دیوێکى بچوک لە گۆشه‌نیگای لاکان بۆ عه‌شق
ئا. شکار وه‌فا
پوخته:
ئه‌م بابه‌ته هه‌وڵێکه بۆ باسکردن و شه‌رحی گۆشه‌نیگا و تێگه‌یشتنی ده‌روونشیکار و فه‌یله‌سووفی فه‌ڕه‌نسی ژاک لاکان بۆ ئه‌شق. سه‌ره‌تا له فاونده‌یشنی سیسته‌مه ده‌روونشیکارییه‌که‌یه ده‌ستپێده‌که‌ین و دواتر ده‌کشێین تاوه‌کو ده‌گه‌ین به تێڕوانینه فه‌لسه‌فییه‌کانی له‌باره‌ی ئه‌شق(عەشق)ـه‌وه له ئاستی خه‌یاڵیدا، ئه‌شق وه‌ک ئه‌وه‌ی که سوبێکت له ئه‌وی تردا خه‌یاڵی ده‌کات، هه‌روه‌ها ئه‌شق وه‌ک ئاستی ڕه‌مزی، که له‌ناو ئاخاوتندا ده‌رده‌که‌وێت و خۆی ده‌رده‌خات. له کۆتایشدا، بۆ لاکان جه‌وهه‌ری ئه‌شق کولییه‌ت و گشتێتی و هاڕمۆنییه نییه، به‌ڵکو جیاوازییه.
لاکان له‌باره‌ی کێشه‌ی ئه‌شقه‌وه:
کێشه‌ی ئه‌شق گه‌ردوونییه، هێنده کێشه‌یه‌کی عه‌جول و بزۆکه که ته‌نانه‌ت له‌ناو مێشکی فه‌یله‌سوفانیشدا ڕام ناکرێت و ناتوانن بیگرن لێی بگه‌ن. له‌ڕاستییدا، ئه‌م کێشه‌یه یه‌کێکه له تۆپیکانه‌ی که له دره‌وه و ناوه‌وه‌ی گوتارە فیکرییه‌که‌دا به خراپترین و هه‌ڵه‌ترین شێوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کراوه. ژاک لاکان له سیمیناری 20دا ده‌ڵێت: "زه‌مه‌ن و ساڵانێکی زۆره ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ن ئه‌شقه. پێویسته من ساغی بکه‌مه‌وه که ئایا ئه‌م بابه‌ته ده‌که‌وێته دڵی دیسکۆرسی فه‌لسه‌فه‌وه؟". به‌هۆی ئاڵۆزییه‌که‌یه‌وه ئه‌شق هه‌میشه بابه‌تێک بووه که سه‌رلێشێوێنه‌ر بووه و به‌لاڕێدابه‌ر بووه، له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی سنووره‌کانی ئه‌قڵیشه‌وه.
پێناسه کلاسیکییه‌کان بۆ ئه‌شق هه‌میشه به ده‌وری ئه‌وه‌دا سووڕاوه‌ته‌وه که ئه‌شق ویستێکی ئازادانه‌ی تاکه. ئه‌م پێناسانه دوو ئێلیمێنت(ڕەگەز) و به‌شی بنچینه‌یی نیشان ده‌ده‌ن که ئه‌شقیان له پێکهاتووه، "سوبێکت" که ئاشقه‌که‌یه، "ئه‌وی تر" یان ئه‌وه‌ی که ئۆبێکته یان سوبێکتی ئه‌شقی ئاشق. فه‌یله‌سووفان پێناسه‌ی ئه‌شقیان په‌یوه‌ست و مه‌ڕبوت به‌وی تره‌وه کردووه. پلاتۆ به‌و شێوه‌یه پێناسه‌ی ئه‌شق ده‌کات که یه‌کێتییه‌که که به‌ش بووه له‌نێوان دوواندا. له‌لایه‌کی تره‌وه کانت به‌و شێوه‌یه پێناسه‌ی ئه‌شق ده‌کات که قایلکردن و ئیقناعکردنی ئه‌وی تره بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و سوودی خۆت.
