A+    A-
(751) جار خوێندراوەتەوە

نیچە و کێشەی مێژوو[1]

 

 

 

 

 

مارک سینکلەر

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

 

 

 

 

پوختەی باس

فردریک نیچە،[2] فەیلەسوفی ئەڵمانی، یەکێکە لە مەزنترین و ناسراوترین ڕووخسارە فەلسەفییەکانی سەدەی نۆزدەیەم. هەمیشە هزر و بەرهەمەکانی، بەدرێژایی سەدەی بیستەم، چەقی سەرنج و توێژینەوەی هزرمەندانی جۆراوجۆر بوون و کاریگەرییەکی بەرینیان بەجێ هێشتووە. یەکێک لە بەرهەمەکانی نیچە، "تێڕامانە ناوەختەکان"ـە[3] کە لە چوار بەش پێکهاتووە: دەیڤید شتراوس[4]، سوود و زیانی مێژوو بۆ ژیان[5]، شۆپنهاوەر وەکو فێرکار[6] و ڕیچارد ڤاگنەر لە بایرۆت[7]. نیچە لە بەشی "سوود و ژیانی مێژوو بۆ ژیان"ـدا، باسە سەرنجڕاکێشەکەی خۆی لەمەڕ مێژوو بە جیاکاریی لەنێوان مرۆڤ و گیاندار لە جوغزێکی دیرۆکییەوە، دەست پێ دەکات و، نامێژووییانە ژیانکردن بۆ ئادەمیزاد، بە مەزنترین بەختەوەری دادەنێت. مێژوو بەسەر سێ جۆردا دابەش دەکات: یادەوەری، دێرینەناسی و ڕەخنەیی و، هەر سێ جۆرەکە بۆ توێژینەوەی ڕابردوو بە پێویست دەزانێت. نیچە وای دەبینێت زێدەڕۆیی لە توێژینەوەی مێژوودا، مەترسیدار و زیانبەخشە. لە کاتێکدا ژیان لەپێشترە لە مێژوو، بەڵام هەنووکە مێژوو پێش ژیان کەوتووە و، بەم پێیە، ژیان نەخۆشە. نیچە هۆکاری ئەم نەخۆشییە دەباتەوە سەر زێدڕۆیی لە بەهێندوەرگرتنی مێژوودا کە لە سەردەمی نیچە بە دوندی خۆی گەیشتبوو، زێدەڕۆییەک وی وەکو "دۆزینەوەی کیشوەریی مێژوو" ناودێری دەکات.

 

**********

ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر چێوەبەندیی گفتاری مشتوماڵکراو[8]ی نیچە لەمەڕ کێشەی مێژوو کە لە نووسینێکی ئەگەرچی کورت بەڵام گرنگدا بە ناونیشانی "سوود و زیانی مێژوو بۆ ژیان" بەری دەکەوین. ئەو نووسینە سەرەتا لە بەشی دووەمی "تێڕامانە ناوەختەکان" لە ساڵی ١٨٧٤ـدا، واتا لەو ماوەیەی وا ڕاڤەکاران بە "قۆناغی یەکەم"ـی کاری نیچەی هەژمار دەکەن، هاتە وەشاندن. لەم وتارەی بەردەستدا، مەراممە پیشانی بدەم چ جۆرە کێشەیەکی فەلسەفی لەکن نیچە، کێشەی مێژووە و، چۆنچۆنی بەرسڤی وی بۆ ئەم کێشەیە، کلیلێکمان پێ دەبەخشێت بۆ فامکردنی قەڵەمبازی کاریی نیچە لە قۆناغی "یەکەم"ـەوە بەرەو قۆناغی "دووەم" و تەنانەت تێگەیشتن لە کۆی کارەکانی بەگشتی. سەربار، مەبەستمە ڕستێک هێما و ئاماژە بخەمەڕوو لەمەڕ ئەوەی چۆنچۆنی نۆڕینی نیچە بۆ مێژوو وەکو کێشەیەک، پێدزە دەکاتە ناو بەرهەمەکانی فەیلەسوفانی سەدەی بیستمەوە.

بەشی دووەمی "تێڕامانە ناوەختەکان"، بڵاوبوونەوەی درم یان نەخۆشیی سەردەمەکە ڕادەگەیەنێت: زێدەڕۆیی لە توێژینەوەی مێژوو و پەروەردەی مێژوویی لە ئەڵمانیادا و، بەگشتی لەناو کولتووری ئەورووپاییی سەدەی نۆزدەیەمدا. گەشەی بەربڵاوی توێژینەوە مێژووییەکان لە سەدەی نۆزدەیەمدا، بەشێوازێکی میتافۆر بە دەستەواژەی "دۆزینەوەی کیشوەریی مێژوو"ـی وەسف دەکەن، دۆزینەوەیەکی شایانی بەراورد بە دۆزینەوەی جیهانی نوێ.[9]لەگەڵ ئەوەشدا، لەکن نیچە، ئەم دۆزینەوەیە ئامێتەی مەیلێکی زێدەڕۆییانەیە بۆ ڕابردوو و، زێدەڕۆییکردن لە توێژینەوە مێژوویەکاندا نەخۆشیی لێ دەکەوێتەوە، وەکو چۆن زێدەڕۆییکردن لە هەرچ شتێکدا نەخۆشیی بەدواوە دەبێت، ئاخر هەر تەنیا بڕێکی دیاریکراوی مەعریفەی مێژوویی بۆ ساغلەمی، بەختەوەری، هێزە داهێنەر و بنیاتنەرەکانی خەڵکی پێوێستە نەک پتر. ئەوە هیچ، بڕێک مەعریفەی مێژوویی بۆ ژیان بەسوود و پێویستە، بەڵام بڕێکی ئیجگار زۆر و لەڕادەبەدەری ئەم مەعریفەیە، بەو کاریگەرییە زیانبارەی بەسەر ژیانمانەوە بەجێی دەهێڵێت، دەشێت بێسوود بێت.

