیژەک لە لێکدانەوەکەیدا بۆ فیلمەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە خانووەکەی مارتن ڤاندەرهۆف(لیۆنێل باریمۆر) لە فیلمەکەدا، مۆدێلێکە بۆ یۆتۆپیای سەمپتۆماتیک یان یۆتۆپیای وەدەرنراوان. خانووەکەی ڤاندەرهۆف پڕیەتی لەو خەڵکە جیاوازانەی لە سیستەمی سەرمایەداریدا جێیان نابێتەوە- ئەوانەی یاریی ئاگرین درووستدەکەن، شانۆنامەنوسە پەراوێزخراوەکان، بالێرینەکان(ئەوانەی سەمای بالێ ئەنجامدەدەن)، بوکەشووشەسازن و هتد. خانووەکە تەنیا ئەو مرۆڤە غەریبانەی لەخۆنەگرتووە کە هیچ کۆمەکێکی بەرهەمداریان بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری نیە، بەڵکو پرۆژەی گەورەی گەشەپێدانی مەزنیشی تێدایە، ڤاندەرهۆفیش ڕەتیدەکاتەوە خانووەکە بفرۆشێت تاوەکو ڕێ بۆ ئەو گەشەپێدانانە خۆشبکات. خانووەکە سەمپتۆمە، خەڵکەکەش لە ئابوریی سەرمایەداریدا دۆخێکی سەمپتۆماتیکیان هەیە، چونکە لەپێناو فۆرمێکی تاقانەی چێژدا دژ بە بەرهەمدارێتی و کەڵەکەکردن دەوەستنەوە. لە فیلمی ناتوانیت لەگەڵ خۆتدا بیبەیت، ئیمکانی سۆڵیداریتەیەکی سەمپتۆماتیک لەنێوان وەدەرنراوەکاندا دەبینین و ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی ئەودیو سنورەکانی "بیرکردنەوە لەڕێی دیموکراسیی نوێنەری یان فەندەمێنتاڵیزمەوە" ببینین، چونکە وا دیارە تاکە ئەڵتەرناتیڤی بازنەی سیاسیی ئەمڕۆ بن.

  گەر سەمپتۆم پێگەیەکی گرنگی لە کارەکانی ژیژەکدا هەبێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە ئەم چەمکە ڕێی پێ دەدات پانتاییەکی نوێی سیاسی بدۆزێتەوە. وەک ژیژەکیش دەڵێت، هەڵەی گەورەی مارکسیزم و هەندێک لقی دەروونشیکاری ئەوەیە بڕیاریانداوە لە سەمپتۆم هەڵبێن. سەمپتۆم کارکردی ئاسایی سیستەم تێکدەدات، بۆیە دەشێت لەوە تێبگەین بۆ خۆمانی لێ لادەدەین. بەڵام خۆلادان لە سەمپتۆم نەک تەنیا مەحاڵە، بەڵکو سەرچاوەی چێژ(ژویسانس)ـەکەشمان وێراندەکات. لە هاوشوناسبوونماندا لەگەڵ سەمپتۆم، جەخت لە شێوەی ژویسانسەکەمان دەکەینەوە.

  کۆمەکە مەزنەکەی ژیژەک بۆ فیکری سیاسی ئەوەیە سیاسەتی ڕووەو ژویسانس ئاڕاستەکردووە نەک خولیا و ئەقڵانییەت، سەمپتۆمیش لەم ئاڕاستەکردنەدا ڕۆڵی گرنگی هەیە. هەرچەندە سەمپتۆم بونیادی سەرمایەداری هەڵدەتەکێنێت، بەڵام ئەو ژویسانسەش دابیندەکات، کە ئەم بونیادە بێ ئەو ناتوانێت خۆی ڕاگرێت. هاوشوناسبوون لەگەڵ سەمپتۆمدا پێویستیی ئەم ژویسانسەمان بۆ دەردەخات و ڕێیەکی سیاسی دەخوڵقێنێت کە ژویسانسەکەمان بۆ زیاددەکات.