خه‌ڵکی زۆر وشه‌ی "ده‌نک یان دنک" به‌کارده‌هێنن. ده‌نک مانایه بۆ ئۆبێکی ئه‌شق که ڕۆمانتایز کراوه. ئه‌م ده‌نکه ده‌کرێت که‌سێکی تر بێت، یان نیوه‌که‌ی تری ڕۆحمان بێت که تا ئێستا نه‌ماندۆزیوه‌ته‌وه و له‌م گه‌شته درێژه‌ی ژیانماندا ده‌یدۆزینه‌وه، که ئۆبێکت یان هاتنه‌دیی ئه‌و خه‌ونه‌یه که هه‌مانه. ئه‌و که‌سه‌ی که ئاشقه چاوه‌ڕێیه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و به‌رامبه‌ره‌ی که مه‌عشوقه‌که‌ی ده‌یداته‌وه ئاوێزان ببێت و یه‌کبگرێت له‌گه‌ڵیدا. بۆیه ئه‌و ئاره‌زووه‌ی که بۆ ئه‌وی تر، واته مه‌عشوق، ده‌بێته وزه و هێزی ژیانی. هه‌رچه‌نده به ڕوونیش ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌مانه‌ی باسکران هێشتا شتانێکی زۆری که‌م بێت، یان ئه‌سڵه‌ن کێشه‌ی تێدابێت. بۆچی زۆرێک کۆک نین له‌سه‌ر تاقانه پێناسه‌یه‌ک بۆ ئه‌شق؟ بۆچی سادیسته‌کان له‌ڕێگه‌ی توندوتیژییه‌وه نه‌بێت ناتوانن ئه‌شقی خۆیان ده‌ربخه‌ن؟ بۆچی که‌سانێک هه‌ن که له پێناو ئه‌شقدا ده‌کوژن و که‌سانێکیش هه‌ن له‌ژێر چه‌تری ئه‌شقدا ده‌ژین؟
سه‌ره‌ڕای گه‌ردوونی بوونه‌که‌شی، به‌ڵام ئه‌شق هێشتا له سنووری ئه‌زموونی که‌سیدا ماوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش بردوینی به‌ره‌و ئه‌وه‌ی که پێناسه‌کان بۆ ئه‌شق جیاواز و هه‌مه‌جۆر بن. کێشه‌ی ئه‌شق په‌یوه‌سته به واتاکه‌یه‌وه، به شێوه‌یه‌که که ده‌تواندرێت زۆر شتی له‌باره‌وه بگوترێت. ئه‌زموونی سوبێکته‌کان یان که‌سه‌کان جیاواز و هه‌مه‌جۆره، بۆیه ئه‌مه کێشه‌ی درووستکردووه. ئه‌گه‌ر لاکان له‌باره‌ی ئایدیای ئه‌شقه‌وه پرسیاری لێبکرایه، ڕه‌نگه بۆ چه‌ندین کاتژمێر قسه‌ی له‌سه‌ر بکردایه تاوه‌کو له کۆتایدا بڵێت که ئه‌وه‌ی گوتویه‌تی هیچ واتایه‌ک نادات به ده‌سته‌وه. چونکه لاکان جه‌ده‌لی ئه‌وه‌ی کردووه که "نا‌توانیت شتێکی مانادار و حیسابی له‌سه‌ر ئه‌شق بڵێیت، هه‌روه‌ها "ئه‌و ساته‌ی که که‌سێک له‌باره‌ی ئه‌شقه‌وه قسه ده‌کات ده‌که‌وێته ناو چاڵی گه‌مژه‌ییه‌وه".
بۆ لاکانی پۆست-ستره‌کتوالیست، ئه‌شق به‌رده‌وام وه‌ک هه‌ر دالێکی تر به‌رامبه‌ر مه‌دلوله‌که‌ی تووشی خزان ده‌بێت. ئه‌شق ده‌به‌ستێته‌وه به زمانه‌وه. ئه‌شق شتێکه که کاریگه‌ری خۆی هه‌یه له‌ناو شانشینی ڕه‌مزی یان شانشینی زماندا، ناشکرێت سنوور و چوارچێوه‌یه‌کی بۆ دابنرێت یان بخرێته ناو چوارچێوه‌یه‌که‌وه، چونکه ئۆبێکته‌کانی به‌رداوام له خزاندایه. له‌لای لاکان، ژنێک یان کچێک چیتر ناتوانێت متمانه به وشه‌کانی پیاوێک بکات که پێی ده‌ڵێت "خۆشمده‌وێیت"، چونکه ڕه‌نگه پیاوه‌که مه‌به‌ستی شتێکی ته‌واو جیاواز بێت له‌وه‌ی که ده‌یڵێت.
قسه‌وباسکردن سه‌باره‌ت به ئه‌شق له هه‌موو کاره‌کانی لاکاندا به‌رچاو ده‌که‌وێت، هه‌ر له سیمیناره‌کانی سه‌ره‌تایه‌وه تاوه‌کو ده‌گات به‌وانه‌ی کۆتایی. لاکان هیچ شتێکی سه‌نته‌ر و ته‌رخانکراوی له‌باره‌ی ئه‌شقه‌وه نه‌نووسیوه، به‌ڵکو ته‌نها قسه‌ی له‌باره‌وه کردووه. یه‌کێک له سیمیناره‌کانی به ناوی (ده‌رباره‌ی سێکسوالیته‌ی مێینه‌وه: سنووره‌کانی ئه‌شق)ه‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌م کاره هیچ ئه‌نجامێکی ڕوون نادات به ده‌سته‌وه و چه‌ندین پرسیاری ڕادیکاڵی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌وروژێنێت. بۆیه، ئه‌م په‌یپه‌ره هه‌وڵێکی ساده‌یه ده‌رباره‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی و هه‌مه‌چه‌شنی ئه‌شق، که پرسه‌که له‌ناو بڕێک له کاره‌کانی لاکاندا به‌رچاو ده‌که‌ون.
