A+    A-
(841) جار خوێندراوەتەوە

زەردەشت, پاڵەوانێکی تراژیک

 

 

 

 

موحەممەد زەیمەران

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

 

 

نیچە پاش بڵاوبوونەوەی پەرتووکی "لەدایکبوونی تراژیدیا"، هەڵوەدای ئەوەیە بە جۆرێک پاڵەوانە تراژیدییەکەی خۆی لەچێوەی داستانێکدا بنوێنێتەوە، دەی کەواتە پەرتووکی "وەهای گوت زەڕدەشت" ئەم زەمینەیە بۆ وی دەڕەخسێنێت. مەبەستی نیچە لە وێناندنی زەڕدەشت وەکو پاڵەوانێکی تراژیک، هەر لە بەشی بەرایی پەرتووکەکەوە ڕوونە. لەگەڵ ویستی زەڕدەشت بۆ پەیوەندیکردن بە کۆمەڵ و گشتەوە، تراژیدیا دەست پێ دەکات. ڕاستییەکەی تراژیدیای زەڕدەشت بە دابەزین لە ئەشکەوت و پێخستنە ناو شار چەکەرە دەکات. [1] زەڕدەشت دەخوازێت پێ بخاتە ناو کەوشەن و قەڵەمڕۆییەکی هەراوتر و بەرینتر لە بوونی خۆی لەناو تەنهایی ئەشکەوتەکەدا. لەم سۆنگەوە، بۆ ڕۆڵگێڕان چاو لە قەڵەمڕۆییەکی تەمومژاوی دەبڕێت. وی، ڕۆڵی فێرکار دەگرێتە ئەستۆ، ئاخر پەیامەکەی خۆی بە سەرووتر و فراوانتر لە خۆ ترجاندنە کونجی خەڵوەت و  درکی تاکەکەسی هەژمار دەکات و هەست دەکات دەبێت ئەم درککردنە بۆ پێڕەوانی خۆی بگوازێتەوە. لێرەدایە وی بە نۆڕینێکی دیۆنیسیۆسییانەوە بەرەو ئەزموونکردنی ژیان تاو دەستێنێت، ئاخر لە ڕۆژگاری سوکرات بەم لاوە، هەمیشە جیهانی خۆراوا سواری ئەسپی ئاپۆلۆنی بووە و بە کەرەستەی عەقڵانییەتەوە بەگژ ئاڵنگاریی ژیاندا چووەتەوە. زەڕدەشت دەخوازێت سواری باڵەکانی دیۆنیسیۆس بێت و سەرلەنوێ نۆڕینی تراژیک لە جیهانی مۆدێڕندا زیندوو بکاتەوە.

زەڕەدەشتی نیچە لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ پاڵەوانانی تراژیکی یۆناندا هەیە. لەوانە بۆ نموونە، ئەویش هەروەکوو پاڵەوانانی تر، لە کۆتاییدا شکست دەخوات و پێڕەوانی مزگێنییەکەی بەدوا مەنزڵ ناگەیەنن و پشت گوێی دەخەن. تەنانەت لە هەمان نمایشی یەکەمدا وی لەبری پەموو گاڵ دێنێت و تاڵیی شکست دەزێتە دەمییەوە. ئەوی دەم لەمەڕ مرۆڤی باڵا داخێوێت، هەمووان پێی پێدەکەنن. دواجاریش هەر ئەو چەند پێڕەوکارەی بە ناکامی بەجێی دەهێڵن.

''دەمەوێت ئادەمیزادەکان بە مانای بوونی خۆیان ئاشنا بکەم: مرۆڤی باڵا. کە برووسکەیەکە لە هەوری تاری مرۆڤەوە. بەڵام هێشتاکانێ لێیان دوورم و "مانا"کەی من لەگەڵ "مانا"کانی واندا پێک نایتەوە. لە کن وان من شتێکم لەنێوان دێوانەیەک و تەرمێکدا.''[2]

لە پێشەکییەکەدا هاتووە، پیاوێک بە دزییەوە دێتە کن زەڕدەشت و دێژێت: ''زەڕدەشت لەم شارە دوور بکەوە، لێرە زۆرێک لێت بێزارن، پیاوچاکان و دادخوازن لێت وەڕسن و تۆ بە دوژمن و ڕسواکەری خۆیان ناودێر دەکەن.''[3]