  بەڵام پرۆژە سیاسییەکەی ژیژەک لەو سنورە تێنەپەڕێنراوەش ڕادەمێنێت، کە لەناو خودی سەمپتۆمدان. سەمپتۆم دەلالەتە لە مەحاڵێتیی کەماڵ(پڕێتی و تەواوەتی) کە هەموو سیستەمێک ڕاودەنێت. گەر یۆتۆپیا هاوپشتییەک بێت لەچواردەوری سەمپتۆمدا، ئەوا ئەم فۆرمە لە یۆتۆپیا بەردەوام لەناو خۆیدا شکستدێنێت. لەبری سیاسەتێک کە تێیدا بەسەر ئەو بەربەستانەدا زاڵبین کە ڕێگرن لەبەردەم پڕێتیدا، ژیژەک سیاسەتی سەمپتۆم تەرحدەکات، کە تێیدا لەگەڵ ئەم بەربەستانەدا هاوشوناسدەبین. لە ئەنجامدا، ئەنتاگۆنیزمی کۆمەڵایەتی هیچ چارەسەرێکی نیە. تەنانەت ئەو یۆتۆپیایەشی ژیژەک باسیدەکات، گرفتاری دەستی ئەنتاگۆنیزمە. لە ڕاستیدا هاوشوناسبوون لەگەڵ سەمپتۆمدا ئەنتاگۆنیزم دێنێتەپێشەوە.

  ئاڵۆزیی سیاسەتی سەمپتۆمی ژیژەک لەوەدایە، کە پێداگرە لەوەی چارەسەرکردنی ناڕێکیی شارەوەی سیاسەت ناتوانێت ڕزگارمانبکات لە سەمپتۆم. سەمپتۆم بۆیە لێرەیە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، و وەک بەربەستێک لەبەردەم پرۆژە سیاسییەکاندا دەمێنێتەوە. دەتوانین لەڕێی گواستنەوەی بەربەستەکەوە بۆ ناو فۆرمی سیاسەت، دووبارە بیر لەو فۆرمە بکەینەوە کە سیاسەت هەڵیدەگرێت، بەڵام ناتوانین وێرانکارییە حەتمییەکانی ئەم بەربەستە نەهێڵین.  

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

 

ڕیاڵ، ڕەمزی، خەیاڵی

دوەین ڕاوسڵ

 

 

 

  لاکان باس لە بونیادی سیانەیی بوون دەکات و بە ئاماژەدان بە گرێی بۆرۆمی پوختیدەکاتەوە. گرێیەکە بەم جۆرەیە: گەر یەکێک لە ئەڵقەکان بقرتێن و جیاببنەوە، ئەوا کۆی گرێیەکە هەڵدەوەشێتەوە و سوبێکت تووشی دەروونپەشێوی(سایکۆسیس) دێت. وێڕای ئەمەش، دەشێت یەکپارچەیی گرێیەکە لە دەروونپەشێویدا بپارێزرێت، ئەویش لەڕێی هێنانی ئەڵقەی چوارەمەوە بە ناوی سینتۆم(sinthome). سینتۆم لە نوسینەکانی جەیمس جۆیس‌دا بەباشی پێناسەکراوە، لەو نوسینانەدا ژویسانس دەستی بەسەردا گیراوە و ڕەمزی وەدەرنراوە. هەر ئەڵقەیەک لە گرێیەکەدا، یەکسانە بە یەکێک لە سێ نەزمەکەی بوون: ڕیاڵ(The Real)، ڕەمزی(Symbolic)، خەیاڵی(Imaginary). دەستوەردانی ژیژەکیش لێرەدا بریتییە لە ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم سێ نەزمەی بوون لەڕێگەی ئاماژەدانی ورد بە فیلمە پۆپۆلارەکانی وەک بێگانە(ڕیدڵی سکۆت)[2]، بێدەنگیی بەرخەکان(جۆناتان دێم)[3] و سەرەگێژە(ئالفرێد هیچکۆک)[4].