ئه‌شق و گوتارى ئه‌نالیتیکی:
پرسی گه‌ردوونیبوونی ئه‌شق وایکردووه که بپه‌ڕێته ناو زۆرێک له بواره‌کان، قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت و له‌سه‌ری بنووسرێت. له‌ناو نه‌ریتی ده‌روونشیکاریدا، که زیگموند فرۆید دامه‌زرێنه‌ره‌که‌یه‌تی، ئه‌شق وه‌ک شتێکی غه‌ریزی سه‌یرکراوه، بریتییه له پاڵنه‌رێکی لیبیدۆیی که ده‌په‌ڕێته سه‌ر ئۆبێکی ئه‌شقه‌که. فرۆید به‌مه‌ی گوتووه غه‌ریزه‌ی ئیرۆتیک یان ئه‌شق وه‌ک ئیرۆس. ئیرۆس یه‌کێکه له دوو پاڵنه‌ره‌که. ئیرۆس پاڵنه‌رێکه که به‌رپرسیاره له ئاره‌زووی مرۆڤ بۆ یه‌کێتی، خۆپارێزی، هه‌روه‌ها بۆ لێکنزیککردنه‌وه‌ی شته‌کان، تاکه‌کان و کیانه‌کان. ئیرۆس پاڵنەر(غه‌ریزه)ـ‌ی ژیانه. لاکان ئه‌م فکره‌ی ئه‌شقه‌ی وه‌ک پاڵنه‌ری ئیرۆتیکی بۆ یه‌کگرتن و ئاوێزانبوون له‌گه‌ڵ ئۆبێکتی ئه‌شقدا له فرۆیده به قه‌رز وه‌رگرتووه. به‌ڵام لاکان له‌بری جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر قودره‌ت و هێزی ڕێکخه‌ر و یه‌کخه‌ر و خوڵقێنه‌ری ئه‌شق، دێت باس له لایه‌نی وێرانکه‌ر و ڕمێنه‌ری ئه‌شق ده‌کات. لاکان له هه‌وڵه سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆیدا که بریتی‌بوو له پڕۆژه‌ی (گه‌ڕانه‌وه بۆ فرۆید)، جه‌ختی له کێشه‌ی ئه‌شق کردووه‌ته‌وه له‌ناو پڕاکتیکی ده‌روونشیکاریدا، کاری له‌سه‌ی هێز و قودره‌تی ئه‌شق نه‌کردووه، به‌ڵکو باس له وه‌همی ئایدیای یه‌کگرتن و ئاوێزانبوون ده‌کات له‌نێوان سوبێکت و ئۆبێکی ئه‌شقدا.
له سه‌ره‌تاکانی تیۆرییه‌که‌ی خۆیدا، ئه‌شق وه‌ک حه‌ز و ئاره‌زوویه‌کی خه‌یاڵی بینراوه، شیکارکردنی به‌ربه‌ستی له‌پێشدا بووه چونکه به‌ند بووه به ئایدیای ئاشقبوون به "ئه‌وی تر" که ئه‌و وێنه ڕاسته‌قینه‌ی که هه‌یه‌تی لێی براوه و ه‌ی خۆی نییه. ئه‌وه‌ی که خۆشده‌و‌یسترێت ئه‌وی تر نییه؛ به‌ڵکو خوده له ئه‌وی تردا یان خۆمم له‌وی تردا. ئه‌شق به‌و شێوه‌یه پێناسه کراوه که په‌یوه‌ندییه‌کی نارسیستیانه‌ی سوبێکته. لاکان ده‌ڵێت که ئه‌شق وه‌همی یه‌کگرتنه له‌گه‌ڵ مه‌عشوقدا و ئه‌م وه‌همه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ناو پڕۆسێسی شیکردنه‌وه. ئه‌مه له‌ناو ده‌روونشیکاریدا ناسراوه به "گواستنه‌وه‌ی ئه‌شق".
له کاتی پڕۆسه‌ی شیکردنه‌وه‌ی ده‌روونیدا، ده‌روونشیکار په‌یوه‌ست ده‌بێت به ده‌روونشیکراوه (نه‌خۆش)، له‌و کاته‌دا هه‌ست له ده‌روونشیکراوه‌دا درووست ده‌بیت و هه‌سته‌که به‌رامبه‌ر ده‌روونشیکاره. ده‌روونشیکراوه ده‌که‌وێته ئه‌شقه‌وه و ئاشقی ده‌روونشیکار ده‌بێت، ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ ده‌روونشیکار بیت و ئه‌و وه‌همه‌ی له‌لا درووستده‌بێت که "که‌وتوه‌ته ناو ئه‌شقه‌وه" له‌گه‌ڵ ده‌روونشیکاردا. ئه‌م ئه‌شقه له‌م دۆخه‌دا ئه‌شقێکی ڕاسته‌قینه نییه له‌و ڕووه‌وه‌ی که بریتی بێت له پاڵنه‌رێکی لیبیدۆیی به‌رامبه‌ر وێنه‌یه‌کی درووستکراوی ده‌روونشیکراوه.
گواستنه‌وه‌ی ئه‌شق ئه‌شقێکه که له نێوان ده‌روونشیکار و ده‌روونشیکراوه ده‌رده‌که‌وێت، که تێیدا ده‌روونشیکراوه ئه‌شقێک تێیدا چه‌که‌ره ده‌کات بۆ ئه‌و وێنه یان نماینده‌یه‌ی ئه‌وی تر که له ده‌روونشیکاردا خۆی ده‌بینێته‌وه. لاکان پێی وایه ئه‌م وه‌همه وێنه‌دانه‌وه‌ی واقیعه، ئه‌و واتایه ده‌دات که ئه‌شق هیچ نییه جگه له جێگۆڕکێی هه‌ست و ئیحساسه‌کان، هه‌ستێک که به‌هۆی ئیگۆی خه‌یاڵییه‌وه درووستبووه.