زەڕدەشت سەروەختێک تاڵاوی شکست دەخواتەوە، لە قاقای پێکەنین دەدات و ئا ئەمە بە پیرۆز دەزانێت و دێژێت: ''فێر بن بە خۆتان پێبکەنن. پێکەنین فەرامۆش مەکەن''. نیچە دێژێت: ''لێرە لەسەر ڕووی زەوی تا نها مەزنترین گوناهـ چی بووە؟ مەگەر پەیڤی ئەو کەسە نەبوو وا گوتی هاوار بۆ ئەوانەی پێدەکەنن؟ وی لەسەر ڕووی زەوی چ هۆکارێکی بۆ پێکەنین شک نەبرد! ئەو بەگوێرەی پێویست میهرەبان نەبوو دەنا ئێمەی خۆش دەویست، ئێمەی دەم بە پێکەنین. بەڵام وی لێمان جاڕس بوو و بزەیەکی تاڵی بە ڕوودا داینەوە.''[4]

زەڕدەشت دێژێت، شکست مژارێکی سروشتییە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی کەڵکەڵەی مەزن لە سەردا دەپەروەرێنن. بە نۆڕینی زەڕدەشت، تاقانە بەرسڤی پڕمانا لە هەمبەر شکستدا ئەوەیە بە خۆ پێبکەنێت. دەبێت ئەم پێکەنینە بە وەڵامێکی تراژیک لە ئاست شکستدا دابنرێت. بە پێکەنین وەڵامدانەوەی شکست، ئەوە دەگەیەنێت پاڵەوان تەنانەت لە لێواری لەناوچوونیشدا شادمانانە ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە. بە گوتەی زەڕدەشت دەبێت سۆز بنوێنرێت و دەستبەرداری  ڕەهاخوازی ببین. ''نابێت بە کینەدۆزییەوە لە ژیان بنۆڕین و لە هەمبەر زەویدا چاوێکی پیسمان هەبێت.''[5]      

زەڕدەشت دێژێت: ''ئەوی وا لە ئامانجی خۆی نزیک دەبێتەوە، پێی زەوی ناگرێت و لە هەلەکەسەمادایە. نەبووم بە پەیکەر. من لێرە جێگیر، بێدەنگ، بەردئاسا، ستوون­شێوە وەستاوم. من شەیدای تاوسەندن و تیژڕۆییم.''[6] بەگوتەی زەڕدەشت، لەباوەشگرتنی ئەژنۆی خەم و خزانە گۆشەی میحنەت، ڕێگەی ئەوانەیە وا ژیان خواروخێچ و ڕسوا دەکەن. دەبێت شادمانانە بژین و بە سەما و هەڵپەڕکێوە بەپیریی مەترسی و شکستەوە بچین. زەڕدەشت بە دێوانە دەزانن، دێوانەیەکی سامناک کە زراوی هەمووان دەبات. هەڕەشەی مەرگی لێ دەکەن، بەڵام وی دەست لە پەیامی خۆی هەڵناگرێت، بەڵکوو مکوڕانە پێ دەخاتە گۆڕەپانەوە و دێژێت: '' دەمەوێت مانای بوون فێری ئادەمیزادەکان بکەم، مرۆڤی باڵا؛ کە برووسکەیەکی دەرپەڕیوە لە هەوری تاری مرۆڤەوە.''[7] زەڕدەشت بەگژ تاریکی مرۆڤدا دەچێتەوە. وی بەدەست نەبوونی زمانی هاوبەشەوە لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەناڵێنێت و دێژێت: ''هێشتاکانێ لێیان دوورم و "مانا"کەی من لەگەڵ "مانا"کانی واندا پێک نایەتەوە، لە کن مرۆڤەکان من شتێکم لەنێوان دێوانەیەک و تەرمێکدا.''[8]

ڕۆڵی دیاری زەڕدەشت وەکوو پاڵەوانێکی تراژیک و هاوتا  "تەنزئامێزە[9]"کەی مەسیح و سوکرات، ئاتاجی نەخشەیەکی ئێجگار ئاڵۆز و تژی لە هێما و ڕاز و نیازە. داستانێک وا لە پێشەکییەکەدا هاتووە، بنەچەیەکی ناواقیعیی هەیە و بە هیچ کلۆجێک نەخشە و پیلانێکی ڕوون و ڕەوان و ئاشنا ناخاتە بەردەم خوێنەر. لە میانەی تێکستەکەدا تاوناتاوێک خوێنەر لەگەڵ مۆژیارییەکانی زەڕدەشتدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، لێرەولەوێی پەرتووکەکەدا گێڕانەوەیەک لەمەڕ ئەوەی وا بەسەر ویدا هاتووە، بەرچاو دەکەوێت، جاروبار پێشهاتەکان ڕاستەوخۆ دەقەومێن و هەندێکجاریش "کاری ڕابردوو" بەکار دەهێنرێت. راستییەکەی دەتوانرێت بەڕوونی کاریگەریی شێواز و ڕیتمی "ئیجیل" بەسەر "وەهای گوت زەڕدەشت"ـەوە هەست پێ بکرێت. لەوێشدا خوێنەر لەگەڵ گێڕانەوەی ئەو پێشهاتانەدا دەرگیر دەبێت وا بۆ مەسیح قەوماون و، لە شوێنانی تری ئینجیلیشدا مۆژیارییەکانی بەبێ زیادوکەم، خراونەتە ڕوو. نیچە لەم بەرهەمەدا جۆرە ئایرۆنییەتێک و شێوازێکی گەپجاڕانەی بەکار بردووە.