 

 

   

  هەروابێتەوە ژیژەک یاریی شەتڕەنج‌یش وەک نمونە دێنێتەوە، تاوەکو شەرحی سێ نەزمەکەی پێ بکات. دەکارین نەزمی ڕەمزی بەو ڕێسایانە بچوێنین، کە گەرەکە یاریزانێکی شەتڕەنج پەیڕەوییان لێ بکات تاوەکو یارییەکی لێهاتووانە ئەنجامبدات. بۆنمونە، پاشا لە سووڕێکدا تەنیا دەتوانێت بە شێوەیەکی چوارگۆشەیی بجووڵێت، و یاریزانەکەش ناتوانێت بە دەستی خۆی پاشا بخاتە جێیەک، کە کش‌ماتی لێ بکرێت. ئەم ڕێسایە دادووراوە بە چێوەی ڕەمزیی یارییەکەدا و بەبێ ئەمە یارییەکە ئەبەد بەڕێوەناچێت. لە ئاستی خەیاڵیشدا، دەشێت لاشە[5]ی هەر فیگەرێک بە یاسا ڕەمزییەکانەوە دادوورابێت. بۆنمونە، ڕێساکانی یاریکردن بە سوارچاک(ئەسپ لە شەتڕەنجدا) بە لاشەیەکدا دادووراون، کە پتر لە لاشەی ئەسپ دەچێت. بەڵام هەریەکێکمان و بە ئاستێک دەزانین کە ئەم پێکچواندنە پتر شتێکی کتوپڕ و هەڕەمەکییە، چونکە دەزانین ئەو ڕێسایانەی بۆ یاریکردن بە ئەسپ پەیڕەودەکرێن، دەشیا بدرێنەپاڵ هۆبیت یان گوێدرێژێک. کێ لە ئێمە لە دەرەنجامی بەهەڵەدانانی داشێکدا، شوێنی داشەکەی لە بەرامبەر پێدانی کۆینێکدا نەگۆڕیوە؟ دەشێت بەبێ ئەوەی زیان بە ڕێسا ڕەمزییەکانی یارییەکە بگات، ناوی "ئەسپ" بگۆڕین بۆ "گوێدرێژ". لە کۆتاییدا، ڕیاڵ ئاماژەیە بۆ هەموو ئەو هەلومەرجە کتوپڕانەی چواردەوری یارییەکەیان تەنیوە؛ بۆنمونە کەشوهەوا، هەر پچڕانێکی پێشبینینەکراو(زەنگی تەلەفۆن، چوون تا دەستشۆر)، یان توانا و خیبرەی یاریزانەکان و هتد.

  بە دەربڕینێکی دەقیقتر، ڕەمزی ئاماژەیە بەو پانتاییەی یاسا، کە ئارەزووەکانی سوبێکت ڕێکدەخات. کەواتە ڕەمزی یەکەمین و لەپێشترین شوێن، یان ناوچەیە کە تێیدا یاسا خۆی بەیاندەکات. مادەم ئارەزووی سوبێکت ئارەزووی ئەویترە، ئەوا ئەوە یاساکانی ئەویتر(لە هەندێ جێی تردا پێی دەوترێت ئەویتری گەورە)ن کە سوبێکت وەک ئارەزوو دەڕسکێنن. ئینجا ڕەمزیی وەک یاسا ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانە، کە مەودای سوبێکت لەگەڵ شتـی سەرەتایی ڕیاڵ بهێڵێتەوە. ئەو جێیەی یاسای تێدا دەدۆزینەوە، هەمان ئەو جێیەیە کە دالی تێدا دەدۆزینەوە، و بارودۆخەکەش لە ڕەمزیدا بە جۆرێکە کە هیچ پەیوەندییەکی جێگیر لەنێوان دال و مەدلوولدا ناڕەخسێت. ژیژەک بەرمەبنای ئەم بناغە لاکانییە تیۆرییەکەی خۆی سەبارەت بە نەمانی بەسبوونی ڕەمزی[6] لەبن سەرمایەداریی هاوچەرخدا دەخاتەسەرپێ.