ژاک ئاڵان میڵه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
"ئه‌شق له ده‌روونشیکاریدا بریتییه له گواستنه‌وه. کۆنسێپتی ئه‌شق و به پرسیاربوونی له‌ناو ده‌روونشیکاریدا ڕه‌بته به کۆنسێپت و کێشه‌کانی گواستنه‌وه‌وه، بۆیه ئه‌شق ته‌نها گواستنه‌وه‌ی به هه‌ڵه‌ی شوناسه. هه‌میشه، که‌سێکم خۆشده‌وێت چونکه که‌سێکی ترم خۆشده‌وێت. له‌به‌رئه‌وه‌یه له ده‌روونشیکاریدا، ئه‌شق به‌ر دیواری و شه‌قازله‌ی ناڕه‌سه‌نێتی و فه‌یکبوون ده‌که‌وێت."
بۆیه ته‌واوه ئه‌گه‌ر بڵێین ده‌روونشیکاری به گشتی و گواستنه‌وه به تایبه‌ت ده‌مانگه‌یه‌ننه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئه‌شق بریتی نییه له یه‌کگرتنێکی پێرفێکتی سوبێکت و ئۆبێکت، به‌ڵکو ئه‌نجامی هه‌ڵه‌خودناسینی ئۆبێکته. ئه‌شق هه‌ڵه‌یه و، ناتواندرێت وه‌ک ئیحساسێکی ڕه‌سه‌ن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت. ئه‌و ئه‌شقه‌ی که سوبێک ئه‌موونی ده‌کات جۆرێکی ئیحساسی ئه‌شقه، که کاریگه‌ری قووڵی له‌سه‌ر ده‌روونی هه‌یه و هۆی ئازارییه‌تی. ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ی وتمان کورتی بکه‌ینه‌وه، ئه‌شق کاریگه‌رییه‌کی خه‌یاڵییه که پێویسته ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه و بیناسین، تاوه‌کو ئیگۆیه‌کی ته‌ندرووست و زیاتر پێگه‌یشتوومان هه‌بێت. سوبێکت پێویسته بزانێت که ئه‌شق هه‌ستێکی فێڵاوی و خه‌ڵه‌تێنه‌ره که پێویسته به‌سه‌ریدا زاڵ ببین پێش ئه‌وه‌ی کاره‌ساتی وێرانکه‌ر بخوڵقێنێت.
ئه‌شق وه‌ک پانتایی خه‌یاڵی: خۆشویستنم له‌وی تردا:
یه‌که‌مین هه‌وڵه‌کانی لاکان بۆ شه‌رح و ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌شق له دوو له سیمیناره سه‌ره‌تاییه‌کانیدا به‌رچاو ده‌که‌ون، که سیمیناری یه‌که‌م و دووه‌من. له‌و کاته‌دا لاکان سه‌رقاڵی دووباره خوێندنه‌وه و بوونیادنانه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌ی بیرۆکه‌کانی فرۆید بوو، به‌تایبه‌ت، به‌تایبه‌ت سه‌رقاڵی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی سێ کێشه‌ی دیاری ناو ده‌روونشیکاری بووه، که کێشه‌کانی، گواستنه‌وه، ئه‌شق و نارسیسزم بوون. لاکان ئه‌م سێیه‌ی وه‌ک فینۆمینای خه‌یاڵی لێکداوه‌ته‌وه.
لاکان ده‌ڵێت "ئه‌شق فینۆمێن و ده‌رکه‌وته‌یه‌که که ده‌که‌وێته ئاست یان پانتایی خه‌یاڵییه‌وه..." ئه‌شق یه‌کیکه له دوو خه‌سڵه‌ته‌که‌ی ئاستی خه‌یاڵی و په‌یوه‌ندییه‌کانی. په‌یوه‌ندییه خه‌یاڵییه‌کان ده‌لاله‌ته له په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئیگۆکان، که تێیدا هیچ شتێک وه‌ک خۆی نییه و جیاوازه. ئه‌شق هه‌ستی وه‌کیه‌کی و یه‌کسانی و لێکچووییه له‌گه‌ڵ ئه‌وی تردا. له پێکهاته و فۆڕمه‌یشنی سوبێکتدا، ئه‌وی تر ئه‌وه‌یه که سوبێکت ئاشقییه‌تی و وه‌ک گشت(کل) یان گشتێتییه‌ک ده‌یبینێت و سوبێکت ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵیدا یه‌کبگرێت.
قسه‌یه‌ک هه‌یه که زۆرجار ئه‌وانه‌ی پێش چوونه ناو ئه‌شقه‌وه ده‌یکه‌ن، کاتێک ده‌ڵێن، "که‌سێکم خۆشده‌وێت که که‌مترین جیاوازیی له‌گه‌ڵم هه‌بێت تاوه‌کو که‌موکوڕییه‌کانی یه‌کتری ته‌واو بکه‌ین و پڕیبکه‌ینه‌وه. یان له‌لایه‌کی تره‌وه، ڕقم له که‌سێکه که پێچه‌وانه‌ی من بێت، چونکه هیچ شتێکی تێدا نییه تاوه‌کو بتوانێت که‌مییه‌کانم بۆ پڕبکاته‌وه".