هەرچەند نیچە بەدرێژایی تێکستەکە چەندان نیشانەی جیاوازی ئەم نەخۆشییە باس دەکات، (بەڵام) سەرەتا ئەم خاڵەی کۆتایی بە بەراوردکردنی ژیانی کولتوور یان خەڵکانێک بە ژیان و ڕۆشنبیریی تاکێک، ڕوون دەکاتەوە: سەرزیندوویی و گوڕوتینی کولتوورێک، ئاتاجی سنووردارکردن و جڵەوکردنی بڕ و ڕادەی مەعریفە مێژوویییەکەیەتی، کتومت وەکو چۆن ساتەکانی بەختەوەری یان ئانوساتی بڕیاردان و کردەوەنواندن لە ژیانی تایبەتیماندا وەها دەخوازن بە سنووردارکردنی یادەروەرییەکانی رابردوومان، یان بە دەربڕینێکی تر، فەرامۆشکردنی ڕابردوومان، سەرومڕ لە چرکەساتی ئێستادا بژین. هەڵبەت با ئەوەش بڵێین، بەبێ بڕێک لەم فەرامۆشکاری و تووڕهەڵدانەی ڕابردوو، لە جوغزێکەوە دەتوانین لە هەمبەر کەمتەرخەمی و لەخۆنامۆبوون بەئاگا بێینەوە (هەرچەند فەرامۆشکاری هەمیشە لەپێشترە لە بەیادهێنانەوەی بەگوڕ و چالاکانەی شتێک و تێڕمان لێی). ئەگەر نەخۆشییەکی مێژوویی لە هەناوی کولتووری ئەورووپای مۆدێڕندا هەبێت، دەی کەواتە پێ دەچێت دەرمانی ئەم نەخۆشییە، دۆزینەوەی هاوسەنگییەکی دروست و گونجاو بێت لەنێوان زێدڕۆیی لە مەعریفەی مێژوویی و زێدەڕۆیی لە فەرامۆشکاریدا؛ لەنێوان ژیانکردن بە ستایڵی کەسێکی بێهاز و داچەکیاو کە دەستخەڕۆ و بێتوانایە تەنانەت لە بەرزکردنەوەی پەنجەیەکی خۆیشیدا، ئاخر بە یادهێنانەوەی گشت شتێک، تەنها گۆڕانی شتەکان و ناواخنی کاتی و زووتێپەڕیی ڕووداوەکان دەبینێت و هیچی تر، و ژیانکردن و گەوزانەوە لەناو بێئاگایی و نەزانیی مانگایەک یان سوورەماسییەکدا (ئەگەرچی کەسی بەختەوەر دەتوانێت هەر ئەوەندەی شتێک ڕووی دا، دەمودەست فەرامۆشی بکات). توانای دۆزینەوەی ئا ئەم "هاوسەنگییە"،[10]کردەیەکە، نیچە ناوی لێ دەنێت "هێزی پلاستیکی[11]"ـی تاکەکەس یان خەڵکی.       

لەسەر ئەم بنەمایە، دووەمین بەشی "تێڕامانە ناوەختەکان"، دەشێت شیتەڵکارییەکی دەروونشیکاریی و ڕەخنەیەکی کولتوورییانەی سەرنجڕاکێش بەدەستەوە بدات، بەڵام خەڵكان لەوە سەریان دەسووڕمێت چۆنچۆنی دەتوانرێت لافی ئەوە لێ بدرێت کە ئەم نووسینە لە هزری فەلسەفیی نیچەدا خودانی گرنگییەکی زۆرە! هەرچۆنێک بێت، پشک و سەنگی فەلسفیی ئەم دەستنیشاکردنی نەخۆشی مێژوویییە، بە فامکردنی ئەوەی کە ئەم نەخۆشییە زادەی "ویستی بە زانست هەژمارکردنی مێژوو"ـە، ڕوونتر دەبێتەوە.[12]"دۆزینەوەی کیشوەریی مێژوو" لەسەدەی نۆزدەیەمدا، هەم زادەی ئەم ئایدیا بەڕووکەش عەقڵگیر و لۆژیکییەیە و هەم هاوکاتە لەگەڵیدا کە دێژێت مێژوونووس دەبێت لە زانستەیلی سروشتیی مۆدێڕنەوە فێربێت وەکو چاودێرێکی[13] بێلایەن و بێباک هەڵوەستە بنوێنێت وا دەمارگیری و پێشداوەرییەکانی[14] ئامێتەی بابەتی بەرباسدراو ناکات. زانایانی مۆدێڕن، بە زانینێک وا بۆ گشت تاکێک و بۆ گشت سەردەمێک گرنگە، دەکۆشن لە میانەی سەرقاڵبوونیان بەو شتەی  دەشێت بە شێوازی بابەتییانە[15] درک بکرێت، لە سوبێکتیڤیتە[16]، تایبەتمەندێتییە کەسییەکان[17] و نیگەرانییەکانی خۆیان وەکو تاکێک، دوور بکەونەوە. لەم سۆنگەوە، ئا ئەم "هەژماردنی بابەتییانە[18]"ـیە، شتێکە، مێژوونووس لە پێناو "خواستی بە زانست دانانی مێژوو"ـدا پێویستی پێی هەیە. دەی لێرە بە دواوە، بڕیار وایە "مەعریفە[19]"ـی مێژوویی، گێڕانەوەی کتومت و بابەتییانەی ڕووداوەکان و ڕۆژگارانی ڕابردوو بێت، گێڕانەوەیەک دواجار نە لە پێناو ژیان یان هەر شتێکی تر، بەڵکوو لە پێناو و بۆ خۆی بوونی هەیە؛ ئەم کنەوپشکنین و سۆراخکردنەی وا ئەم مەعریفەی مێژووییە پێی هەڵدەستێت، لە خودی خۆی بترازێت لە پێناو هیچی تردا نییە، کنەوپشکنینێک کە دەریدەخات ڕەدووکەوتنی زانستی مێژوویی، خۆی لە خۆیدا کارێکی باشە؛ دەی کتومت ئەمە هەر ئەوەبوو وا نیچە پیشانی دا، شتێکە سەر دەکێشێت بۆ زێدەڕۆییکردن لە مەعریفەی مێژووییدا:

ئەمێستاکە چیتر ژیان تاقانە فەرمانڕەوا و میر و مەزنی زانینی ڕابردوو نییە: نزیکەی گشت هێما سنوورییەکان داڕماون و هەموو ئەوەی ڕۆژگارێک لە ئارادا بووە، بەرەو مرۆڤ هرووژم دێنێت. گشت ئاسۆی ڕوانینەکان[20] بەرەو دواوە و ڕوو بەرەو سەرچاوەکانی گۆڕان ئاوەژوو بوون، بەرەو ناکۆتا وەرسووڕاون. نمایشێکی[21] بێسنوور و بەربڵاوی وەکو مێژوو، ئا ئەم بەزانستیبوونە جیهانگرەوەیە، نها ئەوی وا هیچ نەوەیەک هەرگیز نەیبینیوە، دەخاتەڕوو؛ هەڵبەت بە بوێرییەکی مەترسیدارەوە، وەکو دروشمی خۆی، دەیخاتە بەر دیدگاکان: "دەبا حەقیقەت پایەدار بێت، با ژیانیش لەناوبچێت*".[22]

خواستی ئەوەی مێژوو وەکو زانست لێ بکرێت، ڕەواج بە بەهای حەقیقەتی بابەتی[23] دەدات لەسەرووی گشت نیگەرانییەکی واقیعییەوە بۆ ژیانمان، دەرئەنجام دەتوانرێت ئەم خواستە لە ڕێگەی ئەم پەندەوە ڕوون بکرێتەوە: دەبا حەقیقەت هەبێت، با ژیانیش لەناوبچێت.

لەسەر ئەم بنەمایە، وێناندنی مێژوو وەکو زانستێکی بابەتی[24]، سەرچاوەی زێدەڕۆییکردنە لە مەعریفەی مێژووییی سەدەی نۆزدەیەمدا. لەگەڵ ئەمەشدا، بنەمای فەلسەفی یان پێشگریمانە فەلسەفییە بنەڕەتییەکەی ئەم خواستە بۆ بابەتییەت[25] چییە؟ ئەوەیە کە ڕەوتی مێژوو وەکو بابەتی توێژێنەوەی مێژوویی، بابەتێکە لەبەرانبەر نۆڕینێکی نامێژووییدا چنراوە؛ یان ئەوەی بە دەربڕینێکی تر، تاکوو ئەو جێگەیەی ئادەمیزاد بهزرێت، لە چنگی مێژوو ئازادە و لە دەرەوەی کاتدایە؛ یان ئەوەی بە دەربڕینی نیچە، ئادەمیزاد "ناسوبێکتیڤیتەیەکی هەمیشەییە*".[26]بە واتایەک، دەستنیشانکردنی ئادەمیزاد وەکو لانی کەم نیشتەجێیەکی تاڕادەیەک دەرەوەی مێژوو و دواجار دەرەوەی کاتیش، زادەی دەستنیشانکردنی گیانە لەلایەن ئەفلاتوونەوە لە پەیوەندییدا بە حەقیقەتەکانی جیهانی "بێ­زەمان[27]"ـی ئایدیاکانەوە، ئا ئەم دەستنیشانکردنە، کەم و زۆر و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە فەلسەفەی پێش نیچەدا بە نەگۆڕی بوونی هەبووە. تەنانەت لە بەرهەمەکانی هیگڵیشدا[28]، فەیلەسوفی سەدەی نۆزدەیەم، ئەوی وا هەوڵێکی بۆ ئامێتەکردنی مێژوو و مێژووی فەلسەفە لە بۆتەقەی سیستەمێکی فەلسەفیدا سەرپێخست، تەنیا دەتوانرێت مێژوو لە خاڵێکدا فام بکرێت کە خاڵی تەواوبوون یان کۆتایییە، کەواتە ئەم خاڵە لە دەرەوەی خودی مێژوودایە.  

لەسەر ئەم بنەمایە و بە دەربڕینێکی تر، ئەم "دەستنیشانکردن[29]"ـە، تایبەتە بە مۆدێڕنیتە و فەلسەفەی مۆدێڕنەوە، ئاخر لێرەدایە هزر مەرامێتی بە شێوازێکی ئەبستراکت[30] و بە خۆدابڕانێکی بەئەنقەست و میتۆدمەند لە ژیری گشتی و مێژوو، بە حەقیقەتی ئەبەدی بگات. ئەگەر هەر سەردەمێک بەناچاری لەو باوەڕەدا بێت لە سەردەمەکانی پێش خۆی بەئاگاتر و ژیرترە، ئەوا ئەم پێوابوونە لە مۆدێڕنیتەیەکدا کە لافی ئەوە لێ دەدات دەتوانێت بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی دوورودرێژی هەڵەکان، خۆی ڕۆشن و ڕۆشنگەر بکاتەوە، لاقی بووە بە داوی زێدەڕۆییەوە. لە تێکستێکدا، کە بەگشتی بە ڕچەدانەری دەستپێکی میتافیزیکی مۆدێڕن[31] ناودێر دەکرێت، واتا تێکستی "تێڕامانەکان لە فەلسەفەی یەکەم[32]"ـی دیکارت، بینەری کۆششی کردەی هزرین دەبین لەسەر بنەمای خود و لەناو خوددا و سەربەخۆ لە مێژووی فەلسەفە؛ بە گوێرەی ئەم میتۆدە، مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی خۆساز و بێ­زەمان درک کراوە کە گشت بوونەوەرانی تر، ڕەنگە بێ لە خودا، ڕستێک ئوبێکت و بابەتن و لە بەردەمیدا ڕیز کراون.  