  ژیژەک پێی‌وایە ئەویتری گەورەی یاسای ڕەمزی وەک ئوستورەیەکی دەستەجەمعی وایە. ئەم ئوستورە دەستەجەمعییە بەپێی لۆژیکی نکۆڵی کاردەکات. بۆنمونە، هەندێک مناڵ بۆ ئەوەی دایبابیان خەمبار نەکەن، وای دەردەخەن باوەڕیان بە بابەنوئێل هەیە. لەوەش زیاتر، دایباب مەلولانە دەخوازن مناڵەکانیان باوەڕبهێنن، بۆ ئەوەی ئەمانیش وای دەرخەن باوەڕیان بە شتەکە هەیە. ئەنجامەکەش ئەوەیە هیچکەس باوەڕی بە بابەنوئێل نیە و نەریتە باوەکەش هەر ئیشی خۆی دەکات. کاتێک باوەڕمان ڕووەو ئەویتری گەورە لە ئاستی ئەم نکۆڵییەدا دەمێنێتەوە، ئەوەی درێژە بە باوەڕەکەمان دەدات، کردارە ماتریاڵییەکانمانن. هاوپێچ، کاتێک ڕەوش و ڕەفتارمان ڕووەو ئەویتری گەورە لە ئاستی سەگباوەڕی(سینیزم)دا دەمێنێتەوە، ئەوا باوەڕەکانمان دەهاوێژینەسەر ئەویتری ئەویتری گەورە، واتە ئەو کەسەی گەرەکە ئیشەکانی ئەویترە گەورە ئەسڵییەکە بباتەڕێوە. لانیکەم، ئەمە شەرحی تێکەڵبوونی پارادۆکسیکاڵی سەگباوەڕی لە هەمبەر دەزگا حکومییەکان و ئەو باوەڕە مەترسیدارە دەکات، کە پێی‌وایە ئیللا دەبێت حکومەتێکی شاراوە و بەهێزتر لەپشت حکومەتەوە هەبێت تاکو کارەکان ڕاپەڕێنێت. 

  خەیاڵیش کاریگەریی لەسەر ڕەمزی دادەنێت، چونکە ئەو ماتریاڵەی دال دەیخاتەڕوو، خەیاڵی مەدلوولێکی پێدادەدوورێت. بە مانایەک خەیاڵی بەرپرسە لە بەردەوامیپێدانی ئەزموونە ڕۆژانەییەکانمان. بە سەرێکیش شتەکان کەمەکێک ئاڵۆزترن. بۆنمونە، ئیگۆی فرۆیدی نمونەیەکە بۆ خەیاڵیی لاکانی، چونکە ئیگۆ لەڕێی وێنەی ئاوێنەییەوە دەڕسکێت. کاتێک وا وێنادەکەین وەکبڵێی لەلایەن ئەویتری گەورەوە و لە شوێنگەی نیگایەوە تەماشادەکرێین، ئەوا وێنەیەکی تریش دەڕسکێت. ئێمە وێنەیەکمان هەیە، کە لەڕێگەی پەیوەندیی گواستنەوەیی نێوان وێنەی ئەویتری گەورە لامان و وێنەی خۆمان لای خۆمان دەڕسکێت، واتە وێنەیەکە لەو باوەڕەوە دەڕسکێت کە ئەویتری گەورە نوقسان نیە. فەنتازیا هەر لەم ئاستەدا کاردەکات.

  گومانی تێدا نیە ڕیاڵ یەکێکە لە ئاڵۆزترین چەمکەکانی لاکان و ژیژەک. با دڵنیابینەوە، ڕیاڵ ئەو شوێنەیە شتـی تێدایە، بەڵام هاوکات شوێنی ئۆبێکتی بچوکی aشە. ژیژەک و لاکان ڕوونیانکردۆتەوە کە هەردوو چەمکی شت و ئۆبێکتی بچوکی a هەمان مانایان نیە. ژیژەک زۆر بەجوانی تێبینی جیاوازیی نێوان ئەم دوو چەمکەی کردووە، ئەویش کاتێک دەڵێت شت لەوپەڕی واقیعییەتی ناڕوونیدا ئۆبێکتی ڕیاڵە و ئۆبێکتی بچوکی a زیادەی دەرپەڕین و سەرپێکەوتنی ڕەمزییە. بە شێوەیەکی تر، یەکەمیان ئۆبێکتی سەرەتایی پێش‌ڕەمزییە و دووەمیشیان ئەو ئۆبێکتە تەڵخەیە کە دەبێتە ئەنجامی نەزمی ڕەمزی. لە هەر حاڵەتێکدا، ئەوە ڕوونە ڕیاڵـی ئۆبێکتی بچوکی a لەناو نوقسانیی نەزمی ڕەمزیدایە، بەڵام ڕیاڵـی شت لە هەمان ڕیاڵە سەرەتاییەکەدایە و هیچ نوقسانییەکی نیە(ڕیاڵـی سەرەتایی[7] نوقسان نیە). ڕەمزی لە شوێنگەی یاسا و ئارەزووەوە بڕین(کەت)ێک لە ڕیاڵدا درووستدەکات. بەڵام دەبێ لە خەسڵەتپێدانی ئەم پەیوەندییە ناڕوونەدا وریابین: ڕیاڵ ئەو خەسڵەتە تایبەتەی هەیە کە نابڕدرێت. کەواتە ئەو بڕینەی ڕەمزی ئەنجامیدەدات، تەنیا بڕینێکە لە پێگەی ڕەمزییەوە. ئەخیرەن، لە شوێنە ڕەمزییەوەیە کە دەستوەردانی ڕیاڵ هەستوسۆزە دڵەڕاوکێسازەکانی دەخاتەوە. ڕووبەڕووبوونەوە لە ڕەمزی و خەیاڵیدا لەگەڵ ڕیاڵ، سوبێکت تووشی دڵەڕاوکێ دەکات. لە ڕاستیدا، سەربارخستنە بەرچاوەکەی ژیژەک بۆ چەمکی ڕیاڵ لەو باوەڕە شیڵینگییەیدایە، کە پێی‌وایە ڕیاڵ وەک سنور و بەربەستێک لەبەردەم کەماڵ و پڕێتیی ڕەمزی و خەیاڵیدا کاردەکات. هێندەک هێند زیاد ڕۆشتوون، پێیان‌وایە پرۆژەکەی ژیژەک بەکارهێنانەوەی سیانەی ڕیاڵ-ڕەمزی-خەیاڵییە تاوەکو دیسان هەموو نەریتی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی پێ بخوێنێتەوە.

