A+    A-
(753) جار خوێندراوەتەوە

           «خوێنەر» و «خوێندکار»: دوو ناو بۆ یەک قەیران

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

بەرکەوتنى کۆمەڵگاى ئێمە بە "مۆدێرنە(modernity)", تا ئەم ساتەش قەیران لەسەر قەیران کەڵەکەدەکات بێ‌ئەوەى چەمکە مۆدێرنەکەى «قەیران» خۆى لەدایک‌ببێت. واتە لە زارى خۆمانەوە و بە نیەتى خۆمان زۆرجار دەکەوینە قەیرانەوە, ئیدى لە قەیرانى سیاسى و ئابورییەوە تا کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى و هتد, بەڵام وەک زۆر چەمکى تر پێدەچێت هەر قەرز و میتافۆر بێت. قەیران(Crisis) لە سادەترین ماناى خۆیدا, خاڵێکى وەرچەرخانە, بۆنمونە لە باشەوە بۆ خراپ. خاڵێک کە ڕۆڵى چەق دەگێڕێت, دەبێتە برین و تراوماى قۆناغێک, شوێنێک کە پۆڵێنێک درووستدەکات پێش و پاشى خۆى جیابکاتەوە. بەڵام لاى ئێمە, ئەوەى ناودەنرێت قەیران, ئەم خۆگرتنە بەهێزەى نیە, ئەم خاڵە خراپە هێند خۆى ناگرێت تا بەهۆیەوە شتەکان جیاابکەینەوە و نیشانەکان دیاریبکەین و کاریان لەسەر بکەین. بکەرێکیش درووستنابێت دەرەنجامى زەرووریی قەیرانەکە بێت و لەگەڵ هەموو ڕووەکانى قەیراندا مامەڵەبکات- یان گەر درووستیش ببێت ئەوا قەیرانێکى هاوشێوەى ترى بەسەردا دێت و ناهێڵێت ئەو خاڵە "خراپە" خۆى بگرێت کە سەرەڕاى خراپییەکەى, کەچى تاکە گۆشەى سەیرکردنمانە بۆ دەرەنجامەکانى قەیران. دەستنیشانکردنى هۆکارى ئێمە, ڕەنگە ئاسان نەبێت, چونکە پێویستى بە هۆکارناسییەکە گشتى و ڕیشەیی بێت. گەر ناچاریش بین, سەرەتاییترین و گشتییترین هۆکار دیارىبکەین ئەوا ڕەنگە هەر قەیرانى ئێمە بێت بە مۆدێرنەوە. دونیاى مۆدێرن, خۆى قەیرانى بۆ دونیاى نەریتى(سونەت) درووستکرد و بەجۆرێکیش نەگەڕایەوە پێش قەیرانەکە و خاڵى دابڕانەکە. بەڵام کۆمەڵگاگەلى وەک ئێمە, هێشتا لە پشێوییەکى سەرتاپاگیردا دەژین. پێدەچێت ئەو قەیرانە مێژووییە گەورەیەمان ئەزمووننەکردبێت