به شێوه‌یه‌کی بنچینه‌یی، ئه‌شق وه‌ک فۆڕمێکی نارسیسیزم(خودئه‌ڤینی) سه‌یرکراوه. لاکان ئه‌م ئایدیایه‌ی له فرۆیده‌وه ورگرتووه، که تێیدا سوبێکت ئاشقی ئه‌وی تره چونکه سوبێکت ده‌توانێت به‌هۆی ئه‌وی تره‌وه یان له‌گه‌ڵ ئه‌وی تردا خۆی یان زاتی خۆی بناسێت. له ئاست و شانشینی خه‌یاڵیدا، ئه‌شق پێچاوه به پرسی خودناسینی ئایدیاڵ ئیگۆوه، که له وێنه و خه‌یاڵی ئه‌وی تردا ده‌گات به‌مه و ده‌یدۆزیته‌وه. ئه‌م ئایدیاڵ ئیگۆیه ئه‌و ئاره‌زووه‌ی سوبێکت ته‌واو ده‌کات که ده‌یه‌ویت پێی بگات، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ست به ویستی یه‌کگرتن و یه‌کگرتوویی. بۆنمونه، منداڵێک، ئۆبێکتی خۆشه‌ویستییه‌که دایکییه‌تی، چونکه دایکه‌که پێداویستییه‌کانی سوبێکته‌که فه‌راهه‌م ده‌کات. له که‌یسی دوو که‌سی ئاشقیشدا، ئاشق ئاره‌زووی مه‌عشووق ده‌کات چونکه ئه‌و کوالیتییانه‌ی سوبێکته‌که ده‌یه‌وێت له ئایدیاڵه‌که‌دا ده‌یانبینێت. ڕێناتا سالیکڵ وردتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت: "کاتێک ده‌که‌وینه ئه‌شقه‌وه، ئه‌و که‌سه‌ی که ئاشقی ده‌بین و ئۆبێکتی ئه‌شقه‌که‌مانه ده‌یخه‌ینه پۆزیشن و شوێنی ئایدیاڵ ئیگۆوه. ئێمه بۆیه ئه‌و که‌سه‌مان خۆشده‌وێت چونکه له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌وڵی گه‌یشتن به ئیگۆی خۆمان ده‌ده‌ین."
هه‌ر وه‌ک چۆن نارسیسس ئاشقی ئه‌و وێنه‌یه‌ی خۆی ده‌بێت که له ئاوه‌که‌دا ده‌یبینێت،
سوبێکتیش ئه‌و وێنه‌یه‌ی خۆیی خۆشده‌وێت که له‌وی تردا ده‌یبینێت. بۆیه سوبێکت به‌ره‌و ئه‌وی تر ده‌کشێت، ئه‌و "ئه‌وی تر"ه‌ی که وه‌ک ڤێرژنێکی پێرفێکتی خۆیی ده‌بینێت.
ئه‌شق وه‌ک پڕۆسه‌یه‌کی ناریسیستی به ته‌نها به‌و واتایه نایه‌ت که من بۆیه ئه‌وی ترم خۆشده‌وێت چونکه شتێک له‌ودا ده‌بینم که هاوتا و لێکچووی خۆمه.
ئه‌شق ئه‌وتۆئیرۆتیکیشه. ئه‌شق هه‌میشه چاوله‌ڕێ و عه‌وداڵی کاردانه‌وه و وڵامی ئه‌وی تریشه. زیاتر له‌وه‌ش، ئه‌و وڵام و کاردانه‌وه‌یه‌ی که سوبێکت عه‌وداڵییه‌تی ئه‌وه‌یه که خۆی ده‌یه‌ویت و ڕه‌بته به سوبێکتیڤیته‌ی خۆیه‌وه. ژاک ئالان میڵه‌ر ده‌ڵێت، "ئێمه ئه‌وه‌مان خۆشده‌وێت که وڵامێکی پێیه بۆ پرسیاری 'من کێم؟'" له ئه‌شقدا ئه‌وه‌ی سوبێکت ئاره‌زووی ده‌کات که بیدۆزێته‌وه ئه‌وه‌یه که شتی له‌باره‌ی خۆیه‌وه بۆ ده‌رکه‌وێت. ئه‌شق هه‌وڵێکی سوبێکته بۆ ناسینی که‌مییه ڕه‌سه‌نه‌کانی خۆی.
سرووشتی خه‌یاڵیی ئه‌شق هه‌ڵقوڵاوی سوبێکتێکه که نه‌قسی هه‌یه. له ڕاستیدا جگه له ناسینی خه‌یاڵی ئیگۆ و ئاره‌زووی ڕه‌مزی بۆ کامڵ‌بوون وه‌ک ئه‌وی تر هیچی تری له خۆیدا هه‌ڵنه‌گرتووه. ئاسانتری بکه‌ینه‌وه، سوبێکت بریتییه له سوبێکتێکی خاڵی. خود خاڵییه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئاشق ببێت ده‌بێت درک به‌و خاڵیبوون و نه‌قسه بکات که له‌ناو خۆیدایه. له‌مه‌وه تێده‌گه‌ین که ئه‌شق بنه‌ما و بناغه و سه‌رچاوه‌که‌ی نه‌قسه و هیچی تر. لاکان ده‌ڵێت، "ئه‌شق واته به‌خشینی شتێک که خۆت نیته." ئه‌و به‌خشینه هیچ نییه. لاکان پێی وایه ئه‌شق فێڵه، سه‌رابێکه، وێنه‌یه‌کی خه‌یاڵی شتێکه که وه‌همی نییه، به‌ڵکو خه‌یاڵییه له‌و ڕووه‌ی که ئیدراکی که‌سه‌که له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی هه‌ڵه‌یه. لاکان پێی وایه له ئه‌شقدا من له ئه‌وی تردا له شوێنێکدام که ئه‌وی تر ده‌مبینێت، له فۆڕمێکدام که پێمخۆشه ببینرێم. ئه‌شق په‌یوه‌نییه‌کی خه‌یاڵییه، که به‌بێ فه‌نکشن(کارکرد)ـ‌ی ڕه‌مزیی زمان ئه‌سته‌مه بوونی هه‌بێت. که‌واته له ده‌ره‌وه‌ی زمان هیچ ئه‌شقێک بوونی نییه. ئه‌شق وه‌ک ئاسته خه‌یاڵییه‌که‌ی یه‌که‌م ڕووه که به‌ریده‌که‌وێت و یه‌که‌م ڕووه که سوبێکتیش به‌ریده‌که‌وێت. دووه‌م ڕوو ئه‌شقه له ئاسته ڕه‌مزییه‌که‌دا.