  سرووشتی ڕاستەقینەی هەریەک لەم سێ نەزمەی بوون هێندەش شهوودی(intuitive) نیە، چونکە هەر ئەڵقەیەک و بەستراوە بە ئەوانیترەوە و هەمویان لە پەیوەندیدان. ژیژەک لە ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا و پێشەکییە درێژەکەیدا بۆ چونکە ئەوان نازانن چی دەکەن، ئەم تێڕوانینە سادوسانایە لەمەڕ سێ نەزمەکە ڕاستدەکاتەوە. بە دەربڕینێکی تر، خاڵی یەکتربڕین لەنێوان هەر دوو ئەڵقەیەکدا هەیە و ئەم خاڵانەش لۆژیکی گرێیەکە و سەربەرامبەرییان لەگەڵ سێ نەزمەکەدا دەڕسکێنن. بەم شێوەیە، دەشێت بە شێوەیەکی باشتر ئەم نەزمانە لەڕێگەی ئەم چەمکانەوە دابڕێژینەوە: ڕیاڵی-ڕیاڵ، ڕەمزیی-ڕەمزی، خەیاڵیی-خەیاڵی. خۆی لە ڕاستیدا نۆ شێوەمان هەیە: (ڕیاڵی-ڕیاڵ، ڕیاڵی-ڕەمزی، ڕیاڵی-خەیاڵی)، (ڕەمزیی-ڕیاڵ، ڕەمزیی-ڕەمزی، ڕەمزیی-خەیاڵی)، (خەیاڵیی-ڕیاڵ، خەیاڵیی-ڕەمزی، خەیاڵیی-خەیاڵی). مەرامی سەرەکیی ژیژەک لێرەدا ئەوەیە هەندێک نمونەی سودبەخش لەمەڕ ئەو پێکداچوونانەی کە لە سەرەتاوە لە ئەڵقەی ڕیاڵدا ڕوودەدەن، بدات بە خوێنەران.

  ڕیاڵی-ڕیاڵ ئەو شوێنەیە شتـی ناڕوون و سەرەتایی تێدا دەدۆزینەوە. بەبیرتان بێت شت بۆ لاکان ئەوەیە کە دالی نیە. مادەم مەدلوول لە ئەنجامی گەمەی دالەکاندا دەڕسکێت، ئەوا ئەوەی دالی نەبێت مەدلوولیشی نیە. شت لەودیو مەدلوولەوەیە. ئێ مادەم شت لەودیو مەدلوولەوەیە، ئەوا سەر بە ڕیاڵـە. گرنگە خۆمان لادەین لەوەی شت و ڕیاڵ بە یەک شت بزانین، چونکە ڕیاڵ ئاماژەیە بەو "شوێن"ـەی تێیدا ئۆبێکتی ڕیاڵ وەک شت دەدۆزینەوە. گرنگە ئاماژە بەم خاڵەش بدەین: شت ئەو ئۆبێکتەیە لە ڕیاڵدا دەیدۆزینەوە و بەراییترین خەسڵەتیشی خۆلادانە لە ڕەمزاندن.