کە وادەکات هەموو شتێک سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە. ژێستى دەسپێکمان هەیە, بەڵام میکانیزمەکان و پێوەرەکان و گەشەى ناوەکیی دەسپێک ڕوون نیە. ئەمە بۆ هەموو کایە و بوارەکان درووستە. ناکۆکییەکان پتر ئەبستراکتن تا کۆنکرێت, دوو شتى دژ لە کۆمەڵگاکەدا زۆرجار هەر یەک شتن, بەڵام ژێستى ئەوە دەنوێنن دوو جەمسەرى ناکۆکن. لەکاتێکدا ناکۆکى, بزوێنەرى گەشەیە, بەر لە هەمووشى گەشەى مێژووى کۆمەڵگا. بە مانایەکى تر, نوێترین حاڵەت و کۆنترین حاڵەت دەتوانن بۆ ساتێک دەربکەون و نەشبنە مایەى گەشە و پۆڵێنکارى و جیاکارى. کەڵەکەبوونەکان(چەندایەتییەکان), بەزۆرى سەرناکێشن بۆ گەشە و دۆخى چۆنایەتى, بەڵکو بەئاسانى سفردەبنەوە. ئەمانە هاوکات تایبەتمەندییەکانى قەیرانن لە دونیاى مۆدێرندا, بەڵام لاى ئێمە وەک‌بڵێى قەیرانى «قەیران»مان هەیە: ئەوەى کە پێویستە لە دونیاى دەرەوەڕا قەیران درووست ببێت و لە دونیاى ناوەوەش بکەرێک هەبێت خودئاگایی دەرهەق بەم قەیرانە درووستبکات و بیکاتە خاڵى گەشە یان لانیکەم لەخۆڕوانین و نەگەڕانەوە. لە ئاستى تاکەکەسدا, خۆنەگرتنى مرۆڤى ئێمە(لە سیاسییەوە تا کۆى بوارەکانى تر), هەڵبەزودابەزە ڕۆژانەییەکانى, گەرمبوون و ساردبوونەوە دەروونییە خێراکانى و زۆر سیفەتى تریش وادەکەن قەیرانیش بوارى ئەوەى نەبێت خۆى بگرێت. دیارە ئەوانە دەرەنجامى قەیران نین بە ماناى تایبەت و بەشەکى, بەڵکو دەشێت دەرەنجامى قەیرانێکى گشتەکى و مێژوویی بن کە پێویستە سەرتاپاى ژیانمان بگرێتەوە و ڕیشەکان بلەرزێنێت بەڵام ڕوویشینەدابێت. دیارە ئەم باسوخواسە بەنیسبەت زۆر کۆمەڵگاى دەرەوەى خۆرئاواوە تازە نیە, هاوکات چەندین پرۆژەش گەڵاڵەکراوە تا واز لەو ڕاستەهێڵە مێژووییە بهێنرێت کە کێ مۆدێرنە و کێ مۆدێرن نیە, بەڵام سەربارى ئەوانەش هێشتا زۆر گومان و پرسیار دەمێننەوە کە بۆ کۆمەڵگاى ئێمە ئاڵۆزتریش دەکەونەوە.