ئه‌شق وه‌ک ڕه‌مزێک: من کۆیله‌ی ئه‌وی ترم:
ئه‌شق له ئاست و په‌یوه‌ندییه خه‌یاڵییه‌که‌وه ده‌ستپێده‌کات، به‌ڵام ئه‌سته‌مه ببێته ئه‌شق یان به ئه‌شق دابنرێت به‌بێ فه‌نکشنی سیمبولی و ڕه‌مزی، چونکه ئاشقبوون به‌بێ زمان ئه‌سته‌مه. ئه‌شق ئه‌و کاته ده‌بێته ئه‌شق که له نێوان سوبێکته‌کاندا باس بکرێت و ئه‌زموون بکرێت، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی فه‌نکشنه‌کانی زمانه‌وه به‌دیبێت. پێش هه‌موو شتێک، ئه‌و هۆکاره‌ی وا ده‌کات که هه‌سته‌کان قۆرخبکرێن ئه‌وه‌یه که ئاستێکی سیمبولی هه‌یه.
لاکان پێی وایه که هه‌مووشتێک کاتێک مانا وه‌رده‌گرێت که په‌یوه‌ست بێت به ئاستی ڕه‌مزییه‌وه، چونکه ئه‌م ئاسته ستراکچه‌ری ڕێکخه‌ری واقیعه.
هیچ ئه‌شقێک بوونی نییه له ده‌ره‌وه‌ی ئاخاوتن و قسه‌دا، ئه‌وانه‌ی قسه ناکه‌ن ئاشقیش نابن. ئه‌شق له سوبێکتی داله‌وه سه‌رده‌رده‌هێنێت و له کاتێکدا که سوبێکتی دال سوبێکتێکه که نه‌قس و درزی هه‌یه، بۆیه ئه‌شقیش هه‌ر له‌م نه‌قس و درزه‌وه سه‌رده‌رده‌هێنێت. که‌واته، ئه‌شق له پێویستییه‌وه نییه و پێویستی نییه، به‌ڵکو له درز و که‌رتبوونه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی ده‌روونمانه‌وه‌یه. ئه‌شق تایبه‌ته به‌و بوونه‌ی که توانای قسه‌کردنی هه‌یه، چونکه ته‌نها ئه‌وانه‌ی قسه ده‌که‌ن ئاشق ده‌بن. وه‌ک ڕیناتا سالیکڵ له کتێبی (لادانه‌کانی ئه‌شق)دا ده‌ڵێت، "که‌سێک ئاشق نییه ئه‌گه‌ر نه‌توانێت له‌باره‌ی ئه‌شقه‌که‌یه‌وه بدوێت". ئاخاوتن ڕێگه بۆ سوبێکت خۆش ده‌کات که له‌گه‌ڵ ئه‌وی تر په‌یوه‌ست ببێت به‌و شێوه‌یه‌ی که ده‌یه‌وێت و له ئه‌شقه‌که‌ی ده‌خوازێت تا بتوانێت درز و نه‌قسه‌کانی پڕبکاته‌وه. به‌م هۆیه‌وه ده‌توانین داوا له ئه‌وی تر بکه‌ین، چونکه ئه‌وی تریش له‌ناو ئاستی ڕه‌مزیدایه. کاتێک کوڕێک به کچێک ده‌ڵێت خۆشم ده‌وێیت، دوو شت سه‌رهه‌ڵده‌دات، یه‌که‌میان، کوڕه‌که ڕێگه به کچه‌که ده‌دات که بگات به نه‌قس و درزه‌کانی ه هه‌ستیان پێ بکات، دووه‌میش ئه‌وه‌یه که له هه‌مان کاتدا له ڕێگه‌ی وڵام و کاردانه‌وه‌ی کچه‌که‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستێت. ئه‌مه ته‌نها بۆ ئه‌شقی ڕۆمانتیکی نییه‌م به‌ڵکو بۆ هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌که. ئه‌وه‌ی له ئه‌شقدا هه‌یه ئاره‌زوویه‌کی فه‌نده‌مێنتاڵی و بنه‌ڕه‌تی سوبێکته بۆ ئه‌وی تر که ده‌گۆڕێت بۆ داوا کاتێک له ڕێگه‌ی زمانه‌وه ده‌ناسرێت. لاکان ده‌ڵێت ئاستی ڕه‌مزی دوو فه‌نکشنی هه‌یه، نێوه‌ندگیری و ده‌رخستن. نێوه‌ندگیری سوبێکت و ئه‌وی تر به یه‌که‌وه په‌یوه‌ست ده‌کات. ئه‌م فه‌نکشنه کاتێک کار ده‌کات که سوبێکت عه‌وداڵی کاردانه‌وه‌ی ئه‌وی تره.