  دەشێت لەڕێی نوسینەوەی ڕەمزیی فۆرمولەی کوانتەمییەوە ڕیاڵی-ڕەمزی بخەینەڕوو. ئەم فۆرمولەیە وەک شتێکی بێمانا و وێنانەکراو لە ئەزموونی ڕۆژانەماندا دەمێنێتەوە، بەڵام بێ هیچ گومانێک لە ڕوانگەی ماتماتیک و فیزیای مۆدێرنەوە تەواو واقیعین. ئەمە لانیکەم خولیای ساڵەهای ژیژەک دەرهەق بە فیزیای کوانتەم و سۆڵیداریتەی ڕۆشنبیریی لەگەڵ ئۆنتۆڵۆژیای ماتماتیکیی ئالان بادیۆدا دەخاتەڕوو. ڕەنگە نمونەیەکی سادەتری ڕیاڵی-ڕەمزی لە پارادۆکسە بەناوبانگەکەی بێرتراند ڕاسڵدا بێت: سەرتاش سەری ئەوانە دەتاشێت، کە خۆیان سەری خۆیان ناتاشن. ئەم پارادۆکسە ئەو بۆشاییە دەخاتەڕوو، کە کۆمەڵەیەک لە خۆی جیادەکاتەوە. لە ئاستی ڕەمزیدا، ئەم پارادۆکسە بەم شێوەیە خراوەتەڕوو: x Ï x. کۆمەڵەی هەموو کۆمەڵەکان ناتوانێت خۆی بخاتەناو کۆمەڵەیەکەوە. (گەرەکە ئەوەش بزانین لاکان ڕەتیدەکردەوە ئەم پێشگریمانەیە وەک پارادۆکسێکی لۆژیکی قبووڵبکات؛ بەڵکو پێی‌وابوو وێنەیەکە. بڕوانە سیمیناری چواردەی لاکان لەمەڕ لۆژیکی فەنتازیا).

  لە کۆتاییدا، ڕیاڵی-خەیاڵی ئەو بەشەی وێنەیەکە، کە یەکپارچەیی وێنەکە وەک گشتێک دەشێوێنێت. ژیژەک بەم دواییانە نیگاری شۆڕشگێڕانەی مەرگی مەراتـی ژاک لویس دەیڤدی بە خوێنەران ئاشناکردووە. ئەم نیگارە، کە ژیژەک بە یەکەم نیگاری مۆدێرنی دەزانێت، لایەکی ڕاستی تاریکیی تەواوە. تەماشاکەر تەنیا مەرگ و دڵەڕاوکێ و نەبوون لەو تاریکییەدا دەبینێتەوە. ژیژەک بڕوای ئەم نیگارە نەبوون وەک فەزای بیرکردنەوە بەکاردێنێت، نەک گێڕانەوە. بە دەربڕینێکی تر، ئەم نیگارە دژ بەو ئەنگێزە دژەشۆڕشگێڕانە دەوەستێتەوە، کە هەوڵدەدەن گێڕانەوەیەک(حیکایەتێک) بەدەور درزەکەدا درووستبکەن. حیکایەتەکە دەشێت بەم جۆرە بێت: "ئەو دەمرێت...بەڵام دەزانێت مەرگی وی کۆمەکێکی بچوکە بە خەڵکی فەڕەنسا تاکو لە کۆتاییدا چێژ لە ئازادی ببینن". کەواتە ڕیاڵی-خەیاڵی ئەو شوێنەیە کە تێیدا دابەشبوونێک لە وێنەدا ڕوودەدات. ئەم دابەشبوونە هەڕەشەیە لە یەکپارچەیی وێنە وەک وێنە، وێنەکە کورتدەکاتەوە بۆ دابەشبوونی پەتیی ڕیاڵ.

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] You can’t take it with you

[2] Alien

[3] Silence of the lambs

[4] Vertigo

[5] Silhouette

[6] Symbolic efficiency

[7] Primordial Real