گەر سەرنجێکى خێراى پانتایی ڕۆشنبیرى بدەین, کە دیاردەیەکى بەگشتى مۆدێرنە, هەڵگرى هەمان کێشەکانى کۆمەڵگاکەیە بەگشتى. پانتاییەکەش وەک شوێنى کۆمەڵگاکە لەناو مۆدێرنەدا ناڕوونە, میکانیزمى ئیشکردنى و سنورەکانى و گەشە گریمانەییەکەى تەڵخە. بۆنمونە, پەیوەندیی ئێمە بە مەعریفەى خۆرئاواییەوە(یان تایبەتتر مێژووى فەلسەفە), پەیوەندییەکى تەواو ناهاوسەنگە. مێژووى فەلسەفە لە یۆنانەوە بۆ ئێستا بەردەوامە, قۆناغ بە قۆناغ هاتووە و جۆرێک لە پەیوەندیی بە کۆمەڵگاکانى خۆرئاوا و مێژووەکەوە هەبووە, بەجۆرێکیش بەشداربووە لە ژیانى ڕۆژانەى ئەوێدا. بەڵام ئێمە کتوپڕ لەو مێژووە بەئاگادێینەوە و کەلێنێکى هێجگار گەورە و تەنانەت مەحاڵئاساش دەبینین کە لەنێوان ئەوان و ئێمەدا هەیە. ڕاستە کە مەعریفە پێدراوێکى گەردوونییە و هەرکەس لە هەر کەلتورێکەوە دەتوانێت پەیوەندیی لەگەڵدا ببەستێت, بەڵام خولیاى تاکەکەسى جیایە لە چارەنووسى کۆمەڵگایەک. ئەو کەڵەکەبوونە مەعریفییەى خۆرئاوا بەدرێژایی زیاد لە دوو هەزار ساڵ, لەبەرامبەر ئەو زەمەنە کورتەى کۆمەڵگاکانى تر, جۆرێک ناهاوسەنگى درووستدەکات کە بەئاسانى تێگەیشتن درووستنەبێت. تێگەیشتن نەک لە ئاستى دەق و نوسراو و گوتراودا, بەڵکو وەک "تیاژیان"يش, وەک ئەوەى بەشێک بێت لە خودئاگایی تۆ, وەک ئەوەى تۆ بە ئەزموون بەناویدا تێپەڕیبیت. ڕەنگە تاکەکەس لە دەرەوەى خۆرئاواوە و لە ژیانى خۆیدا بەشێکى ئەو مەعریفەیە وەربگرێت, بەڵام ئەمە یەکسان نیە بەوەى هەموو کۆمەڵگاکە لە مێژووى خۆیدا ئەزموونیکردبێت. گەر واىدانێین ئەم تاکەکەسە ڕۆشنبیرە, ئەوا ڕۆشنبیر خۆى ئەو کەلێنە ئەزمووندەکات کە لەنێوان کۆمەڵگاکەى و ئەو مێژووەدا هەیە. گەر بێتو لەوە گەڕێین ئەو بوونەوەرەى ناوى "خوێنەر"ـە لەنێوان دوو مێژوودا سەرگەردان دەبێت و زۆرجار گەشەى سرووشتى وندەکات. خوێنەر, کە بەرهەمى زەمەنێکى درێژى دەستەجەمعى و دواییش تاکەکەسییە, بە نیوەناچڵى درووستدەبێت و زۆرجاریش پرۆسەکە ناگاتە جێیەکى ئەوتۆ. خوێنەربوون واتە نزیکبوونەوە لە مەعریفەى مێژوویەکى درێژتر و دوورتر کە ئەو بەشێکى تایبەت نەبووە لێى. بۆیە دەبێت بێ‌وچان، لە هەوڵى خودسازى و نزیکبوونەوەشدا بێت لەو مەعریفەیەى کە هى ئەو نیە. پەیوەندیی ئەو, هەمیشە لەسەرەتاوە پەیوەندییەکى گریمانەییە, ئەوە دواتر واقیعى دەبێتەوە. ئەو مەعریفەیەى دێتە سیاقى ئەوەوە, هەرچۆنێک بێت سیمایەکى لێ دەکەوێتەوە و وێنەیەکى لێ وەردەگرێت. ئەم وێنەیە هەمیشە, کەلێنێکى