لێرەولەوێی پەرتووکی "وەهای گوت زەڕدەشت"دا، دەتوانرێت بەڕوونی شوێنپێی مەسیح و سوکرات ببینرێت. نیچە بە تەنها  ناپەرژێتە سەر باسکردنی سوکرات و مەسیح، بەڵکوو بە شێوازی هێما و ئاماژە و میتافۆر،  گۆتە، شکسپیر، شۆپنهاوەر، ئاپۆلیۆس، پەیمانی کۆن و میتۆلۆژیاکانی یۆنانیش بەسەر دەکاتەوە. کەواتە بەکارهێنانی  رەگەزی ڕەوانبێژیی وەکوو هێما، ئاماژە، میتافۆر، پلارگرتن و ئایرۆنییەت، بۆ خۆی حەوجەی بە وزە و کات و باڵادەستیی نیچە بەسەر وێژەی نوێ و کۆنی ئەورووپاوە هەیە. لەم بەرهەمەدا خوێنەر دەکەوێت بەسەر فەزایەکی تژی لە وێنە و وێناندنی ناڕوونی زەینی و خەیاڵکرددا. بەگشتی، تایبەتمەندیی نواندنەوە و وێناندن لەم بەرهەمەدا و بەتایبەت ئاوەژووکاری و دژبێژی و پلارەکانی نیچە تێیدا، مامەڵەیەکی هێرمنۆتیکیی لەگەڵ ئەم بەرهەمدا دەکات بە ناچاری.

نها دەبێت بپرسرێت بۆچی نیچە ئا لەم دژبێژییە سەرسووڕمێنەی ئینجیلەکاندا، زەڕدەشتی پەیامبەری دێرینی ئێرانی بۆ نواندنی ڕۆڵی مەسیح یان سوکرات هەڵبژاردووە؟ دەشێت بگوترێت زەڕدەشت ڕچەدانەری دێرینترین ئایینی دووانەپەرستیی ئاریایەکانە. ڕۆبێرت ئاکێرمان دەڵێت: ''نیچە، زەڕدەشتی هەڵبژارد، ئاخر لێکچوونێکی فرە لەنێوان هزرەکانی وی و فێرکارییەکانی زەڕدەشتدا بوونی هەبوو.''[10]بە گوتەی ستێرن، زەڕدەشت هەوەڵێن کەسێکە پەی بەوە بردووە ''ڕەڕەوەیەک کە لە چەقی گشت شتێکدا دەخولێتەوە، بریتییە لە ململانێی چاکە و خراپە''، ململانێی نێوان ئەهریمەن و ئاهوورامەزدا. بەم پێیە زەڕدەشت پەیامبەرێکە دواجار باڵادەستیی چاکە بەسەر خراپەوە ڕادەگەیەنێت.[11]هەم نیچە و هەم زەڕدەشت، لەو باوەڕەدا بوون ڕاستبێژیی ناوەخت، فەزیلەتێکە بڵند و باڵا، هەرچەند بەهاکەی بۆ بگۆکەی قورس و گران بێت. سەربار، تێگەیشتنی نیچە لە هەمبەر کەسێتیی خۆی وەکو ئاڵنگاریخوازێکی بیابانبڕ، لیکچوونێکی بەرچاوی لەتەک ژیاننامەی زەڕدەشتدا هەیە.

لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت پێی لێ بنرێت زەڕدەشت و نیچە خودانی کەسێتییەکی چوونیەک و هاوسان نین، ئاخر نیچە بەڕوونی دان دەنێت بە پێویستیی تێپەڕین بەرەو ئەودیوی چاکە و خراپە، لە کاتێکدا چاکە و خراپە کرۆکی مزگێنییەکەی زەڕدەشت پێک دەهێنن.  

 

 

 

 

 

 

پەراویزەکان:


[1]Incipit trajoedia.  

[2] چنین گفت زردشت، پیشگفتار ٧.

[3] همانجا.

 

[4] همان، بخش چهارم، ١٦.

[5] همان ١٧.

[6] همانجا.

[7] همان، پیشگفتار، ٧.

[8] همانجا.

[9]Satirical.  

[10]  Robert Ackerman, Nietzsche, Amherst, Mass: University of Massachusetts press, 1990, P44.

[11] P. Stern, Nietzsche, Harvester Press, 1978, chapter 5.