بەم پێیە دۆزینەوەکەی نیچە لەمەڕ نەخۆشیی مێژوو بەوەی کە ئەم نەخۆشییە زادەی خواستی زانستاندنی مێژووە، پەیوەستە بە ڕەخنەگرتن لە نەریتی فەلسەفی[33] و، بەدیاریکراویش، ڕەخنەگرتن لە بنەماکانی نۆڕینی دیکارتی؛ واتا میتافیزیکی مۆدێڕن، نۆڕینێک کە بەپێی وی، ئادەمیزاد لە ژیانی مێژووییی خۆی دابڕاوە. لێرەوە دەردەکەوێت ئەگەر نیچە بە دوای گێڕانەوەیەکی جیا لەو گێڕانەوەیەیە وا مێژوو بە زانستێکی بابەتییانە هەژمار دەکات، ئەوا گێڕانەوەکەی وی لەخۆگری ئاوەژووکردنەوەی نۆڕینی بنەڕەتیی میتافیزیکی مۆدێڕن دەبێت. کەواتە بەشی دووەمی "تێڕامانە ناوەختەکان"، چی مژارێک پێشنیار دەکات تاکوو ببێتە جێگرەوەی خوێندنەوەی مێژوو وەکو زانستێکی بابەتییانە؟ بنەما فەلسەفییەکان یان میتافیزیکییەکانی ئەم گێڕانەوە ئاوەژووکراوە لەمەڕ خوێندنەوەی مێژوو، چییە؟   

بەرسڤی پرسیاری یەکەم، بەرسڤی پرسیاری دووەمیشی بەدوادا دێت. بەڵام، بۆ بەرسڤی پرسیاری یەکەم، دوو ئاست هەن. بەگشتی، ئەرکی مێژوونووس بە ئەرکی هونەرمەند بەراورد دەکرێت، لێرەدا بەر ڕەهەندێکی قۆناغی سەرەتای کاری نیچە دەکەوین، قۆناغێک خودی وی بە "میتافیزیکی هونەر"[34] ناودێری دەکات. توێژینەوەی مێژوویی دەریخستووە کە مێژوو، هەردەم مژاری لێکدانەوە[35] و، بەم پێیەش مژاری ئافراندنە. "ڕاستی[36]"ـیە دیرۆکییەکان تەنیا لە چێوەی لێکدانەوەیەکدا دەبنە خودانی مانا، چێوەیەک مێژوونووس لە پێگەی مێژووییی خۆیەوە دەیسەپێنێت بە سەریاندا و، ئەمە ئەو مژارەیە نیچە لەبەرچاوی گرتووە کاتێک دێژێت ''ڕاستی، هەمیشە گەمژانەیە''*.[37] خودی ئایدیای بابەتییەت، نیچە وەکو ئایدیاڵێکی مەحاڵ پیشانی دەدات، کە هەر بە تەنیا لە خزمەت پەنهانکردنی پێشداوەری و پێشگریمانە تایبەتەکانی مێژوونووسێک و سەردەمەکەیدایەتی. لەم سۆنگەوە، دژ بە خواستی وەها بابەتییەتێک، خواستێک شێمانەی ئەوە دەکات "ئەوی ئەرکدارە بە گێڕانەوەی ڕووداوێکی ڕابردوو، دەبێت لە هەمبەر ئەو ڕووداوەدا تەواو بێلایەن و بێباک بێت"[38]، نیچە بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە ''ڕابردوو هەمیشە وەکو ڕازوێژ و غەیبگۆیەک[39] دەپەیڤێت؛ تەنیا ئەندازیارانی تیژهۆشی داهاتوو کە لە دەمی ئێستا تێدەگەن، دەتوانن فامی بکەن''[40]. مانای ئەوی وا یارۆی غەیبگۆ دەیبێژێت، هەردەم مژاری لێکدانەوەیە و، لە کن نیچە تەنیا ئەو مژارانەی پەیوەندییەکی "ئافرێنەرانە[41]"ـیان بە ژیانی نها و داهاتوومانەوە هەیە، شیانی لێکداونەوەن. کەواتە نیچە بە جەختکردن لە ناواخنی ڕاڤەکارانەی توێژینەوەی مێژوویی و هەروەتر، ماهییەتی ئافرێنەرانەی وی، کێشەیەکی ئاڵۆز و پێچەڵپێچی خستەڕوو کە تا هەنووکە مێژوونووسانی بە خۆیەوە خەریک کردووە و، ئەم کێشەیە لە میانەی فەلسەفەی هێرمنۆتیکی سەدەی بیستەمدا و لە لایەن هانس جۆرج گادامێر[42] و پۆڵ ڕیکۆرەوە[43] پەرەی پێ درا.