ده‌رخستن یا ده‌رکه‌وتن فه‌نکشنێکه له‌نێوان دوو سوبێکتدا به‌رهه‌م دێت، کاتێک سوبێکت داوا له‌وی تر ده‌کات و ئه‌وی تر وڵامی ده‌بێت. ئه‌م پڕۆسه‌یه پێی ده‌گوترێت ده‌رکه‌وتن، چونکه له ڕێگه‌ی ئه‌م پڕۆسێسه‌وه سوبێکت که له‌لایه‌ن ئیگۆوه ڕه‌نجێندراوه و به‌جێهێڵدراوه ده‌ست ده‌کات به بونیادنانی خود و خۆی بۆ ئه‌وی تر ده‌رده‌خات.
سوبێکت ده‌یه‌وێت شتێکی له ئه‌وی تر(the Other)ه‌وه بۆ ده‌ربکه‌وێت، ئه‌وی تریش ده‌بێت له وڵامدا شتێک به‌ده‌ربخات. ده‌بێت تێبینی ئه‌وه‌ش بکه‌ین که فه‌نکشنی نێوه‌ندگیری به‌یه‌که‌وه‌به‌ستنی دوو ئیگۆکه‌یه، له کاتێکدا ده‌رخستن بریتتیه له ده‌رخستنی سوبێکت بۆ سوبێکتی ئه‌وی تر و سوبێکتی ئه‌وی تر خۆی بۆ سوبێکته‌که ده‌رده‌خات.
جیاوازی هه‌یه له نێوان ئه‌م دوو (ئه‌وی تر)ه‌دا، لاکان other ی به oی بچووک بۆ سوبێکتی ئیگۆی خه‌یاڵی به‌کارهێناوه و، Other ی به Oی گه‌وره بۆ سوبێکتی سیمبۆلیک ڕه‌مزی به‌کارهێناوه. فه‌نکشنی ده‌رخستن ئه‌شقی خه‌یاڵیی imaginary ئایدیاڵ ئیگۆ ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌شقی سیمبوڵی و ڕه‌مزی ئیگۆ ئایدیاڵ. لاکان ئاماژه‌شی به‌وه کردووه که به‌بێ ئاخاوتن، ئه‌سته‌مه ئه‌شق ببردریته ئه‌ودیوی ئاستی خه‌یاڵییه‌وه. چونکه قسه و ئاخاوتن ئه‌کت و کرده‌یه و کرده‌ش شتێکه فه‌نکشنێکی ئیبداعی هه‌یه بۆ بار‌هێنانی شتێکی نوێ بۆ جیهان. ئاخاوتن یان ئاستی ڕه‌مزی کاره‌کته‌رێکی داینامیکی ده‌دات به ئه‌شق. ئه‌وه له ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌یه که ئه‌شقی پاسیڤ و خه‌یاڵی چالاک ده‌بێت.
ئایدیاڵ ئیگۆ به‌رهه‌می ناسین و ئایدێنتیفیکه‌یشنی خه‌یاڵییه له‌گه‌ڵ ئه‌وی تری بچووکدا. ئه‌وه‌یه که ده‌مه‌وێت له‌وی تری بچووکدا بیبینم. بۆیه، ئه‌شق له ئاستی خه‌یاڵی ئه‌شقێکه بۆ ئه‌وه‌ی که سوبێکت ده‌یه‌وێت له‌وی تری بچووکدا بیبینیت، له کاتێکدا ئه‌شق له ڕه‌مزیدا وێنه‌یه‌کی ئایدیاڵییه که بونیادی ڕه‌مزی ئاخنیوێتیه ناو سوبێکته‌وه.
بۆ نموونه، میهره‌بانبوون، ڕێز نموونه‌ی ئه‌و ئایدیاڵانه‌ن که له‌لایه‌ن ئه‌وی تری گه‌وره‌وه به‌سه‌ر سوبێکتدا سه‌پێنراون له ڕێگه‌ی میدیا و خێزان و چه‌ندین شێوه و فۆڕمی تره‌وه. کاتێک ئه‌شق ده‌خرێته ناو قسه و ئاخاوتنه‌وه، ده‌بێته خواست و داوا بۆ ئه‌شق، داوا و خواستێک که به‌دوای چێژ و خۆشیه‌وه‌یه له‌وی تردا. سوبێک ده‌یه‌وێت ئه‌وی تر به‌شێوه‌یه‌ک خۆشی بوێت که تایبه‌ت بێت و له هیچ خۆشه‌ویستییه‌کی تر نه‌چێت له‌به‌ر هه‌ر خاسیه‌ت و خه‌سڵه‌تێک خۆشی بوێت که هه‌یه‌تی. ئه‌شق ده‌بێته به‌خشش و دیارییه‌کی چالاکی سوبێکت بۆ ئه‌وی تر چونکه به‌رده‌وام به‌دوای ئه‌و خۆشی و چێژه‌وه‌یه که له ئه‌وی تردا به‌ده‌ستی ده‌خات و هه‌رگیز ناوه‌ستێت له داواکردن و داخوازی له‌وی تر. لاکان له سیمیناری 11 ده‌ڵێت، "خۆشمده‌وێیت، به‌ڵام چونکه ئه‌وه‌م خۆشده‌وێت که له تۆدا نییه؛ بۆیه له بنه‌وه ده‌یبڕم."