بەو ڕیشەیەوە هەیە کە مەعریفەکەى تیا ڕسکاوە. هەتا ڕۆشنبیرێکى دەرەوەى مۆدێرنەى خۆرئاوا, هەر خەریکى نزیکبوونەوەیە لەو کەلەپوورە, ئەویش هەر وێنەیەکى ئەو مەعریفەیە وەردەگرێت. بۆنمونە چەمک یان پرسێکى وەک ڕۆح(spirit-Geist), بۆ مرۆیەکى دەرەوەى خۆرئاوا, بە کەسى ئاسایی و ڕۆشنبیر و خوێنەریشەوە هەر نامۆیە. پەیوەندیی بەوەوە نیە لە کتێبێکدا لەم چەمکە تێناگات, بەڵکو لە ژیانى دەستەجەمعى و مێژووییدا پرسەکە ئەزمووننەکراوە, بۆیە وێناش ناکرێت. وێنانەکردن, خۆى ناوێکى سەرەکییە بۆ ئەو کەلێنەى لەنێوان ئەم دوو مێژووەدا هەیە. ڕەنگە شتانێکى گەردوونى کە پێش مۆدێرنە و لە کۆنیشدا هەر ئاشنا بوون, وێنابکرێن, بۆنمونە ئەو حاڵەتە مرۆییانەى لە دین و ئەدەبیاتدا زۆرکەس تێیاندەگات, بەڵام ئەو تێز و گوزارە فیکرییانەى کە لە قۆناێإکدا و لە وەڵامى بیرمەندێکى ئەو مێژووەدا بەرهەمهاتوون, لێرە بەئاسانى وێناناکرێن. هەتا زۆرجار ناونیشانى تێکستە تیۆرییەکانى خۆرئاوا, لە دەرەوەى خۆرئاواوە بەوردى وێناناکرێن و دەشێت مرۆ بە هەڵەدا ببەن. ئەو ناونیشانانە, ناونیشانى دابڕاو و ئەبستراکت نین لە جێیەک هەڵکەنرێن و بەئاسانى بگوازرێنەوە, بەڵکو لە شوێنى خۆیاندا ناوى پرس و دۆسیەیەکى عەقڵى بوون و لەناو زنجیرەیەکدا مانا و وێناى تەواوى خۆیان درووستکردووە. بۆنمونە, «مرۆڤى یاخى(شۆڕشگێڕ)» کە ناونیشانى کتێبێکى ئەلبێر کامۆیە, بۆ دەرەوەى مۆدێرنەى خۆرئاوا وێنایەکى نادەقیق درووستدەکات. چونکە دەشێت وێنەى مرۆڤێک بەزەیندا بێنێت کە لە کەلتور یاخى دەبێـ یان لە خێزان, بەڵام یاخیبوون لە کۆنتێکستى ئەو کتێبە و مێژووەکەشدا پتر گەڕانەوەیە بۆ ئەو شوێنەوارە فەلسەفى و سیاسییانەى کە هەر سێ فەیلەسووفى ناو مۆدێرنە هیگڵ, مارکس, نیچە درووستیانکردووە. کتێبەکە پتر دەربارەى ڕەخنەى ئەو سێ فەیلەسوفەیە وەک ئەوەى بەشێوەیەکى دابڕاو و ئەبستراکت باسى مرۆى یاخى و لاسار بکات. بۆیەشە ئەم کتێبە, کە ئیشێکى کەمتازۆر ئاسانترە بەراورد بە دەقە تیۆرییەکانى ترى خۆرئاوا, وێناناکرێت و بە لاڵى جێدەمێنێت و بگرە ناشخوێنرێتەوە. «مرۆڤى یاخى», بەرهەمى جۆرێک زیادەڕۆییە لە عەقڵانیەت و فەلسەفاندندا کە لاى ئێمە ئەو زەمینەیە بوونى نەبووە و بەئێستاشەوە نیە. کامۆ کە دەڵێت هیگڵ تا ئاستى ناعەقڵانیبوون, عەقڵاندوویەتى, ئیدى ئەمە گەر وەک ڕستەیەکیش قابیلى تێگەیشتن ئەوا وەک مێژوو و کەلتور و ژینگەى عەقڵى وێناناکرێت بۆمان. یان ڕستەگەلى وەک «ئەخلاق, بەرهەمى