دووەهەمین بەشی "تێڕامانە ناوەختەکان"، ڕوون و ڕەوانتر سێ جۆر یان شێوازی جیاوازی پرسی مێژوویی چێوەبەندی دەکات، دەشێت هەریەکەیان بۆ ژیان سوودمەند بن، بەڵام ئەگەر زێدڕۆییانە سووسە بکرێن، ئەوی دەم زیانبار دەبن. کورت­وپوخت، ئەم سێ جۆرە بریتین لە: یادەوەری[44]، کە لە پێناو ئەنجامدانی کاری مەزن لە داهاتوودا، پەسنی کار و کردەوە مەزنەکانی ڕابردوو دەدات، بێگومان لەسەر شێوازی تیۆری "مەزنەپیاوان[45]"ـی مێژوو ئەم پەسندانە بەجێ دەگەیەنێت، بەڵام دەشێت ئەم پەسندانە سەر بکێشێت بۆ چەندان جۆری دەرمارگیری و بەلاڕێدابردنی مێژوویی؛ دێرینەناسی[46]، کە ئەرخەیان و خۆشنوود، مکوڕانە نەریت و ڕیشەکانی دەمی ئێستا دەباتەوە سەر ڕابردوو، دەشێت ئەمیش سەر بکێشێت بۆ هێزێکی وەڕسکەر و تاقەتپڕوکێن؛ ڕەخنەیی[47]، کە ڕابردوو بەر تیرۆژی ڕووناکیی ڕەخنە و لێکدانەوە و توێکاری دەدات و لە دەمی ئێستای دوور دەخاتەوە. مێژوویەک وا وەکو زانست لەدایک بوو، بەگشتی مێژووی ڕەخنەییە، زێدەڕۆییکردن تێیدا، وەکو پیشانمان دا، سەر دەکێشێت بۆ نەخۆشیی مێژوویی کە مەراقی نیچە بوو. کەواتە بە جۆرێک دەگەین بە وێناندنی ئەو مانایەی وا نیچە بەهیچ کلۆجێک ڕوونی ناکاتەوە، ئەوی کە مێژوو ئەرکێکی ئافرێنەرانەی پێکهاتووە لەم سێ جۆرە و، وا دەردەکەوێت هەر جۆرێکیان لە گۆشەنیگای تایبەتیی یەکێک لە سێ "دەم"[48] یان سێ "ڕەهەند[49]"ـەکەی کاتەوە پەیوەندییەکی جیاوازیان لەگەڵ ڕابردوودا هەبێت: توێژینەوەی یادەوەرییانە لە مێژوو، پەسنی داهاتوو دەدات تا ئەو ڕادەیەی پەیوەست بێت بە ئەگەری ئەنجامدانی کارەیلی مەزنەوە، ئەگەر و شێمانەیەک کە هێشتاکانێ نە ئامادەیە و نە واقیعییە؛ دێرینەناسی پەسنی ڕابردوو دەدات تا ئەو ڕادەیەی دەخوازێت ڕەگ و ڕیشەکانی ئێستا بباتەوە سەر ڕابردوو و؛ مێژوویی ڕەخنەییش پەسنی ئێستا دەدات تا ئەو ڕادەیەی دەکۆشێت ڕابردوو لە دەمی ئێستا داببڕێت.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، دەبێت کام واتای کات و "ساتەکان"ـی کات لەبەرچاو بگیرێت تاکوو بگەین بە بەرسڤێک بۆ پرسی بنەمای میتافیزیکی ئاوەژووی ناو هزرینی نیچە[50]. ئەم بنەمایە ڕایەڵە بە سروشتی کات و شێوازی "بوون"ـی مرۆڤەوە وەکو بوونەوەرێکی مێژوویی. سەرەتا و پێش هەموو شت، ئەو ئارگۆمێنتەی وا دێژێت خوێندنەوەی مێژوو کردەیەکی ئافرێنەرانەیە و بەم پێیەش کارکردێکی ئایندەخوازانەی هەیە، لەگەڵ مژاری نامێژوویی و نەمر و هەمیشەییدا و هەروەتر لەگەڵ ئەو وێنایەی کە مرۆڤ سەرومڕ لەناو کاتدایە و ئەوەی بڵێین لە ئانوساتدا ئامادەیە، هیچ هەڤدژییەکی نییە. ئەو گۆشەنیگا میتافیزیکییەی وا ژێرخانی مێژووگەرایی[51] یان ڕێژەگەراییی مێژووییە[52]، گۆشنیگایەکە مەعریفەی بابەتییانەی مێژوو ڕەت دەکاتەوە، ئەویش بەو بانگەوازە سادەیەی کە سەرلەبەری پرۆسێسی مەعریفە بە پێگەی مێژووییی تایبەت و هەنووکەییی یارۆی وەرگرەوە پەیوەستە.

نیچە لە هەڤدژییی نێوان ڕێژەگەراییی مێژوو و ئوبێکتیڤیزمی مێژوویی[53] واوەتر دەچێت: هەروەکو ئارگۆمێنتسازیی بۆ دەکات، ئەوە "خواستی زانستاندنی مێژوو"ـە کە دواجار سەر دەکێشێت بۆ ڕێژەرگەرایی، ئاخر هەر ئەوەندە بەسە تەنیا یەک هەنگاوی کورت و ڕەنگە ناچاری لەم وێناندنەی گوایە دەلوێت قۆناغەکانی پێشینی مێژوو بە شێوازی بابەتییانە کەژماڵ بکرێن، دوور بکەوینەوە تاکوو بکەوین بەسەر ئەو ڕاستییە ڕوونەدا کە قۆناغ و سەردەمەکەی خۆیشمان تەنیا یەکێکی ترە لەو قۆناغانەی مێژوو، قۆناغێک بە دەمارگیری و بیروباوەڕی مێژووییی تایبەت بە خۆیەوە. ئەگەر توێژینەوەی مێژوو هەردەم کردەیەکی ڕاڤەکارانەی ئافرێنەرانە بێت، دەی کەواتە مژارەکە ئەوە نییە مرۆڤ لە ناوەوە یان لە دەرەوەی کاتدایە. فرە باشترە بڵێین مرۆڤ کاتە، مرۆڤ لە ناواخنیدا مێژووییە.