ئه‌نجام:
له سیمیناری 20دا، لاکان مشتومڕی ئه‌وه ده‌کات که ئه‌شق به‌هۆی "ده‌نک یان تاک"ه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێت به پرسیاری هه‌قیقه‌ته‌وه. پێچه‌وانه‌ی فانتازیا که ئه‌شق یه‌کبوون و وه‌حده‌تێکه له‌گه‌ڵ ئاشق یان مه‌عشووقدا، لاکان پێی وایه که ئه‌شق حه‌قیقه‌تی هه‌ردووکیان ئاشکرا ده‌کات. لاکان ده‌ڵێت، "ئێمه یه‌کێکین. بێگومان هه‌موو که‌سێک ئه‌وه ده‌زانێت، ده‌ره‌نجامی ئه‌و دووانه هیچ نییه جگه له یه‌کبوونێک، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه هه‌ر یه‌کێکین، ئایدیای ئه‌شق ڕێک به‌وه ده‌ست پێ ده‌کات." سه‌ره‌تا و کۆتایی ئه‌شق باوڕبوونه به وه‌حده‌ت و یه‌کبوون و گشتێتییه‌ک. باوه‌ڕێک هه‌یه که پێی وایه هه‌موو که‌سێک مه‌ته‌ڵێکه که له‌لایه‌ن مه‌ته‌ڵێکی تره‌وه ته‌واو ده‌کرێت و ئه‌م پارچه مه‌ته‌ڵه وه‌حده‌تێکه و تایبه‌ته بۆ هه‌ر که‌سێک. ئه‌م پارچه مه‌ته‌ڵه ونبووه پاڵنه‌رێکه که‌سه‌که به‌ره‌و کامڵی و یه‌کگرتوویی بڕوات. هه‌رچه‌نده شتێک نییه که یه‌ک و یه‌کگرتوو بێت چونکه ئه‌و یه‌ک و یه‌کگرتووییه و ئه‌و هه‌قیقته‌ی له‌باره‌یه‌وه هه‌یه ته‌نها وه‌همێکه. ئه‌وه‌ی که‌سه‌کان وه‌ک یه‌ک و وه‌حده‌تێک ده‌یبینن هیچ نییه جگه له سه‌رابی ئه‌وه‌ی که ده‌یانه‌وێت به‌رمه‌بنای خه‌یاڵی که‌سی خۆیان بیبینن. هه‌روه‌ها لاکان ده‌ڵێت له ئه‌شقدا یه‌ک و وه‌حده‌تێک ناکه‌وێته‌وه، به‌ڵکو دووانه‌یه‌ک ده‌که‌وێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌شقه‌دا ده‌رده‌که‌وێت دووانه‌یه‌کن، که، "مه‌ته‌ڵ و ئاڵۆزی و لوغزى جیاوازی له‌نێوان دوو ڕه‌گه‌زه‌که‌دا". زیاتر له‌وه‌ش، ئه‌م بوونی دووانه‌ییه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت که ئه‌شق په‌یوه‌ستدار نییه. پێچه‌وانه‌ی باوه‌ڕی باو، جه‌وهه‌ری ئه‌شق، هاڕمۆنی و یه‌کێتی نییه به‌ڵکو جیاوازییه. ته‌نانه‌ت لاکان ده‌گاته ئه‌وه‌ی که بڵێت هیچ شتێک نییه به‌ناوی ئه‌شقه‌وه، چونکه ئه‌شق ته‌نها بۆ ئه‌وه هه‌یه که قه‌ره‌بووی نه‌قسه‌کانی په‌یوه‌ندییه سێکسییه‌کانمان بکاته‌وه. لاکان به درێژایی ڕه‌وتی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی دژی یه‌کبوون بوو له ئه‌شقدا و به شتێکی ئه‌سته‌می ده‌بینی.
سه‌رچاوه‌کان:
Chiesa, Lorenzo, Subjectivity and Otherness: A Philosophical Reading of Jacques Lacan, ed. by Slavoj Zizek. (Massachusettes: MIT Press, 2007(.
De Kesel, Mark, Eros and Ethics: Reading Jacques Lacan’s Seminar VII, trans. by Sigi Jottkand (Albany: State University New York’s Press, 2009(.
Fink, Bruce, The Lacanian Subject: Between Language and Jouissance, (New Jersey: Princeton University Press, 1995(.
Miller, Jacques-Alain, “Jacques Alain Miller: On Love, We love the one who responds to our question Who am I,” The Symptom 10, (1997/2009(.
Evans, Dylan, An Introductory Dictionary of Lacanian Psychoanalysis (London and New York: Routledge, 1996.(
Person, Ethel S., M.D., Arnold M. Cooper, M.D., Glen O. Gabbard, M.D. eds., American Textbook of Psychoanalysis (USA: American Psychiatric Publishing Inc., 2005).
Voruz, Veronique, Bogdan Wolf eds., The Later Lacan: An Introduction (New York: SUNY Press, 2007).
Salecl, Renata, Perversions of Love and Hate (London and New York: Verso, 2000).