کۆیلەکانە»(نیچە), دیسان قابیلى وێناکردنى ڕاستەوخۆ نیە و بەدحاڵیبوونى خێرا دەخاتەوە. هەتا دەقێکى وەک «زەردەشت واى وت», کە کەشوهەوایەکى ئەدەبیی هەیە, بەزەروورەت سەر بە مێژووى خۆرئاوایە و دژ بە بیناى فەلسەفیی خۆرئاوا نوسراوە. کە دەگاتە ئێرە, تەنیا هەندێک دیوى ئەدەبى و میتافۆرئاساى دەگات و چێژێکى تەمومژاوى جێدەهێڵێت. گەر بێتو لە سەدان تێز و ڕستەى تر بگەڕێین کە کۆششێکى شەخسى و پاشان هاوتاکردنەوەیەکى کەلتوریی دەوێت بۆ ئەوەى وێنابکرێت. ڕستەیەکى وەک «[زیندەوەر]، هەڵگرى مرۆک(فانى)ـى جەوهەرێکى (بەئیحتیمال) نەمرە» لە دەقى نارسیسیزم(خودئەڤینی)ـى فرۆیددا, دیسان ڕاستەوخۆ هیچ وێنایەک درووستناکات, کە زمانى دەرەوەى مۆدێرنەى خۆرئاوا بەم تەعبیرانە زۆر ڕانەهاتووە و هەم زەینى دەرەوەى مۆدێرنەى خۆرئاواش بەئاسانى جێى تەعبیرى وا ناکاتەوە. ئەوەى دەمێنێتەوە کۆششێکى نوخبەییە(بەو مەرجەى نوخبە و هەلومەرجى درووستبوونەکەشى هەبێت). دەستەواژەیەکى وەک هەڵگرى مرۆک(فانى)ـى جەوهەرێکى (بەئیحتیمال) نەمر[1], مێژوویەک لە فەلسەفە و پاشان بایۆلۆژیا و سایکۆلۆژیاى لەپشتەوەیە. گەر زمانى کۆمەڵگاکان بۆ وەرگرتنى ئەم تەعبیرە چڕانە سازنەکرێت و نەبرێتە ناو پانتایی ئاخاوتن و بیرکردنەوەوە, ئەوا وەک تەعبیرگەلى داخراو و وێنانەکراو دەمێننەوە. دەشێت بەئاسانى وێناى پەرەگرافێکى مارکێز, یان پامۆک یان کۆنتریش تۆڵستۆى بکرێت و وێناهەڵبگرێت, بەڵام مێژووى فیکر(و فەلسەفە) بەرەنجامى زنجیرەیەک کارلێک و ڕووداوى مێژوویی و پاشان ناواخنبوونەوەى ئەو تیۆرانە بووە لە کۆمەڵگایەکدا. هەوڵدان بۆ وێناکردنى گوزارە و ئایدیاکانى ناو بیرى مۆدێرن, ڕێیەکى چڕوپڕ و درێژخایەن و دەزگامەندى دەوێت کە سیاسەت بە پلەى یەکەم لێى بەرپرسە. هەتا ڕووداوگەلى وەک شۆڕشى فەڕەنسا یان ئایارى ٦٨, تەنیا وەک میتافۆر دەکاتە دەرەوەى خۆى, و زۆرجار بۆ دەرەوەى خۆى کۆمەڵێک ئەکتى فۆرماڵ جێدێڵێت کە ناوەڕۆکى مێژوویی و کۆمەڵایەتیی نیە و بیردەچێتەوە. کاتێک سیاسەت خۆى نەگەیشتوەتە بەرهەمهێنانى چەمکى ماف, و دەزگا پەیوەندیدارەکانى وەک زانکۆش بەزەروورەت ڕیشەیەکى مۆدێرنیان نیە, ئیتر پاش چەندین دەیە هیچکام لە زانستە کۆمەڵایەتى و مرۆییەکان ناتوانن خوێندکار بگۆڕنە سەر خوێنەر؛ یان لاى کەمییەکەى زەمینەیەکى ڕیژەیی بۆ ئەو گۆڕانە بڕەخسێنرێت. چونکە خوێندکار خۆیشى قوربانیی زۆر ئاریشەیە, کە لێرەدا ئاماژە بە یەکێک لە میکانیزمەکانى فێربوون دەدەین: لەبەرکردن.     