بەڵام ئەم ئایدیایە ئاتاجی ئاوەژووکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە باو و سەرومڕ نەریتییە ‌هێڵ­ئاسایەیە لەمەڕ کات، کە کات وەکو زنجیرەی پەتیی ساتەکانی دەمی ئێستا یان "ئێستاکان"[54]پیشان دەدات (ئەو ئێستایانەی چیتر نین و ئەوانەی کە هەن و ئەوانەی ‌هێشتاکانێ نەهاتوون)، چێوەبەندیی فەلسەفیی پایەداری ئەم ‌"هێڵ­کات"ـە دەچێتەوە کن "فیزیک[55]"ـی ئەریستۆ. ئاخر ئەو بانگەوازەی گوایە میراتی مێژوویی هەردەم ئەرکە و لە ئەستۆدایە و، ئەوەی کە ڕابردوو تەنیا لە ڕێگەی کرانەوەمان بەسەر داهاتوودا قابیلی فامکردنە، یەکسانە بەوەی کە ڕابردوو مژارێکە بە تەنیا لە ڕێگەی داهاتووەوە بوونی هەیە. بەڵام ئەگەر ڕابردوو مژارێکە تەنیا لە ڕێگەی داهاتووەوە بوونی هەیە، ئەوی دەم ناتوانین بەسادەیی و بەشێوەی ڕیزبەندی، ڕابردوو وەکو "ئێستا"یەک کە چیتر بوونی نییە، لەپێش داهاتووەوە وەکو "ئێستا"یەک کە هێشتا نەهاتووەتە بوون، دابنێین. ڕاستییەکەی بۆ ئەوەی بپەرژێینە سەر ئەم هزرینە سەختە، حەوجەمان بە ئاوەژووکردنەوەی تێگەیشتنمانە لە مانای (کاری ناتەواوی "بوون")،[56] دەبێت مانایەکی پێ بدەین جیاواز بێت لە گشت ئەو مانایانەی پێشووتر لێی بار کراون، ئاخر لەم باسەدا چیتر ناتوانرێت بەئاسانی بە مانای ئێستا و لێرەبوون بێت، چونکە ڕابردوو لە ئارادایە، هەروەتر بە مانایەکی جیا لە مانای "هەنووکە" دێت کە چیتر بوونی نییە.  

دووەمین بەشی "تێڕامانە ناوەختەکان" ناچارمان دەکات _بە گوتەی جۆرج زیمێڵی[57] فەیلەسوفی خوێنەری نیچە، ئەوی وا "بەربەستە لۆژیکییەکان[58]"ـی ئەم شێوازی ئاخافتنەی دەستنیشان کرد_ درک بەوە بکەین کە ژیان ''ڕاستییەکەی ڕابردوو و داهاتووە''. خودی نیچە لە چێوەی نووسراوە کورتەکەیدا، ئەم "مانا[59]"یەی ژیان و کاتی بەڕوونی و بە فراوانی شیتەڵ نەکردووە؛ "چەمک[60]"ـی ژیان کە لە ناونیشانی نووسینەکەدا بەرچاو دەکەوێت، لە چێوەی خودی تێکستەکەدا مشتوماڵنەکراو و ناڕوون دەمێنێتەوە. هەرچۆنێک بێت ئەم چەمکە بە فراوانترین و مشتوماڵکراوترین شێواز لە چێوەی شاکارەکەی مارتین هایدیەگەردا[61]، "بوون و کات"[62]، پەرەی پێ درا و گەشێنرایەوە. هایدیگەر لەم پەرتووکەدا ڕایدەگەیەنێت ئەم نووسینەی نیچە ''بوارمان پێ دەدات وای دابنێین وی لەوە پتری زانیوە کە بۆ ئێمەی خستووەتە ڕوو''[63]. هایدیگەر لەنێوان توێژینەوەی مێژوو و ئەوی وی بە "مێژووییبوون[64]"ـی ناو دەبات، واتا ژیانی مرۆیی یان بوونی مرۆیی وەکو بوونێکی مێژوویی، جیاوازی دەکات. ئەوی یەکەم، واتا "توێژینەوی مێژوو"، ئەوی دووەم، واتا "مێژووییبوون" دەداتە بەر تیرۆژی ڕووناکیی لێکۆڵینەوەوە، بەڵام ئەوی دووەم هەمیشە جووڵەی "پێش­بابەتییانە[65]"ـی خودی مێژوو یان کاتە. لێرەدا مێژوو یان کات لەسەر بنەمای ئەوی وا هایدیگەر بە وێناندنی "ناقۆڵایانە[66]"ـی کات ناودێری کردبوو، وێناندنێک کە لە ئەریستۆ بەدوا لەناو فەلسەفەدا باڵادەست بووە، درک ناکرێت؛ لێرەدا لە بیچم و شێوە ڕەسەنەکەیدا، ئەوی وا بە "کاتیبوون"[67] ناسراوە، فام دەکرێت، بەپێی لۆژیکی "کاتیبوون"، ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، هەر ڕستێک "هەنووکە"ی یەکبەدواییەکداهاتووی پەتی نین، بەڵكوو تاڕادەیەک هەر سێ دەمەکە لە یەک بۆتەقەدا ئامێتەن و لە یەک ئانوساتدا بوونیان هەیە.