پەیوەندیی مێژوویی ئێمە بە مۆدێرنەوە, خۆى جۆریکە لە لەبەرکردن, ئیدى چ وەک دەرخکردن(ئەزبەرکردن) و چ وەک بەرگ تێ هەڵکێشانیش. هەم دەبوو مەعریفەى ئەوان بەخێرایی لە دەزگاکانماندا لەبەربکەین بێ ئەوەى تێیدا بژین, هەم زۆر درووشم و شوناسى ئەوانیشمان لەبەرکردووە و پۆشیوە. هۆکارەکانى پشت ئەمەش, خۆى زادەى ئەو کەلێنە مێژووییەیە کە باسمانکرد. لە سیستەمى پەروەردە و فێرکردندا لاى ئێمە, خوێندکار ئامادەدەکرێت بۆ ئەوەى زانینێکى کاتى هەڵبگرێت و لەبەریبکات و دواییش نەبێتە بەشێک لە کارەکتەرى. لە پرسى لەبەرکردندا, ناچارین بەخێرایی مەعریفەى سەردەم و مێژوویەکى تر لەبەربکەین. بۆیە خوێندکار وەک ماشێنێکى کەلتورى دەهێڵرێتەوە. زانینەکە ناگاتە ناوەوەى. دەبێت لەڕووى دەرەوەى‌ڕا, وەربگرێت و بیشیداتەوە. ناوەکیبوونەوە ڕوونادات. ئەمە مۆدێلێکى کۆنى شەهادەت و شایەتیدانیشە کە ئاخۆ تواناى ئەوەت هەیە هەمان شت بڵێیتەوە. ڕەنگە نەرێنیترین فۆرمى شایەتیدانیش بێت کە مرۆڤێکى تیا تاقیبکرێتەوە. گومانە لە توانستى سوبێکت کە ئاخۆ خۆى دەتوانێت بیربکاتەوە. جۆرێکى ترى دەسەڵاتى باوکیشە کە نابێت ئەویترى قوتابى خۆى ڕامێنێت. ڕاستە پرۆگرامى خوێندن جۆرێکە لە دیسپلین, بەڵام کرۆکى ئەم دیسپلینە لاى ئێمە جیایە لە دیسپلینەکانى تر. ڕیشەى دەرخ, هاوڕیشەیە لەگەڵ ترس لە گومانکردن لە خۆرهەڵات. تۆ دەبێت چەشنى فەرموودە, ئەرکى قوتابخانە بڵێیتەوە. دەق دەقە, نەقڵ نەقڵە, ئەقڵ ناتوانێت ئەقڵ بێت و ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. هاوکێشەى نەقڵ, بەراورد بە ئەقڵ, ڕیشەیەکى دێرینى لەم کەلتورانەى ئێمەدا هەیە. دەرخ, ناوەڕۆکى سوبێکت ناگۆڕێت. فۆرمى ڕووتى دەسەڵاتە, دەبێت دەسەڵاتى دەزگایەکى چرچەڵى بەناو پەروەردەیی حونجەبکەیتەوە و بیڵێیتەوە. ئەوەى بە تەعبیر شتێک بنوسێت, کەمتازۆر دەبێت یان هەست بە گوناهـ بکات یان هەست بە دەسکەوت و قۆستنەوەى شتێک بکات کە ئاسان ڕێى پێ نادرێت. شتێک لە فاکت لە پرۆگرامى خوێندندا هەیە و گەرەکە لەبەربکرێت, باسەکە ئەمە نیە, بەڵکو لۆژیکى لەبەرکردن و لەبەرگرتنەوەیە لە خوێندندا کە فاکت و نافاکت پێکەوە دەگرێتەوە. دیاردەیەکى دیارى وەک قۆپیەکردن(کۆپى کردن), خۆى ئاوێنەى قۆپییەى پرۆگرامى خوێندنە. کاتێک پرۆگرامەکە داوات لێدەکات شتەکانى بۆ کۆپى بکەیت, ئەوا تۆش ناچاریت لە زۆر باردا بەشێوەیەکى دزەوانکێ ئەو کارەى بۆ بکەیت. ئەمە لۆژیکى ڕەوا و ناڕەواى قۆپییەیە. تۆ گوێڕایەڵى سیستەمەکە دەبیت, بەڵام بەو فۆرمەى کە خۆى ناتوانێت ڕاستەوخۆ قبوڵى بکات. ناتوانێت ئەو زیادە شڵەژێنەرەى فەرمانەکەى خۆى قبوڵبکات کە بەسەر خوێندکاردا دەیسەپێنێت. قۆپییە بریتییە لەو پاشماوەى فەرمانەى کە هەر سیستەمەکە خۆى دەیخاتەڕوو, بەڵام بۆى کۆنترۆڵناکرێت و ناچارە سزاى لەسەر دابنێت. سزاکە, بە مانایەکى تیۆرى, سزایەکى ڕەنگدەرەوە(reflexive)یە: هۆ و ئەنجام لە بازنەیەکى بەتاڵدا گیردەخۆن, و بکەرى ناو بازنەکە ناچارە سزاى خۆى لەڕێى زیادەکەى خۆیەوە بدات هەر لە بازنەکەدا گیریکردووە و قوربانییە. ئەمە وێڕاى ئەوەى کە لەبەرکردن, دۆخى پێش لەدایکبوونى تواناى ڕاڤەشە. لێرەدا تێنەگەیشتن لە خوێندکار, دابڕاو نیە لە تێنەگەیشتن لاى بکەرە ڕۆشنبیرى و پەروەردەییەکانى تریش لە چەشنى خوێنەر, و هتد.