لەگەڵ ئەمەشدا، ئەگەر "بوون و کات"ـی هایدیگەر، بەوردی چرکەساتی تایبەتیی میتافیزیکی هونەریی ناو دەستپێکی کارەکانی نیچەمان لە چێوەی بەشی دووەمی "تێڕامانە ناوەختەکان" بۆ دەخاتە ڕوو، ئەوا تەمەنی مانگی هەنگوینیی ئەم هاوبەشییە فەلسەفییە ئێجگار کورتە و هەر لەگەڵ بزوتنی نیچە بۆ سەرووی ئەم میتافیزیکی هونەریەدا، کۆتایی پێ دێت. ئەم دەستپێکانە ئاماژەن بۆ کۆتاییی ئەم نووسینە کورتەی نیچە. ئاخر لێرەدا کێشەیەکی چارەنووسساز لەئارادایە کە نیچە ناخوازێت خۆی لێ لابدات، جووڵان بەرەو هونەر دواجار بە بەرسڤێکی ناتەواو بۆ ئەم کێشەیە هەژمار دەکرێت: بە جۆرێک هزرینی وی بە دەست ئەو نەخۆشییە مێژووییەوە دەناڵێنێت کە خودی خۆی دەستنیشانی کردبوو؛ ئەو مەودا ڕەخنەیی و نامۆکەرە لە ژیان، کە ئاگاییی مێژوویی و میتافیزیکی مۆدێڕن پێک دەهێنێت و لە لایەن خودی نیچەوە دەستنیشان کرا،  دواجار لە هزرینی خودی ویدا دووبارە دەبێتەوە تا ئەو ڕادەیەی خودی ئەم دووبارەبوونەوەیە دەبێت بە ڕەخنەی سەردەمەکە. ئەم کێشەیە سەرومڕ زادەی ئایدیای پەرتووکی "تێڕامانە ناوەختەکان"ـە، ئایدیای خستنەڕووی کێشە بە شێوازی پرسیار: چۆنچۆنی دەتوانرێت مەودایەکی ڕەخنەگرانە لەگەڵ سەردەمی ئێستادا دروست بکەین بەبێ ئەوەی ئاوڕێکی تایبەتی لە حەقیقەتی مێژوویی یان ناواخنی نامێژووییی مرۆڤ بدرێتەوە؟ بەهۆی ئەم لایەنەی کێشەی مێژووەوە، نیچە ڕاسپاردەیەکی پێویستی سێ ڕەهەندی دەردەچوێنێت:

بنەڕەتی پەروەردەی مێژوویی، خۆبەخۆ و لە سۆنگەی مێژووییەوە درک بکرێت، مێژوو خۆی کێشەی مێژوو چارەسەر بکات، مەعریفە ڕووی شمشێرەکەی بەرەو خۆی وەرسووڕێنێت[68]. ئەم ڕاسپاردە سێ ڕەهەندییە دەبێتە ئەرکی ڕۆحی سەردەمی نوێ ئەگەر ئەم سەردەمە شتێکی تازە، بەهێز، ڕەسەن و پەیمانی ژیانی لە هەگبەدایە.

نیچە بەم ڕاسپاردانە پێ دەخاتە ناو ئەوی وا شرۆڤەکاران بە "قۆناغی ناوین"ـی کاری وی هەژمار دەکەن، قۆناغێک کە بە پەرتووکی "مرۆڤانە زێدە مرۆڤانە"[69] دەست پێ دەکات و بە پەرتووکی "زانستی شادان"[70] کۆتاییی پێ دێت. بەپێی ئەم سێ ڕاسپاردەیە، کێشەیەک وا پەروەردەی مێژووییی مۆدێڕن و شێوازی مەعریفەی مۆدێڕن دەینوێننەوە، چیتر بە هانابردن بۆ هونەر و چالاکیی هونەرمەند چارەسەر ناکرێت. بەڵکوو دەبێت لە هەناوی خۆیەوە، واتا لە ڕێگەی خودی مەعریفە و پەروەردەی مێژووییەوە، بەگژ ئەم کێشەیەدا بچینەوە؛ نها دەبێت دژەژەهری[71] بنجبڕ بۆ نەخۆشیی مێژووییی مۆدێڕن، لە دووتوێی هۆکاری نەخۆشییەکەدا بدۆزرێتەوە. وەها کۆششێک، کە "شمشێری مەعریفە بەرەو خودی مەعریفە وەردەسووڕێنێت"، هەر ئەو شتەیە نیچە لە چێوەی بەرهەمەکانی قۆناغی ناویندا لەبارەیەوە دەستپێشخەریی نواند. ئەو بەرهەمانەی کە دەکۆشن دیدگا و بنەما دیکارتییەکانی میتافیزیکی مۆدێڕن لە رێگەی پەرەدان بە مەعریفەی بابەتی و زانستی و بە کردەیەکی ڕادیکاڵانەتر، ئاوەژوو بکەنەوە.

زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە لە دووتوێی پەڕینەوە لە قۆناغی یەکەمی کاری نیچە بەرەو قۆناغی ناوینی کارەکانیدا، گۆڕانێک بەسەر نرخاندنی وی بۆ زانستی مۆدێڕن دەقەومێت؛ نیچەی هونەرمەند دەگۆڕێت بۆ نیچەی زانا و زانستدۆست. بەڵام پێویستە ئەوە دەستنیشان بکەین ئەم گۆڕانە بە هیچ کلۆجێک تێگەیشتنی وی لە زانستی مۆدێڕن و نۆڕینی میتافیزیکیی ڕۆنراو لەسەر ئەو زانستە، دانالەنگێنێت، واتا ئەم گۆڕانکارییە بە مانای گۆڕانکاری نایەت لە تێگەیشتنی ویدا بۆ زانست و میتافیزیکی مۆدێڕن، بەڵکوو تاڕادەیەک نیچە دەکۆشێت "شمشێری مەعریفە بەرەو ڕووی خودی مەعریفە وەرسووڕێنێت" لە پێناو دەستڕاگەیشتن بە ئاوەژووبوونەوەی تێگەیشتنمان لە جیهان و سەرئەنجام ئاوەژووبوونەوەی ئەم شێوازەی کە ئێستا هەین. ڕەنگە خوێندنەوەی "تێڕامانە ناوەختەکان"، کە من لەم وتارەدا هێڵەگشتییەکانیم خستووەتەڕوو، بوارمان بدات لەوە تێبگەین کە هزرینی نیچە بەگشتی کەمتر وەکو زنجیرەیەک بیروباوەڕی فەلسەفیی پۆزەتیڤیستانەی گۆڕاو دابنێین، بەڵکوو پتر وەکو ڕستێک کۆشش لێی بنۆڕین کە لە پێناو "بەڵێنی ژیان"دا، واتا لە پێناو بوونی مێژووییانەی مرۆڤدا، میتافیزیکی مۆدێڕن بە ئاوەژووکراوی لە دژی خوی خۆی وەردەسووڕێنێت.        

              

 

                 

   

         

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1]  Niezsche and the problem of history, Mark Sinclair, Richmond Journal of Philosophy 8 (Winter 2004).

[2]Friedrich Wilhelm Nietzsche (1844_1900).

[3]  Unzeitgemässe Betrachtungen(1873_1876).

[4]  David Friedrich Strauss ( 27 January 1808 – 8 February 1874).

[5]On The Advantage And Disadvantage Of History For Life.

[6]  Arthur Schopenhauer (1788_1860).

[7]   Wilhelm Richard Wagner (1813_1883), "Richard Wagner Bayreuth'ta".

[8] Articulation (صیاغە-مفصل بندی).

[9]The  ‘discovery  of  the  ‘continent  of  history.  

ئەم میتافۆرە زادەی زێدەڕۆیی ئەورووپاییەکانە لە بەچەقوەرگرتنی مێژوودا. ڕووهێنانی ڕۆژئاواییەکان بۆ مێژوو و بەربڵاوی و چڕی توێژینەوەکانیان لەمەڕ مێژوو بە ئاستێک دەگات، وەکو ئەوەی جیهانێکی تازە کەشف کرابێت، ئەم کەشفە نوێیە زەمینەی  بەراوردکردن بە دۆزینەوە جیوگرافییەکانی ساڵی ١٤٩٢ دەڕەخسێنێت کە قاڕەکانی ئەمریکا دۆزرانەوە.(و)

[10] هاوسەنگیی نێوان مەعریفەی مێژوویی و فەرامۆشکاری، هاوسەنگی لەنێوان ژیانکردن بە سەبکی یارۆیەک کە هێندەی مەعریفەی مێژوویی ئاخنیوەتە مێشکییەوە هازی خۆبزواندنی نییە و کەسێک کە بەجۆرێک لەناو فەرامۆشکاریدا گەوزاوە، کتومت وەکو مانگا یان سوورەماسیی فەرامۆشکار دەژی(و).

[11]plastic power.  

[12] Ibld, P. 23.

[13] Observer.

[14]   Prejudices.

[15]  Objectively.

[16] Subjectivity.

[17] own  particularity.

[18]  calculating  objectivity.

[19]  Knowledge(المعرفە_دانش).

[20] Perspectives.

[21] Spectacle. 

*  " fiat veritas pereat vita "

[22] Ibld, P. 23.

[23] objective truth.

[24]   objective  science.

[25]  Objectivity.

*an eternal non-subjectivity’.

[26] Ibid, P. 31.

[27]  Timeless.

[28] G.W.F, Hegel (1770_1831).

[29]  Determination.

[30]Abstraction.

[31] modern metaphysics.

[32]  "Meditations  on  First  Philosophy" (Rene Descartes; Meditations  on  First  Philosophy, tr, Combridg University Press, 1996 ).

[33]  philosophical  tradition.

[34]  ‘artist’s   metaphysics’.

[35] Nterpretation (interpretative).

[36]Fact.

*  ‘fact is always  stupid’.

[37]  Op. clt, p. 48.

[38]  Ibid, p, 37.

[39] Oracle.

[40]  Ibid, p. 38.

[41] Creative.

[42]   Hans-Georg  Gadamer (1900_2002).

[43]  Paul Ricoeur (1913_2005).

[44]  Monumental.

[45]  ‘great-man’.

[46] Antiquarian.

[47] Critical.

[48] Moment (سات).

[49]Aspect (لایەن).

مەبەست لەمە، بریتییە لە هەرسێ دەمی "ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو".

[50] the  transformed  metaphysical  basis  of  Nietzsche.

[51]Historicism.

[52]historical  relativism.

[53] historical objectivism.

[54]  Nows.

[55]  Physics.

[56]  to  be.

[57]  Georg Simmel (1858_1918).

[58]‘logical  obstacles’  

[59]  Sense.

[60]concept

[61]  Martin Hedegger (1889_1976).

[62] Sein Und Zeit (1927 Being and Time ).

[63] Martin Heldegger, Being and Time. Tr. J. Macquarrle and E. Robinson, Oxford: Blackwell, 1995, P. 448.

[64] Historicity.

[65] pre-objective.

[66] ‘vulgar.

[67] Temporality.

[68]  ‘turn the sting of knowledge against itself’.

[69] Human all too Human.

[70] Gay Science.

[71] Antidote.

 

سەرچاوە:

تاریخنامە خوارزامى, فصلنامە علمى, سال اول, شمارە سوم, بهار ١٣٩٣.