گەر کەمێک تیۆرییتر, لەسەر لەبەرکردن بوەستین ئەوا: مەسەلەکە ئەوە نیە هەموو فۆرمێکى دەرخ و پاراستن وەدەربنرێت, بەڵکو کێشەکە ئەوەیە لە "لەبەرکردن"دا ڕەگەزێکى ترانسێندێنتاڵ(بڵندنشین) لەدەستدەدەین. ترانسێندێنتاڵ بەو واتایەى کە بەر لە ئەزموون, بەر لە ئەزموونى لەبەرکردن ئەو چوارچێوەیە لەدەستدەدەین کە ئێمە خەریکین چى لەبەردەکەین و کارکردى ئەو زانیارییانە چین و لەبنەڕەتیشدا ئیشى مەعریفەکە چیە. گەر سوبێکتى خوێندن(خوێندکار), ئاگاییەکى پێشوەختى دەرهەق بەم ڕەگەزە ترانسێندێنتاڵە هەبێت ئەوا درز دەکەوێتە ناو میکانیکیبوونى لەبەرکردنەکەوە و کەمێک لە سوبێکتى خوێندنەوە نزیکدەبینەوە تا ماشێنى خوێندن. دیوى ماشێنى هەمیشە لە سوبێکتدا هەیە, بەڵام ئاگاداربوون دەرهەق بە ماشێنیبوون خۆى درزێک درووستدەکات. لەڕووى دەروونییەوە, مامەڵە بەم چوارچێوە ترانسێندێنتاڵەوە, وادەکات ئەو هەستە لاى خوێندکار درووست ببێت کە زانیارییەکە/وانەکە گەرەنتیکراو بێت نەک خز و هەڵهاتوو, ئۆبێکتێک بێت قابیلى دەرگیربوون نەک ئەوەى ئۆبێکتێکى وەهمى و تارماییئاسا بێت و هەستبکرێت گەر لەبەرنەکرێت ئەوا وندەبێت و ناوەڕۆکى خوێندکارەکەش لە هەر چالاکى و کۆنترۆڵ و سەرکەوتنێک بەتاڵدەکاتەوە. لەبەرکردن, پێشوەخت ئەو ترسە لەگەڵ خۆیدا دێنێت کە زانیارییەک هەیە و جڵەوناکرێت و ئەمەش مایەى شەکەتبوونە. تاکە گەرەنتییش کەوتۆتە سەر ئەزموون, ئەزموونى خوێندنەکە و تاقیکردنەوەکە, بۆیە بەر لە ئەزموون ئێمە خاوەنى ڕەگەزێکى ترانسێندێنتاڵ نین تا مەودایەک بە زانیارییەکەوە بپارێزین و ئیرادەیەکى پێشوەختیشمان بەسەریدا هەبێت. ترانسێندێنتاڵ لەم سیاقەى باسەکەدا, بنیاتنانى جۆرێک هۆشیاریی دەروونییشە کە وانەکە ئۆبێکتێکى ترسناک نیە, لە مرۆڤەوەیە و بۆ مرۆڤە, ناوەڕۆکێکى مرۆیی هەیە و مەرج نیە بەڕەهایی ببەسترێت بە ئەزموونى لەبەرکردنەوە. لەبەرکردن خۆى تەکنیکێکە مرۆڤ لە ڕابردوودا و لەمڕۆشدا بە ڕێگاى جیاجیا کارى پێ دەکات, ئامرازێکە بۆ کۆمەڵێک ئامانجى جیاجیا؛ بەڵام کاتێک دەکرێت بە جەوهەرى سیستەمى فێرکردن ئیتر لە تەکنیکێکى ڕووتەوە دەبێتە "شتێکى تر", دەبێتە ئامرازێکى هەڵە بۆ ئامانجێکى درووست. لە سیستەمى خوێندندا, ئێمە تەنیا وانەیەکى وەک "داڕشتن" بەڕوونى دەبینین کە خوێندکار هەستبکات دیوێکى لە سوبێکتبوونى خۆى دەبڕێت(گەرچى بۆ ئەمەش لەکۆدا فەزاکە فەراهەم نەبووە تا خوێندکار ڕایەکى هەبێت و کەرەستەکانى خوێندنەوە و بەدواداچوونى هەبێت و شتەکەش بە هەند وەربگرێت). سەرەنجام, گەر لەبەرکردن هەنگاوێکى بەرایی فێربوون بێت ئەوا ناکرێت لەم هەنگاوەدا بمێنێتەوە و گەرەکە قۆناغەکانى سوبێکتبوون ببڕدرێت.

 

 

 

 

 

 


[1]mortal vehicle of a (possibly) immortal substance: (der sterbliche Träger einer - vielleicht -unsterblichen Substanz).